پارتی داوای جێگری سەرۆك وەزیران‌و وەزارەتێكی سیادی دەكات 

Draw Media

2018-10-20 11:47:23



 (درەو میدیا):
تا ڕۆژی چوارشەممەی داهاتوو، عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراو، كابینەكەی پێشكەشدەكات، كە (12) وەزارەتی بەر پێكهاتەی شیعەو (6) وەزارەت بۆ سوننەكان‌و (3) وەزارەت بۆ كوردو وەزارەتێكیش بۆ كەمینەكان دەكەوێت‌و پێدەچێت بۆ (كریستیانەكان) بێت.
سەرچاوەیەكی نزیك لە پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایگەیاندووە، حزبەكەیان ئاستی داواكارییەكانی بۆ بەشداریكردن لە حكومەتی داهاتوو بەرزكردوەتەوە، كە پێشتر خۆی لەچەند وەزارەتێكدا دەبینیەوە.
بەوتەی ئەو سەرچاوەیە، پارتی داوای "پێكهێنانی دامەزراوەی كردووە كە زامنی پاراستنی هاوسەنگی بكات لەئیدارەی دەوڵەتی عێراق، وێڕای وەرگرتنی گەرەنتی سەبارەت بە پەراوێزنەخستنی هێزە كوردییەكان‌و رەهەندەكانی لەبڕیاری جێبەجێكردن وەك ئەوەی لە حكومەتەكانی پێشوودا ڕویداوە".

وەزارەتە سیادییەكەی كورد چی لێ دێت؟
سەرچاوەكە لە لێدوانێكدا بۆ ڕۆژنامەی (عەرەبی ئەلجەدید) ئاماژەی بەوەداوە، پارتی سەرقاڵی ئەنجامدانی گفتوگۆی چڕوپڕە لەگەڵ هێزە كوردییەكان تا هاوهەڵوێستی بن، پێشبینیشی كردووە یەكلایكردنەوەی پۆستەكانی تایبەت بە كورد لە حكومەتەكەی عەبدولمەهدی دوابكەوێت، تەنانەت ئەگەر  لەم هەفتەیەدا كابینەی داهاتوو بەبەشێك لە وەزارەتەكانیشیەوە ڕابگەیەنرێت.
بەگوێرەی زانیارییەكان، كورد لە كابینەی داهاتوودا هەریەك لە وەزارەتەكانی (دارایی‌و كۆچ‌و كۆچبەران‌و داد)ی، بەردەكەوێت، ئەوە لەكاتێكدایە فازیل میرانی سكرتێری پارتی دیموكراتی كوردستان لەتازەترین لێدوانیدا دەڵێت" كورد مەرجی هەیەو پێویستە پێش بەشداریكردنی لە حكومەت جێبەجێبكرێت"، تەئكیدیشی كردووە" كورد داوای جێگری سەرۆك وەزیران‌و وەزارەتێكی سیادی‌و ژمارەیەك وەزارەتی تر دەكات". 
پێشتر "درەو میدیا" بڵاویكردەوە، پارتی بەفەرمی داوای پۆستی جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراقی كردووە، لەوبارەیەوە (كاوە محەمەد) پەرلەمانتاری فراكسیۆنی گۆڕان بە(درەومیدیا)ی، وت:"ئەگەرێكی لاواز هەیە عادل عەبدولمەهدی جێگر دابنێت، هەوڵێكیش هەیە ئەو وەزارەتە سیادییەی كە بە كورد دەدرێت بكرێت بە جێگری سەرۆك وەزیران بۆ كارەباری دارایی كە بەر پارتی دەكەوێت‌و وەزارەتی دارایی دەبێت".
لەلایەكی ترەوە، حزبەكانی دەرەوەی پارتی دیموكرای كوردستان‌و یەكێتی نیشتمانی كوردستان (بزوتنەوەی گۆڕان‌و نەوەی نوێ‌و یەكگرتوی ئیسلامی‌و كۆمەڵی ئیسلامی) بەنیازن بایكۆتی حكومەتی ئایندەی عێراق بكەن، بەهۆی دابەشكردنی پۆستەكان لەنێوان یەكێتی‌و پارتی‌و بێبشەكردنی حزبەكانی تر تەنانەت كەسایەتی بێلایەن‌و تەكنۆكراتیش كە عەبدولمەهدی بانگەشەی بۆ كردووە.   

هاوپەیمانی میحوەر یەكلانەبوەتەوە
بەپێی زانیارییە دزەپێكراوەكان، پێشبینی دەكرێت عادل عەبدولمەهدی لەم هەفتەیەدا ناوی ((15) وەزیر لەچوارچێوەی كابینە نوێیەكەیدا پێشكەش بە پەرلەمان بكات بۆ متمانە وەرگرتن.
ئەوە لەكاتێكدایە، تائێستا هاوپەیمانی میحوەری سوننەكان خۆی یەكلاینەكردوەتەوە لەبارەی كابینەی داهاتوو، زانیارییەكان ئاماژە بەوەشدەكەن، ئەو وەزارەتانەی كە لە پێكهاتەی كابینەكەی (عەبدولمەهدی)دا ڕێككەوتنی لەسەركراوە (22) وەزارتە، ئەگەری گێڕانەوەی  وەزارەتەكانی (ژنان‌و گەشتوگوزارو ژینگە)ش، قسەی لەبارەوە دەكرێ.

عەبدولمەهدی ڕاوێژكارو بەڕێوبەرەكان كەمدەكاتەوە 
سەرچاوەیەكی ئاگادار ڕایگەیاند، سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراو بەنیازی دەستپێكردنی هەلمەڵەتێكی فراوانە بۆ گۆڕینی پەیكەری سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران‌و، ژمارەی ڕاوێژكارەكانیش كەمدەكاتەوە. 
پێگەی "ئارم نیوز" لەزاری سەرچاوەیەكەوە كەناوی نەهێناوە، بڵاویكردەوە، عەبدولمەهدی تیمە تایبەتەكەی ڕاسپاردووە پەیكەرێكی نوێ‌ بۆ كاری ئەنجومەنی وەزیران دابڕژێ كە جیاوازبێت لەڕابردوو، بەدوریشی نەزانیوە، ژمارەی ڕاوێژكارەكان‌و ئەوانەی لەوێ‌ كاردەكەن كەمبكاتەوەو دەستبەرداری بەڕێوەبەری ئەو فەرمانگانەش ببێت كە پەیوەستن بە ئەنجومەنی وەزیران. 
نوسینگەی ڕۆژنامەوانی عادل عەبدولمەهدی ڕۆژی 17ی ئەم مانگە ڕایگەیاند، عەبدولمەهدی بەنیازە بەمنزیكانە كابینەی حكومەتەكەی پێشكەش بە پەرلەمان بكات.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand