Draw Media

سوریا: ژیان لەسەردەمی فەرمانڕەوایی شەرعدا

سوریا: ژیان لەسەردەمی فەرمانڕەوایی شەرعدا

2025-06-21 18:55:26


 سەرتیپ جەوهەر
هێشتا دۆخی ژیان و حوكمڕانیی لەدیمەشق ئاسایی نەبۆتەوەو لێكەوتەو كاریگەری گۆڕانی سیستمی حوكمڕانیی بەروونی دیارەو ئەوانەی هاتووشن، هێشتا نەیانتوانیوە نەك سوریا بەڵكو بارودۆخی دیمەشق رێكبخەنەوە.
دۆخی ئەمنی لەو ناوچانەی گروپی تەحریری شام (ئەحمەد شەرع) حوكمڕانیەتی بەتەواوی سەقامگیر نەبووە. لەو ناوچانەی پێكهاتەی عەلەوییەكانی لێیە واتە پارێزگاكانی تەرتوس و لازقیە و بەشێك لە حمس و حەما، هێشتا كوشتن و گرتن و رفاندن ماوە، لەبەرامبەردا چەند گروپ و كۆمەڵە چەكداری عەلەوییەكانیش كەپێناچێت ژمارەیان زۆر بێت لێرەو لەوێ‌ جموجۆڵیان هەیە. 
لەناوخۆی دیمەشقیش سەرباری جۆرێك لەهێمنی باری ئەمنی، بەڵام ململانێیەكی بێدەنگ لەناوخۆی تەحریری شام هەیە. ترس هەیە ئەحمەد شەرع لەلایەن گروپ و باڵە جیاوازەكانی ئەو بەرەیە بكوژرێت، بۆیە بەپێی سەرچاوەیەك (هێشتا بەڕەسمیی پشتڕاستنەكراوەتەوە) ئەمریكاییەكان تیمێكی تایبەتی متمانەپێكراوی سەربازییان بۆ ئەحمەد شەرع دابینكردووە بۆ پارێزگاری لێكردن و دوورخستنەوەی هەر ئەگەرێكی نەخوازراو هەروەكچۆن لەدوای رووخانی رژێمی عیراق بۆ بەشێك لەبەرپرسانی باڵای عیراقیان دابینكردبوو.
.
تائێستا فەرمانگەكانی حكومەت لەدیمەشق بەتەواوی نەكەوتوونەتەوە كارو دەوڵەت نیمچە پەكیكەوتووە. فەرمانگە هەرە گرنگەكانی خزمەتگوزاریی و ژیانی خەڵك وەك فەرمانگەی تاپۆو پۆلیسی هاتوچۆو پاسپۆرت و..تد نەكەوتوونەتەوە كاركردن. ئەوەی هەیە سیمای چەكداریی و هەندێك كاروبار كە زیاتر لەمیدیاكان دەیبیستین، ئەگینا بەكردار هێشتا دەوڵەت نەكەوتۆتەوە كاركردن. لەرۆژهەڵاتی فورات ئەوەی پێی دەگوترێت فەرمانگەكانی دەوڵەت، بەتەواوی دەرگاكانیان داخراوە، بەڵام فەرمانگەو كارگێڕیی رێڤەبەری خۆسەر كاروبارەكانیان ئاساییەو خزمەتگوزاریی پێشكەش دەكەن. ماوەیەكیشە گفتوگۆو دانوستاندن لەنێوان دیمەشق و قامیشلۆ هەیە بۆ چارەسەركردنی پرسی خوێندن، بەڵام هێشتا هیچ رانەگەیەنراوە. هاوكات حكومەتی نوێی دیمەشق لەناوچەی دروزەكان نییەو كاروبارەكان لەلایەن دروزەكان خۆیانەوە دەكرێت.
سەبارەت بەگوزەرانی خەڵك، گرانیەكی ئێجگار سەخت هەیە. ژیانی خەڵك زۆر زەحمەتتر بووە لەجاران. بازاڕەكانی سوریا پڕ بووە لەكاڵای بیانیی، بەڵام خەڵك پارەی لەگیرفان نییە. ئەوەی دەگوترا كە حكومەت لە 400% موچەی فەرمانبەرانی زیاتر كردووە تائێستا هیچ دیار نییە. ماوەی دوو مانگە موچە لەكاتی خۆی دەدرێت دەدرێت، بەڵام بەهۆی كەمی موچەو بێبەهایی لیرەی سوریا، فەرمانبەران سودی لێنابینن، ئەمە سەرباری ئەوەی ژمارەیەكی ئێجگار فەرمانبەر یان بۆخۆیان وازیانهێناوە یاخود بەتۆمەتی نزیكییان لەرژێمی پێشوو لەكارەكانیان دوورخراونەتەوە.
بەپێی زانیاریی، بیانیەكانی ئیدارەی ئێستای حكومەتی سوریا كە ژمارەیان بە 3800 كەس دەخەمڵێنرێت و رەگەزنامەی سورییان پێدرا لەنەتەوەو رەگەزەكانی (ئیگۆریی، ئەلبانیی، چەچانیی، ئۆزبەكیی، توركستانیی، قەوقازیی) ئەمانە موچەیەكی زۆر جیاوازتر لەفەرمانبەرانی سوریا وەردەگرن. بەپێی ئەو زانیارییانە موچەكانیان مانگانە لەنێوان 3 بۆ 3500 دۆلار دەخەمڵێنرێت. هاوكات ئەو چەكدارانەی كە لەئیدلب بوون و لەگەڵ شەرع گەڕانەوە دیمەشق، ئەوانیش موچەكانیان لەنێوان 300 بۆ 600 دۆلارە، ئەمە لەكاتێكدا فەرمانبەرانی ئاسایی بەشێوەیەكی گشتیی موچەكانیان لەنێوان 20 بۆ 30 دۆلارێكە. 
ئەوەی جێی سەرنجە، بەشێك لەخزمەتگوزارییەكان بەراورد بەچەند مانگی سەرەتای رووخانی بەعس باشتربوون، وەك ئاو و كارەبا، بەڵام بەهۆی گەڕانەوەی ژمارەیەكی ئێجگار زۆری خەڵك لەتوركیاو ئەوروپاو ئەوانەیشی لەناوخۆ بۆناوچەی دیكە ئاوارەببوون، نرخ و كرێی خانوبەرە لەدیمەشق زۆر گرانبووە، بەجۆرێك مێژووی دیمەشق بەخۆیەوەی نەبینیوە.
بەپێی زانیارییەكان ماوەی دوو مانگێكە ژمارەیەكی زۆری ئەوانەی لەناوچە كوردستانیەكانی وەك عەفرین، سەرێكانیی، گرێ سپی لەلایەن توركیاوە نیشتەجێكرابوون بەلێشاو دەگەڕێنەوە ناوچەكانی خۆیان لەدیمەشق و حەلەب و شارەكانی دیكەی سوریا، هاوكات دانیشتوانە رەسەنەكەی ئەو شارە كوردیانە كە بۆ شارە كوردییەكانی دیكەی وەك قامیشلۆو عاموداو حەسەكە ئاوارەببوون، دووبارە دەگەڕێنەوە شوێنی خۆیان. ئەمەش جێی دڵخۆشییە بۆ كورد لەرۆژئاوای كوردستان.
ماوەی دوو مانگێكە حكومەتەكەی ئەحمەد شەرع لەڕێی چەند وەزارەتێكەوە ژمارەیەكی زۆر گرێبەستی لەبوارە جیاوازەكانی خزمەتگوزاریی و پێداویستیی هەنوكەیی لەگەڵ ژمارەیەكی زۆر كۆمپانیای بیانیی و ناوخۆیی ئیمزاكردووە. 
بەپێی زانیاریی هیچ پرۆژەیەك یان گرێبەستێك لەهەر بوارێكدا بێت بەبێ‌ بەشداریپێكردن و پشكداركردنی بەرپرسان جێبەجێنابێت و سەرناگرێت. واتە بەرپرسانی نوێ‌ بەهەمان فەرهەنگ و تێگەیشتنی كۆن دەستیانكردووە بەگەندەڵیكردن و خۆدەوڵەمەندكردن و خۆگونجاندنن لەگەڵ بارودۆخی نوێ‌.
دیوێكی دیكەی رووداوەكانی دیمەشق، پرسی جێبەجێكردنی شەریعەت و رووكارە ئیسلامییەكانە كە بارودۆخی دیمەشقی بەتەواوی گۆڕیوە. واتە پەچەو باڵاپۆشیی تەواوەتی ژنان و كچان بووە بەدیاردەو بەروونی لەجادەو شەقامەكان دەبینرێن. حوكمڕانانی نوێ‌، زنجیرەیەك رێكاری نوێیان راگەیاندووە بۆ نمونە سیماكانی كەنار دەریا لەشارەكانی لازقیەو تەرتوس هەڵگیراون و لەبەركردنی شۆرت و هەندێك جلوبەرگ بەتایبەت لەژنان قەدەغەكراوە. هێزێكی تایبەت بەناوی ئاسایشی گشتیی لە كوچەو شەقامەكانی دیمشق دەگەڕێن، لەهەندێك شوێن یەخەی هاوڵاتیان دەگرن و لێپێچینەوەیان لەگەڵ دەكەن، بەتایبەت پرسیار لەبەیەكەوە بوونی كوڕان و كچان دەكەن یاخود كاتێك جلوبەرگی مۆدەو سەردەمیانە لەبەردەكەن.
سەرباری رووداوە جیاوازەكان لەدیمەشق و ناوچە جیاوازەكانی سوریا، بەڵام میدیای عەرەبی و رۆژئاوا لەم بارودۆخە بێدەنگن، هۆكارەكەی پشتیوانیی ئەمریكاو بەشێك لەوڵاتانی عەرەبیە لەحوكمڕانانی نوێی دیمەشق بۆیە میدیاكانیان نایانەوێ‌ تیشك بخەنە سەر واقعی نوێی سوریا.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand