حكومەت مولزەم نیە بە جێبەجێكردنی بڕیارەكەی پەرلەمان

Draw Media

2020-01-05 18:25:39



درەو:
"بڕیارەكەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق لە پێناو هێوركردنەوەی شەقامی توڕەی شیعەكانی عێراقەو هێزی یاسای نیە بۆیە حكومەت مولزەم نیە بە جێبەجێكردنی"

ئەمڕۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە زۆرینەی دەنگی ئامادەبووی (168 ئامادەبوو) پرۆژە بڕیاری دەركردنی هێزە بیانییەكانی لە عێراق پەسەندكرد.
دانیشتنەكەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كە عادل عەبدولمەهدی ( سەرۆكی حكومەتی كاربەڕێكەر) ئامادەی بوو، لەناو توڕەیی و رقی ئەندامانە توڕەكانی شیعە بەڕیوەچوو كە لەبری گفتوگۆكردنی ووردی پرۆژە بڕیارەكە، زیاتر دروشمی دژ بە ئەمریكایان دەوتەوە.
بەپێی بۆچونی بەشیر حەداد جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، ئەو بڕیارەی ئەمڕۆ مولزەم نیە و حكومەت دەتوانێت جێبەجێی نەكات، بڕیارەكەی هێزی یاسای نیە، كە یاسای دەبێت حكومەت پێوەی پابەند بێت، بەڵام بڕیار حكومەت دەتوانێت پێوەی پابەند نەبێت.
بەڵام بۆچونێكی تر ئەوەیە عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆخۆی لەپەرلەمان بووەو خۆی داوای كردووە ئەو بڕیارە بدەن و ئەو جێبەجێی دەكات، ئەمەسەرەرای ئەوەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق زۆر توندە بەرامبەر بە ئەمریكاو پێی وایە ئەمریكا لەپشت خۆپیشاندان و ناڕەزاییەتییەكانی عێراقەوەیە كە ناچار بە دەستلەكاركێشانەوە كرا، بۆیە پێدەچێت عەبدولمەهدی سور بێت لەسەر جێبەجێكردنی بڕیارەكەی پەرلەمان 
بڕیارە پەسەندكراوەكەی پەرلەمانی عێراق چەند لێكدانەوەیەكی بەدوای خۆیدا هێناوە:
-    بڕیارەكەی پەرلەمانی عێراق بەبێ ئامادەیی دوو پێكهاتەی سەرەكی (كورد و سونە) بەڕێوەچوو كە لە پێكهاتەی كورد تەنها ( بەشیر حەداد) جێگری سەرۆكی پەرلەمان و لە پێكهاتەی سونەش تەنها (9) ئەندامیان ئامادەبوو، بڕیار بوو بەشێك لەپەرلەمانتارانی كورد بەشداری كۆبونەوەكە بكەن، بەڵام بەهۆی ناردنی مەسجی هەڕەشە لەلایەن حزبوڵاوە بۆ پەرلەمانتارانی كورد و سونە، بۆیە پەرلەمانتارانی كورد بەشدارییان نەكرد
-    ئەم بڕیارە زیاتر بۆ هێوركردنەوەی شەقامی شیعییە كە لەدوای هێرشەكەی فڕۆكەكانی ئەمریكا بۆسەر بنكەكانی حەشدی شەعبی لە قەزای قائیم و كوژرانی قاسم سولەیمانی و ئەبومەهدی موهەندیس، درووست بوو بەرامبەر بە ئەمریكا.
-    پرۆژە پەسەندكراوەكەی پەرلەمانی عێراق لەبەر ئەوەی (بڕیار)ە بۆیە حكومەت مولزم نیە بە جێبەجێكردنی.
-    پەسەندكردنی ئەو بڕیارە بۆ حكومەتێكە كە ( كاربەڕێكەر)ەو توانای جێبەجێكردنی نیە.
-    ئەمریكا رێككەوتنی ئەمنی هەیە لەگەڵ عێراق، بەپێی بڕگەی سێیەمی بەشی ( سی-یەم) لە رێككەوتننامەكەی نێوان ئەمریكا - عێراق، دەبێت ساڵێك پێشتر لە هەڵوەشاندنەوەی لایەنی بەرامبەر ئاگادار بكرێتەوە.


دەقی بڕیارەكەی ئەمڕۆی  پەرلەمانی عێراق:
ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە دانیشتنی بیست‌و هەشتەمینیدا لە رۆژی 5/1/2020ی وەرزی یاسادانانی یەكەمی ساڵی یاسادانانی دووەم/ خولی چوارەمی پەرلەمان، بەپشتبەستن بە حوكمەكانی ماددەی (59/ دووەم)‌و (1)‌و (109)ی دەستور هەروەها بە پشتبەستن بە ئەركی نیشتمانی‌و چاودێری ئەنجومەنی نوێنەران وەكو نوێنەری گەلی عێراق بە هەموو پێكهاتەكانییەوە، لە سوربوونەوە لەسەر سەلامەتی عێراق‌و سەروەریی بەسەر خاك‌و گەلەكەیدا، بەگوێرەی ئەو دەسەڵاتانەی كە بەپێی دەستور پێی دراوە، ئەم بڕیارەی دەركرد:
1-    پابەندكردنی حكومەتی عێراق بە هەڵوەشاندنەوەی ئەو داوایەی كە بۆ وەرگرتنی یارمەتی پێشكەشی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی كردووە بۆ شەڕی رێكخراوی داعش لە رۆژی / /2016، بۆ كۆتایهێنان بە ئۆپراسیۆنە سەربازی‌و جەنگییەكان لە عێراق، سەركەوتن بەدیهاتووە‌و پێویستە لەسەر حكومەتی عێراق كاربكات بۆ كۆتایهێنان بە بوونی هێزە بیانییەكان لەسەر خاكەكەی‌و رێگریكردن لە بەكارهێنانی ئاسمانی عێراقی .
2-    پێویستە لەسەر حكومەتی عێراق كە خۆی لە فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكاندا دەبینێتەوە، ژمارەی هونەرییەكان‌و راهێنەرانی بیانی رابگەیەنێت كە پێویستیان پێیەتی لەگەڵ شوێنی جێگیربوون‌و ئەرك‌و ماوەی گرێبەستەكانیان.
3-    پێویستە لەسەر حكومەتی عێراق كە خۆی لە وەزیری دەرەوەدا دەبینێتەوە بچێت بۆ نەتەوە یەكگرتووەكان‌و ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی‌و سكاڵایەك لەدژی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا پێشكەش بكات بەهۆی پێشێلكردنی مەترسیداری سەروەری‌و ئاسایشی عێراق.
4-    ئەم بڕیارە لە رۆژی پەسەندكردنییەوە دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە.
5- دەبێت چەك تەنها لەدەستی حكومەتدا بێت. 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand