لەبارەی فۆرمی حزبایەتیەوە، وەڵامی پرسیاری سێیەمی مەریوان وریا قانع

Draw Media

2018-09-22 17:29:58



( درەو میدیا): 
لە وەڵامی پرسیاری سێیەمی دامەزراوەی "درەومیدیا" و لە زنجیرە چاوپێكەوتنەكەی كە لەگەڵ  نوسەر و ڕوناكبیری  كورد د.مەریوان وریا قانع ئەنجامداوە ، ئاماژە بەوە دەكات" دیارترین ئاکاری حیزب لە دونیای دوای ڕاپەڕیندا گۆڕانیەتی بۆ موڵکی شەخسیی چەند خێزان و کەسایەتییەک و بەناو پرۆسەیەکی بەرفراوانی خەسخەسەکردندا تێدەپەڕێت" 
مەریوان وریا قانع لەبارەی ئەم فۆرمە حزبایەتیەی كوردستان پێی وایە" ئەو فۆرمەی حیزب کە ئەمڕۆ لە کوردستاندا ھەیە و باڵادەستە جگە لە کارەساتی سیاسیی و بێدادیی کۆمەڵایەتیی و ئیھانەکردنی بەردەوام بە ئینسانی ئێمە، شتێکی تری لێ سەوز نابێت"

پرسیاری سێیەم: 

درەو میدیا: دوای ئەو هەموو شكستە یەك لەدوای یەكانەی حزبی كوردی بەسەر كۆمەڵگای كوردی ھێناوة، هەر لە نەزانیی ئیدارەدانەوە تا دەگاتە مامەڵەنەكردنی ئینسانی كورد وەك تاکێکی خاوەن ماف و خاوەن كەرامەت، بە ڕای ئێوە حزبایەتی لەم فۆرمەی ئێستادا لە كوردستان كۆتایهاتوە؟ یان ئەوە سیاسییەكانی كوردن، پێویستە ڕەوانەی مۆزەخانەی شكست بکرێن؟ 

 

مەریوان وریا قانع: بە بۆچوونی من مەسەلەکان پەیوەندیان بە زانین و نەزانینەوە نییە، ئیدارەکەیان کە فاشیلن لەبەرئەوە نییە ئەوان لە ئیدارە نازانن، یان مامەڵەکردنیان بۆ مرۆڤی ئێمە وەک کەسێک کە ھیچ مافێکی نییە پەیوەندیی بەوەوە ھەبێت کە نەزانن ماف چییە و مامەڵەکردنی دروستی مرۆڤ کامەیە. مەسەلەکە نەزانین و نووقسانیی لە زانیاریدا نییە، چونکە  ئەگەر وابووایە ئەبوایە دوای وەرگرتنی یەک دوو کۆرس لەسەر ئیدارەدان و دوای خوێندنەوەی یەک دوو کتێبێک لەسەر ماف و چۆنیەتی مامەڵەکردنی مرۆڤ وەک بوونەوەرێکی خاوەن ماف، کۆتاییی بە کێشەکان بھاتایە. نەزانین مەسەلەیەکە دەکرێت بە ئاسانی لەڕێگای فرێبوونەوە چارەسەربکرێت، ھەندێک شارەزا دەھێنن و دەتوانن ئەو زانینانەیان فێربکەن. مەسەلەکە پەیوەندیی بەو مۆدێلە لە دەسەڵاتەوە ھەیە کە ئەوان دەیانەوێت سەروەریبکەن. مۆدێلی دەسەڵاتێکی سوڵتانیی کە تیایدا دەسەڵات وەک موڵکی شەخسیی خێزان و بنەماڵەیەک ئامادەبێت و ھیچ ڕێگا و میکانیزمێک لە ئارادا نەبێت بۆ لێپرسینەوە و چاودێریکردنی ئەو دەسەڵاتە. دەسەڵاتێکی ئەتۆکراتیی و ستەمگەر بتوانن لەڕێگایەوە ئەوەی دەیانەوێت بیکەن و چۆنیشیان بوێت بەوجۆرە بەکاریبھێنن. نەک ھەر دەزگاکانی دەوڵەت و سەرچاوەکانی داھات و فۆرمە جیاوازەکانی دەسەڵات بە موڵکی شەخسیی خۆیان بزانن، بەڵکو تەنانەت خودی وڵاتەکەش و تەواوی دانیشتوانەکەشی بە موڵکی شەخسی خۆیان بزانن. بەم مانایە کێشەکە کێشەی نەزانین و کەمی مەعریفە و ناشارەزایی نییە، بەڵکو بەشێکە لە ستراتیژیەتی دروستکردنی دەسەڵاتێکی سوڵتانی بەو مانایەی باسمکرد. لەمەشدا حیزب یەکێکە لە ئامرازە سەرەکییەکانی پیادەکردنی ئەم ستراتیژە. بەڵام حیزب یەکەیەکی سیاسیی نەگۆڕ نییە. بە بۆچوونی من حیزبی کوردیی لەمڕۆدا بڕێکی زۆر لە ئاکارەکانی گۆڕانی سەرەکیان بەسەرداھاتووە و ئەرکی تازەیان وەرگرتوە. جاران حیزب جەنگاوەر و کادری سیاسیی پەروەردە ئەکرد، یەکێکی پەروەردە ئەکرد بتوانێت شەڕبکات و یەکێکیش بتوانێت قسەبکات. بەتایبەتی جەنگاوەرێکی دەویست ئامادەگیی ئەوەی تێدابێت لە پێناوی ئەوەی ناوی ”مەسەلەی کورد“ە گیانفیدایی بکات. ئەم ستراتیژە وەک پارادایمێکی سیاسیی لەناو دونیای ئێمەدا ئامادەبوو، لە ڕاستیشدا تەنھا پارادیمێکی سیاسیی نەبوو بەڵکو پارادایمێکی ڕۆشنبیریی و ئەخلاقیش بوو لەناو کۆمەڵگای ئێمەدا کاریدەکرد. جاران حیزب شتێک لە ئایدیۆلۆژیای ھەبوو، کۆمەڵێک پرنسیپی سیاسیی ھەڵگرتبوو، یەکەیەکی کۆمەڵایەتیی و ئۆرگانێکی تازەی ناو مێژووی ئێمەبوو. ئەوە ڕاست نییە پێمانوابێت حیزب وەک خێڵ کاریکردوە، یان شێوازی کارکردنەکەی شێوازێکی خێڵەکییانەبووە. لەناو حیزبدا ئەندامی چەندەھا خێڵ و ناوچە و پێگەی کۆمەڵایەتیی جیاواز ئامادەبوون و ئەوەشی بەیەکەوە گرێیداون پەیوەندیی خوێن و خزمایەتی نەبووە، بەڵکو کۆبوونەوەبووە لە دەوری چەند پرنسیپێکی سیاسیی. ئەوانەشی دەچوونە ناو حیزبە شوناسێکی تازەیان وەرگرتووە کە شوناسی خێڵەکەیان یان ناوچەکەیان نەبووە، بەڵکو ھەندێکانی لە ئایدیۆلۆژیایەکەوە و ھەندێکیان لە جەنگاوەربوونەوە و ھەندێکیان لە ئینتیما بۆ یەکەیەکی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی نوێوە وەریانگرتوە. ئینکارکردنی ئەم شتە سادانە بازدانە بەسەر سەرەتایترین پێدراوەکانی سۆسیۆلۆژیی سیاسیدا و چۆنیەتی کارکردنی ئۆرگان و ئایدیلۆژیا و خەونە سیاسییەکان و نوخبە تازە و تەقلدییەکان لەناو واقیعێکی کۆمەڵایەتی کۆنکرێتیدا.  لەناو پارتە سیاسییەکانیشدا، پارتیشی لێدەرچێت ئەوانیتریان موڵکی شەخسیی ھیچ خێزانێک نەبوون. لەمانەش گرنگتر حیزب جاران یاریکەرێکی ئابوریی نەبوو، خاوەنی نەوت و کۆمپانیا و سەفەقاتی ئابوریی زەبەلاح نەبوو. ڕۆڵی سەرمایەدار و خاوەنکارێکی گەورەی لەناو کۆمەڵگای ئێمەدا نەدەبینیی، موچەخۆر و خانەنشین و بندیوار و لەشکرێک فەرمانبەری نەبوو. ھاوکات حیزب خۆی و کەسایەتییە سەرەکییەکانی ناوی، خاوەنی میدیای زەبەلاح و تەلەفیزیۆنی ساتالایت و لەشکرێک نووسەر و ڕۆژنامەوان نەبوون کە بە پارە کار بۆ حیزب بکەن.  

مەریوان وریا قانع: ئەو فۆرمەی حیزب کە ئەمڕۆ لە کوردستاندا ھەیە و باڵادەستە جگە لە کارەساتی سیاسیی و بێدادیی کۆمەڵایەتیی و ئیھانەکردنی بەردەوام بە ئینسانی ئێمە، شتێکی تری لێ سەوز نابێت.


لە دونیای دوای ڕاپەڕیندا ئەو مۆدێلە حیزبایەتییەی باسمکرد کۆتاییپێدێت و شوێنی خۆی چۆڵدەکات بۆ فۆرمێکی تر لە حیزبایەتی کە تیایدا حیزب وەک سەرمایەدارێکی گەورە و خاوەن ئابورییەکی زەبەلاح دەردەکەوێت. حیزب وەک دەوڵەتێک لەناو دەوڵەتدا، وەک یەکەیەکی نادەوڵەتیی دەردەکەوێت، کە ھەم خودی دەوڵەت و ھەم کۆمەڵگا دەخوات و کۆنترۆڵدەکات. حیزب وەک یەکەیەکی نادەوڵەتیی دروستدەبێت کە ھەموو ئاکارە سەرەکییەکانی دەوڵەتی تێدایە، بەڵام دەوڵەتێکی دەسەڵاتگەر و خێزانیی کە توانای قبووڵکردنی کۆمەڵگا و توانای قبوڵکردنی جیاوازەکانی ناو خۆشی نییە. لە پرۆسەیەکی کەموێنەی گەندەڵکاریشەوە دەئاڵێت کە سەرجەمی سیستمی بەھا کۆمەڵایەتییەکان ھەڵدەوەشێنێتەوە و دۆخێک دروستدەکات تیایدا مرۆڤ ئامادەبێت لەپێناوی پارە و سەرمایەدا ھەموو ناشیرنیەکانی دونیا قبووڵبکات. دیارترین ئاکاری حیزب لە دونیای دوای ڕاپەڕیندا گۆڕانیەتی بۆ موڵکی شەخسیی چەند خێزان و کەسایەتییەک و بەناو پرۆسەیەکی بەرفراوانی خەسخەسەکردندا تێدەپەڕێت. 

مەریوان وریا قانع: دیارترین ئاکاری حیزب لە دونیای دوای ڕاپەڕیندا گۆڕانیەتی بۆ موڵکی شەخسیی چەند خێزان و کەسایەتییەک و بەناو پرۆسەیەکی بەرفراوانی خەسخەسەکردندا تێدەپەڕێت


ئەم فۆرمە تازەیە لە حیزب لە بەشێکی زۆری ناوچەکەشدا دروستبووە، کە تەواو جیاوازە لەو حیزبانەی لە سەردەمی کۆلۆنیالیزم و لە قۆناغی دوای کۆلۆنیالیزمیشدا، تا کۆتایی ساڵانی ھەفتا، بوونیان ھەبوو. حیزب وەک یەکەیەکی نادەوڵەتیی سەرەتا لەناو حیزبە عەلمانییەکانی وەک بەعس و ئیتیحادی ئیشتراکی میسریی و ئەوانیتردا دروستدەبێت، بەبێ ئەوەی حیزبەکان لەسەرەتادا موڵکی خێزان یان بنەماڵەیەکی سیاسیی بن، دواتریش مۆدێلە دینییەکەیان لەگەڵ حیزبوڵای لوبنانیی و ھێزە ئیسلامییە ئیخوانییەکاندا لەدایکدەبێت. تەنھا لە کۆتایی ھەشتاکان و نەوەدەکانی سەدەی بیستەمدا ئەم حیزبانە ئەو ئاکارە خێزانییە وەردەگرن کە ئەمڕۆ چەندان حیزب ھەیانە.  

مەریوان وریا قانع: حیزب جاران یاریکەرێکی ئابوریی نەبوو، خاوەنی نەوت و کۆمپانیا و سەفەقاتی ئابوریی زەبەلاح نەبوو


بە کورتییەکەی حیزب و حیزبایەتیی کۆتاییان پێنەھاتوە و کۆتاییشیان پێنایەت، بەڵام فۆرم و ئەرک و کاراکتەرەکانیان گۆڕاون و لە ئێستاشدا فۆرمی کۆمەڵێک کۆمپانیان وەرگرتوە لەناو دونیا و ئابوریی و ئەخلاقیاتێکی نیولیبرالدا. واتە بوونەتە موڵکی شەخسیی و تایبەتیی کۆمەڵێک خێزان و نوخبەی دەسەڵاتدار و بوونەتە یەکەیەک بۆ کەڵەکردنی دەسەڵات لە ھەموو فۆرمەکانیدا: لە دەسەڵاتی ئابورییەوە بۆ دەسەڵاتی ڕەمزیی. بەبۆچوونی من ئەوەی دەشێت چاوەڕوانیبکەین کۆتاییھاتنی حیزب و ژیانی حیزبایەتی نییە، ئەم ئەزموونە لە ھیچ شوێنێکی دونیادا بوونی نییە، ئەوەی دەبێت چاوەڕونیبین و کاری بۆبکەین بەگژاچوونەوەی ئەم مۆدێلەیە لە حیزبایەتیی و ڕێگرتنە لە پرۆسەی خەسخەسەکردنی. ڕزگارکردنی حیزبە لەوەی کە بکەرێکی ئابوریی گەورەبێت و وەک سەرمایەدارێک لەناو ژیانی سیاسیی و کۆمەڵایەتیدا ئامادەبێت. ھاوکات ڕێگرتن لەوەیش کە حیزب ببێت بە ھەژدیھەیەکی گەورە و سەرجەمی بەش و ئۆرگانە جیاوازەکانی ناو کۆمەڵگای مەدەنی قووتبدات، یان خاوەنی ئیمپراتۆریەتێکی ئیعلامی بێت و ئەو وێنانە بەسەر کۆمەڵگادا بسەپێنێت کە دەیەوێت. ئەو شکستانەی ئێوە لە پرسیارەکەتاندا باسیدەکەن خەتای حیزب نییە وەک دەزگا و ئۆرگانێکی سیاسیی مۆدێرن کە فۆرمێک لە شوناس دروستدەکات گەورەتر لە شوناسی خێڵ و شوناسە ناوچەییە بچووکەکان، بەڵکو خەتای ئەو بکەرانەیە کە دەستە بەسەر ئەو ئۆرگانەدا دەگرن و خەتای ئەو ستراتیژانەیە کە دەسەپێندرێن. ئەو مۆدێلی حیزبە جەماوەرییانەی لە قۆناغی شۆڕش و خەباتی چاکداریدا پێویستبوون، لە دوای ئەو خەباتەوە پێویستیی مێژووییان نامێنێت. بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە حیزب لەم قۆناغەدا بگۆڕێت بۆ سەرمایەدارێکی زەبەلاح. ئەوەی پێویستە فۆرمێکە لە حیزبایەتی کە دەشێت بە "حیزبی ھەڵبژاردن“ ناویببەین، حیزبێک کە کۆمەڵێک کادری کەمی ھەبێت و لەباتی دروستکردنی ئەندام و ئۆرگانی سەرەتانیی زۆر و گەورە، خەریکی دروستکردنی ھەوادار و دەنگدەر بێت. حیزبی بچووک کە نەتوانێت بازاڕ و دەزگاکان و کۆمەڵگای مەدەنی کۆنترۆڵ و قۆرخبکات. بەبۆچونی من ئەو فۆرمەی حیزب کە ئەمڕۆ لە کوردستاندا ھەیە و باڵادەستە جگە لە کارەساتی سیاسیی و بێدادیی کۆمەڵایەتیی و ئیھانەکردنی بەردەوام بە ئینسانی ئێمە، شتێکی تری لێ سەوز نابێت. 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand