قەتەر لە ئۆپیك كشایەوە

Draw Media

2018-12-03 19:17:13



( درەو میدیا):
دوای 58 ساڵ لە دامەزراندنی رێكخراوی وڵاتانی هەناردەكاری نەوت " ئۆپیك" لە بەغدا لە ساڵی 1960، وڵاتی قەتەر كشانەوەی خۆی لەو رێكخراوە راگەیاند دوای زیاتر لە 50 ساڵ لە ئەندامێتی.
سەعد بن شریدە كەعبی، وەزیری دەوڵەتی قەتەر بۆ كاروباری وزە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە دەوحە رایگەیاند لە سەرەتای مانگی شوباتی 2019 قەتەر لە رێكخراوی ئۆپیك دەكشێتەوە و رێكخراوەكەشیان لەو بڕیارە ئاگاداركردوەتەوە.
كەعبی راشیگەیاند ئەو بڕیارە ئارەزووی قەتەر نیشاندەدات  بۆئەوەی هەوڵەكانی لە پەرەپێدان وگەشەپێدلنی پیشەسازی گازی سروشتی چڕبكاتەوە و ئەو پلانانە جێبەجێبكات كە پێشتر راگەیەنراوە بۆ زیادكردنی گازی سروشتی شل لە 77 بۆ 100 ملیۆن تۆن لە ساڵێكدا. 

ئۆپیك و ئامانجەكانی
رێكخراوەی " ئۆپیك" ساڵی 1960 لەلایەن ئێران، عێراق، كوەیت، سعودیە و ڤەنزوێلاوە دامەزرێنرا و پاشان لە نێوانت ساڵی 1960 بۆ 2018، دە وڵاتی تر بوونە ئەندامی و هەندێك لەو وڵاتانە چەندجارێك ئەندامێتیان لەو رێكخراوەدا سڕكرد و پاشان كارایان كردەوە و ئەو 10 دەوڵەتەش بریتین لە قەتەر، ئیندۆنیزیا، لیبیا، ئیمارات، جەزائیر، نایجیریا، ئیكوادۆر، ئەنگۆلا، گابۆن و گینیای ئیستیوائیی و دواهەمینیشیان كۆنگۆیە كە 2018 بووە ئەندامی رێكخراوەكە.
لە پێنج ساڵی یەكەمدا، بارەگای رێكخراوەكە لە شار ژنێڤی سویسرا بوو، پاشان لە ئەیلولی 1965 گوازرایەوە بۆ ڤیەننای پایتەختی نەمسا.
ئامانجی ئۆپیك
ئامانجی سەرەكی ئۆپیك بریتیە لە هەماهەنگی و یەكخستی سیاسەتی بازرگانی نەوتی وڵاتە ئەنداكەكانی، بۆ گەرەنتیكردنی نرخی دادپەروەر و جێگیر بۆ بەرهەمهێنەرانی نەوت و بەردەوامیدان بە دابینكردنی نەوت بەشێوەیەكی كارا و رێكخراو بۆ وڵاتە بەكارهێنەرەكان و گەرەنتیكردنی بەدەستهێنانی قازانجی دادپەروەرانە بۆ ئەو وڵاتانەی كە وەبەرهێنان دەكەن لەو پیشەسازییەدا.
-    خشتەیەكی زەمەنی:
•    رێكخراوی ئۆپیك شەستەكانی سەدەی رابردوو لە كاتێكدا دامەزرا كە وڵاتانی تازە گەشەسەندووی دامەزرێنەری رێكخراوە لە قۆناغی راگوزەریی سیاسی نێودەوڵەتی و ئابوریدا بوون لە كاتی كۆتاییهاتنی داگیركاری و لەدایكبوونی چەند وڵاتێكی سەربەخۆی نوێ لە جیهانی سێیەمدا.
•    وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت بڕیاری دامەزراندنی ئەو رێكخراوەیاندا، دوای بڕیاری گروپی كۆمپانیا فرە رەگەزەكان " حەوت خوشەكەكە" بۆ دابەزاندنی نرخی نەوتی خاو.
-    جەنگی عەرەب – ئیسرائیل لە ساڵی 1973
•    راگرتنی هەناردەكردنی نەوت لەلایەن وڵاتە عەرەبییەكانەوە لە ساڵی 1973دا، پشێوی لە بازاڕادا دروستكرد كە بە یەكەمین شۆكی نەوتی ناودەبرێت و نرخی یەك بەرمیل نەوتی عەرەبی سوك لە 2.83 دۆلارەوە لە ساڵی 1973 بۆ 10.41 دۆلار بەرزبوەوە لە 1974دا.
•    ساڵی 1975 گروپی كارلۆس هەڵیانكوتایە سەر كۆبوونەوەیەكی ئۆپیك لە ڤیەننا و چەند وەزیرێكیان بە بارمتەگرت كە یەكێكیان ئەحمەد زەكی یەمانی وەزیری نەوتی سعودیە بوو.
•    ساڵی 1979 بەهۆی شۆڕشەوە لە ئێرانن ژاپۆنیەكان دەستیانكرد بە كڕینی بڕێكی زۆر لە نەوت، كە ئەو كات ئێران لە دوای سعودیەوە دووەم دەوڵەتی هەناردەكاری نەوت بوو.
•    ساڵی 1980 جەنگی عێراق- ئێران دەستیپێكردن بەهۆیەوە نرخی نەوت لە دەریای باكور لە بەریتانیا بۆ ژمارەیەكی پێوانەیی نوێ بەرزبووە " 40 دۆلار بۆ یەك بەرمیل" و ئەوەش بەرزترین نرخ بوو لە ماوەی 10 ساڵدا.
•    ساڵی 1983 بۆرسەی نیویۆرك مامەڵەكردنی بە گرێبەستی دواخراو بۆ دەستپێكرد.
•    ساڵی 1986 بەهۆی پڕبوونی بازاڕی نەوت و گۆڕینی شێوازەكانی بەكارهێنانی نرخی نەوت دابەزنی و یەك بەرمیل نەوتی برێنت گەیشتە 8.75 دۆلار.
•    ئۆپیك لە دواییدا دەستبەرداری جێگیركردنی نرخەكان بوون نرخی نەوتی دابەزاند لە پێناوی بەدەستهێنانی پشكێك لە بازاڕدا و كاركردنی بە سیستمی پشكی بەرهەمهێنان دەستپێكرد.
•    لە كاتی جەنگی یەكەمی كەنداودا لە ساڵی 1990- 19991 نرخی نەوت بۆ بەرزترین ئاست سەركەوت و نرخی یەك بەرمیل گەیشتە 41.41 دۆلار.
•    لە نێوان ساڵی 1998- 1999 قەیرانی ئابوری ئاسیا سەریهەڵدا و نرخی نەوت لەو كاتەدا بۆ كەمتر لە 10 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك دابەزی.
•    لە ساڵی 1999 دوای دوو هەوڵی شكستخواردووی پێشووتر، رێككەوتن كرا لەسەر كەمكردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت، ئەوەش بە رێككەوتن لەگەڵ مەكسیك و نەرویج ( ئەندامی ئۆپیك نین) بۆ راگرتنی داڕمانی نرخەكان و ئەوەش سەرەتای قۆناغی بوژاندنەوەی نرخەكان بووە.
•    ساڵی 2000 ڤەنزوێلا كە ئەو كات سەرۆكی ئۆپیك بوو،  " رێوشوێنی گورزەی نرخەكان"ی راگەیاند كە دەقەكەی جەختدەكاتەوە لەسەر كەمكردنەوەی ئۆتۆماتیكی بەرهەمهێنان، ئەگەر نرخی نەوت دابەزی و زیادكردنی ئۆتۆماتیكی بەرهەم ئەگەر نرخی نەوت لە ( 22- 28 دۆلار) بەرزبووەوە بۆ چەند جۆرێكی دیاریكراو لە نەوت.
•    لە 11ی سێپتەمبەر / ئەیلولی 2001 هێرشكرایە سەر ناوەندی بازرگانی جیهانی لە نیۆیۆرك و ئەوەش گەورەترین ئابوری جیهان و بەكارهێنەری وزەی هەژاند.
•    هێرشی ئەمریكا بۆ سەر عێراق لە ساڵی 2003دا رێگەی گرت لە هەناردەكردنی 2.5 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێكدا بۆ بازاڕەكان.
•    ساڵی 2008 بۆ یەكەمجار نرخی نەوتی خاوی ئەمریكی بەربەستی 100 دۆلار بۆ یەك بەرمیلی تێپەڕاند و بەرزبوونەوەی نرخی نەوت هەتا تەمموزی هەمان ساڵ بەردەوام بوو، نرخی یەك بەرمیل نەوتی خاوی ئەمریكی گەیشتە بەرزترین ئاست كە 147.27 دۆلار بوو. 
•    پاش ماوەیەك لەوە نرخی نەوت لە بازاڕەكاندا بۆ 32.4 دۆلار دابەزی ئەوەش نزمترین ئاست بوو لە ماوەی پێنج ساڵدا، بەڵام سیستمی بەرهەمهێنانی نەوت لەلای ئۆپێك دواتر وایكرد جارێكی تر نرخ بەرزببێتەوە.
•    لە كانونی دووەمی 2009 ئۆپێك پشكی بەرهەمێهنانی نەوت بۆ 24.84 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێكدا دیاریكرد، پاشان لە 2011 تا 201 بڕەكەی لە نێوان 3.8 و 32.30 ملیۆن بەرمیل بوو لە رۆژێكدا.
•    وڵاتانی ئەندامی رێكخراوەكە بەشێوەیەكی نارەسمی بڕی بەرهەمهێنانیان بەرزكردەوە و لە پابەندبوونیان بەو پشكەی بۆیان دیاریكرابوو پاشگەزبوونەوە.
•    لە كانوونی دووەمی 2016 نرخی یەك بەمیل نەوت بۆ 25 دۆلار دابەزی، دوای ئەوەی لە ساڵی 2014 گەیشتبوە زیاتر لە 100 دۆلار بۆ یەك بەرمیل.


 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand