Draw Media

چۆن بانگەشەیەکی دۆستی ژینگە بەڕێوەبەرین؟

چۆن بانگەشەیەکی دۆستی ژینگە بەڕێوەبەرین؟

2025-10-25 18:26:53


درەو:
(ئاییندەی ژینگە) گۆشەیەكی هەفتانەیە
مەعروف مەجید سەرۆكی رێكخراوی ئاییندە بۆ پاراستنی ژینگە رۆژانی شەممە بۆ (درەو) دەینوسێت

🔹 لە وڵاتێکداین، سەرەڕای ئەوەی گرفتە ژینگەییەکانی ساڵ لە دوای ساڵ ڕوو لە زیادبوون دەکەن، لەگەڵ هاتنی وادەی هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەران، پەرلەمانی کوردستان، ئەنجومەنی شارەوانییەکان، حزب و لیست و قەوارە سیاسییەکان، پەنا دەبەنە بەر بانگەشەی هەڵبژاردن، ئەویش لە ڕێگەیەک، کە هەر لەسەرەتای کارەکەوە تا کۆتایی مەترسی و گرفتن بۆ سەر ژینگە.
🔹 لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان، (6 هەزار و 464) شوێنی چاپ بوونی هەیە، لەناویشیاندا، (6) کارگەی گەورەی چاپی پەڕۆ هەن، هەر چەندە هەندێ جار کاری فلێکسیش دەکەن، ئەوانەی بە تەنها  کاری فلێکس دەکەن پلەدوون، نزیکەی (3 هەزار) چاپخانەن.
🔹 بانگەشەکانی هەڵبژاردن لە ڕێگەی فلێکس و کاغەز و پەڕۆوە، کەمترین کاریگەری لەسەر گۆڕینی بۆچوون و ئاراستەی دەنگدەر دەکات.
🔹 بۆ ئەوەی ژینگەی وڵاتەکەمان نەشێوێت و تێک نەچێت، دەتوانین بیر لە چارەسەری ژینگەییانە بۆ بانگەشەکانی هەڵبژاردن بکەینەوە، لایەنی کەم ئەگەر نەتوانین دۆستی ژینگەش بین بیر لە دانانی دەیان کارگەی ڕیسایکڵین بکەینەوە لایەنی کەم ئەو پاشماوانە کۆبکرێنەوە و جارێکی تر ڕیسایکڵ بکرێنەوە.

بانگەشەیەک بە کەل‌و پەلی دوژمنی ژینگە
سەرەڕای پێشکەوتنەکانی تەکنەلۆژیا و بوونی دەیان هۆکاری گواستەوە و گەیاندن، لە کوردستان لە ساڵی (1992)ەوەو لە عێراقیش لە ساڵی (2005)ەوە بانگەشەکانی هەڵبژاردن لە ڕێگەی فلێکس و کاغەز و پەڕۆوە ئەنجام دەدرێن. ئەوە لە کاتێکدایە، بە پێی لێکۆڵینەوە زانستییەکان کەمترین کاریگەری لەسەر گۆڕینی بۆچوون و ئاراستەی دەنگدەر دەکات و زیاتر کارێکی ڕواڵەتییە.
هەرێمی کوردستان و بانگەشەی هەڵبژاردن
چوار ساڵ جارێک لە هەرێمی کوردستان، هەڵبژاردنی پەرلەمان ئەنجام دەدرێ، هەندێ جار وادەکەشی دوادەکەوێت، لە نێوان حزب و قەوارە و کەسایەتییە سەربەخۆکان، زۆرترین فلێکس بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن بەکاردەهێنرێت، بە تایبەتی ئەگەر هەڵبژاردنەکان یەک بازنە بێت، ئەو کات بانگەشەکان لەسەر ئاستی شارەکان زیاتر گرنگی پێدەدرێت. 
(عومەر زۆرباش - سه‌رۆكى كۆمه‌ڵه‌ى چاپخانه‌كانی کوردستان) بە گۆشەی ئایندەی ژینگەی ڕاگەیاند؛ لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان، (6 هەزار و 464) شوێنی چاپ بوونی هەیە، لەناویشیاندا، (6) کارگەی گەورەی چاپی پەڕۆ هەن، هەر چەندە هەندێ جار کاری فلێکسیش دەکەن، ئەوانەی بە تەنها  کاری فلێکس دەکەن پلەدوون، نزیکەی (3 هەزار) چاپخانەن.
(سیروان حەمە مەحموود - خاوەنی یەکێک لە کارگەکانی چاپکردن)،  ئاماژە بەوە دەکات، تەنها لە کارگەکەی ئەوان بۆ شارەکانی عێراق بڕی، (ملیۆنێک) تیشێرت، (2 ملیۆن)  ملپێچ، (700 تا 800) کڵاو، (2 تا 3 ملیۆن) ئاڵا درووست کراوە.
بۆ بانگەشەی لیستی پارتیش بڕی (4 ملیۆن) ئاڵا، (250 هەزار) تیشێرت، (100 هەزار) ملپێچ، چەند هەزار کڵاوێکیش درووست کراون و ئەم ژمارەیە زیاتر دەبێت.

لیست و قەوارەکان چیان بۆ بانگەشە درووستکردووە؟
کۆمەڵی دادگەری کوردستان، لە سێ بازنە کاندیدی هەیە، لەلایەن مەکتەبی هەڵبژاردنی ئەو حزبەوە (5 هەزار) مەتر فلێکس بۆ سەرجەم بازنەکان چاپکراوە، جگە لە هەندێ کاندید بۆخۆیان فلێکسی تریان درووست کردووە.
بە پێی زانیارییەکان، ڕەوتی هەڵوێست بۆ (37) کاندید لەسەرجەم بازنەکان، هەر کاندیدێک (50) فلێکسیان بۆ درووست کراوە، لەناویشیاندا کاندید هەیە فلێکسی بۆ خۆی درووست کردووە.
دەربارەی لیستەکانی، یەکێتی و پارتی و یەکگرتوو و نەوەی نوێ، زانیارییمان دەست نەکەوت، وێڕای پەیوەندی کردن بە سەرۆکی لیست و کاندیدەکانیانەوە، بەشێک لە کاندیدەکان ئاماژەیان بەوە کرد، لەلایەن حزبەوە فلێکسیان  بۆ دابینکراوە و نازانن چیان بۆ کراوە، خۆشیان بەشێکی تریان درووست کردووە. 
بەپێی زانیارییە نافەرمییەکان، هەرێمی کوردستان، تەنیا لە بانگەشەی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان نزیکەی (3 ملیۆن) مەتر فلێکس بەکارهێنراوە.
عێراق بە گشتی: بە لەبەرچاوگرتنی ژمارەی پارێزگاکان، ژمارەی زۆری کاندید (بە تایبەت لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کە هەزاران کەس خۆیان کاندید دەکەن) و چڕی بانگەشە لە پارێزگا گەورەکانی وەک بەغدا، نەینەوا و بەسرە، پێشبینی دەکرێت ئەو ڕێژەیە لە سەرانسەری عێراقدا چەندین هێندەی ئەو ژمارەیە بێت، کە لە هەرێمی کوردستان بەکارهێنراوە، واتا چەندین ملیۆن مەتر فلێکس بەکاردەهێنرێت.
تێچووی زۆر: بەپێی هەندێک سەرچاوە، کۆی خەرجی بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن لە عێراقدا دەگاتە زیاتر لە (100 ملیار) دینار، کە بەشێکی زۆری ئەو خەرجییە بۆ چاپکردن و دانانی فلێکسەکان دەڕوات.
لە کاتی هەڵبژاردنەکانی عێراقدا، بە تایبەت لە شارە گەورەکان و ناوچە کێشە لەسەرەکان، بەکارهێنانی فلێکس و پۆستەر دەگاتە ئاستێکی زۆر، کە زیانی گەورەی ژینگەیی و شێواندنی سیمای شارەکانی لێدەکەوێتەوە.

 تێچووی دارایی فلێکسی بانگەشە
بەکارهێنانی ملیۆنەها مەتر فلێکس تێچوویەکی زۆری دەوێت، بۆ نمونە:
نرخی چاپکردن: نرخی چاپکردنی یەک مەتر چوارگۆشە لەسەر فلێکس نزیکەی (3، 5  و 6) دۆلاری ئەمریکییە، بەبێ چوارچێوە، ئەمە جگە لە نرخی ماددە خامەکان و کرێی کار.
خەرجی گشتی: بەپێی هەندێک لێکۆڵینەوەی ئابووری، پێشبینی دەکرێت کۆی ئەو پارەیەی لایەنە سیاسییەکان و کاندیدەکان بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن لە سەرانسەری عێراق خەرجی دەکەن، بگاتە زیاتر لە (100 ملیار) دینار، کە بەشێکی بەرچاوی ئەم پارەیە بۆ فلێکس و پۆستەر دەڕوات.
کرێی شوێن: زۆرجار کرێی دانانی تابلۆ گەورەکان لەسەر باڵەخانە و شوێنە گشتییە دیارەکان بۆ ماوەی بانگەشە زۆر بەرزە و دەگاتە دەیان ملیۆن دینار.

عێراق، لە یەکەم ڕۆژی بانگەشە، یەک ملیوێن وێنە و فلێکسی تێپەڕاند
ناوەندی ستراتیجی بۆ مافەکانی مرۆڤ لە عێراق ڕۆژێک دوای بانگەشەی هەڵبژاردن ئاشکرای کرد، ژمارەی وێنەی کاندیدەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە سەرانسەری پارێزگاکانی عێراق یەک ملیۆن وێنەی تێپەڕاندووە، لە ماوەی یەکەم و دووەم ڕۆژی دەستپێکردنی فەرمی بانگەشەی هەڵبژاردن.
حازم ڕوداینی، جێگری سەرۆکی سەنتەرەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا ئەوەی ئاشکراکردووە، "ژمارەی ئەو پۆستەرانەی لەسەر شەقامەکان دانراون ملیۆنێکیان تێپەڕاندووە، کە زۆرینەی ئەو پۆستەرانە لە دیوی ڕەسافەی بەغدای پایتەخت بوون". بەغدا گەورەترین بازنەی هەڵبژاردنی هەیە، بە لەبەرچاوگرتنی ژمارەی دانیشتوانی پایتەخت کە زیاتر لە (9 ملیۆن) کەسە و زیاتر لە نیوەی ئەو ژمارەیە لە دیوی ڕەسافەی شارەکە نیشتەجێن.
روداینی پێشبینی زیادبوونی ژمارەی پۆستەر و بانگەشەی ڕیکلامی کرد لەگەڵ نزیکبوونەوەی کۆتا ڕۆژی بانگەشەی هەڵبژاردن.

زیانە ژینگەییەکانی پاشماوەی فلێکس
بەکارهێنانی فلێکس و پۆستەری زۆر، کاریگەرییەکی نەرێنی گەورەی لەسەر ژینگە و سیمای شارەکان هەیە:
ماددەی ژەهراوPVC) : ) ماددەی سەرەکی فلێکس، کە بریتییە لەPolyvinyl Chloride - PVC)) ماددەیەکی ژەهراوییە. کاتێک دەسووتێندرێت، گازی ژەهراوی دەردەدات، کە مەترسی تووشبوون بە شێرپەنجە و نەخۆشییەکانی هەناسە زیاد دەکات.
پیسبوونی ژینگە: دوای کۆتاییهاتنی بانگەشەکان، ئەو فلێکس و پۆستەرانە وەک پاشماوەیەکی زۆر دەمێننەوە. زۆرجار بە شێوەیەکی نادروست فڕێدەدرێن یان دەسووتێندرێن، کە دەبێتە هۆی پیسکردنی زەوی و ژینگە.
پیسبوونی هەوا: لە کاتی سووتاندنی گازی ژەهراوی وەک دووەم ئۆکسیدی کاربۆن و کلۆر و دایۆکسین و فۆسجین دەردەکەن، کە هەوا پیس دەکەن و کاریگەری نەرێنی لەسەر تەندروستی هەناسەدان دروست دەکەن.
پیسبوونی خاک و ئاو: پلاستیکەکان زۆر بە هێواشی شی دەبنەوە و خاک و ئاوی سەرزەوی پیس دەکەن، کە لەوێدا ماددە کیمیاییە ژەهراویەکان و مایکرۆپلاستیکەکان دەتوانن بچنە ناویانەوە.
کاریگەری لەسەر ژیانی دەریایی: پاشماوەی فلیکس لە زەریاکاندا کۆدەبێتەوە، لەوێدا دەخورێت یان بە زیندەوەرە دەریاییەکانەوە دەلکێت، ئەمەش زیان بە ئیکۆسیستەمی دەریایی دەگەیەنێت.
شێواندنی دیمەنە سروشتییەکان: پلاستیک بە ئاسانی بەهەڵم نابێت، دیمەنی شارەکان دەشێوێنێت و سەرنجڕاکێشی بینینیان کەمدەکاتەوە.
کاریگەری لەسەر بەرهەمە کشتوکاڵییەکان: دەتوانێت چینێکی عەزلی بەسەر خاکدا دروست بکات، کاریگەری لەسەر گەشەی ڕووەکەکان و بەپیتی خاک دەبێت.
کاریگەری لەسەر جۆراوجۆری زیندوو: پاشماوەی پلاستیک دەتوانێت سوڕی ژیانی سروشتی ئاژەڵان تێکبدات، وەک پرۆسەی زاوزێ، ئەمەش دەبێتە هۆی تێکچوونی زنجیرە خۆراکییەکان.

شێوازەکانی فڕێدانی مەترسیدار
سووتاندن: زیانبەخشترین ڕێگایە، بەو پێیەی پیسکەری زیانبەخش و گازی ژەهراوی دەخاتە هەوا.
زبڵدان: پاشماوە بۆ سەدان ساڵ لە زبڵدانەکاندا دەمێنێتەوە، ئەمەش بەشدارە لە پیسبوونی خاک و ئاوی ژێر زەوی و مەترسی لەسەر تەندروستی گشتی و ژینگە دروست دەکات.

بانگەشەی هەڵبژاردنی دۆستی ژینگە چۆنە؟
پاڵنەرەکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی دۆستی ژینگە، بزووتنەوەیەکی گەشەسەندووە، کە چارەسەری ئەو پاشەڕۆ و شوێنپێی کاربۆنی بەرچاو دەکات، کە بەهۆی شێوازە تەقلیدییەکانی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانەوە دروست دەبن، لە ئێستادا لە وڵاتە پێشکەوتووەکان کاری لەسەر دەکرێت.
دەستپێشخەری سەرەکی بۆ "هەڵبژاردنی سەوز"
ڕێبازی "هەڵبژاردنی سەوز" تیشکدەخاتە سەر کەمکردنەوەی کاریگەرییە ژینگەییەکانی تەواوی پرۆسەی هەڵبژاردن. بوارە سەرەکییەکانی گرنگیدان بریتین لە:
کەمکردنەوەی پاشماوەی پلاستیک و کاغەز: هەوڵ بدرێت کەمترین بەکارهێنانی ماددە زیندووەکان وەکو پلاستیکەکانی تاک بەکارهێنانSUP) ) لە بانەر و پۆستەر و ئامرازەکانی تری هەڵمەتی هەڵبژاردنەکاندا، کە زۆرجار دوای هەڵبژاردنەکان دەبنە پاشماوەی بەڕێوەنەچوو.
پێشخستنی بەکارهێنانی کاغەزی ڕیسایکل کراو، ئاڵای قوماش، کەرەستەی دووبارە بەکارهێنەرەوە وەک بەدیل.
هاندانی دیجیتاڵکردنی پرۆسەکانی ناوخۆ لەناو دەستەکانی بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنەکان و پارتە سیاسییەکان، بۆ کەمکردنەوەی بەکارهێنانی کاغەزی چاپی نوێ.
گواستنەوە بۆ کەمپەینی دیجیتاڵی: بەکارهێنانی پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکان (ماڵپەڕ، سۆشیال میدیا، ئیمەیڵ، شاشەی ڤیدیۆی گشتی) بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردن، ئەمەش پێویستی بە کەرەستەی فیزیکی و بەفیڕۆدان و تێچووی پەیوەندیدار کەمدەکاتەوە.
کەمکردنەوەی شوێنپێی کاربۆن: هاندانی کەمکردنەوەی گەشتکردن بە ئۆتۆمبێل بۆ گەشتەکانی هەڵمەتی هەڵبژاردن و دانانی ڕەقەمی پاسکیل لە ئۆفیسەکاندا بۆ کەمکردنەوەی دەردانی گازی ژەهراوی ئۆتۆمبێل.
بەکارهێنانی ئامێری دەنگدانی ئەلیکترۆنی EVM)) لە هەندێک وڵاتدا وەک بژاردەیەکی دۆستی ژینگە سەیر دەکرێت کە ملیۆنان تۆن کاغەز پاشەکەوت دەکات.
تەنانەت هەندێک لایەن بەدواداچوونیان بۆ دەردانی کاربۆنی هەڵمەتەکەیان کردووە (لە ئۆتۆمبێل و کارەباوە) و دواتر بە چاندنی نەمام قەرەبوویان کردووەتەوە.
بە کورتی، بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی دۆستی ژینگە هەم هەوڵی ناوخۆیی بۆ کەمکردنەوەی شوێنپێی ئیکۆلۆژی خودی هەڵمەتەکان و هەم هەوڵی دەرەکی بۆ دڵنیابوون لە سیاسەتەکانی ژینگە و کەشوهەوا ناوەندی مشتومڕی سیاسی گشتی و کارنامەی یاسادانان لەخۆدەگرێت.
لە کۆتایدا، ئێمەش دەتوانین وەکو هەر وڵاتێکی تر بۆ ئەوەی ژینگەی وڵاتەکەمان نەشێوێت و تێک نەچێت، بیر لە چارەسەری ژینگەییانە بۆ بانگەشەکانی هەڵبژاردن بکەینەوە، لایەنی کەم ئەگەر نەتوانین دۆستی ژینگەش بین بیر لە دانانی دەیان کارگەی ڕیسایکڵین بکەینەوە لایەنی کەم ئەو پاشماوانە کۆبکرێنەوە و جارێکی تر ڕیسایکڵ بکرێنەوە.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand