Draw Media

ئەردەڵان عەبدوڵڵا ماوەیەکە تەواوی میدیاکانی جیهان باس لە بەرپابوونی جەنگێکی گەورە دەکەن لە ئۆکرانیا، بەپێی دوایین هەواڵیش بێت، وا پێشبینی دەکرێت کە لەم مانگەدا ، فلادیمیر پوتنی سەرۆکی روسیا دوا بڕیاری خۆی بدات و ئۆکرانیا داگیر بکات. لێرەدا پێخۆشە پێش ئەوەی بێمە ناو باسەکەوە، چەند زانیارییەکی مێژووی بە خوێنەران لەبارەی پەیوەندیی نێوان ئۆکرانیا و روسیا بددەم. هەردوو گەل سەر بە یەک خێزانن کە ئەویش سلاڤییە. لەرووی زمانیشەوە راستە دوو زمانی جیاوازن، بەڵام لەیەکترییەوە نزیکن. لەرووی مێژوویشەوە یەکەمین دەوڵەتی روسیا بەناونیشانی « کیفا روس» لەنزیک کیفی پایتەختی ئۆکرانیا دروست بووە. لە رووی ئاینیشەوە هەردووکیان سەر بە کڵێسەی ئەرتۆدۆکسی مەسیحین،راستە لە ئۆکرانیا بەتایبەتی لەبەشی خۆرئاوادا، کەمێک مەسیحی کاتۆلیکی هەن، لێ زۆرینە مەسیحی ئەرتۆدۆکسین. ماوەی چەندین سەدەیە ئۆکرانیا لەلایەن روسیاوە بەڕێوەبراوەو بەشێک بووە لە ئیمپراتۆریەتی روسیا. دواتریش کە یەکێتی سۆڤێت دروست دەبێت، دەبێتە یەکێک لە کۆمارەکانی ناو یەکێتی سۆڤێت. تەنها لەرووی سیاسیی و ئاینییەوە تێکەڵ نین، بەڵکو لە رووی ئەدەبیی و فەرهەنگیشەوە زۆر تێکەڵن، بۆ نموونە روسەکان گۆگۆل بە باوکی ئەدەبی روسی دادەنێن، گۆگۆلیش چ باوکیی و چ دایکی ئۆکرانی بوون و خەڵكی روسیا نەبوون. بەڵام هەمیشە ئۆکرانییەکان هەستیان کردووە کە روسیای براگەورە دەیانچەوسێنێتەوە یان مافیان دەخوات. لەپاش نەمانی یەکێتی سۆڤێتیش ئۆکرانیا بۆتە وڵاتێکی سەربەخۆ، بەڵام ئەم جیابوونەوەو سەربەخۆبوونەی ئۆکرانیا، بۆ زۆرینەی روسەکان زەحمەتە قبوڵ بکرێت. هەر ئەم قبووڵ نەکردنەش ئەم کێشە گەورەیەی دروست کردووە. دیارە ئەم جەنگە تەنها جەنگی نێوان دوو وڵاتی ئاسایی نییە، بەڵکو کاریگەری گەورەی بەسەر تەواوی جیهانەوە هەیە، چونکە لەلایەکەوە روسیا زلهێزێکی جیهانییە و لە ململانێیەکی سەختدایە لەگەڵ زلهێزێکی تری جیهانی کە ئەویش ئەمریکایە. کێشەی ئۆکرانیاش، یەکێکە لە کێشەکانی نێوان ئەم دوو زلهێزەی جیهان. لەپەنا ئەمریکاشدا، تەواوی ئەوروپا شڵەژاوە، چونکە ئەم وڵاتە دەکەوێتە سەر سنوورەکانی و بەشێوەیەکی راستەوخۆش کاریگەری گەورەی دەبێت بەسەر ئەوروپاوە.  لەلایەکی تریشەوە ئۆکرانیا پێگەیەکی ستراتیژی گرنگی هەیە بۆ جیهان بەتایبەتی بۆ روسیا و ئەمریکا و ئەوروپا. ئەمە یەکەمجاریش نییە کە روسیا پەلاماری ئەم وڵاتە بدات، پێش هەشت ساڵ دورگەی قرمی داگیرکرد و لە بەشی خۆرهەڵاتی ئۆکرانیاشەوە، مۆسکۆ پشتگیریی رووسەکانی ئۆکرانیای کرد، کە دژی حکومەتی ناوەندی بوەستنەوەو بەشێکی ئەو وڵاتە داگیر بکەن. واتە روسیا پێشتر بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ پەلاماری ئۆکرانیای داوە، بەڵام ئێستا دەیەوێت بە راستەوخۆ پەلاماری بدات و هەموو وڵاتەکە داگیر بکات. هۆکاری سەرەکی ئەم جەنگەش دەگەڕێتەوە بۆ فراوانکردنی سنوورەکانی رێکخراو ناتۆ، کە هەمیشە بۆتە مایەی ترسێکی گەورە بۆ روسیا،چونکە لەپاش جەنگی دووەمی جیهانییەوە، زۆربەی چاودێرانی سیاسیی و سەربازیی روسیا لەو باوەڕەدان، نابێت بهێڵن چیتر مەترسی دوژمن بگاتە سەر سنوورەکانیان، هەمیشە ناتۆش وەکو مەترسییەکی گەورە بۆسەر روسیا سەیر دەکرێت. پێدەچێت هەندێک لەو بیانوانەی کە روسیا بۆ ئەم جەنگە دەیهێنێتەوە راست بێت، بەڵام زۆرێک لە چاودێریی سیاسیش پێیان وایە کە ئەم بیانووە راست نییە، چونکە پێشتریش وڵاتانی بەلتیک و ئەسکەندەناڤیا بوونەتە ئەندامی ناتۆ و ئەمانەش هەموویان لەسەر سنووری روسیان. بەڵکو بە پێچەوانە ئەمڕۆ زۆربەی وڵاتانی ئەوروپا، روسیا بە مەترسی دادەنێن و رێکخراوی ناتۆ و ئەمریکاش، وەکو پارێزەر بۆ وڵاتەکانیان دادەنێن. لەلایەکی ترەوە ئەگەر بۆ روسیا بچێتە سەر کە ئۆکرانیا داگیر بکات، ئەوا ئاشتی جیهانی تێکدەچێت، چونکە لە جیهاندا کۆمەڵێک دەوڵەتی بچووک و لاواز هەن، کە دەکرێت بەهەمانشێوە لەلایەن دەوڵەتە گەورەکانەوە پەلامار بدرێن و بەمەش ئاشتی جیهانی تێکدەچێت. هەرچەندە لە ئێستادا دەنگی دەهۆڵی جەنگ زاڵترە، بەڵام کۆمەڵێک هەوڵی ئاشتیش هەیە، بەتایبەتی لەلایەن فەرەنسا و ئەڵمانیاوە، چونکە ئەوان نایانەوێت ئەم جەنگە دروست بێت و ئۆکرانیاش داگیر بکرێت. بەگشتی ئێمەی کورد حەزمان بە جەنگ نییە، چونکە مەینەتیی و ئازاری جەنگمان دیوە، هیوادارین هەوڵە جیهانییەکان بۆ ئاشتیی و هێورکردنەوەی رەوشەکە بەردەوام بێت و دواجاریش دەنگی ئاشتی لە دەنگی دەهۆڵی جەنگ بەهێزتر بێت.


عەلی کەریمی   چەند جوان و ڕاستی گوتووە سەعدی شاعیری مەزنی فارسی زبانی ئێرانی: تا مرد سخن نگفتە باشد                 عیب و هنرش نهفتە باشد واتا: تا پیاو قسەی نەکردبێت   عەیب و هونەری شاراوە دەمێنێتەوە مەبەستێتی بڵێ؛ ئەوە قسەکردن و دەربڕینە دەمانناسێنێت و بە وانی دیکە دەڵێ من بایی چەندم و لە کام دیار و  چەندەم پێیە بۆ هەڵڕشتن، لەکام فەرهەنگ و پایەی عیلم و زانستم و تەبەقەی شعور و هزر و تێگەیشتوویم لە کام پایە و ڕیزڕەوی سەردەمدا جێی بۆ دەکرێتەوە؛ شارستانی، ئاکادەمی، بورژوا، گوندیی یان بێسەواد وێنا دەکەم؟! ئەم ڕۆژانە چونكێ لە مێژە وازم لە دەزگای زەبلاحی کۆکەرەوەی هەموو شتوومت و وردەواڵەی ناو سندووقی عەتار، فەیسبووک هێناوە و ئاگام لە خۆ گیفکردن و خۆبادانی مرۆڤە لاواز و هیچ لەباراندا نەبووی بەشێک لە "ڕوشنبیر و نوخبەی" مەیدانی کوردایەتی و موزایدەچییەکان نەماوە و لە ڕێی سایتەکان و دۆستان تێگەیشتم دیسان جەنابی کاک مەسعودی سەرۆکی پێشوی کوردستان و دەسەڵاتی بەڕ و بەحری ئەمڕۆ و موهەندیسی ڕێفراندۆم و خۆ بە باوکی نەتەوەیی کوردزانین، کەتنی ناوەتەوە و دیسان بەربۆتە گیانی کوردی بەستەزمان و ئاوارە و بێدەسەڵات و مجێورەکانی بەر قاپی مزگەوتەکەی خۆی، کوردی ڕۆژهەڵات. دەڵێن شاخ ژان گرتی و مشکێکی بوو! کتێبی نووسیوە، ئەویش چ کتێبێک؛ مێژوو، چ مێژوویەک؟ مێژوویەکی چەواشەی ٤٥ ساڵ پێش، لەسەر چێ؟ لەسەر کوردە داماوەکەی پەنابەری خۆی و چاو لەدەستی خۆی لە ئوردوگاکانی ژێر دەسەڵاتی خۆی، کوردی ئێران! هیچ پادشایەک و هێچ سەرکردەیەکی لای خۆمان ئەوەندە کاتی نییە دانیشێت و بە هەزاران لاپەڕە ڕەش کاتەوە بۆ پەروەردە و زانست و مێژوو بۆ نەوەکانی داهاتوو، لەمەڕ وڵاتانی لای خۆمان هەر لە دێرزەمانەوە باو بووە لە بارەگای سوڵتانەکان مەداحی جۆرواجۆری لێبووە و وەک ئەسپ و توتی و باڵندەکان بە خێویان کردوون و تەنانەت ئاخوڕیان ئەوەندە پۆشتە کردوون تەنیا ئیش و کاریان پێداهەڵگوتن بووە بە سوڵتان و پاشا! ئەم کاک مەسعودەی ئێمەش بە حەق کەمی نەهێناوە لە سوڵتان و پادشاکانی سەردەمی ئێستا نا، چونكێ زۆربەیان ئەوەی ئەو دەیکا، پێیان ناکرێ و بۆیان نالوێت، بەڵکو دەبێ بگوترێت و هەڵیانسەنگێنیت لە گەڵ ئەوانەی سەفەوی و عوسمانی؛ لە ئاست دەسەڵات، ڕێژەی ڕاگرتنی مەداح، سەروەت و سامان و بە گشتی لە گەندەڵی و خۆ بە زلزانینیش! ئەم کتیبە دەنگەی کە گوێم بۆ گرت و خێرومەندێک بە تێلگرامدا لە بۆی ناردم زۆر هونەری تێدا نییە کە بڵێم پاشاکەمان بۆ خۆی نەینووسیوە و بۆیان نووسیوە! پێمدەڵێن ئاگات لێ نییە لە فەیسبوکدا چ حەشرێکە، ڕۆژهەڵاتییەکانی سەردەمی ڕێفراندۆم کە ‌هێنایانییە سەر دم و زاران و بە هەزاران درۆ و بوختانی وەک پیاوی سەدام و وێنەی فۆتۆشۆپ لەگەڵ سەدام و پیاوی ئیتلاعاتی ئێران و بەدەستی هێزی سواتی ئەمریکا لە ناو بازاری سلێمانی گیرا و ڕفاندیان و چی و چی، ئێستا لەسەر ڕەقەم باسی چەواشەکاری و خیانەتەکانی پاشا و قیادەموقەتە دەکەن و چەند هەنگاو لە پێشمەوە دەڕۆن! جەنابی سەرۆک کاک مەسعود! لە منی ببیسە و ئەم چەند ڕۆژەی ماوتە بە بێدەنگی بەسەری بەری بۆ خۆشت و نەوە و دنیا و ئاخیرەتیشت مەسڵەحەترە! ئاخر پیم ناڵێی ئەوە چ کەتنێکە پڕ لە درۆ و چەواشەکاریی لەسەر کوردی داماوی ئەمڕۆکەی ڕۆژهەڵات ناوتەتەوە، بۆ نازانی خۆری ڕاستی و حەقیقەتگۆیی هەتا سەر لە ژێر هەوری چڵکنی عاسمانەکەی سەری ڕەشی تۆدا نامێنێتەوە؟! دەزانم و لە فیکەی خۆمان تێدەگەین و بۆمان ڕوونە دەنگ و وشە و ئینشا و ڕێنوسەکەت لە کامە مەداحەکانی "مێژوونووسی" دەربارەکەت هەڵقوڵاوە و خەریکی توکی سەگە هارەکە دەرخواردی خۆمان دەدەی. وریا بە ئەوانە ڕەنگە بە تەما بن تا ئاخرنەوەیان هەر بە ئێوە بەخێو بکەن، چونكێ دڵنیان لە باوەشی رۆژهەڵاتدا تازە جێیان نابێتەوە، ئاخر دەبوو هیچ نەبێ ئەوەندەیان نەسیحەت کردبای، کە مامۆستا شێخ عێزەدین و دوکتور قاسملو و کاک فواد زۆرت بۆ زەحمەت دەبێ بە سەر کاریزما و ڕابوردوویاندا باز بدەی. خراپت کرد لەم ئاخری عومرە بۆ جاری چەندووم دیسان خۆت تووش کرد لە گەڵ کوردی ئێران! قەت لەبیرت نەچێتەوە بۆیە بە سابڵاخدا نەتان دەوێرا هاتوچۆ بکەن جادە و دار و دیواری هەر بۆنی خوێنی سولەیمان و لاجانێکانی لێ دەهات، هاواری " قیادە گورگە لەناو میللەتا گوێی ئاسمانی شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کەڕ دەکرد، بۆیە زاتی هاتوچۆی شارەکەی پێشەواتان نەدەکرد! ئێمە هەموو باش دەزانین ئەوانەی تۆ لە ناو کتیبەکەت ددانی خێریان پێدا دێنی و بە ڕۆژهەڵاتیی باش ناویان دێنی و ئەوانەی ئەمڕۆ لە دیوەخانەکەتدا کەیفت پێیان دەبزوێ و مەداحانە بۆت دەنووسن، دڵنیا بە لەهەرە قێزەون و ڕیسواکانی ٤٣ ساڵی رابردووی مێژووی ڕۆژهەڵاتن. بریا سوخنەت نەگوفتە دەبوو ئەزبەنی!  


سەردار عەزیز  لە گەڕانەوەی لە ئۆکرانیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەنوسیدا ڕستەیەکی ئاڵۆزی فڕێدا. ڕستەکەی لە کاتێکدا بوو کە چەند ڕۆژێکی کەمی پێشتر لە گەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستاندا کۆبونەوەی هەبوو. ئەردۆگان بە ڕۆژنامەنوسانی گوت گوایە سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێی ووتوە: بۆ چاره‌سه‌ركردنی گرفتی گازی سروشتی، له‌گه‌ڵ حكومه‌تی ناوه‌ند و سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان گفتوگۆ ده‌كات. ئەم ڕستەیە لە چەند لایەکەوە شایانی لێکۆڵینەوەیە. یەکەم ئاست ئەوەیە کە ئێستا کە زستانێکی سەختە لە ناوچەکە، ئێران وەک یەکێک لە وڵاتانی دابینکەری غازی سروشتی بۆ تورکیا بۆ ماوەی دە ڕۆژ غازی لە تورکیا بڕی. بڕینی غازەکە خوێندنەوەی جیاوازی بۆ کرا، هەر لە سەرمای ئێران و زیادبونی پێداویستی ناوخۆیی، هەتا بەکارهێنانی غاز وەک کارتی فشار لە لایەن ئێرانەوە لە سەر تورکیا، بە تایبەتی پاش نزیکبونەوەی زیاتری تورکیا لە کەنداو و دەستوەردانی زیاتری لە سیاسەتی عێراق. دیارە بەکارهێنانی غاز وەک کارتی جیوپۆلەتیکی و سیاسی کارێکی نەکردە و نوێ نیە. ڕوسیا کە دۆستێکی ئێرانە، بەردەوام ئەو کارە دەکات. لێرەدا ئێمە گومانمان هەیە لەوەی کە ئێران ئامانجی ئەوە بوبێت کە فشار بخاتە سەر تورکیا، چونکە لە هاوسەنگی هاوکێشەکاندا ئێران زیاتر پێویستی بە فرۆشتنی غاز هەیە، لە بەر ئابلۆقە و پێداویستی بە دراوی سەخت و پەیوەندی دەرەکی، هەتا تورکیا. ڕەنگە بڕینی غاز کاریگەری کورتخایەنی هەبێت بەڵام لە مامناوەندا بە زیانی ئێران دەشکێتەوە. گرێبەستی ئێران و تورکیا دەگەڕێتەوە بۆ ناوەڕاستی نەوەدەکان بە تایبەتی سەردەمی هاتنی نەجمەدین ئەربەکان، کە بە لای ئێرانەوە وەک وەرچەرخانێکی پۆزەتیڤ لە سیاسەتی ئەو وڵاتەدا دەبینرا. تەمەنی کورتی سیاسی ئەربەکان هەر ئەوەندەی پێکرا کە رێککەوتنەکە واژۆ بکات. بە هاتنی ئاکەپە لە سەرەتای دوو هەزارەکانەوە زەمینەی ئەوە سازا کە ڕێککەوتنەکە بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە.  تورکیا وەک کۆمەڵگایەک هەتا بێت زیاتر و زیاتر غازی شل بەکار دەبات، به هۆکاری زۆربونی دانیشتوان و بە شاربون و گەشەی ئابوری لە چەند دەیەی ڕابوردودا. رێککەوتنەکەی ئێران و تورکیا هەرگیز بێ کێشە نەبوە، هەر لە سەرەتاوە ئەمریکا پێی ناڕازی بوو، بەردەوام کێشەی بەردەوامیی هەبوە. ڕێککەوتنی ئێران و تورکیا لە چەند ساڵی ڕابوردودا بەرەو کۆتایی دەچێت. بە پێی زانیارییەکان ئەمریکاییەکان پێیان باشە کە غازی هەرێم بکەوێتە کێ بڕکێوە لە کاتی تەواوبونی ئەو گرێبەستە. وەزارەتی وزەی ئەمریکی هەڵسەنگاندێکیان بۆ غازی هەرێم کردوە لەمبارەوە.  مەبەستمان لە پێدانی ئەم پاشخانە ئەوەیە هەتا زەمینە بسازێنین بۆ تێگەیشتن لە لێدوانەکەی ئەردۆگان. ئایا ئەردۆگان لە بەر کام لەم هۆکارانەی خوارەوە ئەم لێدوانەی لەم کاتەدا دا: یەکەم، وەک هەوڵێک بۆ کەمکردنەوەی ئەو فشارەی کە لە ناوخۆدا لە سەریەتی، چونکە لە ئەنجامی بڕینی غازی ئێرانی نرخی غاز دوو قات بەرزبوەتەوە لە وڵاتدا و تورکیاش لە ساتێکدایە کە بە هۆی هەڵاوسانەوە، نرخی دراوەکەی هێندە دابەزیوە کە خەڵکێکی زۆر ناتوانن نانی وشکیان بە ئاسانی دەست بکەوێت. سرەگرتن بۆ نان یەکێکە لە دیاردە بڵاوەکانی ئەم سەردەمەی ئەو وڵاتە. ئەردۆگانە ئاشنایە بەو جۆرە یاریە میدیاییە کە چۆن سەرنج لە سەر پرسە سەرکیەکان بگوێزێتەوە بۆ پرسی تر. ساڵانێکی زۆرە بە پرسی لاوەکی جەماوەرە باوەڕدارەکەی فریو دەدات. دووەم، ئایا ئەردۆگان مەبەستی ئەوەیە کە پەیامێک بۆ ئێران بنێرێت کە، ئەگەر خۆشی پێویستی بە غازبێت، غازی تورکیا نەبڕێت چونکە ئەلتەرناتیڤ هەیە، کە غازی کوردستانە.  سێیەم، ئایا ئەردۆگان بەڕاستی مەبەستی ئەوەیە کە غازی هەرێم و لە داهاتودا عێراقیش، بکاتە سەرچاوەی وزەی خۆی. دیارە غازی هەرێم بە بڕێکی کەم دەتوانرێت لە ماوەی کەمدا بگاتە سنوری تورکیا، بەڵام غازی عێراق، ئەگەر هەبێت پێویستی بە کات و سەرمایەی زۆرە.  چوارهەم، ڕەنگە ئەردۆگان مەبەستی هەموو ئەمانە بێت، لە هەمانکاتدا.  پرسیارێکی تر لێرەدا خۆی قوت دەکاتەوە ئەوەیە کە ئایا غازی هەرێم دەتوانرێت بگەیەنرێتە تورکیا؟ لە ڕۆژانی رابوردودا سایتی ناسراوی ڕاپۆرتی نەوتی عێراقیIraq oil report ، ڕاپۆرتێکیان بڵاوکردەوە کە بۆڕی غاز بەرەو سنوری تورکیا دەکێشرێت. ئامانجی یەکەمی ئەم بۆڕیە دابینکردنی غازە بۆ ویستگەی کارەبای دهۆک و پاشان گەیاندنی بە تورکیا.  پرۆژەی غازی هەرێم بڕێکی زۆر لە کێشەی هەیە، لەوانە سەرمایە، پاککردنەوە و چۆنتی مامەڵکردن لە گەڵ ئەو مادە کیمیاویانەی کە لە ئەنجامی پاککردنەوە دەردەهاوێژرێت. لە هەمانکاتدا پرسی بازاڕ پرسێکی سەرەکی بوە بۆ ڕاکێشانی سەرمایە. هەتا ماوەی ڕابوردوو عێراق وەک بازاڕێک دەبینرا بە تایبەتی لە بواری پێداویستی کارەبادا و بەکارهێنانی غاز بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا.  ئەمریکاییەکان فرۆشتنی غازی هەرێمیان بە تورکیا پێباشە، چونکە دوو ئامانجیان بۆ دەپێکێت، یەکەم، سەرچاوەیەکی دارایی بۆ هەرێم دابین دەکات، کە فشاری دارایی لە سەر ئەمریکا کەم دەکاتەوە، وەک هاوپەیمانێک لە شەڕی تیرۆردا. ئەگەر هەرێم توانای خۆ بژێوی هەبێت ئەوا پێگەی باشتر دەبێت لە پەیوەندی لە گەڵ ئەمریکادا، بە تایبەتی لە کاتێکدا کە ئەمریکا دەخوازێت لە ڕوی دارایی و سەربازییەوە ئاستی تێوەگلانی لە ناوچەکەدا کەمبکاتەوە.  لە لایەکی ترەوە فشار لە سەر ئێران زیاتر دەکات، بە تایبەتی ئەگەر هاتوو نەگەشتنە ڕێککەوتن لە بواری چەکی ئەتۆمیدا. چونکە بەرنامەی ئەمریکا ئەوەیە کە نابێت ئێران ببێت بە خاوەن چەکی ئەتۆمی، بە هیچ جۆرێک. ڕەنگە هۆکارێکی ئاسانکاری تر لەم بوارەدا ئەوەبێت کە تورکیا لە گەڵ ئیماراتدا پەیوەندی باش بوە. وەک دەزانرێت کە کۆمپانیای گەورە بواری غاز لە هەرێم دانا غازە کە بنکەکەی لە وڵاتی ئیماراتە. وەک هەندێک سەرچاوە ئاماژەیان پێدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان میانگیربوە لە نێوان ئیمارات و تورکیادا، ڕەنگە پاڵنەری ئەم کارە غاز بوبێت. کەواتە ئەگەری ئەوە هەیە کە بتوانرێت غازی هەرێم بگەیەنرێتە تورکیا. بەڵام دەبێت ئەوە بزانرێت کە غازی هەرێم ناتوانرێت ببێت بە بەدیل بۆ هیچ کام لە سەرچاوەکان غازی تورکیا. تورکیا لە ڕوسیا و ئازەربایجان و ئێران و جەزایر و نەیجیریاوە غاز هاوەردە دەکات. بەم پێیە هەرێم ئەگەر ئەڵتەرناتیڤ نەبێت ئەوا سەرچاوەیەکە بۆ فرەکردنی سەرچاوەکان، دایڤێرسفای. لە ماوەی ڕابوردودا نوێنەری پێشوی یەکێتی ئەوروپا لە کوردستان لە تویتێکدا ئاماژەی بە ئەوەدا کە دەبوو یەکێتی ئەوروپا پاڵپشتی گەشەی غازی کوردستانی بکردایە لە بڕی هاوکاری دارایی لە هەندێک بواردا کە هیچ سودێکیان نەبوە. بە قسەی ئەو ئەو کاتە هەرێم دەبوە خاوەن داهاتی خۆی و سەرچاوەیەکی تری غازیش لە سنوری ئەوروپا زیادی دەکرد. دیارە ساڵانێک لەمەوپێش ئەورپا لە ڕێگای نابۆکۆوە پلانی ئەوەی هەبوو کە سود لە غازی هەرێم ببینێت، بەڵام ئەو پرۆژەیە مرد. لە لایەکی ترەوە کاتێک لە سەروبەری شەڕی داعشدا هەرێم پێویستی بە پارەبوو، ڕوسەکان ئەو دەرفەتەیان قۆستەوە و هاتنە ناو پرۆسەی غازی هەرێمەوە. هاتنی ڕوسەکان بە ئامانجی ئەوەبوو، هەتا ئەگەر بونی هەرێم بە سەرچاوەیەکی غاز، لە دەرەوەی ڕوسیا بۆ ئەوروپا بکوژن. هەتا ئاستێک لەو بوارەدا سەرکەوتوبون. ئایا پاش نەوت، گەیاندنی غاز بۆ تورکیا مانای چیە؟  غاز وەک نەوت نیە بە ئاسانی بگوێزرێتەوە، بە گشتی پێویستی بە بۆڕی و تێچون و ئینشورانسی زۆرە. لەبەرئەوانە گرێبەستی غازی هەمیشە گرێبەستی درێژخایەنن. بەم پێیە ئەگەر هەرێم و تورکیا گرێبەست بکەن ئەوا نابێت لە بیست ساڵ کەمتر بێت. ئەم پەیوەندییە لە گەڵ وڵاتێکدا کە ناتوانێت ناوی کوردستان گۆ بکات بێ کێشە نیە. لە هەمانکاتدا ئایا ئەمە بەشێکە لە ئەو گرێبەستەی کە لە ساڵی ٢٠١٣ لە نێوان هەرێم و تورکیادا واژۆ کراوە و بە ڕێککەوتنی پەنجا ساڵە دەناسرێت، کە هەتا ئێستا ناوەڕۆکەکەی بۆ زۆرینە بە نهێنی ماوەتەوە.


ئارام سەعید فەیسبوک ماڵێک بۆ سایکۆپاتەکان تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان لەهەموو سوچ و قوژبنێکی ژیانماندا هەن، ئایا پەیوەندیکردن و دۆزینەوەی هاوڕێ لەسەر فەیسبوک و تویتەرو ئەنستاگرام هەمان پەیوەندییە کە لە واقیعدا هەن؟ وەڵامی ئەم پرسیارە دوو بەرە هەیە، یەکێکیان دژو ئەوی تر لەگەڵ ئەو هاوڕێەتییە، چونکە لەپشتی شاشەکانەوە هەندێک کەس خۆیان مەڵاس داوە بۆ بڵاوکردنەوەی رق و کینە، هەر بۆیە گرنگە بزانین ئەو هاوڕێانەی لەسەر فەیسبوک لە واقیعدا هەمانە تاچەند دەچنە خانەی سێکوچکەی تاریکییەوە، چۆن بیانناسینەوە؟ لە زۆر ناوەندی پزیشکیی و زانکۆ لە جیهاندا کار لەسەر ئەوەکراوە کە کاردانەوەی مێشکی سایکۆپاتەکان چۆنە لەکاتی روداوەکاندا یان ئەو بەشەی مێشکیان کە پەیوەندی بەسۆزدارییەوە هەیە لەکاتی بینینی تەنگژەکاندا کاردانەوەیان چۆنە. بۆ ئەوەی ئەو هۆکارە بدۆزنەوە کە بۆچی سۆزداریان نیە زۆر تاقیکردنەوەیان لەسەر نەخۆشەکان ئەنجامداوە، کە ئەنجامەکانی زۆر سەرنجڕاکێش بوون، لە یەکێک لە تاقیکردنەوەکانی زانکۆی شیکاگۆ وێنەیەک نیشانی کەسی سایکۆپات دەدەن کە وێنەی کەسێکە بۆ نمونە دەستی بووە بەدەرگایەکەوە، دوو پرسیاری لێدەکەن یەکێکیان ئەگەر تۆ وات لێ بێت، دووەم ئەگەر کەسێکی تر وای بەسەر بێت، لەکاتی پرسیاری یەکەم کە پەیوەندی راستەخۆی بەخۆیانەوە هەیە ئەو بەشەی مێشکیان کە پەیوەندی بە سۆزدارییەوە هەیە چالاکی تیا دروست دەبێت و هەستی پێدەکەن، بەڵام کاتێک دەپرسن ئەگەر کەسێکی تر ئەوەی بەسەر بێت ئەوکات مێشکیان و ئەوبەشەی کاردانەوەی سۆزداری تێدایە هیچ ناجوڵێت و کاریان تێناکات... سایکۆپاتەکان هەمویان پیاوکوژ نین و لە زیندانەکاندا بن، جۆریان زۆرە، هەندێکیان ئاستی بیرکردنەوەو مێشکیان نزمە بۆیە دەبنە پیاوکوژو لە زیندانەکاندان، بەڵام هەندێکی تر ئاستی بیرکردنەوەیان بەرزەو ئەوانە دەبنە بەڕێوەبەری گەورە یان سیاسی یان بزنزمانی گەورە. سایکۆپات رەنگە کەسێکی نزیکت بێت و رۆژانە بیبینیت، رەنگە بەڕێوەبەر یان بەرپرست بێت، یان خۆشەویستت بیت، چونکە ئەوان لە روخساردا هیچ جیاوازیان نیە لە کەسی ئاسایی بەڵام لەدەرونیاندا هیچ ویژدانێکیان نیە، هەربۆیە دەکرێت لەتەنیشتمانەوە سایکۆپات هەبێت و نەزانین. ئەوان خۆیان خۆشەویست دەکەن، هەلسوکەوتیان وایە کە سەرنجت رابکێشن، ئەو گۆرانییە دائەنێن لە سۆشیاڵ میدیا کە تۆ حەزی پێ دەکەیت، ئەو قسانە دەکەن کە تۆ بڕوات پێیەتی. هەمیشە هەوڵ دەدەن پێت بڵێن کە زۆر خاڵی هاوبەش هەیە لەنێوانتاندا، تا ئەوکاتەی بەو هەلسوکەوتانەی دەتکاتە هاوڕێ و ئیتر ئارامیی لەژیانتا ناهێڵێت. لەکۆتایی فیلمەکەی کەباسی تێد باندی سیاکۆپات دەکات نوسراوە "تاوانبارەکان شەو بە ددانی درێژەوەو لیکی زۆرەوە دەرناکەون، خەڵک نازانێت کە پیاوکوژێک لەناویاندایە، ئەو کەسانەی خۆشیان ویستووەو لەگەڵی ژیاون و کاریان لەگەڵ کردوون، تا ئەوکاتەی رۆژی دواتر کە ئاشکرا ئەبن ئەوکات ئەزانن لەگەڵ چ شەیتانێک بوون". ئەو کاتەی هاوڕێی سایکۆپاتیت ئیتر دوودڵی تۆ و دەسەڵاتی ئەو دەست پێدەکات.. سایکۆپات هەمیشە یاریت پێدەکات هەرکاتیش بەبەڵگەوە بۆت سەلماند کە یاری دەکات، ئەو بەتوندی رەخنە دەگرێت و رەتیدەکاتەوە کە ئەوکارەی کردبێت. کارێک دەکەن تۆ پێویستت پێیان بێت و بەئەنقەست فەرامۆشت دەکەن بۆ ئەوەی رابکەیت بەدوایانا... ئیتر هێمنی و ئاسایش لەناختدا ناهێڵن. ئەو هاوڕێیانەی بەردەوام درۆ دەکەن ئەوە بەلگەیەکی گرنگە بۆئەوەی بزانیت کە سایکۆپاتن، چونکە داهێنەرن لە دروستکردنی درۆدا، دەیان و سەدان چیرۆکی گەورەی درۆ هەیە کە دروستکراوی سایکۆپاتەکانە وەک ئەوانەی تێد باندی دەیکات و تەنها خۆی بەر لەسزای کورسی کارەبایی دانی نا بە کوشتنی ٣٠ کچدا کە رەنگە هەندێکیانی باس نەکردبێت کە دادگایی و تاوانبارکردنەکەی چەندین ساڵی خایاندو تۆمەتەکانی رەتدەکردەوە تا کورسی کارەبایی بووە هەڕەشەیەک ویستی تەمەنی دریژتر کات بەو دانپیانانە کە ئەویش فریای نەکەوت. ئەو جۆرە لە هاوڕێ لە فەیسبوک پاش ئەوەی بوون بەهاوڕێت ئیتر هەوڵ ئەدەن ئیرەییت تیادا بچێنن، دوای تۆ گرنگی بە کەسانی تر ئەدەن، ئەگەر پێشتر هەندێک گۆرانی لەبەر تۆ دانابێت ئیتر بیر لەوە دەکاتەوە ئەوگۆرانیانە دابنێت کە تۆحەزی پێ ناکەیت، ئەچنە ئەو لاپەرانەی ترەوە کۆمێنت دەنوسن و بۆ تۆی نانوسن، فەرامۆشت دەکەن، چونکە سایکۆپاتەکان زوو هەست بە بێزاری دەکەن و دوور دەکەونەوە لەوەی هاورێیەتی نزیک ودرێژخایەن و سۆزداری دروست بکەن کەسیش ناتوانێت ئەو بۆشاییەی رۆحی ئەوان پڕبکاتەوە، ئەوان خۆشەویستی دەگۆڕن بۆ ترس و دڵەڕاوکێ، هەموو بەیانیەک کە لەخەو هەڵدەسیت هەست بە نیگەرانی و دوودڵی دەکەیت... پارە و تواناکات نامێنێت هەموو ئەمانە ئەو سیفەتانەن کە کەسی سایکۆپات هەیەتی لە خۆشەویستی و هاوڕیەتیدا.... لەو نمونانەی کە تەواو بیرکردنەوەو هەلسوکەوتی سایکۆپاتمان نیشان دەدات زنجیرە درامای "تۆ- You"ی جۆ گۆڵدبێرگە کە ئێستا لە نێتفلێکس هەیەو چیرۆکی ئەو زنجیرەیە باسی کوڕێکی گەنج دەکات کە بەرێوەبەری کتێبخانەیەکەو چەند هەست و خولیایەکی سەیری هەیە و بەبینینی هەموو زنجیرەکە تێدەگەین بۆچی کەسێک دەکەوێتە داوی خۆشەویستی سایکۆپاتێکەوەو چی بەسەردێت لەو پەیوەندیەدا؟ گێڕانەوەی چیرۆکی ئەو پاڵەوانە وادەکات لەسەرەتاوە بینەر پشتگیری لە هەلسوکەوتەکانی بکات سەرەڕای فێل و کارە خراپەکانی چونکە هەمیشە پاساوی هەیە بۆ تاوانەکانی و دەبینیت چۆن لەهەموو ئەو تاوانانە خۆی قوتار دەکات...رەنگە زۆر لەو بینەرانەی زنجیرەکە حەزبکەن پەشیمان بێتەوە لەو کارانەی، بەبینینی زنجیرەی "تۆ" تەواو تێدەگەین لە تواناو ئاستی بیرکردنەوەی خۆشەویستی و هاوڕێی سایکۆپات... هاوڕێەتی سایکۆپات زیانێکی درێژخایەنی دەبێت کە هەندێک گومان و هەستی جیاوازت لا دروست دەکەن کە هەمیشە هەست بکەیت هەڵەیت، باشترین رێگاش بۆ دورکەوتنەوە لێیان ئەوەیە کە هیچ پەیوەندییەکی نامەو سۆشیاڵ میدیاو تەلەفونیت لەگەڵیان نەمێنێت تا رێگە بگریت لەو نائارامیەی لەدەرونتدا دروستی دەکەن.


ئەردەڵان عەبدوڵڵا یەكێک لەو وڵاتە ئەوروپییانەی کە مایەی سەرنج و بایەخ بوو بە لامەوە هۆڵەندا یان وەکو خۆیان دەڵێن نێدەرلاندە. ئەو کاتەی لە شاری ئاخنی ئەڵمانیا دەژیام، کە شارێکی سەر سنوور بوو، زوو زوو سەردانی هۆڵەندام دەکرد، لەو سەردانانەمدا، جیاوازیی زۆرم لە مامەڵە و پەیوەندیی خەڵکەکەیدا بەدی دەکرد، کە زۆر جیاواز بوون لە خەڵکی ئەڵمانیا. گەلێكی زۆر رووخۆش و مرۆڤدۆست، راستە لەم چەند ساڵانەی دواییدا لەوێش بزووتنەوەی فاشیستی دروستبووە، بەڵام خۆشبەختانە، هێشتا ئەم بزووتنەوانە نەیانتوانیوە بە تەواوەتی کۆمەڵگەی هۆڵەندی، بە فکری خراپیان ژەهراوی بکەن. ئەم وڵاتە، کۆمەڵێک خاڵی جوانی هەیە کە بۆتە مایەی گرنگیپێدانی جیهان. ئەمڕۆ هۆڵەندا یەکێکە لە وڵاتە جوان و گەشەسەندوەکانی ئەوروپا و جیهان، وڵاتێکی بچوک کە خاوەنی سیستمێکی تۆکمەی دیموکراسی و لیبڕاڵ و مۆدێرنە، لە هەمانکاتیشدا خاوەنی ئابوورییەکی خورت و بەهێزیشە. وڵاتێک کە رۆژانە لەگەڵ زەریای ئەتڵەسیدا لە جەنگێکی دەستویەخەدایە، ئەم جەنگەش وایلێکردووە، کە ببێتە یەکێک لە وڵاتە پێشکەوتووەکانی جیهان لە بواری دروستکردنی بەنداو و ئاودێریدا، هەر ئەمەش وایکردووە کە لە رووی کشتوکاڵییەوە ببێتە یەکێک لە وڵاتە پێشکەوتووەکانی جیهان کە پەیڕەوی میتۆدی نوێی کشتوکاڵی دەکات. جگەلەوەش، ئەم وڵاتە ئەمڕۆ لە مەیدانی سیاسەتی نێودەوڵەتیدا، رۆڵێکی چالاکی هەیە، بە تایبەتی ئەو کێشانەی رووبەروی جیهان دەبنەوە لەوانە: پیسبوونی ژینگە، جەنگ لە دژی تیرۆر، هەژاریی لە جیهاندا. جگە لەوەش، ماوەی چەندین ساڵە باوەشی بۆ زۆر ئاوارەی جیهان کردۆتەوە و مافی پەنابەری بە زۆر کۆچەری جیهان داوە کە لە دەستی جەنگ و دەسەڵاتە ستەمکارەکانیان وڵاتی خۆیان جێهێشتووە. نابێت ئەوەشمان لە بیربچێت کە هۆڵەندا یەکەمین وڵات بووە لە جیهاندا کە لە ساڵانی شەستی سەدەی پێشووەوە، مافی پەنابەری بە گەلی کورد داوە، ئەمەش وایکردووە کە رەوەندێکی کوردی لەوێ هەبێت کە ئەمەش گوازرشت لە هاوسۆزی گەلی هۆڵەندی دەکات بۆ كێشەی رەوای کورد. لەم چەند ساڵەی دوایشدا هۆڵەندا لە پێشەنگی ئەو وڵاتانەدا بووە، کە هاوکاریی گەلی کوردی کردووە، چ لە باشوور یان رۆژئاوا. لە ماوەی پێشوودا لە کەناڵی گەلی کوردستان، بەرنامەیەکی دۆکۆمێنتاریمان لە بارەی ئەم وڵاتە جوانەوە کرد. لە رێگەی ئەو بەرنامەیەشەوە، دەرفەتی ئەوەم بۆ رەخسا کە لە نزیکەوە بەڕێز هانس ئاکەربۆم کونسوڵی گشتی هۆڵەندا لە هەرێمی کوردستان بناسم و لە رێگەی ئەم دیدارەشەوە، کۆمەڵێک زانیاری زۆرم لە بارەی هۆڵەنداوە دەستکەوت. دەبێت ئەوەش بڵێم کە هانس ئاکەربۆم، وەک بەشێکی زۆری هۆڵەندییەکان، کەسێکی رۆح سوک و میوان دۆست بوو، ئەو ماوەیەی لەگەڵیدا بووم، سوودی زۆرم لێوەرگرت. لێرەدا هەوڵدەدەم لە رێگەی ئەم وتارەوە، تیشکێکی خێرا بخەمە سەر ئەم وڵاتەی جیهان، بەو هیوایەی کەمێك بە خوێنەرانی بناسێنم. جوگرافیا و مێژوو هۆڵەندا دەکەوێتە خۆرئاوای کێشوەری ئەوروپاوە و رووبەرێکی جوگرافی بچوکی هەیە، کۆی گشتیی رووبەرەکەی دەگاتە 41.583 کم چوارگۆشە. بەشێکی زۆری وڵاتەکە لە ئاستی دەریاوە زۆر نزمە، هەر بۆیە ناوی وڵاتەکەش لەمەوە هاتووە «واتە وڵاتی نزم». لەگەڵ ئەوەشدا ئەم وڵاتە مێژوویەکی ئێجگار دێرینی هەیە، بۆ یەکەمجار لە ساڵی 50 ی پێش زاییندا رۆمەکان دەستیان بەسەر هۆڵەندا گرتووە و هەتا کۆتایی ئیمپراتۆیەتی رۆما، لە ژێر دەستی ئەواندا بووە. ماوەیەکی زۆریش لە ژێر دەستی فرانکییەکاندا بووە، پاشان لە ساڵی 1477 دا یەکەمین شانشینی هۆڵەندی دروست دەبێت، ئەمەش دەبێتە سەرەتایەک بۆ دروستبوونی نەتەوەی هۆڵەندی. لە سەدەکانی 16 و حەڤدەدا، ئەم شانشینە، رۆڵێکی زۆرباشی لە بازرگانی جیهانیدا هەبووە و ئەو ساڵانەش بە سەردەمی زێڕینی دەناسرێت. هۆڵەندییەکان داهێنانی باشیان پێشکەشی مرۆڤایەتی کردووە و رۆڵیان لە پێشخستنی شارستانێتی ئەوروپیدا هەبووە، ئەم مێژووە دێرینەش، رۆڵی بەرچاوی هەیە بەسەر ئەمڕۆی ئەم وڵاتەدا. کۆمەڵگە ژمارەی دانیشتوانی هۆڵەندا دەگاتە سەرو 17 ملیۆن کەس، جگە لە هۆڵەندییەکان، کۆمەڵێک نەتەوەی تر دەژین، کە بەشێکی زۆریان لە وڵاتانی تری جیهانەوە هاتوون. دەتوانین بڵێین کۆمەڵگەی هۆڵەندی، کۆمەڵگەیەکی ڤرە کەلتوورە. تاڕادەیەکی باشیش ئەم وڵاتە سەرکەوتوو بووە، لە سەپاندنی ئارامی و ئاشتیی کۆمەڵایەتی. هەرچەندە لەم چەند ساڵەی دواییدا، بەهۆی دروستبوونی کێشەی کۆچەران و بزووتنەوەی ئیسلامییە توندڕەوەکانەوە، لە هۆڵەنداش، بزووتنەوەی راسیزم و دژە پەنابەر دروستبووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا ئەو بزووتنەوە پۆپۆلیست و راستڕەوانە، نەیانتوانیوە، ببنە مەترسی بۆسەر ئاشتی کۆمەڵایەتی لە هۆڵەندا. ئەمەش بە هۆی بوونی سیستمێکی باشی حکومڕانییەوە بووە، جگە لەوەش رۆحی لێبوردەیی و تۆڵێرانس، لە ناو هۆڵەندییەکاندا زۆر بەهێزە. زمانی هۆڵەندی زمانی هۆڵەندی یەکێکە لە زمانە ئەوروپییەکان، زمانێکە کە خاوەنی تایبەتمەندی خۆیەتی و زمانێکی دەوڵەمەندە. جگە لە هۆڵەنداش، لە بەشێکی بەلجیکا و ئەڵمانیاشدا، زمانی هۆڵەندی بەکاردەهێنرێت، بە تایبەتی لە بەلجیکادا، نیوەی هاووڵاتیانی بەلجیکا، هۆڵەندین. سیستمی سیاسی هۆڵەندا خاوەنی سیستمێکی سیاسی زۆر بەهێزە، پێڕەوی سیستمی پادشایەتیی دەستووری دەکات و هەروەها پشت بە پڕەنسیبە دیموکراسییەکان دەبەستێت، پارێزگاریی لە مافەکانی مرۆڤ و ئازادییە مەدەنییەکان دەکات. لەگەڵ ئەوەشدا سیستمی سیاسی هۆڵەندا لە چاو وڵاتانی تردا جۆرە تایبەتمەندییەکی هەیە. نابێت ئەوەشمان لەیادبچێت، کە هۆڵەندا سیستمێکی پادشایی دەستووریی هەیە. بەپێی ئەم سیستمەش پادشا لە هۆڵەندا، تەنها پۆستێکی سیمبۆڵیی و تەشریفاتییە، دەنا دەسەڵاتی سیاسی لە لای سەرۆک وەزیرانە. ئابووری گەلی هۆڵەندی بەوە ناسراون کە گەلێکن حەزیان بە بازرگانییە و هەمیشە بازرگانیان لەگەڵ هەموو وڵاتانی جیهاندا هەبووە، کۆمپانیای هیندی خۆرهەڵاتی هۆڵەندی لە سەدەی 16 ەوە دامەزراوە، یەکێکە لە کۆنترین کۆمپانیا بازرگانییەکانی جیهان. ئامانجی سەرەکی ئەم کۆمپانیایەش، بازرگانییکردن بووە لەگەڵ هیندستان و کیشوەری ئاسیا. لەو کاتەشدا گەورەترین رکابەری کۆمپانیای هیندی خۆرهەڵاتی ئینگلیزی بووە لە ناوچەکە و جیهاندا. هەر بۆیە رۆحی بازرگانی لە ناو هۆڵەندییەکاندا، مێژووییەکی ئێجگار دێرینی هەیە. بەندەری رۆتەردام یەکێکە لە گەورەترین بەندەری کیشوەری ئەوروپا. لە ماوەی چل ساڵی پێشووشدا ئابووری هۆڵەندا بەشێوەیەکی سەرسوڕهێنەر گەشەی گەورەی بەخۆوە بینیوە، لە ئێستاشدا کۆی گشتی بەرهەمی نیشتمانی بۆ ساڵی 2021 دەگاتە 1070 ملیارد دۆلار. لە رووی داهاتی تاکەکەسیشەوە لە ساڵێکدا دەگاتە سەرو 52 هەزار دۆلار، بەمەش دەبێتە 11 هەمین وڵاتی جیهان لە رووی بەرزیی داهاتی تاکە کەسەوە. رۆژ لە دوای رۆژیش ئابووریی هۆڵەندا هەنگاوی زیاتر بەرەو پێشەوە دەنێت و بۆتە یەکێک لە ئابوورییە زۆرباشەکانی ئەوروپا و جیهان. دیارە لەپشت ئەم ئابووریە بەهێزەشەوە بوونی سیستمێکی دیموکراسیی و شەفاف و ژێرخانێکی ئابووریی باش هەیە. نابێت رۆحێکی گەورەی بازرگانیی و کارکردنیش لای هۆڵەندییەکان لە بیر بکەین، کە بۆتە سیمایەکی گرنگی کەسایەتی هۆڵەندییەکان. وڵاتی بەنداو و گوڵە جوانەکان وەک پێشتریش وتم، هۆڵەندا لە رووی ئاستی دەریاوە زۆر نزمە بۆیە بە وڵاتی زەوییە نزمەکان دەناسرێت، بەڵام لە ماوەی 50 ساڵی پێشوودا حکومەتی هۆڵەندا لە رێگەی دروستکردنی کۆمەڵێک بەنداوی گەورەوە، رووبەروی ئەم کێشەیە بۆتەوە و تاڕادەیەکی باش توانیویەتی بەسەر ئەم کێشەیەدا زاڵبێت. لە لایەکی تریشەوە، ئەمە وایکردووە کە لە رووی سیستمی ئاودێرییەوە زۆر بەهێزبێت و بتوانێت ببێتە یەکێک لە وڵاتە بەهێزەکانی جیهان لە رووی کەرتی کشتوکاڵییەوە، بەتایبەتی لە هەندێک کەرتدا، بۆ نموونە لە چاندنی گوڵدا یەکەمی جیهانە و هەر ئەمەش وایکردووە کە بە وڵاتی گوڵ بناسرێت. ساڵی 2021 هۆڵەندا 1.7 ملیارد چەپکە گوڵی بەرهەم هێناوە، کە دەکاتە 60% بەرهەمی جیهان، بە بڕی 6.2 ملیارد یۆرۆش هەناردەی جیهانی کردووە. بەمەش بۆتە یەکەمین وڵاتی بەرهەمهێنی گوڵ لە جیهاندا. لە رووی بەرهەمی کشتوکاڵیشەوە، بە حوکمی بوونی سیستمێکی باشی ئاودێری و پەیڕەوکردنی میتۆدی مۆدێرنی کشتوکاڵی، وایکردووە کە ئەم وڵاتە ببێتە یەکێک لە وڵاتە گەورەکانی بواری بەرهەمی کشتوکاڵی لە جیهاندا، هەروەها داهاتێکی باشیشیان لە کەرتی کشتوکاڵی دەستبکەوێت. ساڵی 2021 هەناردەی بەرهەمی کشتوکاڵی ریکۆردی شکاند و گەیشتە بڕی 104.7 ملیارد یۆرۆ، بەرهەمی کشتوکاڵی هەناردەی بازاڕەکانی جیهان کردووە. هۆڵەندا و جیهان هۆڵەنەدا ئەندامێکی چالاکی رێکخراوی یەکێتی ئەوروپایە، هەروەها ئەندامێکی چالاکی رێکخراوی ناتۆشە، جگە لەوەش ئەندامی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانە و لە ماوەی پێشووشدا لە سیاسەتی نیودەوڵەتیدا رۆڵێکی زۆر چالاک دەگێڕێت، بە تایبەتی لە مەسەلەی پیسبوونی ژینگە و هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیەدا، هەورەها لە جەنگی دژ بە داعش و تیرۆریشدا رۆڵی بەرچاوی هەیە. هۆڵەندا و یەکێتی ئەوروپا هۆڵەندا یەکێکە لە دامەزرێنەرانی رێکخراوی یەکێتی ئەوروپا. ئەندامێکی سەرەکی رێکەوتنامەی رۆمای ساڵی 1957 ە، کە بووە بەردی بناغەی دامەزراندنی بازاڕی هاوبەشی ئەوروپیی و دواتریش یەکێتی ئەوروپا. بۆیە هۆڵەندا هەر لە پاش جەنگی دووەمی جیهانییەوە، رۆڵێکی بەرچاوی هەیە لە سیاسەتی یەکێتی ئەوروپادا. لە هەمانکاتیشدا، لە سیاسەتی دەرەکی هۆڵەنداشدا، یەکێتی ئەوروپا، دەبێتە سەنتەری ستراتیژی ئەم وڵاتە. دیارە کیشوەری ئەوروپا لە رووی سیاسیی و ئابووریی و سەربازیی و ئەمنیشەوە، گرنگییەکی ئێجگار گەورەی بۆ ئەم وڵاتە هەیە. هۆڵەندا و ناتۆ هۆڵەندا یەکێکە لە دامەزرێنەرانی رێکخراوی پەیمانی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ) لە ساڵی 1949 دا، هەر لەگەڵ دامەزراندنییەوە رۆڵێکی بەرچاو و کارای هەبووە لەم رێکخراوە سەربازییەدا. هۆڵەندا لە رێگەی بەشدارییکردنی لە ناتۆدا، توانیەتی توانا سەربازییەکانی خۆی بەهێز بکات، لە هەمانکاتیشدا پارێزگاری لە ئەمنیەت و سەلامەتی خۆیی و ئەوروپاش بکات. لە ئێستادا لە پاش یەکێتی ئەوروپا، دووەمین مەیدانی سەرەکی کارکردنی هۆڵەندا ناتۆیە. هۆڵەندا و کێشەکانی جیهان ئەوەی مایەی خۆشحاڵی و لایەنی جوانی سیاسەتی دەرەکی هۆڵەندایە، بەشداریکردنیەتی لە دۆزینەوەی رێگا چارەدا بۆ کێشەکانی جیهان بە تایبەتی مەسەلەی ژینگەپارێزی و هاوکاریکردنی دەوڵە هەژارەکانی جیهان. هەمیشە هۆڵەندا سیاسەتێکی پەیڕەوکردووە، کە داکۆکی لە ژینگەپارێزی بکات لە جیهاندا. لە تەواوی رێکەوتنامە جیهانییەکاندا بۆ پارێزگارییکردنی ژینگە، هۆڵەندا رۆڵێکی باشی گێڕاوە. ئەمەش خاڵێکی جوانی تری سیاسەتی دەرەکی ئەم وڵاتەیە. هۆڵەندا و جەنگ دژی تیرۆر یەکێک لە خاڵە گەشەکانی سیاسەتی دەرەکی هۆڵەندا، بەشداریکردنیەتی لە جەنگ دژی داعش. هۆڵەندا یەکێکە لەو دەوڵەتانەی کە هەر لەسەرەتای ئەم جەنگەوە، رۆڵێکی جوامێرانەی بینییوە و سوپاکەی لەگەڵ هاوپەیماناندا بەشدار بووە لە جەنگ لە دژی تیرۆریستانی داعش لە سوریا و عیراقدا. دەتوانم بڵێم لە جەنگی رزگارکردنی شاری کۆبانیشدا، فرۆکە جەنگییەکانی هۆڵەندا، لەگەڵ ئەمریکا و فەرەنسادا، گورزی باشیان لە چەتەکانی داعش وەشاندوە. جگە لەوەش هاوکاری زۆری هێزی پێشمەرگەی کردووە، بە تایبەتی لە رووی مەشق و راهێنان و پێدانی چەک و تەقەمنییەوە. کورد و هۆڵەندا وەک پێشتریش وتم، هۆڵەندا پەیوەندییەکی مێژوویی لەگەڵ گەلی کورد دا هەیە و یەکەم وڵات بووە کە مافی پەنابەری بەو کوردانە داوە کە پەنایان بۆ بردووە. هەر ئەمەش وایکردووە کە رەوەندێکی باشی کورد لەم وڵاتەدا هەبێت. جگە لەوەش، لە ماوەی پێشوودا پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا هەیە و کونسوڵگەری لە هەرێمی کوردستان کردۆتەوە. لە ئێستاشدا هۆڵەندا هاوکاری زۆری حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات، بە تایبەتی هێزی پێشمەرگە، کە لە رووی پێدانی چەک و تەقەمەنی و مەشق و راهێنانەوە، هاوکاری زۆری هێزی پێشمەرگە دەکات. جگە لەوەش هەروەک کونسوڵی گشتی هۆڵەندا پێی راگەیاندم، لە رووی کشتوکاڵیشەوە، هاوکاریی زۆری حکومەتی هەرێمی کوردستانیان کردووە. کۆتایی هۆڵەندا رۆڵێکی گرنگی هەیە لە سیاسەتی یەکێتی ئەوروپا و رێکخراوی ناتۆدا، ئەم دوو رێکخراوەش رۆڵی بەرچاویان لە سیاسەتی جیهاندا هەیە. جگە لەوەش رەوەندێکی باشی کوردیش لەم وڵاتە دەژین، کە لە زۆر رووەوە دەتوانن خزمەتی هەرێمی کردستان بکەن. هەروەها ئەزموونی هۆڵەندا لە رووی سیاسیی و ئابووریی و کەلتوورییەوە زۆر گرنگە، هەر بۆیە پێویستە لە هەموو لایەکەوە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و هۆڵەندا بەهێزتر بکرێت، بە تایبەتی لە رووی سیاسیی و ئابووریی و سەربازیی و فەرهەنگییەوە. سەرچاوەکان: 1-www.holland.com/de 2-www.planet-wissen.de 3-www.Statista.de 4-www.fruchtportal.de  


 عەتا قەرەداخی بێگومان گفتوگۆی ئەوەی کە ئایا نەتەوە ناسیونالیزم بەرهەم دەهێنێت و دروستی دەکات، یان ناسیونالیزم نەتەوە دروست دەکات بابەتێکە هەتاکو ئێستا توێژەرانی مێژوویی و کۆمەڵناسی ئەو بوارەی کردووەتە دوو سەنگەرو هەریەکەش بۆچوون و لێکدانەوەی تایبەتی خۆیان بۆ ئەو بابەتە هەیە. دیارە کاتێک باسی رەگوڕیشەی ناسیونالیزم دەکەین، رووبەڕووی جیاوازی ئاشکرایی نێوان روانینی ئەو دوو ئاراستەیە دەبینەوە. هەر ئاراستەیەک لەسەر بنەمای روانینی خۆیی و ئەو کەرەستانەی کە کاری لەسەر دەکات بۆ سەلماندنی بۆچوونی خۆی، ناڕاستەوخۆ باسی رەگوڕیشەی ناسیونالیزم بە پێی ئەو ئاراستەی بڕوای پێیەتی دەکات. بەڵام دەبێ بزانین بنەماکانی نەتەوەو رەگوڕیشەی ناسیونالیزم بۆ هەر یەکێک لەو دوو ئاراستەیە بنەمای مادی و بەرجەستەن. ئەوەش وا دەکات هەر ئاراستەیەک بتوانێت بەڵگەی بابەتی بۆ سەلماندنی بۆچوونی خۆی بهێنێتەوە. ئەمە سەرباری جیاوازی بۆچوونی هەر ئاراستەیەک لە باسکردنی رەگوڕیشەی ناسیونالیزمدا، یەکتربڕین و تیکەڵاویش لە بۆجوونیاندا سەبارەت بە شوناسی نەتەوەیی دروست دەبێت. بەڵام ئەمە هەرگیز ئەوە ناگەیەنێت کە جیاوازی لە نێوان ناسیونالیزم و شوناسی نەتەوەیی، یان شوناسی نەتەوەیی و نەتەوەو نەتەوەییبوون و ئایدیۆلۆجیای نەتەوەیدا نیە. راستە سنووری نێوان ئەم چەمکانە زۆر پتەو و بەهێزنین، بەڵام سنوورگەلێکن کە دەتوانن ئەرکی جیاکردنەوەی پێناسەو گەوهەرو رەهەندی نێوانیان ببینن. ئێرنیست گیلنەر گفتوگۆی ئەوەی دەکرد کە: نەتەوەکان و شوناسی نەتەوەیی و ناسیونالیزم بەرهەمی مۆدێرنێتەن(١٤). هەروەک مۆدێرنیستەکان وای دادەنین کە نەتەوە لە گەوهەردا دیاردەیەکی سیاسیە(١٥). هانس کۆهن و ئیلیا خەدوری ناسیونالیزم وەکو ئایدیۆلۆجیایەکی سیاسی پێناسە دەکەن کە لە سەدەی نۆزدەیەمدا دەرکەوتووە(١٦). مەبەستمان لە هێنانەوەی ئەم وتانە کە پێداگری لەسەر رۆڵی مۆدێرنێتە لەسەر دەرکەوتنی ناسیونالیزم و پێکهاتنی نەتەوە دەکەن، بەو مەبەستەیە کە ئاماژە بۆ ئەوە بکەین لە روانگەی ئەم ئاراستەیەوە نەتەوەو ناسیونالیزم رەگوڕیشەیەکی دێرینی نیەوە بەرهەمی دوای شۆڕشی پیشەسازین. ئەم بۆچوونەش تەواو ناکۆکە لەگەڵ بۆچوونی نەریتخوازەکاندا، کە ئەوان مێژووی نەتەوە زۆر بە کۆن دەزانن و هاوکات نەتەوە بە یەکەم و ناسیونالیزم و دەوڵەتی نەتەوەیی بە دووەم دادەنێن.. نەریتیەکان بڕوایان وایە ناسیونالیزم زۆر پێش دەرکەوتن و هاتنی مۆدێرنێتە دەرکەوتووەو شێوەی خۆیی وەرگرتووە(١٧). ئەم بۆچوونەی نەریتیەکانیش پەیوەندی بە گەوهەری تێڕوانینی ئەوانەوە هەیە بۆ بوونی نەتەوە، کە پێیان وایە نەتەوە مێژوویەکی دێرینتری هەیە لەچاو شۆڕشی پیشەسازی و دروستبوونی دەوڵەتی نەتەودا.. لای زۆربەی ناسیونالیستەکان، نەتەوەکان ئەو رێکخراوە سروشتیانەن، کە بە سروشتی و زۆر لە پێش دروستبوونی دەوڵەتەوە هەن(١٨). لێرەوە تەواو ئاشکرا دەبێت کە رووبەرێکی فراون لە نێوان تێڕوانینی نەریتیەکان و مۆدێرنیستەکاندا هەیە بۆ دەرکەوتنی نەتەوەو ناسیونالیزم. بەوپێیەش وەکو لەسەرەوەش ئاماژەمان بۆ کرد دەشێ لە روانگەی هەر ئاراستەیەکیانەوە باس لە سەرچاوە، یان رەگوڕیشەی ناسیونالیزم بکرێت. دایڤد هیوم گفتوگۆی ئەوەی دەکرد کە کەسێتی نەتەوەیەک- بەو پێیە ناسیونالیزمەکەیشی- تەنیا وەستاوەتە سەر فاکتەرە رەفتاری و کۆمەڵایەتیە- سیاسیەکان و هەروەها هەندێ بنەمای تری کردووە بە پاشخان بۆ خاسێتی نەتەوەیی- ناسیونالیزم- وەکو زمانی هاوبەش و ئایینی هاوبەش و نەریتی کەلتوری و ژێردەستەیی و بوونی یەک حکومەت(١٩). دایڤد هیوم باس لەو بنەما هاوبەشانە دەکات کە لە روانگەی نەریتیەکانەوە وەکو بنەما یان رەگوڕیشەی نەتەوەو ناسیونالیزم دادەنرێن. ئەو بایەخ بە فاکتەرە رەفتارییەکان دەدات و تا ئەندازەیەک شۆڕدەبێتەوە بۆ قوڵایی بنیادی کەسێتی و ئەوەش دەبەستێت بە ئەو زەمینە جوگرافیەوە کە هەر پێکهاتەیەکی تێدا دەژی و رۆڵی جوگرافیاو کەش و هەواش لەسەر تاکەکەس و گروپەکانیش بەهێند وەردەگرێت. ئەو باس لەوە دەکات کە خەڵکی باشوری ئەوروپا بە تایبەتی ئیسپانیا و ئیتالیا ژیرترن لەچاو خەڵکی باکوری ئەو کیشوەرەدا، کە ئاو وهەوایەکی ساردی هەیەو هەتاوی لێهەڵنایەت و تەمومژاوی و خەماویە. ئەو پێیوایە خەڵکی باشور چالاکترن و ئارەزووی زیاتریان بۆ شەروشۆڕ هەیەو سەرئەنجام ئەو چالاکی و جوڵەیە رۆڵیان دەبێت لە زەمینەسازیدا بۆ نزیکبوونەوەو یەکگرتنی زیاتر، کە ئەوەش وەکو بنەمایەکی نەتەوەو ناسیونالیزم سەیر دەکرێت.  ئاراستەی نەریتیەکان زیاتر پێداگری لەسەر بوونی نەتەوەو بەو پێیەش سەرهەڵدانی ناسیونالیزم دەکەنەوە لە پێش شۆڕشی پیشەسازیداو لەوێشەوە دەیانەوێت بیسەلمێنن ئەو بۆچوونەی مۆدێرنیستەکان راست نیە کە پێیوایە نەتەوەو ناسیونالیزم بەرهەمی مۆدێرنێتەن. نەریتیەکان پێیان وایە کە نەتەوە لە قۆناغێکی زووتردا پێکهاتووەو شێوازی تایبەتی خۆیی وەرگرتووەو بووەتە دامەزراوەیەک یان کۆمەڵگایەکی سیاسی کەلتوری. بۆ سەلماندنی ئەم بۆچوونەش ئاماژە بۆ کۆمەڵگای ئینگلیزی و سویدی و فەڕەنسی و هۆڵەندی دەکەن. لەبارەی کۆمەڵگای ئینگلیزیەوە ئەندریان هاستینگ دەڵێت: ئینگلیز نموونەیەکی بنچینەیی لە نەتەوەو دەوڵەتی نەتەوە دەنوێنێت کە هەستی یەکێتی نەتەوەیی تیایدا لە کۆتایی سەدەی دەیەمەوە دەرکەوتووە(٢٠). ئاشکرایە کە سەرەتای شۆڕشی پیشەسازی لە بەریتانیا دەستیپێکرد و هەر بەوپێێەش لە روانگەی مۆدێرنیستەکانەوە دەوڵەتی نەتەوە لەو وڵاتە لە پێش شوێنانی ترەوە دروستبووەو نەتەوەو ناسیونالیزمیش ئەگەر وەکو بەرهەمی شۆڕشی پیشەسازی سەیربکرێن، ئەوا دیسان سەرەتای دەرکەوتنیان دەگەڕێتەوە بۆ بەریتانیا. لەپاڵ ئەم بۆچوونەدا لێکدانەوەی لەوجۆرەش دەکرێت گوایە لە سیستێمی فیودیالی و لە چوارچێوەی ئیمپراتۆرێتە خێڵایەتی و ئایینەکانیشدا کە خاسێتی دەوڵەتیان هەبووە، بە جۆرێک نەتەوەو دەوڵەتی نەتەوەش دەشێت ببینرێن، واتە نەتەوەو دەوڵەتی نەتەوە بەو پێیە دەگەڕێنەوە بۆ قۆناغی پێش شۆڕشی پیشەسازی.  هەر لەسەر بنەمای ئەم بۆچوونەی سەرەوە، رستەیەکی دیار لەسەر زمانی ناسیونالیستانەوە بەردەوام دەبیسترێت کە دەڵێت: هەستی نەتەوایەتی- ناسیونالیزم- رەگوڕیشەی بەقوڵی رۆدەچێتە ناو مێژووی مرۆڤایەتیەوە. ئەمەش بەو مانایە دێت کە گوایە نەتەوەو ناسیونالیزم مێژوویەکی کۆنیان هەیە.. گەڕان بە دوای دەسەڵات و سامان و هەژمووندا ئارەزووی مرۆڤە، کە زیاتر بەشێک لە پێکهاتنی بۆماوەیی-جێنەتیکی- مرۆڤ و بناغەی ناسیونالیزم پێکدەهێنێت کە لە مێژووی دوورو درێژی مرۆڤایەتیدا پێکهاتووەو دەرکەوتووە(٢١). لێرەدا بابەتی نەتەوەو ناسیونالیزم پەیوەست دەکرێت بە بنەمای بۆماوەوە، یان وەکو خاسێتی خۆڕسکی مرۆڤ سەیردەکرێت و بەلای ئەو بۆچوونەدا دەچێت کە مەسەلەی نەتەوەو هەستی نەتەوایەتی و ناسیونالیزم پەیوەندی بە هیچ قۆناغێکی مێژووییەوە نیە، بەڵکو دیاردەیەکە پەیوەندی بە بوونی مرۆڤەوە هەیەو وەکو خاسێتی دیاری مرۆڤ لێی دەڕوانرێت. باسکردنی نەتەوەو ناسیونالیزم و گێرانەوەیان بۆ مێژوویەکی کۆنتر لەوەی مۆدێرنیستەکان دیاری دەکەن، زیاتر پشت بە هەندێ بنەما دەبەستێت کە وەکو رەگوڕیشەی ناسیونالیزم سەیر دەکرێن.  


په‌یكار عوسمان - کێشەی "کۆمەڵگا" ئەوەیە کە ناوەوەو دەرەوەی هەیە. کاتێ ملکەچی یاساو مەرجەکانی بیت، باوەشێکی ئارامەو کاتێکیش وا نەبیت، ئیتر فڕێتئەداتە دەرەوە. دەرەوەی کۆمەڵگاش، یەعنی کوشتنی مەعنەوی و ڕەنگە کوشتنی فیزیکییش،، هەنیجاریش هیچت لێ ناکا، تەنیا ئیهمالت ئەکات، کە ئەوەش بۆ خۆی کوشتنێکە! - جا بۆ ئەوەی مرۆڤ، لە زەبری ئەم وەحشە دڵڕەقە بپارێزین، ئەبێ نەریت و یاساکانی کۆمەڵگا، دایمە لە ژێر پرسیارو ڕەخنەدابێ، لەپێناو دوو شت: یەکەم بۆئەوەی کۆمەڵگا "وەکو گشتێك" لە جوڵەی ئاسایی خۆیدابێ و بواری ئەپدەیت و تێپەڕاندنی نەرمی ئەو شتانەی هەبێ، کە پێویستە تێیپەڕێنێ. دووەمیش بۆئەوەی مەنفەس و دەرچەیەك هەبێ، بۆ پاراستنی ئەو تاکانەی کە بە هەر هۆکارێكی کۆمەڵایەتی، فیکری، بایۆلۆژی.. ئەکەونە دەرەوەی کۆمەڵگاو مەترسی ئەکەوێتە سەریان. - بەها کۆمەڵایەتییەکان، لەوێدا ژیانە، کە پەیوەندییەکان و "ژیانی کۆیی" ئێمە ڕێکئەخا.. لەوێشدا مەرگە، کە ئیرادەی فەرد زەوت ئەکاو ئیتر تۆ ئازادیی چوونە ئەودیو دیوارەکانت نیەو لەوێدا ژیان کۆتایی دێ. بۆئەوەشی بەهاکانی کۆمەڵگاو ئازادی تاك، هەردوکی لەسەر خەتی ژیانبێ و هیچیان نەبێتە مەرگی ئەویتریان،، پێویستمان بە "حیکمەتی هاوسەنگی"و خۆپاراستنە لە "حەماقەتی جەمسەرگیری"! - ئەوەشی کە کۆمەڵگای ئێمەی بردۆتە سەر خەتی مەرگ و بنبەست، هەر ئەوەیە کە زمانی هاوسەنگمان نیەو زمانی ڕادیکاڵ و جەمسەرگیر، ساحەکەی تەنیوە. بەجۆرێك کە ئیتر فەزای هاوبەشمان نەماوەو هیچ ئاڕاستەیەك، ڕەنگێك نیە لە تەنیشت ئەوانیتردا، بەڵکو هەر ئاراستەیەك، نەفەسێکی داگیرکاریی و کردنە دەرەوەی ئەوانیترە! - سەیرکە، ئێمە فیمینیست و ڕێکخراوی ژنانمان زیادیکردو ژنکوشتنیشمان هەر زیادیکرد! سەیرکە ئێمە بانگخوازو مامۆستای ئەخلاقمان زیادیکردو حاڵی ئەخلاقیش شڕتر بووە! سەیرکە ئێمە موعارەزەمان نەبوو، لە هەنێ ڕووەوە حاڵمان زۆر باشتربوو لە ئێستا! ئەمانە بۆ وایە، لەکاتێکا ئەبوو پێچەوانەکەیبێت؟ - چونکە بەرگریکردن لە ژن بە زمانی جەمسەرگیریی، ژن ئەباتە ناو شەڕێکی دۆڕاوەوە لەگەڵ پیاوسالارییداو کەڵبەو نینۆکی خێڵ زیاتر دێتە دەرەوە. چونکە بەرگریکردن لە ئەخلاق بە زمانی جەمسەرگیریی، ڕێك یەعنی قۆرخکردن و داگیرکردنی ئەخلاق، کە یەکێ لە لێکەوتەو کاردانەوەکانیشی، لادان و یاخیبوونە لەو ئەخلاقە داگیرکراوە ئایدۆلۆژییە. چونکە موعارەزە هات و جەمسەرگیرییەکی توندی سیاسیی بۆ دروستکردین، دەی لە سایکۆلۆژیای شەڕو دوژمنکارییشدا، لایەنەکان زیاتر ئەچنەوە ناو خۆیان و کەمتر دێنە دەرەوەی خۆیان بۆ ناوچەی چاکەی گشتی! - بێگومان کێشەکان فرەهۆکارەو مەبەستم ئەوەنیە کە منیش دیسان تاکڕەهەندانەو جەمسەرگیرانە، شتەکە کورت بکەمەوە لە تاکە هۆکارێکدا،، بەڵکو ئەمەوێ بڵێم، "یەکێ" لە هۆکارەکانی کێشەکانی ئێمە، ئەوەیە کە بە عەقڵیەتی جەمسەرگیریی کاریان لەسەر ئەکەین،، ئیتر هەمیشە کە ئەمانەوێ شتێك چاك بکەین، خراپتری ئەکەین و ئا لێرەدا نیەتی باش و خراپ فەرقی نامێنێ و هەردوکی هەر تێکگیران و خراپترکردنە! خۆ داعشێك شەرت نیە نیەتی خراپبێ و کەسێکی خراپ بێت، بەڵکو دیدە پەڕگیرو جەمسەرگیرانەکەی بۆ چاککردن، خۆی و دنیاکەش خراپ ئەکات! - سەرەتا وتمان، ڕەخنەو پرسیار لەسەر بەها کۆمەڵایەتییەکان با هەبێت، بۆئەوەی ئەپدەیتە نەرمە دوورمەوداکەی کۆمەڵگا بکەوێتە سەر سکەی خۆی.. هەروەها بۆ حاڵەتی طەواری و پاراستنی کەسانی خاوەن کەیسی تایبەت لە سزای کۆمەڵگا.. بەڵام کاتێ ڕەخنەو گفتوگۆ، ئەگۆڕێت بۆ پچڕان و جەمسەرگیریی توندی مەسەلەن نێوان مەلا و نوسەر، ئیتر ئەمە ڕەقهەڵاتنێکی زیاتری کۆمەڵگایەو فرسەتی ئەپدەیتەکە ئەکوژێ،، دەرگای تاوان و توندتیژییشە لە خۆمانی ئەکەینەوە! - "جەمسەرگیریی" فەزای لەباری توندوتیژییەو بە هەر فیکرو ئاڕاستەیەکەوە بۆ ئەوێ باژۆیت، ئاو ئەکەیتە ئاشی توندوتیژییەوە. یەعنی کاتێ گەنجێك لەسەر گۆڕینی ڕەگەز ئەکوژرێ، لەڕاستیدا هەموومان بەشدارین لە کوشتنیدا، چونکە هەموو ئاڕاستەکان لە دۆخی جەمسەرگیریداین، ئیتر ئەو کولتورەی کە خۆی توندە، توندیی تریشی ئەچێتە سەرو لە شێوەی تاوانێکدا بەرجەستە ئەبێ و دێتەوە بەردەممان! - لە دۆخێکی واشداو کە شتەکە هاتە سەر خوێن و ژیانی ئینسان، ئیتر چەلەحانێ و جەدەلە بێتامەکان زیادەن و چیتر پرسیارەکەش ئەوەنیە، کە پرسی ڕەگەزو گەوڵوگونی ئینسان، لای ئازادی تاكە، یان لای بەهاکانی کۆمەڵگا،، بەڵکو پرسیارەکە ئەوەیە، کە چۆن ژیان و کەرامەتی ئینسان پارێزراوبێ، بەبێ گوێدانە ئەوەی، کە چی لەناو دەرپێکەیدایە! - ڕاستی ئەوەیە کە تاك و کۆمەڵ، یان ئازادی و نەریت، لە دۆخی جەمسەرگیری و شەڕدا نین، بەڵام لە دۆخێکی نمونەیی و شامشەریفیشدا نین، بەڵکو لە پەیوەندییەکی بەناویەکداچوودان و ئەوەی کە گرنگە ئەوەیە، ئەم پەیوەندییە ژیانیی بێت و هیچ جەمسەرێك تا ڕادەی مەرگ و پچڕان، شتەکە بەلای خۆیدا ڕانەکێشێ.


عه‌داله‌ت عه‌بدوڵڵا  له‌م كات و ساته‌ هه‌ستیاره‌ی كه‌ عێراقی پیا تێپه‌ڕ ده‌بێت، هه‌ندێ پێشنیارو ره‌خنه‌ی دۆستانه‌ بۆ هه‌ردوو هێزی فه‌رمانڕه‌وا، پارتی و یه‌كێتی، پێویستن. له‌دۆخی نائاسایی و ته‌نانه‌ت شێنه‌یی_شدا، مرۆڤ دڵنیا نییه‌ ده‌نگی ده‌بیسترێت یان نا. دۆخه‌كه‌ ره‌نگه‌ له‌ شێوه‌ی كه‌شییه‌كه‌ی تایتانیك بێت!، پڕه‌ له‌ مه‌ردوم كه‌ له‌ حاڵی شپرزه‌یی‌ كه‌شتییه‌كه‌دا، چاره‌نووسیان، وه‌ك چاره‌نووسی هه‌مووانه‌، بگره‌ ره‌نگه‌ بۆ داماوان خراپتریش بێ له‌ خواپێداوان!.  هه‌موو دیومانه‌ كه‌ له‌ فیلمی تایتانیكدا، سه‌ر‌وه‌ختی نقومبوون سه‌روه‌ختی هه‌ركه‌س بۆ خۆی و په‌له‌قاژه‌ی رزگاركردنی گیانه‌!، ئه‌وه‌ی به‌له‌مێكی چنگ ده‌كه‌وێ نا‌خنكێ، ئه‌وه‌شی جێی نابێته‌وه‌‌، ده‌بێته‌ خۆراكی ده‌ریاو سه‌رگوزشته‌ی تراژیدیی سه‌رزاری قوتاربووان!.  میتافۆری تایتانیك، بۆ دۆخی هه‌رێم ئه‌گونجێ، به‌ جیاوازیی هۆكاری نقومبوونه‌وه‌، به‌ڵام ئاكام هه‌ر یه‌ك شته‌: كاپتن، ده‌بێ ئاگای له‌ جوگرافیای ده‌ریاو ستێرنی كه‌شتییه‌كه‌و كه‌ندو كۆسپه‌كانی بن ده‌ریاو كه‌ش و هه‌وا بێ به‌گشتی.  ئێمه‌ كه‌ پێشنیار ئه‌كه‌ین، ئه‌زانین ده‌شێت له‌گه‌ڵ هه‌ر دۆخێكی هه‌ستیاردا بۆ هه‌رێم، به‌شێك له‌ براده‌ران، پێش نقوومبوون ببنه‌وه‌ به‌ هاووڵاتی له‌و وڵاتانه‌ی كه‌ ره‌گه‌زنامه‌ی پێ به‌خشیون!، به‌ڵام ئه‌ی ئه‌وه‌ی ئه‌م قورتارنامه‌یه‌ی پێ نه‌بوو، چی؟ چۆن رزگاری ببێ؟ تاكه‌ی به‌رگه‌ی ئاواره‌یی و ژێر ده‌واری په‌نابه‌ریی سه‌ر سنوره‌كان بێت؟ هه‌ر بۆیه‌، بیرۆكه‌كه‌، بۆ سیاچاره‌كانی ناو كه‌شییه‌كه‌ی هه‌رێم ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ بنه‌ڕه‌تدا هاوار بكه‌ین كه‌شتییه‌كه‌ نقوم نه‌بێت. له‌ ره‌شه‌باو شاخی به‌ستوو و سه‌هۆڵبه‌ندان و زریان بیپارێزین ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ئیشی ئه‌وانه‌ی به‌م جۆره‌ خه‌می كه‌شتییه‌كه‌ ده‌خۆن، بریتی بێت له‌ هه‌ڵڕشتنی خه‌ڵوز بۆی و به‌سه‌روچاوی ره‌شه‌وه‌ ئێشكگرتن بێ به‌دیار بزوێنه‌ره‌كانییه‌وه‌..! به‌ڵێ له‌ پێناوی ژیان و ئارامی، له‌پێناوی نقوم نه‌بوونی ئه‌و كه‌شییه‌ی كه‌  پێی ده‌وترێ قه‌واره‌ی هه‌رێم، پێویسته‌ به‌ پارتی و یه‌كێتی بڵێین: پانی ببینن و بوه‌ستن. با ته‌ماحی كۆنترۆڵكردنی هه‌موو پۆست و پایه‌كان و شه‌ڕكردن له‌سه‌ریان، به‌ شاخه‌ به‌ردێكتاندا نه‌دات!، كات له‌ ئێستادا له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی داگیركه‌رانی كوردستانه‌ به‌ گشتی نه‌ك ئێوه‌. له‌ناو ئه‌م گه‌مه‌ هه‌رێمایه‌تی و نێوده‌وڵه‌تییه‌دا، چ جیهان و چ داگیركه‌رانیش، كه‌سیان ئاماده‌ی پاراستنی قه‌واره‌كه‌ نین ئه‌گه‌ر به‌ ته‌ماحی هه‌ڵه‌و سیاسه‌تی یه‌كتر شكاندنی خۆتان كونی تێبكه‌ن و له‌ ململانێ له‌سه‌ر بابه‌تی لاوه‌كی، نقوم ببێت.  ئه‌وان له‌باشترین حاڵه‌تدا به‌رژه‌وه‌ندییه‌كی حزبیی په‌تی ره‌چاو ده‌كه‌ن كه‌ ته‌واو دژ بێ به‌ كۆڵه‌گه‌كانی یه‌كپارچه‌یی و خۆڕاگرتنی ئه‌و سه‌رزه‌مینه‌ی كه‌ پێی ده‌ڵێین كوردستان. ئه‌وان، تا ئێستا، یان بۆ چاوبه‌سته‌كی ناوی كوردستان ئه‌هێنن، یان له‌ بنه‌ڕه‌تدا به‌ باكوری عێراق ناوی ده‌به‌ن، یان شیمالونا‌لحه‌بیب!، كه‌ ئه‌وان دان به‌ خاوه‌ندارێتیی نیشتمانه‌كه‌تاندا نانێن ده‌بێ هه‌میشه‌ گومانتان هه‌بێ له‌وه‌ی رێزی هاونیشتمانییه‌كانیشی بگرن. كه‌س ئه‌وه‌نده‌ نه‌فام نییه‌ له‌ سیاسه‌تدا، خواستی به‌ گژا چوونه‌وه‌ی داگیركه‌رانی لێتان هه‌بێت، داواكاریی خۆتڕێنی وه‌ها له‌ ئارادا نییه‌!. خۆ ئه‌گه‌ر به‌ زمانی دیبلۆماسی پێیان ده‌ڵێن: دراوسێ، ئه‌وا ته‌نها داواكه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌ زمانی بیر و دڵ بیرتان نه‌چێ كه‌ ئه‌وان كێن!. هه‌میشه‌ كه‌ ته‌وقه‌یه‌كیان له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ن، دواتر په‌نجه‌كانتان بژمێرنه‌وه‌!. دۆستایه‌تی ئه‌وان،(أخژ و عگا)ی تیا نییه‌ بۆ كورد، به‌ڵكو ته‌نها بردنه‌، رێككه‌وتن و هاوپه‌یمانێتیشیان له‌گه‌ڵ دۆسته‌كانیاندا تاسه‌ر ئێوه‌ی تیا نابێت!‌، ئه‌وپه‌ڕی شۆربایه‌كی سارد ده‌رخواردی هه‌ر هێزێك ده‌درێت كه‌ مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا بكات. بۆیه‌ باكی میلله‌ته‌كه‌تان هه‌بێ، له‌ پێناوی پۆست و پایه‌كاندا، ناڕاسته‌وخۆ، ده‌رگا به‌رووی جێبه‌جێبوونی پیلان و پرۆژه‌ی مێژوویی داگیركه‌راندا مه‌كه‌نه‌وه‌، كوردایه‌تی ئه‌وه‌ نییه‌ ماڵی خه‌ڵك رێك بخه‌یته‌وه‌ و هی خۆت بشوێنێ!، ئه‌مه‌ هه‌موو شتێكه‌ به‌س كوردایه‌تی نه‌بێ‌‌. پاشان، خه‌می خۆتان و میلله‌ته‌كه‌تان بخۆن، براده‌رینه‌‌!، سونه‌كان و شیعه‌كانی عێراق، بێ خاوه‌ن نین، ئه‌وان‌ ته‌نها له‌ هه‌ندێ كێشه‌ی ناوخۆی خۆیاندایه‌ كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی تێپه‌ڕ په‌كیان له‌سه‌ر ئێوه‌ كه‌وتووه‌..! ئێوه‌ باش ئه‌زانن كه‌ توركه‌كان چاویان له‌ ساڵی 2023ه‌! كه‌ په‌یماننامه‌ی یه‌ك سه‌ده‌یی لۆزان كۆتایی پێ دێ، ئێرانییه‌كان خه‌می شیعه‌كان و هه‌ژموونی خۆیانه‌ له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ ئه‌مریكییه‌كاندا، رژێمی ئه‌سه‌د، بۆی بلوێ، ته‌نانه‌ت ئاماده‌ی سازشه‌ بۆ داعشیش بۆ ئه‌وه‌ی هه‌سه‌ده‌ له‌ناو به‌رێت و وه‌ك سه‌ركه‌وتووه‌یه‌كی جه‌نگ بگه‌ڕێته‌وه‌ ناو كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و كۆمكاری عه‌ره‌بییه‌وه‌.  پاشان، له‌ولاوه‌، ساڵ بۆ ساڵ، به‌ ئاشكرا، فه‌رمانڕه‌واییه‌كه‌ی خۆیشمان روو له‌ خراپییه‌‌. باج و خه‌راج له‌ سه‌ر هاووڵاتیان زیاتر ده‌كرێ، مووچه‌ له‌ كاتی خۆیدا نادرێ، خزمه‌تگوزارییه‌كان له‌ سوته‌مه‌نی، ئاو، كاره‌با، پرۆژه‌، ساڵ دوای ساڵ ئه‌چنه‌ ئاو و گرانتر له‌سه‌ر هاووڵاتی ده‌كه‌ون، گه‌نجان به‌ لێشاو وڵات به‌جێ ده‌هێڵن و ده‌یان كێشه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و ده‌ردو نه‌خۆشیی ده‌روونی بڵاوبوونه‌ته‌‌وه‌، ته‌نانه‌ت شاره‌كانمان به‌رگه‌ی زریان و لافاوه‌كانیش ناگرن!.. له‌ولاتر ده‌بینین رێی خۆپیشاندان و ته‌نانه‌ت ته‌نفیسیشتان له‌ هاووڵاتی گرتووه‌، له‌ باری گوزه‌رانه‌وه‌، ئه‌وه‌ی هه‌یه‌و نییه‌، ته‌نها مووچه‌كه‌یه‌‌، ئه‌و‌یش یان لێی ده‌بڕدرێت، یان دوا ده‌كه‌وێ، یان گرێدراوی خێراوه‌كه‌ی كازمییه‌!.  بۆیه‌ له‌وه‌ زیاتر ناخۆشی مه‌كه‌ن. ئینسانی كورد، به‌و هه‌موو نادادپه‌روه‌رییه‌، به‌ ناچاری، رازی بووه‌، به‌ڵام خۆڕاگری و ئارامیشی مه‌شێوێنن.  به‌ڕێزان، شاره‌كانمان به‌رگه‌ی كاتیۆشای میلیشیاكان و بۆمبارانی توركه‌كان و تۆپباران و فشاری ئێرانییه‌كان ناگرن. ئه‌گه‌ر بنكه‌ سه‌ربازییه‌كانی ئه‌مریكا و توركیا له‌ ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی ململانێكانی ناوچه‌كه‌دا پارێزراو نه‌بن، ئه‌گه‌ر ریاز، ئه‌بو زه‌بی، ته‌لئه‌بیب، به‌یروت و باشووری لوبنان و دیمه‌شق، كاتیۆشا باران بكرێن و له‌ناو ئاڵوگۆڕی ئاگر باراندا بژین، چی رێگره‌ له‌وه‌ی پارێزگاكانی هه‌رێمیش بكرێنه‌ ئامانج؟.. كورتبینی و سه‌ره‌ڕۆیی له‌ سیاسه‌تدا هه‌‌ڵه‌یه‌، تكایه‌.. برای خۆتان بۆ كه‌سی تر مه‌شكێنن، ئه‌وه‌ی رێزی هاوزمانه‌كه‌ی خۆی نه‌گرێت، كه‌س له‌ ناخدا رێزی لێ ناگرێ، دڵنیابن هه‌موو رێككه‌وتنێكیش له‌گه‌ڵ ئه‌وانیتردا بێ به‌هایه‌، كاتییه، پێویستیی هه‌لومه‌رجێكی دیاریكراوه‌و به‌س‌‌، ئه‌وپه‌ڕی به‌كارهێنانێكه‌ په‌ڕۆ ئاسا!، دوای ئیستهلاككردنی، فرێ ده‌درێت، ئاینده‌ش ئه‌م راستییه‌ ساده‌یه‌ زیاتر و زۆرتر روون ده‌كاته‌وه‌.  


له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج  هیچ كات هێنده‌ی ئێستا كوردی كه‌ركوك له‌ ده‌سه‌ڵاتی نه‌وتمژ و تاڵانچی كوردستان توڕو بێزار نه‌بووه‌، ئه‌گه‌ر سه‌یری  به‌شداری هه‌ڵبژاردنه‌كان بكه‌ین تێده‌گه‌ین كورد چه‌ند توڕه‌ن ، ئیتر ره‌نگه‌ پێویست به‌ هیچی تر نه‌كات ، له‌ مه‌ودای چوارده‌ ساڵی ده‌سه‌ڵاتی ره‌های كوردا هه‌ره‌ زۆری به‌رپرسان خه‌ریكی ڤێللاو ته‌لارو چێشخانه‌و به‌نزینخانه‌و بزنس بوون و كه‌سیان خه‌به‌رداری كه‌ركوك نه‌بوون ، ئه‌م په‌تاو دزیه‌ به‌شێك له‌وانه‌شی گرتبوه‌وه‌ كه‌ گوایه‌ دژی گه‌نده‌ڵین ، هه‌یه‌ هه‌زاران مه‌تر زه‌وی له‌ كه‌ركوك تاڵانكردوه‌و ده‌یان خانوی فرۆشتوه‌ ، به‌ڵام خێری فلسێكی قه‌ڵبی بۆ كه‌ركوك نه‌بووه‌ ، مێژوو هه‌موو ئه‌مانه‌ له‌ رۆژی خۆیدا ئاشكرا ده‌كات ، له‌ گه‌رمه‌ی شكستی سوپای عیراقیدا به‌رانبه‌رداعش عه‌ڕابه‌كانی كوردایه‌تی خه‌ریكی تاڵانی چه‌ك  ئۆتۆمبیلی سه‌ربازی و دزی سه‌ربازگه‌كان بوون ، ئێستا خۆیان وه‌ك فریشته‌ نمایش ده‌كه‌ن ، ئێستا كه‌ كه‌ركوك له‌ به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی گه‌وره‌دایه‌ به‌رپرسی یه‌كه‌می ئه‌و هه‌ڕه‌شه‌یه‌ به‌رله‌وه‌ی كه‌سی تر بێت كورد خۆیه‌تی ، 14 ساڵ نه‌وتی كه‌ركوكیان تاڵانكرد ، زه‌ویان ته‌خشان و په‌خشانكرد ، له‌ سه‌ر پۆستی به‌ڕێوه‌به‌ری قوتابخانه‌یه‌ك شه‌ڕی یه‌كتریان كرد ، یه‌كتریان به‌ دز ، خائین ، خۆفرۆش و تاڵانچی له‌ قه‌ڵه‌مدا ، نه‌یانهێشت خزمه‌تگوزاری و پاڵاوگه‌ی نه‌وت و پڕۆژه‌ی باش له‌ كه‌ركوكا دروستبكرێت ، جارێكیان بینیم یه‌كێك له‌ به‌رپرسه‌كانی كه‌ركوك خه‌ریكی دروستكردنی كۆگایه‌كه‌ له‌ سه‌ر ئه‌رزی حه‌رام ، وتم تۆ بۆ ، وتی بۆ داهاتوی خۆم كه‌ س ماوه‌نه‌یكات ، با ناوی به‌رپرسه‌كه‌ بمێنێ‌ بۆ مێژوو. ئێستاش به‌رژه‌وه‌ندی به‌شێك له‌ دزو گه‌نده‌ڵان وه‌ك خۆیه‌تی له‌ گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا رۆژ به‌ رۆژ كه‌ركوك به‌ره‌و دواوه‌ ده‌چێت ، له‌ یه‌كدوورۆژی رابردودا سه‌ردانی زیندانی گرتن و گوازتنه‌وه‌ی كه‌ركوكم كرد ،هه‌ڵبه‌ت له‌ ده‌رگاوه‌ تا ناو زیندان له‌ زبڵخانێكی گه‌وره‌ زیاتر نیه‌ ، پیس و ناشرین و وێران ، خه‌ڵك بۆ سه‌ردان ده‌چێت شوێنی نیه‌ بۆ دانیشتن ، زیندانیه‌كان له‌ پشت دووته‌لبه‌ندی تاریك و چڕه‌وه‌ ته‌نانه‌ت ده‌م و چاویشیان باش نابینرێت ، له‌ سه‌رده‌می به‌عسیشا زیندانی ئه‌بو غرێب و شوێنه‌كانی تر به‌و جۆره‌ نه‌بووه‌ ، چه‌ند ناشرینه‌ كورد 14 ساڵ حوكمی ئه‌و شاره‌ی كردبێت و ئه‌وه‌ دۆخی شاره‌كه‌ بێت ، له‌ كاتێكا به‌رپرسه‌كان كێبڕكێ‌ و شه‌ڕی ئه‌وه‌یان بوو هه‌موو گرده‌كانی ناو شار بكه‌ن به‌ ته‌لارو ڤێی بۆ خۆیان ، ئێوه‌ بڕوانن خه‌ڵك هه‌یه‌ له‌ سه‌ر روبه‌رێكی فراوان  زه‌وی داگیركراو چێشتخانه‌یه‌كی مۆدێرن و پڕ ته‌نته‌نه‌و روناكی دروستكردوه‌، به‌ڵام گوێی له‌وه‌ نیه‌ چوار ده‌وری چێشخانه‌كه‌ی له‌ دیوی ده‌ره‌وه‌ زبڵخان و پیسیه‌ ، ئاماده‌ نیه‌ سه‌نتێك بۆ پاككردنه‌وه‌ی شار ببه‌خشێت ، به‌ڵام به‌رتیل و هاوكاری به‌رپرسانی سوپاو هه‌ندێك به‌رپرسی باڵا ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی چاو له‌ دزی و گه‌نده‌ڵیه‌كه‌ی بپۆشن . به‌رپرسێكی دۆست به‌ به‌رپرسێكی تری هاوڕێی وتبوو ، ئه‌رێ‌ به‌س نیه‌ ، له‌ وه‌ڵامدا پێی وتبوو ئه‌وه‌ی پاره‌و دۆلاری نه‌بێت پیاو نیه‌ ، بۆ ئه‌و گرنگ نیه‌ چۆن پاره‌و دۆلار كه‌ڵه‌ك ده‌كات ، بۆ ئه‌و گرنگه‌ هه‌یبێت ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر به‌ كه‌رامه‌ت و شه‌ره‌ف فرۆشتنیش بێت ، ره‌نگه‌ ته‌نها ئه‌م چیرۆكه‌ به‌س بێت بۆ ئه‌وه‌ی بڵێین له‌ 14 ساڵدا چی له‌ كه‌ركوك كراوه‌ چیرۆكی تێكدانی حه‌مام عه‌لی به‌گ و گۆڕستان و شوێنه‌كانی تر با بمێنێ‌ بۆ جارێ‌ تر .


ئاری محەمەد هەرسین گومان لەوەدا نیە کە ئەحزابی سیاسی وەک چۆن لە پێناو جێبەجێکردنی بەرنامەیەکی هاوبەش دەچنە بەرەیەکەوە و دەبنە هاوکاری یەکتر، بە هەمان شێوە هەندێک جاریش بەرەو ڕوی یەکتر دەوەستنەوەو دەبنە ڕکەبەری یەکتر. نە لە حاڵەتی یەکەمدا (حیزبە کان) دەبنە عاشق و مەعشوق، نە لەوە ی دوهەمیشدا دەبنە دوژمنی یەکتر. لەوەتەی پرسی سەرۆک کۆمار و بەربژێرە جیاوازەکان بونەتە مژاری گەرمی ڕۆژ، تێکهەڵقژانێکی نابەجێ و نا تەندروست (بەتایبەتی لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان) دەستی پێکردوە کە هەموو سنورێکی ئەخلاقی و ئینسانی تێپەڕاندوە. مەکتەب سیاسیەکانمان (ئێمە و یەکێتی) بەزمانی حورمەت و ڕێز لەگەڵ یەکتر دەدوێن، کەچی کۆمەڵێک کەس لە توێژی کەوادری هەردولا وەک بڵێی شەڕ لەسەر میراتی بکەن بەزمانێکی شەق و شڕ و دور لە ئەدەبی ئینسانی، نیشتیمانی و سیاسی هیچیان تێدا نەهێشتۆتەوە و تەنانەت دە ست لە کەرامەت و حورمەتی شەخسی و کەسایەتیش دەوەشێنن. هەرچی بۆ ئێمەی پارتیە، ئەم جۆرە لە بەدڕەوشتی لەدەرەوەی میتۆدی سیاسی و حیزبایەتی ئێمەیە و پێچەوانەی بنەماکانی ڕێبازی بارزانین. ئەم جۆرە لە دروشم بەخشینەوەو گوتاری (بێ حەیا) ئیجتیهادی تاکە کەسین و پێویستە وەک زبڵدان سەیر بکرێن و مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت. من دەمڕاست و نوێنەری یەکێتی نیم، چونکە هیچ ئیلتیزامێکی تەشکیلاتیم بە یەکێتیەوە نیە، بۆیە قسە کردن لەسەر زمانی گوتار لەلایەن کەوادری یەکێتیەوە بۆ برادەران لە یەکێتی بەجێ دەهێڵم. بەڵام بە دڵنیایەوە دەتوانم زۆر ڕاشکاوانە بڵێم، کە هەر کادرێکی پارتی زمانی جنێو، تەشهیر و ئیهانەکردن لەبەرامبەر مونافیسەکانی ئێمە بەکار بهێنێت ئەوا وەک بەکرێگیراو وایە و سەر بە ڕێبازی شکۆداری بارزانی نیە کە کوردایەتیە.  دواجار ڕاستە ئێمە کێبڕکێمانە لە سەر کورسیەکەی سەرۆک کۆماری عێراق، ئەمەش شتێکی ئاساییە و لەدەرەوەی عورفی سیاسی نیە. بەڵام باشتر نەدەبو لەپاڵ ئەو کێبڕکێیەدا وزەی خۆمان لە پێناو مسۆگەرکردنی یەکڕیزی ناو ماڵی خۆمان بەکار بهێنین. پۆست وەردەگریت و پاش ماوەیەک لێت دەسێندرێتەوە، ئەوەی هەمیشە دەمێنێتەوە گەل و نیشتیمانە. حورمەتی گەل و نیشتیمان لە سەرو هەمو شتێکەوەیە. بڵاوکردنەوەو هاندانی بێحورمەتکردنی سیاسەت و دامەزراندنی مەدرەسەیەک لە پێناو بێحورمەتکردنی کۆمەڵگا دەبێتە هۆی داڕمانی کەسایەتی کۆمەڵایەتیمان بۆیە، ڕێگەپێدراو نیە و دەبێت هەموان مەحکومی بکەین.


یاسین ته‌ها پێدراوەكان: ـ پارتی پشتئەستوورە بە بلۆكێكی جێگیری سەدری - پارتی كە لەسەروو 105 كورسییە، هەروەها دەنگیشی داوە بە حەلبوسی و هاوپەیمانییان هەیە لەگەڵ سوننەكان (هاوپەیمانی سیادە) كە زیاترن لە 70 كورسی و چاوەڕێی دەنگی ئەوانیش دەكات. ـ یەكێتی لەهەوڵی مسۆگەركردنی دەنگەكانی "چوارچێوەی هاوئاهەنگی شیعە" دایە، پاش ئەمەش كار بۆ مسۆگەركردنی بلۆكێك دەكات لەسەرو 100 كورسی پەرلەمانەوە، دواتر هەوڵی ڕازیكردنی كاندیدە تاكەكان و لیستە پەرش و بڵاوەكان دەدات لەگەڵ چاوەڕێكردنی ئینشیقاق و ڕاجیایی ناو سوننەكان كە وەك سەدرییەكان یەكڕیزییەكەیان مەركەزی و تۆكمە نییە. ئەگەر و پێشهاتەكان: ـ سەرۆك كۆمار پرسیارێكی ناردووە بۆ دادگای فیدراڵی كە ئایا رێژەی ئامادەبوونی پێویست بۆ دەنگدانی 7ی شوبات، 2/ 3ی پەرلەمانتارانە بەگوێرەی مادەی 70ی دەستور یان 50+1، ئەگەر دادگا یەكەمیان پەسەند بكات (2/ 3)، بایكۆت و پەكخستنی پرۆسەكە و دواكەوتنی دەبێتە یەكێك لە ئەگەرەكان. ـ دەستپێشخەرییەك هەیە بۆ نزیككردنەوەی سەدرو لایەنە شیعەكان و لە هەولێریشەوە دەرچووە (4_ 5 وەزارەت بۆ چوارچێوەی هاوئاهەنگی)، ئەگەر ئەمە سەربگرێت، گۆڕان بەسەر هاوكێشە سیاسییەكە دێت و رێككەوتنە گریمانكراوەكە ئاراستەی هاوپەیمانییەكانی داهاتوو دیاری دەكات كە قورسە پێشبینی بكرێت لە بەرژەوەندی كام لا دەبێت. ـ تا هەفتەی داهاتوو پێشهاتی یەكلاكەرەوە چاوەڕوانكراو نییەو چركەساتەكانی كۆتایی بڕیاردەرن، لە یارییەكەشدا سێ كارتێكەری تر ڕۆڵیان هەیە كە ئۆفەر، ئیغرائات، گوشاری دەوروبەرن جگە لە ویستە ناوخۆییەكان.


ئارام سەعید فەیسبوک ماڵێک بۆ سایکۆپاتەکان رەنگە زۆربەمان فیلمی هانیباڵ The Silence of the Lambs (1991)مان بینیبێت، کە یەکێکە لە بەرجەستەترین وێنەی کەسی سایکۆپات بەڵام لە شێوەی تاوانباردا، کە چۆن بەپلانەکانی لەچەندین زیندان خۆی رزگار دەکات و تاوانی گەورەو توندوتیژ ئەنجام دەدات، تەنانەت دەگاتە ئەوەی قوربانییەکانی بخوات، ئەم فیلمەو دەیان فیلمی تری هۆلیود لەسەر سایکۆپاتەکان بەرجەستەی ئەوە دەکەن کە سایکۆپات مانای توندوتیژی و خۆمەڵاسدانە بۆ قوربانییەکان، بەڵام ئایا سایکۆپاتەکان هەمویان دڕندەن؟ یان نەخۆشن و ئەوانیش قوربانی عەقڵێک و بیرکردنەوەیەکی شێواون؟ چەند زنجیرەیەکی تری تەلەفزیۆنی هەیە کە باسی سایکۆپاتەکان دەکات و پاڵەوانەکانی تەواو سەرنجی بینەران رادەکێشن، بەمدواییە نێتفلێکس دۆکیومێنتارییەکی لەسەر تێد بوندی بڵاوکردەوە کە چوار زنجیرەیەو یەکێکە لە سایکۆپاتە بەناوبانگەکان و تاوانبارە بە کوشتنی ژمارەیەکی زۆری کچ بەشێوەیەکی دڕندانە، بەڵام کاتێک گوێ لە تۆمارە دەنگییەکانی دەگریت زیرەکیی و وردبینی لەئەنجامدانی کارەکانی دەردەکەویت کە چۆن هیچ بەڵگەیەک لەدوای تاوانەکانی بەجێ ناهێڵێت. بەبینینی ئەو فیلمانە بۆمان ئاشکرا دەبێت سایکۆپاتەکان زۆر راستی دەزانن لەسەر مرۆڤ، زۆر زیرەکن لەسەرنجڕاکێشانی ئەوانی ترداو دەزانن چۆن مامەڵە بکەن، بەڵام ئایا لە سۆشیاڵ میدیا گوێیان لێدەگرین؟ بەردەوام باسی ئەوە دەکرێت کە ئەوان سۆزداریان نیە، مانای وایە ئەوان بە عەقڵ کاردەکەن، بۆئەوەی بڕیار بدەین لەسەر کارێک کە هەڵەیە یان راستە، پێویستمان بە عەقڵەو لەڕێگەی سۆزەوە ئەو بریاڕە بدرێت جیاوازە. لەبەرئەوە سایکۆپاتەکان هەمیشە لەپێشەوەن و ئەوان لەواقیعدا سەرکەوتون بەسەر ئەوانی تردا، لەسۆشیال میدیاش هەروا، نمونەی زۆر سیاسی و هونەرمەندی داهێنەرو بزنزمانی گەورە هەن کە سایکۆپاتن، هەربۆیە دەتوانین بڵێین گوێیان لێدەگیرێت. پرسیارەکە ئەوەیە لەکاتێکدا ئەوان عەقڵ بەکاردەهێنن ئەی بۆ ئامادەن ئازاری ئەوانی تر بدەن؟ لەبواری بزنزدا ئەو سیفاتانەی کەسی سایکۆپات هەیەتی دەیکاتە سەرکردەیەکی کاریگەر، ئەوەیه‌ گرنگی بەلایەنی سۆزداری نادەن دەتوانن وەبەرهێنانی تیا بکەن بۆ ئەوەی ببنە سیاسی بەتوانا، یان لە پۆلیس و دادگاکان کاری گرنگ بکەن، تەنانەت بواری پزیشکیش، بەگشتی ئەو پیشانەی کە پێویستە لە سۆزداریەوە دووربێت ئەوان تیایدا سەرکەوتون، مامۆستایەکی ئەمریکی لەبواری زانستی ئابوری و دەماردا کاردەکات وتەیەکی بەناوبانگی هەیە دەڵیت" بەهەڵەی مەزانن کاتێک دەبینن زۆربەی پارێزەرە بەتواناو بەناوبانگەکان و بەڕێوەبەرە جێبەجێکارە گەورەکان سیفاتی سایکۆپاتیان هەبێت" لەمبارەیەوە کیڤن دایتۆن لە کتێبیکدا لەسەر سایکۆپاتەکان دەڵێت" ئەو هەڵسوکەوتەی وادەکات سەرکەوتوو بن ئەوەیە توانایان لەخێرایی بڕیاردان و باشی بریارەکانیان هەیە، ئەمە جگە لەوەی توانایەکی بەرزیان هەیە لە زانین و خوێندنەوەی هەست و سۆزی ئەوانی تر بۆیە دەتوانن یاریان پێ بکەن". دەبێت جارێکی تر بیربکەینەوە لەوەی سۆزداری رۆڵی چیە لە ئاکاری مرۆڤدا؟ ئایا سایکۆپاتەکان ئەو نەبونی سۆزداریەیان هەڵەیە یان یان نەبونی توانایەکە کە لەوانی تردا هەیەو ئەوەش تاوانی ئەوان نیە، کەواتە چۆن سەردەکەون؟ وەڵامەکەی ئاسانە کاتێک کە ئامانجێکیان دەبێت ئامادەن بەبێ بەکارهێنانی سۆزداری کاری بۆبکەن و لەورێگەیەدا رەنگە لەناوبردن و نابوتکردن و ئەشکەنجەو کوشتنی ئەوانی تر بۆیان گرنگ نەبێت. زۆرکات زاناو دەرونناسەکان بەوە وەسفیان دەکەن کە لەژیانی رۆژانەدا ئەو کەسانە رێکپۆش و سەرنجراکێشن، ئەوەش لە سۆشیاڵ میدیاکانیاندا دەبینرێت، تەنانەت هەندێک دەڵین "بەهێزیان لەوەدایە ئەوان دەتوانن بەئاسانی سۆزداری کارپێبکەن و لەکوێدا ویستیان بییکوژێننەوە!!" ئەمەش خاڵی بەهێزی سایکۆپاتەکانە... بەکورتی کەسی ئاسایی یان سۆزدار ئاکاری رێگەی پێنادات بۆ بەدەستهێنانی دەستکەوتێکی شەخسی ئازاری ئەوانی تر بدات، هەوڵ دەدات هاوکاری ئەوانی تر بکات، بەڵام بۆ سایکۆپات ئەم هاوکێشەیە پێچەوانەیەو بۆ دەستکەوتی خۆیان ئازاردانی ئەوانی تریان پێ باشترە لەوەی یارمەتی و هاوکاری کەسێكی تر بکەن. بۆ ئەوەی کەسێک بڕیاڕ بدات بەئەنجامدانی کارێک سەرەتا ترس و نیگەرانییەک لەلای دروست دەبێت بۆ ئەو بڕیاڕە و ئەمەش لایەنی سۆزداری مرۆڤە، ترس دەچێتە نێوان عەقڵ و سۆزداری، بەڵام ئەو ترس و نیگەرانییە لای کەسی سایکۆپات نیە، گرنگ نیە لەئەنجامی ئەو بڕیاڕەی کێ چی بەسەردێت، گرنگ ئەوەیە خۆی بیباتەوە، لەبەرئەوە خێراتر بریاڕ دەدەن و پێشی ئەوانی تر دەکەون...


فارس نەورۆڵی  هەرکاتێک ناکۆکییەک دەکەوێتە نێوان هێزە سیاسیەکان بەتایبەتی ( یەکێتی و پارتی) مرۆڤی غەریب بە سیاسەت بێ هیچ لێکدانەوەیەک و بێ هیچ تێگەیشتنێک لە سیاسەت، بێ گەڕانەوە بۆ ئەو چیرۆکە تراژیدیانەی ئەم هەرێمەی دروستکردووە، دێنە سەر شاشەکان و هەموو شیکردنەوەو خوێندنەوەیەکی بۆ کێشەکان ئەوەیە دەڵێن: دەیکەین بە دوو ئیدارە. ئاخر ئەم کوردستانە موڵکی هیچکەس و هیچ حزبێک نییە، کە هەرکاتێک دەرفەتی هەبوو یاخود فشار لەسەر بەرژەوەندیەکانی هەبوو ئیتر تەنها چەکی دەست و ئارگۆمێنتی ئەوە بێت هەرێم دەکەین بە دوو ئیدارە. ئاخر کردیشمان بە دوو ئیدارە حاڵمان جوان بوو، دیسانەوە بگەڕێینەوە بۆ ئەو دۆخە ئەوانەی ئەم جۆرە قسەیە دەکەن نازانن سیاسەت بۆچی باشە. کێن ئەوانەی دەبێ سیاسەت بکەن نازانن سیاسەت قسەی ئەقڵە بۆ ئیدارەدانی کێشمەکێشەکان. بۆیە تەنها لە ڕۆحی شەڕەنگێزییەوە بابەتەکان دەبینن. ئەوەندە هەلپەرستن ئامادەن لەپێناو بەرژەوەندی و غەریزەکانی خۆیاندا وەکو نیرۆن بەدیار سوتانی ڕۆماوە مۆسیقا بژەنن. ئەگەر لەم کێشمەکێشی سەرۆککۆمارەوە سەیری ئایندەی پارتی و یەکێتی بکەن، ئەوا بە هەڵەدا چوون، چونکە پارتی و یەکێتی ناکۆکی زۆر قورستریان تێپەڕاندووە ئەوەندەش خەڵکی دڵسۆزو دووربین ماون ڕێگا نەدەن ئەوانە دڵخۆشبکەن کە خەون بە هەڵوەشانەوەی هەرێمەوە دەبینن. دواجار وەک ئەرستۆ دەڵێت:(ناکۆکی چۆنایەتی بەشێکی هەرە گرنگی کۆمەڵگای سیاسییە) بۆیە ئەوانەی حەز بە دوو ئیدارەیی دەکەن و بووە بە ویردی سەر زمانیان، لە میدیاکاندا ئەوە پێی دەڵێن بوێری نەفامی (جورئەتی جەهل) ئەم جورئەتی جەهلەش میدیای جەهل دورستی دەکات ئەگینا هەرگیز دەرفەتێک دروست ناکەن بۆ کەسانی نابەرپرس، کە بێن و قسە لەسەر تراژیدیترین بابەت بکات، کە بە دوو ئیدارەکردنی هەرێمە. لەکاتێکدا سەرۆک نێچیرەڤان بارزانی هەمیشە دەڵێت: (دوو ئیدارەی واتە سفر ئیدارە) لە ڕاستیشدا دوو ئیدارەیی نە لە ستراتیج و نە لە تاکتیکی پارتی و یەکێتیدا نییە. بۆیە هیچکەس و هیچ میدیایەک خەون بە دوو ئیدارەییەوە نەبینێت، چونکە زۆر فاکتەر هەیە نایەڵێ ببێت بە دوو ئیدارە، بەڵام کەمیش نین  ئەوانەی کار لەسەر ئەوە دەکەن ببینە سفر ئیدارە.


خالد سلێمان موقتەدا سەدر لەسەر هێڵی ئێران لایداوە تا خۆی ببێتە خومەینی عیراق، ئەوەی مێژووی شۆڕشی گەلانی ئێران/١٩٧٩بخوێنێتەوە لەم ڕاستیە باش تێدەگات. ئەو لە هاوپەیمانێتییەوە لەگەڵ چەپەکاندا بۆ گۆڕینی لایتی سەوز بەرەو کەنداو، تا دەگاتە هاوپەیمانێتی لەگەڵ بەشیک لە کوردو سوننە، دەیەوێت حاکمێکی عیراق لە وێنەی خومەینی. ئەم هەموو زیگزاگ و لادانە کوتوپڕانەی ئەمانە هەموو میکانیزمی سەدرن تا ببێتە خومەینی و سەرجەم دەسەڵاتەکان (ئاینیی، سیاسی و کۆمەڵایەتی) لە کەسێتی خۆیدا چڕبکاتەوە. پێش گەیشتنی بەدەسەڵات، فەلسەفەی خومەینی کرانەوە بوو بەسەر چەپ و لیبراڵ و فێمێنیست و هەموو بزووتنەوە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکاندا، بەڵام چەند مانگێک لە گەیشتنی بەدەسەڵات بڕیارێکی سەپاند بەسەر هەموو ژنانی ئێراندا کە دەبێت پەچە بپۆشن. ئەمە ئەو سەکۆیە بوو کە ئیتر ستەمی دەسەڵاتی سیاسی-ئاینیی لێوەی دەستی پێکردو کار گەیشتە ئاستی قەڵەمکردنی کۆمەڵگە لە یەک ئایدیۆلۆژیادا، ئەمەش پێویستی بەتەسفییەکردن هەبوو، حوکمڕانە ئیکلیرکییەکانیش دەستیان ناپاراست و ئەوەی نەکرێت کردیان. کێ باوەڕ دەکات کە نەدەبوایە کچان لە زانکۆکاندا سێو بخۆن، چونکە کارێکی لەو شێوەیە بەلای پیاوانی دەسەڵات و ئاینەوە، ئارەزووی پیاوانی دەجوڵاند. بەڵێ لە ئێرانی دووای شۆڕشدا، کچان لەسەر سێو خواردن دەخرانە زیندانەوە، بەرهەڵستکارەکانیش دوو ڕێگەیان لەبەردەستدا بوو: هەڵهاتن لە ئێران یان تەسفییەکردن. ڕۆژێکیش دێت خواردنی سێو لەناو زانکۆکانی عیراقدا قەدەغە بکرێت، ڕۆژێک دێت پۆلیسی <ئەخلاق> لە هەموو شوێنێکدا بێت.ئەو ڕۆژەی دەستی سەدر دەگاتە جومگەکانی دەسەڵاتی دامەزراوەی <نەجەف> وەک ڕووبەرێک بۆ دەسەڵاتی ڕووحی و ڕەمزی و ماددی شیعە نەک تەنها وەک شارێک، ئیتر سەرەتای دەرکەوتنی خومەینییەکەی عیراق دەردەکەوێت.


سالاری بازیان لە دونیا بینی جمهوری ئیسلامی ئێراندا  ،نامەی رەهبەر بەقەد ئەو ڕیسالەیە پیرۆزە. کە پێغەمبەر ناردی بۆ ووڵاتانی دراوسێ ،،ناوەڕۆکی نامەکەش. بۆ بارزانی دەستکەوتێکی گەورەیە. گێڕانەوەی متمانەیەکە. کە بەهۆی ڕیفراندۆمەوە. زیانی بەر کەوتووە پەیامی نامەکە بریتیە لە: ١/دان پیانان و ناساندنی بارەگای بارزانی  ٢/بارزانی وەکو مەرجەعیەتی هەرێم حسابی بۆ دەکرێت . ٣/پاراستنی سنوری ئاسمانی و زەمینی باشوری کوردستان . بە پێچەوانەوە بەدەنگەوە نەهاتنی پەیامەکە دوور نیە کوردستان و پایتەختەکەی ببێتە مەیدان ڕەمی باڵگەردە بێ سەر نشینەکان . هەرچەندە پێناچێ بارزانی بێ منەت بێ و درکی بە مەترسیەکانی کردووەو لەیەکەم کاردانەوەدا (نێچیرڤان بارزانی)دەنێرێتە نەجەف .. بەڵام ئەگەر لە گۆشە نیگای قەوارەی هەرێمەوە خوێندنەوەی بۆ بکرێ تاحاڵی حازر هیچ یەکێ لەو پەرچە کردارانە وە مامەڵە کردن لەگەڵ دۆخەکە بەسوودو بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان لێک نادرێتەوە. بەڵکو چەندین پرسیاری جەوهەری بەدوای خۆیدا دەهێنێت: ١/بارزانی دەبوو لە ڕەوشێکی وادا دەستە جەمعی نێوان حیزبە سیاسیەکان ڕەچاو بکاتو لەم فرسەتە مێژوویەدا کورد یەک دەنگ و یەك هەڵوێست و بە پرۆژەو لە ڕوانگەی بەرژەوەندی نەتەوەییەوە وەڵامی پەیامی لەم شێوەیەو هاوپەیمانێتیان لەگەڵ حیزبە عێراقیەکان بکردایە . ٢/پۆستەکانی بەغدا ئەوەندە گرنگن ماڵی کورد پارچە پارچە بکات. ٣/هاوپەیمانێتی لەگەڵ حیزبە عێراقیەکان ماددەی (١٤٠)دۆسیەی پێشمەرگەو بوجەی هەرێمو دەیان کێشەی تری هەڵواسراو بوونەتە نووسراو  وەسیقەی ئیمزا کراو؟؟!! ٤/داموو دەزگا دەستورێکانی هەرێم لە کوێی ئەم گۆڕان کاریانەدان؟ ٥/ئەگەر هەژموونی ووڵاتانی زل هێز ئەوەندە کاریگەریان بەسەر عێراقەوە هەبێ چی گەرەنتیەك هەیە بۆ ئەو هاوپەیمانێتیەی لە نێوان کوتلە سیاسیەکاندا هەیە ..لە خولاسەی کەلام عێراقی دیموکراتی حکومەتی زۆرینەو کەمینە وەك کوتانی ئاوە لە دۆڵا ..نایەتەدی و هەڵواسینی قەوارەی هەرێمیش بەم دنیا بینێوە سەری قەوارەکە دەخوات .باشترین کار لە ئێستادا کۆکردنەوەی سەرجەم حیزبە سیاسیەکانە بە دەستپێشخەری بارزانی و کردنەوەی گرێ کوێرەی سەرۆك کۆمار…



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand