Draw Media

بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێم بەردەوام ڕوو لە زیادبوونە

بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێم بەردەوام ڕوو لە زیادبوونە

2025-12-28 18:21:35



 
نەوزادی موهەندیس

    ئاشكرایە پڕۆسەی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم لە ڕێكەوتی 27/9/2025دا لەكاتژمێر 7ی سەرلەبەیانی دەستیپێكردەوە لەڕێگەی بەندەری جیهانی توركیاوە و بەمەش ئیدی كۆتایی هات بە ڕاگرتنی ئەو پڕۆسە گرنگە لەدوای ڕاوەستانی بۆ ماوەی 2ساڵ و 6 مانگ و 2 ڕۆژی تەواو.ئەم دەستپێكردنەوەیە لەو ماوەیەدا ببوە مایەی كێشە و گرفت و سەرهەڵدانی ململانێ لەنێوان حكومەتی عێراق و هەرێم و كۆمپانیا نەوتیەكاندا و دەرئەنجامیش ببوە كێشە بۆ ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و تێكچوونی دۆخی ئابوری و بازاڕ و بازرگانیش.
    بۆیە دەستپێكردنەوەی پڕۆسەكە هەنگاو و بڕیارێكی گرنگ و كاریگەر بوو بۆ تەواوی عێراق و هەرێم و كۆمپانیاكان و تەنانەت توركیاش،چونكە هەر چوار لایەنەكە سوود و قازانجی گەورەیان دەستدەكەوێت لەڕووی داهاتەوە و ڕزگاریشیان دەبێت لە زۆرێك لە كێشە و ناكۆكیە سیاسی و ئابورییەكانیش.
    پڕۆسەكە خۆشبەختانە ئەوە ماوەی 3 مانگی تەواوە بەبێ‌ كێشە بەردەوامە و بڕی نەوتی هەرێم دەگاتە بازاڕەكانی جیهان لەڕێگەی فرۆشتنیەوە لەلایەن كۆمپانیای سۆمۆوە سەر بەوەزارەتی نەوتی عێراقیەوە و بە نرخەكانی ڕۆژ لە بازاڕەكانی جیهاندا. ئاشكرایە كە ئەم پڕۆسەی فرۆشتنەش لەڕێگەی سۆمۆوە قازانجی زیاترە بەبەراوورد بە فرۆشتنی لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە،چونكە نرخی 1 بەرمیل نەوت بەزیاد لە 10-15 دۆلار دەفرۆشرێت و ئەمەش دەبێتە زیادبوونی داهاتی گەنجینەی دەوڵەتی عێراق.
    ئەوەتا لە مانگی 10/2025دا كە یەكەم مانگی دەستپێكردنەوەی  هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم بوە: توانراوە كە:
   بڕی 5,834,864 بەرمیل نەوت بفرۆشرێت كە ڕۆژانە دەكاتە 194 هەزار بەرمیل و هەر بەرمیلێكیش بە 65,84 دۆلار فرۆشراوە كە نرخەكەی دەكاتە 384,167,445 دۆلار. سەرەڕای بڕی 50000 بەرمیلیش بۆ ناوخۆی هەرێم،كەواتە كۆی گشتی بەرهەمهێنان بریتی بووە لە 5,884,864 بەرمیل نەوت.
لەمانگی 11/2025دا بەم شێوەیە بووە:
   بڕی 7,583,733 بەرمیل نەوت فرۆشراوە كە ڕۆژانە دەكاتە 252 هەزار بەرمیل و هەر بەرمیلێكیش بە 61,87 دۆلار فرۆشراوە و كۆی پارەكەی دەكاتە 469,205,560 دۆلار،سەرەڕای بڕی 50000 بەرمیلیش بۆ ناوخۆی هەرێم،بەمەش كۆی بڕی بەرهەمهێنان گەیشتۆتە 7,633,733 بەرمیل نەوت. كە كۆی جیاوازی ئەو دوومانگە بریتیە لە 1,748,869 بەرمیل نەوت واتە ڕۆژانەش نزیكەی بڕی 58000 بەرمیل جیاوازیان هەبووە و زیادیكردوە.
   بەهەمان شێوەش لەمانگی 12/2025دا ڕوو لە زیادبوونە.
   بە ئەگەر و پێشبینی زۆریشەوە لە ماوەی 2-3 مانگی داهاتووشدا بڕی بەرهەمهێنانی ڕۆژانە دەگاتەوە 400-450 هەزار بەرمیل نەوت وەكو پێش ڕاوەستاندنی پڕۆسەكە. دوای صیانەكردن و بەردەوامبوونی پڕۆسەی پەرەپێدانی كێڵگە و بیرە نەوتیەكان لەلایەن كۆمپانیا نەوتیەكانەوە.ئەمەش جارێكی تر دەبێتە هۆی زیادبوونی داهات لەلایەك و لەلایەكی تریشەوە هێندەی تر كێشە و ناكۆكیەكانی نێوان هەرێم و بەغداد كەمبدەبنەوە و پێگە و هەڵوێستی هەرێمیش بەهێزتردەبێت و دابینكردنی مووچە و پشكی هەرێمیش لە ساڵی 2026دا مسۆگەرتردبێت و ئەمەش كاریگەری ئەرێنی دەبێت لە سەر پڕۆسەی بوژاندنەوە و ئاوەدانكردنەوە و جوڵەی دارایی و بازاڕ و ئابوری لەهەرێمی كوردستاندا.(( جیا لەهەر كێشەیەكی نوێ‌ كە ڕووبەڕووی عێراق و گەنجینەكەی دەبێتەوە لەڕووی كەمی دراوی نەختینە و كورتهێنان لە بودجەدا)).
ئەگەرەكانی بەردەم پڕۆسەكە
    ڕەنگە پڕۆسەی هەناردەكردنەكە بەردەوام بێت،بەڵام بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهانیدا وەك ئەوەی ئێستا هەیە كە  لەمانگی 11 و 12/2025دا نرخی  یەك بەرمیل نەوتی عێراق بە  61-62 دۆلار فرۆشراوە،ئەمە لەكاتێكدا لەمانگی 1/2025دا نرخی یەك بەرمیل نەوت 73 دۆلار بوە. كەواتە لەماوەی 1ساڵدا بڕی 11دۆلار دابەزیوە. خۆئەگەر زیاتر داببەزێت بۆ 50-55دۆلار ئەوا كورتهێنان لە بودجەی عێراقدا دروستدەبێت و ڕەنگە عێراقیش نەتوانێت تەنانەت مووچەی مانگانەی فەرمانبەران بە هەرێمی كوردستانیشەوە لەماوەی 30 ڕۆژدا دابینبكات و كرداری دواكەوتن و كەمكردنەوەی مووچە ڕووبدات كە لەئێستادا حكومەتی عێراقی سەرگەرمی گفتوگۆیە لەو بارەیەوە.ئیدی ئەوكاتەش سەرەڕای بەردەوامبوونی پڕۆسەكە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمیش وەكو عێراق دوادەكەوێت.
   بەڵام  ئەم ئەگەرە لەحاڵەتێكدا دەبێت كە دونیایەكی ئارام و بێ‌ شەڕ و شۆڕ بێت و دوور لە ململانێ‌ سیاسی و ئابوری و ئەمنیەكان بێت لەنێوان زلهێزەكانی دونیا لە ئەمریكا و ڕوسیا و چین و ئەوروپادا.ئاخۆ ئەو دونیا ئارامە بەچاو دەبینین ؟وەڵام نەخێر،چونكە پێشبینیەكان وای بۆ دەچن كە چەندین جەنگ و شەڕی نوێ‌ هەڵدەیسێت و بازاڕەكانی نەوتیش ناجێگیر دەبن و بەم شێوەیەش نرخەكان لەبەرزیدا دەمێننەوە.
   لەسەروو ئەم ئەگەرانەشەوە،پێویستە حكومەتی عێراق و هەرێمیش بیر لە سیاسەتێكی ئابوری و نەوتی و بازاڕ و بازرگانی  و دارایی نوێ‌ بكەنەوە كە بتوانێت ڕووبەڕووی ئەو ئاڵنگاریانە ببێتەوە و عێراق و هەرێم دووربخەنەوە لە كێشە و گرفتە دارایی و ئابوری و  نەختینەییەكان.
   لەكۆتایدا ،عێراق بەهەرێمی كوردستانیشەوە خاوەنی یەدەگێكی نەوتی 145 ملیار بەرمیل نەوت و 132تریلیۆن پێ‌ سێجا غازی سروشتییە،كەئەمە بڕێكی زۆرە و هیچ كات تەنانەت لانی كەم بۆماوەی 50ساڵی تریش عێراق نابێتە وڵاتێكی بێ‌ نەوت و غازی سروشتی و هەژاری ڕووی تێناكات،ئەگەر بەئیدارەیەكی تۆكمە و ڕەشید و زانستی دوور لەگەندەڵی و دەستێوەردان وبەهەدەردان ببرێت بەڕێوە.بۆیە ئایندەی هەرێم و عێراق ڕۆشنە گەر عەقڵ و ئیدارە و پلانێكی زانستی و واقعیانە و خەمخۆرانە بەڕێوەیببات.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand