حكومەت پاشەكەوتی موچە هەڵدەوەشێنێتەوە

Draw Media

2019-03-07 18:20:25



درەو میدیا: 
بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست درەو میدیا كەوتووە لە كۆبونەوەی سبەینێی ئەنجومەنی وەزیراندا بڕیار لەسەر هەڵوەشاندنەوەی پاشەكەوتی موچە دەدرێت، بەڵام تا ئێستا روون نیە ئەو بڕیارە لەم مانگەوە جێبەجێ دەكرێت یاخود لە مانگی داهاتووەوە، چونكە ئەو موچەیە كە بڕیارە لە هەفتەی داهاتووەوە دابەشبكرێت، موچەی مانگی 12ی ساڵی رابردووە، بۆیە لە مانگی داهاتووەوە موچەی مانگی یەكی 2019 دابەشدەكرێت.
ئەمە لە كاتێكدایە ئەمڕۆ  بڕی 522 ملیار دینار و 410 ملیار دیناری زیادەی مانگەكانی پێشوو خراوتە سەر ژمارە بانگی وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێمی كوردستان و بڕیارە هەفتەی داهاتوو پارەكە بە كاشی بگاتە هەرێمی كوردستان، بۆ ئەو مەبەستەش سبەی هەینی ئەنجومەنی وەزیران سەبارەت بە پرسی پاشەكەوتی موچە كۆدەبێتەوەو ئەگەری لابردنی پاشەكەوتی موچە زۆرە.
ئەگەر بەشێوەیەكی بەردەوام 522 ملیار دینار لە بەغداوە بۆ هەرێمی كوردستان رەوانە بكرێت، ئەوا كۆی داهاتەكانی هەرێم دەبێتە ( یەك ترلیۆن و 44 ملیار دینار) سەرچاوەی داهاتەكانی هەرێمیش بەم شێوەیەیە: 
•    بڕی (522ملیار)دینار لە بەغدادەوە بۆ هەرێم دێت، ئەم پارەیە بڕی (454 ملیار) دیناری بۆ موچەی فەرمانبەران دەبێت‌و بڕی (68 ملیار) دیناریش بۆ موچەی پێشمەرگە دەبێت . 
•    سەرچاوەیەكی تری داهاتی حكومەتی هەرێم، داهاتی ئەو نەوتەیە كە خۆی دەیفرشێت، ئێستا داهاتی یەك مانگی نەوت كە دەست حكومەتی هەرێم دەكەوێت نزیكەی (700 ملیار) دینارە، لەم بڕە پارەیە (200 ملیار) بۆ قەرز‌و خەرجی كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی نەوت دەڕوات، واتە بە كۆی گشتی حكومەتی هەرێم مانگانە نزیكەی (500 ملیار) دیناری لە داهاتی نەوت بۆ دەمێنێتەوە، لەم بڕە پارەیەش كە دەمێنێتەوە، وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بڕی (378 ملیار) دیناری بۆ موچەی موچەخۆران بە وەزارەتی دارایی دەدات.
•    داهاتی ناوخۆ، سەرچاوەیەكی تری داهاتی حكومەتی هەرێمە، حكومەت مانگانە (120 ملیار)دیناری لەم سەرچاوەیەوە دەستدەكەوێت.
•    ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاش لەچوارچێوەی بودجەی كۆنگرێسی وڵاتەكەی بۆ یارمەتیدانی هێزی پێشمەرگە، مانگانە بڕی (24 ملیار) دینار بە حكومەتی هەرێم دەدات‌و ئەمەش تائێستا سەرچاوەیەكی داهاتی گرنگە بۆ حكومەت.
بە كۆكردنەوەی كۆی ئەو داهاتانەی سەرەوە كە لە مانگێكدا دەست حكومەتی هەرێم دەكەوێت، دەردەكەوێت كابینەی نوێی حكومەت مانگانە بڕی (ترلیۆنێك‌و 44ملیار) دیناری دەستدەكەوێت، موچەی موچەخۆرانی هەرێم لە یەك مانگدا (897 ملیار) دینارە، بەمە دەردەكەوێت حكومەت لەتوانایدایە موچەی موچەخۆران دابین بكات‌و سەرباری ئەوەش (147ملیار) دیناری بۆ دەمێنێتەوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand