ئەو کۆمپانیانەی شایستە و زانیاریان لەسەر کێڵگە نەوتییەکان بڵاو ناکەنەوە

Draw Media

2024-04-09 07:36:39



بەشی دووەم
ئامادەکردنی یادگار سدیق گەڵاڵی/ ڕوونبین بۆ شەفافیەت لە پرۆسەکانی نەوت

🔹 کار گروپ (کێڵگەی خورمەڵە)، ئەم کۆمپانیایە کۆمپانیایەکی خۆماڵییە، جۆری گرێبەستی ئەم کۆمپانیایە تائێستا ڕانەگەیەنراوە، ئاستی بەرهەمی نزیکەی 37٪ ی هەموو بەرهەمی نەوتی کوردستانە. کۆمپانیاکە تا ئێستا هیچ ڕاپۆرتێکی لەسەر ئاستی بەرهەم و شایستە داراییەکانی بڵاو نەکردووەتەوە، هیچ پێگەیەکی ئەلەکترۆنی نییە بۆ چالاکییەکانی.
🔹 کۆمپانیای گازپرۆم و وێستەرن زاگرۆس لە کێڵگەی گەرمیان هەریەکە خاوەنی 40٪ ی پشکەکانن. بەرهەمی ئەم کێڵگەیە بەتەنکەر دەبرێت بۆ پاڵاوگەی دووکان بۆ پاڵاوتن و رۆژانە لە ئێستادا 42 تەنکەر نەوتی کێڵگەکە دەگوازێتەوە. 
🔹 کۆمپانیای رۆسنەفت (کێڵگەی بجیل) کۆمپانیا رووسییەکە هیچ زانیارییەکی لەسەر ئاستی بەرهەم و خەرجی و داهاتی کێڵگەکە و کۆمپانیاکە بڵاونەکردووەتەوە. هیچ زانیارییەک بەردەست نییە کە ئایا لە دوای راوەستانی هەناردە بەرهەمی ئەم کێڵگەیەش وەکو هەندێ کێڵگەی تر وەستاوە یان نا؟
🔹 سەبارەت بە کاری کۆمپانیاکانی (هەنت ئۆیل (کێڵگەی ئێسفنی یان عەین سیفنی)، کۆمپانیای پیت ئۆیل (کێڵگەی چیا سورخ) و کۆمپانیای وێستەرن زاگرۆس (کێڵگەی کوردەمیر)) هیچ زانیارییەکی فەرمی لە بەردەست نییە سەبارەت بە بەرەوپێشچوون وئاستی کارەکان لەو کێڵگانە.

1.    کـــار گروپ (خورمەڵە)
کۆمپانیای کار لە کێڵگەی خورمەڵە کار دەکات و گرێبەستی لە گەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان هەیە بۆ پەرەپێدن لە کێڵگەکەدا. جۆری گرێبەستی ئەم کۆمپانیایە تائێستا ڕانەگەیەنراوە، بەڵام لەبەر ئەوەی ئەم کێڵگەیەی کار گروپ کاری تێدا دەکات کێڵگەیەکی ئامادەبووە و لە بەرهەمدابووە کاتێک کۆمپانیاکە وەریگرتووە، پێدەچێت گرێبەستی خزمەت گوزاری بێت. ئاستی بەرهەم لەکێڵگەی خورمەڵە پێش وەستانی هەناردە بە145  بۆ 150 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە مەزەندە دەکرێت، نزیکەی 37٪ ی هەموو بەرهەمی نەوتی کوردستانە. کۆمپانیاکە تا ئێستا هیچ ڕاپۆرتێکی لەسەر ئاستی بەرهەم و شایستە داراییەکانی بڵاو نەکردووەتەوە. 
بەپێێ ڕاپۆرتی چاودێری دارایی عێراق، لەچارەکی یەکەمی 2023 دا کۆمپانیای کار بۆ شایستەی دارایی ساڵانی پێشووی بە سێ گوژمە کۆی 77 ملیۆن و 989 هەزار و 438 هەزار دۆلاری وەرگرتووە لە بری نەوتی بەرهەم هاتوو. لەمانگی کانوونی دوومی 2023 دا 27 ملیۆن و 460 هەزار و 963 دۆلار، لە شوباتدا بری 24 ملیۆن و 701 هەزار و 600 دۆلار، مانگی ئازار بڕی 25 ملیۆن و 826 هەزار و 875 دۆلار. 

ڕوونبین پەیوەندیکرد بە کۆمپانیای کارەوە بەڵام پەیوەندییەکە درووست نەبوو، هەروەها کۆمپانیاکەش هیچ پێگەیەکی ئەلەکترۆنی نییە بۆ چالاکییەکانی. بەڵام روونبین لە سەرچاوەی نافەرمییەوە زانیویەتی کە کێڵگەکە تا ئێستا بەردەوامە لە بەرهەم هێنان بەڵام بەئاستێکی کەمێک نزمتر لە پێش وەستانی هەناردە لە 25ی ئازار.
 ئێستا زۆربەی بەرهەمی ئەم کێڵگەیە بۆ پاڵاوتن لە پاڵاوگەی کار بەکاردەهێنرێت کە پاڵاوگەکە پێک دێت لە 3 یەکەی پاڵاوتن کە توانای پاڵاوتنی 150 هەزار بەرمیل نەوتی هەیە رۆژانە. 
کێڵگەی خورمەڵە بە بۆرییەکی “24 ئینجی دەگاتە پاڵاوگەکە کە درێژی بۆرییەکە 40 کیلۆمەترە. لەمانگی ئەیلولدا رۆژانە لە پاڵاوگەکانی کار تەنها بەرهەمی کێڵگەی خورمەڵە کە گەشتووەتە پاڵاوگەی کار بۆ پاڵاوتن، بریتی بووە لە 103 هەزار بەرمیل نەوت. لەو نەوتە خاوەش (بەنزین، دیزل، نەوتی سپی، غازی ماڵان LPG ، سوتەمەنی فرۆکە و نەوتی ڕەش)ی لێ بەرهەم دێت. کار دەڵیت رۆژانە 4 ملیۆن و 300 هەزار لیتر بەنزین بەرهەم دەهێنین. کەنزیکەی 70٪ لە پێداویستی ناوخۆ یە. 
لە چارەکی یەکەمدا کۆی ئەو بڕە نەوتەی دراوە بە پاڵاوکەی کار و لاناز بۆ پاڵاوتن بریتی بوو لە 4 ملیۆن و 39 هەزار بەرمل لە مانگی کانوونی دووەمدا بڕی 1 ملیۆن و 429 هەزار و لە شوباتدا 1 ملیۆن و 152 هەزار وە لە ئازاردا 1 ملیۆن و 457 هەزار بەرمیل بووە. نرخی پاڵاوتن تەنانەت دیوانی چاودێری دارایی عێراق و هەرێمیش نایزانن، هەروەک لە راپۆرت ئەم دامەزراوەیەدا هاتووە. 

لە چارەکی دووەمدا دوای وەستانی هەناردە تێبینی دەکرێت بڕی ئەونەوتەی دراوە بەو دوو پاڵاوگەیە بەرێژەی بەرچاو بەرزبووەتەوە کە زیاتر لە 52٪ چارەکی یەکەم . لەم چارەکەدا کۆی 6 ملیۆن و 161هەزار بەرمیل لە و دوو پاڵاوگەیە بۆ حکومەتی هەرێم پاڵێوراوە بەم شێوەیە: لە نیساندا 2 ملیۆن و 281 هەزار بەرمیل ، لە ئایاردا 2 ملیۆن و 92 هەزار بەرمیل وە لە حوزەیراندا 1 ملیۆن و 786بەرمیل .

 

 لەچارەکی سیێهەمدا پاڵاوگەی کار رۆژانە 103 هەزار بەرمیل نەوتی تەنها کێڵگەی خورمەڵەی پاڵاوتووە. 
 ئەم کۆمپانیایە کۆمپانیایەکی خۆماڵییە و کارکردنی لە بواری نەوتدا نوێ یە و لە گەڵ دامەزراندنی وەزارەتی سامانە سروشتییەکاندا کار ئاسانی بۆ کراوە، ئێستا گەورەترین کۆمپانیا ناوخۆی بواری وزە یە لە هەرێم.
کۆمپانیای کار ئێستا لە گەڵ کۆمپانیای رۆسنەفتی روسیدا خاوەندارێتی بۆری گواستنەوەی هەرێمیش دەکات و پشکی 40٪ ی هەیە و کۆمپانیا روسییەکەش 60٪ . کرێی گواستنەوەی بەرمیلێک نەوت بەم بۆرییەدا لە ناو خاکی کوردستاندا بە پێێ ڕاپۆرتی دیلۆیت کە لە 2021/6/28 بڵاوکراوەتەوە 4 دۆلار و 86 سەنت بووە لە چارەکی چوارەمی ساڵی 2020 دا، لە کاتێکدا کرێی گواستنەوە و ئەمبارکردنی بەرمیلێک نەوت لە ناو خاکی تورکیادا 1دۆلار و 28سەنت بووە بەپێی هەمان ڕاپۆرت. 
هەروەها کۆمپانیای کار خاوەندارێتی گەورەترین پاڵاوگەی هەرێمی کوردستانیش دەکات کە پێش وەستانی هەناردەی نەوت رۆژانە نزیکەی 25 هەزار بەرمیل نەوتی بۆ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان دەپاڵاوت و ئێستا بە تەواوی توانایەوە نەوت دەپاڵیوێت. لە ڕابوردوودا بەپێی ئەو پارانەی لەحکومەت وەریانگرتووە بۆ پاڵاوتن بە دوو هێندەی ئەو نرخە مەزەندە دەکرێت کە پاڵاوگەکە بۆ وەزارەتی نەوتی عێراقی دەپاڵاوت!

2.    کۆمپانیای گازپرۆم و وێستەرن زاگرۆس

کێڵگەی گەرمیان
ئەم کێڵگەیە کەو تووەتە ناوچەی گەرمیانەوە هەریەک لە کۆمپانیای گازپرۆم روسی و وێستەرن زاگرۆسی کەنەدی وەبەرهێنانی تێدا دەکەن و هەریەکە خاوەنی 40٪ ی پشکەکانن. ڕوونبین پەیوەندی بەهەردوو کۆمپانیاکەوە کردووە بۆ دەستخستنی زانیاری نوێ بەڵام بەداخەوە تا ئەم ساتە هیچ وەڵامێکمان دەست نەکەوتووە.
ئەم کێڵگەیە ئێستا ئاستی بەرهەمی لە 33هەزار بەرمیلی ڕۆژانەوە بۆ 12هەزار بەرمیل لە چارەکی یەکەم و پاشان لە چارەکی سێ و چواردا لە نێوان 10,200 بۆ 9,200 دابەزیوە. بەرهەمی ئەم کێڵگەیە بەتەنکەر دەبرێت بۆ پاڵاوگەی دووکان بۆ پاڵاوتن و رۆژانە لە ئێستادا 42 تەنکەر نەوتی کێڵگەکە دەگوازێتەوە. 
هۆکاری کەمبوونەوەی بەرهەمی ئەم کێڵگەیە بۆ راکێشانی ئاو بۆ ناو حەشارگە نەوتییەکە دەگەرێتەوەو ڕاکێشانی ئاو لەگەڵ نەوتەکەدا بەرێژەیەکی زۆرە کە جیاکردنەوەی قورسە هەندێک جار، هەروەک لە تەق تەق و سەرتە و پێشتریش لە تاوکی ڕویدا. جۆری نەوتی ئەم کێڵگەیە نەوتێکی سوک و شیرینە و API یەکەی لە 45 دایە. بیرە نەوتییەکانی گەرمیان لە ئێستادا ژمارەیان چوار بیری نەوتە .
بیرە نەوتی سەرقەڵا یەکی گەرمیان، دەکەوێتە گوندی حەسیرەوە، بیرە نەوتی سەرقەڵا دوو لە گوندی ملە سورەیە، بیرە نەوتی سەرقەڵا سێ دەکەوێتە گوندی کەواچەرمووەوە، بیرە نەوتی سەرقەڵا چواریش لە گوندی کارێزەیە، بیرە نەوتی سەرقەڵا پێنجیش کە خەریکە شکست دەهێنێت، دەکەوێتە گوندی ملە سورەوە، سەرجەم گوندەکانیش لە ڕووی ئیدارییەوە سەر بە ناحیەی سەرقەڵای سنوری قەزای کفریین.
بەهەمان شێوەی کۆمپانیای کار ئەو کۆمپانیایانەی لێرە کاردەکەن شایستە داراییەکانیان ڕانەگەیاندووە بەڵام ساڵی چەند جارێک زانیاری لەسەر چالاکی و ئاستی بەرهەمیان ڕادەگەیاند، ماوەیەکە ئەو زانیاریانەش بوونی نەماوە.
 تائێستا چەند جارێک کێشە بۆ گواستنەوەی نەوتی ئەم کێڵگەیە دروست بووە، وەکو ناڕەزایی لە لایەن شۆفێری گواستنەوەی نەوت و خەڵکی ناوچەکەوە
3.    کۆمپانیای رۆسنەفت ( کێڵگەی بجیل)
کێڵگەی بجیل دەکەوێتە نزیک هەریر و لە ساڵی 2010نەوتی لێ دۆزراوەتەوە کۆمپانیای رۆسنەفت لە ساڵی 2017 دا گرێبەستی هاوبەشی کردنی لەبەرهەم لەگەڵ هەرێم کردووە بۆ پەرەپێدانی کێڵگەکە و پشکی ٨٠٪ی کێڵگەکەی هەیە. بە پێی ئەو داتایانەی لە بەردەستی روونبینە کێڵگەکە لە کۆتایی مانگی کانوونی 2023 دا ئاستی بەرهەمی بریتی بووە لە 6,000 بەرمیل نەوتی رۆژانە . کۆمپانیا رووسییەکە هیچ زانیارییەکی لەسەر ئاستی بەرهەم و خەرجی و داهاتی کێڵگەکە و کۆمپانیاکە بڵاونەکردووەتەوە. وە هیچ زانیارییەک بەردەست نییە کە ئایا لە دوای راوەستانی هەناردە بەرهەمی ئەم کێڵگەیەش وەکو هەندێ کێڵگەی تر وەستاوە یان نا، وەگەر وەستابوو ئایا ئێستا لە بەرهەمدایە یان نا؟
4.    کۆمپانیای هەنت ئۆیل (کێڵگەی ئێسفنی یان عەین سیفنی)
ئەم کێڵگەیە کەوتووەتە نزیک شارۆچکەی شێخان لە پارێزگای دهۆک، کۆمپانیای هەنت ئۆیل وەبەرهێنانی تێدا دەکات پشکی 80٪ی کێڵگەکەکی هەیە ئەم کێڵگەیە لەساڵی 2011دا نەوتی تێدا دۆزراوەتەوە. جۆری نەوتەکەی قورسە و API 21 . ولە کۆتایی کانوونی دووەمی 2023 دا ئاستی بەرهەمی ئەم کێڵگەیە 6,500 بەرمیلی رۆژانە بووە. زانیار ئەوتۆ بەردەست نییە کە لەگەڵ وەستانی هەناردەدا ئایا بەرهەمی ئەم کێڵگەیە وەستاوە یان نا، وەگەر وەستابوو ئایا ئێستا لە بەرهەمدایە یان نا؟

5.    کۆمپانیای پیت ئۆیل (کێڵگەی چیا سورخ)
ئەم کێڵگەیە ده‌كه‌وێته‌ سنوری ناحیه‌ی قۆره‌تو، ئه‌گه‌رچی ئه‌م ناحیه‌یه‌ سه‌ر به‌ قه‌زای خانه‌قینه‌، به‌ڵام به‌وپێیه‌ی له‌ راپه‌ڕینی ساڵی 1991 دا به‌شێكی زۆری ئازادكراوه‌، ئیداره‌دانی له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستانه‌ و راسته‌وخۆ په‌یوه‌سته‌ به‌ ئیداره‌ی گه‌رمیانه‌وه‌.
لەم بلۆکە نەوتیە دا 9 بیری کۆن هەیە، كه‌ له‌ ساڵی 1902تا 1954 له‌لایه‌ن (ئه‌نگلۆ-پێرژه‌ن) كه‌ كۆمپانیایه‌كی هاوبه‌شی به‌ریتانی-ئێرانیه‌ كاری تێداكراوه‌، له‌ كۆتای ساڵی 2009 كۆمپانیای (GGFZ)ی چینی كاری به‌دواداگه‌رانی بۆكرد(سایزمیك)، به‌سه‌رپه‌رشتی كۆمپانیای گه‌نه‌ڵ ئینێرجی(توركی-به‌ریتانی) له‌ كۆتایی ساڵی ٢٠١٢، بیری ژماره‌(10، 11١، 12) تێدا لێدراوە. بەرهەمی رۆژانەی ئەم بلۆکە نەوتیە بەپێی زانیارییەکان لە کۆتایی 2022 دا‌ 2هه‌زار به‌رمیلی رۆژانه‌ بووە و کۆمپانیای پیت ئۆیل پشکی 80٪ی پشکەکانی هەیە و چاوەڕێ دەکرا تا ناوەڕاستی ئەمساڵ بەرهەمی ببێت بە دوو هێندە. بەپێی زانیارییەکانی ئێمە لە ئێستادا بەرهەمی ئەم کێڵگەیە بەتەواوەتی وەستاوە. 
6.    کۆمپانیای وێستەرن زاگرۆس (کێڵگەی کوردەمیر)
بلۆکی کوردمیر دەکەوێتە باشووری ڕۆژهەڵاتی هەرێمی کوردستان، لە دامێنی بەرزاییەکانی ڕۆژئاوای زنجیرە چیای زاگرۆس. بلۆکەکە 245 کیلۆمەتر چوارگۆشە دەگرێتەوە.
وێستەرنزاگرۆس لە ساڵی 2009 بیری دۆزینەوەی کوردمیری لێداوە، کاپێکی گەورەی گازی سروشتی دۆزیوەتەوە. لە ساڵانی دواتردا کۆمپانیاکە لە ئەنجامی گەڕان و پشکنین بوونی نەوتێکی بەرچاو لە ژێر گازەکەدا پشتڕاستکردەوە.
شیکاری سەربەخۆی یەدەگەکان دەریدەخەن کە کێڵگەی کوردمیر کێڵگەیەکی زۆر گەورەی نەوت و گازی سروشتی و کۆندێنسێت بێت.
کێڵگەی کوردەمیر کێڵگەیەکی گەورەیە بە پێی هەڵسەنگاندنەکانی وێستێرن زاگرۆس دەتوانرێت بڕی 1.8ترلیۆن پێ سێجا گازی لێ بەرهەم بێت و بڕی 420 ملیۆن بەرمیل نەوتیش. کێڵگەکە لە توانایدا بەرهەمی لە ئایندەدا بگاتە زیاتر لە 100 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە بەڵام بە بێ بەستنەوەی راستەوخۆی بە بۆرییەوە کارێکی ئەستەمە. هەروەها کۆمپانیای وێستێرن زاگرۆس دەڵێت ” بەرهەمهێنانی بەردەوام دۆزینەوەی گەورەی کوردەمیر، پێویستی بەوەبەرهێنان و سەرمایەگوزاری زۆر دەبێت لەپرۆسەکانی چارەسەرکردن و ژێرخانی هێڵی گواستنەوەدا”.
سەبارەت بە گاز پێشتر وێستێرن زاگرۆس پێشنیاری ئەوەی کردبوو کە دەتوانرێت کە بەرهەمەکەی بگوازرێتەوە بۆ ویستگەی وزەی چەمچەماڵ کە توانای 1.5 گیگا واتی هەیە. بەڵام لە ئێستادا دەرچەی گاز کارێکی پێویست نییە چونکە بەرهەم لەسەرەتاوە کەم دەبێت.
کۆمپانیاکە و حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆتایی ساڵی 2021دا لەسەر پلانی پەرەپێدانی مەیدانی ڕێککەوتوون کە ئەم دۆزینەوەیە بتوانێت دەست بە بەرهەمهێنانی نەوت و گاز بکات. گەشەپێدانەکە لەسەر ئەمباری ئۆلیگۆسین دەبێت کە نەوتی سوکی لە ژێر سەرپۆشی غازەکەدا تێدایە. پلانەکە داوای پەرەپێدانی قۆناغ بە قۆناغی کێڵگەکە دەکات و قۆناغی یەکەم بە ئامانجی بەرهەمهێنانی 15هەزار بەرمیل نەوتی سووک لە ڕۆژێکدا و 75 ملم لە کاتژمێرێکدا غازی کەم گۆگرد. ئەنجامی ئەو بیرانەی کە لە قۆناغی یەکەمدا کونکراون ڕێژەی بەرهەمهێنانی ئامانج بۆ قۆناغی دووەم و قۆناغەکانی دواتر دیاری دەکات.
کوردەمیر دووەمین کێڵگەیە کە وێستەرن زاگرۆس سەرمایە گوزاری تێدا دەکات لەپاڵ کوردەمیردا پشکی 40٪ی بلۆکی گەرمیانی هەیە کە کێڵگەی سەرقەڵا ئێستا نزیکەی 10 هەزار بەرمیل نەوتی سوک بەرهەم دەهێنێت( ئەی پی ئای 40ﹾ).   بەڕێوەبەری جێبەجێکاری وێستێرن زاگرۆس سایمن هاتفیلد ماوەیەکی درێژە کێڵگەی کوردەمیر بە تاجی ئاڵتونی کۆمپانیاکە دەبینێت، بۆیە بەرەوپێشچوون لە پەرەپێدانیدا هەنگاوێکی گرنگە بۆ کۆمپانیاکە.
وێستەرن زاگرۆس کێڵگەی کوردمیر بەڕێوەدەبات، بە ڕێژەی 80٪ ی کارکردن. حکومەتی هەرێمی کوردستان خاوەنی پشکەکانی ترە.
هیچ زانیارییەکی فەرمی لە بەردەست نییە سەبارەت بە بەرەوپێشچوون وئاستی کارەکان لەکێڵگەکە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand