چالاکییە نەوتییەکانی هەرێم لە ساڵی 2023 دا

Draw Media

2024-04-08 19:38:32



 بەشی یەکەم

ئامادەکردنی یادگار سدیق گەڵاڵی/ ڕوونبین بۆ شەفافیەت لە پرۆسەکانی نەوت

🔹 ئێستا کۆمپانیاکانی نەوت ئەو نەوتەی لەکێڵگەکان بەرهەمی دەهێنن خۆیان دەیفرۆشن (بەشێوەی پارەکەی بدە و نەوتەکە باربکە) دوای ئەوەی شایستە داراییەکانی خۆیانی لێ گلدەدەنەوە ئەوەی دەمێنێتەوە دەیدەن بە حکومەتی هەرێم. 
🔹 سەرەتا کاتێک ئاستی بەرهەمیان نزم بوو رێژەی ٥٠٪ ی هەموو بەرهەمەکەیان بۆخۆیان دەفرۆشت، ئێستا ئاستی بەرهەم ٧٠٪ ئاستی پێش هەناردەی تێپەڕاندووە بۆیە کۆمپانیاکان لە نێوان ٣٥٪ بۆ ٤٠٪ بەرهەم بۆ خۆیان دەفرۆشن و خەرجی و قازانجی کۆمپانیاکان بەبەردەوام وەردەگرن لەو نەوتەی دەیفرۆشن. 
🔹 کۆمپانیا نەوتییەکان نیگەرانن لەوەی کە نەوتەکە بەنرخی زۆر داشکاو بە بازرگان و پاڵاوگە ناوخۆییەکان دەفرۆشن، بەڵام لە گەڵ ئەوەشدا لە نیوەی دووەمی ساڵەوە کەوتونەتە قازانج.
🔹 نیگەرانییەکی تری کۆمپانیا نەوتییەکان ئەوەیە کە کڕیارانی نەوتی هەرێم بە ٥٠ دۆلار کەمتر نەوتی کێڵگەکانی هەرێم دەکڕن، بەڵام بەرهەمە نەوتییەکان بەنرخی جیهانی لە عێراق و تورکیا ساغ دەکەنەوە. بۆیە دەترسن لەبەر ئەوهۆکارە بەرپرسە ناوچەییەکان زۆر جدی نەبن لە دەستپێکردنەوەی هەناردە.

سەرەتا
لەم ڕاپۆرتەدا چالاکی یەک بەیەکی کێڵگە نەوتییەکان شیکراوەتەوە. هەر لە بەرهەم هێنانی نەوت تا فرۆش و داهاتی نەوت چ بۆ کۆمپانیا نەوتییەکان یان حکومەتی هەرێم، لە پێش وەستانی هەناردەی نەوت لەڕیی بۆرییەوە لە ٢٥ی ئازاری ٢٠٢٣ ، پاشان دوای وەستانی هەناردەو دەستپێکردنەوەی بەرهەم و فرۆشتنی لە ناوخۆدا. 
لەم ڕاپۆرتەدا :
•    ئاستی بەرهەم و فرۆشی نەوت لە چارەکی یەکەمی ساڵ تا وەستانی هەناردە وکۆی ئەوپارەیەی لەلایەن کۆمپانیا نەوتییەکانەوە وەرگیراوە تا کاتی وەستانی هەناردە لەڕێی بۆری عێراق- تورکیا لە ٢٥ی ئازاری ٢٠٢٣ دەخەینە روو.
•    چالاکییە نەوتییەکان دوای وەستانی هەناردە و دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت، فرۆشی ناوخۆ، ئاستی بەرهەم لە قۆناغە جیاکاندا شیدەکەینەوە.
•    هەروەها دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت، فرۆشی ناوخۆ، ئاستی بەرهەم، لەگەڵ؛
•    کۆی ئەو پارانەی بەشێک لە کۆمپانیا نەوتییەکان لە ماوەی ئەو ساڵەدا وەریان گرتووە هەڵدەسەنگێنین. 
•    بەراوردی نرخی فرۆشی نەوتی هەرێم پێش و پاش وەستانی هەناردە لەگەڵ نرخی نەوتی جیهانی و سۆمۆ دەکەین. 
ئەم ڕاپۆرتە بە پێی ئەو داتایانەی لە بەردەستماندابووە بۆ ١١ کێڵگەی نەوتی هەرێم و شیکردنەوەی ڕاپۆرتی کۆمپانیا نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان کە بەشێکی زۆریان راپۆرتی وەرزیان هەیە، راپۆرتی کۆمپانیای دیلۆیت کە راپۆرتی ووردبینیکراوی بەرهەم و داهاتی نەوتی هەرێمە لە پێش وەستانی هەناردە، کە بەداتای فەرمی حکومەتی هەرێم ئەژمار دەکرێت، راپۆرتی چاودێری دارایی عێراق بۆ سەکتەری وزەی هەرێم و سەرچاوەی تری متمانە پێکراوی جیهانی نووسراوە. 

چالاکییە نەوتییەکانی هەرێم لە ساڵی ٢٠٢٣ دا
دوای ئەوەی حکومەتی عێراق لە ساڵی ٢٠١٤ دا لە دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی ICC لە پاریس داوای دژی تورکیا تۆمارکرد، کە تورکیا پێشێلی رێکەوتنی نیوانیانی کردووە بەوەی رێگەی بەهەرێمی کوردستان داوە هیڵی بۆری نەوتی عێراق – تورکیا بەکاربهێنێت بۆ هەناردەی نەوت و ئەمبارکردن و بارکردنی لە بەندەری جەیهانی تورکیا. ئەوە بوو لە بەرواری ١٣ی شوباتی ٢٠٢٣دا دادگا بڕیاری کۆتایی لە بەرژەوەندیی عێراق دا سەبارەت بەو سکاڵایە. دەرئەنجام تورکیا بە فەرمی لە ٢٥ی ئازاری٢٠٢٣ دا هەناردەی نەوتی هەرێمی لەڕیی بۆرییەوە ڕاگرت.

•    لە بەرەبەیانی ٢٥ ی ئازاردی ٢٠٢٣ ەوە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لەلایەن تورکیاوە راگیراوە وەکو وەڵامدانەوەیەک بۆ بڕیاری دادگای ناوبژیوانی ژووری بازارگانی باریس ICC کە تیایدا بڕیاردرا لە بەرژەوەندی عێراق دژی توورکیا بەوەی بارکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە بەندەری جەیهانی توورکیا بەبێ ڕەزامەدی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) پێشێلی رێکەوتنی هێڵی بۆری عێراق- تورکیای نێوان هەردوو وڵاتە. دادگاکە بڕی ١ملیار و ٤٧١ ملیۆن دۆلار قەرەبووی سەپاندووە بەسەر تورکیادا کە بیدات بە عێراق لەسەر ئەو زیانانەی بەری کەوتووە لە ساڵی ٢٠١٤ تا ٢٠١٨. هێشتا بەشی دووەمی سکاڵاکە ماوە یەکلایی بکرێتەوە کە پەیوەستە بە ٢٠١٨ و ساڵانی دواتر. 
•    دوابەدوای وەستانی هەناردەی نەوتی هەرێم ، حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستی کرد بە وتووێژی چڕ لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ و وەزارەتی نەوت بۆ گەشتن بەڕیکەوتن لەسەر هەناردە کردنەوەی نەوت. لە بەشێکی وتووێژەکاندا لە سەرەتای نیساندا نوێنەری کۆمپانیا وەبەرهێنەکانی نەوت IOC‌s و کۆمپانیاکانی کڕیاری نەوتی هەرێم بەشداربوون. 
•    سەرەتا لەبەرواری ٢٠٢٣/٤/٤ رێکەوتنی کاتی ئیمزاکرا لە نێوان هەردوولا. لەسەر چەند خاڵێک رێک کەوتن تا ئەو کاتەی یاسای بودجەی فیدراڵ دەردەچێت ئەوکاتە یاسای بودجە جێی ئەم رێکەوتنە دەگرێتەوە. 
•    لە سەرەتای مانگی ئایارەوە، وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایگەیاند کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) گرێبەستی لەگەڵ کڕیارانی نەوتی هەرێم تەواو کردووە بەو میکانیزمەی سۆمۆ دایناوە.
•    لە بەرواری ١٠ی ئایار وەزارەتی نەوتی عێراق لە رێی سۆمۆ وە داوای لە تورکیا کردووە کە دەستبکرێتەوە بە هەناردەی نەوتی هەرێم لەرێی بۆری جیهانەوە، تا ئامادەکردنی ئەم راپۆرتە هەناردە دەستی پێ نەکردووەتەوە، 
•    لە بەرواری ١١ی ئایار وەزارەتی نەوتی فیدراڵ ڕایگەیاند دوای ئەوەی گرێبەستی کڕینی نەوتیان لە گەڵ کڕیارەکانی هەرێمدا تەواو کردووە، لە بەرواری ١٠ی ئایاردا داوامان لە کۆمپانیای بۆتاش کردووە کە رۆژی شەممە ١٣ی ئایاری ٢٠٢٣ هەناردەی نەوتی هەرێم دەست پێ بکاتەوە. 
•    لەگەڵ ئەو هەوڵە چڕوو پڕانەدا بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم ، چەندین جار ئاماژەکردن بە نزیکی دەستپێکردنەوە و دیاریکردنی رۆژی دەستپێکردنەوەی هەناردە، بەڵام هەناردە دەستی پێنەکردەوە. 
•    لە ٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، بەرپرسانی تورکیا ڕایانگەیاند، بۆری عێراق لە بەرواری ٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ەوە ئامادەیە کارەکانی دەستپێبکاتەوە. بەڵام ئایا تا چەند لایەنی عێراقی ئامادەیە نەوت هەناردەبکات لەڕێی بۆرییەکەوە؟ وەڵامەکەی تا ئێستا ڕوون نییە و هەردوولاش بانگەشەی ئەوەدەکەن کە بەردەوامن لە گفتوگۆکان بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردە. 
•    هەروەها کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان ("ئاپیکور") کە پێکهاتووە لە ٨ کۆمپانیای نەوتی هەرێم چەندجارێک ئاماژەی بەوە کردووە کە کۆمپانیاکانی نەوت IOC پێویستیان بە چوارچێوەیەکی ڕوون هەیە بۆ وەرگرتنی شایستە داراییەکانی ئایندە و چونییەتی وەرگرتنەوە و گرنتیی کردنی شایستەکانی ڕابوردوویان، کە تەنها ئەندامانی کۆمەڵەکە بڕی ١.٥ ملیار دۆلاری نەوتی فرۆشراوی ڕابووردویان وەرنەگرتووە. بۆیە دەبێت پێش ئەوەی هەناردەکردنی بۆری لە کوردستانەوە دەستپێبکاتەوە ئە و دووخاڵە چارەسەر بکرێن. 

ئەو خاڵەی کە زۆر زەقە و رێگرە لەبەردەم دەتسپێنەکردنەوەی هەناردەدا ئێستا پەیوەستە بە گرێبەستەکانی نەوتی هەرێم لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییەکان و بە تایبەتیش شایستەی دارایی کۆمپانیا نەوتییە نێودەوڵەتییەکان. گرێبەستەکە لە جۆری هاوبەشیکردنە لەبەرهەم PSA، کە عێراق بانگەشەی ئەوە دەکات دژە بە دەستوور. لە یاسای بودجەدا خەرجی کۆمپانیا نەوتییەکان بۆ هەربەرمیلێک نەوت بە ٩٠٠,٨ دینار دیاری کراوە، ئەمە بە تووندی لەلایەن کۆمپانیا نەوتییەکانەوە رەدکرایەوە و لە چەندین بەیاننامەدا رایانگەیاندووە کە دەبێت شایاستەکانیان بەپێی گرێبەستەکانی هاوبەشیکردن لە بەرهەم بێت کە زۆر زیاترە لە و بڕە. 
بەپێی هەڵسەنگاندنەکانی روونبین لە ڕابوردوودا کۆمپانیاکان لە نێوان ٢٢ بۆ ٢٨ دۆلاریان وەرگرتووە (هەرگرێبەستەو بەجیا مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت). 
ئێستا کۆمپانیاکانی نەوت ئەونەوتەی لەکێڵگەکان بەرهەمی دەهێنن خۆیان دەیفرۆشن (بەشێوەی پارەکەی بدە و نەوتەکە باربکە) دوای ئەوەی شایستە داراییەکانی خۆیانی لێ گلدەدەنەوە ئەوەی دەمێنێتەوە دەیدەن بە حکومەتی هەرێم. سەرەتا کاتێک ئاستی بەرهەمیان نزم بوو رێژەی ٥٠٪ ی هەموو بەرهەمەکەیان بۆخۆیان دەفرۆشت، ئێستا ئاستی بەرهەم ٧٠٪ ئاستی پێش هەناردەی تێپەڕاندووە بۆیە کۆمپانیاکان لە نێوان ٣٥٪ بۆ ٤٠٪ بەرهەم بۆ خۆیان دەفرۆشن و خەرجی و قازانجی کۆمپانیاکان بەبەردەوام وەردەگرن لەو نەوتەی دەیفرۆشن. 
کۆمپانیا نەوتییەکان نیگەرانن لەوەی کە نەوتەکە بەنرخی زۆر داشکاو بە بازرگان و پاڵاوگە ناوخۆییەکان دەفرۆشن، بەڵام لە گەڵ ئەوەشدا لە نیوەی دووەمی ساڵەوە کەوتونەتە قازانج.
 نیگەرانییەکی تری کۆمپانیا نەوتییەکان ئەوەیە کە کڕیارانی نەوتی هەرێم بە ٥٠ دۆلار کەمتر نەوتی کێڵگەکانی هەرێم دەکڕن، بەڵام بەرهەمە نەوتییەکان بەنرخی جیهانی لە عێراق و تورکیا ساغ دەکەنەوە. بۆیە دەترسن لەبەر ئەوهۆکارە بەرپرسە ناوچەییەکان زۆر جدی نەبن لە دەستپێکردنەوەی هەناردە.

رێککەوتنەکان لەیاسای بوجەدا
لە یاسای بوجەدا هاتووە کە هەناردەی نەوتی عێراق رۆژانە ٣٣،٥ملییۆن بەرمیل نەوتە کە ٤٠٠ هەزاری هەرێمیشی تێدایە، بەمانایەکی تر هەرێم دەبێت رۆژانە ٤٠٠ هەزار بەرمیل نەوت رادەستی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوت یان وەزارەتی نەوت بکات. ئەم خاڵە تا ئێستا جێ بەجێ نەبووە. تەنها بۆ ماوەیەکی دیاریکراو وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لە دوای دەستپێکردنەوەی بەرهەم هێنان بەتێكڕا رۆژانە بڕی ٧٦ هەزار بەرمیلی رادەستی وەزارەتی نەوت کردووە لە بەرواری ١٥/٦/٢٠٢٣ تا ٣٠/١١/٢٠٢٣ لە و بەروارەوە هیچ بڕە نەوتێك رادەستی وەزارەتی نەوت نەکراوە کە بەپێی داتاکانی حکومەتی هەرێم کۆی ئەو نەوتەی رادەستی وەزارەتی نەوت کراوە لە ساڵی ٢٠٢٣دا بریتی بووە لە ١٢ ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو.

چالاکی کێڵگە نەوتییەکان: ئاستی بەرهەم و داهاتی کۆمپانیاکان لە ٢٠٢٣ دا
پوختەی ئەو پارانەی 11 کۆمپانیای نەوتی لە 8 کێڵگەی بەرهەم هێنی نەوتی هەرێم وەریان گرتووە لە ماوەی ساڵی 2023 دا کە بەسەریەکەوە 936 ملیۆن و 190 هەزار دۆلاریان وەرگرتووە. بەیەکەوە رێژەی 60٪ی بەرهەمی نەوتی هەرێم بەرهەم دەهێنن.
لە چارەکی یەکەمدا کۆمپانیاکان بە کۆمپانیای کاریشەوە بڕی 515.7 ملیۆن دۆلاریان وەرگرتووە و لە دوای وەستانی هەناردەش کۆمپانیاکان بڕی 420ملیۆن دۆلاریان وەرگرتووە. (بڕوانە خشتەی ژمارە (1))

 

بەپێی ئەوشیکردنەوەی بۆ بەرهەم و داهاتی کێڵگەکانی هەرێمان کردوە دەگەینە ئەو دەرەنجامەی کە بە تێکڕا هەرێمی کوردستان رێژەی 60٪ی کۆی داهاتی بۆماوەتەوە ، چونکە خەرجی گواستنەوەی لەسەر نییە بەڵکو نەوتەکە لە خاڵی بارکردنی کێڵگەکەوە دەفرۆشێت. هەروەها بەپێی ڕاپۆرتی کۆمپانیا نەوتییەکان پشکەکانیان لە نێوان 36٪ بۆ 40٪ کۆی 
داهات یان بەرهەمی کێڵگەکە. بەوپێ یە تەنها لەداهاتی ئەم کێڵگانەی ئەم 11 کۆمپانیایە کاری تێدا دەکەن زیاتر لە 1 ملیار و 400 ملیۆن دۆلار داهاتی حکومەتی هەرێم بووە لە 2023 دا. ئەمە جگە لەو کێڵگانەی داهات و بەرهەمیان ئاشکرا نەکراوە و ئێمەش نەمانتوانیوە هیچ زانیارییەکمان لەسەریان دەستبکەوێت. 
بەپێی بەدواچوونی ئێمە بۆ بەکێڵگەی نەوتی و شیکردنەوەی داتاکان لە چارەکی یەکەمی 2024 دا ئاستی بەرهەمی کێڵگەکان بەرێژەیەکی بەرچاو زیادی کردووە ، هەندێ کێڵگە وەکو تاوکی، خورمەڵە، شێخان و سەرسەنگ گەشتونەتە ئاستی چارەکی یەکەمی ساڵی 2023.
وەکۆی بەرهەم زیاتر لە ٨٠٪ی پێش وەستانی هەناردە بەرزبووەتەوە. (بڕوانە خشتەی ژمارە (2)) 

کەمکردنی بەرهەمی کێڵگەکان

•    لە ماوی 8 ساڵدا بەرهەمی کێڵگەی تاوکی لە 145 هەزارەوە بۆ 44 هەزار دابەزیوە.
•    لەماوەی 8ساڵدا بەرهەمی تەق تەق لە 148 هەزارەوە بۆ 3,970بەرمیل دابەزیوە
•    لە ساڵی 2022 دا بەرهەمی سەرقەڵا لە گەرمیان لە 33 هەزارەوە بۆ 12 هەزار و ئێستا بۆ 9,200 بەرمیل دابەزیوە.
•    هەر لە ساڵی 2022دا بەرهەمی کێڵگەی سەرتە لە زیاتر لە 10 هەزار بەرمیلەوە بۆ 3,160 بەرمیل دابەزیوە. و لەکۆتایی ساڵی 2023 دا لەبەر ئەوەی سوودی بازرگانی نەبوو کێڵگەکە ڕادەستی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان کرایەوە. 
•    زانیاری نا فەرمیش دەڵێن کێڵگەی خورمەڵە بەرهەمی گەشتبووە 170 هەزار بەرمیی رۆژانە بەڵام ئێستا لە نێوان 110بۆ 120 هەزاردایە.
•    دوای وەستانی هەناردەی هەرێم هێشتا کێڵگەی تەق تەق، و باشیک نەکەوتوونەتەوە بەرهەم هێنان.
•     هەریەک لە کێڵگەکانی بجیل، عین سفنی و جیاسورخ هیج زانیارییەک نییە لەسەر دەستپێکردنەوەی بەرهەمیان. .

زیادکردنی بەرهەمی کێڵگەکان
      هەر لەماوەی 8 ساڵی ڕابوردوودا: 
•    کێڵگەی فیشخاپور کەوتە بەرهەم، ئێستا ئاستی بەرهەمی 49,500 هەزار بەرمیلە. 
•    کێڵگەکانی سەرسەنگ، ئەتروش و شێخان بەرهەمیان قۆناغ بە قۆناغ زیادی کردووە .
•     لەساڵی 2021 دا دوو کێڵگەی گازی بنە باوێ و میران لە کۆمپانیای گەنێڵ ئەنێرجی وەرگیرایەوە، کەیسەکە لە دادگای ناوبژیوانی لەندەنە، کۆمپانیای گەنێڵ داوای قەرەبوو دەکات. 19 شوبات 2024 دوو هەفتە دادبینی کۆمپانیاکە و حکومەتی هەرێم بوو لە دادگا و چاوەڕی دەکرێت لەمساڵدا بڕیاری کۆتایی لە کەیسەکە بدرێت. گەنێل ئەنێرجی داوای قەرەبوویەکی زۆر دەکات و دەڵێت بڕی 1.4ملیار دۆلارمان لەو دوو کێڵگەیەدا خەرج کردووە. 
•    لە سەرەتای ساڵی 2023 دا گرێبەستی ناوچەی گرێبەستی قەرەداغ کۆتایی هات بە بێ ئەوەی کۆمپانیای گەنێڵ ئەنێرجی و شیڤرۆن نەوتی لێ بەرهەم بهێنن.
•    لە کۆتایی ساڵی 2023 دا گرێبەستی کێڵگەی سەرتە لەلایەن کۆمپانیای گەنێڵ ئەنێرجی و شێڤرۆنەوە کۆتایی پێهێنرا و کێڵگەکە رادەستی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان کرایەوە. بەمەش کۆمپانیای شیڤرۆن هیج وەبەرهێنانێکی لەهەرێمی کوردستان نەما. 
•    کێڵگەکانی بجیل، ئیسفنی و سەرتە باشیک بە بڕێکی نزم کەوتنە بەرهەم هێنان . 
•    هەر لە چارەکی کۆتایی ساڵی 2022دا نرخی نەوتی هەرێم لە 10دۆلار داشکاندنەوە بۆ 17تا 19دۆلار کەمتر لە نرخی برێنت دەفرۆشرا.
•    لەدوای وەستانی هەناردەوە و فرۆشتنی نەوتی هەرێم لە بازاڕی ناوخۆدا داسکاندنی زیاتر بۆ نرخی نەوتی هەرێمکرا لە 17 بۆ 19دۆلارەوە ئێستا بە 50 بۆ 55 دۆلار کەمتر لە نرخی برێنت کە پێوانەی جیهانییە دەفرۆشرێت . 

رێکارەکانی دژ بەهەرێم
•    لە بەرواری 15ی شوباتی 2022 دا دادگای فیدراڵ بڕیاریدا لەسەر نادەستووری بوونی یاسای ژمارە 22ی ساڵی 2007ی یاسای نەوت و گازی هەرێم، بەمەش گرێبەستی کۆمپانیا نەتییەکان لە حوکمی نەبووندا یە لەلای حکومەتی ‌وێراق چونکە کۆمپانیا نەوتییەکان گرێبەستەکانیان بەپێی ئەویاسایە ئەنجامداوە. 
•    لە مانگی تەموز و ئابی 2022 دا دادگای بازارگانی کەرخ چەندین گرێبەستی هاوبەشیکردن لە بەرهەمی PSA کۆمپانیا نەوتییەکان کەلەگەڵ هەرێم هەیان بوو هەڵوەشاندەوە. 
•    لە بەرواری 25ی نیسانی 2023 هەناردەی هەرێم وەستا بەهۆی بردنەوەی داوای وەزارەتی نەوتی عێراق دژی تورکیا لە دادگای نێوبژیوانی یانەی پاریس ICC . تورکیا سزادرا بە 1.5 ملیار دۆلار و هێشتا بەشی دووەمی داواکە ماوە. لەو رۆژەوە تا ئێستا هەناردە لەڕێگەی بەندەری جەیهانەوە دەستی پێ نەکردووەتەوە.
•    لە حوزەیرانی 2023یاسای بوجەی عێراق دەرچوو، لە یاساکەدا تێچووی نەوتی هەێم وەکو کێڵگەکانی عێراق دیاری کراوە بەنزیکەی 6.5 بۆ هەربەرمیلێک کە ئەمە لەلایەن کۆمپانیا نەوتییەکانەوە رەدکرایەوە. 
•    بڕیار بوو لەساڵی 2023 دا یاسای نەت و گازی فیدراڵ دەربچێت ،بەڵام تائێستا ئەو یاسایە دەرنەچووە لەکاتێکدا لەساڵی 2007 دا یەکەم جار رەشنووسی یاساکە نوسرا بەڵام نەهەرێم و نە حکومەتی فیدراڵ لەسەری ڕیکنەکەوتن. 
•    ساڵیک بەسەر وەستانی هەناردەی نەوتی هەرێم دا تێدەپەڕێت و تا ئێستا ئاسۆی دەستپێکردنەوەی هەناردە روون نییە. و گفتوگۆکانی بەغدا و هەرێم لەشوێنی خۆیدایە و هیچ بەرەو پێشچونێکی پێوە دیار نییە. 
•    کۆمپانیا نەوتییەکان چەندین جار ڕایانگەیاندووە کە تاوەکو شایستەکانی رابووردوو ئایندەیان مسۆگەر نەکرێت بەپێی گرێبەستەکانیان لەگەڵ هەرێم، دەست بەهەناردەکردن ناکەنەوە. 
•    وەزارەتی نەوت لە مانگی ئازاردا زۆر بەتووندی وەڵامی کۆمپانیا نەوتییەکانی دایەوە تۆمەتباریانی کردن بە دەستوەردان لەسەروەری وڵات و پێشیل کردنی یاسا پەیڕەوکراوەکانی عێراق.  

 

بەراوردی نرخی بەرمیلێک نەوت ( برێنت، سۆمۆ و هەرێم) نرخی نەتی هەرێم لر دوای وەستانی هەناردەوە بەتێکڕا 32 دۆلارمان دیاری کردووە چونکە زۆرێک لە کۆمپانیاکان لە 30دۆلار و کەمتر بوون تەنها کێڵگەی سەرسەنگ بەنرخی لەوە زیارە فرۆشتویەتی کێڵگەکانی هەلێر و شێخان و ئەتروش بەکەمتر لەو نرخە فرۆشتوە. بڕوانە خشتەی ژمارە (4)
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand