Draw Media

جیاوازی نرخی کارەبا لە نێوان عێراق و هەرێمی کوردستان

جیاوازی نرخی کارەبا لە نێوان عێراق و هەرێمی کوردستان

2023-08-17 09:11:08


درەو:
 

ئەگەر هەر هاوبەشێکی کارەبا لە عێراق و هەرێمی کوردستان مانگانە (هەزار و 500) یەکەی کارەبا بەکاربەرێت، ئەوا؛
🔹 بۆ هاوبەشانی ماڵان لە عێراق (15 هەزار) دینار و لە هەرێم (44 هەزار 100) دینار دەدات، کە (194%) نرخەکەی لەوەی عێراق زیاترە.
🔹 بۆ هاوبەشانی کۆمەڵگاکانی نیشتەجێبوون لە عێراق (15 هەزار) دینار و لە هەرێم (234 هەزار) دینار دەدات، کە (1460%) نرخەکەی زیاترە.
🔹 بۆ هاوبەشانی بازرگانی لە عێراق (100 هەزار) دینار و لە هەرێم (234 هەزار) دینار دەدات، کە (134%) نرخەکە زیاترە.
🔹 بۆ هاوبەشانی میری لە عێراق (180 هەزار) دینار و لە هەرێم (270 هەزار) دینار دەدات، کە (50%) نرخەکەی زیاترە.
🔹 بۆ هاوبەشانی کشتوکاڵی لە عێراق (90 هەزار) دینار و لە هەرێم (54 هەزار) دینار دەدات، کە (40%) نرخەکەی کەمترە.
🔹 بۆ هاوبەشانی پیشەسازی لە عێراق (90 هەزار) دینار و لە هەرێم (180 هەزار) دینار دەدات، کە (100%) نرخەکەی زیاترە.

یەکەم؛ هاوبەشانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان
بەپێی ڕاپۆتێکی وەزارەتی کارەبا ژمارەی هاوبەشانی کارەبا لە سەرجەم پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان تا (31/12/2020) بریتی بووە لە (ملیۆنێک و 674 هەزار و 764) هاوبەشی کارەبا،  دابەشبوون بەسەر جۆرە هاوبەشەکانی (ماڵان (ماڵان و کۆمەڵگاکانی نیشتەجێبوون)، بازرگانی، پیشەسازی، کشتوکاڵ و میری) بە جۆرێک ؛ لە پارێزگای هەولێر (610 هەزار و 617) هاوبەش، لە پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە (624 هەزار و 123) هاوبەش، لە پارێزگای دهۆک (366 هەزار و 376) هاوبەش و لە ئیدارەی گەرمیان (73 هەزار و 648) هاوبەش هەیە. بێگومان لە ئێستادا ژمارەی هاوبەشانی کارەبا روی لە هەڵکشانی زیاتر کردووە، بڕوانە چارتی ژمارە (1).

 
 

دووەم؛ نرخی کارەبا لە هەرێمی کوردستان
هاوبەشانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان دابەشبوون بەسەر جۆرەکان (ماڵان، بازرگانی، پیشەسازی، کشتوکاڵ و میری)، لە ئێستاشدا بەپێی ڕێنماییەکی وەزارەتی کارەبا هاوبەشانی کۆمەڵگاکانی نیشتەجێبوون (ستییەکان)ی لە ماڵان جیاکردووەتەوە لە ڕووی پێدان و نرخی فرۆشتنی کارەبا پێیان.
پاڵپشت بە ڕێنمایی ژمارە (2)ی ساڵی (2021) وەزارەتی کارەبا، کە لە رۆژنامەی وەقائعی کوردستان ژمارە (274) لە (24/11/2021) بڵاوکراوەتەوە. بەپێی ماددەی (1) بڕگەی (5) هاوبەشانی پۆلێنکردووە بۆ؛ (ماڵان، بازرگانی، پیشەسازی، کشتوکاڵ و میری). هاوکات بە ڕێنمایی ژمارە (1)ی ساڵی (2023)ی وەزارەتی کارەبا، کە لە رۆژنامەی وەقائعی کوردستان ژمارە (306) لە (14/6/2023) هەمواری یەکەمی ڕێنمایی ژمارە (2)ی ساڵی (2021) تایبەت بە ڕێنمایی و مەرجەکانی پێدانی وزەی کارەبا بڵاوکراوەتەوە، تێیدا هاتووە بڕیارماندا بە؛ "زیادکردنی بڕگەیەک بۆ خشتەی ژمارە (5) تایبەت بە نرخەکانی کارەبا لە رێنمایی و مەرجەکانی پێدانی وزەی کارەبا ژمارە (2)ی ساڵی 2021، بەم شێوەیە دەبێت: نرخی کارەبای کۆمەڵگەکانی نیشتەجێبوون (High Cost) بە (156) دینار بۆ یەک کاتژمێر".
بەپێی ڕێنماییەکانیش نرخی کارەبا بۆ هاوبەشانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان بەم جۆرەی خوارەوە دەبێت؛
1.    هاوبەشی ماڵان
هاوبەشانی ماڵان لە هەرێمی کوردستان کە بەشی گەورەی هاوبەشانی کارەبا پێکدەهێنن، بەپێی ڕێنمایی وەزارەتی کارەبا، ئەگەر هاوبەشێک لە ماوەی مانگێکدا (1 بۆ 450) کیلۆ واتی بەکارهێنا ئەوا هەر کیلۆ واتێک لێکدانی (18) دینار دەکرێت و بەرامبەر (8 هەزار و 100) دینار دەبێت بۆ مانگێک، خۆ ئەگەر بەشداربووەکە زیاتر لە (450) کیلۆ وات تا (900) کیلۆ واتی بەکاربرد ئەوا (450) کیلۆ واتی دووەمیان لێکدانی (24) دینار دەکرێت و لەگەڵ بڕی بەکاربراوی پێشتردا کۆی نرخەکە دەگاتە (18 هەزار و 900) دینار، ئەگەر هاوبەشێکی ماڵان لە (900) کیلۆ واتە زیاتری بەکارهێنا و تا ئاستی (1500) کیلۆ وات، ئەوا دوای لێدەرکردنی (900) کیلۆ واتی پێشتر (600) کیلۆ وایتەکە نرخی هەر یەکەکی بەرز دەبێتەوە (تصاعد) دەکات بۆ (42) دینار و بەم پێیەش بڕی (25 هەزار و 200) دیناری دیکە دەچێتە سەر ئەو (18 هەزار و 900) دینارەی تر و کۆی پارەی (هەزار و 500) کلیۆ واتەکە دەگاتە (44 هەزار و 100) دینار.
پرۆسەکە بەشێوەی (تصاعد)ی بەردەوام دەبێت تا بەکاربردنی کارەبا لەلایەن هاوبەشەکەوە دەگاتە سەروو (5 هەزار) کیلۆ وات، لەم حاڵەتەدا نرخی هەر یەکەکی بەرکاربراوی کارەبا دەگاتە (180) دینار. (بۆ بەرچاو ڕونی بڕوانەی خشتەی ژمارە (1)).

2.    کۆمەڵگاکانی نیشتەجێبوون
وەک پێشتر ئاماژەمان پێدا هەمواری یەکەمی ڕێنمایی ژمارە (2)ی ساڵی (2021) وەزارەتی کارەبا تایبەت بە ڕێنمایی و مەرجەکانی پێدانی وزەی کارەبا، تێیدا هاتووە بڕیارماندا بە؛ "نرخی کارەبای کۆمەڵگەکانی نیشتەجێبوون (High Cost) بە (156) دینار بۆ یەک کاتژمێر".
بەم ڕێنماییەش بێت نرخی یەکەی کارەبا بۆ کۆمەڵگاکانی نیشتەجێبوون لە هەرێمی کوردستان جێگیر دەکرێت لە (1) کیلۆ واتەوە بۆ هەرچەندێک بێت، ئەوا بۆ هەر کیلۆ واتێک (156) دیناری لێوەدەگیرێت، بۆ نمونە ئەگەر لە مانگەکەدا هاوبەشێکی هەر کۆمەڵگایەک (هەزار و 500) یەکە بەکار بەرێت، ئەوا دەبێت بڕی (234 هەزار) دینار بدات. لەکاتێکدا هەمان ئەو بڕە کارەبایە بۆ هاوبەشی (ماڵان) بریتیە لە (44 هەزار و 100) دینار _وەک پێشتر ئاماژەمان پێدا_ واتە هەمان ئەو برە کارەبایە کە لە ستییەکاندا بەکاربراوە نرخەکەی (431%) زیاترە لەوەی لە ماڵان بەکاردەبرێت. (بۆ بەرچاو ڕونی بڕوانەی خشتەی ژمارە (1)).
3.    هاوبەشانی بازرگانی
هاوبەشانی کارەبا بۆ مەبەستی بازرگانی لە هەرێمی کوردستان جێگیرە، لە (1) کیلۆ واتەوە بۆ هەرچەندێک بێت، ئەوا بۆ هەر کیلۆ واتێک (156) دیناری لێوەدەگیرێت، بۆ نمونە ئەگەر لە مانگەکەدا هاوبەشێکی بازرگانی (هەزار و 500) یەکە بەکار بەرێت، ئەوا بڕی (234 هەزار) دیناری لێوەردەگیرێت. کە هاوتایە بەو بڕەی کە لە هاوبەشانی کۆمەڵگاکانی نیشتەجێبوون وەردەگیرێت لە هەرێمی کوردستان (بۆ بەرچاو ڕونی بڕوانەی خشتەی ژمارە (1)).
4.    هاوبەشانی میری
هاوبەشانی میری لە هەرێمی کوردستان، دیسان فرۆشتنی یەکەی کارەبا پێیان نرخەکەی جێگیرەو لە (1) کیلۆ واتەوە بۆ هەرچەندێک بێت، ئەوا بۆ هەر کیلۆ واتێک (180) دیناری لێوەدەگیرێت، بۆ نمونە ئەگەر لە مانگەکەدا هاوبەشێکی میری (هەزار و 500) یەکە بەکار بەرێت، ئەوا بڕی (270 هەزار) دیناری لێوەردەگیرێت. (بۆ بەرچاو ڕونی بڕوانەی خشتەی ژمارە (1)).
5.    هاوبەشانی کشتوکاڵی
هاوبەشانی کشتوکاڵی لە هەرێمی کوردستان، فرۆشتنی یەکەی کارەبا پێیان نرخەکەی جێگیرەو لە (1) کیلۆ واتەوە بۆ هەرچەندێک بێت، ئەوا بۆ هەر کیلۆ واتێک (36) دیناری لێوەدەگیرێت، بۆ نمونە ئەگەر لە مانگەکەدا هاوبەشێکی کشتوکاڵی (هەزار و 500) یەکە بەکار بەرێت، ئەوا بڕی (54 هەزار) دیناری لێوەردەگیرێت. (بۆ بەرچاو ڕونی بڕوانەی خشتەی ژمارە (1)).
6.    هاوبەشانی پیشەسازی
هاوبەشانی پیشەسازی تایبەتمەندی جیاوازیان پێدراوەو بە جۆرێک بەرزی (ڤۆڵتیە) دەکرێت بە پێوەر بۆ فرۆشتنی وزەی کارەبا پێیان، بە جۆرێک نرخی یەکەکان بریتی دەبن (144 دینار و 120 دینار) بۆ بەکاربردنی (1) کیلۆ واتەوە بڕی هەرچەندێک بێت. ئەگەر لە مانگەکەدا هاوبەشێکی پیشەسازی (هەزار و 500) یەکە بەکار بەرێت، ئەوا بۆ ڤۆڵتییەی بەرز بڕی (216 هەزار) دینار و بۆ ڤۆڵتییەی نزم (180 هەزار) دیناری لێوەردەگیرێت. (بۆ بەرچاو ڕونی بڕوانەی خشتەی ژمارە (1)).
 

سێیەم؛ نرخی کارەبا لە عێراق
هاوبەشانی کارەبا لە عێراق دابەشبوون بەسەر جۆرەکان (ماڵان، بازرگانی، پیشەسازی، کشتوکاڵ و میری)، بە هیچ شێوەیەک کۆمەڵگاکانی نیشتەجێبوون (ستییەکان) لە جۆری هاوبەشانی ماڵان جیانەکراونەتەوە. بەپێی ڕێنماییەکانیش نرخی کارەبا بۆ هاوبەشانی کارەبا لە عێراق بەم شێوەیەی خوارەوەن.
1.    هاوبەشی ماڵان
هاوبەشانی ماڵان لە عێراق کە بەشی شێری هاوبەشانی کارەبا پێکدەهێنن، بەپێی ڕێنمایی وەزارەتی کارەبا، ئەگەر هاوبەشێک لە ماوەی مانگێکدا (1 بۆ هەزار و 500) کیلۆ واتی بەکارهێنا، ئەوا هەر کیلۆ واتێک لێکدانی (10) دینار دەکرێت و بەرامبەر دەبێت بە (15 هەزار) دینار بۆ مانگێک، خۆ ئەگەر بەشداربووەکە زیاتر (هەزار و 500) کیلۆ وات تا (3 هەزار) کیلۆ واتی بەکاربرد ئەوا (هەزار و 500) کیلۆ واتی دووەمیان لێکدانی (35) دینار دەکرێت و لەگەڵ بڕی بەکاربراوی پێشتردا کۆی نرخەکە دەگاتە (67 هەزار و 500) دینار.
پرۆسەکە بەشێوەی (تصاعد)ی بەردەوام دەبێت تا بەکاربردنی کارەبا لەلایەن هاوبەشەکەوە دەگاتە سەروو (4 هەزار) کیلۆ وات، لەم حاڵەتەدا نرخی هەر یەکەکی بەرکاربراوی کارەبا دەگاتە (120) دینار. (بۆ بەرچاو ڕونی بڕوانەی خشتەی ژمارە (2)).
2.    هاوبەشانی بازرگانی
هاوبەشانی کارەبا بۆ مەبەستی بازرگانی لە عێراق هاوشێوەی ماڵان بە زۆری بەکاربردن نرخەکەی بەرز دەبێتەوە دوو جار (تصاعد) دەکات، بە جۆرێک؛ ئەگەر هاوبەشێک لە ماوەی مانگێکدا (1 بۆ هەزار) کیلۆ واتی بەکارهێنا ئەوا هەر کیلۆ واتێک لێکدانی (60) دینار دەکرێت و بەرامبەر دەبێت بە (60 هەزار) دینار بۆ مانگێک، خۆ ئەگەر بەشداربووەکە زیاتر لە (هەزار) کیلۆ وات تا (2 هەزار) کیلۆ واتی بەکاربرد ئەوا (هەزار) کیلۆ واتی دووەمیان لێکدانی (80) دینار دەکرێت و لەگەڵ بڕی بەکاربراوی پێشتردا کۆی نرخەکە دەگاتە (140 هەزار) دینار.
پرۆسەکە بەشێوەی (تصاعد)ی بەردەوام دەبێت تا بەکاربردنی کارەبا لەلایەن هاوبەشەکەوە دەگاتە سەروو (2 هەزار) کیلۆ وات لەم حاڵەتەدا نرخی هەر یەکەکی بەرکاربراوی کارەبا دەگاتە (120) دینار. (بۆ بەرچاو ڕونی بڕوانەی خشتەی ژمارە (2)).
3.    هاوبەشانی میری
هاوبەشانی میری لە عێراق فرۆشتنی یەکەی کارەبا پێیان نرخەکەی جێگیرەو لە (1) کیلۆ واتەوە بۆ هەرچەندێک بێت، ئەوا بۆ هەر کیلۆ واتێک (120) دینار لە هاوبەشەکە وەدەگیرێت، بۆ نمونە ئەگەر لە مانگەکەدا هاوبەشێکی میری (هەزار و 500) یەکە بەکار بەرێت، ئەوا بڕی (120 هەزار) دیناری لێوەردەگیرێت. (بۆ بەرچاو ڕونی بڕوانەی خشتەی ژمارە (2)).
4.    هاوبەشانی کشتوکاڵی
هاوبەشانی کشتوکاڵی لە عێراق فرۆشتنی یەکەی کارەبا پێیان نرخەکەی جێگیرەو لە (1) کیلۆ واتەوە بۆ هەرچەندێک بێت ئەوا بۆ هەر کیلۆ واتێک (60) دیناری لێوەدەگیرێت، بۆ نمونە ئەگەر لە مانگەکەدا هاوبەشێکی کشتوکاڵی (هەزار و 500) یەکە بەکار بەرێت، ئەوا بڕی (90 هەزار) دیناری لێوەردەگیرێت. (بۆ بەرچاو ڕونی بڕوانەی خشتەی ژمارە (2)).
5.    هاوبەشانی پیشەسازی
هاوبەشانی پیشەسازی بەبێ جیاکاری لە عێراق فرۆشتنی یەکەی کارەبا پێیان نرخەکەی جێگیرەو لە (1) کیلۆ واتەوە بۆ هەرچەندێک بێت، ئەوا بۆ هەر کیلۆ واتێک (60) دیناری لێوەدەگیرێت، بۆ نمونە ئەگەر لە مانگەکەدا هاوبەشێکی پیشەسازی (هەزار و 500) یەکە بەکار بەرێت، ئەوا بڕی (90 هەزار) دیناری لێوەردەگیرێت. (بۆ بەرچاو ڕونی بڕوانەی خشتەی ژمارە (2)).

 

چوارەم؛ جیاوازی نرخی کارەبا لە نێوان عێراق و هەرێمی کوردستان
بەشێوەیەکی گشتی جیاوازی گەورە هەیە لە نێوان عێراق هەرێمی کوردستان، لەرووی فرۆشتنی وزەی کارەباوە بە هاوبەشەکانیاین، لەم بەشەی ڕاپۆرتەکەدا بە گریمانەی ئەوەی هاوبەشانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان و عێراق ئەگەر هەریەکەیان بڕی (هەزار و 500) کیلۆ وات کارەبا بەکار بەرن، ئەوا جیاوازی کۆی نرخەکان بەم شێوەیەی لای خوارەوە دەبێت؛
1.    هاوبەشانی ماڵان لە عێراق و هەرێمی کوردستان
وەک ئاماژەمان پێدا ئەگەر هاوبەشێکی ماڵان (هەزار و 500) یەکەی کارەبای بەکارهێنا لە مانگێکدا، ئەوا لە عێراق ئەو بڕە کارەبایە بەهاکەی بریتی دەبێت لە (15 هەزار) دینار و لە هەرێمی کوردستان بریتی دەبێت لە (44 هەزار و 100) دینار و بڕی (29 هەزار و 100) دیناری بەڕێژەی (194%) نرخەکەی زیاتر دەبێت لە هەرێمی کوردستان.
خۆ ئەگەر کۆمەڵگاکانی نیشتەجێبوون بە نمونە وەربگرین، ئەوا لە عێراق هاوشێوەی ماڵانی ئاسایی کارەبایان پێ دەفرۆشرێت و بۆ بەکاربردنی (هەزار و 500) یەکە لە مانگێکدا تەنها (15 هەزار) دیناریان لێوەردەگیرێت، بەڵام لە هەرێمی کوردستان بۆ هەمان بڕی بەکاربراو بڕی (234 هەزار)یان لێوەردەگیرێت لە (219 هەزار)یان بە ڕێژەی (1460%) زیاترە لەوەی لە عێراق وەردەگیرێت.
2.    هاوبەشانی بازرگانی لە عێراق و هەرێمی کوردستان
ئەگەر هاوبەشێکی بازرگانی (هەزار و 500) یەکەی کارەبای بەکارهێنا لە مانگێکدا، ئەوا لە عێراق ئەو بڕە کارەبایە بەهاکەی بریتی دەبێت لە (100 هەزار) دینار و لە هەرێمی کوردستان بریتی دەبێت لە (234 هەزار) دینار و بڕی (134 هەزار) دیناری بەڕێژەی (134%) نرخەکەی زیاتر دەبێت لە هەرێمی کوردستان.
3.    هاوبەشانی میریی لە عێراق و هەرێمی کوردستان
ئەگەر هاوبەشێکی میریی (هەزار و 500) یەکەی کارەبای بەکارهێنا لە مانگێکدا، ئەوا لە عێراق ئەو بڕە کارەبایە بەهاکەی بریتی دەبێت لە (180 هەزار) دینار و لە هەرێمی کوردستان بریتی دەبێت لە (270 هەزار) دینار و بڕی (90 هەزار) دیناری بەڕێژەی (50%) نرخەکەی زیاتر دەبێت لە هەرێمی کوردستان.
4.    هاوبەشانی کشتوکاڵی لە عێراق و هەرێمی کوردستان
بە جیاواز لە هاوبەشەکانی دیکە ئەگەر هاوبەشێکی کشتوکاڵی (هەزار و 500) یەکەی کارەبای بەکارهێنا لە مانگێکدا، ئەوا لە عێراق ئەو بڕە کارەبایە بەهاکەی بریتی دەبێت لە (90 هەزار) دینار و لە هەرێمی کوردستان بریتی دەبێت لە (54 هەزار) دینار و بڕی (36 هەزار) دیناری بەڕێژەی (40%) نرخەکەی کەمتر دەبێت لە هەرێمی کوردستان.
5.    هاوبەشانی پیشەسازی لە عێراق و هەرێمی کوردستان
هاوبەشانی پیشەسازی لە هەرێمی کوردستان بەپێی پێدانی ڤۆڵتییەی بەرزتر نرخی یەکەکان گۆڕانکاری بەسەردێت، بۆ نمونە ئەگەر هاوبەشێکی پیشەسازی بە (11، 33، 132) کەی ڤی (هەزار و 500) یەکەی کارەبای بەکارهێنا لە مانگێکدا، ئەوا لە عێراق ئەو بڕە کارەبایە بەهاکەی بریتی دەبێت لە (90 هەزار) دینار و لە هەرێمی کوردستان بریتی دەبێت لە (180 هەزار) دینار و بڕی (90 هەزار) دیناری بەڕێژەی (100%) نرخەکەی زیاتر دەبێت لە هەرێمی کوردستان. جیاوازی نرخەکان لە (خشتەی ژمارە (3) و چارتی ژمارە (2)) رونکراوەتەوە.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand