راپۆرتی: درەو 🔻 لە دواین هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە ساڵی (2021) لەسەر ئاستی سنوری پارێزگای دهۆک ئەنجامی دەنگی لایەنەکان بەجۆرێک بووە کە؛ 🔹 پارتی پلەی یەکەمی گرتووە و (261 هەزار و 543) دەنگی بە ڕێژەی (66%)ی دەنگەکانی بەدەست هێناوە، لە کاتێکدا لە هەڵبژاردنی ساڵی (2018)ی ئەنجومەنی نوێنەران (354 هەزار و 101) دەنگی بەدەستهێنابوو. 🔹 یەکگرتووی ئیسلامی، بە پلەی دووەم دێت و (81 هەزار و 144) دەنگی بە ڕێژەی (20.5%) بەدەستهێناوەو لە ساڵی (2018) ژمارەی دەنگەکانی (43 هەزار و 525) دەنگ. 🔹 یەکێتی سێیەم بووەو (25 هەزار و 40) دەنگ و بە ڕێژەی زیاتر لە (6%)ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە لە هەڵبژاردنەکەی ساڵی (2018) (25 هەزار و 515) دەنگی هێنابوو. 🔹 نەوەی نوێ پلە چوارەمی گرتووە بە (19 هەزار و 292) دەنگ و ڕێژەی نزیک (5%)ی دەنگەکانی سنوری پارێزگای دهۆکی بەدەستهێناوە، بەڵام لە (12/5/2018) ژمارەی دەنگەکانی گەیشتبووە (18 هەزار و 52) دەنگ. 🔹 هەریەک لە کۆمەڵ و بزوتنەوەی گۆڕان هیچ کاندیدێکیانەبوو، بەڵام لە ساڵی (2018) گۆڕان (3 هەزار و 801) دەنگ و کۆمەڵی دادگەری (3 هەزار و 621) دەنگی بەدەستهێنابوو. دووەم؛ بازنەی پارێزگای دهۆک لە هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا 1. ئەنجامی هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەران (10/10/2021) لە سنوری پارێزگای دهۆک بەگوێرەی ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران لەسەر ئاستی گشتی سنوری پارێزگای دهۆک و سەرجەم قەزاو ناحیەکانی کە دابەشی سەر (3) بازنەی هەڵبژاردن کرابوون، ئەنجامی دەنگی لایەنەکان بەم شێوەیە بووە، بەجۆرێک؛ - پارتی دیموکراتی کوردستان لە پلەی یەکەمدا بووەو (261 هەزار و 543) دەنگی بەدەستهێناوە بە رێژەی (66%). - یەکگرتووی ئیسلامی کە لە (2) بازنەی هەڵبژاردن کاندیدی هەبوو، لە پلەی دووەمدا بووەو (81 هەزار و 144) دەنگی بەدەستهێناوە بە رێژەی (20.5%). - هاوپەیمانی کوردستان (کە پێکهاتبوو لە یەکێتی نیشتمانی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان، بەڵام لە سنوری پارێزگای دهۆک تەنها یەکێتی لە دوو بازنەی پارێزگاکە کاندیدی هەبوو) پلە سێیەمی گرتووە و (25 هەزار و 40) دەنگی بەدەستهێناوە بە ڕێژەی نزیک (6.3%). - نەوەی نوێ لە پلەی چوارەمدا بوو، بە بەدەستهێنانی (19 هەزار و 292) دەنگ و ڕێژەی (4.9%)ی دەنگەکان. - کاندیدی سەربەخۆ تەنها لە دوو بازنەی هەڵبژاردن خۆیان پاڵاوتبوو (7 هەزار و 47) دەنگی بەدەستهێناوە بە ڕێژەی (1.8%)ی دەنگەکان. - پارتی سۆسیالست دیموکراتی کوردستان، بە بەدەستهێنانی (هەزار و 911) دەنگ و ڕێژەی (0.5%)ی دەنگەکان لە دوای سەرجەم لایەنە بەشداربووەکانەوە بووە. - بزوتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی دادگەری لە هیچ بازنەیەکی پارێزگای دهۆک کاندیدیان نەبووە و هیچ دەنگێکیان لەو پارێزگایە تۆمار نەکردووە. 2. ئەنجامی هەڵبژاردنی خولی چوارەمی ئەنجومەنی نوێنەران (12/5/2018) لە سنوری پارێزگای دهۆک بەگوێرەی ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران لە (18/5/2018) لەسەر ئاستی گشتی سنوری پارێزگای دهۆک، ئەنجامی دەنگی لایەنەکان بەم شێوەیە بووە، بەجۆرێک؛ - پارتی دیموکراتی کوردستان لە پلەی یەکەمدایە بووە بە (354 هەزار و 101) دەنگ. - یەکگرتووی لە پلەی دووەمدا بووەو (43 هەزار و 525) دەنگی بەدەستهێناوە. - هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری پلە سێیەمی گرتبوو بە (25 هەزار و 664) دەنگ. - یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە (25 هەزار و 515) دەنگ پلەی چوارەمی گرتبوو. - نەوەی نوێ بە پلەی پێنجەم هاتبوو، بە بەدەستهێنانی (18 هەزار و 52) دەنگ. - بزوتنەوەی گۆڕان بە (3 هەزار و 801) دەنگ بە پلەی شەشەم هاتبوو. - کۆمەڵی دادگەری تەنها (3 هەزار و 621) دەنگی بەدەستهێنابوو و پلەی حەوتەمی گرتبوو. بۆ بەراوردی ژمارەی دەنگی لایەنەکان لەسەر ئاستی پارێزگای دهۆک لە نێوان هەڵبژاردنەکانی خولی چوارەم و پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بڕوانە خشتە و چارتەکان. خشتە و چارتەکان دووەم؛ پارێزگای دهۆک لە چوارچێوەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بڕیارە ڕۆژی (20/10/2024) هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت. لە دوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و بەشێک لە بەندەکانی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە بیانووی نادەستوری بوونیانەوە لەلایەن دادگای باڵای فیدراڵییەوە لە کۆتاییەکانی مانگی حوزەیرانی ساڵی ڕابردوو. لەوکات بەدواوە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە هەماهەنگی لایەنە پەیوەندیدارەکان لە هەوڵی جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵییە بۆ ڕێکخستنی ڕێوشوێنەکانی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان. لەو چوارچێوەیەشدا ئەمینداریەتی گشتی ئەنجومەنی کۆمسیاران لە چوارچێوەی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە (4ی حوزەیرانی 2024) یاسای دابەشکردنی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستانی پەسەند کرد، کە هەرێمی کوردستان دابەشی سەر (4) بازنەی هەڵبژاردن دەکات. لە دەقی بڕیارەکەی ئەنجومەنی کۆمسیاراندا هاتووە، هەرێمی کوردستان دابەشکراوە بەسەر (4) ناوچە (بازنە)ی هەڵبژاردن ئەوانیش؛ بازنەکانی "هەولێر، دهۆک، سلێمانی و هەڵەبجە"ن. بەپێی بڕیارەکە، پەرلەمانی کوردستان لە (100) کورسی پێکدێت و دابەشکراوە، بەم شێوەیە: هەولێر (34 کورسی) لەنێویاندا (1) کورسی بۆ پێکهاتەی مەسیحی و (1) کورسی بۆ تورکمان، سلێمانی (38 کورسی) لەنێویاندا (1) کورسی بۆ پێکهاتەی مەسیحی و (1) کورسی بۆ تورکمان، دهۆک ( 25 کورسی) لەنێویاندا (1) کورسی بۆ پێکهاتەی مەسیحی، بازنەی هەڵەبجە (3 کورسی) گشتی بەبێ هیچ کورسییەک بۆ پێکهاتەکان تەرخان کراوە. بازنەی پارێزگای دهۆکە، کە (24 کورسی) گشتی و (1) کورسی کۆتا بۆ پێکهاتەکانی (مەسیحی) تەرخان کراوە. سنوری ئیداری پارێزگای دهۆک پێکدێت لە قەزکانی (قەزای ناوەندی دهۆک، ئامێدی، ئاکرێ، بەردەڕەش، زاخۆ، سیمێل و شێخان) و ناحیەکانی سنوری پارێزگا و قەزاکانی پارێزگاکە دەگرێتەوە. بەپێی گوتەی گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق "جومانە غەلای" کە لە (21ی نیسانی 2024)دا ڕایگەیاندووە؛ "کۆی گشتی ژمارەی بنکەکانی دەنگدانی گشتی بریتییە لە (هەزار و 266) بنکە... پارێزگای دهۆک (264) بنکەی هەڵبژاردنی تێدا دەبێت. وێستگەکانی دەنگدان لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان بریتییە لە (6 هەزار و 298) وێستگە... (هەزار و 595) وێستگەی دەنگدانیش لە پارێزگای دهۆک دەبێت". بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، (2 ملیۆن و 888 هەزار و 162) کەس لە هەرێمی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان مافی دەنگدانیان هەیە، لەو ژمارەیەدا، کۆی گشتی ژمارەی دەنگدەرانی پارێزگای دهۆک بریتییە لە (735 هەزار و 543) دەنگدەر، بەشێوەیەک (680 هەزار و 443) کەسیان لە دەنگدانی گشتی و (55 هەزار و 100) کەسیش لە دەنگدانی تایبەت مافی دەنگدانیان هەیە.
کۆچەر هەمزە جگە لە کاریگەرییە ڕاستەوخۆکانی گۆڕانکاری کەشوهەوا، کە خۆیان لە وشکانی و کەمکردنەوەی شێ و کانزا خۆراکییەکانیدا دەبیننەوە، خاکی کشتوکاڵیی لەزۆربەی وڵاتانی دنیادا کەوتووتە بەر پراتیکی درێژ نەخایەن و زیادەڕۆیی لە بەرهەمدار کردنیندا، ئەویش بەهۆی پیشەسازیی پەیینی کیمیاییەوە کە دەبێتە هۆی تێکدانی ژیانی هەمە-جۆریی ناو خاک. پەیینی کیمیایی بەشێوەیەکی بەرچاو کاریگەری ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی لەسەر ژینگە و تێکدانی خاک هەیە لە ئاستی ناوەندە زانستییەکانی جیهاندا، بەیەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی سیستمی ژینگەیی دادەنرێت. هەرێمی کوردستان بەدەر نییە لە کاریگەرییەکانی تێکچوونی ژینگە و خاک بەهۆی پەینی کیمیاییەوە، ئەویش بەچەند هۆکارگەلێکی جیاواز کە هەندێکی دەگەڕێتەوە بۆ نائاگای جووتیاران، هەندێکیش لەپێناو زیادکردنی بەروبوومە کشتوکاڵییەکان. دارا عەلی، جووتیارێکی ناچەی بازیانە، یازدە ساڵە خانووی پلاستیکی بەکار دەهێنێت بۆ بەرهەمهێنانی خەیار، ئێستاش وەک باسی دەکات بەرهەمەکەی زۆر کەمی کردووە، تەنانەت ماوەی بەرهەمەکەش کورت بووەتەوە و درێژە ناکێشێت. دارا عەلی دەڵێت، "سێ ساڵی یەکەم، یەک وەرز خەیارم دەچاندو تا مانگی یانزە بەرهەمم باش بوو، بەڵام ئێستا بەرهەم کورت مەودایە و کەمتر بۆتەوە، ڕەنگی قەد و گەڵاکانیشی زەردو لاواز بووە، وای لێهاتووە بەو پەینە نەبێت بەرهەمم نابێت". ئەم جووتیارەی ناوچەی بازیان لە سلێمانی، هۆکاری سەرەکی کەمی بەرهەمەکەی دەگەڕێنێتەوە بۆ زۆر بەکارهێنانی پەینی کیمیایی، باسی ئەوەش دەکات کە ئەو هیچ زانیارییەکی لەسەر بەکارهێنانی ئەو پەینانە نەبووە کەبەکاری هێناون، کەسیش ڕێنمایی نەکردووە، "مەمنون دەبم ئەگەر یەکێک هەبێ چارەسەرێکم پێ بڵێت چونکە خاکەکەم تەواو بێهێز بووە"، ئەو وا دەڵێت. دکتۆر کەمال حەمەکریم لە بەشی سامانە سروشتییەکان لە کۆلیجی زانستە ئەندازیارییەکان لەبارەی پەیینی کیمیاییەوە دەڵێت، "ماددەیەکی دەستکرد کە یەکێک یان زیاتر لە توخمە خۆراکییەکانی تێدایە وەک نایترۆجین، فسفۆر و پۆتاسیۆم کە پێویستن بۆ بەرهەمهێنان و گەشەی ڕووەکەکان". شێوازی بەکارهێنانی پەیینەکە بەشێوەی پرژاندن یان بەشێوەی هێڵ لەنێوان ڕووەکەکانیاندا دادەنرێت، دەبێت کەمێک دوور بێت لە ڕەگی ڕووەکەکەوە یان بەشێوەی بازنەی دادەنرێت و لە دەوری قەدی ڕووەکەکە دەگیرێتەوە و بەشێوەی سپرای دەڕژێت بەسەر گەڵاکاندا، یان تێکەڵ دەکرێت لەگەڵ ئاوی ئاودێریدا یان بەئامێری تایبەت وەک دەرزی بەقوڵایی شەش ئینج دەدرێ لەنزیک ڕەگی ڕووەکەکە. بەگوێرەی ڕێنماییەکانی ئەم پسپۆرە، ئەگەر ڕووبەری زەوییەکە فراوان بوو، هیلیکۆپتەر بۆ ڕشاندنی پەیینەکە بەکاردەهێنرێت، یان ئەگەر تۆبۆگرافییەکەی جیاواز بێت، دەکرێت بەشێوەی دەنکۆڵە بەتایبەت پەینە نایترۆجینییەکان لەگەڵ قوڕەکە تێکەڵ بکرێت، بۆ کێڵگەی برنج بە ڕێژەی 1 بۆ 10 دەنکۆڵە بە قوڵای پێنج سانتیمەتر لەنێوان ڕیزەکانی مەرەزەدا دادەنرێت. سەبارەت بە زیانەکانی پەینە کیمیاییەکان دکتۆر کەمال دەڵێت، "بەکارهێنانی پەینی کیمیایی بۆ ماوەیەکی درێژ دەبێتە هۆی زیادبوونی ترشیی خاک و کاریگەری خراپی لەسەر میکرۆبەکان دەبێت کە لە خاکەکەدا دەژین، هەروەها زۆربوونی ئافاتەکان. جگە لەوەش زیاد بەکارهێنانی پەینە نایترۆ جینییەکان دەبێتە هۆی گەرمبوونی بەرگەهەوا، بۆ نمونە نیترات لەناو خاکدا لە ئەنجامی کۆمەڵێک کارلێککردن بەهۆی Denitrifying Bacteria ئەم نیتراتە دەگۆڕێت بۆنایترۆجین و دەیکاتە بەرگی هەواوە، تێکەڵبوونیان لەگەڵ ئاوەکاندا دەبێتە هۆی گۆڕانکاری پێکهاتەی خوێدا و دروستبوونی دیاردەی Eutrophication کە دەبێتە هۆی گۆڕانکاری لەپێکهاتەی سیستمی ژینگەییدا وەک زیادبوونی بەرهەمهێنانی قەوزە و ڕووەکی ئاویی، ئەمەش کاردەکاتە سەر کەمبونەوەی جۆرەکانی ماسی و تێکچوونی گشتی کوالیتی ئاو". یەکێکی تر لە جووتیارەکانی ناوچەی بازیان لە ناشارەزای جووتیارانەوە دەست پێدەکات و دەڵێت "ئێمەی جووتیار کەمتر شارەزاییمان لەسەر پەینە کیمیاییەکان هەیە نازانین زیانیان کەمە یان زۆر، یان کامەیان زیانی لەوی تریان زیاتر و کەمترە، چونکە لە چەند وڵاتێکی جیاوازەوە پەیینی جۆراوجۆر دەهێنرێنە هەرێمی کوردستان، وەک ئەڵمانیا، چین، بەریتانیا و وڵاتی تر. ئێمە نازانین پەیینی کام وڵات باشە و هی کام وڵات خراپە". ڕێبوار خالید دەگێڕێتەوە کە چۆن جووتیارانی کوردستان زیاتر چاویان لەسەر نرخی پەیینەکەیە، بۆنمونە جۆری ئەڵمانیی هەیە كە بڕێکی بە 100 دۆلار دەفرۆشرێت، هەمان بڕی جۆری چینیی بە 50 دۆلارە، جووتیارەکان پەنا بۆ ئەمەی دووەمیان دەبەن، چونکە هەرزانترە. ئەمەش تاڕادەیەک بەگوێرەی قسە ئەو زیان بە ڕووەکەکانمان دەگەیەنێت. بەلای جووتیارەوە، پەیینی باش، گران لەسەر جووتیاران دەکەوێت و لەم بارەیەوە رێبوار خالید دەڵێت، "من لە 2017ەوە تا ئێستا کە دەکاتە 7ساڵ بەڕێژەیەکی دیاریکراو پەیین بەکاردەهێنم واتە بۆ هەر خانوویەکی پلاستیکی و هەر 3 ڕۆژ جارێک 2 کیلۆ بۆ 2کیلۆ و نیو پەیینی کیمیایی بەکاردەهێنم نەک 5 کیلۆ، تا ئێستاش سوپاس بۆ خوا کێڵگەکەم بێ کێشەیە، لەگەڵ ئەوەشدا ساڵانە کە بەرهەمەکەم تەواو بوو خەیار بێت یان تەماتە یان بیبەر، خاکەکەم دەکێڵمەوە و پاشەڕۆی پەلەوەری دەواجینەکانی تێدەکەم یان پەینی ئاژەڵ و پاشان ئاوی دەکەینە سەر، چونکە باراناو ناگاتە خانووە پلاستیکییەکان، بۆیە ئەو ئاوە لە زستان دەبێتە زوقم و دەیبەستێت ئەمەش وەک جۆرێک لە پاراستنی خاکەکەم بەکاریدەهێنم". سەبارەت بە وەرگرتنی ڕێنمایی لە فرۆشیارانی پەیینە کیماییەکان باسی ئەوە دەکات کە ڕێنمای دەکرێن و هەر دوکانێک کە ئەو شتەکانی لێدەکڕێت دەبێت دوو ئەندازیاری لێبێت، کە لەلایەن حکومەتە و دانراون و ئەوان دیاری دەکەن کە بۆ هەر خانوویەکی پلاستیکیی لە دەرمان ڕشاندندا 100سیسی یان 150 سیسی لەو دەرمانەی بۆ هەر 100 لیترێک. لە ڕووی ئاوادانەوە بۆ پەیینی کیمیایی، ڕێنمای ئەوەیان دەکەن کە بۆ هەر خانوویەکی پلاستیکی دوو کیلۆ بەکار بێنین، بەڵام زۆر جار جوتیاران لەگەڵ ئەو ڕێنماییانە ناڕۆن زیادەڕۆیی دەکرێت. موسلیم محمد ئەندازیاری کشتوکاڵی باس لە زیانەکانی زیادەڕۆیی لە بەکارهێنانی پەیینی کیمیاییدا دەکات و جۆری زیانەکانیش بەم شێوازەی خوارەوە ڕوون دەکاتەوە: کەڵەکەبوونی ماددە قورسەکانی وەک کادمیۆم، قوڕقوشم، مس، کرۆم، نیکڵ کە ئەم توخمە قورسانە دوای کەڵەکەبوونیان لەناو خاکدا دەمێننەوە و لەناو ناچن و لە ڕێگەی خۆراکەوە دەچنە لەشی مرۆڤەوە. بەمەش لەخانە چەورییەکانی لەشی مرۆڤدا کەڵەکە دەبن و کاریگەرییان هەیە لەسەر کەمبوونەوەی چالاکیی ئەندامەکانی لەش بەتایبەتی جگەر. هەروەها ئەم توخمە قورسانە کە دەڕژێنە ڕووبار و دەریاچەکانەوە دەبنە هۆی لەناچوون و کەمکردنەوەی گیانەوەرە ئاوییەکان بەتایبەت ماسی، ئەمە جگە لە پیسبوونی ئاوی ژێرزەوی. زیادەڕۆیی لە بەکارهێنانی نایترۆجین دەبێتە هۆی دروستبوونی نیترات لەناو ئەو سەوزە و میوانەی ئەو جۆرە پەینەیان بۆ بەکارهاتووە، نیتراتیش لە لەشی مرۆڤدا دەگۆڕێت بۆ نیتریت کە ئەمیش لەگەڵ (ئەمینییەکان) یەکدەگرێت و ژەهر لە لەشی مرۆڤدا دروست دەکات و پێی دەوترێت نایترۆ-ئەمینی. ئەم ماددەیەش بەپێی توێژینەوەی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی بە ماددەیەکی شێرپەنجەیی هەژمار دەکرێت. هەروەها زیاد بەکارهێنانی پەیینە کیماییەکان دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی چالاکی بەکتریا و زیندەوەر و مێرووەکانی ناو خاک. زۆرجاریش دەبێتە هۆی لەناوچوونیان، بەمەش کرداری شیکردنەوەی ماددەکان لە خاکدا هێواش دەبێتەوە، هەروەها کەمبونەوە و دابەزینی بەرهەمهێنانی خاک بەو شێوەیەی کە ئێستا خاکەکەی دارا عەلی تووشی بووە. کێشەکە تەنیا کەمبوونەوەی بەرهەم نییە، بگرە ئەو بەرهەمە کەمەش کە هەیە ڕووبەڕووی نەخۆشی دەبێتەوە، ئەوەش دەرەنجامی ڕووەکەکانە بەرامبەر نەخۆشیی، واتا زیادەڕۆیی لە بەکارهێنانی ماددە کیمیاییەکاندا بەرگری ڕووەک بەرامبەر ئافات و نەخۆشییەکان کەمدەکاتەوە، بەتایبەت نەخۆشییە کەڕووییەکان. لەگەڵ ئەوەشدا زیان بەبینای خاک دەگەیەنێت و زۆرجار پرۆسەی خزمەتکردنی خاک قورستر دەکات وەک کێڵان و شیکردنەوە. وەک ئەندازیار موسلیم محمد باسی دەکات، ئەگەر لەناو خانووە پلاستیکییەکان پەیینی کیمایی زۆر بەکاربێت زیانەکانی زیاترە بەرامبەر زەویەکی دەرەوە، ئەویش بەهۆی دەردانی گازەکانی (N2O,NO) کە ئۆکسیدەکانی نایترۆجینن و کاریگەری ڕاستەوخۆیان لەسەر پیسبوونی هەوا و گەرمبوونی هەیە. یەکێکی تر لەزیانەکانی زۆر بەکارهێنانی پەیینە کیمیاییەکان ئەوەیە کە ترشێتی خاک زیاد دەکات. ئیتر بەکتریا و زیندەوەرانی ناو خاک ناتوانن لەناو ئەم بڕە زۆرەی ترشیدا بژین و لەگەڵ کۆمەڵێک ڕووەک ژیانیان سنوردار دەبێت و بەرەو لەناوچوون دەچن. هەروەها گازەکانی وەک ئەمۆنیا و دوانە ئۆکسیدی نایترۆجین و دوانە ئۆکسیدی گۆگرد و ڕێژەی ترشەباران زیاد دەکات. ئەمەش هۆکاری بەرزبوونەوەی ڕێژەی ترشێتی ناو سەوزە و میوە و هەروەها زۆربوونی ڕێژەی شەکر. ئەندازیار موسلیم دەڵێت، "زیاد بەکارهێنانی پەینی کیمیایی دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی ڕێژەی ڤیتامین سی لەناو سەوزە و میوەکاندا بەتایبەت زیاد بەکارهێنانی پەینی نایترۆجینی، ڕێژەی %20 ڤیتامین سی ناو بەرهەمەکان دادەبەزێنێت". عادل حەمەد جووتیارێکی ناوچەی دەربەندیخانە کە تەنیا گەنم بەرهەم دەهێننێت، لەم بارەیەوە دەڵێت "لەگەڵ ئەوەی پەینی کیمیاییشم بەکارهێنا، گەنمی ئەمساڵم بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ڕابردوو کەمتری کردووە". ئەو باس لەوەش دەکات کە لەو شوێنانەی پەینی کیمییایی لێ دەکڕێت، هیچ ڕێنمایی ناکرێن لەسەر شێوازی بەکارهێنان، چونکە بەگوێرەی زانیاریی ئەو، فرۆشیارەکان کەسانی ناشارەزان، زۆربەی کات کەسی نەخوێندەوار خاوەن دوکانەکەیە. ئەمەش وایکردووە بەشێک لە جووتیارەکان پاش کڕینی پەینە کیمیاییەکان، دەبێت بچنە نزیکترین بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی ناوچەکانیان تا شێوازی بەکارهێنان و جۆرەکەشیان بۆ ڕوون بکەنەوە. عادل حەمەد دەڵێت، "من پێم باشە ساڵانە حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان سەردانی کێڵگەکەم بکەن و پشکنینم بۆ بکەن تا من بزانم چ جۆرە پەیینێک و چەند و چۆن بەکاری بهێنم، بەڵام بەداخەوە ئەمە ناکرێت، لەگەڵ نەبوونی ئەمەش کۆمەڵێک پەیین بەناوی جیاواز لەبازاڕەکان هەیە کە ئێمە نازانین کوالیتیان چۆنە و لە کوێوە هاتوون، ئەویش لەبەر نەبوونی کوالیتی کۆنترۆڵی باش لەهەرێمی کوردستان. ئەمەش جارێکی تر بارگرانیی بۆ ئێمە دروستکردووە". ئەم جووتیارە باس لەساڵی نەوەدەکانی سەدەی پێشوو دەکات کە حکومەت خۆی پەیینی کیمیایی هێناوە و دابەشی کردووە بەسەر جووتیارەکاندا، لەگەڵ ڕێنمایکردن، بەڵام ئەوەی ئەمڕۆ دەگوزەرێت شێوازێکی هەرەمەکی بەکارهێنانی پەیینی کیمیاییە لەلایەن جووتیارەوە ئەمەش لە ناوچەیەک بۆ ناوچەیەکی تر بەپێی جۆری ئەو کشتوکاڵەی دەکرێت جیاوازی هەیە. فەریدوون حەسەن بەڕێوەبەری گشتی ڕێنمایی کشتوکاڵی هەڵەبجە، سەبارەت بەوەی تا چەندێک ڕێنمایی دەدرێت بە جووتیار، باس لەوە دەکات کە بەهۆی نەبوونی بودجە و نەبوونی پارەی پێویست کارمەندەکانیان لە ڕووی سەردانیکردنی کێڵگەکان و پشکینین ناتوانن بەردەوام هاوکاری جووتیارانی ناوچەکە بن. بەپێی قسەکانی ئەو، کارەکە پێویستی بە ئۆتۆمبیل و کارمەندی تایبەتمەند هەیە، نەبوونی پارە و دامەزراندن ئەم کارەی ڕاگرتووە. لەم بارەیەوە دەڵێت، "لەگەڵ ئەوەش ئێمە لە هۆبەی دەرچوون، هەندێک جار بە ئۆتۆمبێلی خۆمان، هەندێک جاریش بەو بڕە پارە کەمەی لەبەردەستماندایە، ساڵانە دەچینەکێڵگە کشتوکاڵییەکان بۆ ڕێنمایی جووتیاران، بەڵام بەداخەوە کەمتەرخەمی یەکەم جووتیارەکان خۆیانن کە تا لێیان نەقەومێت و زەرەر نەکەن ڕوو لە فەرمانگە پەیوەندیدارەکان ناکەن، کە کاتیش تێپەڕی شتێکی ئەوتۆ ناکرێت". ئاماژەش بۆ ئەوە دەکات کە زۆرجار، جووتیار بە ویستی خۆی پەیینی کیمیایی دەکڕێت و بێ گەڕانەوە بۆ کەسی شارەزا بەکاری دەهێنێت، واتە لایەنی حکومی چاودێری و سەرپەرشتی پرۆسەکە ناکات، ئەم کارەش پێکهاتەی خاک تێکدەدات و توشی تەسەممی دەکات، ئیتر وردە وردە دەبێتە خاکێکی بێ پیت. لەلایەکی ترەوە لەگەڵ لەدەستدانی خاکیش جووتیارەکان بەهۆی نەزانی و خۆنەپاراستنەوە لەکاتی ڕشتنی دەرماندا، تووشی نەخۆشی جیاواز دەبن وەک نەخۆشییەکانی شێرپەنجە و هەناسە و پێست. بەڵگەی ئەم قسەیەش بەگوێرەی فەرەیدوون حەسەن، توێژینەوەکان و پڕبوونی خەستەخانەکان بەبەردەوامی کە زۆر ڕوونە لەڕابردوودا ئەم نەخۆشیانە بەم شێوەی ئێستا بەربڵاو نەبوون. سەبارەت بە شوێنەکانی فرۆشتی پەینی کیمیایی و دەرمانەکان، دووبارەی دەکاتەوە کە ئەمەش بەشێکی پەیوەستە بە نائاگایی جووتیار و نەبوونی چاودێری حکومەت، چونکە زۆرێک لە فرۆشیارەکان دەرچووی بەشی تایبەت بە دەرمان و پەیین نین، بە شێوازێکی هەڕەمەکی ماددەکان دەفرۆشن. ئەگەر شوێنێکی باش و تایبەتمەند هەبێت و بە شێوازی ستاندارد ڕێنمای دەرمانەکان بە جووتیار بفرۆشێت ئەوا دەبینی ئەو شوێنە بەردەوام چۆڵە و کڕیاری کەمە، چونکە وەک دەڵێت "بەشێک لە جووتیاران دەیانەوێت پەیین و دەرمانی زیاتر بەکار بهێنن تا بەرهەمی کێڵگەکانیان زۆرتر بێت و قازانجی زیاتر بکەن". نازە مستەفا یەکێکە لە فرۆشیارەکانی دەرمان و پەیینە کیماییەکانە لەکۆمپانیای لالۆ لە شاری سلێمانی. بە بۆچوونیی ئەو جووتیار لە هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی گشتی زانیارییان زۆر کەمە لەسەر چۆنییەتی و شێوازی بەکارهێنانی پەیینەکان، ئەوانەش کە شارەزاییەکیان هەبێ زۆر کەمن. نازە مستەفا دەڵێت، "وەک خۆم و شوێنی کارەکەم تا بتوانم ڕێنمایی دەدەم بە جووتیار لەوەی کە بەکارهێنان لە وەرزێک بۆ وەرزێکی تر گۆڕانی بەسەردا دێت و هەروەها لە سەرەتای دروستبوونی ڕووەک تا پێگەیشتنی بەرهەم، بەشێوازی جیاواز پەیین بەکاردێت، کە هەندێکی لەسەرەتادا بەکاردێت بەرپرسە لە گەشەی ڕووەک و دواتر جۆری تر بەکاردێت کە بەرپرسە لەجۆری بەرهەم و قەبارە و ڕێژەکەی. ئەگەر خەیار وەک نموونە وەربگرین، کە لەم ناوچەیەی ئێمە زۆر دەچێنرێت، من بە جووتیار دەڵێم خانوویەکی پلاستیکی دەبێت تەنیا نیو کیلۆ بەکار بێت بەشێوازی ستاندارد، کە لێرە زۆرینەی خانووە پلاستیکییەکان پێنج سەد مەترن، بەڵام جووتیار خۆی زۆر کات ڕێژەیەکی زۆرتر بەکار دەهێنێت بۆ ئەوەی بەرهەمی زیاتری هەبێت، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی گەڵای خەیار زەرد هەڵگەڕێت، چونکە ڕێژەیەکی زۆر لە خوێ لە خاکەکەدا کۆ دەبێتەوە، لە ڕاستیدا پەیینەکە ئەمەی دروستکردووە. ئەمەش زۆرجار ناچارمان دەکات ماددەیەکی تر بدەین بە جووتیارەکان، ئەویش دژە خوێیە. پرۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر کارزان هەورامی لەبارەی پیسپبوونی کێڵگەکانی جووتیارانی هەرێم دەڵێت، "بەو پێیەی من لەناوچەی شارەزوور زۆر کارم کردووە و بینیومە کە لەکێڵگەکان ڕێژەیەکی زۆر پەینی کالیسێۆم و نایترۆجین و فسفۆڕ بەکاردەهێنرێن، بەڵام کەمتر توخمە خۆراکییە دەگمەنەکان بەکاردەهێنن وەک زینک و سلینێۆم کە ئەوانە زۆر پێویستن لەناو خۆراکی ئێمەدا هەبن". دکتۆر کارزان هەورامی باسی ئەوە دەکات کە چۆن دوای پشکنینی خاک بۆیان دەرکەوتووە یەکێک لەسەرچاوە سەرەکییەکانی پیسبوونی خاک لە هەرێمی کوردستان زۆر بەکارهێنانی پەیینی کیمیاییە. ئەوەش ڕوون دەکاتەوە کە زۆربەی کات لە پشکنینی خودی ڕووەکەکەوە گەیشتوونەتە ئەو دەرەجامە، بەتایبەت کە گەڵاکەی سەوزێکی تۆخە و لە دورەوە دیارە. ئەو لەم بارەیەوە دەڵێت، "ئێمە لەگەڵ بەکارنەهێنانی پەیینی کیمایی نین بەڵکو زۆر کات دەڵێین دەبێت بەکار بێت بەڵام چەندێتی و چۆنیەتی لە خاکێکەوە بۆ خاکێکی تر جیاوازە، زۆر خاک هەیە بۆ جۆرە ڕووەکێک گونجاوە بەڵام جووتیارەکان، بە پەیینێکی کوالێتی خراپ بەرهەمێکی تری لێ بەرهەم دێنن، ئەمەش هۆکاری سەرەکی هەم پیسبوونی خاک و ژینگە و هەم بەرهەمە خۆراکییەکەیە، چونکە زۆربەی پەیینی کیمیایی خراپ، ژەهری تێدایە و ڕاستەوخۆ دەچێتە ناو ڕووەک و بەرهەمەکە و دەگوازرێتەوە بۆ ئێمەی مرۆڤ، بۆیە ئێمە پێویستە ئاگامان لە تەندروستی خاکمان بێت، ئەگەر خاک تەندروست بوو واتە ژینگە پاکە و مرۆڤیش تەندروستە. ئەمەش پەیوەستە بە تەمەن درێژیمان واتە ئەگەر خاکێکی پاک و باش و تەندروستمان هەبێت تەواوی مرۆڤایەتی ناوچەکە باش و تەندروست دەبێت". بە گوێرەی ئەم پسپۆرە، پەینی کیمیایی تایبەتمەندییە فیزیای و کیمیاییەکانی خاک لەناو دەبات، بەمەش زیندەوەرە وردەکانی ناو خاک دەمرن، چونکە ڕێژەی ترش و تفتی ناو خاک بەرز دەکاتەوە و دەبێتە هۆی کوشتنی مێرووەکان. کە مێرووەکان نەمان، واتە باڵندەکانیش نامێنن ئەمەش نیشانەی ئەوەیە وردە وردە ئەو ژینگەیە بەتەواوی لەناو دەچێت. بۆ ئەوەی ئێمە ڕێگری لەم پێشهاتە بکەین، پێویستە بزانین چ جۆرە پەیینێک بەکاردێنین، هەروەها ڕێژەی بەکارهێنانی؟ لەگەڵ ئەم پرسیارەدا، دکتۆر کارزان باس لەوە دەکات چۆن ڕووبکەینە پەیینی ئۆرگانیکی، واتە ئەو پەیینە سروشتییەی کە باوباپیرانمان بەکاریان دەهێنا، چونکە ماددەی ئەندامی واتە ئۆرگانیکی لە خاکدا بەرزتر دەکاتەوە، کرمەکان دەبوژێنێتەوە و ئەو مێرووانە چالاک دەکاتەوە کە سوودیان هەیە بۆ خاک. یان دەتوانرێت پەیینی سەوز بەکار بێت کە ئەویش بریتییە لەو گژوگیا سەوزەی لە بەهاردا دەبڕدرێت و دووبارە دەکرێتەوە بە پەیین یان کۆمپۆست واتە بەرماوەی ئەو خۆراکەی دەمێنێتەوە بەکاربێنن، یان هەندێک هاندەری گەشەی زیندەوەرە وردەکان هەیە بەکاردێت. هەر وردیلەکانی ناو خاک خۆیان کۆمەڵێک کەڕوو بەرهەم دەهێنن کە خاک دەبوژێنێتەوە و بەرهەمەکان زیاد دەکات، ئەمانە هەمووی جێگرەوەکانی پەیینی کیمیایین و بۆ جووتیاریش تێچوەکەی کەمترە. شڤان حەسەن، فرۆشیاری پەیینی کیمیایی و بابەتەکشتوکاڵییەکانە لە شاری سلێمانی، پێی وانییە جووتیارانی هەرێم بتوانن ڕێژەیەکی زۆر لە پەیینی کیمیای بکڕن و بەکاری بهێنن تا ببێتە هۆی پیسبوونی خاک، چونکە بەلای ئەوەوە نرخەکانیان گرانە زۆرجار وا دەکات جووتیار کەمتر لە ڕێژەی پێویست بەکار بهێنێت. ئەو دەڵێ "بۆ نمونە لە ناوچەی پێنجوێن تەماتە بەنەوار دەکردرێت، نەوارێک نزیکەیی دۆنمێک کەمترە، ڕێنمای ئێمە بۆ ئەم نەوارە چوار کیلۆ بۆ پێنج کیلۆیە یان پێنج کیلۆ بۆ دۆنمێک کە دەکاتە 2500 مەتر چوارگۆشە، بەڵام زۆر کات جووتیار بەهۆی نرخەکەیەوە کەمتر لەم بڕە بەکار دەهێنێت". لە بەرانبەردا ڕێبوار خالید باس لەوە دەکات ساڵانە بە بڕی حەفتاو پێنج بۆ هەشتا ملیۆن دینار، پەیینی کیمیایی و ماددە کشتوکاڵییەکان دەکڕێت، بەهەمان شێوە دارا عەلی بۆ بیست و حەوت خانووی پلاستیکی کە ئەمساڵ خراپترین بەرهەمی خەیاری هەبووە، زیاتر لە بیست و پێنج ملیۆن دیناری خەرجکردووە. دارا عەلی دەڵێت، "بۆ هەر خانوویەکی پلاستیکی ئەندازیارێکیان بۆ داناوین بەڵام ئەوان تەنیا ئیشیان ساغکردنەوەی پەیینە کیمیاییەکانە و تا ئێستا هیچ کام لەو ئەندازیارانە لەسەر خراپ بەکار هێنان یان چۆنیەتی بەکارهێنان، هیچیان پێ نەگوتووین، ئەمەش وایکردووە من ئێستا خاکەکەم بە پیت نەبێت و بەرهەمەمم کەم و خراپ بێت". بە پێچەوانەوە، ژینۆ محمد پسپۆڕی پیسبوونی ژینگە، پێیوایە جووتیاران ڕێژەیەکی زۆر لە پەیینی کیمیایی بەکاردەهێنن و بەپێی پێویستی پەیڕەوی ڕێنماییەکانی بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵ یان ئەندازیاری کشتوکاڵیی ناکەن. ئەم پسپۆرە ژینگەییە لەم بارەیەوە دەڵێت، "ئەوان خۆیان بەخاوەن خاک دەزانن و موڵکدارێتییەکەی دەگەڕێننەوە بۆ خۆیان، تەنیا بەو شێوە خاکەکەیان بەکاردێنن کە خۆیان دەیانەوێت تەنانەت ڕێگا نادەن پشکنینیان بۆ بکرێت تا بزانرێت بۆ کام جۆری بەرهەم و ڕووەک گونجاوە". ئاماژەش بۆ ئەوە دەکات کە پشکنین دەریدەخات چی کانزایەکی خۆراکیی لە خاکەکەدا کەمە و دەبێت بەپێی ئەوە ئەو جۆرە پەینە بکڕدرێت. بە پێچەوانەوە، بەکارهێنانی دەرمان بەشێوەیەکی هەرەمەکی دەبێتە هۆی پیسبوونی خاک و ژینگە، چونکە پەیینی کیمیایی کاتێک بەکاردەهێنرێت کە بزانرێت خاکەکە لە چی کانزایەکی خۆراکی کەم یان زیادە. کاتێک ماددەیەکی کیمیایی بەکار دەهنێرێت و لەبنەڕەتدا لە خاکەکەدا هەیە، ئەوا هاوسەنگی ناهێڵێت و وردیلەکانی ناو خاک لەناو دەبات کە کاریان بەپیتکردن وچالاککردنی کانزا خۆراکییەکانە. دواتر ئەو بەشە زیادەی کە ڕووەکەکە هەڵی نامژیێت دادەچۆڕێتەوە چینی خوارەوەی خاک و ئاوی ژێر زەوی تێکدەدا، بڕێکیش لەم ماددانە لەگەڵ باراناودا بەسەر زەوییە کشتوکاڵییەکاندا دەڕۆن و لە کۆتاییدا دەڕژێنە ناو چەم و دەریاچەکانەوەو تێکیان دەدەن، دەبنە هۆی قەوزەیەکی زۆر کە ئەمەش ڕێگری لە چوونەژوورەوەی تیشکی خۆر دەگرێت بۆ بەشی ژێرەوەی ئاوەکان. بەم شێوەش ئۆکسجینی ژێرەوەی ئاوەکان کەمدەبێتەوە و زیان دەگاتە ماسی و زیندەوەرە ئاوییەکان. کەواتە ئەگەر بەکارهێنانی پەینی کیمیایی بەشێواز و مامەڵەیەکی دروست نەبێت زیانەکانی زیاترن، هەم بۆ خاک و هەم بۆ ژینگە و خەڵکیش. ژینۆ محمد پێی وایە کە مەرج نییە جووتیار تەنیا لە ڕێگەی پەینی کیمیاییەوە کانزا خۆراکییەکان بخاتە ناو خاکەوە، بەڵکو چەندین ڕێگای تر هەن وەک بەکار هێنانی پەیینی ئۆرگانیک کە یەکێکە لە دروستترین ڕێگاکان، چونکە تەواو سروشتییە، لەهەمان کات بەروبومێکی تەواو تەندروست و سروشتیی لێ وەبەرهەم دێت. ڕێگایەکی تر دەورانکردنی کشتوکاڵە، بۆ نمونە ئەگەر جووتیار ساڵێک زەوییەکەی کردە گەنم، نابێت ساڵی داهاتووش هەر گەنم بێت کە هەموو کانزا بە سوودەکانی خاک دەبات بۆ خۆی. بۆیە باشترە ساڵی دواتر بکرێت بەیەکێک لە پاقلەمەنییەکان چونکە سروشتی پاقلەمەنییەکان وایە کە جۆرێک لە بەکتریایی سوودبەخش لە ڕەگەکانیان دروست دەکەن و نایترۆجین بۆ خاکەکە زیاد دەکەن. دەکرێ ساڵی دواتر نەکرێت بەهیچ شتێک و وەک خۆی بهێڵرێتەوە هەتاکو ڕێژەی ئۆرگانیی خاکەکە زیاد بکات، پاشان ساڵی چوارەم بکرێت بەو بابەتەی کە جووتیار دەیەوێت. ئەم شێوازی دەورانە وادەکات خاکەکە هەم بەپیت بێت هەم کانزای ئۆرگانیکی زۆر بێت، کە دەرەنجامەکەی بەروبومێکی پڕ و کوالیتی بەرز دەبەخشێت. سەبارەت بە ڕێگریکردن لە زیاد بەکارهێنانی پەیینی کیمیایی پێی وایە ناتوانرێت ڕاستەوخۆ ڕێگری لە جووتیاران بکرێت، بەڵام دەکرێت لە ڕێی وەزارەتی کشتوکاڵ و بەڕێوەبەرایەتییەکانەوە ڕێنمای بڵاوبکرێتەوە کە بەکارهێنانی پەیینی کیمیایی بەو جۆرەی هەیە، خراپە لەهەمانکاتیشدا، هەروەها دەکرێ لە ڕێگەی نوسینگە کشتوکاڵییەکانەوە کەمێک هاوردەکردنی پەیینی کیمیاوی سنوردار بکرێت و گرنگیی بدرێت بە بازاڕی پەیینی ئۆرگانیک. پەیینی ئۆرگانیکیش، وەک ئەم توێژەرە ئاماژەی بۆ دەکات، ئەگەر پاشەڕۆی پەلەوەر یان ئاژەڵ بێت، ناکرێت بەڕێژەیەکی زۆر و ڕاستەوخۆ بکرێتە سەر زەوییەکە، چونکە ئەم پەیینەش هەندێک جۆری نەخۆشی و بەکتریای تێدایە و دەگوازرێنەوە بۆ ناو خاک، بۆیە دەبێت ئەویش چەند گۆڕانێکی بەسەردا بێت و بکرێت بە پەیینی کۆمپۆست واتە شی بووەوە. دواتریش جۆر و کوالیتی کۆمپۆستەکە دیاری بکرێت و بەپێی پێویستی زەوییەکە و بەرهەمەکە بەکاربێت. جووتیار خالید جێگری بەڕێوەبەری کشتوکاڵی سلێمانی لەم بارەیەوە، دەڵێت "بەکارهێنانی پەینی کیمیایی بابەتێکی زانستییە و پێویستیەکی ڕووەکییە، وەک چۆن مرۆڤ پێویستی بە خۆراکە بەهەمان شێوە ڕووەکیش پێویستی بە خۆراکە، بەڵام دەبێت دڵنیابین لەوەی کە ڕووەکەکە پێویستی پێیەتی و پێشتر ئامادەکاری کرابێت و پشکنین بۆ ڕووەک و خاک و جۆری پەیینەکەش کرابێت. لە هەرێمی کوردستان بەهۆی کەمی بوونی تاقیگە و زۆری تێچووی پشکنین، زۆربەی کات جووتیار ئامادەی ئەم پشکنینانە نییە کە ئەمەش دووجار زیانی پێدەگەیەنێت: جارێک کە نازانێت خاکەکەی چی تێدایە، جارێکیش دەکەوێتە بەردەستی بازرگانەکان و بە ئارەزووی خۆیان ئاراستەی دەکەن لەپێناو قازانج. باجی ئەمەش زۆرە و کاتی پێگەیشتنی بەرهەمەکانیان جووتیاران گلەیی ئەوە دەکەن کە قازانجیان نەکردووە". جووتیار خالید دەگێڕێتەوە کە بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵ و لقەکانی، کار دەکەن لەسەر ئەوەی ڕێنماییەکانیان لەسەرجەم قەزا و ناحییەکاندا، پاڵنەری جووتیاران بێت کە هەم پەیینی کیمیایی کەم بەکاربهێن هەم ماددە قڕکەرەکانیش کە هۆکاری پیسبوونی ژینگە و بەرهەمی ناتەندروستن. وەک باسی دەکات، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی و لقەکانییەوە، چەندین جار خولی کشتوکاڵی بۆ هۆشیارکردنەوەی جووتیاران لەسەر کاریگەریەکانی زیاد بەکارهێنانی پەیینی کیمیایی کراوەتەوە و دەرئەنجامی باشی هەبووە. پێنجوێن و بازیان لەو شوێنانەن لە دەستپێکی وەرزی کشتوکاڵەوە پشکنینی تاقیگەیی بۆ خاک و ئاو کراوە، وەک دیاریکردنی ڕێژەی پەیینی کیمیایی لەناو خاکدا، هەروەها دیاریکردنی کانزا خۆراکییەکان ناو ئەو ئاوەی بەکاری دەهێنن. ئەم دیارکردنەش بەگوێرەی قسەکانی جووتیار خالید، یارمەتی ئەوە دەدات بڕی ئەو پەیینە کیمیاییە دیاری بکرێت کە جووتیارەکان بەکاری دەهێنن، چونکە لە ئاوەکەدا بڕێک لە کانزاکان هەن و پێویست بە پەیینی کیمیایی زۆر ناکات. ئەمەش یەکێکە لەو ڕێگایانەی لە ڕووی تێچوون و قازانجەوە دەرەنجامی باشی بۆ جووتیارەکان هەبووە. هەموو ئەو چیرۆکانەی لەم ڕاپۆرتەدا هاتوون و هەروەها زانیاری و ڕاوبۆچوونی پسپۆرەکان، ڕاستیی کاریگەرییە خراپەکانی ماددە قڕکەرەکان و پەیینی کیمیایی لەسەر خاک زیاتر ڕوون دەکەنەوە. بەردەوامبوونیش لە بەکارهێنانیاندا بەبێ ڕێنماییە زانستییەکان، خاکە کشتوکاڵییەکان لەبەرهەم دەخات. ئەمەش تەنها بەهۆشیاریی جوتیاران و ڕێنماییەکان چارەسەر نابێت، بەڵکو پێویستی یاساو تەشریعاتی نوێ هەیە لە بواری کشتوکاڵ و پاراستنی سیستمی ژینگەیی لە کوردستاندا، هەروەها هەمە-جۆریی ناو خاک. * ئەم راپۆرتە لەچوارچێوەی پرۆژەی رۆنامەوانی ژینگەیی عێراق بەرهەمهاتووە كە ئينتەر نیوز پاڵپشتی دەكات یاسا و ڕێنماییە بەرکارەکان ناتوانن ژینگە بپارێزن خاکەکە تینوویەتی؛ وشکایەتیی زەوی لە ڕۆژئاوای هەولێر
(درەو): عومەر سەید عەلی وەكو رێكخەری گشتیی بزوتنەوەی گۆڕان، لە فەرمانگەی دادنوسی سلێمانی، بریكارنامەیەكی گشتیی بۆ (دانا ئەحمەد مەجید) كردەوە. بەپێی دەقی ئەو نوسراوەی كە كۆپییەكی دەست (درەو) كەوتووە، لە بریكارنامەكەدا، عومەر سەید عەلی هەموو دەسەڵاتەكانی خۆی وەكو رێكخەری گشتیی بەخشیوە بە (دانا ئەحمەد مەجید). بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، بەر لە نوسینی ئەم بریكارنامەیە، عومەر سەید عەلی بە نوسراوێك فەرمانگەی پارتە سیاسییەكانی لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق ئاگاداركردوەتەوە لەوەی دەسەڵاتەكانی رێكخەری گشتیی دەگوازرێتەوە بۆ (دانا ئەحمەد مەجید). بڕیاربوو پرۆسەی ئاڵوگۆڕی دەسەڵات لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا لەرێگەی هەڵبژاردنەوە ئەنجام بدرێت، بەڵام بەهۆی تێبینی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان لەسەر دەستوریی ناوخۆیی بزوتنەوەكە، ئەم پرۆسەیە پەیكەوتووەو ئێستا لەرێگەی بریكارنامەكە ئەنجام دەدرێت. دەقی بریكارنامەكە
راپۆرتی: درەو 🔻 لە دواین هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە ساڵی (2021) لەسەر ئاستی سنوری پارێزگای هەولێر ئەنجامی دەنگی لایەنەکان بەجۆرێک بووە کە؛ 🔹 پارتی پلەی یەکەمی گرتووە و (262 هەزار و 800) دەنگی بە ڕێژەی (59%)ی دەنگەکانی بەدەست هێناوە. لە کاتێکدا لە ساڵی (2018) ژمارەی دەنگەکانی نزیکەی (322 هەزار) دەنگ بووە. 🔹 نەوەی نوێ بە پلەی دووەم دێت و (79 هەزار و 245) دەنگی بە ڕێژەی نزیک لە (18%)ی بەدەستهێناوە. لە هەڵبژاردنی پێشتری ئەنجومەنی نوێنەران لەدوای یەکێتییەوە هاتبوو (70 هەزار و 833) دەنگی بەدەستهێنابوو. 🔹 یەکێتی سێیەم بووەو (65 هەزار و 862) دەنگ و نزیکەی ڕێژەی (15%)ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە. لە کاتێکدا لە هەڵبژاردنی (12/5/2018) پلەی دووەمی هەبووە بە (79 هەزار و 745) دەنگ. 🔹 کۆمەڵی دادگەری چوارەم بووەو (19 هەزار و 517) دەنگ و ڕێژەی (4.4%)ی دەنگەکانی سنوری پارێزگای هەولێری بەدەستهێناوە. بەڵام لە ساڵی (2018) ژمارەی دەنگەکانی سەروو (36 هەزار) دەنگ بووە. 🔹 بزوتنەوەی گۆڕان و یەکگرتووی ئیسلامی، پلەی پێنجەم و شەشەمیان هەیە، هەریەکەو بە ڕێژەی (1%) دەنگەکانیان بەدەستهێناوە. لە کاتێکدا لە هەڵبژادنی پێشتووتری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە هەردووکیان سەرو (65 هەزار) دەنگیان هەبووە. یەکەم؛ بازنەی پارێزگای هەولێر لە دوا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا 1. ئەنجامی هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەران (10/10/2021) لە سنوری پارێزگای هەولێر بەگوێرەی ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران لەسەر ئاستی گشتی سنوری پارێزگای هەولێر و سەرجەم قەزاو ناحیەکانی کە دابەشی سەر (4) بازنەی هەڵبژاردن کرابوون، ئەنجامی دەنگی لایەنەکان بەم شێوەیە بووە، بەجۆرێک؛ - پارتی دیموکراتی کوردستان لە پلەی یەکەمدا بووەو (262 هەزار و 800) دەنگی بەدەستهێناوە بە رێژەی (59%). - نەوەی نوێ لە پلەی دووەمدا بووەو (79 هەزار و 245) دەنگی بەدەستهێناوە بە رێژەی (18%). - هاوپەیمانی کوردستان (یەکێتی نیشتمانی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان) پلەی سێیەمیان گرتووە و (70 هەزار و 107) دەنگیان بەدەستهێناوە بە ڕێژەی نزیک (16%). - کۆمەڵی دادگەری کە لە (2) بازنەی هەڵبژاردن کاندیدی هەبووەو لە پلەی چوارەمدا بووەو (19 هەزار و 517) دەنگی بەدەستهێناوە بە ڕێژەی (4.4%). - یەکگرتووی ئیسلامی تەنها لە دوو بازنەی هەڵبژاردن کاندیدی هەبووەو لە پلەی پێنجەمدا بووەو (3 هەزار و 990) دەنگی بەدەستهێناوە بە نزیکەیی (1%). - سەرجەم لایەنەکانی دیکە (8 هەزار و 594) دەنگیان بەدەستهێناوە بە رێژەی زۆرتر لە (2%). 2. ئەنجامی هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەران (12/5/2018) لە سنوری پارێزگای هەولێر بەگوێرەی ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران لەسەر ئاستی گشتی سنوری پارێزگای هەولێر و سەرجەم قەزاو ناحیەکانی، لە هەڵبژاردنی (12/5/2018) ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەنجامی دەنگی لایەنەکان بەم شێوەیە بووە، بەجۆرێک؛ - پارتی دیموکراتی کوردستان لە پلەی یەکەمدا بووەو (321 هەزار و 920) دەنگی بەدەستهێناوە. - یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە پلەی دووەمدا بووەو (79 هەزار و 745) دەنگی بەدەستهێناوە. - نەوەی نوێ پلەی سێیەمی گرتوبوو بە (70 هەزار و 833) دەنگ. - هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری بە پلەی چوارەم هاتبوو بە (50 هەزار و 537 دەنگ). - بزوتنەوەی گۆڕان (40 هەزار و 863) دەنگی بەدەستهێنابوو، پلەی پێنجەمی گرتبوو لەسەر ئاستی پارێزگای هەولێر. - کۆمەڵی دادگەری بە بەدەستهێنانی (36 هەزار و 422) دەنگ لە پلەی شەشەمدا بووە. - یەکگرتووی ئیسلامی لە پلەی حەوتەمدا بووەو تەنها (24 هەزار و 475) دەنگی بەدەستهێناوە بۆ بەرچاوڕونی ئاستی دەنگی لایەنەکان لە هەردوو هەڵبژاردنی (2018 و 2021)ی ئەنجومەنی نوێنەران لەسەر ئاستی پارێزگای هەولێر بڕانە خشتەی چارتەکەی خوارەوە. دووەم؛ پارێزگای هەولێر لە چوارچێوەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان چاوەڕوان دەکرێت ڕۆژی 20/10/2024 هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت. لە دوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و بەشێک لە بەندەکانی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە بیانووی نادەستوری بوونیانەوە لەلایەن دادگای باڵای فیدراڵییەوە لە کۆتاییەکانی مانگی حوزەیرانی ساڵی ڕابردوو. لەوکات بەدواوە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە هەماهەنگی لایەنە پەیوەندیدارەکان لە هەوڵی جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵییە بۆ ڕێکخستنی ڕێوشوێنەکانی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان. لەو چوارچێوەیەشدا ئەمینداریەتی گشتی ئەنجومەنی کۆمسیاران لە چوارچێوەی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە (4ی حوزەیرانی 2024) یاسای دابەشکردنی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستانی پەسەند کرد، کە هەرێمی کوردستان دابەشی سەر (4) بازنەی هەڵبژاردن دەکات. لە دەقی بڕیارەکەی ئەنجومەنی کۆمسیاراندا هاتووە، هەرێمی کوردستان دابەشکراوە بەسەر (4) ناوچە (بازنە)ی هەڵبژاردن ئەوانیش؛ بازنەکانی "هەولێر، دهۆک، سلێمانی و هەڵەبجە"ن. بەپێی بڕیارەکە، پەرلەمانی کوردستان لە (100) کورسی پێکدێت و دابەشکراوە، بەم شێوەیە: هەولێر (34 کورسی) لەنێویاندا (1) کورسی بۆ پێکهاتەی مەسیحی و (1) کورسی بۆ تورکمان، سلێمانی (38 کورسی) لەنێویاندا (1) کورسی بۆ پێکهاتەی مەسیحی و (1) کورسی بۆ تورکمان، دهۆک ( 25 کورسی) لەنێویاندا (1) کورسی بۆ پێکهاتەی مەسیحی، بازنەی هەڵەبجە (3 کورسی) گشتی بەبێ هیچ کورسییەک بۆ پێکهاتەکان تەرخان کراوە. سنوری ئیداری پارێزگای هەولێر پێکدێت لە (قەزای ناوەندی هەولێر، دەشتی هەولێر، سۆران، شەقڵاوە، کۆیە، خەبات، چۆمان، ڕەواندز و مێرگەسور) و ناحیەکانی سنوری پارێزگا و قەزاکانی پارێزگاکە. بەپێی گوتەی گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق "جومانە غەلای" کە لە (21ی نیسانی 2024)دا ڕایگەیاندووە؛ "کۆی گشتی ژمارەی بنکەکانی دەنگدانی گشتی بریتییە لە (هەزار و 266) بنکە... پارێزگای هەولێر (498) بنکەی هەڵبژاردنی تێدا دەبێت. وێستگەکانی دەنگدان لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان بریتییە لە (6 هەزار و 298) وێستگە... (2 هەزار و 203) وێستگەی دەنگدانیش لە پارێزگای هەولێر دەبێت". بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، (2 ملیۆن و 888 هەزار و 162) کەس لە هەرێمی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان مافی دەنگدانیان هەیە، لەو ژمارەیەدا، کۆی گشتی ژمارەی دەنگدەرانی پارێزگای هەولێر بریتییە لە (ملیۆنێک 11 هەزار و 348) دەنگدەر، بەشێوەیەک (928 هەزار و 823) کەسیان لە دەنگدانی گشتی و (82 هەزار و 525) کەسیش لە دەنگدانی تایبەت مافی دەنگدانیان هەیە.
وینثرۆپ رۆجەرز، تایبەت ( بە درەو) دەنگدەرانی ئەمریکا لە ٥ی نۆڤەمبەر دەچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێ. پارتی کۆمارییەکان دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی پێشووی ئەمریکایان کاندیدکردووە، کە هەوڵدەدات ئەو پۆستە وەربگرێتەوە کە لە ساڵی ٢٠٢٠دا لەدەستیدا. سەرۆک جۆ بایدن، ئەو کەسەی کە لە هەڵبژاردنی پێشوو بەسەر ترەمپدا سەرکەوت، لە سەرەتای هاوینی ئەمساڵدا بە شێوەیەکی کتوپڕ ڕەتیکردەوە بەردەوام بێت لە هەڵمەتی دووبارە هەڵبژاردنەوەی لە وەڵامی نیگەرانییەکانی کە سەبارەت بە تەمەنەکەی دروست بوبون. لەبری ئەوە دیموکراتەکان کامالا هاریس جێگری سەرۆک کۆماریان کاندید کرد. ئەگەر سەرکەوتن بەدەست بهێنێت یەکەم ژنە کە دەبێتە سەرۆکی ئەمریکا. تەنها چەند هەفتەیەکی ماوە، پێشبڕکێکە نزیکە. چاودێرانی کوردستان و عێراق و سەرتاسەری جیهان پرسیار دەکەن کە چی ڕوودەدات؟ بۆ زۆر کەس پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەمریکا دەکرێت تێگەیشتنی ئاڵۆز بێت، بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی چەند لایەنێکی سەرەکی ئاسانتر تێدەگەیت. ئەمریکا سیستەمێکی بەرێوەبردنی فیدراڵی هەیە و سیستمی ناسراو بە "کۆلێجی هەڵبژاردن" بەکاردەهێنێت بۆ ئەوەی دیاری بکات کێ دەبێتە سەرۆک. هەر ویلایەتێک ژمارەیەک دەنگی پێدەدرێت، بە شێوەیەکی رێژەیی و بە نزیکەی قەبارەی دانیشتووانەکەی. بۆ نموونە ویلایەتی کالیفۆرنیا گەورەترین ویلایەتە و بە 54 دەنگ زۆرترین نوێنەری دەبێت، لەکاتێکدا ویلایەتە بچووکەکانی وەک وایۆمینگ و ڤێرمۆنت تەنها سێ دەنگیان هەیە. بۆ بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆکایەتی، کاندید دەبێت لانیکەم ٢٧٠ دەنگی هەڵبژاردن – دەنگی ئەندامانی "کۆلێجی هەڵبژاردن"- بەدەستبهێنێت. کۆی ژمارەی ئەو دەنگانەی کە کاندیدێک لە سەرانسەری وڵاتەوە بەدەستی دەهێنێت - کە بە "دەنگی جەماوەری" ناسراوە – پەیوەندیدار نییەو نابێتە پیوەر بۆ هەڵبژاردنی. لە ڕاستیدا لە دوو خول لە شەش خولی ڕابردوودا - جۆرج بوش لە ساڵی ٢٠٠٠ و ترەمپ لە ساڵی ٢٠١٦ - براوە لەسەر ئاستی دەنگی جەماوەر بە گشتی دەنگی کەمتری بەدەستهێنا، بەڵام هێشتا هەڵبژێردرا چونکە دەنگی زیاتری "کۆلێجی هەڵبژاردن"ی بەدەستهێنابوو. زۆربەی ویلایەتەکان هەموو ئەندامە هەڵبژێردراوەکانیان دەنگ دەدەنە هەرکەسێک کە ویلایەتەکە بباتەوە، هەرچەندە دوو ئیستیسنای تێدایە. لایەنەکان دەیانەوێت لە زۆرترین ویلایەتدا لە پلەی یەکەمدا بن، بە تایبەت ئەگەر دانیشتووانی زۆریان هەبێت وەک نیویۆرک یان تەکساس. بەڵام زۆر ویلایەت هەن کە مەیلی سیاسیان ڕوونە و دەتوانرێت پێشوەختە پێشبینی دەرئەنجامەکەی بکرێت. بۆ نموونە دیموکراتەکان تا ڕادەیەکی زۆر دڵنیان لەوەی لە شوێنێکی وەک مەسەچیوسس سەرکەوتن بەدەستدەهێنن، لەکاتێکدا کۆمارییەکان بە دڵنیاییەوە لە ویلایەتی تێنسی دەیبەنەوە. هەر خولێکی هەڵبژاردن چەند (ویلایەتێکی خۆڵەمێشیی یان سوینگ ستەیت) هەیە کە پێشبینی کراو نین و دەکرێت دەنگەکانیان بە هەر دوو ئاڕاستەکەدا بڕوات. بەو پێیەی ئەمریکا زۆر بە یەکسانی لە نێوان کۆمارییەکان و دیموکراتەکاندا دابەش بووە، ئاڕاستەی دەنگدانی ئەم ویلایەتانە زۆر گرنگ دەبێت. ئەوان ئەو ویلایەتانەن کە پێشبڕکێکە یەکلایی دەکەنەوە. لە هەڵبژاردنی ئەمساڵ، ٢٠٢٤دا، حەوت ویلایەتی سوینگ هەیە کە هەریەک لە کاندیدەکان چانسی باشی هەیە بۆ سەرکەوتن: پێنسیلڤانیا (کە ١٩ دەنگی هەڵبژاردنی هەیە)، کارۆلینای باکوور (١٦)، جۆرجیا (١٦)، میشیگان (١٥)، ئەریزۆنا (١١)، ویسکۆنسن ( 10) و نیڤادا (6). هاریس و ترەمپ لەم ویلایەتانەدا چەندین گردبوونەوە ئەنجام دەدەن و پارەیەکی زۆر لە ڕیکلامە تەلەفزیۆنییەکان خەرج دەکەن بۆ ئەوەی دەنگدەران ڕازی بکەن پشتگیریان بکەن. هەرکامیان بتوانێت لەم ویلایەتانەدا بەشی پێویست دەنگ بهێنێت، دەبێتە سەرۆک. لە ئێستادا هاریس لە تێکڕای ڕاپرسییەکاندا کەمێک لە پیشە، بەڵام ئەوە لەگەڵ زیادکردنی ڕاپرسییە نوێیەکاندا دەگۆڕێت. تا نووسینی ئەم ڕاپۆرتە، لە ویلایەتی پێنسیلڤانیا و میشیگان و ویسکۆنسن پێشەنگە. تەنها ئەم سێ ویلایەتە ژمارەی دەنگی پێویستی کۆلێجی هەڵبژاردنیان هەیە کە لەگەڵ دەنگی ویلایەتە جێگیرەکان دەنگەکانی هاریس بگەیەننە ٢٧٠ دەنگ و کۆشکی سپی مسۆگەر بکات. هاریس هەروەها لە ویلایەتی نیڤادا لە پێشە. ترەمپ لە ویلایەتی ئەریزۆنا و کارۆلینای باکوور و جۆرجیا کەمێک لەپێشترە ، بەڵام ئەمانە بەس نابن بۆ سەرکەوتن. بەڵام هێشتا دەرفەرتی باشی لەبەردەمە بۆ بردنەوە ئەگەر هاریس تووشی کۆسپ ببێت. پێشبڕکێکە لە ڕادەبەدەر نزیکە. پێنسیلڤانیا بە تایبەتی بۆ هەڵمەتی بانگەشەی هەردوو کاندیدەکە گرنگە. ژمارەیەکی زۆر دەنگی هەیە - زیاتر لە هەریەکێک لە ویلایەتەکانی تری سوینگ - و مێژوویەکی هەیە لە هەڵبژاردنی هەردوو کاندیدی کۆماری و دیموکرات بۆ سەرۆکایەتی و کۆنگرێس و لەسەر ئاستی ویلایەتەکانیش. دوو شاری گەورەی هەیە بە ناوەکانی فیلادلفیا و پیتسبورگ. ئەمانە بەهۆی زۆری ژمارەی دانیشتووانیانەوە ناوچەی دەوڵەمەندن بە دەنگ. زۆرێک لە گەنجان و ڕەشپێستەکان و ئەندامانی سەندیکاکانی کرێکاران لەوێ دەژین کە زۆرینەیان دەنگ بە دیموکراتەکان دەدەن. لە نێوان ئەم دوو شارەدا، ناوچەی گوندنشینی بەرفراوان هەیە، کە دەنگدەران مەیلیان بۆ کۆماریخوازەکانە. زۆرینەی خەڵکەکەی سپی پێستن و زیاتر محافزکارن وەک لە دەنگدەرانی شارەکان. هەروەها لەو نێوەندەشدا شارەدێ و شارە بچووکەکانیش هەن کە تێکەڵەیەک لە دەنگدەریان هەیە. هاریس پێویستی بە سەرکەوتن دەبێت بە جیاوازییەکی زۆر گەورە لە فیلادلفیا و پیتسبورگ و شارە بچوکەکان بۆ ئەوەی باڵانسی هێزی ترەمپ لە ناوچە گوندنشینەکانی ویلایەتەکەدا بکاتەوە. ئەگەر بتوانێت ئەمە بکات، ئەوا پێنسیلڤانیا دەباتەوە - و بە ئەگەرێکی زۆرەوە کۆشکی سپیش دەباتەوە. لە ١٠ی ئەیلولدا ترەمپ و هاریس لە شاری فیلادلفیا لە دیبەیتێکدا روبەڕووی یەکتر بوونەوە. لەسەر چەندین بابەت پێکدادان ڕویدا، لەوانە ئابووری، کۆچبەران، لەباربردنی منداڵ و سیاسەتی دەرەوە. دواتر ڕاپرسییەکان دەریانخست کە زۆرینەی دەنگدەران پێیانوابوو هاریس سەرکەوتو بووە لە ڕوبەڕوبونەوەکەدا، لەبەر ئەوەی زیاتر لەسەرخۆ و هاوسۆز بووەو ئامادەکاری باشتری کردوو. لە بەرامبەردا ترەمپ زۆر سەرنجی لەسەر ترسەکان بوو سەبارەت بە کاریگەرییەکانی کۆچبەران و درۆی ڕەگەزپەرستانەی بڵاودەکردەوە. هەر بۆیە ڕەخنەی زۆری لێگیرا، لەوانەش لەلایەن ئەندامانی پارتەکەی خۆیەوە. دیبەیتەکە جیاوازییەکی گەورەی ئەو دوو کاندیدەی بۆدەنگدەرانیان ئاشکرا کرد، کە زۆربەیان تازە دەستیان کردووە بە گرنگیدان بە هەڵبژاردنەکان. تەنها ئەوە دەبێتە هۆی بەهێزکردنی پەسەندکردنی پێشوەختەی دیموکراتەکان و کۆمارییەکان، بەڵام پێدەچێت ترەمپ لەناو دەنگدەرانی خۆڵەمێشیدا زیانی بەخۆی گەیاندبێت بەهۆی ئەدای خراپیەوە. لە ڕاستیدا ئەو ڕەتیکردووەتەوە جارێکی دیکە دیبەت لەگەڵ هاریس بکاتەوە، پێدەچێت بۆ ئەوەبێت کە خۆی لە شەرمەزارکردن بەدوور بگرێت بۆ جاری دووەم. هێشتا مانگ و نیوێک ماوە بۆ هەڵبژاردنی ٥ی نۆڤەمبەر، ئەمە ماوەیەکی زۆرە لە سیاسەتدا و لەم نێوەندەدا زۆر شت دەگۆڕێت. جگە لەوەش ڕاپرسییەکان مەرج نییە وێنەیەکی تەواو بخەنەڕوو، وەک ئەوەی کاتێک ترەمپ بە پێچەوانەی ڕاپرسییەکان بۆ یەکەمجار لە ساڵی ٢٠١٦دا هەڵبژێردرا. بەڵام بۆ ئێستا وا دیارە هاریس چانسێکی زیاتری هەیە لەسەر بنەمای ڕاپرسی لە ویلایەتە سەرەکییەکانی سوینگ وەک پێنسیلڤانیا، میشیگان و ویسکۆنسن. هەروەها لە دوای هاتنە دەرەوەی لە دیبەیتە سەرکەوتووەکەی، هاریس وزەو هێزێکی زیاتری هەیە وەک لە ترەمپ. بەڵام لە چەند هەفتەی داهاتوودا چاوێکی وردی لەسەر ویلایەتەکانی سوینگ دەبێت. لێرەدایە کە پێشبڕکێکە دەباتەوە یان دەدۆڕێت. The US election will come down to the “swing states,” but Harris has an advantage over Trump
راپۆرتی: درەو 🔻 لە دواین هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە ساڵی (2021) لەسەر ئاستی سنوری پارێزگای سلێمانی (بەبێ ناوەندی پارێزگای هەڵەبجە و ناحییەکانی سیروان و هەورامان) ئەنجامی دەنگی لایەنەکان بەجۆرێک بووە کە؛ 🔹 یەکێتی پلەی یەکەمی گرتووە و (118 هەزار و 586) دەنگی بە ڕێژەی (32%)ی دەنگەکان بەدەست هێناوە. 🔹 نەوەی نوێ بە پلەی دووەم دێت و (102 هەزار و 922) دەنگی بە ڕێژەی (28%) بەدەستهێناوە. 🔹 پارتی سێیەم بووەو (51 هەزار و 414) دەنگ و نزیکەی ڕێژەی (28%)ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە. 🔹 کۆمەڵ چوارەم بووەو (39 هەزار و 781) دەنگ و نزیکەی ڕێژەی (11%)ی دەنگەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی بەدەست هێناوە. 🔹 بزوتنەوەی گۆڕان، پێنجەم بووەو (17 هەزار و 846) دەنگ و نزیکەی ڕێژەی (5%)ی دەنگەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی بەدەست هێناوە. 🔹 یەکگرتوو شەشەم بووەو (15 هەزار و 852) دەنگ و زیاتر لە ڕێژەی (4%)ی دەنگەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی بەدەستهێناوە. یەکەم؛ ئەنجامی هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەران (10/10/2021) لە سنوری پارێزگای سلێمانی (بەبێ پارێزگای هەڵەبجەو ناحیەکانی سیروان، خورماڵ و هەورامان) بەگوێرەی ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران لەسەر ئاستی گشتی سنوری پارێزگای سلێمانی کە دابەشی سەر (5) بازنەی هەڵبژاردن کرابوون (بەبێ دەنگی لایەنەکانی لە پارێزگای هەڵەبجەو ناحیەکانی سیروان، خورماڵ و هەورامان) لە بازنەی (3)ی پارێزگای سلێمانی ئەنجامی دەنگی لایەنەکان بەم شێوەیە بووە کە لە (خشتەو چاتی ژمارە (1))دا هاتووە، بەجۆرێک؛ - یەکێتی نیشتمانی کوردستان (بە بێ ژمارەی دەنگەکانی بزوتنەوەی گۆڕان کە هاوپەیمانیان هەبوو) پلەی یەکەمی گرتووە و (118 هەزار و 586) دەنگی بەدەستهێناوە بە ڕێژەی (32%). - نەوەی نوێ لە پلەی دووەمدایە بە (102 هەزار و 922) دەنگ و بە رێژەی (28%). - پارتی دیموکراتی کوردستان لە پلەی سێیەمدایەو (51 هەزار و 414) دەنگی هەیە بە رێژەی (14%). - کۆمەڵی دادگەری کە لە (3) بازنەی هەڵبژاردن کاندیدی هەبووەو لە پلەی چوارەمدایەو (39 هەزار و 781) دەنگی هەیە بە ڕێژەی نزیک لە (11%). - بزوتنەوەی گۆڕان (بە بێ ژمارەی دەنگەکانی یەکێتی نیشتمانی کە هاوپەیمانیان هەبوو) و لە (4) بازنەی هەڵبژاردن کاندیدی هەبووەو لە پلەی پێنجەمدایەو (17 هەزار و 846) دەنگی هەیە بە ڕێژەی نزیک لە (5%). - یەکگرتووی ئیسلامی تەنها لە دوو بازنەی هەڵبژاردن کاندیدی هەبووەو لە پلەی شەشەمدایەو (15 هەزار و 852) دەنگی بەدەستهێناوە بە زۆرتر لە ڕێژەی (5%). - لە چوار بازنەی هەڵبژاردن کاندیدی سەربەخۆ هەبووەو لەگەڵ لایەنەکانی دیکە (22 هەزار و 283) دەنگیان هەیە بە رێژەی (6%). خشتەو چارتی (1) دووەم؛ دەنگی لایەنەکان لە هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە (2018 و 2021) لەسەر ئاستی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە. 1. ئەنجامی هەڵبژاردنی خولی چوارەمی ئەنجومەنی نوێنەران (12/5/2018) لە سنوری پارێزگای سلێمانی بەگوێرەی ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران لەسەر ئاستی گشتی سنوری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە، ئەنجامی دەنگی لایەنەکان بەم شێوەیە بووە، بەجۆرێک؛ - یەکێتی نیشتمانی کوردستان پلەی یەکەمی گرتووە و (259 هەزار و 378) دەنگی بەدەستهێنابوو. - بزوتنەوەی گۆڕان بە پلەی دووەم هاتوەو (154 هەزار و 947) دەنگی بەدەستهێنابوو. - نەوەی نوێ لە پلەی سێیەمدا بووەو (63 هەزار و 760) دەنگی بەدەستهێنابوو. - کۆمەڵی دادگەری لە پلەی چوارەمدا بووەو (51 هەزار و 563) دەنگی بەدەستهێنابوو. - پارتی دیموکراتی کوردستان لە پلەی پێنجەمدا بووەو (48 هەزار و 706) دەنگی بەدەستهێناوە. - هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری لە پلەی شەشەمدا بووەو (46 هەزار و 552) دەنگی بەدەستهێنابوو. - یەکگرتووی ئیسلامی تەنها (30 هەزار و 19) دەنگی بەدەستهێناوەو لە پلەی حەوتەمدا بووە. 2. ئەنجامی هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەران (10/10/2021) لە سنوری پارێزگای سلێمانی بەگوێرەی ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران لەسەر ئاستی گشتی سنوری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەو سەرجەم قەزاکان کە دابەشی سەر (5) بازنەی هەڵبژاردن کرابوون، ئەنجامی دەنگی لایەنەکان بەم شێوەیە بووە، بەجۆرێک؛ - هاوپەیمانی کوردستان (یەکێتی نیشتمانی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان) پلەی یەکەمییان گرتووە و (141 هەزار و 660) دەنگیان بەدەستهێناوە بە ڕێژەی (36%). - نەوەی نوێ لە پلەی دووەمدا بووەو (106 هەزار و 318) دەنگی بەدەستهێناوە بە رێژەی (27%). - پارتی دیموکراتی کوردستان لە پلەی سێیەمدا بووەو (54 هەزار و 891) دەنگی بەدەستهێناوە بە رێژەی (14%). - کۆمەڵی دادگەری کە لە (3) بازنەی هەڵبژاردن کاندیدی هەبووەو لە پلەی چوارەمدا بووەو (44 هەزار و 639) دەنگی بەدەستهێناوە بە ڕێژەی سەروو (11%). - یەکگرتووی ئیسلامی تەنها لە دوو بازنەی هەڵبژاردن کاندیدی هەبووەو لە پلەی پێنجەمدا بووەو (22 هەزار و 876) دەنگی بەدەستهێناوە بە نزیکەیی (6%). - لە چوار بازنەی هەڵبژاردن کاندیدی سەربەخۆ هەبووەو پلەی شەشەمیان گرتووە و (16 هەزار و 885) دەنگیان بەدەستهێناوە بە رێژەی زۆرتر لە (4%). - پارتی سۆسیالست دیموکراتی کوردستان پلەی حەوتەمی گرتووە و (2 هەزار و 749) دەنگی بەدەستهێناوە بە رێژەی کەمتر لە (1%). تایبەت بە بەراوردی دەنگی لایەنەکان لە هەردوو هەڵبژاردنی ڕابردوی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر ئاستی پارێزگای سلێمانی بڕوانە (خشتەو چارتی ژمارە (2)) خشتەو چارتی (2) سێیەم؛ پارێزگای سلێمانی لە چواچێوەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان چاوەڕوان دەکرێت هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە 20/10/2024 بەڕێوەبچێت. لە دوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و بەشێک لە بەندەکانی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە بیانووی نادەستوری بوونیانەوە لەلایەن دادگای باڵای فیدراڵییەوە لە کۆتاییەکانی مانگی حوزەیرانی ساڵی ڕابردوو. لەوکات بەدواوە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە هەماهەنگی لایەنە پەیوەندیدارەکان لە هەوڵی جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵییە بۆ ڕێکخستنی ڕێوشوێنەکانی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان. لەو چوارچێوەیەشدا ئەمینداریەتی گشتی ئەنجومەنی کۆمسیاران لە چوارچێوەی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە (4ی حوزەیرانی 2024) یاسای دابەشکردنی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستانی پەسەند کرد، کە هەرێمی کوردستان دابەشی سەر (4) بازنەی هەڵبژاردن دەکات. لە دەقی بڕیارەکەی ئەنجومەنی کۆمسیاراندا هاتووە، هەرێمی کوردستان دابەشکراوە بەسەر (4) ناوچە (بازنە)ی هەڵبژاردن ئەوانیش؛ بازنەکانی "هەولێر، دهۆک، سلێمانی و هەڵەبجە"ن. بەپێی بڕیارەکە، پەرلەمانی کوردستان لە (100) کورسی پێکدێت و دابەشکراوە، بەم شێوەیە: هەولێر (34 کورسی) نێویاندا (1) کورسی بۆ پێکهاتەی مەسیحی و (1) کورسی بۆ تورکمان، سلێمانی (38 کورسی) لەنێویاندا (1) کورسی بۆ پێکهاتەی مەسیحی و (1) کورسی بۆ تورکمان، دهۆک ( 25 کورسی) لەنێویاندا (1) کورسی بۆ پێکهاتەی مەسیحی، و بازنەی هەڵەبجە (3 کورسی) بەبێ هیچ کورسییەک بۆ پێکهاتەکان تەرخان کراوە. ئەوەی لەم ڕاپۆرتەدا جێگەی بایەخ دەبێت بازنەی پارێزگای سلێمانییە، کە (36 کورسی) گشتی و (2) کۆتا بۆ پێکهاتەکانی (تورکمان و مەسیحی) تەرخان کراوە. سنوری ئیداری پارێزگای سلێمانی پێکدێت لە قەزای ناوەندی سلێمانی و (شارباژێڕ، ماوەت، قەرەداغ، سەیدسادق، شارەزوور، پێنجوێن، پشدەر، ڕانیە، دوکان، کەلار، دەربەندیخان، کفری و چەمچەماڵ) و ناحیەکانی سنوری پارێزگا و قەزاکان. بەپێی گوتەی گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق "جومانە غەلای" کە لە (21ی نیسانی 2024)دا ڕایگەیاندووە؛ "کۆی گشتی ژمارەی بنکەکانی دەنگدانی گشتی بریتییە لە (هەزار و 266) بنکە... پارێزگای سلێمانی (477) بنکەی هەڵبژاردنی تێدا دەبێت. وێستگەکانی دەنگدان لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان بریتییە لە (6 هەزار و 298) وێستگە... (2 هەزار و 364) وێستگەی دەنگدانیش لە پارێزگای سلێمانی دەبێت". بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، (2 ملیۆن و 888 هەزار و 162) کەس لە هەرێمی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان مافی دەنگدانیان هەیە، لەو ژمارەیەدا کۆی گشتی ژمارەی دەنگدەرانی پارێزگای سلێمانی بریتییە لە (ملیۆنێک 78 هەزار و 687) دەنگدەر، بەشێوەیەک (ملیۆنێک و 3 هەزار و 772) کەسیان لە دەنگدانی گشتی و (74 هەزار و 915) کەسیش لە دەنگدانی تایبەت مافی دەنگدانیان هەیە.
(درەو): هەناردەی عێراق لە چارەكی یەكەمی ئەمساڵدا بەرێژەی 15.7% پاشەكشێی بەخۆوە بینیوە، تەنانەت نەوت كە رێژەی 96.7%ی تێكڕای هەناردەی پێكهێناوە، ئەویش بەرێژەی 16.4% پاشەكشێی كردووە. بانكی ناوەندیی عێراق لە راپۆرتێكدا ئاشكرایكرد، هەناردەی كاڵای عێراق لە چارەكی یەكەمی ئەمساڵدا بریتی بووە لە بڕی (23 ملیارو 474 ملیۆن) دۆلار، ئەمە لەكاتێكدایە لە هەمان ماوەی ساڵی رابردوودا بەهای هەناردە بریتی بووە لە (27 ملیارو 847 ملیۆن) دۆلار. بە بەراوردكردنی ئاستی هەناردە لە چارەكی یەكەمی ئەمساڵ و چارەكی یەكەمی ساڵی رابردوو، دەردەكەوێت لە 2024دا ئاستی هەناردەی عێراق بە رێژەی 15.7% دابەزیوە. نەوت كە رێژەی 96.7%ی تێكڕای هەناردەی كاڵای عێراقی لە چارەكی یەكەمی ئەمساڵدا پێكهێناوە، ئەویش لە چارەكی یەكەمی ئەمساڵدا بەرێژەی 16.4% پاشەكشێی كردووە، بانكی ناوەندی هۆكاری ئەمە بۆ دابەزینی نرخی نەوت بەرێژەی 10.7% دەگەڕێنێتەوە. "هەناردەی بەرهەمە نەوتییەكانیش كە نەفتاو گازوایل و بەرهەمەكانی تر دەگرێتەوە، لە چارەكی یەكەمی ئەمساڵدا رێژەی 2.5%ی هەناردەی كاڵای عێراقی پێكهێناوە" راپۆرتەكەی بانكی ناوەندیی وا دەڵێ. هەرچی كاڵاكانی ترە، بەهەموویانەوە رێژەی 0.6%ی تێكڕای هەناردەی چارەكی یەكەمی ئەمساڵی عێراقیان پێكهێناوە، كە رێژەیەكی زۆر كەمەی خۆی دەبینێتەوە كە هەندێك كەلوپەلی پیشەسازی و خۆراك و خواردنەوە سەرەتاییەكانی تایبەت بە خێزان.
درەو: رۆژنامەی "نیویۆرك تایمز"ی ئەمریكی، راپۆرتێكی بە ناونیشانی (حەماس و حوسیەكان نوسینگەیان لە بەغداد كردووەتەوە، كە رەنگدانەوەی بەرەوپێشچوونی پەیوەندی ئەو دوو گروپەیە لەگەڵ عێراق، لەكاتێكدا تاران كاردەكات لەسەر بونیادنانی هێزێكی هەرێمایەتی) كە لەلایەن (Alissa J. Rubin) نوسراوە: 🔹هیچ لافیتەیەك لەسەر دەرگای بارەگای نوێی مەكتەبی سیاسی حەماس لە بەغداد هەڵنەواسراوە، شوێنەكەش لەژێر چاودێرییەكی توندایە، رێوشوێنێكی هاوشێوەش لە نوسینگە نوێیەكی حوسیەكان گیراوەتەبەر، كە مەودایەكی كورتیان لەنێواندایە بە ئۆتۆمبیل. 🔹بەرپرسە حكومییەكانی عێراق لەسەرەتای ئەم هاوینەدا، بە بێدەنگی رێگەیان داوە بە دوو گروپە چەكدارە ، كە ئێران پشتیوانیان دەكات، بوونیان لەبەغداد هەبێت، دوای ساڵانێك لەسەردانیكردنی نوێنەرەكانیان. 🔹ئەم پێشهاتە لەكاتێكدایە، بەرپرسانی عێراق بە ئاشكرا رەتیدەكەنەوە، سەرەڕای ئەوەی وێنەی ئەو گروپانە لە عێراق لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان بڵاودەكرێنەوە. 🔹كردنەوەی ئەو نوسینگە نوێیانە، رەنگدانەوەی پەرەسەندنی رۆڵی عێراقە، لە جەنگی شاراوەی نێوان ئێران و ئیسرائیل و ویلایەتە یەكگرتووەكان. 🔹ماوەی زیاتر لە (20)ساڵ و لە دوای هێرشی ئەمریكا بۆسەر عێراق و روخاندنی دیكتاتۆریەت، عێراق تێكۆشا بۆ پاراستنی هاوسەنگی لەنێوان ئێران و ئەمریكا. 🔹تەرازووەكە وردە وردە لە بەرژەوەندی ئێران كەوت بەلادا، تاران بەشێوەیەكی چڕ كاریكرد بۆ بەهێزكردنی هەموونی خۆی لەڕێی گروپەكانی هاوپەیمانی. 🔹ئەوەش بەشێكە لە هەوڵێكی گەورەتر كە تاران دەیدات بۆ بونیادنانی كوتلەیەكی هەرێمایەتی لە هێزە شیعیەكان، كە درێژدەبێتەوە بۆ لوبنان لەگەڵ حزبوڵا، تا دەگاتە یەمەن لەگەڵ حوسیەكان. 🔹لەم ساڵانەی دوایدا ئێران هانی حكومەتی عێراقیدا بۆ دەستەبەركردنی بەرگێكی شەرعی بۆ میلیشیا چەكدارەكان لەوڵات، كە هەندێكیان هاوپەیمانی ئێرانن، وێڕای گروپە چەكدارە سوننی و مەسیحی و ئێزدیەكان سەربەوان، لەڕێی ئەوە بكرێن بە بەشێك لە دەزگا ئەمنیەكانی عێراق. 🔹بەهۆی زیادبونی هەژموونی ئێران، سەركردەكانی عێراق رازیبوون كاتێك حوسیەكان و حەماس خواستی كردنەوەی نوسینگەیان هەبووە. 🔹هەندێك لە بەرپرسانی حكومەتی عێراق دەڵێن: خۆشحاڵ نین بە هاتنی میوانە تازەكانیان، بەڵام توانای ئەوەیان نیە رێگەیان لێبگرن، بەهۆی بەهێزی حزبە سیاسیەكانی نزیك لە ئێران. 🔹ئامانجی دانانی ئەو نوسینگانە بەشێوەیەكی سەرەكی بۆ بەهێزكردنی رایەڵەكانی پەیوەندییانە لە عێراق. 🔹كردنەوەی دوو نوسینگەی نوێ، یەكێكیان بۆ حەماس كە گروپێكی سوننەیە، نوسینگەیەكیش بۆ حوسیەكان، كە گروپێكی شیعەیە، رەنگدانەی ئاستی ئەو گۆڕانەیە كە بەسەر سیاسەتی عێراقدا هاتووە لە دوای سەدام حسێنەوە. 🔹حزبە شیعییەكان هەژموونیان بەسەر سیاسەتی عێراقی ئەمڕۆدا كردووە، كە پەیوەندی بەهێزیان هەیە بە ئێرانەوە، ئەو گۆڕانكاریە دەرفەتی بەرەوپێشچوونی بۆ گروپانە رەخساندووە، لەگەڵ بەهێزكردنی ئەوەی ناسراوە بە بەرەی بەرهەڵستكاران، كە تۆڕی چەكداریی ئێرانە لەسەرانسەری خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و، تەرخانكراوە بۆ روبەڕوبونەوەی هەژموونی ئەمریكاو ئیسرائیل لە ناوچەكە. 🔹یەكێك لە مەترسیەكان بوونی ئەو ژمارە زۆرەی گروپەكانی هاوپەیمانی ئێرانە لە عێراق، كە رەنگە پاڵ بە ئیسرائیلەوە بنێت ناوخۆی عێراق بۆردومان بكات، ئەوەش ببێتە هۆی شڵەژاندی زیاتری سەقامگیری ناوچەكە. 🔹لەهەمان كاتدا، ترسی ئەوەش لە گروپە چەكدارە عێراقیەكان هەیە، هاوكاری بەردەوامی گروپەكانی تری هاوپەیمانی ئێران بكەن و، هەماهەنگی بكەن بۆ هێرشكردنە سەر ئیسرائیل. 🔹گروپە عێراقیەكان هاوشانی حوسیەكان رایانگەیاندووە، بەشێوەیەكی هاوبەش لەمانگی حوزەیراندا هەشت هێرشیان بۆ سەر ئیسرائیل ئەنجامداوەو مانگی تەمموزیش سێ هێرش. 🔹حەماس نوسینگەكەی لە بەغداد لە گەڕەكی (عرصات) كردووەتەوە، كە گەڕەكێكی چینی مامناوەندەو تێكەڵەیەك لەخانونی دوو نهۆمی لەخۆدەگرێت، كە لە حەفتاكانی سەدەی رابردوودا بونیادنراوە. 🔹كۆنتڕۆڵی بەشێكی ئەو ناوچەیە لەژێر دەستی كەتیبەكانی حزبوڵادایە، كە دیارترین گروپی چەكداری شیعەی عێراق و هاوپەیمانی ئێرانەو نهێنی ترینیشانە. 🔹محەمەد حافی، ئەندامی مەكتەبی سیاسی حەماس بۆ پەیوەندییە عەرەبی و ئیسلامیەكان، نوێنەری حەماسە لە بەغداد، مانگی رابردوو لە پەیوەندیەكی تەلەفونیدا لەگەڵ رۆژنامەی نیویۆرك تایمز، رەتیكردەوە قسەبكات و وتی: رێگەی قسەكردنم پێنەدراوە لەگەڵ میدیاكان. 🔹حافی، كە كەتیبەكانی حزبوڵا بەرپرسیارێتی رێوشوێنە ئەمنیەكانی لە ئەستۆ دەگرن، چاویكەوتووە بە ژمارەیەك لە گروپ و كەسایەتیە عێراقیەكان لە شیعەو سوننە.
ڕاپۆرتی؛ ڕێکخراوی روونبین بودجەی عێراق لەیاسای بودجەی حکومەتی فیدراڵی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢٤ ئاستی هەناردەی نەوتی عێراق بە ٣ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار بەرمیلی رۆژانە دیاری کراوە لە ناویشیدا ٤٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی هەرێم هەیە. نرخی هەربەرمیلێک نەوت بە ٧٠ دۆلار خەمڵیندراوە و نرخی ئاڵوگۆڕی دۆلارێک بە ١٣٠٠ دینارە. بۆیە داهاتی ئەو نەوتە خاوە بریتی یە لە ١١٦ ترلیۆن و ٢٥٢ ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دینار، هەروەها بڕی یەک ترلیۆن دینار دانراوە وەکو داهاتی بەرهەمە نەوتییەکانی تر. کە هەمووی بەسەریەکەوە داهاتە نەوتییەکان لەساڵەکەدا دەکاتە ١١٧ ترلیۆن و ٢٥٢ ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دینار. هەروەها داهاتی نانەوتیش مەزەندە کراوە بە ١٧ ترلیۆن و ٣٠٠ ملیار و ٤١٩ ملیۆن و ٦٣ هەزار دینار. واتە کۆی داهاتی عێراق دەکاتە ١٣٤ ترلیۆن و ٥٥٢ ملیارو ٩١٩ ملیۆن دینار، بەپێی یاسای بودجە. بڕوانە ((خشتەی (1 و 2)) خشتەی (1 و 2) داهاتی حەوت مانگی عێراق بەپێی داتاکانی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ لەماوەی حەوت مانگی ساڵی ٢٠٢٤دا کۆی داهاتی نەوتی و نانەوتی حکومەتی فیدراڵ ٧٧ ترلیۆن و ٤٧٥ ملیار و ٥٠٢ ملیار دیناربووە لە کاتێکدا بەپێی ئەوداهاتەی کە لە یاسای بودجەدا دیاری کراوە بۆ حەوت مانگ دەبوایە ٧٨ ترلیۆن ٤٨٩ ملیار و ٢٠٢ ملیۆن دینار بێت. کۆی داهاتی نەوتی ئەو حەوت مانگە بریتی بووە لە ٦٩ ترلیۆن و ١٥٧ ملیار و ٦١٨ ملیۆن دینار و کۆی داهاتی نانەوتی ئەو ماوەیە بریتی بووە لە ٨ ترلیۆن و ٣١٧ ملیار و ٨٨٣ ملیۆن دینار. لەگەڵ ئەوەی لەو حەوت مانگەدا نرخی نەوت لە سەروو ٧٠ دۆلارەوە بووە بەڵام هێشتا کورتهێنان هەبووە لەکۆی داهاتی چاوەڕوانکراو بە بڕی ١ ترلیۆن و ١٣ ملیار و ٧٠٠ملیۆن دینار. کورتهێنانەکەش بۆ کەمی داهاتی ناوخۆ دەگەڕیتەوە. بڕوانە (خشتەی (3)) لەگەڵ ئەوەی عێراق لە ناو ڕێکخراوی ئۆپیکدا پابەندە بەوەی ئاستی بەرهەمی سنورداربکات، بەڵام لەماوەی حەوت مانگی رابردوودا زۆر پابەند نەبووە بەو ڕێژەیەی بۆی دەستنیشانکراوە، لەگەڵ ئەوەشدا زۆربەی کات ئاستی هەناردەی نەگەشتووەتە ٣.٥ ملیۆن بەرمیل. بەتێکڕا ١٠٠ هەزار لەژێر ئەو بڕەوە بووە کە لە یاسای بودجەدا دەستنیشان کراوە. بڕوانە (خشتەی (4)) پابەند بوون بەو برەی کە دیاری دەکرێت لە لایەن ئۆپیکەوە بۆ وڵاتانی بەرهەم هێن سوودی هەیە، لەلایەک نرخی نەوت بەبەرزی رادەگرێت لەلایەکی تریش بە نەوتێکی کەمتر داهاتێکی زیاتری دەست دەکەوێت و مەترسی داشکانی نرخی نەوت کەمتر دەبێتەوە. نرخی نەوت نرخی نەوت پەیوەستە بە خواست و خستنە ڕووەوە. خواست راستەوخۆ پەیوەستە بە بوژانەوەی ئابووری جیهان، بەتایبەت وڵاتەپیشەسازییەکان کە بەکاربەری سەرەکی نەوت و بەرهەمە نەوتییەکانن. خستنەڕووش پەیوەستە بە ئاستی بەرهەمهێنانی وڵاتانی بەرهەم هێنی نەوت. لە پاڵ ئەمانەشدا چەندین هۆکاری تر هەن کە خزمەت بەم بنەمایەی سەرەوە دەکەن. لەوانە شەڕ و ناسەقامگیری ئەمنی بەتایبەت وڵاتانی بەرهەمهێن و بەتایبەت تر رۆژهەلاتی ناوەڕاست، زریان و گۆرانکاریە کەشوهەواییەکان، لێدوانی بەرپرسانی نەوت و سیاسییەکان (وڵاتانی بەرهەمهێن بەتایبەتی)، راپۆرتەکانی پێشبینی (ڕیکخراوی ئۆپیک، ئاژانسی وزەی نێودەوڵەتی، فەرمانگەی زانیاری وزەی ئەمەریکی و داتاکانی گەشەی ئابووری چین، پێشبینی دەڵاڵ و ناوەندەکانی لێکۆڵینەوەی وزە...) کاریگەری کورت مەودا و درێژ مەوداشیان دەبێت لەسەر بەرزبوونەوە یان دابەزینی نرخی نەوت. عێراق و ئۆپیک لە ئێستادا پێشبینییەکان زوو زوو گۆڕانکاریان بەسەردا دێت سەبارەت بە خواست لەسەر نەوت، ڕێکخراوی ئۆپیک کە نزیکەی ٢٧٪ ی نەوتی جیهان بەرهەم دەهێنێت بەیەکەوە لەگەڵ ١٠ وڵاتی دەرەوەی رێکخراوەکە بەسەرکردایەتی روسیا هاوپەیمانییەکیان لەساڵی ٢٠١٦ ەوە پێکهێناوە بەناوی ئۆپیک پلەس نزیکەی ٤١٪ نەوتی جیهان بەرهەمدەهێنن، رۆڵی گرنگیان هەیە لە خستنەروی نەوت و دیاری کردنی نرخی نەوت، بەواتایەکی تر کاریگەرییەکی زۆریان هەیە لەسەر سەقامگیری نرخی نەوت. گرنگی و کاریگەری ڕیکخراوی ئۆپیک و هاوپەیمانەکانی (ئۆپیک پلەس) زۆر بەڕوونی لە ساڵی ٢٠١٦ ەوە دەرکەوت دوای ئەوەی بەدیاری کردنی ئاستی بەرهەمیان توانییان تا ڕادەیەکی باش سەقامگیری بۆ بازاڕی نەوت بگەڕیننەوە. کاریگەرییەکەیان زیاتر لە سەروبەندی کرۆنا لە سەرەتای ٢٠٢٠ دەرکەوت کە توانییان ئاستی بەرهەمهێنانی وڵاتانی ئەندامیان بۆ ئاستێکی پێوانەیی کەم بکەنەوە، توانیان کە جۆرێک لە سەقامگیری بۆ بازاڕی نەوت بگەڕیننەوە. لەو کاتەوە ئەم هاوپەیمانییەتیە کە عێراق ئەندامێکی کاریگەر و گرنگە تێیدا سەقفی بەرهەمی وڵاتەکانی ئەندامی دیاریکردووە، تا ڕادەیەکی باشیش پابەندبوون بەو ئاستەی لە بەرهەم بۆیان دیاری کراوە توانیویانە نرخی نەوت لە ئاستێکی بەرزدا ڕابگرن. بەڵام هەندێ جار خاو بوونەوەی ئابووری جیهان و مەترسی هەڵاوسان و جەنگاکان کاریگەری ئۆپیک پلەسی کەمکردووەتەوە، بۆیە زۆر جار مانگانە چاوپیاخشاندەوە بە ئاستی بەرهەم و پابەندی ئەندامەکان و پێشبینی گەشەی ئابووری وخواست لەسەر نەوت هەڵسەنگاندنی بۆ دەکرێت و لەسەر ئەو بنەمایە بڕیار دەدرێت ئاستی بەرهەم وەکو خۆی بمێنێتەوە یان زیادیان کەم بکرێتەوە. بۆیە نرخی نەوت هەمیشە لە نێوان ئەوان و دەستکەوانی خواست و خستنە روودایە. لەم نێوەندەدا عێراق وەکو وڵاتێک کە داهاتەکەی لە ٨٩٪ پشتی بە نەوت بەستووە، بۆیە هەمیشە لەبەردەم مەترسی دابەزینی نرخی نەوت و کورتهێنانی زیاتری بودجەدایە. ماوەی ساڵ و هەشت مانگی رابوردوو، ماوەی هەنگوینی بوو بۆ نرخی نەوت کە لەسەروو ٨٠ دۆلار و هەندێ جاریش ٩٠ دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرا، بەڵام لە ئێستادا مەترسی کۆتایی ئەو ماوە هەنگوینییە لە ئاسۆدا دەردەکەوێت. لەپاڵ هۆکاری خاوبوونەوەی ئابووری چین و ئەمەریکا و ئەوروپا، هۆکارێکی تریش هەیەکە کەمتر ئاماژەی پێدەکرێت کە ئەویش ڕووکردنە بەرهەمهێنانی وزەی سەوز یان وزەی نوێ بووەوەیە لە لایەن ئەو سێ میحوەرە گرنگەی بەکاربەری نەوتن (چین، ئەمەریکا، ئەوروپا)، چین زۆر بەخێرایی بەرەوپێش دەچێت لە بەرهەم هێنانی ئۆتۆمۆبیلی کارەبایی بە کوالێتی بەرز و نرخی نزم، ئەوە جگە لە هەموو کۆمپانیاکانی ئۆتۆمبیل کە لەکێبڕکێیەکی خێرادان بۆ بەرهەمهێنانی زیاتر، لەپاڵ ئەمانەشدا کۆمپانیا زەبەلاحەکانی نەوتی جیهانیش وەبەرهێنانی گەورە دەکەن لە وزەی نوی بووەوە. بۆیە هەموو پێش بینییەکان بۆ کەمبوونەوەی خواستە لەسەر نەوت لە ئایندەیەکی مامناوەندا، هەندێ لێکۆڵینەوەکانیش ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە خواست لەسەر نەوت گەشتووەتە لوتکە و کێرڤەکە بەرەو داکشان دەچێت. لەکاتی دابەزینی نرخی نەوت عێراق کێشەی داهات و پڕکردنەوەی بودجەی بۆ دروست دەبێت، لێرەدا بە سێ سیناریۆ ئاستی کورتهێنانی داهاتی نەوتی دەخەینە ڕوو. سیناریۆی یەکەم ئەگەر نرخی نەوتی عێراق ٥ دۆلار دابەزێت لەوەی لە بودجەدا دەستنیشانکراوە واتە ٦٥ دۆلار (نرخی نەوتی عێراق ٣ بۆ ٤ دۆلار کەمترە لە نرخی پێوەری جیهانی برێنت واتە گەر نرخی برێنت ببێت بە ٦٩ دۆلار) ئەوا بڕی ٩ ترلیۆن و ٣٠٣ ملیار دینار کورت هێنان دەبێت لە داهاتی نەوتدا. پەیوەست بەم سیناریۆیە لە هەفتەی دووهەمی مانگی ئەیلولدا نرخی نەوتی برێنت دابەزی بۆ ٧٠ دۆلارو و خوارتریش. كەواتە سیناریۆی یەکەم لە ئێستادا ئەگەرێکی بەهێزە. لە ئەگەری روودانی ئەم سیناریۆیەدا، ئەو کات عیراق ڕەنگە زیاتر فشار لەسەر هەرێمی کوردستان بکات بۆ ڕادەستکردنی تەواوی داهاتی نەوتی و نانەوتی بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی بودجە. بۆیە لە بەرژەوەندی هەرێمە کێشەکانی بە تەواوی چارەسەر بکات لە گەڵ عیراقدا. بڕوانە (خشتەی (5) سیناریۆی یەکەم) سیناریۆی دووەم ئەگەر نرخی بەرمیلێک نەوتی عێراق دابەزێت بۆ ٦٠ دۆلار ئەوکاتە کورتهێنانەکە زیاتر دەبێت، و دەگاتە ١٧ ترلیۆن و ٦٠٧ ملیار دینار. بڕوانە (خشتەی (5) سیناریۆی دووەم) سیناریۆی سێهەم کاتێک نرخی نەوت دابەزێت بۆ ٥٥ دۆلار ئەکاتە کورتهێناکە دەبێتە ٢٥ ترلیۆن و ٩١١ ملیار دینار. بڕوانە (خشتەی (5) سیناریۆی سێیەم) خشتەی (5) سیناریۆی دووەم و سێهەم ئەگەر لاوازیش بن بەڵام ئەگەرێک و مەترسییەکە هەمیشە ترسی ڕودانی هەیە، و لە رابووردوشدا رووداوی چاوەڕواننەکراو هەموو پێشبینییەکانی پێچەوانە کردووەتەوە. ئەوکات کێشەی گەورە بۆ مووچە و خزمەتگوزارییەکان لە عیراق و هەرێم درووست دەبێت. هەڕەشەیەکی گەورەشدەبێت لە سەر ڕیکەوتنەکانی بودجەی نێوان بەغداد و هەولێر. بۆیە گرنگە عێراق زۆر بەجدی و خێرایی هەوڵی زیادکردنی سەرچاوەکانی تری داهات بدات و هەنگاوی کردەیی بنێت بە ئاراستەی وزەی نوێ بووە وە. خۆشبەختانە جوگرافیای عێراق و هەرێم زۆر گونجاوە بۆ بەرهەمهێنانی وزەی نوێ بووە وە (خۆر، باو و ئاو).
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت وەزیری نەوتی عێراق لە ئەمریكایەو نەشتەرگەیی قەستەرەی دڵی بۆ كراوە، لە بەغداد پەرلەمانتارانی سەربە حزبەكەی خۆی (دەوڵەتی یاسای نوری مالیكی) هەوڵەكانیان بۆ پرساندن و وەرگرتنەوەی متمانە لێی چڕكردوەتەوە، حەیان عەبدولغەنی هەر لەناو حزبەكەی خۆی نا، لەلای حكومەتی هەرێم و كۆمپانیا بیانییەكانی كەرتی نەوتی هەرێمیش خۆشەویست نییە، تەنانەت كۆنگرێسمانەكانی ئەمریكاش لێی ناڕازین. وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا. پرساندنی وەزیری نەوت ئەحمەد سەلال بەدری پەرلەمانی عێراق لە ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا رایگەیاند، قۆناغی داهاتوو چەند پرۆسەیەكی پرساندنی وەزیرەكان لەژێر چەتری پەرلەماندا بەخۆوە دەبینێت. بەپێی قسەی ئەم پەرلەمانتارەی سەربە نوری مالیكی، یەكەمین وەزیر كە رووبەڕووی پرساندنی پەرلەمان دەبێتەوە (حەیان عەبدولغەنی) وەزیری نەوتە. حەیان عەبدولغەنی لەسەر پشكی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا پۆستی وەزیری نەوتی وەرگرتووە، قسەكردن لەبارەی پرساندنی ئەم وەزیرە لەلایەن پەرلەمانتارێكی سەربە دەوڵەتی یاسا، لەكاتێكدایە ئێستا وەزیری نەوت بەسەردانێك لە ئەمریكایەو لەوێ دۆخی تەندروستی تێكچووەو قەستەرەی دڵی بۆ كراوە. لەسەرەتای دەستبەكاربوونی كابینەی محەمەد شیاع سودانییەوە (ئۆكتۆبەری 2022)، مالیكی لە حەیان عەبدولغەنی بەگومانەوەو فشار دەكات بۆ ناچاركردنی بە دەستلەكاركێشانەوە، بۆیە لەوكاتەوە تائێستا زیاتر لە سێ جار هەواڵی دەستلەكاركێشانەوەی بڵاوكراوەتەوەو حەیان عەبدولغەنی رەتیكردوەتەوە، دواینجار رۆژی 28ی ئابی رابردوو بوو كە وەزارەتی نەوت دەنگۆیەكی تری دەستلەكاركێشانەوەی وەزیرەكەی رەتكردەوە. لەسەرەتاوە هۆكاری فشارەكانی نوری مالیكی بۆ گۆڕینی وەزیری نەوت بۆ ئەوە دەگەڕێندرایەوە، گوایا حەیان عەبدولغەنی كەوتووە بەلای (قەیس خەزعەلی) ئەمینداری عەسائیبی ئەهلی حەق و پرۆژەكانی ئەو لە وەزارەتی نەوت رایی دەكات، هەندێكی تریش باسیان لەوە دەكرد كەسە نزیكەكانی مالیكی لەوانە (یاسر سخێڵ)و (سنێد) هەر لەسەرەتاوە وەزارەتی نەوتیان كردووە بە مەزادخانە بۆ دامەزراندن و گواستنەوەی بەڕێوەبەرە گشتییەكان و دەستوەردانیان لە پشكە داراییەكانی كۆمپانیای بەبازاڕخستنی نەوتی عێراق "سۆمۆ"دا كردووە، ئەمە چەند جارێك وەزیری نەوتی وا لێكردووە دەستلەكاركێشانەوە پێشكەش بكات. بەپێی قسەی ئەحمەد بەدری پەرلەمانتاری دەوڵەتی یاسا، مانەوەی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان بە بەتاڵی كە ماوەی چەند مانگێكە بەردەوامە، كاری لە لایەنی چاودێریی پەرلەمان كردووە، بەتایبەتیش لە دۆسیەی پرساندنی وەزیرەكانی حكومەتدا، بۆیە داوا دەكات پۆستی سەرۆكی پەرلەمان یەكلابكرێتەوە بۆ ئەوەی پەرلەمان بتوانێت كارەكانی خۆی ئەنجام بدات. دەوڵەتی یاسا زۆر بە پەلەیە بۆ پرساندنی وەزیری نەوت، چونكە پرساندن سەردەكێشێت بۆ سەندنەوەی متمانە لە وەزیرەكان، (زورغام مالیكی) كە پەرلەمانتارێكی تری ئیئتلافی دەوڵەتی یاسایە، دۆسیەی بۆ وەزیری نەوت كۆكردوەتەوەو بە ئیمزای ژمارەیەك پەرلەمانتاریشەوە داواكاری بۆ سەرۆكایەتیی پەرلەمان سەبارەت بە پرساندنی حەیان عەبدولغەنی بەرزكردوەتەوە. دەوڵەتی یاسا زیاتر لە (60) ئیمزت بۆ پرساندنی وەزیری نەوت كۆكردوەتەوە، هاوكات ئیمزا بۆ میوانداریكردنی وەزیری گەیاندن و سەرۆكی ژمارەیەك لە دەستەكان كۆكراوەتەوە. پرساندن یان گۆڕانكاری وزاریی؟ فشاری پەرلەمانتارانی دەوڵەتی یاسا بۆ پرساندنی وەزیری نەوت لەكاتێكدایە، جارێكی تر قسەوباس لەناو لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی (كوتلەی گەورەی شیعەكان لەناو پەرلەمان) دەستیپێكردووە سەبارەت بە پێویستیی ئەنجامدانی گۆڕانكاری وزاریی لە كابینەی سودانی. موختار موسەوی یەكێك لە پەرلەمانتارانی سەربە چوارچێوەی هەماهەنگیی باسلەوە دەكات، محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیران تیم و لیژنەی پیشەیی خۆی هەیە بۆ هەڵسەنگاندن و چاودێری كاری سەرجەم وەزیرەكان، سەرباری ئەمە خۆشی بە تایبەتی چاودێری كاری وەزیرەكان دەكات بۆ ئەوەی بزانێت ئایا وەزارەتەكان تا چ ئەندازەیەك بەرنامەی حكومەتیان جێبەجێ كردووە. وەكو ئەم پەرلەمانتارە ئاماژەی بۆ كردووە، سەرباری هەڵسەنگاندنە تایبەتەكەی سودانی خۆی، پەرلەمانیش هەڵسەنگاندنی خۆی بۆ وەزیرەكان هەیەو ئەمە دەبێت بە بنەمای هەڵسەنگاندن و ئەنجامدانی گۆڕانكارییە وزارییە چاوەڕوانكراوەكە. "راپۆرتەكانی چاودێری كاری وەزیرەكان، پیشەییەو هیچ بەئامانجگرتنێكی سیاسی تێدا نییە، سودانی خۆشی وەزیرە باشەكان و ئەوانەشیان كە كەمتەرخەمن لە كارەكەیاندا دەناسێت، بۆیە لە گۆڕینی هەر وەزیرێكدا خۆی سەرپشكە" موسەوی وا دەڵێ. پێشتر سودانی خۆشی جارێك ئاماژەی بە ئەگەری ئەنجامدانی گۆڕانكاری وزاری كرد، كاتێك وتی: بەڕوونی لەگەڵ وەزیرەكان قسەم كردووە لەبارەی هەڵسەنگاندنی كارەكانیان، دەستور دەسەڵاتی ئەوەی بە سەرۆك وەزیران بەخشیوە وەزیری كەمتەرخەم لەكارەكەی ببەخشێت، بۆیە دەمەوێت گۆڕانكاری وزاریی ئەنجام بدەم و بۆ ئەمەش كاتێكی گونجاو دیاری دەكەم. ئەوانەی لە بۆسەدان بۆ وەزیرەكان، خوازیارن لەم چەند مانگەدا سودانی گۆڕانكارییە وزارییەكەی بكات، پێیانوایە دەبوو گۆڕانكاریی وزاریی ساڵی رابردوو بكرایە، واتا دوای 6 مانگ لە دەستبەكاربوونی حكومەت، لەمەشدا تەمەنی حكومەتەكەی سودانی لە كانونی یەكەمی 2022وە ئەژمار دەكەن كە بەرنامە حكومییەكەی پەرلەمان پەسەندكراوە، نەك وادەی وەرگرتنی ئەركەكەی لە ئۆكتۆبەری 2022دا. هەندێك لە لایەنە شیعەكان دەڵێن بەهانەی سودانی بۆ دواخستنی گۆڕانكاری وزاری ئەوە بووە گوایە وەزیرەكان بودجەیان لەبەردەستدا نەبووە بۆ ئەنجامدانی ئەركەكانیان، بەڵام حوزەیرانی 2023 یاسای بودجەی سێ ساڵی پەسەندكراوەو دەبوایە لەدوای 6 مانگ و بە دیاریكراوی لەسەرەتا ئەمساڵدا سودانی لەبەر رۆشنایی هەڵسەنگاندنی بۆ كاری وەزیرەكان، گۆڕانكاری وزاریی بكردایە. كوردو حەیان عەبدولغەنی حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوت تەنیا لەلایەن ئیئتیلافەكەی خۆیەوە (دەوڵەتی یاسا) رووبەڕووی فشار نەبوەتەوە، حكومەتی هەرێم و كۆمپانیا بیانییەكانی كەرتی نەوتی هەرێمیش لە مامەڵەی ئەم پیاوە ناڕازین. لەسەردەمی ئەم وەزیرەداو لە دیاریكراوی لە بەرەبەیانی رۆژی 25ی ئازاری 2023 هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان بە بۆری بۆ بەندەری جەیهانی توركیا راوەستا، ئەمەش لەسەر بنەمای سكاڵایەكی كۆنی وەزارەتی نەوتی عێراق لەسەر توركیا سەبارەت بە بەكارهێنانی بۆری نەوتی عێراق لەناو خاكی توركیا بۆ گواستنەوەی نەوتی هەرێم بەبێ وەرگرتنی رەزامەندی حكومەتی بەغداد، لەسەر ئەم سكاڵایە دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی پاریس لەبەرژەوەندی عێراق بڕیاریداو ئەمە توركیای ناچاركرد هەناردەی نەوتی هەرێم رابگرێت، لەوكاتەوە ئیتر حكومەتی هەرێم رێژەی نزیكەی 80%ی داهاتی خۆی لەدەستداو ئەمە ناچاری كرد لە بودجەی 2023دا مل بدات بۆ رادەستكردنی داهاتی نەوت و نانەوتیی خۆی بەشێوەی كاش بە بەغداد، تەنیا لەبەرامبەر زامنكردنی موچەی موچەخۆرانیدا. لەماوەی رابردوودا، چەند جارێك كۆمپانیا بیانییەكانی كەرتی نەوتی هەرێم نامەی ناڕەزایەتییان ئاڕاستەی كۆنگرێسی ئەمریكا كردووە سەبارەت بە راوەستانی هەناردەی نەوت، لەسەر ئەم بابەتە ئەمریكییەكان چەند جارێك داوایان لە وەزیری نەوتی عێراق كردووە گفتوگۆ لەگەڵ حكومەتی هەرێم و كۆمپانیاكان بكات لەپێناو دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت، بەڵام تائێستا هەموو گفتوگۆكان بێ ئاكام بوون. بەر لە سەردانی ئەمدواییەی حەیان عەبدولغەنی بۆ ئەمریكا، ژمارەیەك لە ئەندامانی كۆنگرێسی ئەمریكا نامەیەكیان ئاڕاستەی جۆ بایدنی سەرۆكی وڵاتەكەیان كرد، تێیدا حەیان عەبدولغەنییان تۆمەتباركرد بەوەی تێوەگلاوە لە یارمەتیدانی ئێران لە خۆدزینەوەی لە سزاكانی ئەمریكا، ئەمەش لەرێگەی تێكەڵكردنی نەوتی ئێران لەگەڵ نەوتی عێراق لە دەریادا. ئەم نامەی كۆنگرێسمانەكان وەزارەتی نەوتی عێراقی ناچاركرد رونكردنەوەیەك بۆ رەتكردنەوەی هەموو ئەو تۆمەتانە بڵاوبكاتەوە، كە لە نامەكەدا بۆ بایدن نوسرا بوو. حەیان عەبدولغەنی كێیە ؟ ناوی تەواوەتیی (حەیان عەبدولغەنی عەبدولزەهرە)یە، لەدایكبووی 1958ی بەسرەیە، ساڵی 1979 بەكالۆریۆسی لە ئەندازیاریی میكانیكی لە زانكۆی بەسرە بەدەستهێناوە، دواترو لە هەمان زانكۆ بڕوانامەی ماستەری لە ئەندازیاریی میكانیزی بەدەستهێناوە. بەر لەوەی پۆستی وەزیری نەوت وەربگرێت، حەیان عەبدولغەنی ئەم پۆستانەی بەدەستەوە بووە: • بەڕێوەبەری بەشی دیزاین لە كۆمپانیای نەوتی باشوری (ساڵی 2000) • بەڕێوەبەری دەستەی پرۆژەكان لە كۆمپانیای نەوتی باشور (2008- 2003) • بەڕێوەبەری دەستەی پرۆژەكان، بریكاری یەكەمی بەڕێوەبەری گشتیی كۆمپانیای نەوتی باشور (2012- 2008) • یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتی كاروباری مۆڵەتپێدان، بریكاری بەڕێوەبەری گشتی كۆمپانیای نەوتی باشور ( 2012- 2015) • بەڕێوەبەری گشتی كۆمپانیای نەوتی باشور (2015- 2017) • بەرێوەبەری گشتی كۆمپانیای غازی باشور و سەرۆكی ئەنجومەنی ئیدارە (2017) • سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای ئیدارەی كۆمپانیای غازی بەسرە (2017)
مەریوان وریا قانع تایبەت بە (درەو) سەرجەمی میدیاکاران و کادرە دڵسۆزەکانی حیزب، ھەم حیزبە حوکمڕانەکان و ھەم ھێزە ئۆپۆزیسیۆنەکان، خۆیان بۆ بانگەشەی ھەڵبژاردنی ئەم جارە ئامادەدەکەن. ئەم سوپا تایبەتەی حیزب خەریکە دێتەوە قسەکردن، لە میدیاکاندا دەردەکەوێت، لە ڕۆژنامە و بڵاوکراوەکانی حیزبدا دەنووسێت، لەسەر لاپەرەکانی سۆشیال میدیا و دونیای دیگیتاڵیدا خۆی و حیزبەکەی نمایشدەکات. زۆرینەشیان کۆمەڵێک قسە بە گوێی کۆمەڵگاکەدا ئەدەن مرۆڤ گومان لەوە دەکات تەنانەت خودی ئەو میدیاکار و کادرە حیزبیانە خۆیشیان، باوەریان پێیبێت. پێموایە زۆرینەی ھەرە زۆری ئەوانەی لەم شانۆگەرییە خراپەی بانگێشەکردنەوە ئاڵاون، ئەو راستییە سادەیە دەزانن کە کۆی ھێزەکانی ناو ئەم حوکمڕانییە، بە تایبەتی پارتە خێزانییە دەسەڵاتدارەکان، ھێزی بێدونیابینیی و بێبەرنامە و بێخواستی ریفۆرم و بێھیچ پەیوەستبوونێکی یاسایی و ئەخلاقین بە خەمی گشتیی کۆمەڵگاکەوە. ئەوەی حوکمڕانان دەجوڵێنێت خەمی تەسکی نوخبەویی و خێزانیی و بنەماڵەییە، کە تەوریسی دەسەڵات و تەوریسی پارە و تەوریسی گەندەڵیی و تەوریسی دەستگرتن بەسەر ھەموو وڵاتەکەدا، کرۆکەکەیەتی. ئەوەی لەم سەرەتای بانگێشکردنانەدا تێبینی دەکرێت ھێرشبردنی ھەمەلایەنەی ھەموو ئەو ھێزانەیە بۆسەر یەکتری، بە زمانێک پڕ لە سوکایەتیی و تەشھیری سیاسیی و ئەخلاقیی کە خاڵی سەرەکی تیایدا تاوانبارکردن بە خیانەت و شکاندنی ئەم ھێزە بۆ ئەویتریانە، بە زمانێکی بازاڕیی. نووسەرێکی سەر بە پارتی بەم زمانە لە قسەکردنیدا لەسەر یەکێتی و پارتی دەڵێت ”یەکێتی مریشک“ و ”پارتی ھەڵۆ“یە، و ھەڵۆ ئەتوانێت وەک ”مریشک نزم بفڕێت“ بەڵام مریشک ناتوانێت وەک ”ھەڵۆ بەرز بفڕێت“. نووسەرەکانی سەر بە یەکێتیش بە ھەمان زمان وەڵامی ئەمجۆرە قسانەی نووسەرەکانی پارتی، بە قسەی خراپتر و سووکتر، دەدەنەوە و بە یەکیشەوە و بەھاوبەشیی زمانێک دروستدەکەن کە سوکایەتپێکردن و گاڵتەجاڕی ژێرخانە ئەخلاقییەکەی دەستنیشاندەکات. بێگومان ئەم زمانە ناشیرینە مێژووی ھەیە، بەشێکە لەو گوتارە سیاسییە دوژمنکارانەی کە ئەم ھێزانە لە مێژووی خۆیاندا، بەرھەمیانھێناوە. ئەوەی لە ئێستادا گۆڕاوە خەستکردنەوەی زیاتر و زیاتری ئەم زمانە و بوونی پێگە و ئامرازی زیاتری بڵاوبوونەوەیەتی بەناو کۆمەڵگاکەدا. بە دیوی ئەودیویشدا زمانی ئیسلامییەکان لە ئارادایە، بە باڵ و مەزھەب و فیرقە جیاوازەکانیانەوە. ئەوەی بەشی ھەرەزۆری ئیسلامییەکان بەیەکەوە کۆدەکاتەوە ئەو ھێرشە بەردەوام و بێناوەرۆکە پڕ لە ھەڵەی فیکریی و مەنھەجییەیە، کە دەیکەنە سەر عەلمانیەت. ”بڕوخێ عەلمانیەت“ دروشمی یەکێک لە بکەرە دینییە ناسراوەکانیانە. لەم ھێرشەدا ئیسلامییەکان ئەو ھەستە لای دەنگدەری کوردستان دروستدەکەن کە خراپی سیستمە حوکمڕانییەکەی کوردستان و خراپییەکانی پارتی و یەکێتی وەک دوو ھێزی حوکمڕان، پەیوەندی بەوەوە ھەیە ئەوان دوو ھێزی عەلمانین. خرپەکارییەکانیان لە عەلمانیبوونیانەوە سەرچاوەدەگرێت. ئەگەر ئەوان عەلمانی نەبوونایە و وەک ھێزە ئیسلامییەکان ئیسلامیی بوونایە، ئەوا کوردستانیان دەکرد بە بەھەشت. بێگومان ئەم دیدگایە نەک تەنھا دیدگایەکی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی ھەڵە و ھەڵخەڵەتێنەرە، نەک تەنھا فۆرشتنی حیکایەتێکی ھەڵە و بێناوەرۆکە بە کۆمەڵگاکە، بەڵکو ھەڵەیەکی ئەخلاقیی گەورەشە بەو مانایەی درۆی سیاسیی و دینییی و لێکدانەوەی ھەڵە و ناڕاستی دۆخەکە، بەناوی ڕەخنەی سیاسیی و کۆمەڵایەتییەوە، بە کۆمەڵگاکە دەفرۆشن. بەمەش ڕێ لە کەمترین ئەگەری دەسکاریکردن و گۆڕانی ڕاستەقینەی دۆخەکە دەگرن و ھەموو ھەوڵێکی ڕاستەقینە بۆ دروستکردنی دۆخێکی جیاوازتر، لەگۆڕ دەنێن. ئیسلامییەکان پەنا بۆ تاکتیکێکی دینیی دیکەش دەبەن کە بەھۆیەوە دەیانەوێت و ھەست و نەستی بەشە دیندارەکەی کۆمەڵگاکە بە جۆرێک بجوڵێنن، بتوانن بەلای خۆیاندا ڕایبکێشن. ئەمەش لەسەر بنەمای نیشاندانی بەرنامە و ستراتیژ و پلانێکی سیاسیی تۆکمە نا کە بتوانێت قەناعەت بە خەڵک بکات ئەو پلانە دۆخی حوکمڕانیەکە دەگۆڕێت، بەڵکو لەسەر گرێدانی پێگە سیاسییەکانی خۆیانەوە بە خودا و پێغەمبەر و کەلەپوری دێرینی ئیسلامەوە وەک دین. ھێزەکانی ئیسلامی سیاسیی وای نیشانئەدەن کە ئەوان درێژکراوە و بەرجەستەکەری ئیرادەی خودا و پێغەمبەرکەی ئیسلامن. بۆیە دەنگدان بەوان تەنھا دەنگدانێکی سیاسیی نییە، بەڵکو واجبێکی دینیشە. دەنگنەدان بەوانیش، دیسانەوە ھەڵوێست و کردەیەکی سیاسیی نییە، بەڵکو دەچێتە قاڵبی کوفر و گومڕایی و بێدینییەوە، کە لە دەنگەدەرەکان لە دوای مردن و لە قیامەتدا تووشی لێپرسینەوەی خودا و پێغەمبەرەکەیان، دەکات. بەشێوەیەکی گشتیی دین لەم ھەڵبژاردنەدا گۆڕاوە بۆ یەکێک لە بابەتە سەرەکییەکانی ھەڵبژاردنەکە. کردنی قسەی سۆزداری دینیی و خۆنمایشکردنی ھێزەکان و کەسەکان وەک ھێز و کەسایەتیی دینیی، ھێرشی توندو ھەمەلایەنیش بۆسەر ھەر دیدگایەک دینیی نەبێت، بەشێکی بەرچاوی دۆخەکەیە. وێناکردنی ڕكابەرەكان وەک کەسانی دوور لە دینەوە ستراتیژێکی سەرەکیی بانگەکەشەکەیە، بۆیە ھەمووان لە ھەوڵی ئەوەدا خۆیان وەک موسڵمان و دینداریی عەیار ٢٤ نیشانبدەن. مەسەلەکە تا ئەو شوێنە ڕۆیشتوە نێچیرەوان بارزانی ڤیدیۆی دەیان ساڵ لەمەوبەری خۆی بڵاوبکاتەوە کە تیایدا وادەردەکەوێت گۆرانی بۆ مەولودی پێغەمبەر دەڵێت. وەک ئەوەی ئەو گۆرانییە رێگایەک بێت نەک تەنھا بۆ کۆکردنەوەی دەنگ بۆ خۆی و بۆ حیزبەکەی، بەڵکو ئەستۆپاکییەکی دینیشی پێببەخشێت کە رزگاریبکات لە بەرپرسیارکردنی بەرامبەر بە دۆخی خراپی حوکمڕانیی لە ھەرێمەکەدا. ئینجا سەردان لە بنکە دینییەکان و بەشداریكردن لە بۆنە دینییە تایبەتەكاندا، رێکخستنی ڤێستیڤاڵ و کۆبوونەوەی دینیی، ھەموویان بەشێکن لە ھەڵمەتی ھەڵبژاردنی ئەمجارە، بە شێوەیەک زۆر زیاتر و گەورەتر لە ھەڵبژاردنەکانی پێشو. بە مانایەک لە ماناکان ئەم ھەڵبژاردنە دۆخێکی دروستیکردووە ھەمووان ببن بە دیندار و دینداریەکەشیان لە فۆرمێکی شانۆییدا بە ھەمووان نیشانبدەن. ھەمووان دەیانەوێت وەک موسڵمانی مولتەزیم ببینرێن، بەڕادەیەک سەریان بچێت نوێژ و ڕۆژوویان ناچێت. ھەریەکێکیشیان چەندەھا جار عەمرە و حەجیان یان کردوە یان دەیکەن. بۆیە لەیەککاتدا ھەم حاجین و ھەم ئەندام پەرلەمان، ھەم حاجین و ھەم سیاسیی، ھەم حاجین و ھەم سەرۆک و حوکمڕان. ھەموو ئەمانە لە کاتێکدا ھیچ کۆمەڵگایەکی عەقڵانی ئەم شتانەی لە حوکمڕانەکانی ناوێت. گرنگ نییە حوکمڕان دینیی ھەیە یان نیەتی، کام دینی ھەیە یان کامیانی نییە. ئەمانە مەسەلەی شەخسی حوکمڕانەکە خۆیەتی. ئەوەی گرنگە ئەوەیە ئایا ئەو حوکمڕانییە حوکمڕانییەکی دادپەروەر و بەرپرسیارە یان نا؟ ئایا لەباتی ئەوەی حوکمڕان وەک شەخس، یاسا سەروەرە و حوکمدەکات؟ کام یاساش سەروەرە، یاسایەک مرۆڤ وەک بوونەوەرێکی خاوەن ماف و خاوەن ڕێز و خاوەن کەرامەت وێنا و مامەڵەبکات، یان وەک ڕەعیەتێکی سیاسیی و دینیی ترساو؟ ئایا کایەی سیاسەت و حوکمڕانیی کراوەیە بەڕووی ھەموو منداڵان و لاوان و گەنجان و بەتەمەنانی کۆمەڵگاکەدا، یان تاپۆکراوە لەسەر ئەم یان ئەو خێزان و بنەماڵەی سیاسیی و لەسەر منداڵ و منداڵی منداڵەکانیان؟ گرنگ نییە حوکمڕان نوێژ و ڕۆژو دەکات یان نایکات، ئەمانە وەک وترا مەسەلەی شەخسیی و تایبەتی ئەون، ئەوەی گرنگە ئەنجامدانی ئەرکە سەرەکییەکانیەتی حوکمڕانییە وەک حوکمڕانییەکی باش، کە بریتین لە دەستەبەرکردنی دادپەروەریی و ئاسایش و گەشەکردنی کۆمەڵایەتیی، دەستەبەرکردنی ماف و بەپرسیارێتی یەکسان بۆ ھەمووان. مامەڵەکردنی کۆی دانیشتوانی کۆمەڵگاکەیە، بە دیندار و بێدینییەوە، وەک ھاوڵاتی خاوەن ماف و خاوەن بەرپرسیارێتی و خاوەن کەرامەتی، یەکسان. بە کورتییەکەی، ئەوەی لەم ھەڵبژاردنەدا لەناو عەقڵیەتە سیاسیی و دینییە باڵادەستەکەی ئێستادا غائیبە ئەو عەقڵانیەتە سیاسییە یەکسانخوازەیە، کە باسیدەکەم. نەبوونی ھێزێکە روانینی بۆ دەوڵەت روانینێکی ھاوچەرخ و زانستیانەبێت، ڕوانینی بۆ سیاسەت بەھەمان نەزم ڕوانینێکی ئەمڕۆیی و عەقڵانی بێت، ڕوانینی بۆ حوکمڕانییش ڕوانینێک بێت لەباتی رەعیەتی سیاسیی و دینیی ملکەچ، خەریکی دروستکردن و بەرھەمھێنانی ھاوڵاتی یەکسانی خاوەن ماف و خاوەن کەرامەت و خاوە را و ئیرادەی سەربەخۆ بێت.
نەبیل مەرسومی- شارەزای ئابوریی بۆچی ئۆپێك سیستەمی پشكی بەرهەمهێنان ناگۆڕێت؟ پێدەچێ ئەو سیستەمەی كە لە ساڵی 1986ەوە ئۆپێك پەسەندی كردووە، كە خۆی دەبینێتەوە لە دیاریكردنی پشكی وەبەرهێنان بۆ هەموو وڵاتانی ئەندامی رێكخراوەكە، كاریگەریی لەسەر پارێزگاریكردن لە نرخی دیاریكراوی نەوت كەمبووبێتەوە. ئەمە بەهۆی پابەند نەبوونی تەواوەتی وڵاتانی ئەندام بە پشكی وەبەرهێنانی خۆیان (هەناردەكردن + بەكاربردنی ناوخۆیی)، هەروەها سەختیی چاودێریكردنی بەكاربردنی ناوخۆیی لە هەموو وڵاتێك. سەرباری ئەمە، لەگەڵ زیادبوونی پلەكانی گەرما لە وەرزی هاویندا، زۆرێك لە وڵاتانی ئۆپێك نەوت بەكاردەهێنن بۆ بەرهەمهێنانی كارەبای زیاتر، بەمەبەستی كارپێكردنی فێنككەرەوەكان. لەبەر رۆشنایی كەمكردنەوەی خۆبەخشانەی ئێستای نەوت، بەرهەمهێنانی نەوت لەهەمان رێژە بەردەوام دەبێت، بەڵام بەكاربردنی ناوخۆیی كەمدەبێتەوە، بۆیە زیادەیەك دەبێت، بازرگانەكانیش لە بازاڕدا سەیری ئەم زیادەیە دەكەن، ئەمەش بەواتای ئەوە دێت هەناردەكردن زیاد دەبێت. هەمیشە ئەوەی بۆ جیهان گرنگە هەناردەكردنە نەك بەرهەمهێنان، پاشان ئەم هەناردەكردنانە دەبنە هۆی دابەزینی نرخی نەوت، بۆیە پێویستە واز لە پشكی بەرهەمهێنان بهێنرێت و لە بری ئەوە سیستەمێكی نوێ پەیڕەو بكرێت لەسەر بنەمای دیاریكردنی پشكی هەناردەی هەر دەوڵەتێك بەگوێرەی هەندێك ئاماژەی دیاریكراو، لە گرنگترینیان توانای وەبەرهێنانی بەردەست و یەدەگی سەلمێندراو لە هەموو وڵاتانی ئەندام لە ئۆپێك پڵەس. نرخی دادپەروەرانەی نەوت چەندە ؟ ئەو نرخەیە كە بەیەكەوە بەرژەوەندی بەرهەمهێن و بەكارهێن بەدی دەهێنێت، ئەو نرخەیە كە داهاتی دارایی باش بۆ بەرهەمهێنەران بەدی دەهێنێت كە بتوانن بەشێكی ئەو داهاتە بگەڕێننەوە بۆ نوێكردنەوەی توانای بەرهەمهێنانی نەوت و زیادكردنی، هەروەها بەكارهێنەرانیش بتوانن بە نرخێكی گونجاو نەوت بەدەستبهێنن كە گەشەی ئابورییان ئاسان بكات. دەكرێت بڵێین نرخ لە خانەی حەفتاكاندا نرخێكی دادپەروەرانەیە بۆ هەردوولا، بەڵام كاتێك نرخ بۆ خوار 70 دۆلار دادەبەزێت، ئەوە بەرژەوەندی بەكارهێنەران بەدی دەهێنێت، چونكە وایان لێدەكات وزە بە تێچووی هەرزان بەدەستبهێنن، بەمەش نرخی كەرەستەی وەبەرهێنان دادەبەزێت و توانای كێبركێی كاڵا وەبەرهێنراوەكانیان زیاتر دەبێت، بەڵام لە لایەكی ترەوە زیانبەخش دەبێت بۆ وڵاتانی وەبەرهێن، چونكە داهاتە نەوتییەكانیان كەمدەبێتەوەو سەرمایەگوزاریی لە پەرەپێدانی بەرهەمهێنانی نەوتدا لەبار دەبات، بەپێچەوانەشەوە كاتێك نرخ 80 دۆلار بەرەو سەرەوەیە، ئەم نرخە زیانبەخشە بۆ گەشەی ئابوری لە وڵاتانی بەكاربەری نەوت، لە درێژمەودا دا خواست لەسەر نەوت كەمدەكاتەوە، هەرچەندە داهاتی گەورە بۆ وڵاتانی بەرهەمهێنی نەوت بەدی دەهێنێت.
راپۆرتی: درەو 🔻 دەنگ و پێگەی لایەنە سیاسییەکان لە دواین هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان (2018)ەو ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە ساڵی (2021) لەسەر ئاستی سنوری پارێزگای هەڵەبجە (قەزای ناوەند و ناحییەکانی سیروان و هەورامان)؛ 🔹 لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی ساڵی (2018) یەکێتی زۆرترین ژمارەی دەنگەکانی بازنەکەی بردووەو (8 هەزار و 839) دەنگی بەڕێژەی (24.46%) بەدەستهێناوە، بەڵام لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە ساڵی (2021) سەرەڕای گرێدانی هاوپەیمانی لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان، پلەی دووەمی هەبووەو دەنگەکانی دابەزیوە بۆ (5 هەزار و 228) بەڕێژەی (21.79%). 🔹 یەکگرتووی ئیسلامی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ساڵی (2018)دا (7 هەزار و 545)ی دەنگەکانی بەدەستهێنابوو بەڕێژەی (20.88%) لە دوای یەکێتییەوە هاتبوو، بەڵام لە ساڵی (2021)دا پلەی یەکەمی گرتووە و (7 هەزار و 24) دەنگی بەدەستهێناوە بە ڕێژەی (29.28%). پێگەی لایەنە سیاسییەکان لە بازنەی پارێزگای هەڵەبجە لە دوا هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان و ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا 1. ئەنجامی هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان (2018) لە سنوری پارێزگای هەڵەبجە بەگوێرەی داتاکانی بەردەست لەسەر ئاستی سنوری پارێزگای هەڵەبجە (قەزای ناوەند و ناحییەکانی سیروان، هەورامان (خورماڵ و بیارە)) ئەنجامی دەنگی لایەنەکان بەم شێوەیە بووە کە لە (خشتەی یەکەم)دا هاتووە، بەجۆرێک؛ - یەکێتی نیشتمانی کوردستان پلەی یەکەمی گرتووە و (8 هەزار و 839) دەنگی بەدەستهێناوە، بە ڕێژەی (24.46%). - (یەکگرتوو و بزوتنەوە)ی ئیسلامی پلەی دوومیان گرتووە و (7 هەزار و 545) دەنگیان بەدەستهێناوە، ، بە ڕێژەی (20.58%). - کۆمەڵی ئیسلامی (دادگەری) لە پلەی سێیەمدا بووەو (6 هەزار و 422) دەنگی بەدەستهێناوە، بە ڕێژەی (17.77%). - پارتی دیموکراتی کوردستان لە پلەی چوارەمدا بووەو (5 هەزار و 214) دەنگی بەدەستهێناوە، بە ڕێژەی (14.43%). - بزوتنەوەی گۆڕان لە پلەی پێنجەمدا بووەو (5 هەزار و 75) دەنگی بەدەستهێناوە، بە ڕێژەی (14.04%). - نەوەی نوێ پلەی شەشەمی گرتووە و (3 هەزار و 36) دەنگی بەدەستهێناوە، بە ڕێژەی (8.04%). 2. ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق (2021) لە سنوری پارێزگای هەڵەبجە بەگوێرەی داتاکانی بەردەست لەسەر ئاستی سنوری پارێزگای هەڵەبجە (قەزای ناوەند و ناحییەکانی سیروان، هەورامان (خورماڵ و بیارە)) ئەنجامی دەنگی لایەنەکان بەم شێوەیە بووە کە لە (خشتەی دووەم)دا هاتووە، بەجۆرێک؛ - یەکگرتووی ئیسلامی پلەی یەکەمی گرتووە و (7 هەزار و 24) دەنگی بەدەستهێناوە، ، بە ڕێژەی (29.28%). - هاوپەیمانی کوردستان (یەکێتی و گۆڕان) _تەنها یەکێتی کاندیدی هەبووە_، پلەی دووەمیان گرتووە و (5 هەزار و 228) دەنگیان بەدەستهێناوە، بە ڕێژەی (21.79%). - کۆمەڵی دادگەری لە پلەی سێیەمدا بووەو (4 هەزار و 858) دەنگی بەدەستهێناوە، بە ڕێژەی (20.25%). - پارتی دیموکراتی کوردستان لە پلەی چوارەمدا بووەو (3 هەزار و 477) دەنگی بەدەستهێناوە، بە ڕێژەی (14.49%). - نەوەی نوێ پلەی پێنجەمی گرتووە و (3 هەزار و 396) دەنگی بەدەستهێناوە، بە ڕێژەی (14.16%). پارێزگای هەڵەبجە لە چواچێوەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان چاوەڕوان دەکرێت پێش کۆتایی ئەمساڵ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت. لە دوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و بەشێک لە بەندەکانی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە بیانووی نادەستوری بوونیانەوە لەلایەن دادگای باڵای فیدراڵییەوە لە کۆتاییەکانی مانگی حوزەیرانی ساڵی ڕابردوو. لەوکات بەدواوە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە هەماهەنگی لایەنە پەیوەندیدارەکان لە هەوڵی جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵییە بۆ ڕێکخستنی ڕێوشوێنەکانی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان. لەو چوارچێوەیەشدا ئەمینداریەتی گشتی ئەنجومەنی کۆمسیاران لە چوارچێوەی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە (4ی حوزەیرانی 2024) یاسای دابەشکردنی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستانی پەسەند کرد، کە هەرێمی کوردستان دابەشی سەر (4) بازنەی هەڵبژاردن دەکات. لە دەقی بڕیارەکەی ئەنجومەنی کۆمسیاراندا هاتووە، هەرێمی کوردستان دابەشکراوە بەسەر (4) ناوچە (بازنە)ی هەڵبژاردن ئەوانیش؛ بازنەکانی "هەولێر، دهۆک، سلێمانی و هەڵەبجە"ن. بەپێی بڕیارەکە، پەرلەمانی کوردستان لە (100) کورسی پێکدێت دابەشکراوە، بەم شێوەیە: هەولێر (34 کورسی) نێویاندا (1) کورسی بۆ پێکهاتەی مەسیحی و (1) کورسی بۆ تورکمان، سلێمانی (38 کورسی) لەنێویاندا (1) کورسی بۆ پێکهاتەی مەسیحی و (1) کورسی بۆ تورکمان، و دهۆک ( 25 کورسی) لەنێویاندا (1) کورسی بۆ پێکهاتەی مەسیحی، و بازنەی هەڵەبجە (3 کورسی) بەبێ هیچ کورسییەک بۆ پێکهاتەکان تەرخان کراوە. بەپێی گوتەی گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق "جومانە غەلای" کە لە (21ی نیسانی 2024)دا ڕایگەیاندووە؛ "کۆی گشتی ژمارەی بنکەکانی دەنگدانی گشتی بریتییە لە (هەزار و 266) بنکە... پارێزگای هەڵەبجە (27) بنکەی هەڵبژاردنی تێدا دەبێت. وێستگەکانی دەنگدان لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان بریتییە لە (6 هەزار و 298) وێستگە... (136) وێستگەی دەنگدانیش لە پارێزگای هەڵەبجە دەبێت". بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، (2 ملیۆن و 888 هەزار و 162) کەس لە هەرێمی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان مافی دەنگدانیان هەیە، لەو ژمارەیەدا کۆی گشتی ژمارەی دەنگدەرانی پارێزگای هەڵەبجەش بریتییە لە (62 هەزار و 584) دەنگدەر، بەشێوەیەک (59 هەزار و 5) کەسیان لە دەنگدانی گشتی و (3 هەزار و 579) کەسیش لە دەنگدانی تایبەت مافی دەنگدانیان هەیە.
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت لە كۆی 100 كورسی پەرلەمانی داهاتووی كوردستان 30 كورسییان لەلایەن ژنانەوە پڕدەكرێتەوە، (بەهای كورسی) بنەڕەتی دابەشبوونی كورسییەكانە بەسەر لیستەكاندا، بۆ دەرهێنانی بەهای كورسی لە هەر بازنەیەك، تەنیا دەنگی كورسییە گشتییەكان ئەژمار دەكرێت نەك دەنگی كورسی "كۆتا"ی پێكهاتەكان، كاندیدەكان بەگوێرەی ژمارەی ئەو كورسییانەی كە لیستەكانیان لە هەڵبژاردن دەیبەنەوە، ناویان ریزبەند دەكرێت لە زۆرترینەوە بۆ كەمترین دەنگ و بەمشێوەیە كورسییەكان پڕ دەكەنەوە، ئەگەر بە هەر هۆكارێك كورسی پەرلەمان چۆڵ بوو، لە لیستی كراوەدا دەدرێت بە كاندیدێك لە هەمان قەوارەی سیاسی كە كورسییەكەی چۆڵ بووە، بەڵام ئەگەر كاندیدی تاكەكەسیی كورسییەكەی چۆڵ بوو دەكرێت كورسییەكەی بدرێت بە كاندیدی لیستی كراوەكان (واتا كاندیدی حزبەكان). وردەكاری چۆنیەتی دابەشكردنی كورسییەكانی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بەسەر لیستە براوەكانی هەڵبژاردن و كاندیدەكانیان لەم راپۆرتەدا. ئەمە جێبەجێ دەكرێت كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، سیستەمی (دابەشكردن و جێگۆڕكێی ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان- ژمارە 9ی ساڵی 2024)ی بڵاوكردەوە. ئەم سیستەمە رۆژی 9ی ئەم مانگە (ئەیلول) پەسەندكراوەو چوەتە بواری جێبەجێكردنەوە، بۆ هەڵبژاردنی 20ی ئۆكتۆبەری ئەمساڵی (خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان) كاری پێدەكرێت. دابەشبوونی كورسییەكان لەم سیستەمە نوێیەدا، كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق سەرلەنوێ كورسییەكانی پەرلەمانی كوردستان (100 كورسی) دابەشكردووەتەوە، بەمشێوەیە: • كورسی گشتیی: 95 كورسی • كورسی تەرخانكراو بۆ پێكهاتەكان: 5 كورسی بەمشێوەیە دابەشبووە: - 3 كورسی بۆ پێكهاتەی مەسیحی - 2 كورسی بۆ پێكهاتەی توركمان دابەشبوونی كورسیی گشتیی و پێكهاتەكان بەسەر بازنەكانی هەڵبژاردندا بەمشێوەیە: ژن لە پەرلەمانی داهاتوودا بەگوێرەی خشتەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان، لەكۆی (100) كورسی پەرلەمانی داهاتووی كوردستان، دەبێت لانی كەم (30) كورسییان ژنان پڕی بكەنەوە، بەمشێوەیە: • لەكۆی 34 كورسی تەرخانكراو بۆ بازنەی هەولێر، دەبێت لانی كەم (10) كورسییان بۆ ژنان بڕوات. • لەكۆی (38) كورسی بازنەی سلێمانی، دەبێت لانی كەم (11) كورسی بۆ ژنان بڕوات. • لە كۆی (25) كورسی بازنەی دهۆك، دەبێت لانی كەم (8) كورسی بۆ ژنان بڕوات. • لەكۆی (3) كورسی بازنەی هەڵەبجە، دەبێت لانی كەم (1) كورسی بۆ ژنان بڕوات. كورسییەكان چۆن حساب دەكرێن ؟ بەگوێرەی سیستەمەكەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان، بۆ كورسییە گشتییەكان، دوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن دەرهێنانی ژمارەی كورسی هەر لیستێك (كراوە یان تاكەكەسیی)، بەگوێرەی ئەم هەنگاوانە دەبێت: • كۆكردنەوەی تێكڕای دەنگی دروستی هەموو لیستەكان (كراوە یان تاكەكەسیی)، لەچوارچێوەی یەك بازنەی هەڵبژاردن، كە ركابەرێتی تێدا دەكەن. • رێكخستنەوەی ریزبەندی لیستە كراوەو تاكەكەسییەكان لە بازنەی هەڵبژاردنەكەدا بەگوێرەی تێكڕای ئەو دەنگانەی بەدەستیان هێناوە، لە زۆرەوە بۆ كەم. • تێكڕای ئەو دەنگە دروستانەی كە لیستە كراوەو تاكەكەسییەكان بەدەستیان هێناوە، دابەشدەكرێت بەسەر ژمارەی كورسییە گشتییەكان لەو بازنەیەدا، بەمەبەستی دەرهێنانی بەهای هەر كورسییەك. • كورسییەكان لە هەر بازنەیەك دابەشدەكرێن بەسەر لیستەكاندا، لەرێگەی دابەشكردنی كۆی گشتی دەنگی هەر لیستێك بەسەر بەهای هەر كورسییەكدا لەو بازنەیە. • ئەگەر لیستێك ئەوەندە كورسی بەدەستهێنا كە هاوتای ژمارەی كاندیدەكانی بوو، ئەوا وەكو لیستی براوە ئەژمار دەكرێت و هیچ پرۆسەیەكی تری دابەشكردنی كورسییەكان نایگرێتەوە. • دوای پرۆسەی دابەشكردنی كورسی بەسەر لیستەكاندا بەگوێرەی بەهای كورسیی، ئەو كورسییانەی دەمێننەوە بە كورسی بەتاڵ ئەژمار دەكرێن و دابەشدەكرێن بەسەر ئەو لیستانەی كە پاشماوەی دەنگەكانیان كەمترە لە بەهای كورسی (جا ئیتر كورسی بردبێت یان نا)و گەورەترین دەنگی ماوە-یان هەیە، كورسی بەتاڵی یەكەم دەدرێت بەو لیستەی زۆرترین دەنگی ماوەی هەیە، كورسی بەتاڵی دووەم دەدرێت دووەم لیست لەڕووی زۆری دەنگی ماوە، ئیتر بەمشێوەیە كورسییەكانی تریش دابەشدەكرێن. • ئەگەر كورسییەكی بەتاڵ یاخود زیاتر مایەوەو دوو لیست یان زیاتر لە ژمارەی دەنگی ماوە-دا یەكسان بوون، ئەوكاتە كۆمسیۆن تیروپشك دەكات بۆ دیاریكردنی بۆ دیاریكردنی ئەو لیستەی كە كورسییە بەتاڵەكە دەبات، ئەمەش بە ئامادەبوونی لیستەكان خۆیان یان ئەوانەی نوێنەرایەتییان دەكەن. ئەمانە ئەو هەنگاوانە بوون كە كۆمسیۆن دیاریكردوون بۆ چۆنیەتی یەكلاكردنەوەی دەنگ و كورسی هەر لایەنێك لە چوارچێوەی بازنەكانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستاندا، ئەوەی تێبینی دەكرێت ئەوەیە، لە دیاریكردنی بەهای كورسی لە هەر بازنەیەكدا، تەنیا دەنگە (دروست)ەكان ئەژمار دەكرێت نەك دەنگە (پوچەڵ)ەكان، سەرباری ئەمە بۆ دیاریكردنی بەهای كورسی بازنەكان تەنیا ئەو دەنگە دروستانە ئەژمار دەكرێت كە بۆ كورسییە گشتییەكان رۆیشتوون، واتا دەنگی كورسی "كۆتا" پێكهاتەكان بۆ دەرهێنانی بەهای كورسی پشتی پێ نابەسترێت. نمونەیەك بەكورتی هاوكێشەی دەرهێنانی دەنگی لیستەكان دوای هەڵبژاردن، لە هەر بازنەیەك بەمشێوەیە دەبێت: تێكڕای دەنگی دروستی هەموو لیستە بەشداربووەكان (جگە لە دەنگی كورسی كۆتای پێكهاتەكان) ÷ ژمارەی كورسی گشتی لە بازنەی هەڵبژاردن= بەهای كورسی بۆ نمونە ئەگەر تێكڕای دەنگی دروستی هەموو لیستە بەشداربووەكانی هەڵبژاردن لە بازنەی سلێمانی بە (370 هەزار) دەنگ ئەژمار بكرێت، ئەوا ئەم ژمارەیە دابەشدەكرێت بەسەر 36 كورسیدا كە ژمارەی كورسییە گشتییەكانە لەسنوری ئەم بازنەیە، بەمەش ئەنجامەكەی بەمشێوەیە دەبێت: 370000 ÷ 36 = 10277 واتا بە گریمانەكراوی بەهای هەر كورسییەك لە بازنەی سلێمانی (10 هەزارو 277) دەنگ دەبێت دوای دەرهێنانی بەهای كورسی، ئەوكاتە دەست بە پرۆسەی دیاریكردنی ژمارەی كورسی هەر لایەنێك لە بازنەكان دەكرێت. ئەگەر بەهەمان شێوە بازنەی سلێمانی وەكو نمونە وەربگرین، لەدواین هەڵبژاردندا كە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق بوو لە ئۆكتۆبەری 2021، یەكێتیی نیشتمانی لە سنوری بازنەی (118 هەزارو 586) دەنگی بەدەستهێناوە، ئەگەر بەهای هەر كورسییەك لەم بازنەیە بەشێوەی پێشبینیكردن بە (10 هەزارو 277) دەنگ دیاری بكەین، ئەوا هاوكێشەكە بەمشێوەیە دەبێت: 118586 دەنگی یەكێتیی ÷ 10277 بەهای كورسی لە بازنەی سلێمانی = 11 كورسی، لەپاڵ ئەمەدا یەكێتیی ژمارەیەك دەنگی دەمێنێتەوە كە دەبێت بە (دەنگی ماوە)و دەچێتە ركابەریكردن بۆ بردنی كورسییە بەتاڵەكانی ئەم بازنەیە دوای دابەشكاریی بەپێی بەهای كورسی. (تێبینی: یەكێتیی لەدواین هەڵبژارندا براوەی یەكەم بووە لەم بازنەیە، بۆیە بە گریمانەیی ژمارەی دەنگەكانی لەدواین هەڵبژاردن وەرگیراوەو ئەنجامی هاوكێشەكە پێشبینی كردن نییە، بەڵكو جێبەجێكردنی سیستەمی دابەشبوونی كورسییەكانە بەپێی ئەوەی كۆمسیۆن دایناوە تەنیا وەكو نمونەیەك). كورسییەكان چۆن بەسەر كاندیدەكاندا دابەشدەكرێت؟ چۆنیەتی دابەشكردنی كورسییەكانی پەرلەمانی كوردستان بەسەر كاندیدەكاندا، دابەشدەبێت بەسەر سێ بەشدا كە ئەمانەن: • چۆنیەتی دابەشكردنی كورسییە گشتییەكان بەسەر كاندیدی لیستە كراوەكاندا • چۆنیەتی دابەشكردنی كورسی "كۆتا"ی ژنان • چۆنیەتی دابەشكردنی كورسی "كۆتا"ی پێكهاتەكان سیستەمەكەی كۆمسیۆن بەگوێرەی ئەم هەنگاوانە، كورسییە گشتییەكانی پەرلەمانی كوردستان بەسەر كاندیدی لیستە كراوەكاندا دابەشدەكات: • ناوی كاندیدەكان لەناو لیستی كراوەدا، سەرلەنوێ لەسەر بنەمای دەنگەكانیان لە زۆرەوە بۆ كەم رێزبەند دەكرێتەوە. • بەگوێرەی ئەو بڕگەی سەرەوە، ئەو كورسییانەی كە هەر لیستێك بەدەستی هێناوە دابەش دەكرێت بەسەر كاندیدەكانیدا. • ئەگەر كاندیدێك یان زیاتر لە لیستێكی هەڵبژاردندا دەنگەكانیان یەكسان بوو، لەچوارچێوەی ناوچەی هەڵبژاردنەكەدا لە ریزبەندی كۆتاییدا بوون، ئەوا كۆمسیۆن بە ئامادەبوونی خۆیان یاخود نوێنەرەكانیان، تیروپشك بۆ ئەو دوو كاندیدە دەكات بۆ دیاریكردنی براوەی كورسییەكە. دابەشبوونی كورسی "كۆتا"ی ژنان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، بەگوێرەی سیستەمی كۆمسیۆن، بەم هەنگاوانە دەبێت: • بەگوێرەی ئەم سیستەمە، لە هەر بازنەیەكی هەڵبژاردن، رێژەی 30%ی كورسییەكان بۆ ژنان زامن كراوە. • ئەگەر لە هەر بازنەیەكی هەڵبژاردن بەگوێرەی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن كۆتای ژنان بەدی هاتبوو، پرۆسەی گۆڕین ئەنجام نادرێت (مەبەست لە گۆڕینی دورخستنەوەی كاندیدی براوەی پیاوانە لە بازنەكانی هەڵبژاردن و دانانی ژنانە لە شوێنەكانیان بەمەبەستی پڕكردنەوەی رێژەی 30%ی كورسییەكانی هەر بازنەیەك بە ژنان). • خۆ ئەگەر بەگوێرەی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن، كۆتای ژنان بەدی نەهاتبوو، كاندیدێك یان زیاتر لە كاندیدە پیاوە براوەكان لە هەمان لیستی براوە لادەبرێت و ژنێك یان زیاتر لە هەمان لیست لە شوێنەكەی دادەنرێت كە لە هەموو ژنەكانی تری لیستەكە دەنگی زیاتری هێنابوو، بەمشێوەیە: - بۆ دیاریكردنی پشكی هەر لیستێك لە كۆتای ژنان، ئەو كورسییانەی كە هەر لیستێك بەدەستیهێناوە دابەش دەكرێت بەسەر (3)دا. - ئەگەر رێژەی 30%ی كۆتای ژنان بەدی نەهات، ئەوا كورسییەك بۆ ژنان تەرخاندەكرێت لە كورسی ئەو لیستانەی كە دوو كورسییان بەدەستهێناوە، ئەمەش بەگوێرەی ژمارەی دەنگی لیستەكان لە كەمەوە بۆ زۆرو كاندیدی براوەی كورسی دووەمی ئەم لیستانە دەگۆڕدرێت بە ژنان. - خۆ ئەگەر هەموو هەنگاوەكانی پێشتر ژمارەی دیاریكراوی كورسی ژنانی بەدی نەهێنا، ئەوا كورسی ژنان لەو لیستە كراوانە دیاری دەكرێت كە تەنیا یەك كورسییان بەدەستهێناوە، لە كەمترینەوە بۆ زۆرترین بەگوێرەی دەنگی لیستەكە. - ئەو ژنانەی كە بە دەنگی خۆیان لە بازنەیەكی هەڵبژاردندا لە لیستی كراوە یاخود تاكەكەسیی سەركەوتوون، لەچوارچێوەی كورسی تەرخانكراوی كۆتای ژنان ئەژمار دەكرێن. - بەڵام كورسی كۆتای پێكهاتەكان سیستەمی كۆتای ژنان نایگرێتەوە. كورسی كۆتای پێكهاتەكان چۆن دابەشدەكرێت؟ كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان، هاوشێوەی كورسییە گشتییەكان و كورسی كۆتای ژنان، سیستەمێكی تایبەتیشی بۆ چۆنیەتی دابەشكردنی كورسی "كۆتا"ی پێكهاتەكان دیاریكردووە. لە كۆی (100) كورسی پەرلەمانی كوردستان، (5) كورسی وەكو "كۆتا" بۆ پێكهاتەی (مەسیحی و توركمان) دیاریكراوە، ئەم پێنج كورسییەك (2) كورسی بەر هەولێرو (2) كورسی بەر سلێمانی و (1) كورسی بەر دهۆك كەوتووە، بەمشێوەیە: • هەولێر: 1 كورسی توركمان + 1 كورسی مەسیحی • سلێمانی: 1 كورسی توركمان+ 1 كورسی مەسیحی • دهۆك: 1 كورسی مەسیحی كورسی "كۆتا"ی مەسیحی و توركمان لە بازنەكانی هەڵبژاردن، بەمشێوازە دابەشدەكرێن و مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێت: • ئەگەر هاتوو هەر یەكێك لەو كاندیدانەی كە سەربە پێكهاتەكان بوو، كورسییە گشتییەكانی بردەوە، ئەمە كاریگەریی لەسەر كورسی تەرخانكراو بۆ ئەو پێكهاتانە نابێت (واتا خەڵكی سەربە پێكهاتەكان كورسی گشتیی ببەن، لەسەر حسابی كۆتا ئەژمار ناكرێن). • ناوی كاندید بۆ كورسی پێكهاتە لە هەر بازنەیەكی هەڵبژاردن كە كورسی پێكهاتەكانی بۆ تەرخانكراوە، بەگوێرەی ئەو دەنگەی كە بەدەستیهێناوە لە زۆرەوە بۆ كەم ریزبەند دەكرێتەوە. • براوەی كورسی پێكهاتە ئەو كەسە دەبێت كە زۆرترین دەنگی بازنە یاخود ناوچەی هەڵبژاردنی بەدەستهێناوە. • ئەگەر كاندیدێك یان زیاتری پێكهاتەكان ژمارەی دەنگەكانیان یەكسان بوو، ئەوا بە ئامادەبوونی خۆیان یاخود نوێنەرەكانیان، بۆ دیاریكردنی براوەی كورسییەكە، كۆمسیۆن تیروپشك لە نێوانیاندا دەكات. كورسییە بەتاڵەكان چۆن پڕدەكرێنەوە ؟ كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان، لەچوارچێوەی ماددەیەكداو بە (4) بڕگە رێوشوێنی پڕكردنەوەی كورسییە بەتاڵەكانی بەمشێوەیە دیاریكردووە: • ئەگەر بە هەر هۆكارێك، لەچوارچێوەی لیستی كراوەدا كورسییەك چۆڵ بوو، ئەوا ئەو كاندیدە دۆڕاوەی كە لە هەمان قەوارە زۆرترین دەنگی هێناوە شوێنەكەی پڕدەكاتەوە (حزب یان رێكخراوی سیاسی). • ئەگەر بە هەر هۆكارێك، لەچوارچێوەی لیستی تاكەكەسیدا (ئەو لیستەی كە لە یەك كاندید پێكدێت) كورسییەك چۆڵ بوو، ئەوا كورسییەكە دەدرێت بە كاندیدی لە لیستێكی كراوە (مەبەست لە لیستی حزب و هاوپەیمانێتییەكانە) یاخود تاكەكەسیی كە زۆرترین دەنگی ماوە-ی هەیە دوای جێبەجێكردنی دەقی ماددەی (3/یەكەم/و) لەسەری، جا ئیتر كورسی هێنابێت یاخود نا. ماددەی 3/یەكەم/و كە لەم بڕگەیەدا ئاماژەی بۆ كراوە دەڵێ:" دوای پرۆسەی دابەشكردنی كورسی بەسەر لیستەكاندا بەگوێرەی بەهای كورسیی، ئەو كورسییانەی دەمێننەوە بە كورسی بەتاڵ ئەژمار دەكرێن و دابەشدەكرێن بەسەر ئەو لیستانەی كە پاشماوەی دەنگەكانیان كەمترە لە بەهای كورسی (جا ئیتر كورسی بردبێت یان نا)و گەورەترین دەنگی ماوە-یان هەیە، كورسی بەتاڵی یەكەم دەدرێت بەو لیستەی زۆرترین دەنگی ماوەی هەیە، كورسی بەتاڵی دووەم دەدرێت دووەم لیست لەڕووی زۆری دەنگی ماوە، ئیتر بەمشێوەیە كورسییەكانی تریش دابەشدەكرێن". • ئەگەر بە هەر هۆكارێك كورسییەك چۆڵ بوو كە كورسی كۆتای پێكهاتەكان بوو، ئەوا كورسییەكە دەدرێت بە كاندیدی دوای خۆی لەڕووی ژمارەی دەنگەوە، لە هەمان پێكهاتە. • ئەگەر كورسی كۆتای چۆڵ بوو هی ژنان بوو، مەرج نییە ئەو كەسەی دەخرێتە شوێنەكەی هەر دەبێت ژن بێت، مەگەر لەكاتێكدا چۆڵبوونەكە كاریگەریی لەسەر رێژەی نوێنەرایەتیی ژن هەبێت.
راپۆرتی: فەرمان سادق رەنگە دۆزینەوەی لاشەی ورچێک لە سنوری کوێستانی پڕژێی سەر بە قەزای چۆمان، تازەترین تاوانی ژینگەیی بێت لە کوردستاندا. پۆلیسی دارستان و ژینگە، دەستەی ژینگە، رێکخراوە لۆکاڵی و نێودەوڵەتییەکان بەدوای بکوژەکەیدا دەگەڕێن و دەیانەوێت سکاڵا لەسەر ئەنجامدەرەکە تۆمار بکەن. بەڵام دەستدرێژی بۆ سەر ژینگەی دارستانەکان، گیاندارە کێوییەکان و کۆی سیستمی ژینگەیی، پرسێکی رۆژانەیە کە بووەتە هەڕەشە لەسەر سروشتی کوردستان. جگە لەم ورچە، پێشتریش لە مانگی ئایاری رابردووی ئەمساڵ، کۆمەڵێک نەورەس لە دەریاچەی دووکان مردار بوونەوە، ئەگەرچی لیژنەی لێکۆڵینەوە پێکهێنرا لە هۆکاری مرداربوونەوەکەی بەڵام تاوەکو ئێستا ئەنجامی لیژنەکە رانەگەیەنراوە. لە کوردستاندا، لەگەڵ ئەوەی یاسای پاراستنی ژینگە و چەندان رێنمایی هەن بۆ پاراستن و چاککردنی ژینگە، هەروەها هێزی جێبەجێکاری وەک پۆلیس و پێشمەرگەی ژینگەش هەن، بەڵام نەک نەیانتوانیوە تاوانە ژینگەییەکان بنەبڕ بکەن یان کەم بکەنەوە، بەڵکو هیچ لایەکیان ئاگاداری کار و چالاکیی ئەوی تر نین و لینکی پەیوەندی لەنێوانیاندا نییە. لێکۆڵینەوە لە کوژرانی ورچەکە بەردەوامە بەگوێرەی راید فواد زراری، بەڕێوەبەری راگەیاندن و وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیسی دارستان و ژینگە لە هەولێر، هێشتا لێکۆڵینەوە لە سەر کوشتنی ورچەکەی سۆران بەردەوامە. ئەوەی لێکۆڵینەوەکەی قورس کردووە ئەوەیە کە ورچەکە لە ناوچەی پارێزراوی هەڵگورد-سەکران کوژراوە، کە لە بنەڕەتدا ئەم ناوچەیە یەکێکە لە سێ ناوچە پارێزراوەکەی کوردستان لەپاڵ قۆپی قەراغ و زوورگەزراو، بەڵام وەک پێویست خزمەت ناکرێن و دەستدرێژییان دەکرێتە سەر. فواد زراری باسی ئەوە دەکات کە ئەم ناوچانە، لە رووی جوگرافییەوە سەختن، هێج ئامێرێکی چاودێری وەک کامێرای لێ نییە تاوەکو سەرەداوێک لەسەر ڕووداوەکە دەست بکەوێت. لەم بارەیەوە دەڵێت، "لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە وەک پۆلیسی ژینگە خاڵی پێویستی چاودێریمان لەم ناوچانە کەمە، ئەویش بەهۆی بەهۆی کەمی میلاک و کەرەستەی پێویست. ئەمە پڕۆسەی لێکۆڵینەوەکەی قورس کردووە، بەڵام بەردەوامە. نەک هەر ئێمە، دەستەی ژینگە، رێکخراوە لۆکاڵییە ژینگەییەکان و نێودەوڵەتییەکانیش لەسەر خەتن، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ کەسێک دەستگیر نەکراوە". کوژرانی ئەو ورچە، یەکەم حاڵەت نییە، پێشتریش پڵینگێک لە چیای بەمۆ کوژرا، لە دهۆکیش بەهەمان شێوە. ئەم بەرپرسەی بەڕێوەبەرایەتی راگەیاندن و وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیسی دارستان و ژینگە لە هەولێر، پێی وایە دەبێت لە ئەم تاوانە ژینگەییانە ڕێگەی میدیاوە گەورەتر بکرێن، چونکە پەیوەندییان بە ژینگە و سروشت هەیە، سروشتی کوردستانیش لە سەرووی هەموو شتێکەوەیە. مقەدەم مەحمود حەمەد، بەرپرسی جوڵانەوەی هێزی هەولێر لە فەرماندەیی ژینگە کە ئێستا ناوەکەی گۆڕاوە بۆ فەرماندەیی کارۆخ، دەڵێت؛ هەر بەرپرسێک ڕاو بکات، سەرەتا دەمانگرتن، بەڵام بۆ دروست نەبوونی کێشە لە یەکەی (٨٠) ڕێنماییمان بۆ هاتووە کە بەرپرسان نەگرین، بەڵکو ناوەکەیان و ژمارەی ئۆتۆمبێلەکانیان وەردەگرین و ڕەوانەی سەرووی خۆمان دەکەین و ئەوان ڕێکار بەرامبەر ئەو بەرپرسانە دەگرنەبەر. "بەرپرسی باڵا هەبووە رێکاری توندیان لە دژ گیراوەتە بەر، بەڵام ئەمە چەند ساڵێک پێش ئێستا بووە". مقەدەم مەحمود وای وت. لەسەر مرداربوونەوەی نەورەسەکانی دەریاچەی دووکان، ئەگەرچی وەزارەتی کشتوکاڵ لیژنەی لێکۆڵینەوەی پێکهێنا و بڕیاربوو لە تاقیگەی ڤێتێرنەری پشکنین بۆ هۆکاری مرداربوونەوەیان بکرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەنجامەکەی بۆ ڕای گشتی ئاشکرا نەکراوە، ئەگەرچی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق لە ٢٢ـی ئایاری رابردوو، واتە دوای هەفتەیەک لە مرداربوونەوەیان رایگەیاند کە بەهۆی ئەنفلۆنزای باڵندە مردار بوونەتەوە. دارستانەکانی کوردستان لەسەر نیوە کەمیان کردووە بەگوێرەی زانیارییەکان رووبەری دارستانی سروشتیی لە ٥٠ ساڵی رابردوودا سەرووی پێنج ملیۆن دۆنم بووە، بەڵام بەپێی داتایەکی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠٢٠، رووبەرەکە کەمێک لە ٢ ملیۆن و نیو دۆنم زیاترە، یانی لەسەر نیوە کەمی کردووە. بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی رەزگەری و دارستان و پاوانی سەر بە وەزارەتی کشتوکاڵ کە لە رێگەی مانگە دەستکردەکانەوە دەستکەوتووە، رووبەری دارستان بە نزیکەی دوو ملیۆن و ٣٢٧ هەزار دۆنم خەملێنراوە. ئامارەکان هەر چۆنێک بن، ئەوە لای هەمووان ئاشکرایە کە لە ٢٠١٠ـەوە تاوەکو ئیستا زۆرترین دەستدرێژی کراوەتە سەر ژینگە، لەم ماوەیەدا بەپێی راپۆرتێکی رێکخراوی بیمە کە ساڵی ٢٠٢٢ بڵاوکراوەتەوە، سەرووی ملیۆنێک دۆنم دارستان و پاوان سووتاون. زۆرترین حاڵەتەکانی سووتانیش لەنێوان ساڵانی ٢٠١٩ \٢٠٢٠ \ ٢٠٢١ بووە. هەر بەپێی بەدواداچوونێکی وەزارەتی کشتوکاڵ رێژەی ٣٠%ـی هۆکاری سووتانی دارستانەکان بەهۆی بۆردومان و تۆپبارانی تورکیا و ئێران بووە. بۆ پاراستنی دارستانەکان و نەبڕینەوەی دارەکان و نەکردنیان بە ڕەژوو، بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیسی دارستان و ژینگە پێشنیار دەکات باج و گومرک لە سەر هاوردەکردنی ڕەژوو هەڵبگیرێت، ئەویش لەپێناو نەهێشتنی کانە خەڵووز و دەست نەبردن بۆ دارستانەکانی کوردستان لەپێناو رەژوودا. راید فواد زراری، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتییەکە دەڵێت، "وەزیری کشتوکاڵ بەدەم داواکارییەکەیانەوە چووە و باجی کەم کردووەتەوە، بەڵام ئێمە دەمانەوێت نەک هەر نەمێنێت، بەڵکو هانی بازرگانانیش بدرێت رەژوو بێنن بۆ ئەوەی واز لە داربڕینەوە بهێنن". بۆ وەرگرتنی دوا ئامار و زانیاری لەسەر رووبەری دارستان لە کوردستان، ئامادەکاری ئەم ڕاپۆرتە چەند جارێک پەیوەندی بە هەڵکەوت عەبو، بەڕێوەبەری گشتی دارستان و پاوان و باخداری لە وەزارەتی کشتوکاڵ کرد، تەنانەت لە ڕێگەی واتسئاپەوە پرسیارەکانیشی بۆ نارد، هەروەها وتەبێژی وەزارەتیشی لێ ئاگادار کردەوە، بەڵام هیچیان وەڵامی پرسیارەکانیان نەدایەوە. ٩٥%ـی تاوانە ژینگەییەکان لەلایەن بەرپرسانەوە ئەنجامدەدرێت لەگەڵ ئەوەی ئامارەکان قەبارەی مەترسی سەرپێچی و تاوانە ژینگەییەکان دەردەخەن، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیسی دارستان و ژینگە دەڵێت، "سەدا ٩٥ی سەرپێچی و تاوانەکان لەلایەن بەرپرسانەوە ئەنجامدەدرێن، بەتایبەتی ڕاوکردنی گیانەوەی کێوی. ئەوەی وایکردووە پاراستنی ژینگە کارێکی زۆر قورس بێت، ئێمە رووبەڕووی مافیای ژینگەیی دەبینەوە، ئەوان ژینگە بە هی خۆیان دەزانن، لەوە تێ ناگەن کە ژینگە هی هەمووانە". دەستدرێژییەکان لە سنوری ڕاوکردن و کوشتنی گیانەوەرە کێوییەکان و بڕینەوەی داردا ناوەستن، بەڵکو سەرچاوەکانی ئاوی ژێر زەویش دەگرنەوە. بە قسەی راید فواد زراری بێت مانگانە دەست بەسەر هەشت بۆ ١٠ ئامێری بیرلێدان دەگیردرێت، ئەوە جگە لەوانەی دەستیان بەسەردا ناگیررێت و بەردەوامن لەسەر دەستدرێژی بۆ سەر ئاوی ژێر زەوی. ڕوونیشی دەکاتەوە کە بیر لێدان زۆر پێشوەچوونی بەخۆیەوە بینیوە و ئێستا ئامێری پێشکەوتوو هێنراوە کە بە کارەبا کار دەکات و دەنگیشی نایەت، لەناو ماڵەکە بیر لێدەدرێت هەر نایبینی، بۆیە "دەست بەسەراگرتنی ئەم ئامێرانە زۆر زەحمەتە". دەربارەی باخە تایبەتەکانیش دەڵێت "مەسەلەی مەزرەعەکان بووەتە ئەمری واقیع، دوو ساڵ پێش ئێستا پێشنیارمان بۆ وەزارەتی ناوخۆ کرد کە بۆ هەر کۆمەڵە مەزرەعەیەک بیرێک لێبدات نەک هەر مەزرەعەیەک بیرێک لێبدات، هێشتا وەڵاممان وەرنەگرتووە". تاوانە ژینگەییەکان مەترسیدارن بەپێی ئاماری دەستەی ژینگە بێت، لە چوار ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە ٦ هەزار کەیس لەسەر تاوانی ژینگەیی دراونەتە دادگاکان و زۆرترینیان لە پارێزگای سلێمانی بووە. پڕۆسەی ڕەوانەکردنی سەرپێچییەکان لە دەستەی ژینگە وەهایە کە دوای ئاگادارکردنەوەی دەستە لە بوونی سەرپێچی ژینگەیی و سەلماندنی، سەرەتا بەڵێننامە بە کەسی سەرپێچیکار تۆمار دەکرێت، لە ئەگەری دووبارەبوونەوەی ئەوا کەسی سەرپێچیکار سزا دەدرێت، دوا قۆناغیش دەیدەن بە دادگا. لە چوار ساڵی ڕابردوودا دەستەی ژینگە زیاتر لە ٧ هەزار بەڵێننامەی بە سەرپێچیکاران واژۆ کردووە، لەمەشدا زۆرترینی لە پارێزگای سلێمانی بووە کە زیاتر لە سێ هەزار بەڵێننامە بووە. هەر لەو چوار ساڵەدا ٥٠٠ سەرپێچیکار سزای پێژماردن کراون، لەمەشدا هەر پارێزگای سلێمانی بە زیاتر لە ٢٠٠ کەیس لە پێشەوەی شارەکانی دیکە بووە. هاوکات بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیسی دارستان و ژینگە بێت، پارساڵ زیاتر لە ٢٣٠ حاڵەتی ئاگر کەوتنەوە هەبووە کە بەهۆیەوە سەرووی ٢٣ هەزار ڕەز و باغ، دارستان و پاوان و پوش و پەڵاش سووتاون کە کۆی گشتییان دەکاتە سەرووی ٧١ هەزار دۆنم زەوییە. لە پرسی بیرلێدانی نایاساییدا، دەست بەسەر زیاتر لە ٦٠٠ پارچە کەرەستەی بیرلێداندا گیراوە. کەس ئاگای لە کەس نییە! جگە لە دەستەی ژینگەو پۆلیسی دارستان، پێشمەرگەی ژینگە و بەڕێوەبەرایەتی گشتی دارستان و پاوان لە وەزارەتی کشتوکاڵیش هەن، بەڵام وەک وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیسی دارستان و ژینگە و بەپرسی جوڵانەوە لە فەرماندەیی پێشمەرگەی ژینگە جەختی لێدەکەنەوە، کەسیان ئاگاداری کاری ئەوی تر نییە و هیچ کۆبوونەوەیەک لەنێوانیان ئەنجام نادرێت، ئەمەش پێچەوانەی ڕای دەستەی ژینگەیە. فواد زراری، وتەبێژی پۆلیسی دارستان و ژینگە دەڵێت؛ هیچ لینکێک لەنێوانمان نییە و ئاگاداری ئیشی یەکتریش نین. "ئەوان ئیشی خۆیان دەکەن و ئێمەش هەروا، هەندێکجار دەستەی ژینگە رێنمایی دەردەکات دوای سێ مانگ دەگاتە لای ئێمە و پرسیشمان پێناکەن لە دەرکردنی ڕێنمایی". فواد زراری وادەڵێت، دەشپرسێ کە عەیبە نییە ئەگەر پرس بکەن بۆ ئەوەی هاوبەش بین لە دەرکردنی رێنماییەکان تاوەکو بتوانین جێبەجێیان بکەین، عەیب ئەوەیە یاسا و رێنمایی جێبەجێ نەکرێن. فواد زراری لەسەر ئەم پرسە زیاتر دوا و دەڵێت، " باوەڕ بکە بە دوو ساڵ جارێکیش یەک نابینین، ئەمەش کاریگەری لەسەر پێشێلکارییە ژینگەییەکان دروستکردووە، بۆیە باشترە دەستەیەکی باڵا یان ژووری ئۆپەراسیۆن لەسەر ئاستی پارێزگاکان دادەمەزرێنین". مقەدەم مەحمود حەمەد، بەرپرسی جوڵانەوە هێزی هەولێری فەرماندەیی پێشمەرگەی ژینگە دەڵێت؛ ئێمە ڕێنمایی لە یەکەی (٨٠)ـی هێزی پێشمەرگە (یەکەیەکی پێشمەرگەیە و سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستانە) وەردەگرین. "هیچ پەیوەندییەکمان لەگەڵ دەستەی ژینگە نییە و لەگەڵ هیچ رێکخراوێکی ژینگەییش پەیوەندییمان نییە و هیچ خولێکی ژینگەپارێزیشمان نەبینیوە، بەڵام ئێمە رێنمایی خۆمان هەیە و دەزانین ئیشی خۆمان چۆن ئەنجامدەدەین". ئەو وا دەڵێت. بەپێی یاسای پاراستن و چاککردنی ژینگەی کوردستان، ئەنجومەنی باڵای ژینگە هەیە و لایەنە پەیوەندارەکانیش نوێنەرایەتییان لەو ئەنجومەنە باڵایە ئەندامە. بەگوێرەی بەڕێوهبهری دڵنیایی جۆری له دهستهی پاراستن و چاككردنی ژینگه لوقمان شێروانی، ئەنجومەنەکە دوو مانگ جارێک کۆدەبێتەوەو تاوتوێی پلانە گشتییەکان دەکات، کۆبوونەوەکانیش بێگومان کاریگەری خۆیان هەبووە، بەڵام ڕێژەییە و هەندێک شتیش هەیە بووەتە ئەمری واقیع کە پێویستی بە کات و پلان و سێکتەری دارایی هەیە بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکان. "کەم تا زۆر جۆرێک لە پەیوەندیمان هەیە، هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و کشتوکاڵ ئەندامیان هەیە لە ئەنجومەنی باڵا، ئەگەر ڕێنماییەک پێویستی بە کارێکی مەیدانی هەبوو ئەوا ئەوان کارەکە ئەنجامدەدەن". لوقمان شێروانی وای وت، باسی لەوەشکرد کە هیچ ڕێگرییەک نییە لەوەی کاری هاوبەش بەیەکەوە ئەنجام بدەین، بەڵام هەر دامەزراوەیەک لە حکومەت ئەرکێکی پێ ڕاسپێردراوە. بەڵام مەهدی هەمزە، پسپۆر لە نووسینەوەی یاسای ژینگەیی، پێیوایە کە ئەنجومەنەکە لەگەڵ ئەوەی کۆبوونەوەی خۆی ئەنجامدەدات، بەڵام نەیتوانیوە بە رێژەیەکی زۆر بە ئەرکەکانی خۆی هەڵسێت، ئەمەش پەیوەندی بە سنوورداری رۆڵی ژینگە هەیە لە کوردستان. لای خۆیەوە راوێژ مەحوی، چالاکوان و شارەزای یاسای ژینگەیی ڕای وایە کە پەرتەوازەییەک لە پاراستنی ژینگەدا هەیە، ئەویش بەهۆی بوونی ژمارەیەک فەرمانگەی جیاواز کە ئاگاداری کاری یەکتری نین. لەم بارەیەوە دەڵێت، "ئەگەر لەژێر یەک چەتر یەکبخرێن، تەکانێکی زیاتر بە پرسە ژینگەییەکان دەدرێت و پاراستنی ژینگە دەبرێتە ئاستێکی باڵاتر و کاریگەرتر، بەڵام ئەوەی ڕاستی بێت، هێشتا ژینگە نەبووەتە ئەولەویەت لەلای حکومەتی هەرێم، کۆمەڵێک فەرمانگە هەن بۆ ئەوەی داهاتێکیان لێ دەستکەوێت و وەڵامی نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بدەنەوەو بڵێن، ئەها ئێمەش گرنگی بە پرسی ژینگە دەدەین، سەلمێنەری ئەم قسەیە ئەوەیە کە دەستەی ژینگە سێ ئامێری پێوانەی هەوایان هەیە کەچی فەرمانبەریان نییە کاری پێ بکات". راوێژ مەحوی زیاتر دەدوێت و دەڵێت، "بەڵگەم بە ڤیدیۆ هەیە کە ٧٠٠ دار لە شوێنێک بڕاوەنەتەوە و بۆ پۆلیسم ناردووە، لە جیاتی ئیشی لەسەر بکات کەچی دەڵێن؛ ئێرە سنووری ئێمە نییە!". یاسا و ڕێنماییە بەرکارەکان ناتوانن ژینگە بپارێزن بەپێی یاسای پاراستنی ژینگەی ساڵی ٢٠٠٨ و، یاسای دەستەی ژینگەی ساڵی ٢٠١٠، دەستەی ژینگە زیاتر دەسەڵاتی چاودێری هەیە، ئەمەش بە قسەی شارەزایانی یاسایی یەکێکە لە هۆکانی لاوازی دەستە لە پاراستنی ژینگە. لوقمان شێروانی، بەڕێوهبهری دڵنیایی جۆری له دهستهی پاراستن و چاككردنی ژینگه، دان بەوەدا دەنێت کە هەردوو یاساکە پێویستیان بە هەموارە بەتایبەت لە پرسی دەسەڵاتەکان، بەو پێیەی گۆڕانکاری زۆر ڕوویانداوە. لەم بارەیەشەوە دەڵێت، "هەوڵ هەبوو بۆ هەموارکردنەوەی هەردوو یاسای ژمارەی (٨)ـی ساڵی ٢٠٠٨ و ژمارە (٣)ـی ساڵی ٢٠١٠، من خۆم ئەندامی لیژنەی هەموارکردنەوە بووم و هەردوو یاساکەش تێکەڵکێش کران و دەستنووسەکە نێردرا بۆ ئەنجومەنی وەزیران، بەڵام بە داخەوە پەرلەمان تەمەنی کۆتایی هات و نەتوانراوە هەموارەکە جێبەجێ بکرێت. "خاڵی گرنگ ئەوەیە کە دەستەی ژینگە تاک لایەن بێت لە پرسی کوالیتی و زۆرینەی پڕۆژەکان ڕەزامەندی لە دەستەی ژینگە وەرگرن، هەروەها بەڕێوەبەری شارەکان پلەیان بەرز بکرێتەوە بۆ بەڕێوەبەری گشتی بۆ ئەوەی دەسەڵاتی زیاتریان هەبێت"، شێروانی وای وت. بە بڕوای دکتۆر مەهدی هەمزە، یاساکە لە هەندێک شوێندا پێویستی بە هەموار هەیە، بەڵام کێشەکە لە جێبەجێکردنی خودی یاساکەدایە. ئەو دەڵێت، "تا ئێستا دەستەی ژینگە بە تەواوەتی نەیتوانیوە رووبەڕووی ئەو پڕۆژانە بوەستێتەوە کە ژینگە تێکدەدەن، بۆیە پێویستی بە پشتگیری هەیە لەلایەن حکومەتی هەرێم، پێویستی بە چاودێری زیاترە لەلایەن پەرلەمانەوە، هەروەها پێویستی بە فەرمانبەری زیاتر هەیە بۆ پڕۆسەی چاودێری و پشکنین و بەدواداچوون". ئاماژەش بۆ ئەوە دەکات کە دەستەی ژینگە بە هیچ شێوەیەک لە داهاتی سندوقی ژینگە سوودمەند نەبووە و دەسەڵاتی خەرجکردنی نییە. راوێژ مەحوی، رای وایە یاساکە بۆ ئێستا ناتوانێت ژینگە بپارێزێت، چونکە لەگەڵ پێشکەوتنەکاندا هاوتەریب نییە و هەموار نەکراوەتەوە. "ساڵانە دەستەی ژینگە کۆمەڵێک رێنمایی دەردەکات، بەڵام رێنماییەکان بە شێوەیەکی سیستەماتیکی و ستانداردی جیهانیی کارەکان ڕێکناخەن و بەرێوەیان نابەن، ئەو سزایانەی لە یاساکەدا هاتوون ناتوانن ببنە رێگر لەبەردەم تاوانە گەورەکانی ناو ژینگە، بۆیە ئەمە کاریگەری خراپی دروستکردووە بەسەر ژینگە و دەرفەتیشی رەخساندووە بۆ ئەوانەی تاوانی ژینگەیی ئەنجامدەدەن، چونکە سزای تاوانەکانیان شتێکی ئەوتۆ نییە کە لەو تاوانە بسڵەمێتەوە". راوێژ مەحوی وای وت. هەروەها باس لەوەش دەکات کە کاتێک کەسێک کۆمەڵێک داری بە تەمەن دەبڕێتەوە، دەزانێت ئەگەر دەستگیرکرا سزاکەی چاندنەوەی ١٠ دارە لە جێگەی دارێک، دەشزانێت قازانجی لە بڕینەوەی دارەکە چەندە، بۆیە سزاکە نابێتە رێگر لەوەی دار نەبڕێتەوە، بەڵام ئەگەر هاتوو لەگەڵ چاندنەوەی ١٠ دار، سزایەکی قورسی داراییش بدرێت ئەوا جارێکی دیکە بوێری بڕینەوەی دار ناکات، ئەمە بۆ راوکردنیش راستە. مەحوی لە قسەکانی بەردەوام دەبێت و دەڵێت، "یاساکە ناتوانێت رووپۆشی هەموو تاوانە ژینگەییەکان بکات، هەروەها ئەو سزایانەی کە هەن، خاڵێکی دیکە ئەوەیە کە دەستەی ژینگە کە چاودێرە بەسەر پێشێلکارییە ژینگەییەکان، وەک رێکخراوێکی کۆمەڵگەی مەدەنی وایە کە ئەویش چاودێرە، جیاوازییەکە ئەوەیە کە ئەوان سەر بە حکومەتن، ئێمە رێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنین". نەبوونی دادگایەکی تایبەتمەند یەکێکە لە هۆکانی بەردەوامی تاوانە ژینگەییەکان ئەگەرچی لە (٢٠١٥)ەوە داواکراوە دادگایەکی تایبەتمەند یان دادوەرێکی تایبەتمەند بە کەیسەکانی ژینگە دامەزرێن، بەڵام تاوەکو ئێستا وەڵامی ئەو داوایەی دەستەی ژینگە نەدراوەتەوە. بە قسەی لایەنە پەیوەندارەکان، نەبوونی دادگایەکی تایبەتمەند یان دادوەری تایبەتمەند لەناو دادگاکان کاریگەری نەرێنی بەسەر کەیسەکانی سەرپێچی و تاوانە ژینگەییەکان دروستکردووەو، پێیانوایە زۆرجار ئەو سزایانەی بڕیاریان لەسەر دەدرێت پڕ بە پێستی تاوانەکە نین. لوقمان شیروانی، لەم بارەیەوە دەڵێت، "بەداخەوە هێشتا داواکارییەکەمان نەچووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، بۆیە بوونیان وادەکات پارێزگاری زیاتر لە ژینگە بکرێت. دادوەرەکان دەسەڵاتیان هەیە تاوەکو ٢٥٠ ملیۆن سزای سەرپێچیکار بدەن، ئەمەش کاریگەری باشی هەبووە". بەڵام فواد زراری دەڵێت؛ یاسای بەهێزمان هەن، بەڵام گەورەترین کێشەی ئێمەیە ئەوەیە کە دادوەری تایبەتمەندمان بە ژینگە نییە، ئەمەشە وایکردووە زۆرجار تۆمەتبارە ژینگەییەکان بە یاسای مەدەنی سزا بدرێن، بۆیە ئەو کەلێنە یاساییە گەورەترین گرفتی بۆ دروست کردووین. "کارێکی ئاسان نییە کە داربڕێک دەستگیر دەکرێت، بەڵام بەهۆی نەبوونی دادوەری تایبەتمەند بە ژینگە، دەبینین بە سزایەکی کەم لێی دەردەچن". فواد وای وت. ئەو داربڕەکان بەسەر دوو جۆردا دابەش دەکات، ئەوانەی خەڵکی گوندەکانن کە تەنیا لق و پۆپی دارەکان دەبڕن، ئەوانەشی دارەکە لە بنەوە دەبڕێتەوە کە ئەوان بازرگانی چاوچنۆکن، ئەوانەن مەترسیان لەسەر ژینگە دروستکردووەو بەردەوامیش دەستگیر دەکرێن و دەدرێنە دادگا. بە بڕوای مەهدی هەمزە، ئەمە گرفتی دروستکردووە لەبەردەم کەیس و تاوانە ژینگەییەکان و ئەو پڕۆژانەی کەوا ژینگە پیس دەکەن. لەهەمان کاتدا جەخت لەوە دەکاتەوە کە هێشتا پرسی ژینگە لای حکومەتی هەرێم ئەولەویەت نییە، ئەمەش یەکێکە لە گرفتەکان لەوەی هەماهەنگی نییە لە نێوان وەزارەتە پەیوەندارەکانی پەیوەست بە پرسی ژینگە. * ئەم راپۆرتە لەچوارچێوەی پرۆژەی رۆنامەوانی ژینگەیی عێراق بەرهەمهاتووە كە ئينتەر نیوز پاڵپشتی دەكات خاکەکە تینوویەتی؛ وشکایەتیی زەوی لە ڕۆژئاوای هەولێر