سۆران عومەر: چاوەڕوانيمان لە گۆڕان ئەوەیە یەكدی جێنەهێڵین 

Draw Media

2018-11-24 20:05:12



(درەو میدیا):
یەكەم گەڕی دانوستانەكان بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت تەواوبوو، هێشتا گەڕی دووەم دەستیپێنەكردووە، لە گەڕی یەكەمدا پارتی دیموكراتی كوردستان كە براوەی یەكەمی هەڵبژاردنە كۆمەڵی ئیسلامی پشتگوێ خست، ئەمە لەكاتێكدابوو لەدوای یەكێتی نیشتمانی‌و بزوتنەوەی گۆڕان تەنیا كۆمەڵی ئیسلامی چاوی لە بەشداریكردن بوو لە حكومەت‌و زۆرینەی لایەنەكانی تر (جوڵانەوەی نەوەی نوێ- یەكگرتووی ئیسلامی- حزبی شیوعی) پێشوەختە بایكۆتی بەشداریكردنیان كرد لە حكومەت.
سۆران عومەر پەرلەمانتاری خولی نوێی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسۆنی كۆمەڵی ئیسلامی لەم گفتوگۆ رۆژنامەوانییە كورتەدا وەڵامی چەند پرسیارێكی (درەو میدیا) دەداتەوە لەبارەی پرسی بەشداربوونی كۆمەڵ لە كابینەی نوێی حكومەت.


دەقی گفتوگۆ رۆژنامەوانییەكە:


درەو میدیا: كۆمەڵی ئیسلامی بەشداری كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم دەكات یان نا، ئەگەر بەشدار نابێت بۆچی بە راشكاوی ئەمە بۆ رایگشتی راناگەیەنێت‌و نابێت بە ئۆپۆزسیۆن؟
سۆران عومەر: كۆمەڵی ئیسلامی بڕیاری پێشوەختەی نەداوە، هێشتا لایەنی براوەی یەكەم سەردانی نەكردووە تاكو پرسی بەشداری‌و بەشدارینەكردنی بخرێتەبەردەست، هەركات داوای لێكرا بەشداری بكات، ئەوكاتە كۆمەڵی ئیسلامی بەرنامەو مەرجی خۆی هەیەو لە كۆبونەوەی گشتیدا كۆمەڵ ئەو پرسە یەكلایی دەكاتەوە، بەندە وەك ڕای كەسی خۆم پێم باش نیە كۆمەڵی ئیسلامی بەشداری وەها حكومەتێك بكات.


درەو میدیا: ئێوە نوسیوتانە كابینەی هەشتەم‌و نۆیەم هیچ جیازییەكیان نیە، كە جیاوازیەكی نیە ئێوە بۆ جێتانهێشت، بۆچی هەوڵ بۆ بەشداریكردن دەدەن؟ 
سۆران عومەر: بەدڵنیاییەوە كابینەی هەشتەم‌و نۆیەم جیاوازی نیە، كۆمەڵ هیچ هەوڵێكی بۆ بەشداری حكومەت نیە.

درەو میدیا: ئەگەر بەتەمای چونە حكومەت نین بۆچی بە رونی رایناگەیەنن و نابنە ئۆپۆزسیۆن؟

سۆران عومەر: ئەم پرسە بەم نزیكانە یەكلایی دەبێتەوە لەلای كۆمەڵی ئیسلامی، ئێمە لەهەر شوێنێك بین خاوەن بەرنامەو بیروڕای خۆمانین بەچاك دەڵێن چاك و بەخراپ دەڵێین خراپ، بێدەنگ نابین لە گەندەڵی و نادادی، هیچیش بێدەنگمان ناكات.


درەو میدیا: پارتی بەڕوونی لە زاری بەرپرسانیەوە چەندین مەرج‌و كۆتوبەند دادەنێت بۆ لایەنانەی دەچنە حكومەتەوە، ئێوە بەو مەرجانە رازی دەبن؟ مەرجی بێدەنگبوونی پەرلەمانتاران، مەرجی ئەوەی نابێت پێیەكتان لە حكومەت‌و پێیەكەی ترتان لە ئۆپۆزسیۆن؟ 
سۆران عومەر: هەر كەس بەمەرجی لایەنی براوە ڕازی بێت بۆ چونە حكومەت، ئەوە خۆی دەكوژێ لەبەرامبەر جەماوەردا، پەرلەمانتار محامی حكومەت نیە چاودێری حكومەت دەكات‌و نوێنەری خەڵكە سوێندی خواردووە كارەكەی بەدڵسۆزی ئەنجام بدات، ئەگەر لەگەندەڵی‌و یاساشكێنی بێدەنگ بوو بەهۆی بەشداری لە حكومەت، ئەوە خیانەتی لە پیشەی پەرلەمانتاری‌و دەنگدەرەكانی كردووە، ئەوانە ئەمە بە قاچێك لە حكومەت‌و ئۆپۆزسیۆن بزانن هەڵەیە.


درەو میدیا: كۆنتاكت و رێككەوتنتان لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان هەیە، دەوترێت بەڵێنتان داوە بەبێ یەكدی نەچنە حكومەتەوە؟ 
سۆران عومەر: لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان هیچ ڕێككەوتنێكی نوسراومان نییە، بەڵام لەسەر پرسی داخوازی خەڵك پێكەوەكاركردنی هاوبەشمان لە چەندین قۆناغی سەختدا هەبووەو یەكمان جێنەهێشتووە، ئێستەش گۆڕان بچێتە حكومەت هەڵەی ڕابردووی دوبارە دەكاتەوە، چاوەڕوانیشمان لێیان ئەوەیە پێكەوە بمێنینەوە‌و یەكدی جێنەهێڵین.


درەو میدیا: خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان چۆن دەبینن، راشكاوانە ئەم خولەو خولی رابردوو كامیان بە ئەكتیڤترو باشتر دێتە بەرچاوتان؟
 سۆران عومەر: خولی چوارەم بۆ یەكەمجار بوو دوو كەس لە دەستەی سەرۆكایەتی لە پارتی‌و یەكێتی نەبێت، ئەوە وایكرد ئەو خولە لەوكاتانەی لەكاردابوو تەواو جیاواز بێ، بۆیە سەرۆكایەتی گرنگە ئەگەر تەنها لە یەكێتی‌و پارتی بێ، دەتوانن ڕێگر بن لەكاری پەرلەمانتاران، لە چاودێری‌و پرسیارو پرساندنی وەزیرو سەرۆك وەزیران‌و حكومەت، وا دەبینرێ لایەنێك بە بەرنامە هەوڵی بێ هەیبەتكردنی پەرلەمان بدات، ئومێدەكەم پەرلەمانتاران ئەركی خۆیان بەجێبهێنن، بیریان بێ بەچی بەڵێنێك دەنگیان هێناوە.
 


بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand