سودانی: عێراق ساڵانە(10)تريلیۆن دینار بۆ كڕینی غاز تەرخاندەكات

Draw Media

2023-02-21 20:33:41



درەو:

عێراق گرێبەستی كۆتایی گەڕی مۆڵەتپێدانی پێنجەمی واژوكرد, كە چاوەڕواندەكرێت تێكڕای بەرهەمی ڕۆژانەی نەوتی بۆ (250) هەزار بەرمیل بەرزببێتەوەو, بەرهەمی غازیشی بگاتە زیاتر لە(800) ملیۆن پێ سێجا, سودانی لەئاهەنگی واژوكردنەكەدا وتی: جێگەی داخە, دواكەوتنی گەڕی پێنجەم بۆ ماوەی (5) ساڵ, زیانێكی گەورەی ئابوری و ژینگەیی بەعێراق گەیاند. 

ئەمڕۆ عێراق, واژوكردنی كۆتایی گرێبەستی گەڕی پێنجەمی مۆڵەتپێدانەكانی ڕاگەیاند, كە تایبەتە بەناوچەو كێڵگە سنورییەكان و, كاردەكات لەسەر بەرزكردنەوەی تێكڕای بەرهەمی ڕۆژانەی نەوت بۆ (250)هەزار بەرمیل و, (800) ملیۆن پێ سێجا غازی ڕۆژانە. 
محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق, لەئاهەنگی واژوكردنەكەدا ڕایگەیاند: "دواكەوتنی گەڕی مۆڵەتپێدانی پێنجەم بۆ ماوەی (5)ساڵ, زیانێكی گەورەی دارایی بەعێراق گەیاندو زیانێكی ژینگەیەی جێی داخی هەبووە", جەختیشكرد لەسەر ئەوەی"ڕووكردنە وەبەرهێنانی غازی هاوەڵ و غازی سروشتی, لەقوڵایی قەناعەتێكی چەسپاوەوە سەرچاوەی گرتووە, بۆ بەدیهێنانی چاكسازی ئابوری كە تەوەرێكی بنەڕەتی پرۆگرامی حكومەت پێكدەهێنێت".  
سودانی ڕونیشكردەوە: " هاوردەكردنی غاز بۆ وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا, ساڵانە نزیكەی (10) تریلیۆن دینار, نزیكەی(7.6) ملیار دۆلار لەسەر وڵات دەكەوێت, بۆیە وەزارەتی نەوت پێداگرە لەسەر بەدیهێنانی دابینكردنی پێداویستییەكانی ناوخۆ لە بەرهەمهێنانی غاز لەماوەی سێ‌ ساڵدا". 
سەرۆك وەزیرانی عێراق وتیشی:"خواستمان چونە ناوەوەی عێراقە بۆ ناو بازاڕی غازی جیهانی, پلانمان بۆ ئەوە هەیەو جێبەجێدەكرێت, ناكرێت ئەو دۆخە نائاسایییە بەردەوامبێت, لەكاتێكدا دەبینین غازەكەمان دەسوتێت, ئەوە پارەو سامان و ئەو غازە گەرمەی بەهەدەر دەچێت بەهەوادا, دەبێتە هۆی زیادبونی قەتیسبونی گەرما". 
لای خۆیەوە, حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق, لەمیانی ئاهەنگی واژوكردنی كۆتایی لەسەر گرێبەستی گەڕی مۆڵەتپێدانی پێنجەم ڕایگەیاند:"حكومەت پەرۆش بوو بۆ چالاككردنی گرێبەستەكانی گەڕی مۆڵەتپێدان, دوای ئەوەی بۆ ماوەی ( 5) ساڵ پەكخرا بەهۆكاری ناهونەری و ناپیشەیی, كە بووە هۆی پێشنەخستنی كێڵگە پشكنراوە سنورییەكان", جەختیشكرد" وەزارەت پشتیوانی هەمەجۆری كۆمپانیا براوەكان دەكات لەم گەڕەدا".  
عەبدولغەنی ڕونیشیكردەوە:" ئەم گەڕی مۆڵتپێدانە تێكڕای بەرهەمی ڕۆژانەی نەوتی خاو بۆ (250)هەزار بەرمیل بەرزدەكاتەوە, لەگەڵ زیاتر لە (800)ملیۆن مەتر سێجا غاز.
عاسم جیهاد وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایگەیاندووە: ئەوەی گەڕی مۆڵەتپێدانی پێنجەم جیادەكاتەوە, ئەوەیە كە كێڵگەی سنورین لەگەڵ وڵاتانی دراوسێی و, دەبن بەكێڵگەی بەرهەمهێن و بڕێكی گەورەی نەوتی خاو و غاز بۆ بەرهەمی ننیشتمانی زیاد دەكەن.
وتوشیەتی: وەبەرهێنان لەو كێڵگانە بۆ ماوەی (5)ساڵ دواكەوتووە, لەئاكامی بۆچون و دەستوەردانی سیاسی و ناپیشەیی, ئەوەش كاریگەری لەسەر پلانەكانی وەزارەتی نەوت و ئابوری عێراق و دروستكردووە.
جەختیشیكردووە لەوەی, هەر ناوچەیەك لەناو سنوری عێراق بێت و كێڵگەی نەوتی لەخۆ بگرێت, ئەگەر نزیكیش بێت لەسنوری وڵاتانی تر, مافێكی تایبەتی عێراقەو, وەزارەتی نەوت لەئێستادا سەرقاڵی پێشخستنی هەردوو كێڵگەی بەدرەو ئەلبزركانە كە سنورین , لەحالێكدا ئەگەر كێڵگەی هاوبەشیش هەبێت, ئەوا پیادەی ڕێككەوتنە نێودەوڵەتییەكان دەكات لەدیاریكردنی پشكی هەر دەوڵەتێك. 
وتەبێژەكەی وەزارەتی نەوت باسی ئەوەشیكردووە: كێڵگە وەبەرهێنراوەكان لەسنوری پارێزگا هەژارەكانی دیالەو میسان و بەسرەن, ئەوەش ڕەنگدانەوەی ئەرێنی دەبێت لەسەر هاوڵاتیانەكەی و, ئەو گرێبەستانەشی كردوشیانە كۆمپانیاكان پابەند دەكات بەوەی ڕێژەی 90%ی كرێكاری عێراقی كارپێبكەن.
 نەبیل مەرسومی شارەزای بواری ئابوری بە ڕۆژنامەی (العربی الجدید)ی ڕاگەیاندووە:"گەڕی مۆڵەتپێدانی پێنجەم جیاوازە لە چوار گەڕەكەی پێشو, بەوپێیەی لەو ناوچە سنورییانە ئەنجامدەدرێت كە بەشێكی سنوری نێوان عێراق لەگەڵ كوەیت و ئێران تێدەپەڕێنێت.
مەرسومی ئاماژەی بەوەشكردووە: بەگوێرەی ئەم گەڕە (6) كێڵگە, كە سیانیان دراوە بە كۆمپانیای هیلالی ئیماراتی كە ئەوانیش كێڵگەكانی (كلابات-قمرو خشم اڵاحمر-انجانە و خضر الما‌‌ء)ن, هاوكات سێ كێڵگەی تریش دراون بە كۆمپانیای جیوجیادی چینی, كە ئەوانیش كێڵگەكانی (نەفتخانەو سندیبادو حویزە)یە. 
باسی ئەوەشیكردووە, گرێبەستەكانی گەڕی مۆڵەتپێدانی پێنجەم, (25%) داهاتە گریمانكراوەكانی لێدەبڕێت وەك مافی موڵكداری (كرێ‌), ئەو ڕێژەیە دەچێت بۆ گەنجینەی دەوڵەت, هاوكات تێچوی دەرهێنانی نەوت ( خەرجی بەڵێندەر بۆ پێشخستنی پرۆژەكە) ڕێژەیەكی دیاریكراوی بۆ دادەنرێت لەو داهاتەی كە (70%) دەمێنێتەوە.
هاوكات ئاژانسی هەواڵی عێراق لەبارەی گرێبەستەكەوە بڵاویكردووەتەوە: جیاوازی ئەم گرێبەستە لەگەڵ گرێبەستی چوار گەڕی مۆڵەتپێدانی پێشوو, بەهێزی لایەنە یاساییەكانی گرێبەستەكەیە, كە بەپلەی سەرەكی دەچێتە بەرژەوەندی عێراق, وێڕای پشتبەستن بەسیتمێكی دارایی, كە زامنی پاراستنی داهاتەكانی لایەنی عێراقی دەكات لەمەترسییە ئابورییەكان, لەڕێی بنەمای قازانج وەك ڕێژە نەك  وەك ژمارەیەكی جێگیركراو, كە لە چوار گەڕەكەی پێشودا بەوشێوەیە بووە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand