ساختەكاریی لە هەڵبژاردندا..... شێوازەكانی لە 1992دا 

Draw Media

2018-05-07 19:02:53



راپۆرتی شیكاری: محەمەد رەئوف
بەشی یەكەم 
پرۆسەی هەڵبژاردن، پایەیەكی گرنگی دیموكراسیە لە وڵاتە تازە پێگەیشتووەكاندا، بەڵام بەردەوام لەو كۆمەڵگایانەدا حیزبی حاكم، یاخود هێزە دەستڕۆیشتووەكان لە رێی ساختەكاریی و تەزویرەوە دەنگی هاوڵاتیان لەبەرژەوەندی خۆیان ساختە دەكەن، لە هەرێمی كوردستانیش پرسی تەزویر و ساختەكاریی لە هەڵبژاردنەكاندا بووەتە پرسێكی جیدیی و كاریگەری لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردن و نەخشەی سیاسی هێزەكان لە هەرێمی كوردستان و عێراق دروستكردووە، ئەگەرچی پرۆسەی هەڵبژاردن لە كوردستاندا بۆ ساڵی 1992 دەگەڕێتەوە، هەر لەیەكەم پرۆسەشدا بەساختەكاری زۆركرا بەڵام لە عێراقدا تەزویر و ساختەكاری مێژوویەكی درێژی هەیە (لە یەكەم پرۆسەی هەڵبژاردندا كەلە ساڵی 1923 ئەنجامدرا بەریتانییەكان لە بەرژەوەندی پێكهاتەی سوننە تەزویر و ساختەكارییانكرد، بەو پێیەی لە عێراقدا پێكهاتەی شیعە زیاتربوون و بەریتانییەكانیش لەگەڵ سەرخستنی پێكهاتەی سوننە بوون، دواتریش لە هەڵبژاردنی 1933دا جەودەت روكابی سەرۆك وەزیرانی ئەوكاتی عێراق لە بەرژەوەندی خۆی تەزویریكرد، هاوكات جەمیل مەدفەعی لە هەڵبژاردنی 1937 و نوری سەعید لە هەڵبژاردنی 1939 لەبەرژەوەندی خۆیان تەزویریانكرد).  
لە هەڵبژاردنە سەرەتاییەكانی عێراقدا، كارەكتەرە سیاسییەكان هێزی سەربازیی و ناوخۆییان لەو بوارەدا بەكارهێناوە، لەبەرئەوەی لەو سەردەمەدا وەزارەتی ناوخۆ سەرپەرشتی هەڵبژاردنەكانی دەكرد و هەرئەویش سندوقەكانی هەڵبژاردنی دەگواستەوە، لەو ساتەشدا هەڵبژاردن چەند رۆژێكی دەخایاند و هیچ جۆرە چاودێرییەكی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیش نەبووە، بۆیە تەزویر و ساختەكاریی بووە نەریتێكی باوی پارت و كەسایەتییە دەسەڵاتدارەكان و لە سەرجەم هەڵبژاردنەكانی عێراقدا لەبەرژەوەندی حیزبی حاكم و دەسەڵاتدار ساختەكاریی كراوە و كاریگەریی گەورەشی لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەكان هەبووە.
بەڵام بۆیەكەمجار لەدوای پرۆسەی رزگاری عێراق ئەمریكیەكان تەزویریان لە عێراق داهێنا ( لە راپرسی دەستوری عێراق لە 2005، لە پارێزگای نەینەوا موسڵ ساختەكاریانكردووە، چونكە بەپێی یاساكە ئەگەر سێ پارێزگا رەتی بكاتەوە دەستورەكە رەت دەكرێتەوە، بۆیە سەڵاحەدین و ئەنبار و نەینەوا رەتیان كردەوە، بەڵام ئەمریكیەكان كە زانیان رەت دەكرێتەوە لە شەوی كۆكردنەوەی دەنگەكان بەسەرپەرشتی جەنەراڵ دیڤید پترایۆس كە ئەو كات فەرماندەی هێزەكانی هاوپەیمانان بوو لە موسڵ 100 سندوقی دەنگدانی ساختە كردوو دەنگدانەكەی بە قازانجی بەڵی یەكلاكردەوەو دەستورەكەیان تێپەڕاند).

ساختەكاریی ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی 1992 دەگۆڕێت
ئەزموونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە هەرێمی كوردستان بۆ یەكەمجار لە ساڵی 1992 كراوە و ئەزمو‌ونێكی تا ئاستێك سەركەوتوو نەبوو، چ لە رووی بوونی ساختەكاریی زۆرەوە، چ لە رووی ئەوەی سندووقەكانی هەڵبژاردن، لەبری ئەوەی ببێتە ناوەندی یەكلاكردنەوەی كێشە و قەیرانەكان، بووە هۆی لێكدابرانی هێز و لایەنەكان، لە یەكەم هەڵبژاردندا، كە بڕیاربوو لە 17/5/1992 بەڕێوەبچێت، دوو رۆژ دواخرا لەو كاتەدا وترا مەرەكەبی هەڵبژاردنەكان لەلایەن هێزێكەوە ساختەكراوە و مەرەكەبی خراپ هێنراوە بۆیە هەڵبژاردن دواخرا.
بەپێی ئەو نامە و راگەیەنراو و بەڵگەنامانەی بڵاوكراونەتەوە، لە هەڵبژاردنی 19/5/1992دا بە جۆرەها شێوە ساختەكاریی و تەزویر لەلایەن هێز و لایەنەكانەوە كراوە، لەگەڵ ئەوەی بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەكان لێكۆڵینەوە لەهەر بنكە و ناوەندێكی دەنگداندا دەكرێت، كە رێژەی دەنگدان تێیدا لە (85%) زیاتر بێت، (هەر وێستگەیەكی دەنگدان رێژەی دەنگدانی (85%) زیاتر بوو دەچێتە تەحقیق... جگە لەمە لە هەر ناوچەیەك رێژەی دەنگی (85%) زیاتر بێت دەچێتە تەحقیق، كە ئەمانە پێوەری نێودەوڵەتین).
بەڵام بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان، كە لەلایەن لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەكانەوە راگەیەنرا، لە پارێزگای دهۆك، كە (178000) كەس مافی دەنگدانیان هەبووە، بەڵام لەو پارێزگایە (198352) دەنگیانداوە، واتا رێژەی دەنگدان (111.4%) بەو پێیەش ئەگەر رێژەی دەنگدان، كە لە سلێمانی (77.6%) ئاسایی بو‌وە و بەپێی ستانداردی نێودەوڵەتی، ئەگەر رێژەی دەنگدان لە پارێزگای دهۆك (100%)یش ئەژمار بكرێت ئەوا (20352) دەنگ زیاد دراوە و ساختەكارییەكە رێژەكەی دەكاتە (11.4%)، هەرچەندە بەپێی پاشكۆی وتارێكی نەوشیروان مستەفا ئەمین بەناوی (حیزب و حوكم: ئەزمو‌ونی كوردستان) ئاماژە بەوە دەكات، كە رێژەی دەنگدان لە پارێزگای دهۆك (124%) بووە بەو پێیەی ئەگەر لەو پارێزگایە لە (100%)ی دەنگدەران دەنگیان دابێت ئەوا نزیكەی (45000) زیاتر دەنگیانداوە بەو پێیەی ئەو پارێزگایە (223000) دەنگیانداوە).
بەوپێیەش ئەو تەزویرەیكراوە، ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی گۆڕی، چونكە لە هەڵبژاردنەكەدا پارتی دیموكراتی كوردستان (437879) دەنگی بەدەستهێنا بەڕێژەی (45.05%) و یەكێتی نیشتیمانی كوردستان (423833) دەنگی بەدەستهێنا بەڕێژەی (43.6%) ئەگەر ئەو رێژە دەنگە زیادەیەی دهۆكی لێدەركرێت (20352) دەنگی زیاد لە (100%) ی دەنگدانە ئەوا دەنگی پارتی دەبێتە (437879 - 20352 = 417527) دەنگ بەو پێیەش كۆی گشتیی دەنگدان دەبێتە (951601) واتا یەكێتی نیشتیمانی كوردستان دەبێتە هێزی یەكەم و رێژەی دەنگەكانی دەبێتە (44.5%) و پارتی دیموكراتی كوردستانیش رێژەی دەنگەكانی دەبێتە (43.9%) و هێزی دووەمی كوردستان. 
هاوكات بەپێی زۆرێك لە سكاڵا و نامە و بروسكەی لایەنە سیاسییەكان، باس لە دەستتێوەردان و دەنگیدانی دووبارە دەكەن، لەگەڵ ئەوەی لیژنەی باڵای هەڵبژاردن هۆشیاریدا لە بەسزاگەیاندنی هەر كەسێك كە هەوڵی ساختەكاریی بدات، دوای جیاكردنەوەی دەنگەكان بۆ دەستەی باڵای هەڵبژاردنەكان دەركەوت، كە لە هەردوو بنكەی (17) لە دهۆك و بنكەی (6) لە هەولێردا ساختەكاریی كراوە، بەو پێەی لە بنكەی (17)ی دهۆك (قوتابخانەی پێشكەفتن) ژمارەی دەنگەكانی ئەو بنكەیە بە (7994) دەنگ ئەژمار كراوە، بەڵام دوای بژاردنەوەیان دەركەوت دەنگی ئەو بنكەیە تەنها (1994) واتا (6000) دەنگ لەو بنكەیە زیاد ئەژماركرابوو، بۆیە لەو بنكەیەدا (6000) دەنگی پارتی دیموكراتی كوردستان سڕایەوە، بەوپێیەی بۆ لیژنەی باڵا دەركەوت لەو بنكەیەدا ساختەكاریی كراوە.
لە بنكەی (6) ی هەولێریش، دوای ئەوەی بۆ دەستەی باڵا دەركەوت كە ساختەكاریی لەو بنكەیەدا كراوە و لە جارێك زیاتر دەنگدراوە، بۆیە دەنگی ئەو بنكەیە رەتكرایەوە بەو پێیەش (3540) دەنگی پارتی سڕایەوە لەگەڵ (15) دەنگی سۆسیالست و (1) دەنگی پارتی گەل و (17) دەنگی شیوعی و (18) دەنگی ئیسلامیی و (151) دەنگی یەكێتی، بەمەش كاریگەری بەسەر ئەنجامە كۆتاییەكانی هەڵبژاردندا هات دەنگەكانی یەكێتی بووە (423682) و تا (423833 – 4151 = 423682) دەنگەكانی پارتیش بووە (428339) بەوپێیەی (437879 – 69540 = 428339 ) بەم پێیە رێژەی دەنگەكان بووە پەنجا بە پەنجا بۆ هەردوو حیزبە سەرەكییەكە). 
هەوڵی دەرهێنانی هەزاران ناسنامە دراوە لەبەرژەوەندی لایەنەكان بۆئەوەی كاریگەری لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردن دروست بكرێت، بۆ نمو‌ونە لە بروسكەیەكدا كە لە رۆژی 18/5/1992 بۆ ئەمیر حەوێزی سەرۆكی دەستەی باڵای هەڵبژاردنەكانی ناردووە، جەلال تاڵەبانی، سكرتێری یەكێتی ئاماژەی بە چەندین ساختەكاریی و فێڵ كردووە، لە بروسكەكەدا ئاماژەی بەوەداوە، كە پارتی 1000 كەسی خۆی هێناوەتەوە لە ئێرانەوە كەچی دەنگدان بۆ ئەوان دواخراوە بە بڕیاری سەركردایەتی.  
لە بەیاننامەیەكیشدا، كە لە 19 /5/1992 بڵاوكراوەتەوە و لەبەشەكانی پێشتردا خستو‌ومانەتە روو، د. مەحمود عوسمان ئاماژە بەوە دەكات، كە ساختەكاریی زۆر كراوە و بەهۆی ئەوەی مەرەكەبەكە بە ئاسانی لێكراوەتەوە بەچەندین جۆری ناسنامە دەنگدراوە و كەسی وا هەبووە (10) جار دەنگیداوە، پێشیوایە ساختەكاریی زۆر كراوە، بۆیە هەڵبژاردنێكی بێگەرد و نەزاهەت نەبووە و زیانی بە قۆناغی دیموكراتی و پەرلەمانی گەلی كورد گەیاندووە.
لە بەیاننامەی سەرجەم حیزبەكاندا ئاماژە بە نیگەرانی كراوە سەبارەت بە ساختەكاریی زۆری هەڵبژاردنەكان و بێگەرد نەبوونیان، لە بەیاننامەیەكی هاوبەشدا هەریەك لە حیزبەكانی (حسك، پاسۆك، حیزبی شیوعی، پارتی گەل، پ.د.ك) هاتووە، كە ئەم هەڵبژاردنە بە شێوەیەكی گشتی ناڕێك و ناپوختە لەبەر چەند دەستتێوەردانێك و چەند هەڵەیەكی تەكنیكی، كە بوونە هۆی دروستكردنی كەش و هەوای تەزویر و لادان لە یاسای هەڵبژاردن چ بەهۆی خۆفەرزكردن و بەسەر جەماوەر و چ بەهۆی فڕۆفێڵی نابەجێیانە). 

سەرچاوە/ كتێبی هەڵبژاردن لە كوردستان 1992 – 2014 ، محەمەد رەئوف، چاپی دووەم، 2018 . لاپەڕە 228.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand