ئەنكەرە و بەغداد كێشەكانیان سفر دەكەنەوە 

Draw Media

2018-08-14 13:25:39



 (درەو میدیا):
عەبادی لە ئەنكەرەیە

بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق بەسەردانێك گەیشتە ئەنكەرەی پایتەختی توركیا، بەپێی ڕاگەیەندراوێكی نوسینگەكەی، لەمیانی سەردانەكەیدا عەبادی پتەوكردنی هاوكارییەكانی نێوان ئەنكەرە و بەغدا و، چەند دۆسیەیەكی تایبەت بەئاو و كارەبا و تەندروستی و پیشەسازی و وەبەرهێنان و ئاسایش و ڕۆشنبیری وچەند پرسێكی تر لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە تاتوێبكات.

ئاو و پارتی كرێكاران و سزاكان ئەولەویەت دەبن  
بە گوێرەی سەرچاوە ئاگادارەكان، عەبادی لەگەڵ بەرپرسانی توركیا كۆمەڵێك دۆسیەی تاتوێدەكات، كە دیارترینیان پرسی ئاو و دۆسیەی پارتی كرێكاران و سزاكانی واشنتۆن بۆ سەر ئەنكەرە و سەرلەنوێ‌ ڕێكخستنەوەی پەیوەندییە ئابورییەكانی نێوان هەردوو وڵات لەبەر ڕۆشنایی ئەو پێشهاتە نوێیانەی هاتونەتە گۆڕێ‌.
ئاژانسەكانی هەواڵ لەبارەی سەردانەوەكە بڵاویانكردوەتەوە، ئەمڕۆ حەیدەر عەبادی لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان كۆدەبێتەوە و دۆسیەی پێشبینی كراوەكانیش كە بڕیارە تاتوێبكرێت لەنێوان هەردوو سەركردە، لێكەوتەی سزا ئەمریكییەكان لەسەر ئەنكەرە و تاران و پرسی ئاو و كورد و چەند دۆسیەیەكی تر كەجێی بایەخی هەردوو وڵاتن.

لەبری دۆلار دراوی نیشتمانی بەكاربهێنن 
بوراق ئیلهان ئوزابیك، شارەزایی بواری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان بەئاژانسی سپۆتنیكی ڕوسی وتوە، مامەڵەكردن بەدراوی نیشتمانی لە بازرگانیكردن لەنێوان  توركیا و ئێران و عێراق ڕەنگە گرنگترین بابەتبێت كە عەبادی لەسەردانەكەیدا بۆ توركیا تاتوێدەكات. 
ڕاشیگەیاندووە، عەبادی دوای ئەوەی وتی وڵاتەكەی پابەندی سزا ئەمریكییەكان دەبێت بە مامەڵەنەكردن بە دۆلاری ئەمریكی لە بازرگانیكردن لەگەڵ تاران، ئەگەر زۆرە ئەم بابەتە ببێتە جێی بایەخی كۆبونەوەكەی ئەنكەرە بۆ دۆزینەوەی سیغەیەكی هاوبەش لەنێوان تاران و ئەنكەرە و بەغداد بۆ مامەڵەكردن بە دراوی نیشتمانی لە ئاڵۆگۆڕە بازرگانیەكانی نێوانیان. 
ئەو شارەزا توركیە، ڕاشیگەیاندووە، ڕەنگە ئێران و توركیا و بەغداد بەناچاری پەنابەرن بۆ دۆزینەوەی نمونەیەكی ئابوری كە پشت بەدراوی نیشتمانی ببەستێت لە مامەڵكردن بەدراوی ناوخۆیی ئەو وڵاتانە لە مامەڵە بازرگانییەكانیان، چونكە سزا ئەمریكییەكان لەسەر ئێران ڕەنگە كێشە بۆ وڵاتانی ناوچەكە دروستبكات كە مامەڵەی بازرگانی لەگەڵ ئێران دەكەن. 

سوننەكان هاوپەیمانی پێكدێنن 
سوننەكانی عێراق بە رەسمی هاوپەیمانێتیەك بەسەركردایەتی شەش سەركردەی دیار پێكدەێنن، بەناوی میحوەری نیشتمانی.
بەقسەی سەرچاوەیەكی سیاسی ئاگادار كە قسەی بۆ سۆمەرییە نیوز كردوە،  هاوپەیمانێتیەكە هەریەك لە جەمال كەربولی و ئوسامە نوجێفی و خەمیس خەنجەر و ئەحمەد عەبدوڵا جبوری و سەلیم جبوری و فەلاح حەسەن زیدان بەناوی میحوەری نیشتمانی و لەژێر سەركردایەتیەكەی هاوبەشدا دروستكردوە، بەبێئەوەی هیچ وردەكارییەكی تر لەوبارەیەوە ئاشكرابكات.
سوننەكان لە دوای ساڵی 2003 و ڕوخانی رژێمی پێشوو، بەئاسانی ئەو دۆخە سیاسیە نوێیان پێقبوڵنەكرا، ئەوان بەدرێژایی 80 ساڵی ڕابردو بڕیاردەری یەكەمی عێراق بوون و هەموو جەستەی سیاسی وڵاتیان پێكدەهێنا، هەر ئەوەش بووە هۆكاری ئەوەی لە سەرەتاوە بایكۆتی پرۆسەی سیاسی بكەن، هاوكات خاوەن ماڵێكی سیاسی تەواو پەرتەوازەبوون و ناوچەكانیشیان لە دۆخی جەنگ و وێرانكارییەكی بەردەوامدابوو، وێڕایی دابەشبوونی سەركردەكانیان بەسەر جەمسەر و وڵاتە ئیقلیمیەكاندا،  هەموو ئەوانە بونە هۆی ئەوەی سوننەكان لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا بەجۆرێك لە جۆرەكان بكەونە پەراوێزی پرۆسەی سیاسی و ڕۆلێكی ئەوتۆیان نەبێت، بەڵام ئێستا سوننەكان بەهێزترن لە ڕابردوو، بەهێزتریش گەڕاونەتەوە بۆ پرۆسەی سیاسی و لەڕووی پێگە و كورسی پەرلەمانیشەوە دووەم هێزن دوای شیعەكان و شوێنی جاران كوردیان گرتوەتەوە.


 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand