قەیرانی ئابوریی رۆژنامەی رەسمیی حكومەتی توركیای راگرت

Draw Media

2018-09-19 13:18:12



(درەو میدیا):
بەهۆی قەیرانی ئابوریی و بەرزبوونەوەی نرخی كاغەزەوە حكومەتی توركیا بڕیاریدا رۆژنامەی رەسمی حكومەت رابگرێت.
لە ماوەی رابردوودا دۆخی ئابوری توركیا داڕمانی گەورەی بەخۆیەوە بینی، بەهۆی ئەوەی لیرەی توركی 40%ی بەهاكەی لەدەستدا و ئەوەش بووە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی ئەو كاغەزەی بۆ چاپكردنی رۆژنامە بەكاردەهێنرێت.  
حكومەتی توركیا بڕیاریدا ئیتر رۆژنامەی رەسمی حكومەت بەشێوەی ئەلیكترۆنیی لەسەر تۆڕی ئینتەرنێت بڵاوبكرێتەوە و كارمەندانەی ئەو رۆژنامەیەی كە لە ساڵی 1920ەوە دامەزرێنراوە لەو بڕیارە ئاگاداركراونەتەوە و بڕیاردراوە بگوازرێنەوە بۆ دامەزراوەكانی تر.
رۆژنامەی رەسمی توركیا تایبەت بوو بە بڵاوكردنەوەی بڕیار و مەرسوم و یاسایانەی كە پەرلەمانی توركیا و سەرۆك كۆمار و سەرۆكایەتی وەزیران دەریاندەكات و مانگانە هەشت هەزار كۆپی لێ بڵاودەكرایەوە، بەڵام لە چەند مانگەی دواییدا تەنها دوو هەزار كۆپی لێ‌ چاپدەكرا.
هەرلەهەمان چوارچێوەدا گۆڤاری " " كۆمیدیی بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی كاغەزی چاپەوە نرخەكەی زیادكرد و هاوكات هەردوو رۆژنامەی " سوزجو" و " وەتەن"  رایانگەیاند لە كۆتایی ئەم هەفتەیەوە پاشكۆ تایبەتەكانیان چاپ ناكەن.

سەرچاوە: رۆژنامەی زەمان

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand