ئەو میللەتەی هیچ میللەتێ لە ڕەنگی نییە؟

2023-03-20 06:58:35



د. شێركۆ عەبدوڵا تایبەت بە (درەو)

‎۱- ئێمە ئەلعان کە سەدەی بیست و یەکی ئیستۆکە ناتوانین لە دڵی بێ کامێراو میکرۆفۆنی خۆشماندا نەرمە گلەییەک لە هیچ مەنسولێک بکەین کەچی لەسەدەی نۆو چارەکدا خەڵکی کوزەی ئیتاڵیا قانون مەجبوری کردبون، لە ڕووتان بە گوڵاو بێ، پاشگری گوو بنێن بە ناوی هەر کاربەدەستێکەوە جورئەت بکات یەک زەڕە پێی خوار دابنێ.
‎۲ـ ماکیاڤیلی ڕەحمەتی لە ساڵی ۱٥۱۳ فەرمویەتی شەعبی سویسرا ئازادن چوکم عمومەن چەکیان هەیە، ئێمە ماڵ نییە ئاڕپی جییەکی تیا نەبێ کەچی نەک ئازاد بەڵکو نەوزادیش نین.
‎۳- ڤۆڵتێر ئەفەندی کە باسی ڕوسیا ئەکات ئێژێ حکومەتێکە هێزی چەکداری هەیە، ئەم هەرێمە ئاگر تێبەربووەی خۆمان بە عەکسەوەیە: هێزی چەکدارەو عکومەتی هەن.
‎٤ـ لە وڵاتانی دنیادا فەوزای سیاسی/ کۆمەڵایەتی سەرکردەی مێژوویی دروست ئەکات، ئێمە بەو حەمکە بێسەروبەرییەوە بۆ ڕەزاشایەکی علوج ئەچین بە عاسمانداو خوا پێمانی عەتا ناکات.
‎٥ـ تاقە میلەتین لە کورەی عەرزا کە ئینسانی هاووڵاتیمان نییە کەچی ماڵپەڕی هاوڵاتیمان هەیە.
‎٦ـ گوێم لە ئیبن مەسئولێکی کۆمپانیاچی بوو ئەیگو ئیبن خەلدون ئەوەندە ساویلکەیە ئەڵێ ئەگەر میرو شازادەکان خوو بدەنە تیجارەت ئەوا ئیتر بەهارە، عەفو ئەوا ڕەعیەت لێیان بێزار ئەبێ، ئەرێ کوڕینە ڕاست ئەکا؟
‎۷ـ تۆماس جیفرسۆن شەکرێکی سەیری شکاندوە. ئەڵێ قەت خوا ئەوەمان لەگەڵدا نەکات کە نەتوانین بیست ساڵ جارێک شۆڕشێک بەرپا بکەین و کۆنە هینەکان و هینە کۆنەکان ڕابماڵین. ئەگەر ڕاست ئەکات با بێت شەش مانگ لێرە بژی، بزانە وەکو کابراکە ناڵێ وانێکی عالەم بە هینمان بۆ ڕاپەڕینێ کردمان.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand