گوتراوە گەورەکان: ”ستەمگەریی زۆرینە“

Draw Media

2019-01-21 17:40:44



مەریوان وریا قانع      
لە کتێبی ”دەربارەی ئازدایی“دا جۆن ستیوارت میل دەنووسێت ”بە شێوەیەکی گشتیی،ستەمگەریی زۆرینە لە ئێستادا بەشێوەیەکی گشتیی وەک یەکێک لەو کارە خراپانە دەبینرێت کە پێویستە کۆمەڵگا خۆی لێ بپارێزێت“. 
بەڵام ئایا مەبەست لە چەمکی ”ستمەگەریی زۆرینە“ چییە ؟

لای جۆن ستیوارت میل لە ”ستەمگەریی زۆرینە“ ھێما بۆ دوو جۆر لە ستەمگەریی دەکات. یەکەمیان ستمەگەریی ئەو ھێز و لایەنە سیاسییانەیە کە لەناو سیستمی دیموکراسیدا زۆرینەی ھەڵبژاردن بەدەستدھێنن و بەناوی ئەو زۆرینەیەوە حوکمڕانیی دەکەن. ئەم زۆرینە سیاسییە دەشێت ھەموو ئەو کەس و ھێزانەی کە زۆرینەی سیاسیان نییە بچەوسێنێتەوە، یان دید و ڕوانین و قازانجی ئەو زۆرینەیە بەسەریاندا بسەپێنن. ئەم جۆرە لە ”ستەمگەریی زۆرینە“ لەناو دەزگاکانی حوکمڕانیی و دەوڵەتەوە دێن و لەڕێگای ئەو دەزگایانەشەوە پیادەدەکرێت، ستەمگەرییەکە بەشێکە لە سیستمی دەسەڵات. 
بەڵام جۆری دووھەمی ”ستەمگەریی زۆرینە“ ئەو ستەمگەریەیە کە کۆمەڵگا خۆی پیادەیدەکات،” زۆرینەی کۆمەڵایەتیی“ بەسەر ئەو کەس و لایەن و گروپانەدا پیادەیدەکات کە سەر بەو زۆرینەیە نین. لە ستەمگەریی زۆرینەی کۆمەڵایەتیەدا، ئەو بەھا و نۆرم و ئەخلاقیات و شێوەژیان و ھەڵسوکەتەی زۆرینە بە ڕاستیی دەزانێت، بەسەر تاکەکەس گروپە کەمینەکاندا دەسەپێنێت و ناچاریاندەکات بەوشێوەیە بژین و بدوێن و بجوڵێن کە ئەو زۆرینەیە دەیەوێت. ئەگەر لە دۆخی یەکەمیاندا ستەمگەر دەوڵەت بێت، لە دۆخی دووھەمیاندا ستەمگەر کۆمەڵگایە. لە ستەمگەریی زۆرینەی کۆمەڵایەتیدا فشار و ترساندن و تۆقاندن شتێک نییە لە ناو کایەی سیاسەتەوە بێت، بەڵکو لەناو ژیانی کۆمەڵایەتیی خۆیەوە دێت.

جۆن ستیوارت میل ستەمگەریی زۆرینەی کۆمەڵایەتیی لە ستەمگەریی زۆرینەی سیاسیی بە ترسناکتر و خنکێنەرتر دەزاێت. زۆرینەی کۆمەڵایەتیی مەودایەک بۆ تاکەکەسەکان ناھێڵێتەوە بتوانن لە خواستەکانی ئەو زۆرینەیە و لە یاسا و بەھا و چاوەڕوانییەکانی دەبازبن. ئەم جۆرە لە ستەمگەریی زۆرینە بەشێوەیەکی قووڵتر و فروانتر وردەکارییەکانی ناو ژیانی تاکەکەسی کۆنترۆڵ داگیردەکات. بە بۆچوونی جۆن ستیوارت میل ستمەگەریی زۆرینەی کۆمەڵایەتی دەبێتە ھۆکاری ”کۆیلەکردنی ڕۆح“ لە کۆمەڵگادا. بۆیە کۆمەڵگا تەنھا پێویستی بە خۆپاراستن لە زۆرینەی سیاسیی حوکمڕانی نییە، کە بێگومان ئەم خۆپاراستنە کردەیەکی ھێجگار گرنگ و پێیوستە، بەڵکو پێویستی بە خۆپاراستنیشە لەو ڕا و بۆچوون و بەھا و نۆرم و بیرۆکە و ھەڵسوکەوت و ئەخلاقیاتانەی لە کۆمەڵگادا باڵادەستن. بەبۆچونی میل وەکچۆن نابێت زۆرینەی سیاسیی ویستی خۆی بەسەر ھەموواندا بسەپێنێت، بە ھەمانشێوە نابێت زۆرینەی کۆمەڵایەتییش ویستی خۆی بەسەر ھەموواندا بسەپێنێت. یەکەمیان ھەموو بکەرە سیاسییەکانی تر دەکاتە دەرەوە و لۆژیکی خۆی بەسەر ھەموواندا دەسەپێنێت، دووھەمیان ھەموو کۆمەڵگا ناچاردەکات بەو جۆرە بژین و کەسایەتی خۆیان دروستبکەن کە لەگەڵ مۆدێلی زۆرینەکەدا بگونجێت. 
جۆن ستیوارت میل گومانێکی گەورەی بەرامبەر بە دەستەواژەکانی ”ئیرادەی خەڵک“ و ”ئیرادەی کۆمەڵگا“ ھەیە، پێیوایە ئەو ئیرادەیە بەردەوام ئیرادەی ئەو بەشەی کۆمەڵگایە کە دەتوانێت لە ساتێکدا ”زۆرینە“ پێکبھێنێت. زۆرجاریش ئەمانە ئەو بەشەی کۆمەڵگان کە لە بەشەکانی تریئەو کۆمەڵگایە چالاکترن، لەوەدا سەردەکەون خۆیان وەک ”زۆرینە“ بە کۆمەڵگا نیشانبدەن و وەک زۆرینە بدوێن و قبووڵبکرێن.

ئەم کێشە تایبەتەی ستەمگەریی زۆرینە، ھێما بۆ یەکێک لە خاڵە ھەرە لاواز و ترسناکەکانی ناو سیستمی دیموکراسیی دەکات. ئەو زۆرینەیەی جۆن ستیوارت میل باسیدەکات، ھەمان ئەو، جەماوەر، یان ”قەرەباڵغیی“ و “حەشامەت“ەیە، بە ئینگلیزیی masses، کە لە سەدەی بیستەمدا زۆرێک لە نووسەران وەک یەکێک لە کێشەکانی دونیای مۆدێرن باسیدەکەن. میل لەدایکبوونی ”حەشامەت“ و کێشەی زۆرینە وەک یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی ناو سیستم و کۆمەڵگایەکی دیموکراسیی دەبینێت و وەک یەکێک لە ھەڕەشە گەورەکانی ناو دونیای مۆدێرنیش لە ئازادیی تاکەکەسیی و لە دروستکردنی حکومەتێکی باش و لە پێشکەوتنی کۆمەڵایەتیی و پاراستنی پلوارلیزم مامەڵەیدەکات. بە بۆچونی میل یەکێک لە ئاکارە سەرەکییەکانی کۆمەڵگا مۆدێرنەکان ئەوەیە کە بەردەوام چینی ناوەند گەورەدەبێت و تەشەنەدەکات، ئەمەش وادەکات ئەم چینە گەر خاوەنی دەسەڵاتی سیاسیش نەبێت، خاوەنی دەسەڵاتی کۆمەڵایەتیی بێت. لە دەرەنجامیشدا زۆرینەیەکی کۆمەڵایەتیی لە فۆرمی جەماوەرێکی گەورەدا دروستبکات و دەسەڵاتێکی کۆمەڵایەتیی گەورە بەم چینە ببەخشێت. ئەم دەسەڵاتە کۆمەڵایەتیەش لە فۆرمی سەپاندنی نۆرم و بەھا و ئەخلاقیات و سەپاندنی تام و چێژ و زەوق و شێوەژیان و شێوە بیرکردنەوەی ئەم جەماوەرەدا بەسەر ھەموواندا بەرجەستەدەکات.
لە کتێبی ”دەربارەی ئازادیی“دا جۆن ستیوارت میل وێنەیەک بۆ کۆمەڵگا مۆدێرنەکان دروستدەکات کە لە دوو یەکەی جیاواز دروستبوون: لەسەرێکەوە ”جەماوەر“ێکی وێکچووی ھاو باوەڕ و ھاو دید و ھاو تام و ھاو چێژ و ھاو ئەخلاق و ھاو ھەڵسوکەت، بەرامبەر بە ”تاکەکەس“ێک کە خاوەنی کەسایەتی تایبەت و خاوەنی ڕاو بۆچون و زەوق و چێژی تایبەت بەخۆیەتی. ئەم جەماوەرە لەوەدا سەردەکەوێت ”ڕایەکی گشتیی“ ھاوشێوە دروستبکات و یاسا کۆمەڵایەتیی و ئەخلاقییەکان بەو شێوەیە دابڕژێت کە باوەڕی پێیەتیی و لەڕێی ئەم ڕای گشتییەوە بەسەر ھەموواندا بیسەپێنێت. بەم شێوەیە ئەو ڕا و بۆچوون و حەز و ویستە تاکەکەسیانە کە بەو ڕای گشتییە ناکۆکن، بکرێت بچەپێنرن.

کۆمەڵناسیی سیاسیی فەرەنسیی ئالێکسی دی تۆکفیل (١٨٠٥-١٨٥٩)، بەر لە جۆن ستیوارت میل، چەمکی ”زۆرینەی ستەمگەر“ی لە کتێبە بەناوبانگەکەیدا لەسەر دیموراسیەت لە ئەمریکا، بەکاردەھێنێت. میل ئەم کتێبەی تۆکفیلی زۆر باش ناسیوە و لەدوای چاپبوونی دوو ڕانانی درێژی بۆ ھەردوو بەرگی ئەم کتێبە کردوە. 
ھەم تۆکفیل و ھەم میل ئەم چەمکە لە سیاقی باسکردنی سیستمی دیموکراسیی و حوکمی زۆرینەدا باسدەکەن. ھەم تۆکفیل و ھەم میل باس لەو مەترسییە دەکەن کە حوکم و بڕیاریی ئەو زۆرینەیە بە ئاستێک بگات کە گوێ بە ویست و قازانج و خواستی کەمینەکان نەدات و ئیرادەی خۆی بەسەر ھەموواندا بسەپێنێت، ئەمەش بە کردەوە وەک ئەو سیستمە دیکتاتۆریانە کاردەکات کە تیایدا دیکتاتۆرێک ویستی خۆی بەسەر ھەموواندا دەسەپێنێت. بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە تۆکفیل باوەڕی وابوو پێویستە کۆمەڵگا خاوەنی میدیایەکی ئازدبێت کە بتوانێت دەنگی ئەو تاکەکەس و کەمینانە بەرجەستەبکات و دۆخێک دروستبکات ئەم کەمینانەی تیادا ببیسترێت.
چارەسەرێکی تری ئەم کێشەیە لەناو سیستمی دیموکراسیدا بریتییە لە ھەبوونی دەستورێک کە تیایدا مافەکان بە شێوەیەک جێگیرکرابن کە حوکم و ئیرادەی ھیچ زۆرینەیەکی سیاسیی نەتوانێت وەلایانبنێت و پەکیانبخات. دەستور وەک چاودێررێکی گشتیی بەسەر پەرلەمان و حکومەت و بڕیارەکانیی زۆرینەوە کاربکات. چارەسەرێکی تر ئەوەیە کە لەپاڵ ھەبوونی دەستوردا یان لەباتی دەستور، ”دیباجەی مافەکان“، a bill of rights، بوونی ھەبێت کە تیایدا مافی تاکەکەس و گروپەکان پارێزرابێت و ھیچ زۆرینەیەک نەتوانێت مافی ئەو کەس و گروپانە کە ناتوانن زۆرینە دروستبکەن، پێشێلبکات. یان بەناوی زۆرینەی دینیی و فەرھەنگییەوە سنوور بۆ ماف و ئازادیی تاکەکەس و گروپەکان دابنێن. 
پێداگرتن لەسەر مەترسییەکانی ”ستەمگەریی زۆرینە“ بەشێکە لە ستراتیژیەتی بەرگریکردن لە ئازادیی و ھەڵبژاردنە تاکەکەسییەکان دژ بە فشار و ستەمی فۆرمە جیاوازەکانی زۆرینەبوون لە کۆمەڵگادا، لە زۆرینەی دینیی و ئەخلاقیی و فەرھەنگییەوە بیگرە، بۆ زۆرینەی سیاسیی. بەبۆچونی میل نابێت ھیچ یەکێک لەم زۆرینانە ماف و توانای ئەوەیان ھەبێت چی بە ڕاست و باش و ئەخلاقیی و دینیی دەزانن، بەسەر ھەموو ئەوانیتردا بیسەپێنن.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand