نەتەوە یەكگرتووەكان لە سلێمانییەوە پشتیوانی پەرلەمانی عێراق دەكات

2018-06-13 14:33:44
(درەو میدیا):
بەمەبەستی وەرگرتنی بۆچونی كۆتایی لایەنەكان لەبارەی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی 12ی ئایار، نوێنەری سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان گەیشتە سلێمانی.
یان كۆبیچ نوێنەری سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق ئەمڕۆ گەیشتە سلێمانی و لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی و بزوتنەوەی گۆڕان و هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری كۆبوەوە.
لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ (درەو میدیا) ریبوار كەریم وتەبێژی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری ئاشكرایكرد، لە كۆبونەوەی لەگەڵ هاوپەیمانیدا یان كۆبیچ وتویەتی "نابێت هیچ ئەنجامێكی هەڵبژاردن تێپەڕێت كە ببێتەهۆی بێئومێدكردنی خەڵك".
وتەبێژی هاوپەیمانی رایگەیاند، یان كۆبیچ جەختی لەسەر ئەوە كردووە دەبێت هێزە سیاسییەكان مافی خۆیان وەرگرنەوە و ئەوان وەكو نەتەوە یەكگرتووەكان چاوەڕوانی بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق دەكەن لەبارەی یاساكەی پەرلەمانەوە.
ئاماژەی بەوەكرد، ئەوان وەكو هاوپەیمانی سوربونی خۆیان لەسەر هەڵوێستی رەتكردنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردن بە نوێنەری سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان دوپاتكردوەتەوە كە رازی نابن بەم ئەنجامانە.
لەلایەكی ترەوە بافڵ تاڵەبانی لەسەر لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك وێنەی دیداری خۆی لەگەڵ نوێنەری سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان بڵاوكردەوە و نوسیویەتی: باسمان لە دۆخی پاش هەڵبژاردنەكان كرد ، كە نابێت دەنگی هیچ چین و توێژێك پوچەڵ بكرێتەوە.
بافڵ تاڵەبانی ئاماژەی بەوەكردووە" ئەگەر ناڕەزایەتی و تانە لە ئەنجام و شێوەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن هەیە، ئەبێت لێكۆڵینەوەی وردی تێدا بكرێت و بڕیارێك بە پشتبەستن بە دەرئەنجامی لێكۆڵینەوەكان بدرێت كە چارەسەری كێشەی هەڵبژاردن بكات و لە توانایدا هەبێت گۆڕانكاری لە دۆخەكەدا بكات".
میدیای گۆڕانیش هەواڵی سەردانی یان كۆبیچی بۆ مەكۆی سەرەكی بزوتنەوەكە بڵاوكردەوە و رایگەیاند،ئامانجی سەردانەكەی نوێنەری سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ سلێمانی ئەوەیە بۆچونی كۆتایی لایەنەكان بزانێت سەبارەت بە ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی 12ی ئایاری پەرلەمانی عێراق.
بەپێی قسەی میدیای گۆڕان، نوێنەری سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان پشتیوانی خۆی بۆ هەوڵەكانی پەرلەمانی عێراق نیشانداوە تایبەت بە ئەژماركردنەوەی دەستیی دەنگەكان.
بەوێنە: دیدارەكانی یان كۆبیچ لە سلێمانی
