پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لەنیوەشەودا

Draw Media

2019-06-11 11:08:26



راپۆرت: درەو میدیا
پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لە درەنگانێكی شەوی رابردوودا، پەیوەندییەكانی نێوان یەكێتی نیشتمانی‌و بزوتنەوەی گۆڕانی ئاڵۆزكرد‌و لە روداوێكی تەقەكردندا لەبەردەم مەكۆی سەرەكی بزوتنەوەی گۆڕان لە سلێمانی كەسێك كوژرا، (درەو میدیا) لەم راپۆرتەدا وردەكاری رووداوەكە‌و ناوەڕۆكی ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییە بڵاودەكاتەوە كە هۆكاری سەرەكی بوو لە پشت روداوەكەوە.

تەلەفۆنێك لە نیوەشەودا
كاتژمێر 12:30 خولەكی دوێنێ شەو بافڵ تاڵەبانی كوڕە گەورەی جەلال تاڵەبانی، تەلەفۆن بۆ چیا نەوشیروان مستەفا كوڕی بچوكی نەوشیروان مستەفا دەكات.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) كە لە چەند سەرچاوەیەكی جیاوازەوە لەناو یەكێتی نیشتمانی‌و بزوتنەوەی گۆڕان دەستیكەوتووە، بافڵ تاڵەبانی ویستویەتی لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا نیگەرانی خۆی بە چیا نەوشیروان مستەفا رابگەیەنێت سەبارەت بە راپۆرتێكی رۆژنامەوانی كە لە سایتی (KNN) بڵاوبوەتەوە.
لە راپۆرتەكەی سایتی (KNN)دا باسلەوەكراوە" بافڵ تاڵەبانی بەشداری مەراسیمی سوێندخواردنی سەرۆكی هەرێمی نەكرد، دوای ئەوەی زانیویەتی لەتەنیشت ئیدریس بارازانی كوڕی نێچیرڤان بارزانییەوە شوێنی بۆ دیاریكراوە).
بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، چیا نەوشیروان مستەفا وەڵامی پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەی بافڵ تاڵەبانی نەداوەتەوە، بافڵ تاڵەبانی لەڕێگەی هاوڕێیەكی نێوان هەردوكیانەوە، پەیامەكەی بە چیا گەیاندووە‌و هەڕەشەی كردووە دەبێت ئەو راپۆرتە لاببرێت،  چیا نەوشیروان مستەفا بەتوندی وەڵامی هەڕەشەكەی داوەتەوە.

كۆكردنەوەی هێز
پاش ئەو روداوانە، چیا نەوشیروان مستەفا سەركردەكانی بزوتنەوەی گۆڕان لە ئەگەڕی بوونی مەترسی لەسەر گردی زەرگەتە ئاگاداركردوەتەوە.
(درەو میدیا) زانیویەتی، هاوكات دوێنێ شەو چەند بەرپرسێكی باڵای یەكێتی لەڕێگەی تەلەفۆنەوە بەرپرسانی بزوتنەوەی گۆڕانیان ئاگاداركردووە لە ئەگەری هێرش بۆسەر گردی زەرگەتە.
هەر بەو شەوە درەنگە، بەرپرسانی بزوتنەوەی گۆڕان لە ماڵی نەوشیروان مستەفا لەگردی زەرگەتە كۆدەبنەوە، بەشێك لە خۆبەخش‌و خەڵكانی نزیك بزوتنەوەكە ئاگاداركراونەتەوە‌و بێنە گردی زەرگەتە‌و لەوێ ئامادەباش بن بۆ ئەگەری هەر هێرشێك كە بكرێتەسەر گردەكە.

ساتی تەقینەوەی رووداوەكە 
دوای كۆكردنەوەی ژمارەیەك چەكداری خۆبەخش لە گردی زەرگەتە، فەرمان دەدرێت هێزەكە دابەش ببێت‌و بكەوێتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە.
ژمارەیەك لە چەكدارە خۆبەخشەكان دەچنە بەردەم مۆڵی پزیشكیی ئەنور شێخە كە دەكەوێتە بەرامبەر ماڵەكەی نەوشیروان مستەفا لە گردی زەرگەتە (ئێستا چیاو نمای كوڕی نەوشیروان مستەفا لەو ماڵەدا دەژین)، چەكدارە خۆبەخشەكان  دەیانەوێت بچنە سەر بینای مۆڵەكە‌و لەوێ جێگیر ببن، پاسەوانەكانی مۆڵەكە رێگرییان لێدەكەن، لەو كاتەدا هێزێك بە چەند ئۆتۆمبیلێكی میكزەمینییەوە دەگەنە شوێنی روداوەكە (نازانرێت ئەو هێزە بە سوتفە بەوێدا تێپەڕیون یاخود پەیوەندی بە ئاڵۆزی بارودۆخەكەوە هەبووە هاتونە بۆ ئەو شوێنە)، لەوێدا گرژی دروست دەبێت، تەقەیەكی زۆر دەكرێت، ئەو هێزە چەند كەسێك لەو خۆبەخشانەی گۆڕان  دەستگیردەكەن، یەكێك لە دەستگیركراوەكان گەنجێكە بە ناوی (رێبەند فەرهاد)، ئەم گەنجە زاوای (محەمەد مریەم بەگ)ە كە پێشتر بەڕێوەبەری پۆلیسی دارستانی سلێمانی بووە‌و ئێستا هەڵسوڕاوی گۆڕانە، ئەم پیاوە لەگەڵ چوار پاسەوانی خۆیدا چونەتە گردی زەرگەتە، لەكاتی روداوەكەدا سیان لە پاسەوانەكانی لەلایەن ئەو هێزەوە دەستگیركراون.
بەپێی قسەی چەند كەسێكی ئاگادار لەرووداوەكە كە (درەو میدیا) قسەی لەگەڵ كردون، (رێبەند فەرهاد) ویستویەتی خۆی لەدەست ئەو هێزە رزگار بكات كە دەستگیریان كردووە، بەڵام لەو كاتەدا تەقەو ئاڵۆزی دروستبووە‌و بەركەوتووە‌و كوژراوە. 
دوو پاسەوانە دەستگیركراوەكەی تر دوای رفاندنیان لە شەقامی شەست مەتری سلێمانی لەلایەن هێزەكەوە ئازادكراون، بەپێی قسەی خۆیان ئەشكەنجەدراون.

قسەی فەرمی گۆڕان چییە ؟
خەلیل سەركانی ئەندامی جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان لە لێدوانێكدا بۆ تەلەفزیۆنی (كوردستان24) دەڵێ" چەند بەرپرسێكی یەكێتی، بەهۆی راپۆرتێكی تەلەفزیۆنیKNN  كە لە زاری پارتییەوە باسیان لەوە كرد، بۆ مەراسیمی سوێندخواردنی سەرۆكی هەرێم، گروپی 16ی ئۆكتۆبەر بانگهێشت ناكەن، هەڕەشەیان كردووەو ئەمەش هۆكاری رووداوەكەیە".
سەركانی ئاماژەی بۆ ئەوەكردووە" لە زۆر لاوە تەقە لە مەكۆكە كراوە، بەڵام دوو میگزەمینی‌و فۆردێكی رەش لە كاتی تەقەكردن بینراون".  
بەپێی هەواڵی میدیای فەرمی بزوتنەوەی گۆڕان" كاتژمێر 1:30 خولەكی شەوی رابردوو، ژمارەیەك چەكدار تەقەیان لە مەكۆی سەرەكی بزوتنەوەی گۆڕان لە سلێمانی كردو پاسەوانەكانی مەكۆی گۆڕانیش بەتوندی وەڵامیان داونەتەوە".
بزوتنەوەی گۆڕان داوای لێكۆڵینەوەیەكی جدی‌و بێلایەن دەكات بۆ دۆزینەوەو دەستگیركردن‌و دادگاییكردنی تۆمەتبارانی ئەو رووداوە.

مێژوو خۆی دووبارە دەكاتەوە ؟
ئەمە ئەكەمجار نییە گردی زەرگەتە مەكۆی سەرەكی بزوتنەوەی گۆڕان دەكەوێتە حاڵەتی ئامادەباشی ئەمنییەوە‌و روداوی تەقەكردن بەخۆوە دەبینێت.
شەوی 17ی شوباتی 2011 بەهۆی خۆپیشاندانەكانەوەو پەلاماردانی لقی چواری پارتیەوە، پارتی دیموكراتی كوردستان لەهەولێرەوە هێزی بەرەو گردی زەرگەتەی سلێمانی جوڵاند.
شەوی 12ی ئایاری 2018، لەدوای راگەیاندنی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، پێكدادانی چەكداری لە مەكۆی سەرەكی بزوتنەوەی گۆڕان رویدا. 
ئەوكات ئاماژە بەوەكرا، دەمەقاڵەو هەڕەشە لەڕێگەی پەیوەندییەكی تەلەفۆنیەوە لەنێوان بەرپرسانی بزوتنەوەی گۆڕان‌و یەكێتی رویداوە‌و ئەوە هۆكاری پێكدادانە چەكدارییەكە بووە.  
بەهۆی ئەو روداوەوە ماوەیەك پەیوەندییەكانی نێوان بزوتنەوەی گۆڕان‌و یەكێتی ساردوسڕی تێكەوت، بەپێی زانیاری (درەو میدیا)، ئەوكاتە چەند كاتژمێرێك دوای روداوی شەڕەتەقەكە، دیدارێك لەنێوان بەرپرسانی گۆڕان‌و یەكێتی لەماڵەكەی نەوشیروان مستەفا لە گردی عەلی ناجی لە سلێمانی بەڕێوەچوو بۆ ئاسایكردنەوەی باردۆخەكە.
دوای سێ مانگ لە رووداوەكە، یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەفەرمی لە بەیاننامەیەكدا داوای لێبوردنی لە بزوتنەوەی گۆڕان كرد سەبارەت بەو هێرشە چەكدارییەی كە ئێوارەی رۆژی 12ی ئایار كرایەسەر گردی زەرگەتە.
چەند رۆژێك دوای داوای لێبوردنەكە، ژمارەیەك لە سەركردەكانی یەكێتی نیشتمانی چونەسەر گۆڕی نەوشیروان مستەفا لە گردی زەرگەتە، یەكێك لەوان بافڵ تاڵەبانی بوو، كە ئەوكاتیش وەكو ئێستا تۆمەتبار دەكرا بەوەی لە پشت هێرشەكەوە بێت بۆسەر گردەكە.
هەردوو رووداوەكە، ئەوەی دوێنێ شەو‌و ئەوەی ئێوارەی 12ی ئایار لەدوو خاڵی سەرەكیدا لە یەكتر دەچن، هەردوو رووداوەكە دوای پەیوەندییەكی تەلەفۆنی رویانداوە، لەهەردوو روداوەكەدا ناوی بافڵ تاڵەبانی كوڕە گەورەی تاڵەبانی دەهێندرێت، ئەمە لەكاتێكدایە بەمدواییە لەدیدارێكی تەلەفزیۆنیدا بافڵ تاڵەبانی رەتیكردەوە لە پشت روداوەكەی ئێوارەی 12ی ئایاری گردی زەرگەتەوە بێت.

یەكێتی‌و گۆڕان
ساڵی 2009 نەوشیروان مستەفا جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە یەكێتی جیابووەوە‌و هێزێكی سیاسی نوێی بەناوی (بزوتنەوەی گۆڕان) راگەیاند.
نەوشیروان مستەفا بەردەوام لە ئاخاوتنەكانیدا ئەو قسانەی رەتدەكردەوە كە بزوتنەوەی گۆڕانیان وەكو "هێزێكی مونشەق" ناودەبرد، بەڵام ئەمە هەرگیز وای نەكرد بزوتنەوەكەی وەك هێزێكی جیابوەوە نەبینرێت، رەنگە هۆكاری سەرەكی ئەوەبوبێت، زۆرینەی ئەوانەی لەگەڵیدا لە بزوتنەوەی گۆڕان كاریان دەكرد، لەوانەبوون كە لەگەڵ خۆیدا یاخود دواتر لە یەكێتی نیشتمانی جیابووبوونەوە.
یەكێتی‌و گۆڕان وەكو دوو هێز كە رۆژگارێك یاریزانی یەك گۆڕەپان بوون، هەر لەسەرەتاوە تائێستا بەردەوام پەیوەندییەكانیان ئاسایی نەبووە، هەردوولا گرەویان لەسەر مەرگی یەكتری كردووە.
بزوتنەوەی گۆڕان كە لەدوو هەڵبژاردنی پەرلەمانیدا لە كوردستان لە یەكێتی نیشتمانی بردەوە، لەدواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا دوچاری شكستێكی گەورە هات‌و رێژەی دەنگەكانی 50% كەمیكردووە ژمارەی كورسییەكانی لە پەرلەمان 24 كورسییەوە بۆ 12 كورسی دابەزی.
ساڵی 2016 هەردوولا بە ئامادەبوونی هەردوو كۆچكردوو جەلال تاڵەبانی‌و نەوشیروان مستەفا رێككەوتنی سیاسییان ئیمزاكرد، بەڵام رێككەوتنەكە نەچووە بواری جێبەجێكردنەوە.
بەمدواییە بزوتنەوەی گۆڕان بەتەواوەتی یەكێتی نیشتمانی بەجێهێشت، كاتێك تاكلایەنە لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان رێككەوتنی كرد بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم، ئەمەش تاڕادەیەك پەیوەندییەكانی هەردوولای ئاڵۆزكردەوە.
زۆرێك لە سەركردەكانی یەكێتی هێشتا خۆیان بە خاوەنی سەروەتی مەعنەوی نەوشیروان مستەفا دەزانن‌و ئەمساڵیش رۆژی 19ی ئایار بۆ یادی كۆچی نەوشیروان مستەفا هاتنە سەر گۆڕەكەی لە گردی زەرگەتە، بەڵام سەركردەكانی گۆڕان بەشداری ساڵیادی كۆچی جەلال تاڵەبانییان نەكرد.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand