ئابوری ڕەیعی و پرسی موچە

Draw Media

2023-08-02 09:42:49



پ.ی.د. شۆخان مەحمود حسێن *

     یەكێك لە پێداویستی و مەرجە سەرەكییەكانی ئابوورییەكی تەندروست و پشتبەخۆبەست بۆ كۆمەڵگە، بریتییە لە بوونی( خاكی بەپیت، ئاووهەوای گونجاو، پێگەی جوگرافیای ستراتیجی، هێزی مرۆیی، سیستمی حكومڕانی تەندرووست)، بەسەرنجدانێكی گشتی ئەو راستییەمان بۆ دەردەكەوێت كە زۆربەی ئەو پێكهێنەرانە لە كوردستاندا بوونیان هەیە، بەجۆرێك بەپێی زۆربەی سەرچاوەكان كوردستان لە دوو ناوچەی كویستان و گەرمیان پێكدێت ، ناوچە گەرمە سێرەکان کە چەندین گردو دەشتایی تا بڵێی بەرین وفراوانە بۆ هەموو جۆرە بەرووبوومێکی کشتوکاڵی و ئاودێری لەبارە و باشترین جۆری دانەوێڵەو میوەو سەوزەی تیابەرهەم دەهێنرێت، لەهەمانكاتدا هەڵكەوتەو شوێنی جوگرافیای ناوچەكە لەبارە بۆ بەخێوكردنی ئاژەڵ و پەلەوەر، هاوكات ناوچەیەكی گرنگە بۆ چالاكی بازرگانی، چونكە كوردستان خاوەنی جوگرافیایەكی ستراتیجییە، هەرئەمەش وایكردووە كە لە ڕابردوو ئێستاشدا ببێتە جێگەی چاوتێبڕینی وڵاتە زلهێزەكان و بۆ بەرژەوەندی بازرگانی خۆیان بەشێوەی راستەوخۆ یاخود ناڕاستەوخۆ دەستیان بەسەردا گرتووە، لەگەڵا هەموو ئەمانەشدا كوردستان بەهۆی بوونی كوێستان و دیمەنە جوانە سروشیەكانی دەكرێت بە جوانترین ناوچەی گەشتیاری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا سودی لێوەربگیرێت ، هاوكات خاوەنی دانیشتوان و هێزی مرۆییە كە لە ئێستادا نزیكەی شەش ملیۆن كەس دەبێت، كە دەكرێت خاكی بەپیت و ئاوهەوای گونجاوو شوێنی ستراتیجی كوردستان بۆ خزمەتی بەرهەمهێنان و پرۆسەی بازرگانی بەكار بهێنێت، بەڵام بەشێوەیەكی گشتی ئەوەی كەدەبێتە داینەمۆی بەگەڕخستن و پێكەوە بەستنی هەردوو هێزە سروشتی و مرۆییەكە، بریتییە لە جۆرو كوالێتی سیستمی حكومڕانی، كە كاریگەری و شوێنەواری بەهێز لەسەر سروشتی كۆمەڵگە درووست دەكات، گومانی تیانییە كە كوردستان چ لە سەردەمی حكومەتە یەك لەدوایەكەكانی عێراق و چ لەسەردەمی حكومڕانی كوردیدا خاوەنی سیستمێكی حكومڕانی تەندروست و سیستماتیك نەبووە، بەجۆرێك زیاتر لە نیو سەدە حكومەتە یەك لەدوایەكەكانی عێراق تەنها بایەخیان بە فرۆشتنی نەوت و سەرچاوە سروشتییەكان بەستووەو بایەخێكی ئەوتۆیان بە گەشەسەندنی توانای تاكەكانی كۆمەڵگەی عێراقی بەگشتی و كورد بەتایبەتی نەداوە، بەڵكو بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ كاریان لەسەر بە بەرخۆركردنی كۆمەڵگە كردووە، كە بێگومان ئەمەش مەبەست و مەغزایەكی سیاسی و ئەمنی لەپشتەوە بووە، كە هەمیشە تاكەكانی كۆمەڵگە چاو لەدەستی حكومەت و سیستم بن، بەهەمان شێوە دەسەڵاتدارانی حكومەتی هەرێمیش نەیانتوانیوە پەرە بە تواناكانی تاكی كۆمەڵگەی كوردی بدەن و زەمینە بۆ بونیادنانی پیشەسازی و ئابووری سەربەخۆ بڕەخسێنن، بەجۆرێك كە توانا مرۆییەكانی كۆمەڵگەی كوردی و ئاوو هەواو پێگە جوگرافی وخاكە بەپیتەكەی كوردستان پێكەوە گرێبدەن و تاكێكی پشتبەخۆبەستوو بەرهەم بێنن، بەڵام بەپێچەوانەوە تەنها پشتیان بە فرۆشتنی نەوت و داهاتی باج و گومرگ بەستووەو لەجیاتی ئاوەدانكردنەوەی گوندەكان و پاڵپشتیكردنی جوتیاران پەرەپێدانی كشتوكاڵ و ئاژەڵداری، ژمارەیەكی زۆر لە شوان و جوتیارانیان كردۆتە موچەخۆر، کە بەهۆیەوە سێکتەری کشتوکاڵ و ئاودێرییان شکستپێهێنا، هاوكات لەجیاتی رەخساندنی دەرفەتی گونجاو بۆ بازرگانی نشتیمانی، بەرپرسە حزبییەكان لەڕێگەی كۆمپانیا وەهمییەكانیانەوە قۆرخی بازرگانی ناوچەكەیان كردووەو دەرفەتی کاریان بۆ خەڵکی ئاسایی بەرتەسک کردۆتەوە، هەموو ئەمانەش بووەتەهۆی بەرجەستەبوونی ئابووری رەیعی و دەركەوتنی سیمای "بەرخۆر"  لە تاكەكانی كۆمەڵگەی كوردیدا، ئەم تێڕوانینەشمان لەو ڕاستییەوە سەرچاوەی گرتووە، كە زۆرێك لە تیۆرەكان ئاماژە بەوە دەكەن، هەر كۆمەڵگایەك 30-40%ی داهاتەكەی پشت بە فرۆشتنی نەوت وسەرچاوە سروشتییەكان ببەستێت، بە كۆمەڵگایەكی نیمچە "بەرخۆر" دادەنرێت، بەڵام ئەگەر 40% زیاتربوو، ئەوا بەكۆمەڵگایەكی بەرخۆر دادەنرێت، سەبارەت بە هەرێمی كوردستان بەو پێیەی كە لەدوای ساڵی 2004 وە (%85 ) داهاتەكەی پشت بەفرۆشتنی نەوت دەبەستێت و ئەوی دیكەشی لە گومرگ و باج و رسوماتەوە بەدەستی دەهێنێت،  خاوەنی ئابوریەكی فشەل و لاوازو ناجێگیرەو لە دیدگای ئابوری ناساندا بە بەرخۆر "ئابوری ڕەیعی" ئەژمار دەكرێت، چونكە داهاتەكەی لەڕێگەی بەرهەمهێنان وداهێنان و پیشەسازی و بەرهەمی ئاودێری و كشتوكاڵ و ناوخۆوە بەدەست نایەت، هەر لەبەر ئەمە بازاڕی ناوخۆو نەوت و سەرمایەی دەسەڵات لە كوردستان بەناچاری وابەستەی ئەو بازاڕ ودەسەڵاتە جیهانییە كە نرخی نەوت دیاری دەكات ئەمەش وایكردوە بونیادی ئابووری هەرێمی كوردستان لە ئاستێكی لاوازدا بێت توانای خۆڕاگری لەبەردەم كێشەو ململانێ ناوخۆیی و دەرەكیەكاندا لاواز بێت و بچوكترین پێشهات و پەرەسەندنی سیاسی و ئابووری لەناوچەكەدا كاریگەری توند لەسەر ئابووری هەرێم دروست دەكات و ناسەقامگیری ئابووری باڵ بەسەر هەرێمی كوردستاندا دەكێشێت و ئاسایشی ئابووری لەناوچەكەدا بەردەوام لە مەترسیدا دەبێت، تەنانەت موچەخۆران هیچ دڵنیاییەكان لەبارەی بڕو كات و ئایندەی موچەكانیانەوە نییە. بەتایبەتی پێشهات و پەرەسەندنە سیاسی و ئابوورییەكانی ئەم دواییەش لە نێویشیاندا پرسی بەزۆر رادەستكردنی مەلەفی نەوت و شكستهێنانی تەواوەتی ئابووری سەربەخۆ، هێندەی تر بارودۆخی ئابووری ناوچەكەی بەرەو هەڵدێر بردووەو هیچ دڵنیاییەك سەبارەت بە موچەو سەرچاوەی ژیانی تاكەكانی كۆمەڵگەی كوردی مسۆگەر نییە.      جێگەی ئاماژەپێکردنە کە لە ئێستادا هەموان بەو راستییە گەیشتوون کە نەوت سەرچاوەی ئابوورییەکی هەمیشەیی و مسۆگەر نییە و نابێتە هۆکاری بنیاتنانی ئابورییەکی بە هێز، بەتایبەتیش دوای ئەوەی کە لە ئێستادا فرۆشتن و ئیدارەدانیشی لە دەستی دەسەڵاتدارانی حکومەتی هەرێم نەماوە، هەر بۆیە کاتی ئەوە هاتووەو ، دەسەڵاتدارانی ئێستای کوردستان بە جیدی سیاسەتی ژیاندنەوەو گەشیپێدانی کەرتەکانی کشتو کاڵ  و ئاژەڵداری و سەرچاوەکانی ئاوو گەشت و گوزار کە هەموویان تەواکەری یەکدین بکاتە پلانێکی ستراتیژی، تا لە ڕێگەیەوە سیمای بەرخۆری لە كۆمەڵگەی كوردی داببڕن و تاكێكی زیندووی بەرهەمهێن پێشكەش بە كۆمەڵگە بكەن.

*مامۆستای زانکۆ\ پسپۆری کۆمەڵناسی گشتی

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand