لەم رێکكەوتنەدا عیبرەت لە جێبەجێ كردندایە

Draw Media

2019-01-22 14:14:17



سەرتیپ جەوهەر           

دواجار هەردوولا لەسەر ئەو بنەمایە رێككەوتن كە رێككەوتنێكی پێشوەختە ئامادەبكرێت كە چوارچوارچێوەیەكی نوێ لەخۆ بگرێت و كۆمەڵێك بنەماو پرەنسیپی نوێ‌ بەپێی گۆڕان پێویستی قۆناغەكە دەستنیشان بكرێت بۆ ئیدارەدانی هەرێم و چەند پرسێكی دیكە.
ئەوەی زانراوە دووكەس لە یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان راسپێردراون ئەو رێككەوتنە نوێیە گەڵاڵە بكەن، بێگومان ئەوانیش پشت بەلیژنەی راوێژی تایبەتی خۆیان دەبەستن و سەرەنجام چوارچێوەیەكی نوێ‌ دادەڕێژرێت بۆ بەیەكەوە ئیدارەدانی هەرێم و بەغدا، ئەگەر ئەو رێككەوتنە زوو بێتە بەركوڵ و لەسەری رێككەون، ئەوا پێكهێنانی حكومەتی نوێی هەرێم و دانانی پارێزگاری نوێی كەركوك و یەكلاییكردنەوەی وەزیری داد لەبەغدا كە پشكی كوردە زۆر ئاسان دەبێت.
دیارترین ئەو تێبینی و سەرنجانەی وەفدی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لەگەڵ پارتی خستویانەتە روو بریتی بوون لەسێ‌ دۆسیە، یەكەمیان دۆسییەی حكومەتی هەرێم بووەو یەكێتی پێیوایە دەبێ‌ لەمەودوا شەریكی راستەقینەی نەخشەدانان و بڕیاردان بێت، واتە لەمەودوا بەبێ‌ یەكێتی بڕیار نەدرێت. هاوكات دۆسیەی ئابوریی رێكبخرێتەوە بەتایبەت بەشداربوون لەپرسی ئیدارەدانی نەوت و دارایی لەهەرێم، هەروەك پرسی پەیوەندییەكانی هەرێم دوبارە رێكبخرێتەوە، هەم پەیوەندی هەرێم لەگەڵ دراوسێ و بەغدا دابڕێژرێتەوەو یەكێتی و پارتی و لایەنەكان بەشداربن لەداڕشتنی سیاسەتی هەرێم، هەمیش ئەو فەرمانگەیەی ئێستا ناونراوە فەرمانگەی پەیوەندییەكانی هەرێم ببێتە فەرمانگەیەكی حكومی، چونكە تائێستا لەهەڵسوكەوتدا فەرمانگەیەكی حزبییە، تەنانەت جگە لە پارتی یەك فەرمانبەری لایەنێكی دیكەی لێ نییە!
دۆسییەكانی پێشمەرگەو هێزی ناوخۆی هەرێم دوبارە رێكبخرێتەوەو بنەمایەك دابڕێژرێت بۆ كاركردنی ئەو دامودەزگایانە، لەكۆتاییشدا بنەمایەكی نوێ‌ بۆ دابەشكردنی جومگەكانی حوكمڕانیی دەستنیشان بكرێت و هەردولا لەسەری رێككەون.
سەبارەت بەچوار ساڵی داهاتووی پەرلەمان و پرسە گرنگەكانی وەك دەستورو قانونی سەرۆكایەتی هەرێم و هەر پرسێك كە پەیوەندی بەدابەشكردنی دەسەڵات و قانونی چارەنوسسازەوە هەبێت رێككەوتنی لەسەر بكرێت یان بنەمایەك بۆ رێككەوتنی ناو پەرلەمان دابڕێژرێت.
سەبارەت بەپرسی كەركوك، لێكتێگەیشتنێك هەیە كە پارێزگاری نوێ‌ لەلایەن یەكێتییەوە دەستنیشان بكرێت، هەروەك بەیەكەوە كار بۆ هێوركردنەوەی دۆخی كەركوك بكەن، بەتایبەت ئەوەی پەیوەندی بە دۆسییەی ئەمنی شارەكەوە هەیە، ئەمەش هەنگاوێكی باشە بۆ باشتركردنی رەوشی كەركوك و كۆتاییهێنان بەهەوڵی تەعریب و لاوازكردنی رۆڵی كورد لەكەركوك.
سەبارەت بەبەغدا، دوو پرسی گرنگ جێی باسە، یەكەمیان پرسی دابەشكردنی پۆستەكانی بەغداو یەكلاییكردنەوەی ئەو وەزارەتەی (داد) ماوە، لەوەدەچێت یەكێتی نیشتیمانی كوردستان كاندیدێك پێشكەش بكات، هاوكات بنەمای نوێ‌ دابڕێژرێت بۆ بەیەكەوە كاركردن، ئەگەر هاوپەیمانێتیەكی پەرلەمانیش دروستنەكرێت، دەكرێ چوارچێوەیەك دابڕێژرێت بۆ بەیەكەوە كاركردن و مامەڵەكردن لەگەڵ بەغدا سەبارەت بە پرسە جیاوازەكان و دۆسیە دواخراو هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەردولا.
ئەوانەی سەرەوە سەرەقەڵەمی ئەو باسوخواسانەیە كە لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان گفتوگۆی لەسەركراوە، ئەوەی زۆربەمان لەسەری كۆكین ئەوەیە كە پێویستە چیتر بڕیاردان لەدەست كەسێك یان حزبێك نەبێت، گرنگتر لەوە ئەوەیە ئەو رێككەوتنەی دەكرێت جێبەجێبكرێت، نەك بە رستەو دەستەواژەی جوان بنوسرێتەوەو جێبەجێنەكرێت، بەڵكو لەم رێككەوتنەدا عیبرەت لەجێبەجێكردنیدایە. ئەگەر جێبەجێبكرێت ئەوا سەقامگیریی سیاسی دابین دەبێت، سەرەنجام كاریگەری زۆری دەبێت لەسەر پێشكەوتنی ئابوریی و رۆڵی پەرلەمان و دامەزراوەی قەزایی.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand