خاشقچی بەفەرمانی دیوانی شاهانەی سعودییە كوژراوە

Draw Media

2018-10-10 10:17:47



( درەو میدیا):
بەرپرسێكی باڵای توركیا بەڕۆژنامەی نیویۆرك تایمزی وتووە، بەرپرسە ئەمنیەكانی وڵاتەكەی گەیشتونەتە ئەو دەرەنجامەی كە ڕۆژنامەنوس و نوسەری سعودی جەمال خاشقچی لەكونسوڵگەری سعودیە لەئەستەنبوڵ كوژراوە، بە فەرمانی باڵاترین دەسەڵات لەدیوانی شاهانەی سعودی.
ئاشكراشیكردووە، پرۆسەی كوشتنەكە ئاڵۆزبووە بەڵام بەشێوەیەكی خێرا ئەنجامدراوە، خاشقچی لەماوەی 2 كاتژمێردا لەگەیشتنی بۆ كۆنسوڵگەری سعودیە لەسەر دەستی تیمێكی تایبەتی سعودیە كوژراوە و جەستەیان بە مشاری لەتكردنی ئێسك پارچە چارچە كردووە كە بۆ ئەو مەبەستە لەگەڵ خۆیان هێناویانە.

تیمە سعودییەكە شارەزایی توێكارییان لەگەڵدابووە 

بەرپرسەكەی توركیا ئاماژەی بەوەداوە، 15 كەسی سعودی رۆژی سێ‌ شەممەی پێشو لەڕێی دوو فڕۆكەوە كە بەكرێ‌ گرتویانە، گەیشتونەتە ئەستەنبوڵ ، ئەو ڕۆژەی كە خاشقچی تیادا ونبووە و دوای چەند كاتژمێرێكی كەم توركیایان بەجێهێشتوەو بەوتەی دەسەڵاتدارانی توركیا زۆرینەیان یان هەموویان سەر بە حكومەتی سعویە بوون یان سەربە دەزگا ئەمنیەكانی ئەووڵاتە بوون.
ئاشكراشیكردووە، یەكێك لەو 15 سعودییە شارەزایی بواری توێكاری تەرم بووە، كە پێدەچێت بۆ ئەوە هاتبێت جەستەی خاشقی پارچە پارچە بكات.

ناوی بكوژانی خاشقچی بڵاودەكرێنەوە

ڕۆژنامەی سەباحی توركی لەژمارەی ئەمڕۆیدا ناوی ئەو 15 سعودییەی بڵاوكردۆتەوە كە گوماندەكرێت خاشقچیان كوشتبێت، ئەوانیش: (میشعەل سەعد ئەلبستانی، سەلاح ئەلتبیقی، نایف حەسەن ئەلعریفی، محەمەد سەعد ئەلزەهرانی، مەنسور عوسمان ئەلبوحسین، خالد ئەلعتێبی، عەبدولعەزیز ئەلهوساوی، وەلید عەبدوڵا ئەلشەهری، خالد عائز، تركی مشرف ئەلەشەهری، سائر غالب ئەلحەربی، ماهر مترب، فەهد شەبیب ئەلبەلوی، مستەفا ئەلمەدنی، سیف ئەلقەحتانی). 

هەاڵگری ئەمریكا پەیوەندیی تەلەفونیی تۆماركردووە 

ڕۆژنامەی واشنتن پۆست، بڵاویكردەوە، پێش ونبونی خاشقچی، دەزگای هەواڵگری ئەمریكا پەیوەندی تەلەفونی بەرپرسانی سعودییەی تۆماركردووە كە تیایدا باسیان لەپلانی دەستگیركردنی خاشقچی كردووە، بەوتەی سەرچاوەیەكی ئاگادار لەزانیارییەكان، بەرپرسانی سعودییە ویسویانە خاشقچی كێشبكەن بۆ وڵاتەكەیان، تا لەوی دەستگیری بكەن.
لەلایەكی ترەوە بۆب كۆركەر سەرۆكی لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوە لەئەنجومەنی پیرانی ئەمریكا ڕایگەیاندووە، هەموو پێشهاتەكان ئاماژە بەوەدەكەن هەفتەی ڕابردوو خاشقچی لەناو كونسوڵگەری سعودییە لەئەستنەبوڵ كوژراوە.
كۆركەر بۆ پێگەی (دەیلی بێست) ئەمریكی ئاشكراكردووە، ئەو ڕایەی دوای بەدواداچون و زانینی زانیاری هەواڵگری نهێنیە لەبارەی دیارنەمانی خاشقچی، كە لەلای كۆنگرێسە، ڕاشیگەیاندووە، هەرچیەك بەسەر خاشقچی هاتبێت، پێویستە لەسەر سعودییەكان ڕونكردنەوە بدەن.

سیناریۆیەكی تر

ڕۆژنامەی (دەیلی مەیل)ی، بەریتانی، لەزاری سەرچاوەیەكی نزیك لەخانەوادەی شاهانەی سعودییەوە بڵاویكردۆتەوە، خاشقچی لەڕێی فرۆكەیەكی تایبەتەوە لەتوركیا براوەتە دەرەوە و لەسعودییە دەستبەسەرە و لەژیاندا ماوە. 
ڕونیشیكردۆتەوە، دوای ئەوەی خاشقچی چۆتە ناوكونسوڵگەری وڵاتەكەی لەئەستنەبوڵ، بە ئۆتۆمبیلێكی جۆری (مارسیدیس _ئێس 500)ی، ڕەش، بەیاوەری ئۆتۆمبیلێكی جۆری ڤانی سپی، كە چوار بەرپرسی سعودییەی لەگەڵ بووە براوە بۆ فرۆكەخانەی ئەستنەبوڵ و بەفڕۆكەیەكی تایبەت گواستراوەتەوە بۆ دوبەی و لەوێشەوە بۆ ڕیاز و ئێستا لەوێ‌ دەستبەسەرە.

خەدیجە خاشقچی پەیامی بۆ ترەمپ و خانمی یەكەم هەیە

خەدیجە جەنگیز دەستگیرانی خاشقچی داوای هاوكاری لەدۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمریكا دەكات لەپێناو ڕۆشنایی خستنەسەر پرسی خاشقچی، خەدیجە، دەستیگرانە توركییەكەی خاشقچی وتارێكی لەڕۆژنامەی واشنتن پۆست بڵاوكردۆتەوەو تیایدا داوا لە ترەمپ و میلانیای خانمی یەكەمی ئەمریكا دەكات بەدواداچون بۆ پرسی دیارنەمانی خاشقچی بكەن.
خەدیجە لەوتارەكەیدا، داوای لەجێنشینی پادشاری سعودییەش كردووە تۆماری كامێرای چاودێری كۆنسولگەری سعودییە لەئەستنەبوڵ بڵاوبكاتەوە. 
باسی ئەوەشی كردووە كە ئەو و خاشقچی ئامادەكارییان دەكرد بۆ هاوسەرگیری، بەو هۆیەشەوە سەردانی كونسوڵگەرییەكەی كردووە، نوسیویشێتی" هەموو ئەوەی پێویستمان بوو پەراوێك بوو".
لەبەشێكی تری وتارەكەیدا دەڵیت، دوای یەكەم دیداری ئیجابی لەگەڵ كارمەندانی كونسوڵگەری سعودییە چەند ڕۆژێك پێش ونبونی، لە2 ئەم مانگە جارێكی تر سەردانی كونسوڵگەرییەكەی كردووە بەبێ‌ ئەوەی هیچ گومانێكی هەبێت  كە ئاسایشی پارێزراوە.
تەئكیدیشی كردووە، خاشقچی چۆتە ناو كونسوڵگەرییەكە و هیچ بەڵگەیەك نیە كە لەوێ‌ هاتبێتە دەرەوەو، ڕۆژ لەدوای ڕۆژیش ئومێدی بەبینینەوەی خاشقی لاوازتر دەبێت.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand