رونكردنەوەیەك لە بزوتنەوەی گۆڕانەوە 

2019-06-19 12:09:59

درەو میدیا:   
بزوتنەوەی گۆڕان رەخنە گرتن بە زمانی گوڵ بە بابەتێكی حەیاتی ناودەبات، هەر جۆرە رەخنەیەكیش كە بۆ بەرژەوەندی كەسی و بۆ خۆنواندن و خۆدەرخستن بێت رەت دەكاتەوە.
لە رونكردنەوەیەكدا بزوتنەوەی گۆڕان ئاماژەی بەوە كردووە" هەر رەخنەیەك لەلایەن هەڵسوڕاوانی حیزبی و حكومەت و پەرلەمانەوە بگیرێ بە ناڕەوا بۆ مەرام و بەرژەوەندی كەسێتی، و بۆ خۆنواندن و خۆدەرخستن ، و بە زمانێكی ناشایستەو ناشارستانی ئاراستەی كەس و لایەن و دەسەڵاتدارانی عێراق و هەرێم بكرێ، گوزارشت لە سیاسەت و بەرنامەی بزوتنەوەی گۆڕان ناكات، بەڵكو رەتیشی دەكاتەوە" بەڵام بزوتنەوەی گۆڕان "رەخنەگرتن بە زمانی گوڵ بە بابەتێكی حەیاتی بۆ بزوتنەوەی گۆران" لەقەڵەم دەدات 
سەبارەت بە پرسی نەوت و گاز لە هەرێمی كوردستان  لە رونكردنەوەكەی بزوتنەوەی گۆڕاندا هاتووە"  بۆ بابەتی نەوت و غازو بودجەی هەرێمیش، بزوتنەوەی گۆڕان جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە، كە دەبێ بەرێگای دەستوری و یاسایی چارەسەر بكرێ، تا دەركردنی  ئەم یاسایەش مافی دەستوری هەرێمی كوردستانە نەوت و غاز بەرهەم بهێنێ و ئیدارەی سامانە سروشتیەكانی هەرێم بكات"    
 
دەقى رونکردنەوەکە
بزوتنەوەی گۆڕان، وەک هێزێکی سیاسی مەدەنی رەخنەگر دروست بووە، و واشدەمێنێ، هەر لەگەل دەسپێکی کاری سیاسی و راگەیاندنی ئەم بزوتنەوەیەدا، دروشمی (رەخنە بە زمانی گوڵ) ی هەڵگرت.


هەر لەبەر ئەوەیە، کە رەخنەگرتن بە زمانی گوڵ بابەتێکی حەیاتیە بۆ بزوتنەوەی گۆران، بۆ ئەوەی هەمیشە بە شێوازێکی شارستانی لە دژی کارە نا دەستوری و نایاساییەکان، و لە دژی هەموو شێوازەکانی گەندەڵی خەبات بکات و بوەستێتەوە.


 بۆیە بزوتنەوەی گۆڕان بەهەموو توانای پشتگیری لە سەرجەم ئەو رەخنانە دەکات، کە لە پێناو بەرژەوەندی گشتی دەگیرێ، و بە زمانی گوڵ و بە شێوازی شارستانی ئاراستەی دەسەڵاتدارانی عێراق و هەرێم دەکرێت.


 و هەر رەخنەیەکیش لەلایەن هەڵسوڕاوانی حیزبی و حکومەت و پەرلەمانەوە بگیرێ بە ناڕەوا بۆ مەرام و بەرژەوەندی کەسێتی، و بۆ خۆنواندن و خۆدەرخستن ، و بە زمانێکی ناشایستەو ناشارستانی ئاراستەی کەس و لایەن و دەسەڵاتدارانی عێراق و هەرێم بکرێ، گوزارشت لە سیاسەت و بەرنامەی بزوتنەوەی گۆڕان ناکات، بەڵکو رەتیشی دەکاتەوە.


 سەبارەت بە کێشەو پرسی نەوت و غاز، مادەی ١٤٠، بودجەی ساڵانەو پێشمەرگە، کە هەمویان پرسی نیشتیمانین، و نابێ بکرێ بە بابەتی موزایەدە لەنێوان لایەنەکانی هەرێم، ودەبێ بە رێکاری دەستوری و یاسایی چارەسەر بکرێ لەنێوان هەرێم و بەغدا، بەبەشداری و هاوکاری و هەماهەنگی تەواوی لایەنەکانی کوردستان لە بەغدا.


 بۆ بابەتی نەوت و غازو بودجەی هەرێمیش، بزوتنەوەی گۆڕان جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە، کە دەبێ بەرێگای دەستوری یاسایی چارەسەر بکرێ، ئەویش بە دەرکردنی یاسای نەوت و غاز و، و دەرکردنی یاسای دەستەی گشتی چاودێریکردنی داهاتە تەرخانکراوەکانی فیدڕاڵی بەپێی ( مادەی ١٠٦ی دەستوری هەمیشەیی عێراق)و دروستکردنی ئەو دەستەیە بە زوترین کات، کە چواردەساڵە دەسەڵاتدارانی عێراق بەگشتی خۆیان لە دەرکردنی ئەو یاسایانە ئەدزنەوە، کە دەرکردنی ئەو یاسایانە و دروستکردنی ئەو دەستەیە تەنیا زامنە بۆ ئەوەی جارێکی تر بودجەی هەرێم و موچەی فەرمانبەران بدرێ، و نەوتیش بە گشتی بخرێتە خزمەتی هاوڵاتیان لە عێراق و هەرێم .

تا دەرکردنی  ئەم یاسایەش مافی دەستوری هەرێمی کوردستانە نەوت و غاز بەرهەم بهێنێ و ئیدارەی سامانە سروشتیەکانی هەرێم بکات، بەڵام جەخت لەوە دەکەینەوە کە دەبێ ئەو داهاتانە شەفاف بێت و لەژێر چاودێری پەرلەمانی کوردستان، و بە بڕیاری حکومەتی هەرێم بۆ بەرژەوەندی هاونیشتیمانیانی کوردستان سەرف بکرێ .    

 بزوتنەوەی گۆران  
19/6/2019

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand