Draw Media

باڵێكی یەكێتی هەوڵی رێككەوتنی گۆڕان و بەرهەم ساڵح دەدات

باڵێكی یەكێتی هەوڵی رێككەوتنی گۆڕان و بەرهەم ساڵح دەدات

2018-06-19 15:22:03


(درەو میدیا): 
لە ماڵی بەرپرسێكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان باڵێكی یەكێتی لەگەڵ وەفدێكی بزوتنەوەی گۆڕان كۆبونەتەوە، دەیانەوێت هاوپەیمانی لە نێوان گۆڕان و بەرهەم ساڵح پێكبهێنرێت.
سبەینێ وادەی تۆماركردنی ناوی هاوپەیمانێتی بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كۆتایی دێت كە بڕیارە رۆژی 30 ی ئەیلول بەڕێوەبچێت، ئەگەر وادەكەی درێژنەكرێتەوە.
تائێستا یەك هاوپەیمانێتی لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی كوردستان تۆماركراوە كە ئەویش هاوپەیمانێتی نێوان حزبی سۆسیال دیموكراتی كوردستان و پارتی كرێكاران و رەنجدەرانی كوردستان و یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستانە بە ناوی "لیستی سەردەم".


باڵێكی یەكێتی نێوەندگیری دەكات
لەدواین هەوڵدا كە پێناچێت هیچ ئەنجامێكی ئەوتۆی لێبكەوێتەوە، باڵێكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان كە نزیكن لە بەرهەم ساڵحەوە، بەناوی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەرییەوە سەرقاڵی گفتوگۆ و دانوستانن لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان.
شەوی دووشەممە لە ماڵی ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە سلێمانی وەفدێكی بزوتنەوەی گۆڕان چاوی بە ژمارەیەك سەركردەی یەكێتی كەوت.
(درەو میدیا) زانیویەتی: وەفدەكەی بزووتنەوەی گۆڕان پێكهاتووە لە هەریەكە (مستەفا سەید قادر، یوسف محەمەد و كوڕەكانی نەوشیروان مستەفاو شوناس شێركۆ جدی)، وەفدی بەرامبەر پێكهاتوون لە ( بەرزان ئەحمەد كوردە و مەحمود سەنگاوی و حامید حاجی غالی).
لە كۆبونەوەكەدا ئەو سەركردانەی یەكێتی لەگەڵ وەفدەكەی بزوتنەوەی گۆڕان گفتوگۆیان كردووە لەبارەی پێكهێنانی هاوپەیمانێتییەك لە نێوان بزوتنەوەی گۆڕان و هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری كە بەرهەم ساڵح سەرۆكایەتی دەكات.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، ئەمە دووەمجارە ئەو وەفدەی بزوتنەوەی گۆڕان كۆبونەوە دەكات لەبارەی پرسی پێكهێنانی هاوپەیمانێتی لەگەڵ بەرهەم ساڵح.
ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەندامانی وەفدەكەی بزوتنەوەی گۆڕان هیچ یەكێكیان پۆستی فەرمی حزبییان لەناو گۆڕاندا نییە و وەفدی بەرامبەریش كە بەناوی هاوپەیمانییەوە دانوستانیان كردووە هیچ یەكێكیان بە فەرمی ئەندامی ئەو هاوپەیمانێتییە نین و تائێستا سەربە یەكێتی نیشتمانی كوردستانن، دانیشتنەكان هیچ ئەنجامێكی لێنەكەوتوەتەوە.
لەبەرامبەر ئەم هەوڵانەدا، ماڵی تاڵەبانی لەرێگەی ژمارەیەك كارەكتەری بزوتنەوەی گۆڕانەوە فشار لە گۆڕان دەكەن بۆ ئەوەی هاوپەیمانێتی لەگەڵ بەرهەم ساڵح نەكات، لە چەند رۆژی رابردوودا بەرپرسێكی باڵای بزوتنەوەی گۆڕان لەگەڵ ماڵی تاڵەبانی كۆبوەتەوە.
لەگەڵ نزیكبونەوەی وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، لایەنە سیاسییەكانی هەرێم جموجوڵەكانیان چڕكردوەتەوە بە مەبەستی پێكهێنانی هاوپەیمانێتی، دیارترین ئەو لایەنانەش كە ئەگەری نزیكبونەوەیان هەیە بۆ ئەو هەڵبژاردنە بریتین لە هەریەكە لە بزوتنەوەی گۆڕان و هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری، كە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 12ی ئایاری رابردوو لە ناوچە جێناكۆكەكان بە لیستێكی هاوبەش لەگەڵ كۆمەڵی ئیسلامیی بەشدارییان كرد بەناوی (لیستی نیشتمان).
بەشێوەیەكی گشتی ئەوەی ئێستا دیارە، هەوڵدانە بۆ نزیكبونەوەی نێوان بزوتنەوەی گۆڕان و هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری، لەبارەی شێوازی نزیكبونەوەی ئەم دوو هێزە باس لە سێ سیناریۆ دەكرێت:
سیناریۆی یەكەم: پێكهێنانی هاوپەیمانێتییەكی گەورەتر لەنێوان (گۆڕان- هاوپەیمانی- كۆمەڵی ئیسلامی- یەكگرتووی ئیسلامی).
سیناریۆی دووەم: هاوپەیمانێتی نێوان بزوتنەوەی گۆڕان و هاوپەیمانی بەر لە هەڵبژاردن.
سیناریۆی سێیەم: هاوپەیمانێتی نێوان بزوتنەوەی گۆڕان و هاوپەیمانی دوای هەڵبژاردن
بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، سیناریۆی یەكەم شكستیهێناوە، ئەوەی ئەگەری رودانی بەهێزە تەنیا سیناریۆی سێیەمە.

شیوعی و تەڤگەری ئازادی چاویان لە هاوپەیمانێتییە لەگەڵ گۆڕان
هاوكات چەند لایەنێكی تریش جموجوڵیان دەستپێكردووە بە مەبەستی پێكهێنانی هاوپەیمانێتی، ئەمڕۆ وەفدێكی حزبی شیوعی بەمەبەستی یەك لیستی لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، سەردانی گردی زەرگەتەی كرد لە سلێمانی.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، لەو كۆبونەوەیەدا وەفدی حزبی شیوعی داوای پێكهێنانی هاوپەیمانێتییان لە بزوتنەوەی گۆڕان كردووە بۆ هەڵبژاردنی كوردستان، بەڵام ئەم پرسە هێشتا لە ناو بزوتنەوەی گۆڕان یەكلانەبوەتەوە و بەشێوەیەكی گشتی لەناو بزوتنەوەی گۆڕان دوو بۆچون هەیە لەبارەی هاوپەیمانێتیكردنەوە، بۆچونی یەكەم داوادەكات هاوپەیمانێتی لەگەڵ لایەنەكان بەر لە هەڵبژاردن بكرێت، بۆچونی دووەم داوادەكات هاوپەیمانێتی بۆ دوای هەڵبژاردن دوابخرێت و جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان كە بڕیاری كۆتایی دەدات هێشتا كۆنەبوەتەوە، سەرباری ئەوەش عومەر سەید عەلی رێكخەری گشتی بزوتنەوەكە ئێستا بەسەردانێك لە دەرەوەی وڵاتە.
لەلایەكی ترەوە وەفدێكی تەڤگەری ئازادی كوردستان كە وەك باڵی سیاسی پەكەكە لە باشووری كوردستات تەماشادەكرێت سەردانی بزوتنەوەی گۆڕانیان كردووە و داوای هاوپەیمانێتیان كردووە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان. 
پێشتر بۆ هەڵبژاردنی 12ی ئایار تەڤگەری ئازادی لەگەڵ نەوەی نوێ بەیەك لیست بەشداری هەڵبژاردنی كرد، هەندێك لە سەركردەكانی تەڤگەر باسیان لەوەكرد كە پێشتر هەوڵیانداوە لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان بەشداری هەڵبژاردن بكەن بەڵام گۆڕان رەتیكردوەتەوە. 

پارتی چی دەكات ؟
پارتی دیموكراتی كوردستان كە لە هەڵبژاردنی 12ی ئایاری پەرلەمانی عێراق لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان پلەی یەكەمی بەدەستهێنا، تائێستا هیچ هاوپەیمانێتییەكی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان نەكردووە، بەڵام جموجوڵی دەستپێكردووە و بەپێی زانیاریی (درەو میدیا) پارتی بەشێوەی كەسی پەیوەندی لەگەڵ هەندێك لە كاراكتەرەكانی بزوتنەوەی گۆڕان و هەندێك كاراكتەری ناو یەكێتی چڕكردوەتەوە و زانیاری هەیە پارتی خوازیاری دروستبونی بەدیلێكە بۆ ماڵی تاڵەبانی، ریشەی ئەم بابەتەش دەگەڕێتەوە بۆ پرسی ریفراندۆم و رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر.

یەكێتی بە تەنیا دەچێتە هەڵبژاردنەوە
یەكێتی نیشتمانی كوردستان كە تۆمەتباردەكرێت بە ساختەكردنی ئەنجامی هەڵبژاردنی 12ی ئایار، چانسی هاوپەیمانێتیكردنی لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان و هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری و كۆمەڵی ئیسلامی و یەكگرتووی ئیسلامی نییە، بۆیە لە هەموو ئەگەرەكاندا یەكێتی بە تەنیا دەچێتە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی كوردستانەوە، بەڵام ژمارەیەك لە سەركردەكانی یەكێتی كار بۆ ئەوەدەكەن دوای هەڵبژاردن هاوپەیمانێتی لەگەڵ پارتی بكەن بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی داهاتووی هەرێم و سەرلەنوێ دابەشكردنەوەی پۆستەكان.


كۆمەڵ راپرسی دەكات
كۆمەڵی ئیسلامی كە بۆ هەڵبژاردنی 12ی ئایاری پەرلەمانی عێراق لیستی هاوبەشی لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان و هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری هەبوو لە ناوچە جێناكۆكەكان، ئێستا لەناو ئەندامەكانیدا راپرسی دەكات سەبارەت بە هاوپەیمانێتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان.
سەرچاوەیەكی ئاگادار لەناو كۆمەڵی ئیسلامی كە خۆی داوایكرد ناوەكەی بڵاونەكرێتەوە بە (درەو میدیا) وت: بۆچونی زۆرینەی ئەندامانی كۆمەڵ ئەوەیە لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان هاوپەیمانێتی بكرێت، هاوپەیمانێتی لەگەڵ یەكگرتووی ئیسلامی و بزوتنەوەی ئیسلامی رەتدەكرێتەوە، هاوپەیمانێتیش لەگەڵ بەرهەم ساڵح بۆچونی جیاوازی لەسەرە.


یەكگرتوو بڕیاری نەداوە
یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە هەموو هێزەكانی تر زیاتر خواستی هاوپەیمانێتیكردنی هەیە بەتایبەتیش لەگەڵ ئەو لایەنانەی كە نیگەرانن لە ئەنجامی هەڵبژاردنی 12ی ئایار، بەرپرسانی یەكگرتوو لە كۆبونەوەكانی ئەمدواییەیاندا بەڕوونی ئەو خواستەیان نیشانداوە، بەڵام هیچ وەڵامێكی ئەرێنی و راشكاویان لەوبارەیەوە لەلایەنەكانی تر وەرنەگرتووە بەتایبەتی بزوتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی.
یەكگرتووی ئیسلامی بۆ هەڵبژاردنی 12ی ئایاری پەرلەمانی عێراق بە لیستی هاوبەش لەگەڵ بزوتنەوەی ئیسلامی بەشداری كرد، وەك خۆیان پێشتر باسیانكردووە بڕیارە ئەم هاوپەیمانێتییە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانیش بەردەوام بێت.


نەوەی نوێ هاوپەیمانێتی ناكات
نەوەی نوێ كە لە هەڵبژاردنی 12ی ئایاردا لەگەڵ تەڤگەری ئازادی بەشداری هەڵبژاردنی كرد، بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەنیازە بەتەنها بەشداری هەڵبژاردن بكات نەچێتە هیچ هاوپەیمانێتیەكەوە، بەتایبەتیش لە كاتێكدا تائێستا تەڤگەری ئازادی بڕیاری خۆی یەكلانەكردوەتەوە كە لەگەڵ نەوەی نوێ بەشداری هەڵبژاردن دەكات یاخود بەتەنها دەچێتە هەڵبژاردنەوە.  


حزبەكان دەیانەوێت خۆیان نوێ بكەنەوە
سەرباری هەوڵەكان لە دەرەوە بەمەبەستی پێكهێنانی هاوپەیمانێتی، هەندێك لە حزبەكان دەیانەوێت پێش هەڵبژاردنەكەی كوردستان لەسەر ئاستی ناوخۆیی چارەسەری قەیرانی خۆیان بكەن، لەوانە یەكێتی نیشتمانی كە هەندێك بانگەشەی ئەوەدەكەن بەر لە هەڵبژاردن یەكێتی كۆنگرە سازبكات، ئەمە لە كاتێكدایە یەكێتی هەندێك گۆڕانكاریی لە پۆستە باڵاكانیدا كردووە بەتایبەتیش لە مەڵبەندەكان.
لەناو بزوتنەوەی گۆڕانیش هەوڵێك هەیە بۆئەوەی بەر لە هەڵبژاردن كۆبونەوەی جڤاتی نیشتمانی بكرێت لەبارەی كێشە ناوخۆییەكان و چارەسەركردنیان.
هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەریش كە بەرهەم ساڵح سەرۆكایەتی دەكات و نوێترین پارتە لەسەر گۆڕەپانی سیاسی هەرێم، ئێستا لە هەوڵی خۆرێكخستنەوەدایە.
پارتی دیموكراتی كوردستانیش بەمدواییە هەندێك گۆڕانكاری كرد لە بەرپرسی لقەكانیدا.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand