رۆناڵدۆ و ئەلۆنسۆی هاوڕێی لە ئیسپانیا دادگایی دەكرێن

Draw Media

2019-01-19 11:29:46



( درەو میدیا):
رۆژی سێشەممەی داهاتوو، كریستیانۆ رۆناڵدۆ یاریزانی یانەی یۆڤانتۆس، لەگەڵ چابی ئەلۆنسۆی هاوڕێی لە ریاڵ مەدرید، لەبەردەم دادگایەكی ئیسپانیی ئامادەدەبن بەهۆی ئەوەی تۆمەتی خۆدزینەوە لە باجدانیان ئاراستەكراوە.
پێشبیندەكرێت  رۆناڵدۆ دانبنێت بە پێشێلكردنی یاسادا و بە گوێرەی چەند راپۆرتێك رازی بووە بۆ چارەسەركردنی دۆسیەكەی 16.4 ملیۆن دۆلار وەك غەرامەبدات، لەگەڵ سزای زیندانیكردن بەبێ‌ جێبەجێكردنی.
ئەلۆنسۆش بۆیەكەمجار لە دادگا ئامادەدەبێت بە تۆمەتی خۆدزینەوە لە باجدان كە بڕەكەی 2 ملیۆن یۆرۆیە، بەڵام ئەو تۆمەتە رەتدەكاتەوە.
دادگای ئیسپانی لەسەر خۆدزینەوە لە باجدان، دۆسیەی لەسەر چەندین یاریزانی بەناوبانگی تۆپی پێ كردووە، لەوانە ئەستێرەی یانەی بەرشەلۆنە لیۆنێل میسی و بەرگریكاری یانەی ریاڵ مەدرید مارسێلۆ.
رۆناڵدۆ كە وەرزی ئەمساڵ چووە ریزی یانەی یۆڤانتۆس و ریاڵ مەدریدی بەجێهێشتن تۆمەتباركراوە بە هەوڵدان بۆ خۆدزینەوە لە باجی تایەت بە مافی وێنە لە نێوان 2011 بۆ 2014 و بەهاكەی 13 ملیۆن یۆرۆیە.
بە گوێرەی راپۆرتێكی رۆژنامەی " ئەلمۆندۆ"، مانگی حوەزیران رۆناڵدۆ پێشنیازی كردوو بڕی 12 ملیۆن یۆرۆ بدات، بەڵام حكومەت ئەو پێشنیازەی رەتكردوەتەوە.
ئەلۆنسۆش كە دوای بەسەربردنی چەند وەرزێك لە یانەكانی لیڤەرپوڵ و بایرن میونشن و بردنەوەی جامی جیهانی 2010 لەگەڵ هەڵبژاردەی ئیسپانیا، ساڵی 2017 وازی لە یاریكردن هێنا و داواكاری گشتی ئیسپانیا داوادەكات سزای 5 ساڵ زیندانیكردنی بەسەردا بسەپێندرێت.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand