Draw Media

سبەینێ عێراق دەكەوێتە بۆشاییەوە

سبەینێ عێراق دەكەوێتە بۆشاییەوە

2018-06-30 09:49:36


راپۆرتی شیكاری: فازل حەمەڕەفعەت
ئەمڕۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دواین رۆژی تەمەنی خولی سێیەمی بەڕێدەكات، پێناچێت وەكو ئەوەی هەندێك لایەن هەوڵیان بۆ دەدا پەرلەمان بتوانێت تەمەنی خۆی درێژبكاتەوە هاوشێوەی ئەوەی لە پەرلەمانی كوردستان رویدا.
بە گوێرەی دەستوری عێراق دەبێت (45) رۆژ بەر لە تەواوبونی خولی پەرلەمان هەڵبژاردن بەڕێوەبچێت بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانێكی نوێ، بەڵام كێشمەكێش و گومانەكان لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنی 12ی ئایاری رابردوو, حیكمەتی ئەو مادەیەی دەستوری نەهێشت، ئێستا بۆئەوەی پەرلەمانی نوێ دەستبەكاربێت و بۆشایی یاسایی دروست نەبێ، دەبێت ئەژماركردنەوەی دەستیی دەنگەكان تەواوببێت.
پێشبینی دەكرێت پرۆسەی ئەژماركردنەوەی دەستیی دەنگەكان كە هەموو سندوقەكان ناگرێتەوە و تەنیا ئەو وێستگە و بنكانە دەگرێتەوە كە تانەیان لەسەرە، ماوەی هەفتەیەك بخایەنێت، لەم روانگەیەوە هەندێك لە چاودێران پێشبینی دەكەن قۆناغی بۆشایی دەستوری لە عێراق زۆر نەخایەنێت و لەماوەیەكی دیاریكراودا پەرلەمانی نوێ دەستبەكاربێت.


بڕیارە هەستیارەكانی پەرلەمان لەم خولەدا
ئەم خولەی پەرلەمانی عێراق سەرباری ناسەقامگیری دۆخی ئەمنی و سیاسی وڵات هەندێك بڕیاری هەستیاری دەركرد كە دەكرێت لەم خاڵانەدا كورتبكرێنەوە.
یەكەم: سەندنەوەی متمانە لە (هۆشیار زێباری وەزیری دارایی- خالید عوبێدی وەزیری بەرگری) و (سەفائەدین رەبیع- سەرۆكی دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەكان) و (نەجمەدین كەریم- پارێزگاری كەركوك).
دووەم: سەندنەوەی متمانە لە سەرۆك و ئەندامانی ئەنجومەنی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان و دانانی دادوەرەكان لە شوێنیان، كە دواجاریش دادگای باڵای فیدراڵی ئەم بڕیارەی پەرلەمانی عێراقی پەسەند كرد.
سێیەم: بڕیاردان لەسەر ژماردنەوەی دەستیی دەنگەكانی هەڵبژاردنی 12ی ئایاری ئەمساڵ كە مشتومڕی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا.
موچەی پەرلەمانتاران و پەلاماردانی پەرلەمان
لەبەرامبەردا ئەم خولەی پەرلەمان رەخنەی زۆریی هاتەسەر، بەتایبەتی ئەوەی كە ژمارەیەك لە ئەندامەكانی بەتایبەتی سەرۆكی لیژنەكان تۆمەتباركران بە گەندەڵی و وەرگرتنی بەرتیل لەبەرامبەر بێدەنگبونیان لە دۆسیەكانی گەندەڵی.
موچەی پەرلەمانتارانیش هێشتا جێگەی قسەوباسە و ئەوەش كاریگەری نەرێنی لەسەر ئەدای كاری پەرلەمانی عێراق دروستكردووە.
رۆژی 30ی نیسانی 2016 پەرلەمانی عێراق دوچاری قەیرانێكی گەورە هات كاتێك هەزاران كەس لە لایەنگرانی موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر دیواری ناوچەی سەوزیان بڕی و چونە ناو بینای پەرلەمانەوە.
لایەنگرانی سەدر هۆكاری پەلاماردانی پەرلەمانیان بۆ ئەوە گەڕاندەوە كە پەرلەمان دانیشتنی تایبەت بە گۆڕانكاری وەزیرەكانی كابینەی حكومەتی داوخستووە كە بە بۆچونی ئەوان ئەو گۆڕانكارییانە ئامانج لێی چاكسازی بووە لە حكومەت، بەڵام لەبەرامبەردا هەندێك لە پەرلەمانتاران هۆكاری پەلاماردانی خۆپیشاندەرانی سەربە سەدرییان بۆ ناكۆكی نێوان لایەنە شیعەكان خۆیان دەگەڕاندەوە، هەرچۆنێك بێت لەو روداوەدا شكۆی پەرلەمان و پەرلەمانتاران شكێندرا.
 
مێژووی پەرلەمان لە عێراق
سەرەتایەكی پێویست لەبارەی مێژووی عێراقەوە
دوای جەنگی جیهانی یەكەم، وڵاتانی زلهێز هەرسێ ویلایەتی (بەغداد، بەسرە، موسڵ) یان بەپێی رێككەوتننامەی (سایكس پیكۆ) لەچوارچێوەی وڵاتێكی نوێدا بەناوی (عێراق) یەكخست.
لە رۆژی 11 ی تشرینی دووەمی 1920، عێراق بوو بە ئەندام لە كۆمەڵەی گەلان لەژێر ئینیتدابی بەریتانیادا، ئینگلیزەكان بۆ جێگیركردنی وڵاتە نوێیەكە، شۆڕشی 1920ی عێراق و شۆڕشی شێخ مەحمودی حەفیدیان لە كوردستان سەركوتكرد.
ساڵی 1921 بەسەرۆكایەتی وینستۆن چەرچڵ سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا كۆنگرەی قاهیرە بەڕێوەچوو، لەم كۆنگرەیەدا فەیسەڵی یەكەم وەكو پادشای عێراق دیاریكرا، كۆنگرەكە پێشنازی كرد ریفراندۆمێك سازبدرێت بۆ دانانی شا فەیسەڵ،  23ی ئابی 1921 فەیسەڵی یەكەم وەكو پادشای عێراق دانرا.
كانونی دووەمی 1924 كە عێراق لەژێر ئینتیدابی بەریتانیادا بوو، هەڵبژاردنێك بەڕێوەچوو بۆ دیاریكردنی ئەندامانی ئەنجومەنی دامەزراندن، ئەوە یەكەم هەڵبژاردن بوو لە مێژووی نوێی عێراقدا، شیعەكان كە دژی ئینتیدابی بەریتانیا بوون، هەڵبژاردنەكەیان بایكۆت كرد.
ئەنجومەنە هەڵبژێردراوەكە یەكەمین دەستوری بۆ عێراق نوسییەوە، تەموزی 1924 دەستوری عێراق پەسەندكرا، لە 21ی ئازاری 1925 شا فەیسەڵ دەستورەكەی ئیمزا كرد، لە دەستورەكەدا سیستمی حوكمڕانی عێراق بە سیستمی (پادشایەتی دەستوریی) دیاریكرا لەگەڵ بوونی حكومەتێكی پەرلەمانیی و دوو ئەنجومەنی یاسادانان بەمشێوەیە:
• ئەنجومەنی نوێنەران: ئەم ئەنجومەنە چوار ساڵ جارێك لەلایەن خەڵكەوە هەڵدەبژێردرێت
• ئەنجومەنی پیران (ئەعیان): ئەم ئەنجومەنە ئەندامەكانی لەلایەن پادشاوە دەدەنرا

بەشێوەیەكی گشتی مێژوونوسان مێژووی عێراق بەسەر دوو قۆناغدا دابەش دەكەن:
• قۆناغی یەكەم: رژێمی پادشایەتی 1921-1958
• قۆناغی دووەم: رژێمی كۆماریی 1958 تاوەكو ئێَستا
لە هەردوو قۆناغەكەدا چەندین پەرلەمان هەبوون كە نوێنەرایەتی گەلیان كردووە.

سەردەمی پادشایەتی و یەكەم پەرلەمان لە مێژووی عێراقدا
ساڵی 1925 یەكەمین هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە عێراق بەڕێوەچوو، بەشێوەیەكی گشتی لە قۆناغی پادشایەتیدا 16 خولی پەرلەمانی هەبووە، بەڵام هیچ یەكێك لەو پەرلەمانانە خولی یاسایی خۆیان تەواو نەكردووە و پێشوەخت هەڵوەشێندراونەتەوە جگە لە سێ خولی پەرلەمانی نەبێت، بۆ نمونە 1953 هەڵبژاردنی پەرلەمانی بەڕێوەچووە، بەڵام سەرۆك وەزیران داوای بەڕێوەچونی هەڵبژاردنی پێشوەختی كردوە‌و بەوهۆیەوە 1954 دیسان هەڵبژاردن بەڕێوەچووە، هەر هەمان ساڵ جارێكی تر هەڵبژاردن كراوەتەوە.
تاوەكو روخانی سیستمی پادشایەتی لە ساڵی 1958 لە عێراق (10) هەڵبژاردنی گشتی بەڕێوەچوو، هەر لەو ماوەیە زیاتر لە (50) حكومەت پێكهێنرا، ئەمەش نیشاندەری ناسەقامگیری دۆخی سیاسی عێراقە لەو سەردەمەدا.
لەم سەردەمەدا ئەنجومەنی نوێنەران یاخود پەرلەمان ناوی (كۆمەڵەی نیشتیمانی) لێنراوە.

سیستمی كۆماری و سەردەمی قاسم
ساڵی 1958 بە سەرۆكایەتی سەركردەكانی كودەتاكەی 14ی تەموزو ئەفسەرانی ئازادیخواز، رژێمی كۆماری راگەیەندرا، بەڵام لەم قۆناغەدا هیچ هەنگاوێك بە ئاڕاستەی پرۆسەی دیموكراتی و هەڵبژاردن سەرنەكەوت.

سەردەمی بەعسییەكان
تاوەكو كودەتای ساڵی 1963ی بەعسییەكان هیچ هەڵبژاردنێكی پەرلەمانی لە عێراق بەڕێوەنەچوو، لەسەردەمی دەسەڵاتی بەعسییەكانیشدا ژیانی دیموكراتی لە عێراق تاوەكو ساڵی 1980 بەتەواوەتی پەكیكەوت، دوای 22 ساڵ راوەستان، 1980 یەكەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی بەڕێوەچوو.
بەعسییەكان ناوی پەرلەمانیان گۆڕی بۆ (ئەنجومەنی نیشتیمانی)، ئەم ئەنجومەنە ئەندامەكانی سەربە حزبی بەعس بوون، هەرچەندە لە 1980وە رژێمی بەعس بە سەرۆكایەتی سەددام حسێن ژمارەیەك هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەنجامدا، بەڵام هیچ یەكێك لە هەڵبژاردنەكان نەیتوانی دیموكراسی لە عێراق بچەسپێنێت.
ناوی ژمارەیەك لە سەرۆكەكانی ئەنجومەنی نیشتیمانی (پەرلەمان) لەسەردەمی بەعسدا:
• نەعیم حەداد: 1980-1983
• سەعدون حەمادی: 1983-1990
• سەعدی مەهدی ساڵح: 1990- 1996
• سەعدون حەمادی: 1996-2003

دوای سەددام
ساڵی 2003 رژێمی بەعس روخێنرا، قۆناغێكی سیاسی نوێ دەستیپێكرد، مارسی 2004 ئەنجومەنی بەڕێوەبردن كە لەلایەن دەسەڵاتی كاتی هاوپەیمانانەوە دانرابوو، ئیمزای لەسەر دەستورێكی كاتی كرد، دەستورەكە داوای پێكهێنانی كۆمەڵەی نیشتیمانی ئینتیقالی كرد، بەجۆرێك تەمەنی كۆمەڵەكە لە مانگی كانونی دووەمی 2005 تێپەڕنەكات، ئەركی ئەم كۆمەڵەیە ئامادەكردنی رەشنوسی دەستورێكی نوێ بوو بۆ عێراق.
لە قۆناغی دوای سەددام حسێندا پەرلەمان ناوی لێنرا (ئەنجومەنی نوێنەران)، یەكەم هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران لە یەكی كانونی دووەمی 2005دا بەڕێوەچوو. ئیئتیلافی عێراقی یەكگرتوو هەڵبژاردنەكەی بردەوە و رێژەی 48%ی دەنگەكانی بەدەستهێنا، كە ژمارەی دەنگەكانی دەیكردە 140 كورسی لە كۆی 275 كورسی ئەنجومەنی نوێنەران.
ئیتیلافی عێراقی یەكگرتوو وەكو لایەنی براوەی هەڵبژاردنەكە دەستیكرد بە گفتوگۆكردن لەگەڵ لایەنەكان بەمەبەستی پێكهێنانی حكومەتێكی ئیئتیلافی، لەسەر بنەمای ئەو دانوستانانە، رۆژی 4ی كانونی دووەمی 2005:
• حاچم حەسەنی وەكو عەرەبێكی سوننی بە سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران هەڵبژێردرا
• هەریەكە لە حسێن شەهرستانی لە پێكهاتەی عەرەبی شیعە و عارف تەیفور لە پێكهاتەی كورد وەكو جێگرانی یەكەم و دووەمی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران هەڵبژێردران
• جەلال تاڵەبانی لەسەر پێكهاتەی كورد وەكو سەرۆك كۆماری عێراق هەڵبژێردرا
• ئیبراهیم جەعفەری لەسەر پێكهاتەی شیعە وەكو سەرۆك وەزیران هەڵبژێردرا

دەستور
15ی تشرینی یەكەمی 2005 دەستوری نوێی عێراق خرایە راپرسییەوە، بەپێی ئەو دەستورە پەیكەری پەرلەمان یاخود ئەوەی پێی دەوترێت دەسەڵاتی یاسادانان بەمشێوەیە داڕێژرا:
• ئەنجومەنی نوێنەران
• ئەنجومەنی فیدراڵ

ئێستا ژمارەی كورسییەكانی ئەنجومەنی نوێنەران (329) كورسییە كە بەشێوەیەكی راستەوخۆ لەلایەن خەڵكەوە بۆ ماوەی چوار ساڵ هەڵدەبژێردرێن، ئەركی ئەم ئەنجومەنە دەركردنی یاسا و چاودێركردنی دەسەڵاتی جێبەجێكردنە.
بەشێوەیەكی گشتی لە پاڵ رۆڵی دەركردنی یاسا و چاودێریكردن، دەستور هەندێك ماف و دەسەڵاتی تری بە ئەنجومەنی نوێنەران داوە لەوانە: 
• ئیمزاكردنی پەیماننامەكان
• دەنگدان لەسەر كاندیدەكانی دەسەڵاتی جێبەجێكردن
• هەڵبژاردنی سەرۆك وەزیران سەرۆك كۆمار
• پێدانی متمانە بە سەرۆك وەزیران و وەزیرەكان و دەستە سەربەخۆكان

ئەنجومەنی فیدراڵ
ئەم ئەنجومەنە پێكدێت لە نوێنەری هەموو ناوچەكانی وڵات، لە هەندێك لە وڵاتانی جیهان ئەم ئەنجومەنە ناوی لێنراوە ئەنجومەنی پیران، تائێستا ئەم ئەنجومەنە لە عێراق پێكنەهێنراوەو كێشەی لەسەرە.
لەدوای روخانی رژێمی بەعسەوە تائێستا ژمارەیەك هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە عێراق بەڕێوەچووە، ناوی هەندێك لە سەرۆكەكانی ئەنجومەنی نوێنەران لە قۆناغی دوای سەددام: 
• حاچم حەسەنی: 2005-2006
• مەحمود مەشهەدانی: 2006-2008
• فوئاد مەعسوم: 14ی حوزەیرانی 2010- 11ی تشرینی دووەمی 2010
• ئوسامە نوجێفی: 2010-2014
• سەلیم جبوری: 2014-2018
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand