مەسرور بارزانی: دەمانەوێت سەرەتایەكی نوێ دەست پێبكەینەوه

Draw Media

2019-07-18 21:15:17



درەو میدیا: 
" دەمانەوێت سەرەتاییەكی نوێ دەست پێ بكەینەوه، ئەو شێوازە بگۆڕین كە كارەكانی پێ ئەنجام دەدەین " ئەمە بە شێكە لەوتاری مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ژمارەی ئەمڕۆی رۆژنامەی واشنتۆن پۆستدا بڵاویكردۆتەوە.
مەسرور بارزانی لە وتارەكەیدا بەناوی(بۆچی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە دەستپێكی قوناخێكی نوێدایە) ئاماژە بە گۆڕانكاری لە شێوازی كاركردنیدا دەكات" ئەركی من ئەوەیە، لە ئاستی ناوخۆیی و دەرەوەدا، ئەو شێوازە بگۆڕم كە كارەكانی پێ ئەنجام دەدەین. وەك سەرۆك وەزیران، رێگایەكی جیاواز بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەكان دەخەمەڕوو"
سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان دان بەبونی گەندەڵیدا دەنێت و جەخت لەچارەسەركردنی دەكاتەوە" كار بۆ ئەوە دەكەین خزمەتگوزارییە گشتییەكان و چارەسەكردنی گەندەڵیی، ببنە زامنی ئەوەی كە حكوومەت خزمەتی هاونیشتمانیان بكات، نەك ‌پێچەوانەوەكەی"

 

دەقی وتارەكەی مەسرور بارزانی.


‎(بۆچی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە دەستپێكی قوناخێكی نوێدایە)

‎مەسرور بارزانی*

‎ دوای 16 ساڵی ئاڵۆزیی و پشێوی و پێنج ساڵی جەنگێكی خوێناوی لەگەڵ رێكخراوی تیرۆریستی داعش، كە مەترسی خستە سەر تەواوی مرۆڤایەتی، قۆناخێكی نوێمان لە پێناو بنیاتنانی كوردستانێكی بەهێزتر دەست پێ كردووە.

‎چوار ساڵی داهاتوو، كاتێكی گرنگ دەبێت بۆ ئێمە و دراوسێ و هاوپەیمانەكانمان، بە جۆرێك وەك حكوومەتی هەرێمی كوردستان، چاو دەبڕینه تێپەڕاندنی ڕووداوه شۆكهێنەرەكانی ئەم دواییانە، هەروەها كار بۆ پتەوكردنی پێگەكەمان له ناوچەكه و مسۆگەركردنی بوون و ئامادەییمان لە سەر گۆڕەپانی نێودەوڵەتی دەكەین. به كورتی، دەمانەوێت سەرەتاییەكی نوێ دەست پێ بكەینەوه.

‎هەفتەی رابردوو حكوومەتێكم بۆ بەڕێوەبردنی هەرێمی كوردستان پێكهێنا. ئەركی من ئەوەیە، لە ئاستی ناوخۆیی و دەرەوەدا، ئەو شێوازە بگۆڕم كە كارەكانی پێ ئەنجام دەدەین. وەك سەرۆك وەزیران، رێگایەكی جیاواز بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەكان دەخەمەڕوو، كە پشت بە دەستكەوتەكانمان دەبەستێت و وەڵامگۆی داینامیكییەتێكی جیهانی پێشكەوتووە.

‎شەڕكردن له ‌دژی داعش، كە لەبری كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ڕابەرایەتیمان كرد، له ‌ڕووی ئابوورییەوه زیانی پێ گەیاندین. بارگرانییەكە بە جۆرێك بوو بەرگەی ناگیرێت. تێچووی جەنگ و كەمكردنەوەی بڕی بودجەی فیدراڵی لە لایەن حكوومەتەوە لە بەغدا، هەروەها كۆچی بە كۆمەڵی پەنابەر و ئاوارەكان بۆ هەرێمەكەمان، هەموو ئەمانە، چەندین ملیار دۆلار قەرزیان بۆ جێ هێشتووین.

‎لە هەموو ئەو سەختی و ئازارانەی چەشتمان، وەك هاوڕێ و هاوپەیمانی ڕۆژئاوا و هاوبەشێك لە ناوچەكەدا ماینەوە. لەو كاتەی داعش لە ناوەڕاستی 2014ـدا، دەستی بەسەر ڕووبەرێكی فراوان و بەشێكی گەورەی رۆژئاوای عێراق و رۆژهەڵاتی سووریادا گرت، سەلماندمان، كە جەنگی ئێمە لە دژی تیرۆریستان، بە قەد ئەوەی پەیوەندیی بە پاراستنی خۆمانەوە هەبوو، ئەوەندەش پەیوەندیی بە پاراستنی هاوپەیمانەكانمانەوە هەیە.

‎زانیارییە هەواڵگرییەكانمان چەندین هێرشی تیرۆریستیان لە وڵاتانی دەرەوە پووچەڵ كردەوە، داڵدەی نزیكەی ‌2 ملیۆن كەسمان دا كە لە دەستی ستەم و زۆردارییەوە ڕایان كردبوو. زۆر بەڕوونی نیازپاكیی خۆمان وەكو هاووڵاتییەكی جیهانیی نیشاندا، ئەمە جیا لە پەنادان و پاراستنی عەرەب، كورد، موسڵمان، ئێزدی، كریستیان، توركمان و پێكهاتەكانی تر. به ‌دووریی تەنیا 10 كیلۆمەتر لە باڵەخانەی پەرلەمانی كوردستان، ناوچەیەكی كریستییانەكان هەیە كە لە هەموو سووچێكی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە هاتوون، كڵێسا درووست دەكەن و بە ئاشتی رێورەسمە ئایینییەكانیان بەجێ دەگەیەنن.

‎لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، تێچووی پەنابەرانی دیكە ‌روو لە زیاندبوونە و بە شێوەیەكی نیوەچڵ كۆمەك دەكرێن. لەم نێوەدا ناتوانین بە تەنیا وەك خانەخوێی میواندۆست ڕۆڵی خۆمان بگێڕین، بەڵكو پێویستیمان به مسۆگەركردنی ‌داهاتووی خۆمان و ئاوارەكانە، بۆ ئەمەش چاومان له هاوكاریی هەمەجۆری ‌دۆست و هاوڕێكانمانە له ‌ڕۆژئاوا.

‎ئالنگارییەكان له ‌ناوخۆی هەرێمی كوردستانەوه ‌دەستپێدەكەن، كه بە ‌درێژایی مێژوو نیشتمانی ئێمە بووە. وەك سەرۆك وەزیران، بەرمەبنای باشترین رێكار و رێوشوێنە جیهانییەكان، كۆمەڵێك چاكسازی دەكەم كە تەواوی كەرت و باڵە خزمەتگوزارییەكان بگرێتەوە و ئەنجومەنی وەزیرانیش ڕووبەڕووی لێپرسینەوە بكاتەوە.

‎حكوومەتەكەم ئابووریێكی هەمەچەشن بونیاد دەنێت، كە خۆشگوزەرانیی زیاتر بۆ هەمووان بەدی بهێنێت. یاساگەلیك دادەڕێژین بۆ ئەوەی كوردستان پێگەیەكی سەرنجڕاكێشی هەبێت بۆ ڕاكێشانی وەبەرهێنەرەكان. هێزە چەكدارەكانمان دەكەینە یەك و رێكیان دەخەینەوە و نوێیان دەكەینەوە. كار بۆ ئەوە دەكەین خزمەتگوزارییە گشتییەكان و چارەسەكردنی گەندەڵیی، ببنە زامنی ئەوەی كە حكوومەت خزمەتی هاونیشتمانیان بكات، نەك ‌پێچەوانەوەكەی. بۆ ئەم گۆڕانكارییەش، دۆستەكانمان لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە رووی سیاسی و داراییەوە هاوكارمان بن.

‎بۆ دووبارە ریكخستنەوە و راگرتنی ‌پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا، كه ‌له ‌ماوەی 16 ساڵی رابردوو بەردەوام لەگرژیدا بووە، هەنگاوی پێویست دەگرمەبەر. زۆربەی ئەو ماوەیە بە شێوەیەكی سەرەكی، پشتمان بە خۆمان بەست، بەبێ ئەوەی پەیوەندییمان لەگەڵ عێراق ببڕین.

‎بە رێككەوتن پشكێكمان لە ‌بودجەی عێراق ‌بەدەست دەگەیشت، بەڵام زۆر بە دەگمەن دەرماڵە و هەقە داراییەكانی دیكەمان بە تەواوی وەرگرتووە. ئێستا كاتی ‌ئەوە هاتووە هاوبەشی و پەیوەندییەكی بنیاتنەر ‌و هاوسەنگ و سەقامگیرمان لەگەڵ بەغدا هەبێت.

‎وەك سەرۆك وەزیران، ئەم هەفتەیە سەردانی عادل عەبدولمەهدی، سەرۆك وەزیرانی عێراقم كرد و بە ئامانجی چارەسەركردنی ناكۆكییەكانی نێوانمان لە پەیوەست بە نەوت، ناوچە جێناكۆكەكان، بودجە و ڕۆڵی هێزە چەكدارەكانمان، كۆمەڵیك پێشنیازم خستنە روو. دەمەوێ لە رێگای دابەشكردنی هاوسەنگ و دادپەروەرانەی بودجەوە، رێز لە ڕێككەوتنەكانمان بگیرێت. ئەم بڕیارەش دەتوانێت بناغەیەكی پتەوی هاوكاریی نێوانمان بێت بۆ ئایینده. دواڕۆژی ئێمە پەیوەستە بە عێراقێكی سەقامگیر و دیموكرات.

‎ساڵی 2017، هەرێمی كوردستان ریفراندۆمی سەربەخۆیی ئەنجامدا، دەنگدانەكە هیچ پابەندبوونێك یان مولزەم نەبوو، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا 93%ی خەڵك، به (‌بەڵێ) دەنگیان دا. ئەمە لەكاتێكدا بوو كە چاوەڕوانی ئەوەمان لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكرد، لە پەیوەست بە مافی بڕیاردانی چارەنووس، پشتگیریی زیاترمان بكات. كاری لەپێشینەمان بونیادنانی كوردستانێكی بەهێز و سەقامگیرە، بۆ ئەمەش چاومان لە پشتگیریی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە. لەم ڕووەوە چاوەڕوانی ددانپێدانان بە ڕۆڵی جیهانی و بونیادنەرانەمان لەوانە دەكەین، كە لە پاراستنیاندا هاوكاریان بووین، ئەمەش بە هاوكاریكردنمان لە بونیادنانی ئابوورییەكەمان.

‎بەدرێژایی تەمەنی چەندین نەوە، بە هۆی شەڕو ئاڵۆزی، هەموو خێزانێك له ‌هەرێمی كوردستانی عێراق، زیانی كەسیی بەركەوتووە. چیتر نامانەوێ و ناشتوانین بە هۆی شەڕو ناكۆكی لایەنەكان و دراوسێكان، كە دەرهاوێشتەیەكی خراپی بە جێهێشتوە، دەستبەرداری هەماهەنگی و هاوسۆزیی بین، یان ئەو قوربانییانە لەبەرچاو نەگرین، كە خەڵكێكی زۆر داویانە.

‎لەنێو كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا هاوڕێ و دۆستی زۆرمان هەن، كە هیوای باشمان بۆ دەخوازن، بەڵام هەنووكە كاتی ئەوە هاتووە هەوڵی زیاتر بدەن و كاری لەمە زیاتر بكەن. سەر لەنوێ ڕۆڵی نێوەندگیرێكی پاك دەگێڕین، كە هەمووان متمانەی پێ بكەن. ئەمەش لە روانگەی دۆستایەتی و هاوڕێیەتی راستەقینەوە دەكەین. دوای ئەوەی پاڵشتیی نەگۆڕی خۆمان بۆ بەرژەوەندیی هاوپەیمانەكانمان نیشاندا، لە نێویاندا ئەمەریكا، هەروەها پابەندیی خۆمان بە بەها و پرەنسیپە دیموكراتییەكان سەلماند. ئێستا پێویستیمان بەوەیە دۆستەكانمان، هاوكارمان بن لە سەرلەنوێ دەستپێكردنەوە.

‎* سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان

‎رۆژنامەی واشنتن پۆست

18‪/7‪/2019

 https://www.washingtonpost.com/opinions/2019/07/18/why-kurdistan-region-iraq-is-making-new-start/?fbclid=IwAR2LdvnSlOVuPuJy1kH1-Fkhlt1Lrdv1rP918gYLLyFl2NseSSn0kgCBJoQ&noredirect=on&utm_term=.7f2cc431b2b7

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand