مەسەلەی کورد و مەسەلەی فەلەستین

Draw Media

2024-02-11 18:03:17



مەریوان وریا قانع تایبەت بە (درەو)

لە دوو دەیەی رابوردودا، مەسەلەی فەلەستین، مەسەلەیەکی لەبیرکراوبوو، ھەم لەناو ئیسرائیل خۆی و ھەم لە جیھانی عەرەبیی و ھەم لەبەرچاوی جیهاندا بوونێکی ئەوتۆی نەمابووەوە. لەناو ئیسرائیل خۆیدا زایۆنیزمی دینیی تا دەھات بەھێزتر دەبوو، لەگەڵ بەھێزبوونیشدا خاکی فەلەستینیەکان زیاتر و زیاتر داگیردەکرا و بە شێوەیەکی بەرفروانیش جولەکەنشین دەکران. حکومەتە جیاوازەکانی ئیسرائیل لەوەدا سەرکەوتن فەلەستینییەکان بەش بەش بکەن و وابکەن ھەر یەکێکیان لە ئاوازێک بخوێنێت. تا ئەو شوێنەی ھیچ ھێزێک لە ھێزە فەلەستینییەکان رەوایەتی ئەوەی نەبێت بەناوی مەسەلەی فەلستینەوە قسەبکات و میلەتی فەلەستین بە نوێنەری راستەقینەی خۆیانی بزانن. لە ئاستی جیھانی عەرەبیدا ئیسرائیل پەیوەندیی دیپلۆماسی لەگەل بەحرێن و سودان و ئیمارات و مەغریبداکردەوە و پرۆژەی رێکەوتنامەی لەگەڵ سعودیەشدا ھەبوو. لە ئاستی جیهانیشدا ئیسرائیل پەیوەندیی لەگەڵ زۆربەی وڵاتانی جیهاندا باش بوو، بەتایبەتی لەگەڵ ئەمریکای دوای ھەڵبژاردنی ترامپدا.  ئەمریکا لەسەردەمی ترامپدا بە فەرمی خاوەندارێتی ئیسرائیلی بۆ بەرزاییەکانی جۆلان ناسیی، کە ئیسرائیل لە ساڵی ١٩٦٧دا داگیریکرد، و ھاوکات پایتەختی وڵاتەکەشی لە تەل ئەبیبەوە بۆ قودس، گواستەوە. بە کورتییەکەی وا دەردەکەوت شتێک بەناوی مەسەلەی فەلەستینەوە، نەمابێت. کەچی لە ئێستادا و دوای نزیکەی پێنج مانگ لە جەنگی تازەی نێوان ئیسرائیل و فەلەستینیەکان جارێکی تر ئەم مەسەلەیە بە سەختترین شێوە هاتۆتەوە کایە و بووە بە کێشەی ژمارە یەکی جیهان.

ھەرچی مەسەلەی کوردە، بە ھەمانشێوەی مەسەلەی فەلەستینییەکان، مەسەلەی ململانێ و خەبات و کارکردنی گەلێکە بۆ داننان بە مافە ئینسانیی و سیاسیی و نەتەوەییەکانیدا. میلەتێک لە دوای جەنگی جیھانی یەکەمەوە و لەناو ھاوکێشەیەکی دەسەڵاتی کۆلۆنیالیدا دەکرێت بە چوار کەمینیەی ئەتنیی لەناو چوار دەوڵەتی تازە دروستکراوی ناوچەکەدا. لەو رۆژەوە تا ئەمرۆ ئەو دیاردەیە لەدایکدەبێت کە ناوی ”مەسەلەی کورد“ە. جەوھەری ئەم مەسەلەیە بریتییە لە ھەوڵدان بۆ دەرچون لەو کەمینەبوون و داننەنان بە مافە نیشتیمانیی و سیاسیی و کولتوریی و ئینسانییەکانی خەڵکی کوردستاندا. وەک لەچەند نووسینێکی دیکەشدا باسمکردوە، شێوازی مامەڵەکردنی سەرەکی ئەم مەسەلەیە لەلایەن ھەر چوار دەوڵەتەکەوە، شێوازی بەئەمنیکردنی مەسەلەکە بووە. واتە نمایشکردنی مەسەلەی کورد بووە وەک ھەڕەشەیەکی ئەمنی لەسەر ئەو دەوڵەتانەی کورد لەناویاندا وەک کەمینەیەکی بێماف، نیشتەجێکراون. بەمەش چارەسەری ئەمنیی و سەربازیی بووە بە شێوازی سەرەکیی مامەڵەکردنی ئەم مەسەلەیە، کە لە سەد ساڵی رابردوودا ھەزاران ھەزار قوربانیی و وێرانەیەکی گەورە و ھەمەلایەن و  راگواستن و گرتن و ھەڵاتن و کوشتنی ژمارەیەکی گەورەی خەڵکی کوردستانی لێکەوتۆتەوە، تا بە ئەنجامدانی تاوانی جەنگ و تاوانی جینۆساید دەگات. لە دواھەمین راپۆرتیدا، رێکخراوی ھیومان رایتس ۆچ، لەشکرکێشی و پەلامارەکانی تورکیا بۆسەر ناوچە کوردییەکانی سوریا بە تاوانی جەنگ ناودەبات و پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت بەھۆی ئەو لەشکرکێشیەوە بە ملیۆنان مرۆڤ لەو ناوچانەدا لە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان بێبەشبوون. وەکچۆن لەشکرکێشیەکانی ھەمان وڵات بۆسەر ناوچە سنوورییەکانی ھەرێم و ناچارکردنی ژمارەیەکی گەورە لە گوندنشینەکان بە ھاڵاتن و جێھێشتنی ماڵەکانیان، دەچێتە چوارچێوەی ئەنجامدانی تاوانەکانی جەنگەوە.

ململانێ ی ئیسرائیل لەگەڵ فەلەستینییەکان و ململانێی تورکیا و ئێران و سوریا و عێراق لەگەڵ کورددا ململانێیەکی لاوەکیی و تێپەر نییە، شتێک نییە ئەم یان ئەو سەرۆک وەزیران و سەرۆک حکومەت دروستیانکردبێت. ململانێ لەگەڵ ئەم دوو میلەتەدا بووە بە بەشێک لە شوناسی ئیسرائیل وەک دەوڵەت و شوناسی ئەو دەوڵەتانەی کورد تیایدا وەک کەمینە دەژی. ھاوکات بووە بە بەشێک  لە شوناسی ئیسرائیلیەکان و ئێرانییەکان و تورکەکان و عێراقییەکان و سورییەکان، وەک نەتەوە. داننەنان بە فەلەستینیەکاندا وەک گەلێکی سەربەخۆو خاوەن ماف، داننەنان بە کوردیشدا بەھەمان شێوە، واتە داننەنان بە کورددا وەک میلەتێک مافی بوون و ژیانی هەیە لەسەر، لانیکەمی ئەو زەویانەی بە موڵکی خۆی دەزانێت، پشتگوێخستنی کەمترین داواکارییەکانی، پەلاماردانی بەردەوامی خاکەکەی، نیشتەجێکردنی کەسانیتر لە شوێنیان. ھەموویان ھەم ھەردوو مەسەلەکە بە زیندوویی دەھێڵنەوە، ھەم لێناگەرێن ئەو دەوڵەتانە لە دەرەوەی ئەم بێمافکردن و پەلاماردان و بەئەمنیکردنەدا ببنە خاوەنی ھیچ شوناسێکی دیکە. کاتێک ئەو دەوڵەتانە دەوڵەتی عەلمانیبوون ھەڵگری ھەمان کێشەبوون، لە ئێستاشدا کە زۆربەیان دەوڵەتی دینیی یان نیمچەدینین، ھەمان ئاکار و ھەمانجۆر مامەڵەکردنی پڕ تاوانیان، ھەیە.

ئیسرائیل لە دوو دەیەی رابوردودا ھەنگاو بە ھەنگاو گۆراوە بۆ دەوڵەتێکی دینیی، کە گروپە زایۆنیستە دینییەکان دەستنیشانی شوناسەکەی دەکەن. لە راستیدا ئیسرائیل لە سەردەمی ناتانیاهۆدا زۆر لەوە نزیکبۆتەوە ببێت بە دەوڵەتێکی دینیی دەسەڵاتگەر. ھێزێکی دینیی بەھێزی لەناودا دروستبووە خەریکی بنکۆڵکردنی دەزگا و میکانیزمە سەرەکییەکانی ئەو دیموکراسیەتەیە کە سیستمە سیاسییەکەی ئیسرائیل خاوەنی بووە. ئەوەی وڵاتەکە لەم ساتەدا بەڕێوەدەبات دین و ناسیۆنالیزمێکی داخراوە، یان وردتر بدوێین. ناسیۆنالیزمێکی دینییە کە شوێنی هیچ شتێکی تێدانابێتەوە دینیی و ناسیۆنالیستی نەبێت.  ئەو باڵە دینییەی زایۆنیزم کە باوەری تەواوی بە ”بەجولەکەکردن“ی سەرجەمی خاک و جوگرافیای فەلستینە و باوەری وایە کە خاکی فەلەستینییەکان بەشێکە لە دەوڵەتی ئیسرائیل وەک دەوڵەتێکی تایبەت بە جولەکە، باڵێکی بەھێزی ناو سیاسەت و رای گشتی ئیسرائیلە، بەجولەکەکردنی کۆی ئەو خاکانەی ئیسرائیل لە جەنگە یەک لەدوای یەکەکانیدا داگیریکردوە، بەشێکە لە باوەڕ و عەقیدی دینیی ئەم بەشە لە دانیشتوانی ئیسرائیل، ئەم بەشە دینییە توندرە و ئوسوڵییە  لە دە ساڵی دواییدا پێگەی گرنگیان لەناو سوپا و میدیا و بیرۆکراسیەتی دەوڵەتدا، وەدەستھێناوە. ئەمانە ھەموو فەلەستینیەکان وەک تیرۆرسیت دەبینن و مامەڵەدەکەن، داگیرکردنی زیاتر و زیاتری زەوی فەلەستینییەکان، ئیهانەکردن و زەلیلکردنیان بەشێکە لە سیاسەتی ئەم ھێزە دینییانەی ناو ئیسرائیل. ململانێی ناوەکیی ناو ئیسرائیل لە ئێستادا لە نێوان ئەم ھێزە دینیی و ناسیۆنالیستیانە و ھێزە لیبرال و دیموکراس و عەلمانییەکانی ئەو وڵاتەدایە. بەڵام ھەردوو بەرەکە، ھەم بەرە دینییەکە و ھەم بەرە عەلمانییەکە، کەم تا زۆر، ھەمان ھەڵوێست و ھەمان ستراتیژیەتی مامەڵەکردنیان بەرامبەر بە فەلەستینییەکان ھەیە.

ھەمان گۆرانکاریی لە ئێران و تورکیا و سوریا و عێراقیشدا ڕوویداوە و ھێزەکانی ئیسلامی سیاسیی، چ لە باڵە شیعییەکەیدا وەک لە ئێران و عێراقدا دەیبینین، یان لە باڵە سونییە ئیخوانییەکەیدا وەک لە تورکیا و سوریادا دەیبینین، لەئارادان و دیدگا و ھەڵوێست و شێوازی مامەڵەکردنیان بۆ مەسەلەی کورد ھیچی ئەوتۆی جیاواز نییە لە مامەڵەی قۆناغەکانی پێش ھاتنی ئیسلامی سیاسیی لەو وڵاتانەدا. جا چ تورکیای سەردەمی بەر لە ئەردۆغان، یان ئێرانی بەر لە خومەینی، یان سوریای بەر لە جەبھەی نوسرە و ئەحراری شام، یان عێراقی بەر لە باڵادەستی ھێزە شیعییەکان. لە ھەموو ئەم دۆخانەدا وێناکردنی مەسەلەی کورد وەک کێشەیەکی ئەمنی و مامەڵەکردنێکی سەربازییانەی ئەم مەسەلەیە، بەشی ھەرەسەرەکی شوناسی ئەو دەوڵەتانە بووە.

رەنگە یەکێک لە باشییەکانی دۆخی ئیسرائیل، بە بەراورد بە دۆخی تورکیا یان ئێران، ئەوەبێت لەناو ئیسرائیلدا هێزگەلێکی گەورە هەن، گەرچی بەرگریی لە مافی فەلستینییەکان ناکەن، بەڵام بەرگریی لە ئاکارە نادینیی و دیموکراسییەکانی سیستمە سیاسییەکەی وڵاتەکەیان، دەکەن. بەڵام دۆخێکی لەو بابەتە لەو وڵاتانەدا بوونی نییە، یان زۆر لاواز و پەراوێزییە، کە کورد لەناویاندا وەک کەمینە ئامادەیە.

لە ئێستاشدا هیچ هێمایەک لە ئارادا نییە ھێما بۆ ئەگەری گۆرانکاریی گەورە لەو دۆخەدا بکات و نیشانیبدات ئەگەری تازە و جییاواز بەڕێوەیە. ئەوەی دەکرێت لە سەرجەمی ئەم وڵاتانەدا ببینرێت، ئەگەری دروستبوون و بەھێزبوونی کۆمەڵگایەکی ”میلیتاریستی“ تر و ”ناسیۆنالیست“ تر و ”دینی“تر دەبێت.
بەڵام دیوی دووھەمی ئەم دۆخە ئەو راستییە سادەیە کە هێشتنەوەی دۆخەکە بەو شێوەیەی ئێستای، پاراستنی ئەوەی دروستکراوە و نەگۆڕینی، بەو هەموو ناهەقیی و بێمافیی و بریندارکردنە بەردەوامەی کەرامەتی مرۆڤەوە لەناویاندا، خورافەتێکی گەورەیە. مرۆڤایەتی لە قۆناغێکی گەشەکردنیدایە هێشتنەوەی بێمافیی و سەپاندنی ناهەقیی و بریندارکردنی بەردەوامی کەرامەتی مرۆڤ، تێکەڵ بە زەلیلکردن و ئیهانەکردنێکی بەردەوام، قابیلی قبووڵکردن و بەرگریلێکردن نییە.

 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand