" ئەپڵ" یەكەمین كۆمپانیای گشتییە لە جیهاندا بەهاكەی بگاتە یەك ترلیۆن دۆلار

Draw Media

2018-08-02 23:18:04



(درەو میدیا):
كۆمپانیای " ئەپڵ"ی ئەمریكی بۆ تەكنۆلۆژیا بووە یەكەمین كۆمپانیای گشتی لە جیهاندا كە بەهاكەی بگاتە یەك ترلیۆن دۆلار.
كۆمپانیای" ئەپڵ" كە دروستكەری مۆبایلی زیرەكی " ئایفۆن"ە  لە مامەڵەی بۆرسەی نیویۆركدا بەهای پشكەكانی بۆ ئاستێكی پێوانەیی بەرزبوەوە و گەیشتە 207 دۆلار.
لە رۆژی سێشەممە  رابردووەوە بەردەوامن پشكەكانی ئەپڵ بەرزدەبنەوە، ئەوەش دوای ئەوەی كۆمپانیاكە رایگەیاند لە چارەكی دووەمی ئەمساڵدا ئەنجامی زۆرباش و پێشبینینەكراوی بەدیهێناوە.
لە ساڵی 2007ەوە كە بۆیەكەمجار مۆبایلی ئایفۆن بۆ فرۆشتن خرایە بازاڕەوە پشكەكانی ئەپڵ بە رێەی لەسەدا 1100 بەرزبووەتەوە و ساڵی رابردووش بەهاكەی یەك لەسەر سێ‌ زیادیكرد.
نرخی پشكەكانی ئەپڵ ساڵی 1980 لە بۆرسەدا بەزیاتر لەسەدا 50000 بەرزبووەوە، ئەوەش زیاتربوو لە وەی ئاماژەپێدەری " ستاندەرد ئاند بۆرز 500" بەدەستیهێنا لە هەمان ماوەدا، كە پشكەكانی بە رێژەی لەسەدا 2000 بەرزبووەوە.
راپۆرتی كۆمپانیای ئەپڵ ئاماژەی بەوەداوە كە خواستێكی زۆر هەیە لەسەر گرانترین جۆری  ئایفۆن و ئەوەش قازانجی وەرزیی كۆمپانیاكەی زیادكردووە و تێكڕای ناوەندی نرخی ئایفۆن گەیشتوەتە 724 دۆلار، ئەوەش زیاترە لە نرخی چاوەڕوانكراو كە 649 دۆلارە.
كۆمپانیای ئەپڵ ئاشكراشیكرد " ئایفۆن ئێكس" كە ساڵی رابردووو خرایە بازاڕەوەو نرخەكەی 999 دۆلارە، لە هەموو جۆرەكانی تری ئایفۆن زیاتر فرۆشراوە لە چارەكی ئەمساڵدا.

 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand