نێچیرڤان بارزانی: بەرهەم ساڵح دەبێت بە سەرۆكی یەكێتی

Draw Media

2020-01-17 12:19:12



 (درەو):
نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ سایتی (ئەلمۆنیتۆر):
•    ئێمە لە ئێران ناترسین، رێزی لێدەگرین.
•    ئەو بڕیاری پەرلەمانی عێراقی دەریكرد بۆ كردنەدەرەوەی هێزە بیانییەكان بڕیارێكی باش نەبوو، كورد‌و سوننە بەشدارییان لەو بڕیارەدا نەكرد.
•    بڕیاری كردنەدەرەوەی هێزە بیانییەكان پێشینەیەكی خراپە، بڕیارەكە لەلایەن كوتلەی شیعەوە دەركرا بەبێ راوێژكردن لەگەڵ پێكهاتەی كوردو سوننەدا.
•    ئێمە باوەڕمانوایە مانەوەی هێزەكانی ئەمریكا‌و هاوپەیمانان كارێكی پێویستە بۆ هەموو عێراق.
•    مایك پۆمپیۆ لەسەردانەكەیدا بانگهێشتنامەی ئاڕاستە كردین بۆ ئەوەی سەردانی واشنتۆن بكەین، بەڵام بانگهێشتنامەكە بەر لە رووداوی كوژرانی قاسم سلێمانی‌و دەستلەكاركێشانەی عادل عەبدولمەهدی بوو لە پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق.
•    نازانم دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا بەشداری لە لوتكەی داڤۆس دەكات یاخود نا، بەڵام مایك پێنس جێگری سەرۆكی ئەمریكا دەبینم.
•    لەوەڵامی پرسیاری ئەوەی ئایا خۆت بەنێوەندگیر دەزانی لەنێوان ئەمریكا‌و ئێراندا، نێچیرڤان بارزانی دەڵێ:" بەڵێ ئێمە لەوبارەیەوە بەرۆڵی خۆمان هەڵدەستین".
•    لەوەڵامی پرسیاری ئەوەی ئایا بەمزوانە سەردانی تاران دەكەین ؟ نێچیرڤان بارزانی دەڵێ:" بەردەوام بانگهێشتنامە هەیە، بەڵام هێشتا هیچ وادەیەك دیارینەكراوە بۆ سەردانكردن".
•    ئێمە پێشتر بە هێزەكانی سوریای دیموكراتیمان لە رۆژئاوای كوردستان وت پەیوەندی لەگەڵ پەكەكەدا بپچڕن، بەڵام ئەوان ئێستاش فەرمان لە پەكەكەوە وەردەگرن، بەهەرحاڵ دەبێت كارێك بكەن كە باوەڕ بە توركیا‌و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بهێنن كە بەشێك نین لە ئەجێندای پەكەكە.
•    ئێمە پەیوەندیمان لەگەڵ توركیا باشە، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم دیدارێكی باشی كرد رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكی توركیا‌و بەردەوامیش دەبین لەو رێگایە.
•    پێویستە توركیا سەلاحەدین دەمیرتاش ئازاد بكات بۆ ئەوەی رۆڵ ببینێت لە دەستپێكردنەوەی دانوستانەكانی ئاشتی.
•    لەوەڵامی پرسیارێكدا سەبارەت بەوەی لەدوای كوژرانی قاسم سولەیمانییەوە، ئێران فشار لە حكومەتی عێراق دەكات موچەی فەرمانبەرانی هەرێم رابگرێت، نچێرڤان بارزانی دەڵێ:" لەو بڕوایەدا نییە ئێران دەستوەردان بكات".
•    لەوەڵامی پرسیارێكدا سەبارەت بەوەی ئەدای كاری مەسرور بارزانی سەرۆكی نوێی حكومەتی هەرێم چۆن هەڵدەسەنگێنیت كە كوڕە مامی خۆتە، نێچیرڤان بارزانی دەڵێ:" كاری باش دەكات، هاوسەنگییەكی باشی لەناو ئەنجومەنی وەزیران دروستكردووە".
•    لەوەڵامی ئەوەی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم بۆچی وەزیری نەوتی نییە، نێچیرڤان بارزانی دەڵێ:" بەمنزیكانە وەزیری نەوتمان دەبێت.. بەڵام نازانم كێیە".
•    لەوەڵامی پرسیارێكدا سەبارەت بەوەی ئایا ئێستا كێ سەرۆكایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەكات، نێچیرڤان بارزانی دەڵێ:" سەرباری هەموو پێشبینییەكان، یەكێتی كۆنگرەیەكی سەركەوتووی كرد، بەڵام تائێستا روون نییە لە داهاتوودا كێ سەرۆكایەتی ئەو حزبە دەكات، لەو باوەڕەدام بەرهەم ساڵح ببێت بە سەرۆكی یەكێتی".

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand