گڵۆپە زەردەکە، یان شەش تیرەکە؟

Draw Media

2024-03-31 10:14:12



هاوڕێ تۆفیق

ئەمڕۆ گەلی تورکیا دەنگ بۆ هەڵبژاردنی شارەوانیی شارەکانی ئەدات. ئەم هەڵبژاردنە لە وەختێکدایه‌ کە هەڵئاوسانی ئابوری رێژەی 70%ه‌. جەوهەری هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن لەسەر مەسەلەکانی دارایی و خزموتگوزارییە. چەند سەرنج و زانیارییەکی گشتی لەسەر هەڵبژاردنەکە:

1: لە هەموو شارەکان لە یەککاتدا وەکو یەکتری، کاتی دەنگدان دەستپێ ناکات، لە هەندێک شار کاتژمێر (7)ی بەیانی و لە هەندێک شوێنی تر کاتژمێر (8)ی بەیانیە.

2: لە یەککاتدا دەنگدەر، چەند دەنگێک دەدات، دەنگێک بۆ سەرۆکی گەورەی شارەوانی و دەنگێک بۆ سەرۆکی شارەوانی و دەنگێکی تر بۆ ئەندامانی شارەوانی و دەنگێک بۆ موختار.

3: دەوامی فەرمانگەکان و داودەزگای دەوڵەت ئاساییەو پشوو نیە.

4: ئیستانبوڵ دڵی هەڵبژاردنەکەیەو هەموو سیاسییەکان چاویان لەسەر ئەنجامەکەیەتی. ئاشکرایە پێگەی ژمارەی دانیشتوان و گرنگی گەشتیاری و بازرگانی شارەکە چەند گرنگە، لەلایەکی تر دوو خولە (کەمال ئوغلو) براوەیە، ئاشکرایە ناوبراو سەر بە پارتی گەلی کۆمارییە (جەهەپە) کە حیزبێکی کۆنی نەتەوەیی عەلمانی تورکییەو لەسەر دەستی ئەتاتورک دامەزراوە. لە راستیدا جەنگی هەڵبژاردنەکە لەسەر کەوتنی کەمال ئۆغلوە. چونکە ئەگەر جارێکی تر ئیستانبوڵ بباتەوە، بەختی سیاسی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی داهاتوی تورکیا زیاد دەکات. تەنانەت لەهەڵبژاردنی سەرۆکایەتی پێشوو، بەهۆی رێگری قانونی نەتوانرا کاندید بکرێ، ئەگەر نا، ئەگەری سەرکەوتنی زۆر بەهێزبوو، لە ئێستادا دووبارە بەهێزەو ئەگەری بردنەوەی هەیە.

5: ئاکپارتی دەسەڵاتدار گرەو لەسەر بردنەوەی زۆرینەی شارەوانییەکان دەکات هەتاوەکو پێگەی خۆی بە تەواوی دابکوتێ، لە تورکیا هاوشێوەی وڵاتانی ئەوروپا شارەوانییەکان حکومەتی خۆجێی راستەقینەن و دەسەڵاتی زۆرو فراوانی یاسایی و کارگێریی و دارایی و خزمەتگوزارییان هەیە. راستیەکیش هەیە، ئەو شارەوانیانەی کە بەدەست ئاکپارتیەوەن لەلایەنی پێشکەشکردنی خزموتگوزارییەوە لە شارەوانییەکانی تر باشترن، ئاکپاریی چەکی دەستی خزمەتگوزارییەو هەوڵئەدات پارێزگاری ئەم سیحرەی خۆی بکات.

6: شارە کوردەکان بە بارێکی تایبەتدا تێدەپەرن، سەرۆکی بەشی زۆری شارەوانییەکان لەناو زیندانن و دادپەروەری وەکو یەکی هەڵبژاردن نەڕەخساوە. لەلایەکی تر هەدەپ بە بریاری دادگا هەڵوەشاوەتەوە. لەئێستایا حزبێکی تازەیان دروستکردوە بەناوی (پارتی یەکسانی گەلان و دیموکراسی) کورتکراوەکەی (دەم)ە. بە تورکی ناوەکەی (Halkların Eşitlik ve Demokrasi)یە. ئەم پارتە جگە لە کورد تارادەیەک چەپەکانی تورکیاشی لەخۆی کۆکردۆتەوە.

7: کورد لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی پێشووی تورکیا دەنگی بە کاندیدی جەهەپە دا. چاوەرێ ئەکرێ جارێکی تر کورد، تەرازوی بردنەوەی ئیستانبوڵ بەلایەکدا بخات و لە بەرژوەندی کەمال ئوغلۆ دەنگبدات و توڵە لە ئاکپارتی بکاتەوە.

8: لەڕووی سیاسییەوە، نرخی ئەم هەڵبژاردنە دیاریکردنی براوەی یەکەمە لەنێوان دوو لایەند رکابەرە تەقلیدەیەکەدا، ئەوانیش ئاکپارتی و جەهەپە، ئاکپارتی کە لۆگۆی حزبەکەی گڵۆپێکی زەردەو جەهەپەش ئاڵایەکی سور شەش تیری ئاڕاستەکراوی تێدایە کە هەر تیرێکی هێمایە بۆ دروشمێک ئەوانیش (حوکمی کۆماریی، نەتەوەیی، دەسەڵاتی دەوڵەت، میللەتگەرایی، چاکسازی، عەلمانیەتی) ئاشکرایە، جەهەپە هێشتا تاڵاوی دۆڕاندنی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی لە قورگیدایەو هەوڵئەدات تۆڵەبکاتەوەو ئەو هەڵئاوسانە داراییەی بەرۆکی ژیان و گوزەرانی خەڵکی گرتۆتەوەو تەنگ پێ هەڵچنیون، ئۆباڵەکەی بخاتە سەر شانی ئاکپارتی، بەڵام تەنگ پێهەڵجنینەکەی بە ئاکپارتی هێشتا مسۆگەری سەرکەوتنی بۆ نەکردوە. ئاشکرایە جەهەپە دوای شکستی سەرۆکایەتی خۆی رێکخستۆتەوەو سەرۆکی پێشووی حزبەکە (کەمال ئۆغلۆ) دەستی لەکارکێشاوەتەوە، لە ساڵی 2023وە (ئۆزگور ئۆزیل)ی تەمەن 49 ساڵی دەرمانساز، بۆتە سەرۆک. نازانرێ ئەم دەرمانسازە کە دەرچووی کۆلێژی دەرمانسازییە، دەرمانی دەردی دۆڕانی جەهەپەی پێیە، ئەم شەو ئەنجامەکان وەڵامەکەیمان پێ ئەڵێت.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand