لاهور شێخ جەنگی "لیستی گەل" رادەگەیەنێت

Draw Media

2023-06-24 20:30:15




درەو:
لاهور شێخ جەنگی "لیستی گەل" بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان رادەیەگەیەنێت و پرۆژەك بۆ یەك لیستی لایەنە كوردیەكان دەداتە حزبەكانی كوردستان.
بە پێی بەدواداچوونەكانی (درەو) لاهور شێخ جەنگی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق كە بڕیارە 18ی كانونی یەكەمی 2023 بەڕێوە بچێت، پرۆژەیەكی داوەتە حزبە كوردستانیەكان، بۆ یەك لیستی و یەك دەنگی كورد لە ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان، تا ئێستا پرۆژەكە دراوەتەوە (بزوتنەوەی گۆڕان، كۆمەڵی دادگەری، یەكگرتووی ئیسلامی) و بڕیارە ئەو پرۆژەیە بدرێتە حزبەكانی دیكەش لەناویاندا پارتی و یەكێتی.
سەرچاوەیەك لە كۆمەڵی دادگەری بە (درەو)ی راگەیاند: پرۆژەكەی لاهور شێخ جەنگی گەیشتووەتە دەستمان كە تایبەتە بە یەك لیستی و یەكگرتوویی لایەنە كوردیەكان لە ناوچەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان.   
(درەو) زانیویەتی لاهور شێخ جەنگی چاوەڕێی وەڵامی لایەنە سیاسیەكان دەكات بۆ بەدەمەچوونی پرۆژەكەی كە پێی وایە دۆخی كورد لە ئێستادا لەناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی هەرێم خراپەو پێویستی بەیەك دەنگی و یەك لیستی لایەنەكان هەیە، ئەگەر لایەنەكان بەدەم پرۆژەكەیەوە نەهاتن ئەوا لاهور شێخ جەنگی بەناوی "لیستی گەل"ەوە بەشدار دەبێت لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق لە كەركوك و ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی هەرێم.
(درەو) پەیوەندی كرد بە شادمان مەلا حەسەن سەركردەی نزیك لە لاهور شێخ جەنگی، شادمان مەلا حەسەن زانیارییەكانی (درەو)ی سەبارەت بە پرۆژەكەی لاهور شێخ جەنگی پشت راست كردەوە.
بڕیارە لە 18ی كانونی یەكەمی 2023 هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق جگە لە سێ پارێزگاكەی هەرێم بەڕێوە بچێت، كورد لە پارێزگاكانی (كەركوك، نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە) لیستی دەبێت بەڵام تا ئێستا لایەنە كوردییەكان هیچ پلان و پرۆژەیەكی راگەیەندراویان بۆ چۆنیەتی بەرێوەچوونی هەڵبژاردنەكان و شێوازی بەشداری لایەنە كوردییەكان نەبووە.
لەو پارێزگایانەی كە دەكەونە ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان كێ بەركێ لەسەر (71) كورسی ئەنجومەنی پارێزگایە لە نێوان پێكهاتە جیاوازەكان لە (كورد، عەرەب، توركمان) سەرەڕای پێكهاتەكان.
•     بۆ پارێزگای كەركوك: 15 كورسی دانراوە
•    بۆ پارێزگای نەینەوا: 26 كورسی دانراوە
•    بۆ پارێزگای سەڵاحەدین: 15 كورسی دانراوە
•    بۆ پارێزگای دیالە: 15 كورسی دانراوە

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand