Draw Media

درەو: 🔻 پێشڕەوی خێراو هێرشی لەناکاوی گروپە توندڕەوەکانی سوریا بۆ سەر شاری حەلەب، لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا توندو چڕترین پەرەسەندنی شەڕی ناوخۆیی سوریایە. 🔻 حەلەب گەورەترین ناوەندی ئابووری وڵات بووە پێش ئەوەی لە ساڵانی ڕابردوودا بەشێکی بەهۆی شەڕەوە لەناوبچێت. پێش جەنگ یەکەم شاری گەشتیاری وڵاتەکەبوو، حەلەب نزیکەی یەک لەسەر سێی ئابووری ناوخۆیی پێکدەهێنا، لەکاتێکدا نزیکەی (23%)ی هێزی کاری وڵاتەکەی پێکدەهێنا، شارەکە نزیکەی (48%)ی بەرهەمی گەنم و جۆی بەرهەمدەهێنا و (30%)ی پیشەسازییەکانی سوریاش لەوێ چڕبووبوونەوە. 🔻 لەدەستدانی حەلەب پاشەکشەیەکی گەورەیە بۆ ڕژێمی سوریا، بەو پێیەی بە مانای لەدەستدانی کۆنترۆڵ بەسەر تەواوی باکووری ڕۆژئاوادا دێت. و لە ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیدا تایبەتمەندی ململانێکان و هاوکێشەکان دەگۆڕێت.   ئۆپەراسیۆنی رێگریکردن لە دەستدرێژی "ردع العدوان" ڕۆژی 27ی تشرینی دووەمی 2024، "ژووری بەڕێوەبردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان" کە نوێنەرایەتی چەند گروپێک دەکات لەشاری ئیدلب، ئۆپەراسیۆنی رێگریکردن لە دەستدرێژی "ردع العدوان"ی دەستپێکرد، بە خێرایی لە چەند بەرەیەکەوە بەرەو شاری حەلەب و لادێکانی پێشڕەوی کرد، بەم هەنگاوەشی سوریا دەکەوێتە نێو قۆناغێکی نوێی ململانێی سیاسی و سەربازییەوە. لەدوای ئەوەی هێزەکانی سوپای سوریا لە ساڵی 2016 بە هاوکاری ڕوسیا و ئێران دەستیان بەسەر حەلەبدا گرتەوە، تا ئەم ئۆپەراسیۆنە هیچ چەکدارێکی ئۆپۆزسیۆن نەچووبوونە ناو حەلەبەوە، تورکیاش کە پاڵپشتی گروپە ئۆپۆزسیۆنەکانی سوریای کردووە، لە هەوڵە دیپلۆماسییەکانیدا بۆ ڕێگریکردن لە هێرشەکانی حکومەتی سوریا شکستی هێنا، کە وەک پێشێلکاری ئەو ڕێککەوتنە سەیر دەکرا لە ساڵی 2019 لەلایەن ڕووسیا و تورکیا و ئێرانەوە ئەنجام درا بۆ بەستنی هێڵی ململانێکان. حەلەب شوێنی هەندێک لە شەڕە وێرانکەرەکانی شەڕی ناوخۆی سوریا بووە و گروپە یاخیبووەکان و ڕژێمی ئەسەد چوار ساڵیان لە شەڕی کۆنترۆڵکردنی شەقامەکانیدا بەسەر بردووە. سەرەتا "ژووری ئۆپراسیۆنە سەربازییەکان" ڕایگەیاند کە ئامانجەکانی ئۆپەراسیۆنەکە رێگریکردن لە دەستدرێژی "ردع العدو" و وەستاندن و بە ئامانجگرتنی ڕژێم و هاوپەیمانەکانییەتی بۆ ناوچەکانی باکووری ڕۆژئاوای سوریا، ئەمە جگە لەوەی کە ئاوارەکان بتوانن بگەڕێنەوە گوندەکانیان. بەڵام داڕمانی خێرای بەرگریی ڕژێمی سوریا ڕێگەی بۆ ئۆپەراسیۆنەکە دا کە پێشڕەوی چاوەڕواننەکراو بکەن و زیاتر لە ٦٠ شارۆچکە و شوێنی ستراتیژی کۆنترۆڵ بکەن، لەوانە فەوجەکانی ٤٦ و سەنتەری لێکۆڵینەوەی زانستی، شوێنە سەرەکییەکانی سەر ڕێگای (M5) گەورەترین خەڵات بوو چوونە ژوورەوە و کۆنترۆڵکردنی ئۆپۆزسیۆن بۆ شاری حەلەب و قەڵاکەی لە ئێوارەی هەینی ٢٩ی تشرینی دووەمی 2024. بەڵام ئێستا پرسیارەکە ئەوەیە: بۆچی کۆنترۆڵکردنی شاری حەلەب لەلایەن ئۆپۆزسیۆنی سوریاوە ڕووداوێکی نائاساییە و گرنگی ستراتیژیی "پایتەختی ئابووری" سوریا چییە، وا هەموان چاویان تێبڕیوە؟ گرنگی ستراتیژی شاری حەلەب شاری حەلەب لەڕووی چڕی دانیشتوانەوە گەورەترین شاری سوریایە و یەکێکە لە کۆنترین شارە نیشتەجێکراوەکانی مێژوو، لە شوێنێکی ستراتیژی یەکلاکەرەوە و گرنگییەکی مێژوویی و سیاسی و ئابووریدا هەڵکەوتووە، ئەمەش وایکردووە ببێتە جێگەی ململانێی نێوان لایەنە ناکۆکەکان لە ساڵی 2011 ەوە، گومانی تێدا نییە کە کۆنترۆڵکردنی ئۆپۆزسیۆنی سوریا بۆ سەر شارەکە لە 29ی تشرینی دووەمی 2024 نوێنەرایەتی خاڵی وەرچەرخانێکی گەورە دەکات لە شەڕی سوریا و نوێنەرایەتی گۆڕانکارییەکی ستراتیژی گەورە دەکات لە شەڕەکەدا، هەروەها تایبەتمەندییەکانی ململانێکان و هاوکێشەکان دەگۆڕێت لە ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیدا بۆ لایەنە ململانێکارەکانی(ڕژێمی سوریا، ئوپۆزسیۆنی سوریا و هەسەدەو وڵاتانی هەرێمی و نێودەوڵەتی). شاری حەلەب، شوێنی جوگرافی و گرنگی ستراتیژی شوێن و ڕووبەر: ڕووبەری پارێزگای حەلەب بۆ (18.5 هەزار) کیلۆمەتر چوارگۆشە درێژ دەبێتەوە، لە کاتێکدا ڕووبەری شاری حەلەب (190) کیلۆمەتر چوارگۆشەیە بە زەوییە هەمەچەشنەکانی کە دەشت و گرد و زەوییە بەپیتەکان ناسراوە، چونکە دەکەوێتە یەکتربڕینی نێوان فورات و دەریای ناوەڕاست. دەروازەی باکوری سوریا: حەلەب دەکەوێتە نزیک سنووری تورکیا، ئەمەش وایکردووە ببێتە پردی نێوان ناوخۆی سوریا و دەرەوەی سوریادا. بایەخی ستراتیجی حەلەب بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە خاڵێکی سەرەکی پەیوەندی نێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوایە و بە درێژایی سەردەمە کۆنەکانیش بە هۆی نێوەندگیری نێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا وەک ناوەندێکی گرنگی سیاسی، ئابووری، ئایینی و ژیانی و ژیاری بووە. تۆڕی گواستنەوە: حەلەب ناوچەکانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای سوریا بەیەکەوە دەبەستێتەوە، بەمەش دەبێتە ناوەندێکی گرنگی لۆجستی. کۆنتڕۆڵی هەر لایەنێک بەسەریدا بە واتای کۆنتڕۆڵکردنی ڕێڕەوی بازرگانی و هێڵەکانی دابینکردن لە باکووری وڵاتەوە بۆ باشوور، تا دیمەشق. سەنگی دیمۆگرافی و مێژوویی: بەهۆی چڕی دانیشتوان و مێژووی دێرینی، حەلەب نوێنەرایەتی ناوەندێکی شارستانی و ڕۆشنبیری دەکات، کە بەهایەکی ڕەمزی گەورەی هەیە، هەروەها ژمارەی دانیشتوانی و قەرەباڵغترین پارێزگایە لە سوریا و زیاتر لە ٤ ملیۆن کەسی تێدا دەژیا، بەگوێرەی ناوەندی ئاماری سوریا بۆ لە ساڵی 2011. ئابووری: حەلەب گەورەترین ناوەندی ئابووری وڵات بووە پێش ئەوەی لە ساڵانی ڕابردوودا بەشێکی بەهۆی شەڕەوە لەناوبچێت. پێش جەنگ یەکەم شاری گەشتیاری وڵاتەکەبوو، حەلەب نزیکەی یەک لەسەر سێی ئابووری ناوخۆیی پێکدەهێنا، لەکاتێکدا نزیکەی (23%)ی هێزی کاری وڵاتەکەی پێکدەهێنا، شارەکە نزیکەی (48%)ی بەرهەمی گەنم و جۆی بەرهەمدەهێنا و (30%)ی پیشەسازییەکانی سوریاش لەوێ چڕبووبوونەوە. بایەخی سەربازی و سیاسی شاری حەلەب حەلەب لە سەرەتای شەڕەوە بنکەیەکی گرنگ بووە بۆ هێزەکانی ڕژێمی سوریا. کۆنتڕۆڵکردنی یارمەتی بەهێزکردنی پێگە سەربازییەکانی و ئاسایشی ناوچەکانی دەوروبەری دەدات. گومانی تێدا نییە کە لەدەستدانی حەلەب پاشەکشەیەکی گەورەیە بۆ ڕژێمی سوریا، بەو پێیەی بە مانای لەدەستدانی کۆنترۆڵ بەسەر تەواوی باکووری ڕۆژئاوادا دێت. کاتێک لە مانگی ئازاری ساڵی ٢٠١١ لە سەرانسەری سوریا خۆپیشاندانەکان سەریان هەڵدا، سوپای سوریا هەموو هەوڵێکی خۆیدا بۆ ئەوەی دڵنیابێت لەوەی ناڕەزایەتییەکان بۆ حەلەب درێژنەبنەوە. بەڵام لەگەڵ پەرەسەندنی شۆڕش بۆ ململانێی چەکداری، حەلەب بە خێرایی ڕاکێشرا بۆ شەڕ لە مانگی شوباتی ساڵی ٢٠١٢دا، شارەکە بەهۆی دوو هێرشی بۆمبڕێژکراو بۆ سەر دەزگای هەواڵگری سەربازی و بارەگای پۆلیس هەژێندرا و ٢٨ کەس کوژران. دوای ئەوە، ڕاپۆرت و هەواڵە ڕۆژنامەوانییەکان دەستیان کرد بە قسەکردن لەسەر پێکدادانەکانی نێوان ئۆپۆزسیۆنە چەکدارەکان و هێزەکانی ڕژێمی سوریا، شەڕی کۆنترۆڵکردنی شاری حەلەب لە ناوەڕاستی مانگی تەمموزی ٢٠١٢ دەستیپێکرد، ئۆپۆزسیۆن دەستکەوتی خێرای بەدەستهێنا، بەو پێیەی زۆرێک لە ناوچەکانی باکووری ڕۆژهەڵات، باشووری کۆنترۆڵکرد، و ڕۆژئاوای شاری حەلەب، و تا کۆتایی مانگەکە شەڕەکە توندتر بوو و تەشەنەی کرد بۆ ناوەندی مێژوویی شارەکە، کە "قەڵا" مێژووییەکەیەتی و لە سەدەی ١٣دا دروستکراوە. لە کۆتایی ساڵی 2013 تا ساڵی 2016 هێزەکانی ڕژیم هەڵمەتێکی ئاسمانی کوشندەیان لە شاری حەلەب بە کەڵک وەرگرتن لە بەرمیلی تەقینەوە دەستپێکرد، ئەمەش بە پاڵپشتی فڕۆکەوانی ڕوسیا ڕێگەی پێدا چەند دەستکەوتێک بەدەستبهێنن. دواتر حەلەب بۆ ڕژێم بوو بە هێمای کۆنترۆڵکردنەوەی دوای شەڕەکانی 2016-2017. ئێستا لەدەستدانی ئەو شارەلاوازی ڕژێمی سوریا لە پاراستنی دەستکەوتە سەربازییەکانیدا نیشان دەداو ڕەنگە شەرعیەتی ئەسەد لە چاوی لایەنگران و پشتیوانە نێودەوڵەتییەکانیدا لاواز بکات. زلهێزە نێودەوڵەتی و ناوچەییەکان بۆ لایەنگرانی ئۆپۆزسیۆن (وەک تورکیا)، کۆنترۆڵکردنی حەلەب ئامانجە ستراتیژییەکانیان کە کەمکردنەوەی کاریگەریی سوپای سوریا و هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکەدا دەگەیەنێت. ڕەنگە تورکیا سەرکەوتنی ئۆپۆزسیۆن وەک دەرفەتێک بۆ فراوانکردنی نفوزی خۆی و سنووردارکردنی دەستێوەردانەکانی ڕوسیا و ئێران و ناچارکردنی ڕژێمی ئەسەد بۆ ڕێککەوتن بگەیەنێت، بەمەش کێشەی پەنابەرانی سووریا لەو وڵاتە و لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆی لە باکووری سووریا چارەسەر بکات. سەبارەت بە ڕووسیا و ئێرانیش، لەدەستدانی ئەو شارە میحوەرەکەیان کە پشتیوانی ڕژیم دەکەن لاواز دەکات و توانای مانۆڕکردنیان کەم دەکاتەوە. حەلەب لە ڕووی سەربازییەوە بۆ ئێران گرنگییەکی زۆری هەبوو، ئەمەش لە ساڵانی پێش 2020دا ڕەنگدانەوەی زۆرتری هەبوو. سەچاوەکان -    معهد للحوار، الأهمية العسكرية والسياسة لمدينة حلب؟، 1/12/2024؛ https://shorturl.at/Kenpd -    العالم الجديد، أحداث سوريا.. هل تقرب العراق من سيناريو 2014؟، 1/12/2024؛ https://shorturl.at/eHono  


(درەو): (بەخودای گەورە سوێنددەخۆم، كە بەرژەوەندی گەلی كوردستان و یەكێتی گەل و شكۆو ماف و ئازادییەكانی هاوڵاتیان و سامانی گشتیی بپارێزم و ئەركی ئەندامیەتیی بەڕاستیی و دڵسۆزییەوە جێبەجێ بكەم) سبەینێ كاندیدە هەڵبژێردراوەكانی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان كە ژمارەیان (100) كەسە، ئەم سوێندە دەخۆن و ئیتر لەدوای سوێندەكەوە دەبن بە ئەندامی پەرلەمان و هەموو ئەرك و مافێكی ئەندامێتییان دەكەوێتەسەر هەر پەرلەمانتارێك (8) ملیۆن و (3) پاسەوان و خانوو یان شوقەیەك وەردەگرێت. بەگوێرەی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، ئەگەر كاندیدێكی هەڵبژێردراو (بەبێ پاساوی رەوا) لەماوەی دانیشتنی یەكەمەوە تاوەكو 30 رۆژ ئەم سوێندە نەخوات، ئەوا ئیتر مافی سوێندخواردنی نامێنێت، واتا نابێت بە پەرلەمانتار. مافەكانی پەرلەمنتاری كوردستان •    دوای تەواوبوونی خۆی پەرلەمان بۆی هەیە بگەڕێتەوە بۆ وەزیفەو سەرپشكە لەوەی موچەی خانەنشینی پەرلەمان یاخود موچەكەی تری وەربگرێت، بەپێی یاسای چاكسازی دەتوانێت موچەی خانەنشینی پەرلەمان رەتبكاتەوەو وەرینەگرێت. •    ماوەی ئەندامێتییەكەی (4 ساڵی پەرلەمانتاربوون) بۆ مەبەستی سەرەموچەو پلەبەرزكردنەوە (ترقیە)و خانەنشینیی هەژمار دەكرێت. •    لە هەر وەرزێكی یاساداناندا مافی 15 رۆژ مۆڵەتی هەیە، بەسەریەكەوە بێت یاخود پچڕ پچڕ. •    پەرلەمانتار دەتوانێت مۆڵەتی نەخۆشیی بەپێی رێكارەكان وەربگرێت. •    پەرلەمانتار ئەگەر لەكاتی پەرلەمانتاریدا كۆچی دوایی بكات، موچەی خانەنشینیی بۆ میراتگرەكانی تەرخان دەكرێت. •    فراكسیۆن یاخود ئەندام ئەگەر لەبەر هەڵوێستێكك بایكۆتی دانیشتنی پەرلەمان بكات، بەئامادەنەبوو هەژمار ناكرێن. •    هەریەكە لە دەستەی سەرۆكایەتیی و ئەندامانی پەرلەمان موچەو دەرماڵەی مانگانە وەردەگرن. موچەی دەستەی سەرۆكایەتیی و پەرلەمانتاران •    (100) پەرلەمانتار لە سبەینێوە موچە وەردەگرن. •    موچەی پەرلەمانتارێك (8 ملیۆن و 83 هەزار ) دینارە •    موچەی (100) پەرلەمانتار دەكاتە (808 ملیۆن) دیناری مانگانە. •    هەر پەرلەمانتارێك شوقەیەك لە پاك سیتی یان خانوویەك لە گوندی ئیتالی یەك وەردەگرێت بۆ چوار ساڵی پەرلەمانتاری. •    هەرپەرلەمانتارێك سایەقێك و دوو پاسەوانی بۆ دابین دەكرێت. ئەركەكانی پەرلەمانتار •    ئامادەبوون لە دانیشتنەكانی پەرلەمان، ئەگەر بەبێ هۆیەكی رەوا ئامادەی دانیشتنەكان نەبوو، سەرۆكی پەرلەمان بە نوسین سەرەنجی رادەكێشێ، ئەگەر ئامادەنەبوونی دووبارەبووەوە 5%ی موچەكەی لە هەر دانیشتنێك كە ئامادە نەبێ دەبڕێت، سەرباری پارە بڕین ئەگەر سێ دانیشتنی یەك لەدوای یەك یاخود 5 دانیشتنی پچڕ پچڕ ئامادە نەبێت، ئامادەنەبوونەكەی لە سایتی پەرلەمان بۆ بڵاودەكرێتەوە، خۆ ئەگەر ئامادەنەبوون هەر بەردەوام بێ، سەرۆكی پەرلەمان بابەتەكە بخاتە بەردەم پەرلەمان و پەرلەمان متمانە لەو ئەندامە وەربگرێتەوە. •    لە رۆژی سوێندخواردنەوە وەكو پەرلەمانتار، ئەندام بە دەستلەكاركێشاوە لە كارەكەی پێشووی دادەنرێت و پێویستە پەیوەندی بە كاری پێشووی خۆیەوە ببڕێت و خۆی بۆ پەرلەمانتاری تەرخان بكات. •    پەرلەمانتار لەماوەی كارەكەیدا نابێت خۆی یان لەرێگەی كەسانی ترەوە گرێبەست لەگەڵ پەرلەمان یاخود حكومەت بكات، نابێ سیفەتی ئەندامێتیی پەرلەمان بقۆزێتەوە بۆ كاری بازرگانیی و دارایی. •    نابێت پەرلەمانتار دەست لە كاروبارەكانی هەریەك لە دەسەڵاتەكانی (دادوەریی) و (جێبەجێكردن) وەربدات، تەنها لە چوارچێوەی پسپۆڕیەتی یاسادانان و چاودێریی نەبێت. •    نابێت پەرلەمانتار كۆكردنەوە بكات لەنێوان ئەندامێتیی پەرلەمان و ئەندامێتیی ئەنجومەنێكی دیكە لە ئەنجومەنی هەڵبژێردراوەكان. •    ئەگەر پەرلەمانتار پۆستی وزاری وەرگرت، بە دەستلەكاركێشاوە لە ئەندامێتیی پەرلەمان هەژمار دەكرێت. پەرلەمانتارو پارێزبەندیی جگە لەو مافانەی كە دوای سوێندخواردن وەریدەگرێت، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بەگوێرەی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان (پارێزبەندیی) وەردەگرێت. پارێزبەندیی بەمشێوەیە: •    لەرۆژی سوێندخواردنەوە، پەرلەمانتار پارێزبەندیی پەرلەمانیی دەبێت و ناتوانێ بەبێ مۆڵەتی پەرلەمان تەنازولی لێ بكات. •    پەرلەمانتار ئازادی ئاخاوتن و رادەربڕینی تەواوی هەیە لەكاتی ئەنجامدانی كاری پەرلەمانیدا، بەڵام دەبێت رەچاوی رێزگرتن لە دامەزراوە دەستورییەكانی هەرێم بكات. •    بەبێ مۆڵەتی پێشوەختەی پەرلەمان، پەرلەمانتار راوەدوو (ملاحقە)و لێكۆڵینەوەی لەگەڵ ناكرێت، نابێ ماڵ و نوسینگەكەی پشكنینی بۆ بكرێت یاخود دەستگیر بكرێت، تەنیا لەو حاڵەتەدا نەبێت كە تاوانێكی بینراوی ئەنجام دابێت. •    هەڵگرتنی پارێزبەندیی لەسەر پەرلەمانتار بە دەنگی زۆرینەی ئامادەبووانی دانیشتنی پەرلەمان دەبێت.  


مەریوان وریا قانع تایبەت بە (درەو) ناوچەکە بە قۆناغێکی مێژووی هێجگار سەخت و پر لە کارەسات و ئەگەری کارەساتی گەورەتردا، تێدەپەڕێت. سەیری هەر بەشێکی دەکەیت، چەندان هێزی ناشیرین و ترسناک و خوێناوی، هێزی دژ بە مرۆڤ و دژ بە ژیان، دەبینین. شتێک بەناوی هێزی بەرگریکەر لە مرۆڤ و لە ماف و لە ژیان نادۆزینەوە. ئەوانەی کە هەن و کاەردەکەن، باس لە بەرگریکردن لە دین و لە خودا و لە خاک، باس لە بەرگریی لە ئیمان و لە موقەدەسات دەکەن. «ھیئە تحریر الشام» لەماوی ٤ رۆژی رابردوودا نزیکەی ٢ ھەزار کیلۆمەتر دووجای خاکی سوریای کۆنترۆڵ کردوە و لە ئەستاشدا هیچ ئاماژەیەک لە ئارادانییە، نیشانیبدات لە چ لە خاڵێکدا دەکشێت دۆخەکە هێمنبکرێتەوە و ئەم شەپۆلە تازەیە لە پەلاماردان، بوەستێنرێت. هەموو ئەمانە لەناوچەیەکدا پڕ لە پیلان و ململانێی جیۆپۆلیتیکی سەخت و ملشکێن کە چەندان گەمەکەری گەورە لەناویدا چالاکانە کاردەکەن، لەوانەش تورکیا و ئێران و ئیسرائیل، ئینجا روسیا و ئەمریکا. ئەوەی کۆی ئەو ململانێیانە ئاراستەدەکات هەیمەنە و دەستگرتنە بەسەر کۆی ناوچەکە و سەپاندنی ئیملای سیاسییە بەسەر ئەو لایەنایەدا کە لەم ململانەیەدا دەدۆڕێن. ئەوەیشی لێرەدا ژێر پێنراوە چەمکی «سەروەریی» ە کە چەمکی ژمارەیەک و سەرەکیی رێکخستنی پەیوەندیی نێوان دەوڵەتەکانە. بە بەرچاوی هەموو جیهانەوە سوپایەکی دینیی سەلەفی جیهادی پڕ لە ڕق و تەماحی دینیی، بە پاڵپشتی ئیخوانییەکی وەک ئەردۆگان، پەلاماری حەڵەب و ئیدلیب و حەما و ناوچەکانی تری سوریا ئەدات. ئەوەی ئەم هەزە بیەوێت دەیکوژێت و ئەوەی بخوازێت، دەیڕوخێنێت. کەسانێکی زۆری بێتاوانیش هەن ئەم هێزە سەلەفییە جیهادییە بیەوێت بیانکوژێت و زۆرشتیش هەیە بیەوێت بیروخێنێت. لە ئاسمانیشەوە پەلاماری فرۆکەکان دەبینین کە بەدوای خۆیاندا خوێنێکی زیاتر و زیاتر دەرێژن. شەپۆلی تازەی هەڵاتن و ڕاکردن و بێماڵکەوتنیش، خێمەی زیاتر و کەمپی پەناهەندەی هەڵاتوانی تریش، دێتەپێشەوە.   یەکێک لە پرسیارەکان ئەوەیە ئایا، بۆ نموونە، شارێکی وەک حەڵەب کە نزیکەی ٤ ملیۆن مرۆڤی تێدادەژیی چی لێدێت؟ چۆن بەڕێوەدەبرێت؟ پێداویستییە ئینسانییە ھەرە سەرەتاییەکانی ناوی چۆن دابیندەکرێت؟ چۆن لانی هەرەکەمی ئاشتیی و ئارامیی لەناویدا دەپارێزرێت، چۆن سیستمی تەندروستیی و خوێندن و فێربوون لەناویدا کاردەت، چی لە ئابوریی شارەکە دەکرێت؟ وەڵامدانەی پۆزەتیڤی هەموو ئەم پرسیارانە پێویستیان بە دەوڵەت ھەیە بۆ دابینکردنی لانی هەرە کەم و هەرە سادەیان. دەوڵەت، وەک غائیبێکی گەورەی ناو دۆخەکە. ئەو هێزەی ئێستا حەڵەب و شوێنەکانی تری کەوتۆتە ژێردەست «ھیئە تحریر الشام»ە، کە ھێزێکی سەلەفی جیھادییە و هەمان دیدگای ئەلقاعیدە و داعشی بۆ کۆمەڵگا و مرۆڤ و دین و حوکمڕانیی هەیە. هێزێکی بێڕادە توندوتیژ و داخراو، دژ بە هەر کەس و دید و روانینێک لە خۆی نەچێت، لەناوبردنی هەرشتێکیش ئەو چەند کەسەی ئەو هێزە، بەڕێوەدەبەن. ئەو هێزانەیش کە لەناو «ھیئە تحریر الشام»دا کۆبوونەتەوە،  بریتین لە «جەبھەی نوسرە» و «جەبھەی ئەنساری دین» و «جەیشی سونە» و «لیوای حەق» و ھتد… هەر بە ناوەکانیاندا دیارە ئێمە لە بەردەم چ جۆرە هێزێک و چ ئەگەرێکی گەورەی بەربەریەتی دینیی و چ دیدگایەکی سیاسیی داخراو و روانینێکی فەرهەنگی وێرانکەرداین. وەک ووتم ئەم هێزانە لە رووی دینیی و ئایدیۆلۆژییەوە ھەڵگری ھەمان دیدگا و ئایدیۆلۆژیای رێکخراوی ئەل قاعیدە و داعشن. دەیانەوێت سوریا و هەر شوێنێکی تر بکەوێتە ژێردەستیان، بگۆرن بۆ «ئیمارەتێکی ئیسلامی» لە سەر مۆدێلی داعش و تاڵەبان. ئەوەی لەمەیشدا غائیبی ژمارە یەکە، بیرۆکەی دەوڵەت و ھاوڵاتیی و پێکەوەژیان و رێزگرتنی جیاوازیی و گرێبەستی کۆمەڵایەتییە، کە هەم مرۆڤەکان وەک مرۆڤی یەکسانی خاوەن ماف و هەم ژیان خۆیشی وەک پێدراوێکی پیرۆز، مامەڵەبکات. ئەوەی لەپاڵ هێزێکی وەک «ھیئە تحریر الشام»دا بە شێوەیەکی بەرفروان و هەمەلایەن ئامادەیە، رقی دینییە. ڕقێکی دینیی کە ئامادەیە تا ئاستی خنکاندنی هەمووشتێک بڕوات کە ئەو دیدگا دینییە وەک نەشیاو و قبووڵنەکراو بیبینێت. ڕقی دینیی تەنھا هەر ڕق نییە بە تەنھا، ھەستێک نییە لە ساتەوەختێکی تایبەتدا وەک دەرەنجامی بەریەکەوتنێکی کاتی لەگەڵ نادین، یان دژە دیندا، دروستببێت. رقی دینیی بەشێکی گەورەی مێژووی ڕقە لە جیهاندا، زۆر زیاترە لەوەی تەنها بەرھەمی ئەو دۆخە کاتیی و سادەیە بێت، کە بکەرە دینییەکان لەناویدا، ئامادەن. رقی دینیی ڕقێکی دەزگایی ڕێکخراو و بە سیستامتیک کراوە، لەناو کتێب و مەزهەب و کەلەپوری دێرینی ئەم یان ئەو خوێندەوار و فیرقە و تائیفەی دینییەوە دێت ولە ئەستاشدا چەندەها دەزگا و پارت و ماشێنی میدیایی درێژەی پێئەدات و بەهێزی دەکات. رقی دینیی بەشێکە لە چۆنیەتی ئیشکردنی رێکخراوی ستەمگەرانی بواری دین لە کۆمەڵگادا. رق لەم دۆخانەدا وەک گوتارێکی ھاوشان بە دینداریی و وەک بەشێکی ناوەکیی و دانەبڕاویش لە خودی دینداریی خۆی، کاردەکات. سیاسەتی ڕق بەشێکی دانەبڕاوە لەو جۆرە لە دینداریی کە لەلایەن ئەم بەشە ھەرە داخراو و ھەرە سەلەفیی و ھەرە ترسناکەوە، هەڵگیراوە. شوناسی ئەوانەیش کە ڕقە دینییەکەیان ڕووبەڕوو دەکرێتەوە، ئەوانەی وەک دوژمنی دینەکە سەیردەکرێن، شوناسێکی سنووردار و کۆنکریت و دەستنیشانکراو نییە، بەڵکو شوناسێکی کراوەیە بۆ هەموو ئەوانەی ئەو رقە دینییەیان ئاراستەدەکرێت و بەردەکەوێت. لە پەیوەندیدا بە کوردانی رۆژئاواوە رقی «ھیئە تحریر الشام» هەم رقێکی دینیی و ئایدیۆلۆژییە، هەم رقێکی ناسیۆنالیستییە، هەم رقێکی جیۆپۆلەتیکی. هەموومان دەزانین ئەوانەی «ھیئە تحریر الشام» هاریکاریی دەکەن و دەجوڵێنن و ئاراستەدەکەن، دەوڵەتی تورکیایە. دەوڵەتێکی کە لە ئێستادا شوێنی کۆبوونەوەی رقى ناسیۆنالیستیی و رقى دینییە لە هەرشتێک پەیوەندی بە کورد و کوردبوونەوە هەبێت. وەکچۆن بەرجەستەکەری رقێکی جیۆپۆلیتیکییە کە لەسەرێکەوە پەیوەندیی بە مەسەلەی کوردەوە هەیە، لەسەرێکی دیکەوە بە بوونی زیاد لە گەمەکەرێکی ئیقلیمی بەهێزی تر.    


(درەو): "16 دۆلارەكە رێككەوتنی سەرەتاییە، هەرێمی كوردستان بۆ بەرهەمهێنانی هەر بەرمیلێك داوای 22 دۆلاری دەكرد" نوێنەری وەزارەتی نەوتی عێراق ئەمڕۆ بۆ ئەوەی پەرلەمانتاران هێوربكاتەوە بەمشێوەیە قسەی كرد.  لەبارەی هەمواری ماددەی 12ی یاسای بودجەی گشتیی كە تایبەتە لە نرخی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان، لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق میوانداری (باسم محەمەد خزەیر) بریكاری وەزارەتی نەوت بۆ كاروباری دەرهێنانی نەوت و (سلام حەمدان داغر) بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی یاسایی و (عەلا یاسری) بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی ئابوریی و (خزەیر عەباس) بەڕێوەبەری گشتی كۆمپانیای بەبازاڕخستنی نەوتی عێراق (سۆمۆ)ی كرد. نەرمین مەعروف ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، لیژنەی دارایی سەرقاڵی ئامادەكردنی راپۆرتی خۆیەتی تایبەت بە هەمواری بودجە، لەچوارچێوەی راپۆرتەكەدا پێویستە وەزارەتی پەیوەندیدار كە وەزارەتی نەوتی فیدراڵە زانیاری تەواو بخاتەڕوو سەبارەت بە چۆنیەتی رێككەوتن لەنێوان هەرێم و بەغداد لەسەر هەمواری یاسای بودجە هەروەها ئەو بڕەی پارەی كە دیاریكراوە لەگەڵ ئەو كۆمپانیایەی كە لە داهاتوودا دەستنیشان دەكرێت بۆ ئەوەی خەمڵاندن بكات بۆ تێچووی نەوتی هەرێمی كوردستان. "بۆ ئەوەی لە رۆژانی داهاتوودا راپۆرتی خۆی پێشكەشی ئەنجومەنی نوێنەران بكات، لیژنەی دارایی پێویستی بە هەموو وردەكارییەكان هەیە كە لە ناوەڕۆكی دەقی هەمواری یاسای بودجەدا هەن، ئەمە بۆ ئەوەیە دوای خوێندنەوەی دووەم هەموارەكە ئامادەبێت بۆ دەنگدان" نەرمین مەعروف وا دەڵێ:  لە كۆبوونەوەكەدا مشتومڕ دروستبوو لەبارەی ئەو 16 دۆلارەی كە لە هەمواری یاسای بودجەدا وەكو تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی هەر بەرمیلێك نەوتی كوردستان دیاریكراوە، تا ئەوكاتەی كۆمپانیایەكی بیانی خەمڵاندن بۆ تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت دەكات لە هەر كێڵگەیەك. بەقسەی نەرمین مەعروف، لە كۆبوونەوەكەدا نوێنەری وەزارەتی نەوتی عێراق باسی لەوەكردووە، لەماوەی رابردوودا لە ئەنجامی دانوستانەكانی نێوان هەرێم و بەغداد گەیشتونەتە ئەم رێككەوتنە سەرەتاییە، بەتایبەتی بابەتی بابەتی دیاریكردنی بڕی 16 دۆلار بۆ بەرهەمهێنان و گواستنەوەی هەر بەرمیلێك نەوتی كوردستان، هەرێمی كوردستان دوای 22 دۆلاری كردووە بۆ بەرهەمهێنانی یەك بەرمیل نەوت. هەمواری مادەی 12/دووەم/ ج لە یاسای بودجەی سێ ساڵەی فیدڕاڵی، تایبەتە بە تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوتی هەرێم، تێیدا لەبری (6 دۆلار)، بۆ بەرهەمهێنان و گواستنەوەی هەر بەرمیلێك لە نەوتی هەرێم بڕی (16 دۆلار) دیاریكراوە، ئەمە تا ئەوكاتەی لەماوەی 60 رۆژدا کۆمپانیایەکی پسپۆری نێودەوڵەتی؛ خەمڵاندنێکی راستەقینەو دادپەروەرانە دەکات بۆ تێچووی بەرهەمهێنان لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێم و لەسەر ئەم بنەمایە نرخێكی نوێ دەچەسپێندرێت.  ئەم هەموارە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵەوە پەسەندكراوەو رەوانەی پەرلەمان كراوە، رۆژی 26ی ئەم مانگە پەرلەمان خوێندنەوەی یەكەمی بۆ هەموارەكە كرد، بڕیارە رۆژی پێنج شەممەی ئەم هەفتەیە خوێندنەوەی دووەمی بۆ بكرێت. لەدوای راوەستانی هەناردەی نەوتی هەرێم لە 25ی ئازاری 2023وە، یەكێك لە ناكۆكییە سەرەكییەكانی نێوان هەولێرو بەغداد بریتی بوو لە نرخی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت، كە لە یاسای بودجەی عێراقدا بڕی 6 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك دیاری كرابوو، حكومەتی هەرێم و كۆمپانیا بیانییەكان بەم نرخە قایل نەبوون.  لەسەر بنەمای ئەم رێككەوتنەو هەمواری یاسای بودجە، وەكو كەمال محەمەد وەزیری سامانە سروشتییەكانی هەرێم بە وەكالەت دەڵێ، پێشبینی دەكرێت لەسەرەتای ساڵی ئایندەوە هەناردەی نەوتی هەرێم بە بۆری بۆ بەندەری جەیهانی توركیا دەستپێبكاتەوە.


راپۆرتی: درەو 🔻 پاڵپشت بە داتاکانی وەزارەتی نەوتی عێراق و کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) لە (10) مانگی یەکەمی 2024؛ 🔹 هەناردەی نەوتی بەسرە گەیشتووە بە نزیکەی (ملیارێک و 25 هەزار) بەرمیل نەوت و زیاتر لە (80 ملیار و 426 ملیۆن) دۆلار داهاتەکەی بووە. 🔹 لە کێڵگە نەوتییەکانی کەرکوک سەرو (6 ملیۆن و 431 هەزار) بەرمیل نەوت هەناردەی کێڵگەی نەوتی گەیارەو نزیکەی (3 ملیۆن و 24 هەزار) بەرمیل هەناردەی ئوردن کراوە، داهاتەکەشیان پتر لە (633 ملیۆن و 812 هەزار) دۆلار بووە. 🔹 بەگشتی لە (10) مانگی یەکەمی ئەمساڵ عێراق، زیاتر لە (ملیارێک و 34 ملیۆن و 399 هەزار) بەرمیل نەوتی بە بەهای نزیک لە (81 ملیار و 60 ملیۆن) دۆلار و بە تێکرای ڕۆژانەی (3 ملیۆن و 391 هەزار و 619) بەرمیل نەوتی هەناردە کردووە، بە تێکڕا هەر بەرمیلێک نەوتی بە پتر لە (78) دۆلار فرۆشتووە. هەناردەو داهاتی نەوتی عێراق لە (10) مانگی یەکەمی 2024 پاڵپشت بە داتاکانی وەزارەتی نەوتی عێراق و بەڵگەنامەکانی کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ)، لە  (10) مانگی یەکەمی 2024؛ هەناردەی نەوتی بەسرە (ملیارێک و 24 ملیۆن و 944 هەزار و 24) بەرمیل بووە، کۆی داهاتەکەی بریتی بووە لە (80 ملیار و 426 ملیۆن و 97 هەزار و 253) دۆلار. هاوکات لە کێڵگەی نەوتی کەرکوک هیچ نەوتێک هەناردەی بەندەری جەیهانی تورکی نەکراوە بەڵام (6 ملیۆن و 431 هەزار و 729) بەرمیل نەوت هەناردەی کێڵگەی گەیارەو (3 ملیۆن و 23 هەزار و 797) بەرمیل نەوتیش لە ڕێگەی تانکەرەوە هەناردەی ئوردن کراوە. کۆی داهاتەکەیان بریتی بووە لە (633 ملیۆن و 812 هەزار و 178) دۆلار. کەواتە بە کۆی گشتی عێراق لە (10) مانگی یەکەمی ئەمساڵدا بڕی (ملیارێک و 34 ملیۆن و 399 هەزار و 732) بەرمیل نەوتی بە تێکڕای ڕۆژانەی (3 ملیۆن و 391 هەزار و 619) بەرمیل نەوت هەناردە کردووەو بە تێکڕا هەر بەرمیلێکی بە (78 دۆلار و 35 سەنت) فرۆشتووە و کۆی داهاتەکەی بریتی بووە لە (81 ملیار و 59 ملیۆن و 919 هەزار و 431) دۆلار. ئەگەر داتاکان وردتر بکەینەوە بە پێی هەر مانگەکانی ئەمساڵ، ئەوا؛ 1.    مانگی کانونی دووەمی 2024 هەناردەی نەوتی بەسرە (102 ملیۆن و 25 هەزار) بەرمیل بووە، کۆی داهاتەکەی بریتی بووە لە (7 ملیار و 939 ملیۆن و 748 هەزار و 209) دۆلار. هاوکات لە کێڵگەی نەوتی کەرکوک هیچ نەوتێک هەناردەی بەندەری جەیهانی تورکی نەکراوە بەڵام (ملیۆنێک و 19 هەزار و 132) بەرمیل نەوت هەناردەی کێڵگەی گەیارەو (464 هەزار و 306) بەرمیل نەوتیش لە ڕێگەی تانکەرەوە هەناردەی ئوردن کراوە. کۆی داهاتەکەیان بریتی بووە لە (95 ملیۆن و 660 هەزار و 433) دۆلار. کەواتە بە کۆی گشتی عێراق لە مانگی کانونی دووەمی ئەمساڵدا بڕی (103 ملیۆن و 508 هەزار و 438) بەرمیل نەوتی بە تێکڕای ڕۆژانەی (3 ملیۆن و 338 هەزار و 982) بەرمیل نەوتی هەناردە کردووەو بە تێکڕا هەر بەرمیلێکی بە (77 دۆلار و 63 سەنت) فرۆشتووە و کۆی داهاتەکەی بریتی بووە لە (8 ملیار و 35 ملیۆن و 408 هەزار و 642) دۆلار. 2.    مانگی شوباتی 2024 هەناردەی نەوتی بەسرە (98 ملیۆن و 183 هەزار و 554) بەرمیل بووە، کۆی داهاتەکەی بریتی بووە لە (7 ملیار و 658 ملیۆن و 921 هەزار و 35) دۆلار. هاوکات لە کێڵگەی نەوتی کەرکوک هیچ نەوتێک هەناردەی بەندەری جەیهانی تورکی نەکراوە، بەڵام (975 هەزار و 631) بەرمیل نەوت هەناردەی کێڵگەی گەیارەو (433 هەزار و 126) بەرمیل نەوتیش لە ڕێگەی تانکەرەوە هەناردەی ئوردن کراوە. کۆی داهاتەکەیان بریتی بووە لە (91 ملیۆن و 363 هەزار و 742) دۆلار. کەواتە بە کۆی گشتی عێراق لە مانگی شوباتی (2024)دا بڕی (99 ملیۆن و 592 هەزار و 311) بەرمیل نەوتی بە تێکڕای ڕۆژانەی (3 ملیۆن و 434 هەزار و 218) بەرمیل نەوتی هەناردە کردووەو بە تێکڕا هەر بەرمیلێکی بە (77 دۆلار و 82 سەنت) فرۆشتووە و کۆی داهاتەکەی بریتی بووە لە (7 ملیار و 750 ملیۆن و 284 هەزار و 797) دۆلار. 3.    مانگی ئازاری 2024 هەناردەی نەوتی بەسرە (104 ملیۆن و 680 هەزار و 93) بەرمیل بووە، کۆی داهاتەکەی بریتی بووە لە (8 ملیار و 510 ملیۆن و 793 هەزار و 517) دۆلار. هاوکات لە کێڵگەی نەوتی کەرکوک هیچ نەوتێک هەناردەی بەندەری جەیهانی تورکی نەکراوە بەڵام (967 هەزار و 492) بەرمیل نەوت هەناردەی کێڵگەی گەیارەو (464 هەزار و 453) بەرمیل نەوتیش لە ڕێگەی تانکەرەوە هەناردەی ئوردن کراوە. کۆی داهاتەکەیان بریتی بووە لە (95 ملیۆن و 328 هەزار و 808) دۆلار. کەواتە بە کۆی گشتی عێراق لە مانگی ئازاری ئەمساڵدا بڕی (106 ملیۆن و 112 هەزار و 38) بەرمیل نەوتی بە تێکڕای ڕۆژانەی (3 ملیۆن و 422 هەزار و 969) بەرمیل نەوتی هەناردە کردووەو بە تێکڕا هەر بەرمیلێکی بە (81 دۆلار و 10 سەنت) فرۆشتووە و کۆی داهاتەکەی بریتی بووە لە (8 ملیار و 606 ملیۆن و 122 هەزار و 325) دۆلار. 4.    مانگی نیسانی 2024 هەناردەی نەوتی بەسرە (100 ملیۆن و 921 هەزار و 250) بەرمیل بووە، کۆی داهاتەکەی بریتی بووە لە (8 ملیار و 561 ملیۆن و 304 هەزار و 594) دۆلار. هاوکات لە کێڵگەی نەوتی کەرکوک هیچ نەوتێک هەناردەی بەندەری جەیهانی تورکی نەکراوە بەڵام (ملیۆنێک و 16 هەزار و 962) بەرمیل نەوت هەناردەی کێڵگەی گەیارەو (448 هەزار و 606) بەرمیل نەوتیش لە ڕێگەی تانکەرەوە هەناردەی ئوردن کراوە. کۆی داهاتەکەیان بریتی بووە لە (107 ملیۆن و 179 هەزار و 984) دۆلار. کەواتە بە کۆی گشتی عێراق لە مانگی نیسانی ئەمساڵدا بڕی (102 ملیۆن و 386 هەزار و 818) بەرمیل نەوتی بە تێکڕای ڕۆژانەی (3 ملیۆن و 412 هەزار و 894) بەرمیل نەوتی هەناردە کردووەو بە تێکڕا هەر بەرمیلێکی بە (84 دۆلار و 66 سەنت) فرۆشتووە و کۆی داهاتەکەی بریتی بووە لە (8 ملیار و 668 ملیۆن و 484 هەزار و 578) دۆلار. 5.    مانگی ئایاری 2024 هەناردەی نەوتی بەسرە (104 ملیۆن و 130 هەزار و 292) بەرمیل بووە، کۆی داهاتەکەی بریتی بووە لە (8 ملیار و 290 ملیۆن و 69 هەزار و 458) دۆلار. هاوکات لە کێڵگەی نەوتی کەرکوک هیچ نەوتێک هەناردە نەکراوە، بۆیە هیچ داهاتێکیشی نەبووە. کەواتە بە کۆی گشتی عێراق لە مانگی ئایاری (2024)دا بڕی (104 ملیۆن و 130 هەزار و 292) بەرمیل نەوتی بە تێکڕای ڕۆژانەی (3 ملیۆن و 359 هەزار و 42) بەرمیل نەوتی هەناردە کردووەو بە تێکڕا هەر بەرمیلێکی بە (79 دۆلار و 61 سەنت) فرۆشتووە و کۆی داهاتەکەی بریتی بووە لە (8 ملیار و 290 ملیۆن و 69 هەزار و 458) دۆلار. 6.    مانگی حوزەیرانی 2024 هەناردەی نەوتی بەسرە (102 ملیۆن و 11 هەزار و 928) بەرمیل بووە، کۆی داهاتەکەی بریتی بووە لە (8 ملیار و 307 ملیۆن و 289 هەزار و 218) دۆلار. هاوکات لە کێڵگەی نەوتی کەرکوک هیچ نەوتێک هەناردەی بەندەری جەیهانی تورکی و  کێڵگەی گەیارە نەکراوە بەڵام (302 هەزار و 620) بەرمیل نەوت لە ڕێگەی تانکەرەوە هەناردەی ئوردن کراوە و کۆی داهاتەکەی بریتی بووە لە (20 ملیۆن و 156 هەزار و 913) دۆلار. کەواتە بە کۆی گشتی عێراق لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا بڕی (102 ملیۆن و 314 هەزار و 548) بەرمیل نەوتی بە تێکڕای ڕۆژانەی (3 ملیۆن و 410 هەزار و 485) بەرمیل نەوت هەناردە کردووەو بە تێکڕا هەر بەرمیلێکی بە (81 دۆلار و 39 سەنت) فرۆشتووە و کۆی داهاتەکەی بریتی بووە لە (8 ملیار و 327 ملیۆن و 446 هەزار و 131) دۆلار. 7.    مانگی تەموزی 2024 هەناردەی نەوتی بەسرە (106 ملیۆن و 125 هەزار و 200) بەرمیل بووە، کۆی داهاتەکەی بریتی بووە لە (8 ملیار و 669 ملیۆن و 915 هەزار و 902) دۆلار. هاوکات لە کێڵگەی نەوتی کەرکوک هیچ نەوتێک هەناردەی بەندەری جەیهانی تورکی و وڵاتی ئوردن و نەکراوە، بەڵام (ملیۆنێک و 928 هەزار و 156) بەرمیل هەناردەی کێڵگەی گەیارە کراوە و کۆی داهاتەکەی بریتی بووە لە (157 ملیۆن و 521 هەزار و 26) دۆلار. کەواتە بە کۆی گشتی عێراق لە مانگی تەموزی ئەمساڵدا بڕی (108 ملیۆن و 53 هەزار و 356) بەرمیل نەوتی بە تێکڕای ڕۆژانەی (3 ملیۆن و 485 هەزار و 592) بەرمیل نەوت هەناردە کردووەو بە تێکڕا هەر بەرمیلێکی بە (81 دۆلار و 70 سەنت) فرۆشتووە و کۆی داهاتەکەی بریتی بووە لە (8 ملیار و 827 ملیۆن و 436 هەزار و 927) دۆلار. 8.    مانگی ئابی 2024 هەناردەی نەوتی بەسرە (105 ملیۆن و 559 هەزار و 525) بەرمیل بووە، کۆی داهاتەکەی بریتی بووە لە (8 ملیار و 118 ملیۆن و 72 هەزار و 863) دۆلار. هاوکات لە کێڵگەی نەوتی کەرکوک هیچ نەوتێک هەناردەی بەندەری جەیهانی تورکی و  کێڵگەی گەیارە نەکراوە بەڵام (286 هەزار و 74) بەرمیل نەوت لە ڕێگەی تانکەرەوە هەناردەی ئوردن کراوە و کۆی داهاتەکەی بریتی بووە لە (22 ملیۆن و 569 913) دۆلار. کەواتە بە کۆی گشتی عێراق لە مانگی ئابی ئەمساڵدا بڕی (105 ملیۆن و 845 هەزار و 599) بەرمیل نەوتی بە تێکڕای ڕۆژانەی (3 ملیۆن و 414 هەزار و 374) بەرمیل نەوت هەناردە کردووەو بە تێکڕا هەر بەرمیلێکی بە (76 دۆلار و 90 سەنت) فرۆشتووە و کۆی داهاتەکەی بریتی بووە لە (8 ملیار و 140 ملیۆن و 73 هەزار و 432) دۆلار. 9.    مانگی ئەیلولی 2024 هەناردەی نەوتی بەسرە (99 ملیۆن و 4 هەزار و 320) بەرمیل بووە، کۆی داهاتەکەی بریتی بووە لە (6 ملیار و 986 ملیۆن و 256 هەزار و 342) دۆلار. هاوکات لە کێڵگەی نەوتی کەرکوک هیچ نەوتێک هەناردەی بەندەری جەیهانی تورکی و  کێڵگەی گەیارە نەکراوە بەڵام (306 هەزار و 787) بەرمیل نەوت لە ڕێگەی تانکەرەوە هەناردەی ئوردن کراوە و کۆی داهاتەکەی بریتی بووە لە (21 ملیۆن و 648 هەزار و 476) دۆلار. کەواتە بە کۆی گشتی عێراق لە مانگی ئەیلولی ئەمساڵدا بڕی (99 ملیۆن و 311 هەزار و 107) بەرمیل نەوتی بە تێکڕای ڕۆژانەی (3 ملیۆن و 310 هەزار و 370) بەرمیل نەوت هەناردە کردووەو بە تێکڕا هەر بەرمیلێکی بە (79 دۆلار و 4 سەنت) فرۆشتووە و کۆی داهاتەکەی بریتی بووە لە (7 ملیار و 7 ملیۆن و 904 هەزار و 817) دۆلار. 10.    مانگی تشرینی یەکەمی 2024 هەناردەی نەوتی بەسرە (102 ملیۆن و 302 هەزار و 862) بەرمیل بووە، کۆی داهاتەکەی بریتی بووە لە (7 ملیار و 383 ملیۆن و 726 هەزار و 115) دۆلار. هاوکات لە کێڵگەی نەوتی کەرکوک هیچ نەوتێک هەناردەی بەندەری جەیهانی تورکی نەکراوە، بەڵام (524 هەزار و 356) بەرمیل نەوت هەناردەی کێڵگەی گەیارەو (318 هەزار و 7) بەرمیل نەوتیش لە ڕێگەی تانکەرەوە هەناردەی ئوردن کراوە. کۆی داهاتەکەیان بریتی بووە لە (22 ملیۆن و 952 هەزار و 208) دۆلار. کەواتە بە کۆی گشتی عێراق لە مانگی تشرینی یەکەمی (2024)دا بڕی (103 ملیۆن و 145 هەزار و 225) بەرمیل نەوتی بە تێکڕای ڕۆژانەی (3 ملیۆن و 327 هەزار و 265) بەرمیل نەوتی هەناردە کردووەو بە تێکڕا هەر بەرمیلێکی بە (72 دۆلار و 17 سەنت) فرۆشتووە و کۆی داهاتەکەی بریتی بووە لە (7 ملیار و 406 ملیۆن و 678 هەزار و 324) دۆلار. تێبینی؛ لە چوار مانگی (تەموز، ئاب، ئەیلول و تشرینی یەکەم)، تەنها زانیاری لەبارەی بڕو قەبارەی هەناردەی نەوتی عێراق بەردەستە، بۆیە تایبەت بە نرخی نەوتی فرۆشراوی عێراق و کۆی داهات پشت بە (تێکڕای نرخی نەوتی برێنت) بەستراوە، بەجۆرێک لە شەش مانگی یەکەمی ساڵەکەدا عێراق هەر بەرمیلێک نەوتی بە (3 دۆلار و 45 سەنت) هەرزانتر لە نەوتی برێنت فرۆشتووە، بۆیە  لەو چوار مانگەدا نرخی نەوت و کۆی داهاتی عێراق لەسەر بنەمای ئەو پێوەرە وەرگیراوە. بۆ بەرچاو ڕونی بڕوانە خشتە و چارەتەکانی هاوپێچی ئەم ڕاپۆرتە؛    


درەو: پارتی دەیەوێت سەرۆكی حكومەت و هەرێم بەرێت و سەرۆكی پەرلەمان و جێگرەكان بۆ یەكێتی بێت, یەكێتی چاوی لە سەرۆكی هەرێمەو سەرۆكی پەرلەمان رەت دەكاتەوە. وەفدی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە سلێمانی كۆدەبنەوە, لەسەر پێكهێنانی كابینەی دەیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان, گفتوگۆی سەرەكی ئەمڕۆ لەسەر كۆبوونەوەی پەرلەمانی كوردستان و دیاریكردنی سەرۆك و جێگرو سكرتێری پەرلەمانە لەیەكەم دانیشتندا. (درەو) زانیویەتی پارتی دیموكراتی كوردستان بەو ئاراستەیە گفتوگۆ دەكات كە سەرۆكی حكومەت بۆ مەسرور بارزانیەو لای پارتی دەبێت سەرۆكی هەرێمیش بۆ نێچیرڤان بارزانی دەبێت و جێگرانی بۆ یەكێتی و سەرۆكی پەرلەمانیش دەداتە یەكێتیو پارتی دەیەوێت لەیەكەم دانیشتنی پەرلەمانی كوردستاندا كە رۆژی 2ی مانگ بەرێوە دەچێت سەرۆك و جێگر و سكرتێری پەرلەمان هەڵبژێردرێنو ئەگەر یەكێتی ئامادەنەبوو بەو پرۆسەیە ئەوا پارتی دیموكراتی كوردستان لەیەكەم دانیشتندا سەرۆكی پەرلەمان هەڵدەبژێرێت  كە (د. ڤالا فەرید) ەو بەشێوەی كاتی هەتا رێككەوتن دەكرێت, سكرتێری پەرلەمان هەڵدەبژێرێت (مونا قەهوەچی)یە, بە شێوە . بە پێی بە دواداچوونەكانی (درەو) یەكێتی چەند سیناریۆیەكی ئامادەكردووە بۆ گفتوگۆ, لەیەكەم سیناریۆدا داوای سەرۆكی حكومەتی هەرێم دەكات و دەیەوێت كۆی پرۆسەی سیاسی لە هەرێم بە پۆستەكانیشەوە بكاتە یەك پاكێج, بەڵام یەكێتی تموحی لە سەرۆكی هەرێمدایە بەو پێیەی بە پێی بەدواداچوونەكانی (درەو) قوباد تاڵەبانی چی دیكە جێگری سەرۆكی حكومەت یان هەرێم وەرناگرێت و دەیەوێت یەكێك لە پۆستە باڵاكان وەربگرێت, (درەو) زانیویەتی یەكێتی پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی ناوێت بۆیە لە نێوان رەتكردنەوەی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان و پۆستی سەرۆكی حكومەتدا چاوەڕوان دەكرێت پۆستی سەرۆكی هەرێم بدرێتە یەكێتی, لەبەرامبەر سەرۆكی پەرلەمانیش یەكێتی چەند وەزارەتێكی گرنگ وەربگرێت لەگەڵ جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان. واتا پۆستەكان لە نێوان یەكێتی و پارتی بەم شێوەیە دەبێت: -    سەرۆكی حكومەت بۆ پارتی جێگر بۆ یەكێتی -    سەرۆكی هەرێم بۆ یەكێتی جێگر بۆ پارتی و ئەگەر لایەنی ئۆپۆزسیۆن بەشدار بێت جێگرێكیش بۆ ئۆپۆزسیۆن. -    سەرۆكی پەرلەمان بۆ پارتی و جێگر بۆ یەكێتی.   تا ئێستا یەكگرتوو هەڵوێست بڕیاری یەكلاكەرەوەیان داوە بەشداری كابینەی دەیەم ناكەن، نەوەی نوێ داوای سەرۆكی حكومەت یان سەرجەم وەزارەتەكان دەكاتو بەرەی گەل خۆی یەكلا نەكردووەتەوەو هاوپەیمانی خۆی یەكلاكردووەتەوەو بەشداری كابینەی دەیەم دەكات, كۆمەڵ بەشداری پەرلەمان و حكومەت ناكات, پێكهاتەكان پێنج كورسیە دوو كورسی نزیكە لە یەكێتی و سێ ئەندامیان نزیكن لە پارتی و بەشداری كابینەی دەیەم دەكەن و لە پەرلەمانیش بەشدار دەبن  


ئەمڕۆ لە شاری لاهای هۆڵەندا لە چوارچێوە كارەكانی (CSP29)مین كۆنگرەی ساڵانەی وڵاتانی ئەندامی رێكخراوی قەدەغەكردنی چەكی كیمیایی( OPCW  ) فیلمێكی بەڵگەنامەیی دامەزراوەی میدیایی درەو) نمایشكرا , لە كۆنگرەكەدا باڵیۆزو نوێنەری (196) وڵاتی جیهان بەشداربوون و لە ماوەی پێنج رۆژدا وتاریان پێشكەركرد ساڵانە لە رۆژانی (25 -29)ی 11 بەردەوام دەبێت. فیلمی بەڵگەنامەیی (گۆپتەپە) كە باس لە كیمیابارن و ئەنفالكردنی گوندی (گۆپتەپە) دەكات لە چوارچێوەی قۆناغی چوارەمی ئەنفال لە 3ی ئایاری 1988. ئەم فیلمە بەڵگەنامەیی (گۆپتەپە) كە باس لە كیمیاباران و ئەنفالكردنی خەڵكی گۆپتەپە دەكات، لە فیلمە بەڵگەنامەییەكەدا مامۆستا (فەرهاد لەتیف) كاركتەری سەرەكیەو (22) كەس لە خێزان و بنەماڵەكەی شەهید بوون. لە كاتی نمایشی فیلمە بەڵگەنامەییەكە بەرپرسانی (OPCW ) بەشدارییانكرد و داوایانكرد زیاتر قوربانیانی كیمیابارانی ناوچە جیاوازەكانی كوردستان بە جیهان بناسرێت لە رێگای فیلم و بەڵگە فیلمەكانەوە.     (دامەزراوەی میدیایی درەو) لە ساڵانی داهاتوو بەڵگە فیلمی دۆكیۆمێنتەری لەسەر كیمیابارانی ناوچە جیاوازەكانی هەرێمی كوردستان دەباتە لاهای. بەڵگە فیلمی (GOPTAPA) بەرهەمی دامەزراوەی میدیایی درەو نوسین و دەرهێنان: هەڵمەت عەلی وێنەگرتن: هاوتا عومەر ئیدیت: میران قارەمان      


(درەو):  بۆ رێگریكردن لە قاچاخچێتی مرۆڤ و ماددە هۆشبەرەكان و پرسی گەڕاندنەوەی ئەو عێراقییانەی كە مافی مانەوەیان نییە، وەزیری ناوخۆی بەریتانیا رێككەوتنی لەگەڵ حكومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان كردووەو لەم چوارچێوەیەدا بڕی 500 هەزار پاوەند تەرخان دەكات. خاتوو (ئێڤێت كوپەر) وەزیری ناوخۆی بەریتانیا چەند رۆژێكە لە عێراقە، ئەمڕۆ لە هەرێمی كوردستان لەگەڵ هەریەكە لە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی كۆبووەوە، رێبەری ئەحمەدی وەزیری ناوخۆشی بینیوە.  وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا راگەیەندراوێكی لەبارەی ئەنجامی سەردانی خاتوونی وەزیر بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان بڵاوكردەوە، باسلەوە دەكات رێككەوتنێكی گرنگ لەگەڵ عێراق ئیمزا كراوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی تۆڕەکانی قاچاخچێتی خەڵک و تاوانە ڕێکخراوەکان لە سەرانسەری ناوچەکەو ئەوروپا.  وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا ئەمە بە یەكەمین رێككەوتنی ئەمنیی وڵاتەكەی لەگەڵ عێراق ناودەبات و دەڵێ: لەچوارچێوەی ئەم رێككەوتنەدا بەریتانیا پابەندە بە دابینکردنی تا 300 هەزار پاوەند بۆ راهێنانی ئەمنیی پاراستنی سنور بۆ عێراق. راهێنانەکە لەسەر تاوانی کۆچبەریی ڕێکخراو و ماددە هۆشبەرەکان دەبێت، توانای جێبەجێکردنی یاسای عێراق لە سنورەکاندا زیاد دەکات.  هەر لە چوارچێوەی ئەم رێككەوتنەدا، حکومەتی بەریتانیا بەڵێنیداوە 200 هەزار پاوەند بدات بۆ پشتگیریکردنی لەو پرۆژانەی كە لە هەرێمی كوردستان تواناكان لە بواری كۆچی نایاسایی و ئاسایشی سنورەكان بەرزدەكەنەوە.  هەریەكە لە حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ بەریتانیا رێككەوتوون لەسەر ئەنجامدانی هەڵمەتی رووبەڕووبونەوەی ئەو زانیارییە چەواشەكارانەی كە قاچاخچییەكان لەرێگەی تۆڕی ئینتەرنێتەوە بڵاوی دەكەنەوە، لەپاڵ ئەمەدا باس لە كاركردنی زیاتر دەكەن بۆ گەڕاندنەوەی ئەو كەسانەی كە مافی مانەوەیان لە بەریتانیا نییە.  وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا دەڵێ: تۆڕەكانی قاچاخچێتیی مرۆڤ كە لە دەرەوەی عێراق كاردەكەن، بە هەرێمی كوردستان و ئەوروپاشەوە، بەرپرسیارن لە بازرگانیكردن لە هەزاران كەس لەسەرتاسەری جیهان. "ئەم پابەندبوونە گرنگانەی نێوان حکومەتی بەریتانیاو عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستان ئاماژەیەکی ڕوون دەنێرن بۆ باندە قاچاخچییە تاوانبارەکان، کە ئێمە بڕیارمانداوە لە سەرانسەری جیهان کاربکەین بۆ ئەوەی بەدوایاندا بگەڕێین" وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا وا دەڵێ.


راپۆرتی: درەو 🔻 بەپێی ئامارەکان؛ وەزارەتی نەوتی عێراق لە نۆ مانگی یەکەمی ساڵی (2024)دا؛ 🔹 زیاتر لە (931 ملیۆن و 254 هەزار) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە فرۆشتووە، زیاتر لە (922 ملیۆن و 641 هەزار) بەرمیلی بە رێژەی (99%) بەرهەمی کێڵگەکانی ناوەراست خوارووی عێراق بووە. پوختەی داهاتی گەڕاوەی نەوتی عێراق بۆ وەزارەتی دارایی لە نۆ مانگی یەکەمی ساڵی (2024)دا؛ 🔹 لە سێ چارەکی یەکەمی ئەمساڵ (101 ترلیۆن و 944 ملیار) دیناری داهاتی نەوت گەڕاوەتەوە بۆ وەزارەتی دارایی عێراق، پتر (89%) کۆی داهاتی وەزارەتەکەی پێکهێناوە. یەکەم؛  بڕی نەوتی هەناردەکراوی عێراق لە پێنج مانگی یەکەمی ساڵی 2024 بەپێی  ئامارەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق (وەک لە خشتە و چارتی (1)دا هاتووە)، کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق "سۆمۆ" لە نۆ مانگی یەکەمی ساڵی (2024) بڕی (931 ملیۆن و 254 هەزار و 507) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی کۆمپانیاکەوە فرۆشتووە، ئەو بڕەش (922 ملیۆن و 641 هەزار و 162) بەرمیلی بەرهەمی کێڵگەکانی ناوەڕاست و خواروی عێراق بووە بە رێژەی (99%) و بڕی (2 ملیۆن و 705 هەزار و 972) بەرمیلی هی کێڵگەکانی باکور بووەو بە تانکەر هەناردەی ئوردن و (5 ملیۆن و 907 هەزار و 373) بەرمیلی هەناردەی کێڵگەی گەیارە بووە. بۆ وردەکاری مانگەکانی سێ چارەکی یەکەمی ئەمساڵ بڕوانە (خشتەو چارتی ژمارە (1)) خشتەو چارتی ژمارە (1)   دووەم؛ داهاتی گەڕاوەی هەناردەی نەوتی عێراق لە نۆ مانگی یەکەمی ساڵی 2024 پاڵپشت بە ڕاپۆرتەکانی وەزارەتی دارایی عێراق، کە دواترینیانی بۆ کۆتایی ئەیلولی ساڵی (2024) لە (26ی تشرینی دووەمی 2024) بڵاو کردووەتەوە، کۆی داهاتی گشتی عێراق بە هەردوو داهاتی (نەوتی و نانەوتییەوە)، بریتی بووە لە (114 ترلیۆن و 349 ملیار و 739 ملیۆن و 335 هەزار) دینار، بەجۆرێک بڕی (101 ترلیۆن و 944 ملیار و 446 ملیۆن و 923 هەزار) دیناری بەڕێژەی (89.1%)ی لە داهاتی نەوتەوە سەرچاوەی گرتووە، بڕی (12 ترلیۆن و 405 ملیار و 292 ملیۆن و 412 هەزار) دیناری بەڕێژەی (10.9%)ی داهاتی نانەوتی پێکیهێناوە. سەبارەت بە وردەکاری هەر نۆ مانگەکانی سەرەتای (2024) بڕوانە (خشتەو چارتی ژمارە (2)). خشتەو چارتی ژمارە (2)  


راپۆرت: درەو هەمواری بڕگەی (ج) لە ماددەی (12)ی یاسای بودجەی گشتیی عێراق كە تایبەت بە نرخی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوتە لە هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ لە پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەكەمی بۆ كرا، هەموارەكە چی دەڵێ؟  دەقی هەموارەكە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەمڕۆ خوێندنەوەی یەكەمی كرد بۆ هەمواری یەكەمی یاسای بودجەی سێ ساڵە (2023-2024-2025). هەموارەكە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقەوە رەوانە كراوە بۆ پەرلەمان، تێیدا تەنیا یەك بڕگە هەموار كراوە كە پەیوەندی بە نەوتی هەرێمی كوردستانەوە هەیە. ئەنجومەنی نوێنەران دەقی پرۆژەی هەموارەكەی بڵاوكردەوە، كە تەنیا بۆ (بڕگەی ج/ دووەم)ی ماددەی 12ی یاسای بودجەیە.  دەقی هەموارەكە بەمجۆرەیە:  ماددەی -1- دەقی بڕگەی (ج) لە بەندی (دووەم)ی ماددەی 12ی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵ بۆ ساڵە داراییەكانی (2023-2024-2025) هەڵدەوەشێتەوەو ئەمەی خوارەوە شوێنی دەگرێتەوە:- ج-1. وەزارەتی دارایی فیدراڵ لە خەرجی سیادی، قەرەبووی تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی ئەو بڕە نەوتە دەكاتەوە كە لە هەرێم بەرهەمدەهێنرێت و؛ لەلایەن كۆمپانیای بەبازاڕخستنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) یاخود وەزارەتی نەوتی عێراقەوە بە گوێرەی هەردوو بڕگەی (ا، ب)ی ئەم بەندە وەردەگیرێت، بەو مەرجەی تێچووی خەمڵێندراوی دادپەروەرانەی بەرهەمهێنان و گواستنەوە لە هەر كێڵگەیەك لەلایەن لایەنێكی راوێژكاری هونەریی نێودەوڵەتیی پسپۆڕەوە، كە وەزارەتی نەوتی عێراق بە رێككەوتن لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم دیاری دەكات، دیاری بكرێت، لەماوەی (60) رۆژدا لە وادەی بەركاربوونی ئەم یاسایەوە، ئەگەر لەماوەی ناوبراودا نەگەیشتنە رێككەوتن، ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵ ئەو لایەنە راوێژكارییە دیاری دەكات كە ئاماژەی بۆ كراوە. 2. ئەو لایەنە راوێژكارییە هونەرییە كە لە خاڵی (1)ی ئەم بڕگەیەدا هاتووە، خەرجی خەمڵێندراوی بەرهەمهێنان و گواستنەوە پێشكەشی هەردوو وەزارەتی دارایی و نەوتی فیدراڵ و حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات و بۆ مەبەستی ئەم یاسایە پشتی پێدەبەسترێت، ئەو قەرەبووەی كە لە خاڵی (1)ی ئەم بڕگەیەدا هاتووە لەسەر بنەمای تێچووی بەرمیل لێكدانی ژمارەی ئەو بەرمیلی رادەستكراو بەگوێرەی بڕگەكانی (ا، ب)ی ئەم بەندە ئەژماردەكرێت و؛ وەزارەتی دارایی فیدراڵی ئەركی پێدانی ئەو بڕە پارانە بە حكومەتی هەرێم لەئەستۆ دەگرێت.   3. بەشێوەیەكی خێرا دەستدەكرێت بە رادەستكردنی نەوتی بەرهەمهێنراوی هەرێم بە كۆمپانیای بەبازاڕخستنی نەوت (سۆمۆ) یاخود وەزارەتی نەوتی فیدراڵ بەگوێرەی بڕگەكانی (ا، ب)ی ئەم بەندە، قەرەبووی تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوە بەشێوەی پێشینە دەبێت لەلایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵەوە، بەبڕی (16) دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك، كە دواترو دوای تەوابوونی كارەكانی لایەنە راوێژكارییە هونەرییەكە پاكتاو دەكرێت كە لە خاڵی (1)ی ئەم بڕگەیەدا هاتووە، بە (أپر رجعی) لەوكاتەوە كە دەستكراوە بە رادەستكردن بەپێی ئەم هەموارە.  ماددەی -2- ئەم یاسایە لە رۆژی بڵاوبوونەوەی لە رۆژنامەی فەرمییەوە، دەكەوێتە بواری جێبەجێكردن. ئامانجی دەركردنی ئەم یاسایە، وەكو لە دەقەكەدی هاتووە (دانانی لایەنێكی راوێژكاریی هونەریی نێودەوڵەتییە كە كاربكات بۆ ئەژماركردنی تێچووی خەمڵێندراوی دادپەروەرانەی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوتی بەرهەمهێنراو لە هەرێمی كوردستان، هەر كێڵگەیەك و بە جیا، لەپێناو پاراستنی سامانی نیشتمانی و بەهێزكردنی داهاتە فیدراڵییەكان ...). ماددەكە پێش هەموار چی دەڵێ؟ لەسەر سكاڵای حكومەتی عێراق و لەسەر بەكارهێنانی بۆری نەوتی عێراق- توركیا بۆ هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان بەبێ وەرگرتنی رەزامەندی بەغداد، شوباتی 2023 دادگای باڵای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی پاریس، بڕی نزیكەی (ملیارێك و 500 ملیۆن) دۆلار قەرەبووی بەسەر توركیادا سەپاند، ئەمە توركیای ناچاركرد لە 25ی ئازاری 2023دا هەناردەی نەوتی هەرێم رابگرێت. سەرباری ئەوەی لە ئۆكتۆبەری هەمان ساڵدا توركیا كەوتە گفتوگۆ لەگەڵ حكومەتی عێراق بۆ ریككەوتن لەسەر چارەنوسی قەرەبووەكەو ئامادەیی خۆی نیشاندا بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم بەوشێوەی كە حكومەتی فیدراڵی عێراق دەیەوێت، بەڵام هەناردەی نەوت دەستی پێنەكردەوە.  حكومەتی فیدراڵی عێراق لەسەرەتاوە بەدوای ئەوەدا دەگەڕا یاسای نەوت و غازی فیدراڵی دەربكات، لەم یاسایەدا چارەسەری ریشەیی بۆ ناكۆكییەكانی نێوان هەولێرو بەغداد سەبارەت بە چۆنیەتی ئیدارەدانی سامانی نەوت و غاز بدۆزێتەوە، ئەم یاسایە كە دەبوو ساڵی 2005و دوای پەسەندكردنی دەستوریی هەمیشەیی عێراق دەربكرایەو هێشتا دەرنەچووە، ئەمجارەش شكستی هێنا، لەسەرەتای ئەمساڵەوە هەردوو حكومەت دەستیان كرد بە تاوتێكردنی رەشنوسێكی نوێی یاسای نەوت و غاز، بەڵام بۆچونیان زۆر لەیەكترەوە دوور بوو، بۆیە ئەمجارە سەری بابەتەكە نرایەوە.   دواجارو رۆژی 5ی ئەم مانگە، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقی فیدڕاڵ پرۆژە یاسایەکی پەسەند کرد بۆ هەموارکردنەوەی مادەی (12/دووەم/ج) لە یاسای بودجەی فیدڕاڵیی سێ ساڵەی ژمارە (13ی ساڵی 2013) تایبەت بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان.  ئەمەی خوارەوە دەقی ئەو ماددەی یاسای بودجەیە كە لەسەرەوە هەموارەكەی بە دانراوە: ماددەی 12:  یەكەم: شایستە داراییەكانی نێوان حكومەتی فیدراڵی‌و حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ساڵانی 2004 بۆ 2022 پاكتاودەكرێت، دوای وردبینیكردنی لەلایەن دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵ بەهەماهەنگیی لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی لە هەرێم، پشتبەست بەو ماف‌و پابەندییانەی كە لە یاساكانی بودجەی فیدراڵی تایبەت بە هەر ساڵێكی دارایی هاتووە. دووەم:  ا- حكومەتی هەرێمی كوردستان پابەندە بە هەماهەنگیكردن لەگەڵ وەزارەتی نەوتی فیدراڵ، لە باركردنی نەوتی خاوی بەرهەمهێنراو لەو كێڵگانەی دەكەونە هەرێم بۆ ئەمبارەكانی كۆمپانیای بەبازاڕخستنی نەوت (سۆمۆ) لە بەندەری جەیهانی توركیا، بەجۆرێك لە (400 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە) كەمتر نەبێت، بەگوێرەی داتای مانگانەی پێشكەشكراو لەلایەن وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان‌و پەسەندكردنی لەلایەن وەزارەتی نەوتی فیدراڵ‌و دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵ بەهەماهەنگیی لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی هەرێم، كۆمپانیای سۆمۆ بە هەماهەنگیی لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم، بە هەمان نرخ‌و میكانیزمی پشت پێ بەستراوی فرۆشتن لەلایەن كۆمپانیای ناوبراوەوە، هەناردەكردنی ئەو بڕە لە ئەستۆدەگرێت‌و داهاتەكانی وەكو داهاتی كۆتایی بۆ خەزێنەی فیدراڵ، تۆماردەكرێت.  ب- لە حاڵێكدا نەتوانرا لەرێگەی بەندەری جەیهانی توركی یان هەر دەروازەیەكی فەرمی ترەوە كە وەزارەتی نەوتی فیدراڵ دیاری بكات، هەناردە بكرێت، حكومەتی هەرێمی كوردستان پابەندە بە رادەستكردنی بڕی نەوتی ئاماژەبۆكراو لە بڕگەی (دووەم/ا)ی ئەم ماددەیە بە وەزارەتی نەوتی فیدراڵ، بەمەبەستی بەكارهێنانی لەناوخۆدا‌و بەگوێرەی ئەو پێداویستییەی كە وەزارەتی نەوتی فیدراڵ دیاری دەكات.  ج- وەزارەتی دارایی فیدراڵ قەرەبووكردنەوەی خەرجییەكانی وەبەرهێنان‌و گواستنەوەی بڕی ئەو نەوتە وەبەرهێنراوەی هەرێم دەگرێتە ئەستۆ، كە رادەستی وەزارەتی نەوتی فیدراڵ دەكرێت بەگوێرەی هەردوو بڕگەی (1)‌و (ب)ی ئەم ماددەیە، بەمەرجێك خەرجی وەبەرهێنان‌و گواستنەوە هاوتای خەرجی وەبەرهێنان‌و گواستنەوەی یەك بەرمیل نەوت بێت لە وەزارەتی نەوتی فیدراڵ‌و بە لێدانی لەگەڵ ژمارەی ئەو بەرمیلانەی كە رادەستدەكرێن، بەگوێرەی حوكمەكانی ئەم ماددەیە.   د- حكومەتی هەرێم پابەندە بە رادەستكردنی داهاتە نانەوتییەكان بە خەزێنەی دەوڵەت بەگوێرەی یاسای ئیدارەی دارایی فیدراڵ، بەمەرجێك دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵ بەهەماهەنگیی لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی هەرێم وردبینی بكات لەو تۆمارانەی كە تایبەتن بەم داهاتانەوە.  ه- وەزارەتی دارایی فیدراڵ پابەند دەبێت بە پێدانی شایستەكانی هەرێم بەشێوەی مانگانە، بەگوێرەی حوكمەكانی ئەم یاسایە، دوای جێبەجێكردنی بڕگەكانی (ا، ب، ج، د)ی ئەم ماددەیە، دەبێت هەماهەنگیی لەگەڵ وەزارەتی دارایی‌و ئابوری هەرێم بكرێت‌و ئەو وەزارەتە بودجەی پێداچونەوەی مانگانە بۆ فەرمانگەی ژمێریاری بنێرێت، بۆ ئەوەی بخرێتە ناو تێكڕای حساباتی مانگانەی دەوڵەتەوە، بەمەرجێك حسابی تایبەت بە ماف‌و پابەندییە نەوتی‌و نانەوتییەكانی هەردوولا پاكتاو بكرێت، دوای وردبینیكردنی لەلایەن دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵ‌و بەهەماهەنگیی لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی لە هەرێم، لەسەر بنەمای وەرزیی، بەجۆرێك گرەنتی پێدان‌و پاكتاوی ئەو شایستانە بكات بەشێوەیەكی رێكوپێك. و- ئەو پارانەی بانكی بازرگانی عێراق، كە لەئەستۆی حكومەتی هەرێمی كوردستاندایە لە بانكە حكومی‌و تایبەتەكاندا، پاكتاو دەكرێت‌و وەزارەتی دارایی فیدراڵ هەڵدەسێت بە دانانی خشتەی قیستی مانگانە‌و لە پشكی هەرێم دەبڕدرێت، پێدانەوەی قیستەكان لە ساڵی دارایی 2023وە دەستپێدەكات بۆ ماوەی (7) ساڵ. دەقی هەموارەكە:  


راپۆرتی: درەو 🔻 لە (10) ساڵی ڕابردووی هەردوو کابیەنەی هەشتەم و نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا؛ 🔹 موچەخۆران لە (120) مانگی ڕابردودا (58) موچەی تەواوو (44)یشیان بە چارەک و لێبڕینەوە وەرگرتووەو (18) موچەشیان پێ نەدراوە، جگە لە ڕاگرتنی بەرزە موچە (ترفیع) نزیکەی (23 ترلیۆن و 116 ملیار) دیناریان لای حکومەتی هەرێم ماوەتەوە. بەجۆرێک؛ 🔹 کابینەی هەشتەم لە ماوەی (54) مانگدا، تەنها (15) موچەی تەواو و (34) مانگیشی بە کەم و کوڕی و پاشەکەوتەوە خەرجکرد، (5) مانگیشی خەرج نەکردو ناوینا پاشەکەوت. کۆی شایستەی موچەی موچەخۆران لەم کابینەیەدا مایەوە بە (10 ترلیۆن و 597 ملیار و 997 ملیۆن) دینار خەمڵێندرا. 🔹 کابینەی نۆیەم (66) لە مانگی رابردوودا، تەنها (43) مانگیان موچەی تەواوەتی و (10) مانگیشی بە لێبڕینەوە خەرج کردووە، (10) مانگیشی خەرج نەکرد، (3) مانگی کۆتایی (2024)یش چارەنوسی نادیارە، کۆی شایستەی موچەی موچەخۆران لای کابینەی نۆ بە (13 ترلیۆن و 118 ملیار) دینار دەخەمڵێندرێت. قەبارەی پاشەکەوتی موچەی موچەخۆرانی هەرێم لە کاینەی هەشتەم و نۆیەمی حکومەتی هەرێم جگە لە ڕاگرتنی بەرزە موچە (ترفیع)ی موچەخۆران، لە ماوەی (10) ساڵدا، واتا لە (120) مانگدا، هەردوو کابینەی هەشتەم و نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، تەنها (58) موچەی تەواویان وەگرتووە، (18) موچەیان پێ نەدراوەو (44) موچەشیان بە چارەک و لێبڕین و بەشێک لە پاشەکەوتەوە بۆ خەرج کراوە. کۆی ئەو بڕە پارەیەی وەک شایستەی دارایی موچەخۆران خەرج نەکراوە، قەبارەکەی گەیشتووە بە (23 ترلیۆن و 715 ملیار و 997 ملیۆن) دینار. بەجۆرێک کابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێم لە ماوەی (54) مانگدا، تەنها (15) مانگیان موچەی تەواوەتی موچە خۆرانی هەرێمی خەرجکردووە، (34) مانگیشی بە کەم و کوڕی و پاشەکەوتەوە کردووە، (5) مانگیشی خەرج نەکردو ناوینا پاشەکەوت. کۆی شایستەی موچەی موچەخۆران لە سەردەمی کابینەی هەشتەم لای حکومەت مایەوە بە (10 ترلیۆن و 597 ملیار و 997 ملیۆن) دینار خەمڵێندرا. هاوکات لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە (66) مانگی رابردوودا، تەنها (43) مانگیان موچەی تەواوەتی موچە خۆرانی هەرێمی خەرجکردووە، (10) مانگیشی بە کەم و کوڕی و لێبڕین خەرج کردووە، (10) مانگیشی خەرج نەکردووە، موچەی (3) مانگی ساڵی (2024)یش چارەنوسی نادیارە. کۆی شایستەی موچەی موچەخۆران لە سەردەمی کابینەی نۆیەم لای حکومەت دەمێنێتەوە بە (13 ترلیۆن و 118 ملیار) دینار دەخەمڵێندێت. بڕوانە خشتەکانی خوارە تایبەت بە شێوازی خەرجکردنی موچە و بڕو قەبارەی قەرزی کەڵەکەبوی موچەخۆران لە سەر حکومەت. خشتەکان پاشەکەوت و لێبڕین و خەرج نەکردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم لە کابینەی هەشتەم قۆناغی پاشەکەوتی مووچە لە سەردەمی کابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی بەڕێوەچوو، لەماوەی نێوان ساڵانی (2015 - 2018) مووچەخۆران (5) موچەی تەواویان پێنەدراوە (23) مانگیش چارەکە مووچەو (11) مانگیش بەشێک لە موچەی موچەخۆران پاشەکەوت کرا. جگە لە ڕاگرتنی بەرزە موچەی فەرمانبەران. بە جۆرێک لە ماوەی (1/1/2015 – 9/7/2019)؛ •    (4) موچەی مانگەکانی (9، 10، 11، 12)ی ساڵی (2015)ەو یەک موچەی مانگی (12ی 2017) بە رێژەی (100%) پاشەکەوت کران. •    تەواوی ساڵی (2016)ەو (2017) جگە لە مانگی (12)ی ساڵی (2017) چارەکە موچە و (11) مانگی ساڵی (2018) بە پاشەکەوتکردنی بەشێک لە موچە ئەم کابینەیە تەمەنی خۆی بەڕێکرد. •    کۆی شایستەی موچەی موچەخۆران لە سەردەمی کابینەی هەشتەم لای حکومەت مایەوە بە (10 ترلیۆن و 597 ملیار و 997 ملیۆن) دینار خەمڵێندرا. بە مانایەکی دیکە، لە کابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ماوەی (54) مانگدا، تەنها (15) مانگیان موچەی تەواوەتی موچە خۆرانی هەرێمی خەرجکردووە، (34) مانگیشی بە کەم و کوڕی و لێبڕین خەرج کردووە، (5) مانگیشی خەرج نەکرد. پاشەکەوت و لێبڕین و خەرج نەکردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم لە کابینەی نۆیەم لەگەڵ دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەم لە (10/7/2019)ەوە تا وا لە کۆتاییەکانی ساڵی (2024) نزیک دەبینەوە، سەبارەت بەو شایستە داراییانەی موچەخۆران کە لە ئەستۆی حکومەتی هەرێمە، تەنها لە کابینەی نۆیەمدا نزیک لە (13 ترلیۆن و 118 ملیار) دینار دەخەمڵێنرێت، جگە لە ڕاگرتنی بەرزە موچەی فەرمانبەران. لەم کابینەیەدا موچەی مانگەکانی (4، 5، 6، 7، 8، 11،12ی ساڵی 2020) خەرج نەکرا (9) موچەش بە لێبڕینی (21%) و موچەیەکیش بە لێبڕینی (18%)ەوە لە ساڵانی (2021 - 2022)ی بۆ فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان خەرجکراوەو هاوکات لە ساڵی (2023) موچەی مانگەکانی (10، 11، 12) خەرج نەکرا، ئێستاش موچەی (3) مانگی کۆتایی (2024) بە چارەنوسێکی نادیار ماوەتەوەو خەرج نەکراوە. کەواتە ئەگەر کۆی خەرجی موچە بە (900 ملیار) دیناری مانگانە بخەمڵێنین _لە دەستپێکی دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمەوە قەبارەی خەرجی موچە (895 ملیار)بووە، بەڵام بەردەوام خەرجی موچە رووی لە زیادبوون کردووەو بەپێی دواین ئاماری فەرمی وەزارەتی دارایی کە خەرجییەکانی خۆی بۆ شەش مانگی یەکەمی (2023) بڵاوکردەوە بە تێکڕا کۆی خەرجی مانگێکی موچەی موچەخۆران سەرو (941 ملیار) دینابووە_، ئەوا کۆی ئەو شایستە داراییەی موچە خۆران لە کابینەی نۆیەمدا لێیان بڕاوەو بۆیان خەرج نەکراوە بریتیە لە؛ •    (7) مانگ موچەی بڕاو X (900 ملیار) دینار = (6 ترلیۆن 300 ملیار) دینار •    (9) مانگ بە لێبڕینی (21%)  X (189 ملیار) دینار = (1 ترلیۆن 701 ملیار) دینار •    (1) مانگ بە لێبڕینی (18%)  X (162 ملیار) دینار = (162 ملیار) دینار •    موچەی مانگەکانی (10و 11و 12) ساڵی (2023)ی موچەخۆران خەرج نەکرا کە بەرامبەرە بە؛ (3) مانگ X (941 ملیار) دینار = (2 ترلیۆن 823 ملیار) دینار. •    موچەی مانگەکانی (10و 11و 12) ساڵی (2024)ی موچەخۆران چارەنوسی نادیارە کە بەرامبەرە بە؛ (3) مانگ X (944 ملیار) دینار = (2 ترلیۆن 832 ملیار) دینار. کەواتە کۆی ئەو موچانەی لەکابینەی نۆیەمدا خەرج نەکراوە دەکاتە؛ (6 ترلیۆن 300 ملیار) دینار "7 موچەی تەواو"+ (1 ترلیۆن 701 ملیار) دینار "9 موچە بە لێبڕینی 21%" + (162 ملیار) دینار "1 موچە بە لێبڕینی 18%" + (2 ترلیۆن 823 ملیار) دینار "موچەی (3) مانگی کۆتایی 2023" + موچەی (3) مانگی کۆتایی 2024" = (13 ترلیۆن 118 ملیار) دینار. بە مانایەکی دیکە، کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە (66) مانگی رابردوودا، تەنها (43) مانگیان موچەی تەواوەتی موچە خۆرانی هەرێمی خەرجکردووە، (10) مانگیشی بە کەم و کوڕی و لێبڕین خەرج کردووە، (13) مانگیشی خەرج نەکردووە.  


راپۆرتی: درەو 🔻 رۆژی (26ی 11ی 2024) وەزارەتی دارایی عێراق داهات و خەرجی خۆی بۆ نۆ مانگی یەکەمی ئەمساڵ بڵاوکردەوە، بەپێی ڕاپۆرتەکە؛ 🔹 تا کۆتایی مانگی ئەیلولی ساڵی (2024)، کۆی داهاتی گشتی وەزارەتی دارایی عێراق بە هەردوو داهاتی (نەوتی و نانەوتی)یەوە  نزیکەی (114 ترلیۆن و 350 ملیار) دینار بووە. زۆرتر لە (1010 ترلیۆن و 944 ملیار) دیناری بە رێژەی (89.1%) داهاتی نەوت و پتر لە (12 ترلیۆن و 405 ملیار) دیناری بە رێژەی (10.9%) داهاتی نانەوتی بووە. 🔹 کۆی گشتی خەرجییەکانی وەزارەتەکە بە هەردوو خەرجی (بەگەڕخستن و وەبەرهێنان)ەوە، زۆرتر لە (94 ترلیۆن و 878 ملیار) دینار بووە، کە (90.1%)ی بۆ خەرجی بەگەڕخستن و (9.9%) بۆ خەرجی وەبەرهێنان بووە. 🔹 دوای لێدەرکردنی سەرجەم خەرجییەکان لە کۆی داهاتی گشتی وەزارەتی دارایی، بەڕێژەی (11.5%) داهات لە خەرجی زیاتر بووە و زۆرتر لە (19 ترلیۆن 470 ملیار) دینار داهات سەرڕێژی کردووە. 🔹 نزیکەی لە (8 ترلیۆن و 4 ملیار) دینار خەرجی سێ سەرۆکایەتییەکە بووە، ئەنجومەنی نوێنەران زۆرتر لە (441 ملیار) دینارو سەرۆکایەتی کۆمار نزیک لە (43 ملیار و 500 ملیۆن) دینار و ئەنجومەنی وەزیران پتر لە (7 ترلیۆن و 519 ملیار) دینار خەرجیان هەبووە. 🔹 تا کۆتایی مانگی ئەیلول بە نزیکەی (8 ترلیۆن و 859 ملیار) دینار تەمویلی حکومەتی هەرێمی کوردستان کراوە.   داهات و خەرجی گشتی وەزارەتی دارایی عێراق لە سێ چارەکی یەکەمی (2024)دا رۆژی (26ی تشرینی دووەمی 2024) وەزارەتی دارایی عێراق داهات و خەرجی خۆی بۆ سێ چارەکی یەکەمی ئەمساڵ بڵاوکردەوە، بەپێی ڕاپۆرتەکانی وەزارەتەکە؛ یەکەم: داهاتی گشتی وەزارەتی دارایی عێراق لە سێ چارەکی یەکەمی 2024 پاڵپشت بە ڕاپۆرتەکانی وەزارەتی دارایی عێراق، کە دواترینیانی بۆ مانگەکانی ئاب و ئەیلولی ساڵی (2024) لە (26ی تشرینی یەکەمی 2024) بڵاو کردووەتەوە، کۆی داهاتی گشتی عێراق بە هەردوو داهاتی (نەوتی و نانەوتییەوە)، بریتی بووە لە (114 ترلیۆن و 349 ملیار و 739 ملیۆن و 335 هەزار) دینار، بەجۆرێک بڕی (101 ترلیۆن و 944 ملیار و 446 ملیۆن و 923 هەزار) دیناری بەڕێژەی (89.1%)ی لە داهاتی نەوتەوە سەرچاوەی گرتووە، بڕی (12 ترلیۆن و 405 ملیار و 292 ملیۆن و 412 هەزار) دیناری بەڕێژەی (10.9%)ی داهاتی نانەوتی پێکیهێناوە. سەبارەت بە وردەکاری هەر سێ وەرزی یەکەمی ساڵی (2024) بڕوانە (خشتەو چارتی ژمارە (1)). خشتەو چارتی ژمارە (1) دووەم: خەرجی گشتی (بەگەڕخستن و وەبەرهێنان)ی وەزارەتی دارایی عێراق لە سێ چارەکی یەکەمی 2024 هەر بەپێی بە ڕاپۆرتەکانی وەزارەتی دارایی عێراق، لە مانگی یەک، تا کۆتایی مانگی نۆی ساڵی (2024)، کۆی گشتی خەرجییەکانی وەزارەتەکە بە هەردوو خەرجی (بەگەڕخستن و وەبەرهێنان)ەوە، بریتی بووە لە (94 ترلیۆن و 878 ملیار و 893 ملیۆن و 465 هەزار) دینار، بەجۆرێک بڕی (85 ترلیۆن و 313 ملیار و 356 ملیۆن و 159 هەزار) دیناری بەڕێژەی (90.1%)ی لە لەبواری خەرجی بەگەڕخستن و بڕی (9 ترلیۆن و 565 ملیار و 537 ملیۆن و 314 هەزار) دیناری بەڕێژەی (9.9%)ی بۆ بواری خەرجی وەبەرهێنان تەرخان کراوە. سەبارەت بە وردەکاری هەر نۆ مانگی یەکەمی (2024) بڕوانە (خشتەو چارتی ژمارە (2)). خشتەو چارتی ژمارە (2) سێیەم: بوارەکانی خەرجی وەبەرهێنان لە وەزارەتی دارایی عێراق لە سێ چارەکی یەکەمی 2024 خەرجییە گشتییەکانی وەزارەتی دارایی عێراق لە بواری خەرجی وەبەرهێنان لە تاکۆتایی مانگی تەموزی ساڵی (2024)، کەرتەکانی (کشتووکاڵ، پیشەسازی، گواستنەوەو گەیاندن، بیناسازی و پەروەردەو فێرکردن)ی گرتووەتەوەو بە سەرجەمیان بڕی (9 ترلیۆن و 565 ملیار و 537 ملیۆن و 314 هەزار) دیناری بەڕێژەی (9.9%)ی خەرجییە گشتییەکانی بۆ تەرخان کراوە، بە جۆرێک؛ 1.    کەرتی کشتوکاڵ بڕی (134 ملیار و 321 ملیۆن و 945 هەزار) دیناری بە ڕێژەی (1.4%) بۆخەرج کراوە. 2.    کەرتی پیشەسازی بڕی (ترلیۆنێک و 763 ملیار و 112 ملیۆن و 370 هەزار) دیناری بە ڕێژەی (18.4%) بۆ خەرج کراوە. 3.    کەرتی گواستنەوە گەیاندن بڕی (ترلیۆنێک و 982 ملیار و 482 ملیۆن و 702 هەزار) دیناری بە ڕێژەی (20.7%) بۆ خەرج کراوە. 4.    کەرتی بیناسازی و خزمەتگوای و ڕێگاوبان بڕی (4 ترلیۆن و 833 ملیار و 307 ملیۆن و 546 هەزار) دیناری بە ڕێژەی (50.5%) بۆ خەرج کراوە. 5.    کەرتی پەروەردەو فێرکردن بڕی (852 ملیار و 312 ملیۆن و 748 هەزار) دیناری بە ڕێژەی (8.9%) بۆ خەرج کراوە. بۆ وردەکاری خەرجییەکانی وەبەرهێنان لە کەرتە جیاوازەکان لە سێ چارەکی یەکەمی ساڵی (2024) بڕوانە (خشتەو چارتی ژمارە (3)). خشتەو چارتی ژمارە (3) چوارەم: بەراوردکردنی کۆی داهات و خەرجی وەزارەتی دارایی عێراق لە سێ چارەکی یەکەمی 2024 لە سێ چارەکی یەکەمی ساڵی (2024)، کۆی گشتی خەرجییەکانی عێراق بە هەردوو خەرجی (بەگەڕخستن و وەبەرهێنان)ەوە، بریتی بووە لە (94 ترلیۆن و 878 ملیار و 893 ملیۆن و 465 هەزار) دینار. لە کاتێکدا کۆی داهاتی گشتی عێراق بە هەردوو داهاتی (نەوتی و نانەوتییەوە)، بریتی بووە لە (114 ترلیۆن و 349 ملیار و 739 ملیۆن و 335 هەزار) دینار. واتە بڕی (19 ترلیۆن و 470 ملیار و 845 ملیۆن و 870 هەزار) دیناری بەڕێژەی (11.5%) لە داهاتی گشتی ماوەتەوە و سەرڕێژی کردووە. بەڵام لە مانگی تەموزی ساڵی (2024) ڕێژەیەکی بەرزی کوردتهێنان ڕویداوەو گەیشتووە بە (4 ترلیۆن و 41 ملیار و 24 ملیۆن و 233 هەزار) دینار بە ڕێژەی (35%). سەبارەت بە وردەکاری سێ چارەکی یەکەمی ساڵی (2024) بڕوانە (خشتەو چارتی ژمارە (4)). خشتەو چارتی ژمارە (4)   پێنجەم: خەرجی سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق لە سێ چارەکی یەکەمی 2024 لە سێ چارەکی یەکەمی ساڵی (2024)، کۆی خەرجییەکانی هەر سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق (ئەنجومەنی نوێنەران، سەرۆکایەتی کۆمار و ئەنجومەنی وەزیران)، بە هەردوو خەرجی (بەگەڕخستن و وەبەرهێنان)ەوە، بریتی بووە لە (8 ترلیۆن و 3 ملیار و 972 ملیۆن و 202 هەزار) دینار. بە جۆرێک؛ 1.    ئەنجومەنی نوێنەران بڕی (441 ملیار و 83 ملیۆن و 102 هەزار) دیناری خەرجکردووە، لەو بڕەش تەنها (126 هەزار) دیناری لە بواری خەرجی وەبەرهێنان بووە. 2.    سەرۆکایەتی کۆمار بڕی (43 ملیار و 499 ملیۆن و 304 هەزار) دیناری خەرجکردووە، سەرجەم خەرجییەکانی لە بابی خەرجی بەگەڕخستن بووە. 3.    ئەنجومەنی وەزیران بڕی (7 ترلیۆن و 519 ملیار و 389 ملیۆن و 795هەزار) دیناری خەرجکردووە، بڕی (6 ترلیۆن و 90 ملیار و 558 ملیۆن و 152 هەزار) دیناری بە ڕێژەی (81%) لە چوارچێوەی خەرجی بەگەڕخستن و بڕی (ترلیۆنێک و 428 ملیار و 831 ملیۆن و 642 هەزار) دیناری بە ڕێژەی (19%) بۆ وەبەرهێنان بەخەرج دراوە. بۆ وردەکاری خەرجی سێ سەرۆکایەتییەکە لە سێ چارەکی یەکەمی ساڵی (2024) بڕوانە (خشتەو چارتی ژمارە (5)). خشتەی ژمارە (5) شەشەم: تەمویل کردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سێ چارەکی یەکەمی 2024 پاڵپشت بە ڕاپۆرتەکانی وەزارەتی دارایی عێراق لە سێ چارەکی یەکەمی ساڵی (2024)، بڕی (8 ترلیۆن و 858 ملیار و 932 ملیۆن و 312 هەزار) دینار، تەمویلی حکومەتی هەرێمی کوردستان کراوە. بە جۆرێک؛ 1.    لەمانگەکانی (کانونی دووەم، شوبات و ئازار) بە بڕی (ترلیۆنێک و 683 ملیار و 729 ملیۆن و 463 هەزار) دینار، تەمویلی حکومەتی هەرێم کراوە. 2.     لەمانگی (نیسان) بە بڕی (ترلیۆنێک و 541 ملیار و 890 ملیۆن و 682 هەزار) دینار، تەمویلی حکومەتی هەرێم کراوە. 3.    لەمانگی (ئایار) بە بڕی (784 ملیار و 748 ملیۆن و 622 هەزار) دینار، تەمویلی حکومەتی هەرێم کراوە. 4.    لەمانگی (حوزەیران) بە بڕی (ترلیۆنێک و 62 ملیار و 999 ملیۆن و 221 هەزار) دینار، تەمویلی حکومەتی هەرێم کراوە. 5.    لەمانگی (تەموز) بە بڕی (ترلیۆنێک و 497 ملیار و 245 ملیۆن و 486 هەزار) دینار، تەمویلی حکومەتی هەرێم کراوە. 6.    لەمانگی (ئاب) بە بڕی (186 ملیار و 812 ملیۆن و 90 هەزار) دینار، تەمویلی حکومەتی هەرێم کراوە. 7.    لەمانگی (ئەیلول) بە بڕی (2 ترلیۆن و 101 ملیار و 506 ملیۆن و 745 هەزار) دینار، تەمویلی حکومەتی هەرێم کراوە. بۆ وردەکاری تەمویلکردنی حکومەتی هەرێم لە سێ چارەکی یەکەمی ساڵی (2024) بڕوانە (خشتەو چارتی ژمارە (6)). خشتەی ژمارە (6)   سەرچاوەکان؛ ڕاپۆرتەکانی وەزارەتی دارایی عێراق -    حساب الدولة لغایة کانون الثاني لسنة 2024 للموازنە الاتحادیة -    حساب الدولة لغایة شباط لسنة 2024 للموازنە الاتحادیة -    حساب الدولة لغایة آذار لسنة 2024 للموازنە الاتحادیة -    حساب الدولة لغایة نیسان لسنة 2024 للموازنە الاتحادیة -    حساب الدولة لغایة ایار لسنة 2024 للموازنە الاتحادیة -    حساب الدولة لغایة حزیران لسنة 2024 للموازنە الاتحادیة -    حساب الدولة لغایة تموز لسنة 2024 للموازنە الاتحادیة -    حساب الدولة لغایة أب لسنة 2024 للموازنە الاتحادیة -    حساب الدولة لغایة أیلول لسنة 2024 للموازنە الاتحادیة http://www.mof.gov.iq/pages/MOFPublicReports.aspx  


(درەو):  سودانی هەمواری ماددەی 12ی یاسای بودجەی بردوەتە ناو كۆبوونەوەی ئیئتیلافی (ئیدارەی دەوڵەت)، وتویەتی ئەم هەموارە گرنگە بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم، هیچ لایەنێك دژی هەموارەكە نەبووە، ئەمە بەپێی قسەی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق. شاخەوان عەبدوڵا جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لە پشكی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاشكرایكرد" جیا لە رێككەوتنی نێوان هەردوو حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵی، هەفتەی رابردوو، سەرۆك وەزیران بابەتی هەمواری یاسای بوجەی هێناوەتە ناو كۆبوونەوەی ئیئتیلافی ئیدارەی دەوڵەت و باسی لەوەكردووە چەند گرنگە ئەم یاسایە هەموار بكرێتەوە بۆ ئەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان هەناردە بكرێتەوە". بەگوێرەی قسەی جێگری سەرۆكی پەرلەمان، لە كۆبوونەوەی ئیئتیلافی ئیدارەی دەوڵەتدا (واتا ئەو لایەنانەی كە پێكەوە كابینەی حكومییان پێكهێناوە)، سودانی باسی لەو بارودۆخە كردووە كە بۆچی نرخی بەرهەمهێنانی هەر بەرمیلێك نەوت لە كوردستان 16 دۆلارەو وتویەتی:" ئەمە كەمترین نرخە، لەبەرئەوەی ناوچەی كوردستان و گرێبەستەكانیان جیاوازن".  "لە كۆبونەوەی ئیدارەی دەوڵەتدا سودانی زەمینەیەكی دروستكردو هیچ هێزێكی سیاسی دژی نەبوون، تا لەناو پەرلەمان دژایەتی بكرێت" شاخەوان عەبدوڵا وا دەڵێ.  هەمواری مادەی ١٢/دووەم/ ج لە یاسای بودجەی سێ ساڵەی فیدڕاڵی كە تایبەتە بە دەستكاریكردنی نرخی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت لە كوردستان، لەلایەن حكومەتەوە رەوانەی پەرلەمان كراوەو ئەمڕۆ لیژنەی دارایی پەرلەمان گفتوگۆی لەسەر كرد.  جێگری سەرۆكی پەرلەمان وتی:" ئەمڕۆ خوێندنەوەی یەكەم بۆ هەموارەكە دەكرێت و رۆژی پێنج شەممە خوێندنەوەی دووەمی بۆ دەكەین، لە هەفتەی داهاتوودا هەوڵدەدەین دەنگی لەسەر بدرێت و بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە، ئەمە تاكە بەربەستە كە تائێستا لەبەردەم هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمدا ماوەتەوە".  هەمواری مادەی ١٢/دووەم/ ج لە یاسای بودجەی سێ ساڵەی فیدڕاڵی، تایبەتە بە تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوتی هەرێم، كە تێیدا لەبری (6 دۆلار)، بۆ بەرهەمهێنان و گواستنەوەی هەر بەرمیلێك لە نەوتی هەرێم بڕی (16 دۆلار) دیاریكراوە، ئەمە تا ئەوكاتەی لەماوەی 60 رۆژدا کۆمپانیایەکی پسپۆری نێودەوڵەتی؛ خەمڵاندنێکی راستەقینەو دادپەروەرانە دەکات بۆ تێچووی بەرهەمهێنان لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێم و لەسەر ئەم بنەمایە نرخێكی نوێ دەچەسپێندرێت.  ئەم هەموارە كە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵەوە پەسەندكراوەو رەوانەی پەرلەمان كراوە، سەرباریی دڵنیاییەكەی شاخەوان عەبدوڵا، پێشبینی دەكرێت هەموارەكە رووبەڕووی ناڕەزایەتیی پەرلەمانتارانی شیعە ببێتەوە. لەدوای راوەستانی هەناردەی نەوتی هەرێم لە 25ی ئازاری 2023وە، یەكێك لە ناكۆكییە سەرەكییەكانی نێوان هەولێرو بەغداد بریتی بوو لە نرخی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت، كە لە یاسای بودجەی عێراقدا بڕی 6 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك دیاری كرابوو، حكومەتی هەرێم و كۆمپانیا بیانییەكان بەم نرخە قایل نەبوون.  لەسەر بنەمای ئەم رێككەوتنەو هەمواری یاسای بودجە، وەكو كەمال محەمەد وەزیری سامانە سروشتییەكانی هەرێم بە وەكالەت دەڵێ، پێشبینی دەكرێت لەسەرەتای ساڵی ئایندەوە هەناردەی نەوتی هەرێم بە بۆری بۆ بەندەری جەیهانی توركیا دەستپێبكاتەوە.


* بەهرۆز جەعفەر عێراق بە هەشتەمین وڵاتی عەرەبی دادەنرێت لەڕووی بەکارهێنانی غازەوە. بەهۆی زیادبوونی خواست لەسەری لە ناوخۆدا؛ عێراق دەمێکە بەدەست کەمی بەرهەمهێنانی ئەو سووتەمەنییە بەردینیەوە دەناڵێنێت، ئەمەش وای لێدەکات پشت بە هاوردەکردن ببەستێت. کورتهێنانی ئەو غازەی لە عێراق بەرهەم دێت دەبێتە هۆی بەربەست لەبەردەم کەرتی بەرهەمهێنانی کارەبا. نیزیکەی دوو دەیەیە دەوڵەت بەڵێن دەدات کە کێشەی بەرهەمهێنانی گازی سرووشتی لەناوخۆدا چارەسەربکات؛ ئەگەر تەماشای داتاکان بکەین، ساڵ لەدوای ساڵ ئاستی بەکاربردن زیادیکردوە؛ ئەمەش مانای وایە بەڵێنەکانی دەوڵەت وەک دەرکەوتنی سەرابن لە بیاباندا. بەکارهێنانی غازی سروشتی عێراق لە ماوەی ساڵی 2021دا بۆ 18.9 ملیار مەتر سێجا زیادی کردووە، بەراورد بە 16.8 ملیار مەتر سێجا لە ساڵی 2020،  ساڵی 2023 خواست لەسەر غاز نزیکەی 20 ملیار مەتر سێجا بوە. لە 2024 دا، ئەگەرچی لە لایەک عێراق بانگەشەی ئەوە دەکات بۆ کۆتایی ساڵ (70%) ی گاز لەناوخۆدا بەرهەم دێت؛ هەروەها گرێبەستی لەگەڵ تۆتاڵ ئینرجی فەڕەنسی بە بەهای (27) ملیار دۆلار هەیە بۆ چارەسەرکردنی ئەم گرفتەو بایەخدان بە وزە نوێبوەوەکان، کەچی دەبینین عێراق دەچێت لەگەڵ تورکمانستان گرێبەستێک بۆ هاوردەکردنی تەنها (25) ملیۆن پێ سێجا گاز واژۆ دەکات! لەکاتێکدا کێڵگەیەکی وەک کۆرمۆر لەناو عێراقدا و لەژێر ئیدارەی هەرێمی کوردستاندا ئێستا زیاتر (500) ملیۆن پێ سێجا گازی ڕۆژانە بەرهەم دەهێنێت، پلان و باوەڕوایە لەساڵانی ئایندەدا ئاستی بەرهەم تیایدا بگاتە نیزیکەی ملیۆنێک پێ سێجا لە ڕۆژێکدا؛ کەچی بینیمان لە بری سووپاسی خواو نیعمەتەکەی، لە دوو ساڵی ڕابردوودا چەندین جار ئەم کێڵگەیە کەوتە بەر هەڕەشەی درۆن و کاتیۆشاکانی هێزە میلیشیاکانی عێراق! وەزیری نەوتی عێراق، حەیان عەبدولغەنی، لە پەراوێزی چالاکییەکانی هەشتەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتی ئۆپێک لە ڤیەننا، بە ئاژانسی هەواڵی ئیمارات ی وام- WAM ی وتوە کە؛ "عێراق خاوەنی یەدەگی نەوتی زۆرە کە دەگاتە 144.5 ملیار سێجا مەتر نەوت و زیاتر لە 133 تریلیۆن پێ سێجا ستانداردی غاز." بەڵام گرفتە گەورەکە ئەوەیە چەندین دەیەیە عێراق گازەکەی خۆی بەخۆڕایی دەسووتێنێت و هەوا پیس دەکات، کە ئەوە سامانی نیشتیمانییە لە بری "پرێس"ی بکات و سوودی لێ ببینێت، ژینگە پیس دەکات، بە ملیۆنەها مۆلیدە لە بەغدای پایتەختدا دووکەڵی ڕەش دەکەن و ژاوە-ژاو درووست دەکەن، بەڵام دەوڵەتەکە دەچێت گاز لە دەرەوە هاوردە دەکات؟ بە گشتی ئەم بابەتە کێشەی جۆراوجۆری بۆ عێراق دروست کردووە وەک کارەساتی ژینگەیی، پیسبوونی هەوا، کێشەی سیاسی و جیۆپۆلەتیکی، هەروەها کێشەی دارایی وەک ساڵانە نزیکەی  (5- 7) ملیار دۆلار بۆ کڕینی غاز دەڕوات!  دوو جۆر غاز هەن، یەکەمیان پەیوەندی بە دەرهێنانی نەوتەوە هەیە و دەیان ساڵە لە عێراقدا ئەو  گازەی لەگەڵ بەرهەمهێنانی نەوتەکەدا بەرهەم دێت بە خۆڕایی سووتاوەو بە فیڕۆ چوە (تا کەی ئەم گڕە بە ئاسماندا بچێ)،   ئەم عێراقە زۆرجار لە پلەی دووەمی جیهاندایە لە دوای ڕوسیا لە سودمەندنەبوون لەمجۆرە گازە، ئەمە بە پێی دەستوری عێراقیش سامانێکی نیشتیمانییە کە بەشێکە لە بەرژوەندییەکانی خەڵک و نیشتیمان.  دووەم جۆری گاز لە کێڵگە غازییەکان دەردێت و لە ڕێگەی بۆڕییەوە دەگوازرێتەوە بۆ ئەوەی سوودی لێ وەربگرێت یان گۆڕینی بۆ فۆڕمی شل بۆ ئەوەی لە ڕێگەی تانکەرەکانەوە بەسەر دەریاکاندا بگوازرێتەوە بۆ وڵاتانی بەکاربەر، یان لەناوخۆی وڵاتدا لەناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی تر دەگوازرێتەوە.  عێراق پێویستی بە ئاراستەکردنی وەبەرهێنانەکانە بۆ کەرتی غاز، کە لە ساڵی (2005) ڕاگەیەندراوە، بەڵام ئەمە بە چەند هۆکارێک نەگەیشتووەتە قۆناخی دڵخۆشکەر، لەوانە نەبوونی ستراتیژێکی واقیعی بۆ پێشخستنی پیشەسازی غاز، بەتایبەتی کە نوێنەرایەتی دەمارێکی سەرەکی ئابوریی دەکات لە بەرهەمهێنانی کارەبا و پێداویستیی ماڵان.  عێراق خاوەنی یەدەگی غازی گەورەیە، بەڵام تا ئێستا نەیتوانیوە بەشێوەیەکی دروست پەرەی پێبدات، ئەمەش کێشەی گەورەی بۆ خۆی و بۆ بازاڕەکانی وزەی جیهانی دروستکردووە. کێشەی یەکەم ئەوەیە کە عێراق تا لەسەدا 40ی پێداویستییەکانی وزە وابەستەی ئێرانی دراوسێ دەمێنێتەوە، کە لەڕێگەی دابینکردنی غاز و کارەباوە هاوردە دەکرێت، ئەمەش وایکردوە عێراق ببێتە پاشکۆی ئێران، هەرکاتێک ئێران بینی سیاسەتی حکومەت لە عێراقدا بە بەرژەوەندیی ئەو ناڕوات کارەبا لەسەر بەغدا دەکوژێنێتەوە، بەتایبەتی ئەگەر هاوین بێت، خەڵکی لە ڕەنگە لە حکومەت ڕابپەڕن و، کابینەکە بڕوخێنن. لەم کۆتایی 2024 ەدا، کاتێک دەبینین کە نوری مالیکی و چەند کەسێک خواستی دوورخستنەوەی "موحەمەد شەیاع سودانی"یان لەسەرۆکایەتی حکومەت و پرۆسەی سیاسیی نەشاردۆتەوە، ئێرانیش هەناردەکردنی گازی سرووشتی بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا لە بەغدا ڕادەگرێت.   ئەوەی ئێمە ئیشی لەسەر دەکەین کاری لێکۆڵینەوەی زانستییە، بەڵام جار-جاریش ڕووبەڕووی واقیعی تراژیدیی (ڕەنگە کۆمیدیاش بێت) دەبینەوە. هاوینی ئەمساڵ لە چوارچێوەی کارەکانمان لە "پەیمانگەی مێدیتریانە بۆ توێژینەوەی هەرێمایەتی" پرۆژەیەکمان بۆ چارەسەرکردنی بە فیڕۆدان یان سووتانی گاز (Gas Flaring) لە عێراق دا بە ئەنجومەنی وەزیران، دوای ئەوە ڕاوێژکارێکی سەرۆکی حکومەتی عێراق هاتە سلێمانی، بۆمان ڕوونکردەوە کە ئەمە کێشەکەیە، ئەو بەنیزیکەیی وتی؛ ئەم ئیشەی ئێوە لای ئێمە جێبەجێ نابێت!؟ بۆ!؟ چوونکە عێراق واتە ئێران، ئەوانەی دەوڵەت بەڕێوە دەبەن دەیانەوێ گاز لە ئێران بکڕن (بەنرخی گرانتر لەبازاڕیش) بۆ ئەوەی دۆلار بگاتە دەستی ئێران، بۆیە ڕێگەنادەن ئێوە بەسەرپەرشتی حکومەت ئەم پرۆژە زانستییە چێ بکەن. زۆری پێ نەچوو، پرۆژەیەکی دیکەمان لەمیانەی بەرز ڕاگرتنی ئاسایشی نیشتیمانی و مرۆییدا، لەمەڕ مادە هۆشبەرەکان دا بە برادەرانی حکومەت، چوومە بەغدا دوو برادەری پەیوەست بەم هەوڵەم بینی، ئەوانیش، هەر بەنیزیکەیی دەیانوت: ئەمە کێشەتان بۆ درووست دەکات، چوونکە بەشێکی زۆر لە بازرگانی ماددە هۆشبەرەکان بە تایبەت لەباشوری عێراق بەرپرسانی چەکداری لە پشتەو، هەروەها لە وڵاتی ناوچەکەوە دەیهێنن! لەوکاتەوە، هەستم کردوە، عێراق بەمانا مەعنەویی و سیاسییەکەی دەوڵەت نییە؛ چوونکە ناسنامەی هاوبەشی نییە، بەرژەوەندیی هاوبەشی نییە، سەروەری نییە، هێزی دەوڵەتیش لە عێراقدا بەدەست دامەزراوە شەرعییەکانەوە نییە. هەر لەو کاتەوە چ بۆ عێراق و چ بۆ هەرێمی کوردستان دڵنیاتربوومەتەوە کە چارەسەری پرسە هەنووکەییەکان لەناوەوەن، پێویست ناکا ملیارەها لەگەڵ دەرەوە خەرج بکەین، عێراق هاوکاری ئێمەی بکردایە بەنیزیکەیی بە خوتو خۆڕایی کێشەکەمان چارەسەر دەکرد، کەچی ئەوە ساڵێکە گرێبەستی لەگەڵ تۆتاڵ کردوە بە (27) ملیار و لە ئاستی واقیعدا یەک سانتیمەتر نەچۆتە پێش لەو هەوڵەدا و هیچیش جێبەجێ نەکراوە؛ پێویست ناکا ئێمە ملیۆنەها دۆلار بۆ لۆبی لە ئیدارەکەی ترامپ خەرج بکەین، وەڵامی پرسیارەکان لێرەن لە هەرێمی کوردستان؛ ئایا دەمانەوێ دامەزراوەی دارایی و سەربازیی و سیاسیی درووست بکەین یان نا؟ پێویست ناکا عێراق هانا بۆ کۆمکاری عەرەبی و کۆمەڵگەی جیهانی ببات لەمەڕ هەڕەشەکانی ئیسرائیل، ئایا دەتوانێت نوجەباو حیزبوڵای عێراق هەڵبوەشێنێتەوە کە تائێستا (٣١٢) جار وتویانە هێرشمان کردۆتە سەر ئیسرائیل؟! پرسی سووتان و بەهەدەردانی گاز لە عێراقدا ڕێگرێکی سەرەکییە لەبەردەم گەشەپێدانی ئابووری و دارایی دا، ساڵێک پێشتر ڕاوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق، مەزهەر محمد ساڵح، مەزەندەی کردووە کە زیانەکانی سووتاندن و هاوردەکردنی غاز ساڵانە ١٢ ملیار دۆلارە! ئەمە تێچوویەکی گەورەیە بۆ سەرچاوە نەوتییەکان و بۆ سەرچاوە داراییەکان وڵاتەکە. هاوشێوەی هەرێمی کوردستان، بەڕێوەبردنی کێڵگە نەوتییەکان لە عێراقدا بەگشتی پێویستی بە پێداچوونەوە هەیە. بەتایبەتی لەڕوانگەی نیگەرانییە ژینگەییەکانەوە لە سەرتاسەری عێراق. پێویستە حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان بە باشی ئاگاداری ئەو گازە زیانبەخشانە بن کە لە کاتی پرۆسەی بەرهەمهێنانی نەوتدا دەسوتێن و بڕێکی زۆر لە کاربۆن و گازە زیانبەخشەکانی دیکە بۆ بەرگە هەوا دەردەکەن. هەروەها چاودێریکردنی کۆمپانیا نەوتییەکان و پابەندکردنیان بە نەسوتاندنی ئەو گازانەی کە لەگەڵ نەوتدا بەرهەم دەهێنرێن، کە بە گازی پەیوەندیدار  (گازی هاوەڵ-Associated Gas) ناسراون، ئەم گازە زیانبەخشانە دەبێت بە شێوەیەکی زانستی مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت، بۆ نموونە؛ دەگەڕێندرێنەوە بۆ بیرە نەوتییەکان و بە جۆرێک لە جۆرەکان پرێس دەکرێن، کۆدەکرێنەوە و پاڵاوتنیان بۆ دەکرێت و دواتر لە ئەنجامی پرۆسێسەکەدا بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا یان هۆکاری تر بەکاربهێندرێت. بەگوێرەی ئاماری بانکی نێودەوڵەتی، بەهای ئەو غازەی ساڵانە سووتاوە و بەفیڕۆ دەچێت لەگەڵ نەوتی عێراق نزیکەی دوو ملیار دۆلارە. سەرەڕای ئەمەش، بەکارهێنانی هایدرۆجینی سەوز لە پیشەسازییەکانی وەک ئاسن و چیمەنتۆ و پاڵاوگەکاندا نوێنەرایەتی ڕێبازێکی ئومێدبەخش دەکات بەرەو کەمکردنەوەی قەبارەی دەردانی کاربۆن لە عێراق، هەروەها کاراترکردنی ئاستی بەرهەمهێنانی کۆمپانیاکان، ئەمەش هاوتەریبە لەگەڵ هەوڵە جیهانییەکان لەم بوارەدا بۆ باشترکردنی کارایی وزە و پاراستنی ژینگە. بەڵام گەیشتن بەم ئامانجانە پێویستی بە چارەسەرکردنی ئەو ئاستەنگە تەکنیکی و ئابووری و یاساییانە هەیە کە ڕووبەڕووی پیشەسازی نوێ دەبێتەوە.


درەو: ڕاپۆرتی ناوەندی ئیمارات بۆ سیاسات پوختە # تورکیا بە کەڵک وەرگرتن لە پێگەی ستراتیژی و ژێرخانە کەی، بە خێرایی بەرەو بەهێزکردنی زیاتری پێگەی خۆی وەک ناوەندێکی هەرێمی بۆ بازرگانی غازی سروشتی هەنگاو دەنێت. لە چەند مانگی ڕابردوودا چەندین ڕێکەوتنی واژۆ کردووە کە پەرە بە هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی غاز دەدات، هەندێک لەو ڕێککەوتنانە نەرمیان تێدایە، بەو پێیەی ڕێگەی بۆ خۆش دەکەن غازەی دەیکڕێت لە بازاڕەکانی ئەوروپادا بیفرۆشێتەوە. # ستراتیژی تورکیا لە بواری "غاز"دا لەسەر بنەمای پەرەپێدانی ژێرخانی دامەزراوەکانی؛ بە زیادکردنی توانای وێستگەکانی شلکردنەوەی غاز، فراوانکردنی توانای عەمبارکردن، واژۆکردنی ڕێککەوتننامەی ستراتیژی هەناردەکردن لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا، دەستەبەرکردنی پێداویستییە نوێیەکان لە ڕێگەی ڕێککەوتنە درێژخایەنەکانەوە، وەستاوە. # تورکیا پێشبینی دەکات لە (10) ساڵی داهاتوودا ساڵانە نزیکەی (100 ملیار) مەتر سێجا غاز دابین بکات، بەمەش دەتوانێت پابەندییەکانی بەرامبەر وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا جێبەجێ بکات. هەروەها هەوڵدەدات هاریکارییەکانی لەگەڵ میسر لە بواری غازدا فراوانتر بکات، هاوکات لە ڕێگەی ڕێککەوتننامەی گەڕان بەدوای نەوت و غاز لە ئاوە هەرێمییەکانی سۆماڵ، دەرفەتی نوێ بڕەخسێنێت لەم بوارەدا. # تورکیا لە ڕێگەی ئەم ستراتیژەوە هەوڵ دەدات ڕۆڵی خۆی وەک ناوەندێکی وزە لە ناوچەکەدا بەهێز بکات، کاریگەریی هەرێمی خۆی بۆ وڵاتانی ڕۆژهەڵات و باشووری ئەوروپا درێژ بکاتەوە، کە بەهۆی ڕاگرتنی هەناردەی غازی ڕووسیاوە ڕووبەڕووی قەیران بوونەتەوە. پێدەچێت واشنتۆنیش ڕێگر نەبێت لەم هەوڵانەی تورکیا، بە مەرجێک تورکیا نەبێتە ناوەندێک بۆ دووبارە فرۆشتنەوەی غازی ڕووسیا و دەربازکردنی لە سزاکانی ڕۆژئاوا. # تورکیا لە ساڵی (2023)ەوە دەستیکردووە بە ئەنجامدانی ڕێککەوتنەکانی بۆ هاوردەکردنی غاز، ئەمەش هەنگاوێکی گرنگە لە ستراتیژەکەیدا بۆ دەستەبەرکردنی پێداویستییەکانی غاز و بوون بە ناوەندێکی جیهانی بۆ بازرگانی غازی سروشتی. تورکیا لە دوای ئەڵمانیا، بەریتانیا، ئیتاڵیا و فەرەنسا، پێنجەم گەورەترین بازاڕی غازی سروشتی هەیە لە ئەوروپا، زیاتر لە (20 ملیۆن) بەشداربووی ماڵان، بازرگانی و پیشەسازی هەیە و ساڵانە نزیکەی (50 ملیار) مەتر سێجا بەکاردەبات. پێداویستی و سەرچاوەکانی غازییەکانی تورکیا بەگوێرەی ڕاپۆرتی دەستەی ڕێکخستنی بازاڕی وزەی تورکیا (EPDK) بۆ ساڵی 2023، بڕی غازی سروشتی بەرهەمهێنراوی ناوخۆ لە تورکیا نزیکەی (807.28 ملیۆن) مەتر سێجا بووە. ئەم بڕە بە واتای بەرزبوونەوەی ڕێژەی (112.5%)ی بڕی بەرهەم هێنراوی غاز بە بەراورد بە ساڵی پێشوو. هۆکاری ئەمەش دۆزینەوەی غازە لە دەریای ڕەشدا لە ساڵی (2020)، دوای سێ ساڵ کارکردنی تێیدا، ئەو غازەی لە دەریای ڕەشدا دۆزراوەتەیەوە لە لە ساڵی (2023)دا گەیشتە قۆناغی بەرهەمێهنان و بەرهەمەکەشی خرایە ناو سیستەمی غازی ناوخۆیی. گەورەترین دۆزینەوەی غازی سروشتیش لە کێڵگەی غازی ساکاریا بوو لە دەریای ڕەش (کە بەپێی سەرچاوە فەرمییەکانی حکومەت بە یەدەگەکەی بە نزیکەی 710 ملیار مەتر سێجا مەزەندە دەکرێت، جگە لە هەندێک دۆزینەوەی دیکە کە دواتر ڕاگەیەندرا)، توانای بەرهەمهێنانیش تێیدا گەیشتە (6 ملیۆن) مەتر سێجا لە ڕۆژێکدا ، واتە دابینکردنی پێداویستی غازی سروشتی (2 ملیۆن و 600 هەزار) هاوبەشی ماڵان لە ناوخۆی تورکیادا. لەگەڵ بەرهەمهێنانی ئەو غازەی کە لە کێڵگەکانی ترەوە بەرهەم دێت، بەرهەمی ڕۆژانەی تورکیا نزیک دەبێتەوە لە (7.5 ملیۆن) مەتر سێجا (واتا نزیکەی 15%ی پێویستی ڕۆژانەی). ئەمەش ئەو ڕاستییە دەردەخات تورکیا لە یەدەگی غازی سروشتیدا هێندە دەوڵەمەند نییە، کە بتوانێت پێداویستییەکانی خۆی دابین بکات، بۆیە لە ڕێگەی بۆرییەوە غاز لە دراوسێکانیەوە هاوردە دەکات، لەوانە؛ ئێران (لە ڕێگەی بۆریی غازی سروشتی ئێران-تورکیا)، ئازەربایجان (لە ڕێگەی بۆریی تاناپ و هێڵی بۆری گازی سروشتی باکو-تبلیسی-ئەرزرۆم) و ڕووسیا (لە ڕێگەی بۆرییەکانی تورک ستریم و بلو ستریم)ەوە. بەگوێرەی ڕاپۆرتی دەستەی ڕێکخستنی بازاڕی وزەی تورکیا، کە پێشتر ئاماژەی پێکرا، لە ساڵی (2023)دا زیاتر لە (50 ملیار) مەتر سێجا غازی سروشتی هاوردە کراوە، غازی هاوردەکراوی ڕووسیا لە پلەی یەکەمدایە بە پشکی نزیکەی (42%)، دوای ئەویش ئازەربایجان بە پشکی نزیکەی (20%)، پاشان وڵاتانی دیکە، کە بریتین لە جەزائیر، ئێران، ئەمریکا و میسر، لەگەڵ (8) وڵاتی دیکە کە بڕی کەمتر لە (1 ملیار) مەتر سێجا غازیان لێوە هاوردەکراوە، (خشتەی (1)) سەرنج بدەن. لە ساڵانی پێشوودا، تورکیا لە نزیکەی سی وڵاتەوە غازی سروشتی هاوردە دەکرد، لە نێویشیاندا نەیجیریا، قەتەر و ئەنگۆلا. هەروەها لە ساڵی (2023)دا (14.270 ملیار) مەتر سێجا غازی شلی سروشتی (LNG) هاوردە کراوە، کە دەکاتە (28.27%)ی کۆی غازی هاوردەکراو.   وەک لە (خشتەی (2))دا دەردەکەوێت، هەرچەندە تورکیا هاوردەکاری غازی سروشتییە، بەڵام لە هەمان کاتدا هەناردەکاریشە، بەڵام بەبڕی ئاستێکی زۆر کەمتر. ئەمەش بەهۆی هەڵکەوتە جوگرافییەکەیەوە کە یارمەتیدەرە بۆی و وایکردووە ببێتە ناوچەیەکی ترانزێت بۆ بۆری غازی سروشتی، هەروەها بەهۆی ئەوەی توانای شل (چارەسەر) کردنی ئەو غازەی هەیە کە لە دەرەوە دەیکڕێت و بیفرۆشێت بە وڵاتانی دیکەی وەک یۆنان و بولگاریا و وڵاتانی ئەوروپای ڕۆژهەڵات.   لە ساڵی (2023) کۆمپانیای بۆری نەوتی تورکی "بۆتاش" غازی لە ڕێگەی بۆرییەوە هەناردەی وڵاتانی (یۆنان، ڕۆمانیا و بولگاریا) و غازی شل (LNG)یشی بۆ بولگاریا، سربیا و سویسرا کردووە. هەروەها کۆمپانیای (Tmak Natural Gas) غازی شل (LNG)ی هەناردەی کۆماری مەقدۆنیای باکوور کردووە. بەم پێیە هەناردەکردنی غازی شل لە ساڵی (2023)دا نزیکەی (23.13%)ی کۆی هەناردەکردنی غازی پێکهێناوە کە دەکاتە (٨٩٦.٣ ملیۆن) مەتر سێجا، بە پێیەش بەراورد بە ساڵی (2022) بە ڕێژەی (54.15%) زیادیکردووە. ستراتیژی نوێ لە ساڵی (2017)دا پارتی فەرمانڕەوا "پارتی داد و گەشەپێدان" بە گرنگیدان بە سیاسەتەکانی وزەی نیشتمانی و ناوخۆیی بەڵگەنامەی نیشتمانی سیاسەتی وزەی ڕاگەیاند (MEMP) بۆ یەکەمجار وڵاتەکە سەرنجی خستە سەر وەبەرهێنان لە ژێرخانی وزەدا لەو چوارچێوەیەدا سێ لاوە سەکۆی هەڵکەندن و کونکردنی لە ناوچە ئاوییەکانی دەوربەری وڵاتەکەی دامەزراند و یەکەو ژمارەو تواناکانی دامەزراوەکانی گۆڕین و هەڵگرتنی غازیان زیاد کرد. لە ئێستادا تورکیا توانای عەمبارکردنی (5.8 ملیار) مەتر سێجاغازی هەیە، ئامانجیشی ئەوەیە تا ساڵی (2028) تواناکەی بگەیەنێتە (10-12 ملیار) مەتر سێجا، بە واتایەکی تر ئامانجی وڵاتەکەیە توانای لە عەمبارکردنی غازی بەلایەنی کەمەوە بگاتە (20%)ی پێداویستییەکانی خۆی. ساڵانە نزیکەی (80 ملیار) مەتر سێجا غاز لە ڕێگەی بەرهەمهێنانی ناوخۆیی و هاوردەکردنەوە دەگاتە تۆڕی نیشتمانی تورکیا و نزیکەی (30 ملیار) مەتر سێجا لەو ژمارەیە هەناردە دەکرێت و دەگوازرێتەوە بۆ وڵاتانی دیکە. بۆیە تورکیا ساڵانە نزیکەی (50 ملیار) مەتر سێجا غاز بەکاردەهێنێت، ئەمەش دەمانگەیەنێتە ئەو ڕاستییەی گەیشتووەتە قۆناغێک کە بتوانێت غازی زیادەی وڵاتەکە هەناردە بکات، ئەمەش هاوتەریبە لەگەڵ ئامانجەکەی کە ببێتە ناوەندێکی بازرگانی وزە. گرنگە بڵێین ئەو فاکتەرەی کە هانی حکومەتی تورکیای دا بۆ پەرەپێدانی ژێرخانی وزەی وڵاتەکە بۆ ئەوەی لە پێداویستییەکانی خۆی تێپەڕێت و هەناردەکردنی زیاد بکات، ئەو پێشهاتانەیە کە لەگەڵ پەتای "کۆڤید-19" و شەڕی ڕووسیا و ئۆکرانیا سەریان هەڵدا. ئەوروپا و دەرفەتی تورکیا پێش هەڵگیرسانی شەڕی ڕووسیا و ئۆکرانیا، ڕووسیا دابینکەری سەرەکی غازی ئەوروپا بوو، نزیکەی (40%) پێداویستییەکانی ئەوروپای دابین دەکرد، ڕووسیا لە سێ ڕێگاوە غازی بۆ ئەوروپا دابین کرد: یەکەم؛ هێڵی نۆرد ستریم، کە ڕاستەوخۆ غازی دەگواستەوە بۆ ئەڵمانیا و لە ڕێگەی ئەوەوە بۆ ئەوروپا و لە ئێستادا ئەو هێڵە لەکارکەوتووە. دووەم؛ ڕێڕەوی ناوەڕاست، کە بە ڕێڕەوی ئۆکراینی ناسراوە، پێشبینی دەکرا لە (2021 - 2024) ساڵانە (40 ملیار) مەتر سێجا غازی سروشتی لە ڕێگەی ئۆکرانیاوە بۆ ئەوروپا بگوازێتەوە، بەپێی ڕێککەوتنێک کە لە 30ی کانوونی دووەمی 2019 لە نێوان کۆمپانای غازی سروشتی ئۆکرانیا "نافتوگاز" و کۆمپانیای “گازپرۆم” “ڕووسی واژۆ کرابوو. بەڵام ماوەی ئەم ڕێککەوتنە لە 31ی کانوونی دووەمی 2024 کۆتایی دێت، ڕووسیا ئامادەیی خۆی ڕاگەیاندووە بۆ درێژەدان بە دابینکردنی غاز، بەڵام ئۆکرانیا دەرگای نوێکردنەوەی ڕێکەوتنەکەی داخستووە. سێیەم؛ رێڕەوی باشوور، کە هێمای ڕێڕەوی گواستنەوەی غازە بۆ ئەوروپا لە ڕێگەی تورکیاوە، لەگەڵ بۆری "تورکستریم" کە لە ساڵی 2020 کەوتە کار و یەکێک لەو دوو بۆرییە کە لە ڕووسیاوە دێت دەتوانێت غاز بگوازێتەوە بۆ تورکیا، لە کاتێکدا ئەوی دیکەش دەتوانێت غاز بگوازێتەوە لە ڕێگەی تورکیاوە بۆ بولگاریا و پاشان بۆ ئەوروپا. بۆیە ئەگەر ڕێکەوتنی "ڕێڕەوی ناوەڕاست" لە ڕێگەی ئۆکرانیا درێژ نەکرێتەوە، تەنها یەک هێڵ دەمێنێتەوە بۆ هەناردەکردن غاز بۆ ئەوروپا، ئەویش ڕێڕەوی باشوورە. توانای ئەم هێڵە (16 ملیار) مەتر سێجایە و ئەم توانایە بە تایبەتی لە ڕووی ئاسایشی پێداویستییەکان بۆ وڵاتانی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا و ناوچەی بەڵکان گرنگ دەبێت. لەو چوارچێوەیەشدا ماوەیەکە تورکیا دانوستانەکانی دەستپێکردووە بۆ زیادکردنی توانای ئەو هێڵەی درێژ دەبێتەوە بۆ بولگاریا کە توانای ئێستای ساڵانە (3.5 ملیار) مەتر سێجایە، بۆ (7 ملیار) مەتر سێجای ساڵانە لە قۆناغی یەکەمدا، پاشان بۆ (10 ملیار) مەتر سێجا. ڕێککەوتنەکانی ئەم دواییەی تورکیا لە کاتێکدا کە ئەمە دۆخی دابینکردنی غازە بۆ ئەوروپا، بەڵام به‌ ڕامان لەو ڕێککەوتنانەی کە تورکیا لە ساڵی ٢٠٢٣ەوە ئەنجامی داوە، ئه‌وه‌ ده‌رده‌خات شه‌ڕی ڕووسیاو ئۆكرانیا ئەو دەرفەتەی بۆ توركیا ڕه‌خساندووه‌ كه‌ بەدوایدا دەگەڕا بۆ دابینكردنی پێداویستی ئه‌و وڵاته‌ ئه‌وروپییانه‌ مه‌ترسییان له‌سه‌ره‌. لە ٣ی كانونی دووه‌می 2023 کۆمپانیای "بۆتاش"ى تورکی ڕێکەوتنێکی لەگەڵ کۆمپانیای بولگارگاز (Bulgargaz) بولگاری واژۆ کرد کە ساڵانە 1.5 ) ملیار) مەتر سێجا غازی سروشتی شل بۆ ماوەی (13) ساڵ هەناردەی تورکیا بکات. یەکەم بار لە مانگی نیسانی 2023 هەناردە کرا، وەزیری وزەی بولگاریا ڕۆزن خریستۆڤ ڕایگەیاند کە ئەم ڕێککەوتنە "نەک تەنها بۆ بولگاریا، بەڵکو بۆ هەموو وڵاتانی باشووری ڕۆژهەڵات و ناوەڕاستی ئەوروپا گرنگە"  لە مانگی ئابی 2023 ڕێککەوتنێکی هەناردەکردنی غازی سروشتی لەگەڵ کۆمپانیای هەنگاری (MVM CEEnergy) واژۆ کرا. بەپێی ڕێککەوتنەکە، بۆ یەکەمجار تورکیا هەنگاوی ناوە بۆ هەناردەکردنی غاز لە ڕێگەی بۆرییەوە بۆ وڵاتێک کە سنووری هاوبەشی لەگەڵدا نییە. تا ئێستا بڕی ئەو غازەی کە لە تورکیاوە دەنێردرێت ڕانەگەیەندراوە، بەڵام بەگوێرەی ڕۆژنامەکانی هەنگاریا، لە ڕێککەوتنەکەدا هەناردەکردنی (275 ملیۆن) مەتر سێجای غاز دیاری کراوە. هەروەها سێیەم ڕێکەوتنی هەناردەکردن بۆ ساڵی ٢٠٢٣ لەگەڵ کۆمپانیای (OMV Petrom)ی ڕۆمانی واژۆ کرا، لە ئەیلولی 2023. ئەم ڕێکەوتنە ڕێگە بە دابینکردنی تا (4 ملیۆن) مەتر سێجا غازی سروشتی دەدات لە ڕۆژێکدا، و ڕێککەوتنەکە لە 31ی ئازاری 2025 کۆتایی دێت. هەروەها لە ئەیلولی 2023 ڕێککەوتنێک لەگەڵ کۆمپانیای (East Gas Energy Trading) واژۆ کرا کە ڕۆڵێکی چالاک دەگێڕێت لە بازاڕی وزەی مۆڵدۆڤا، و ڕێککەوتن لەسەر گواستنەوەی (2 ملیۆن) مەتر سێجا غاز ڕۆژانە بۆ مۆڵدۆڤا. ئامادەکاری بۆ دوای ساڵی 2027 لەگه‌ڵ ئه‌وه‌ی تورکیا ڕێککەوتننامەی گواستنەوەی غاز ئەنجام دەدات، هاوكات دەستیکردووە بە دامەزراندنی ژێرخانی دابینکردنی وزە بۆ دوای ساڵی 2027 خاڵی سەرنجڕاکێشی ئەو ڕێککەوتنانەی بۆ هەناردەکردن کە لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا ئەنجامی داون، ئەوەیە کە گرێبەستەکان درێژخایەنن و درێژدەبنەوە بۆ نزیکەی 10 ساڵی داهاتوو، دەرفەتی بازرگانی نەرم و ئاسنتر بە بەراورد بە ڕێککەوتنەکانی پێشوو ده‌ڕه‌خسێنن. به‌ڵام ئه‌م گرێبه‌ستانه تورکیا پابه‌ند ده‌که‌ن به دابینکردن و هه‌نارده‌كردنی غاز بۆ ئه‌و وڵاتانه، به‌و پێیه‌ی تورکیا په‌نای بۆ زیادکردن و فره‌چه‌شنکردنی سه‌رچاوه‌کانی کڕینی غاز بردوه. "گۆخان سوروش"، سەرۆکی گروپی غاز لە کۆمەڵەی پلاتفۆرمی نەوت و غازی سروشتی (PETFORM) ئاماژە بەوە دەکات کە "کۆمپانیای "بۆتاش"ى تورکی لە ئێستادا بە دوای دڵنیابوون و هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی هاوردەکردنی غازه‌ بۆ پڕكردنه‌وه‌ی ئەو ڕێککەوتنانەی کە بەم زووانە بەسەر دەچێت، ئه‌ویش نەک تەنها بە مەبەستی دابینکردنی غاز بۆ بازاڕی ناوخۆیی، بەڵکو بۆ هەناردەکردنی زیاتره"‌. ئەو دەڵێت: "لەکاتی لێکۆڵینەوە لە ڕێککەوتننامە واژۆکراوەکانی ئەم دواییە، دەبینین کە بۆتاش لەگەڵ تەواوبوونی گرێبەستەکانی ڕوسیا له‌ (2025) و ئێران له‌ (2026) لە ماوەی داهاتوودا بەرەو هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی دابینکردن غاز هەنگاو دەنێت و ڕێککەوتنی نەرم و نیان هەیە کە ڕێگەی پێدەدات ئەو بڕە غازه‌ بنێرێت بۆ وڵاتانی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا بە تایبەتی لەو حاڵەتانەی کە تورکیا پێویستی خۆی زیاتره‌". لەم چوارچێوەیەدا، تورکیا بە پشتبەستن بە ژێرخانی گەشەسەندوو و زیادبوونی تواناکانی لە شلکردنەوە و هەڵگرتنی غازدا، ئەم هەنگاوانەی خوارەوەی گرتەبەر: یەکەم: تورکیا ماوەی ڕێککەوتنی هاوردەکردنی غازی شل (LNG) لەگەڵ جەزائیر کە بڕیار بوو لە ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤ کۆتایی پێبێت، بۆ سێ ساڵی دیکە درێژکردەوە؛ بەپێی ئەو ڕێککەوتنەی کە لە نێوان کۆمپانیای "بۆتاش"ی تورکی و کۆمپانیای سۆناتراک (SONATRACH)ی نیشتمانیی نەوت و گازی جەزائیر واژۆ کراوە، تورکیا ساڵانە (4.4 ملیار مەتر) سێجا غازی سروشتی شل لە جەزائیرەوە هاوردە دەکات. دووەم: لە 30ی کانونی دووەمی 2023، تورکیا ڕێککەوتنێکی دابینکردنی غازی سروشتی شل لەگەڵ عومان واژۆ کرد. بەگوێرەی ئەو ڕێککەوتنەی کە لە نێوان کۆمپانیای "بۆتاش"ی تورکی و کۆمپانیای عومان بۆ غازی شلی سروشتی (LNG) واژۆ کراوە، تورکیا ساڵانە یەک ملیۆن تۆن (1.4 ملیار مەتر سێجا) غازی سروشتی شل هاوردە دەکات بۆ ماوەی 10 ساڵ. پرۆسەکە لە ساڵی 2025 دەست پێدەکات. سێیەم: کۆمپانای بۆتاش لە 9ی ئایاری 2024 لە واشنتۆن ڕێککەوتنێکی لەگەڵ کۆمپانیای "ئێکسۆن مۆبیل"ی ئەمریکی واژۆکرد، بۆ هاوردەکردنی ساڵانە تا 2.5 ملیۆن تۆن (نزیکەی 3.45 ملیار مەتر سێجا) غازی سروشتی شل بۆ ماوەی (10) ساڵ. چوارەم: لە 2ی ئەیلولی 2024، بۆتاش ڕێککەوتنێکی دیکەی لەگەڵ کۆمپانیای شێڵ "Shell"واژۆکرد بۆ دابینکردنی )4 ملیار( مەتر سێجا غازی سروشتی شل ساڵانە، بۆ ماوەی 10 ساڵ. پرۆسەکە لە ساڵی 2027 دەست پێدەکات، بەپێی ڕێککەوتنەکە 8٪ی ئەو غازەی کە بازاڕی تورکیا پێویستی پێیەتی بۆ ماوەی دە ساڵ دابین دەکرێت. ئەم ڕێککەوتنە ڕێگە بە کۆمپانیای "بۆتاش"ی تورکی دەدات کە غازی شلی سروشتی لە وێستگەکانی کۆمپانیای شێڵ لە ئەوروپا وەربگرێت بۆیە ئەگەر تورکیا پێویستی بەو غازە نەبێت لە بازاڕی ناوخۆییدا ئەوا دەتوانێت لە بازاڕی ئەوروپا بە قازانج و نرخی زیاتر بیفرۆشێت، لە کاتێکدا کە پێویستت پێی نەبوو. پێنجەم: تەنها دوو هەفتە دوای واژۆکردنی ڕێککەوتنەکەی لەگەڵ کۆمپانیای شێڵ، کۆمپانیای ۆتاش لە 18ی ئەیلولی 2024 ڕێککەوتنێکی لەگەڵ کۆمپانیای "تۆتال ئینێرجی" لە شاری "هیوستن"ی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا واژۆکرد، بۆ دابینکردنی (16) باری غازی سروشتی شل ساڵانە واتە بە نزیکەی (1.6 ملیار مەتر سێجا) بۆ ماوەی 10 ساڵ، لە ساڵی 2027ەوە دەستپێدەکات. هەروەها لە ڕێککەوتنی "تۆتال ئینێرجی"دا، بۆتاش بەشێکی زۆر لەو غازە سروشتییە ساڵانە لە کارگەکانی بەرهەمهێنان لە ئەمریکاوە وەردەگرێت. وەک لە ڕێککەوتنەکەی لەگەڵ "شێڵ"دا هاتووە، بەهەمان شێوە دەتوانرێت بەشێک لە غازەکە بگەیەنرێتە بازاڕەکانی تورکیا یان ئەوروپا ئەگەر بۆتاش بیەوێت.  بەم پێیە تورکیا پێشبینی دەکات لە ڕێگەی ئەو ڕێککەوتنانەی کە لە ماوەی (10) ساڵی داهاتوو دەکەوێتە سەرپێ لە توانایدا دەبێت نزیکەی (100 ملیار) مەتر سێجا غاز دابین بکات، ئەمەش توانای پابەندبوونی بە گرێبەستەکانی دابینکردنی بۆ وڵاتانی ئەوروپای ڕۆژهەڵات بۆ مسۆگەر دەکات. پڕۆژەکانی داهاتوو تورکیا هەوڵدەدات لە داهاتوودا گرێبەستی هاوردەکردنی غازی زیاتر لەگەڵ مصر واژۆ بکات، دوای ئەوەی تورکیا لەم دواییانەدا پێشکەوتنی گەورەی لە باشترکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ مصردا بەدەستهێناوە، گرنگیدانی خۆی بۆ کێڵگە غازییەکانی میصر لە دەریای ناوەڕاست نەشاردووەتەوە، بایراکتار، وەزیری وزەی تورکیا، لە مانگی ئەیلولی ساڵی ڕابردوودا لە سەردانێکیدا بۆ ئەمەریکا، لەگەڵ هاوتا میسریەکەی لەسەر ئەم پرسە وتووێژی ئەنجامدا. لێرەدا گرنگە ئاماژە بەوە بکەین کە تورکیا و مصر، سۆماڵ بە هاوبەشێکی ستراتیجی دەزانن و هەردووکیان ڕێککەوتنی فراوانکردنی هاوکاری سەربازی و بازرگانییان لەگەڵ مەقەدیشۆدا واژۆ کردووە، ئەمساڵ تورکیا ڕووپێوی بومەلەرزەیی لە ڕووبەری (15 هەزار) کیلۆمەتر چوارگۆشەیی لە سۆماڵ دەستپێدەکات بۆ گەڕان بەدوای نەوت و غازی سروشتی. هەردوو وڵات - تورکیا و سۆماڵ - ڕێککەوتنی بەرهەمهێنان و بەشداریکردنیان لەم بارەوە ئەنجامداوە.       دەقی ڕاپۆرتەکە بە زمانی عەرەبی؛ وحدة الدراسات التركية، توجه تركيا الاستراتيجي في قطاع الغاز الطبيعي: رافِعَة جديدة لتعزيز نفوذها في الساحة الدولية، 20/ نوفمبر 2024؛ https://epc.ae/ar/details/featured/tawajah-turkia-alaistiratiji-fi-qitae-alghaz-altabieii دەقی ڕاپۆرتەکە بە زمانی ئینگلیزی؛ Turkey Studies Unit, Turkiye’s Natural Gas Strategy: A New Lever to Enhance International Influence, 22 Nov 2024; https://epc.ae/en/details/featured/turkiye-s-natural-gas-strategy-a-new-lever-to-enhance-international-influence      



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand