ژماردنەوەی دەستی دەنگەكان هیچی نەگۆڕی

Draw Media

2018-08-10 17:37:50



( درەو میدیا):
لەدوای هەڵبژاردنەكانی 12 ئایاری پەرلەمانی عێراق و ڕاگەیاندنی ئەنجامە بەراییەكان، بەدرێژایی ئەو مانگە و مانگی حوزەیران، شەقامی عێراقی بە گشتی و هەرێمی كوردستان بە تایبەتی دووچاری شڵەژانێكی سیاسی گەورە بوو، بەتایبەتی دوای ئەوەی ژمارەیەك هێزی سیاسی لە هەرێم و كۆمەڵێك هێز و كەسایەتی لە ناوچە سونییەكان هاواری ساختەلێكردنیان لێبەرزبوەوە.
بەشێكی زۆری چاودێران كۆكن لەسەر ئەوەی ئەنجامەكان بۆ زۆرێك شۆك هێنە رو چاوەڕواننەكراوبون، بەوپێیەی هەندێك هێز لە هەرێمی كوردستان دەبوایە سزا بدرانایە، بەڵام بەشێوەیەكی چاوەڕواننەكراو خەڵك پاداشتی كردن، لانی كەم ئەنجامی هەڵبژاردنەكان ئەم واقیعەی چەسپاند، ڕەنگە هەر ئەمەش بێت هۆكاری ئەوەی كە گومانێكی زۆر لەسەر ئەنجامەكان دروستبوو، ئەو ڕایەی كە پێیوابوو ساختەكاریی كراوە لە هەڵبژاردنەكان بە  جۆرێك لە جۆرەكان نزیكتر بوو لە حەقیقەتەوە، بەڵام وەك هەندێكی تر دەڵێن ئەمە هیچ لەو ڕاستیە كەمناكاتەوە كە جگە لەوەی بەشێكی زۆر هاوڵاتیان بایكۆتی پرۆسەكەی هەڵبژاردنیان كرد، بەشێكی تریشان سزای ئەو هێزانەیاندا كە پێشتر خۆیان وەك بەرگریكار لە خەڵك و مافەكانیان ناساندووە، بەوپێیەی لە زۆر ڕووەوە پاشەكشێیانكردوە لە دروشم و بانگەشەكانی ڕابردوویان.


پەرلەمانی عێراق مەیدانی شەڕەكە بو 
هاوشانی شڵەژانی شەقام، پەرلەمانی عێراق لەو ماوە یاساییەی دیاریكراوەی كە لەبەردەمیدا مابوو، بوە چەق و گۆڕەپانی سەرەكی  ململانێیەكان، بەو پێودانگەی لایەنی سەرەكی پەیوەندیدار بوو بە پرۆسەكە.
كوتلە سیاسییەكان وەك هەمیشە دابەشی دووبەرە ببون بەشێوەیەكی گشتی، بەرەیەكیان تەواوی هەوڵكانی خستەگەڕ بۆ هەڵوەشانەوە پرۆسەكە یان لانی كەم بژاردنەوەی دەستی دەنگەكان و زۆرێك لەو ڕێكارانەی تر كە بەهۆكاریان دەزانی بۆ گەڕاندنەوەی دەنگەكایان وەك خۆیان بانگەشەیان بۆ دەكرد، لایەنی بەرامبەریش كە بریتیبوو لەو هێزانەی كە لە ئەنجامەكان ڕازیبوون، ئەمانیش بەدوو ئاراستە دژایەتی هەنگاوەكانی بەرەی بەرامبەریان دەكرد، هەندێكیان بەتایبەت هێزە شیعەكان ژێر بەژێر دژی هەنگاوەكانی بەرەی یەكەم بوون، هەندێكی تریشیان وەك یەكێتی و پارتی بەئاشكرا دژایەتیان دەكرد.
شیعەكان ترسی گەورەیان هەبوو بژاردنەوەی دەستی دەنگەكان كاتێكی زۆر بخایەنێت، بەوەش پرۆسەی سیاسی مەترسی بكەوێتە سەر كە ئەوان بڕیاردەری یەكەمن تیایدا، وێڕایی ئەوەی زۆرینەی كورسییەكانی خولی داهاتوشیان بەدەستهێنابوو،  هیچ مەترسییەك لەسەر پێگە و ڕۆڵی ئایندەیان نەبوو، یەكێتی و پارتیش وەك براوەی یەكەم و دووەم لە كوردستان ترسیان هەبوو ژماردنەوەی دەستی دەنگەكان لە كورسیەكانیان كەمبكاتەوە بە تایبەتی لە كەركوك و موسڵ،ترسی گەورەشیان هەبوو كە دەنگدانی تایبەت و دەرەوە هەڵبوەشێتەوە كە ڕێژەیەكی بەرچاو دەنگیان تیادا بەدەستهێنابوو.


ڕێكارەكان گیرانەبەر بەڵام ئەنجام شەرتە    
پەرلەمانی عێراق تا دواین ڕۆژی مانگی حوزەیرانی ڕابردوو كە دوا ڕۆژی ماوەی یاسایی خولی پێشوی یاسادانان بوو بەردەوام بوو لە گرتنبەری ڕێكارەكان، دەسەڵاتی دادوەریی كۆمەڵیك دادوەری لەجێی كۆمسیاران دیاریكرد و كارەكانی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنی عێراقی هەڵپەسارد، دوای بڕەیارەكانی دادگای فیدراڵی بڕیاری ژماردنەوەی دەستی دەنگەكان پەسەندكرا، بەڵام لەبری لەسەدا سەدی سندوقەكان وەك ئەوەی پەرلەمان بڕیاری لێدابوو، تەنها دەنگی ئەو سندوقانە بەدەست بژێردرانەوە كە تانەیان لێدرابوو، ناوەڕاستی مانگی ڕابردوو پڕۆسەی بژاردنەوەی دەستی دەنگەكان پێكرد و چەند هێزێكیش لە كوردستان پرۆسەكەیان ڕەتیانكردەوە، بەوپێیەی ئەو بنەمایانەی تیادا فەراهەمنەكراوە كە پێویستە لە پرۆسەكەدا بێت.
ڕۆژی 8 ئەم مانگە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان(دادوەرەكان) ئەنجامی كۆتایی بژاردنەوەی دەستی دەنگەكانیان لە پارێزگایانە ڕاگەیاند كە تانە لە ئەنجامەكانی درابوو، بەپێی ئەو ئەنجامانەش هیچ گۆڕانكارییەك لە كورسی هێزەكان لە هەرێمی كوردستان ڕوینەدا و كورسی هێزەكان وەك خۆیان مانەوە ، لە پارێزگاری زیقار كاندیدێك چوەتە شوێنێكی كاندیدێكی تر لە هەمان لیست، لە پاێزگاكانی نەینەواو و سەڵاحەدین و ئەنباریش بەهەمان شێوە، تەنها لە پاێزگای بەغداد كورسیەك لە لیستێكەوە چووە بۆ لیستێكی تر.


 ژماردنی ئەلكترۆنی و دەستی وەك یەكبون
بەپێی ئەو ئەنجامانەبێ كۆمسیۆنی هەڵبژاردن ڕایگەیاندوون، بژاردنی ئەلیکترۆنی دەنگەكان و بژاردنەوەی دەستی دەنگەكان تائاستێكی زۆر لەیەكەوە نزیك بوون، لە پارێزگانی هەولێر ، سلێمانی ، دیوانیە ،  موسەننا ، نەجەف  ، بابل  ، دهۆك ، دیالە ،  كەربەلا ، كەركوك ، بەسرە ، میسان  و واست، 100% ئەنجامی ئامێرە ئەلیکترۆنییەكان و بژاردنەوەی دەستی دەنگەكان وەك یەك بوون، ئەمە بەپێی بەیاننامەیەكی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق.
لە پارێزگای بەغدا 99% ئەنجامەكان هاوشێوبون، جگە لە گواستنەوەی كورسیەك لە هاوپەیمانی بەغدادەوە بۆ ئیئتیلافی فەتح و گۆڕینی چوار كاندید لە هەمان لیست لە چوار پارێزگای تر.

بەشداری دەكەن یان بایكۆت
ئەوهێزانەی لە هەرێمی كوردستان تانەیان لە پرۆسەی هەڵبژاردن دا و ڕۆڵی دیاریان گێڕا لە سەپاندنی بڕیاری بژاردنەوەی دەستی دەنگەكان لە پەرلەمانی عێراق (بزوتنەوەی گۆڕان ، یەكگرتوی ئیسلامی، كۆمەڵی ئیسلامی، هاوپەیمانی بۆ دیموكراسیی و دادپەروەری)، هەموو هێلكەكانیان خستبووە سەبەتەی بژاردنەوەی دەستی و ڕاگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردن، تا بڕیار لەبارەی بەشداری یان بایكۆتی پرۆسەی سیاسی بدەن لە عێراق.
لەگەڵ ئەوەی لەسەروبەندی ڕاگەیاندنی ئەنجامەكاندا دەنگی زاڵی ناو ئەو هێزانە بایكۆتی پرۆسەی سیاسی بوو، بەڵام لەدوای دوو ڕۆژ لە ڕاگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی، تائێستا هەڵوێستی ڕەسمی ئەم هێزانە دیارنیە ئاخۆ بەشداری دەكەن لە پرۆسەی هەڵبژاردن و ئەنجامەكان قبوڵدەكەن یان پرۆسەی سیاسی بایكۆت دەكەن، دوای ئەوەی نەیانتوانی لە هەوڵی گەڕاندنەوەی دەنگی دەنگدەرانیان سەركەوتووبن، وەك ئەوەی پێشتر بەڵێنیان دابوو، وێڕایی گرتنەبەری سەرجەم ئەو ڕێكارانەشی لەدەستیان هات.
ئێستا هێزە ناڕازییەكان جارێكی دیكە ئەم ئەنجامەشیان رەتكردەوە, قسەكە لەسەر ئەوەیە هێزە باڵادەستەكانی عێراق و دۆخی ناوچەكە بەرگەی ئەوە دەگرێت كە ئەم دۆخە درێژە بكێشێت, یاخود رەتكردنەوە و تێهەڵچونەوە بە هەمان رێكارەكانی رابردوو ئەنجامێكی نوێ ئەدا بەدەستەوە كە بە دڵخوازی ئەوان بێت؟

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand