کۆمەڵگا و نوخبە نارسیستییەکانی

2024-03-24 13:29:55

مەریوان وریا قانع تایبەت بە (درەو)


گومان لەوەدا نییە لە رۆژگارێکی سەختدا دەژین، سەردەمێک پڕ لە هەڵبەز و دابەزیی مێژوویی و پشێوی سیاسیی هەمەجۆر و لەدەستدانی دڵنیایی و ئارامیی. رۆژانەش دەبینین هێزی سیاسیی ناشیرین و نائومێدکەر لە دایکدەبن و ڕۆشنبیر و خوێندەواری فرەمەشرەبیش، زیاتر و زیاتر دەکەون. ئینجا بڵاوبوونەوەی بیماریی سەلەفیی دینیی و تۆقاندنی مرۆڤ بە خودایەک جگە لە چەند گروپێکی سەلەفیی کەم، ھەموو مرۆڤایەتی لەناو ئاگر و ”سعیر“ی جەھەنەمدا دەسوتێنێت.
مرۆڤی ئەم کۆمەڵگایە لەناو دەنگی چەک و گرمەی میلیشیای تایبەتدا، لەناو حوکمڕانیی و دەوڵەتی فاشیل و بڕێکی گەورە لە پیلانی ناوەکیی و دەرەکییدا، لە سایەی دڵرەقیی و بێڕیزیکردنێکی کەموێنە بە مرۆڤدا، چاودەکاتەوە و دەژیی. ئەم ژیانە یان لە بەردەمی مەترسی کوشتندایە لە ڕێگای درۆنەوە، یان بەھۆی دەستگرتن بەسەر ئەو لانیکەمەی بژێویدا کە بۆ مانەوەی خۆی و ماڵ و منداڵی، پێویستن. زەلیلکردنی حوکمڕانەکان بۆ کۆمەڵگا و زەلیلکردنی بەھێز بۆ کەمتربەھێز، زەلیلکردنی ئەم دەزگا بۆ ئەویتر و ئەم شار بۆ ئەویتریان، ئاکاری ئەو سیستمانەیە کە دروستکراون. قۆرخکردنی ھەمووشتێک کە بکرێت قۆرخبکرێت ژێرخانی ئەو تەماحە سیاسیی و کۆمەڵایەتییانەیە کە دروستبوون و کۆی دەرکەوتە جیاوازەکانی ژیان ئاراستەدەکەن.
 ئینجا سەروەرکردنی زمانی تۆمەتبەخشین و شکاندنی ھەموو شتێک لە ھەموو شوێنێکدا، لە سۆشیال میدیاوە بۆ زمانی وتەبێژی حکومەت. گاڵتەکردنێکی ھەمەلایەنە و بەرفراوانیش بە کاری فیکریی و شیکردنەوەی زانستییانەی کۆمەڵگا و دیاردەکان، بە تایبەتی لەلایەن ئەوانەوە کە بڕیاریان بەدەستە. پڕکردنەوەی ئەم نووقسانییە گەورەیەش بە سایکۆلۆژیایەکی نارسیستیانەی بیمار کە خودی وڵاتەکە و دانیشتوانەکەشی وەک موڵک و ماڵی شەخسی دەبینێت و مامەڵەدەکات. ھەموو ئەم ستەمگەرییە ناوەکییە فرەشێوەیە، تێکەل بە خەونی ئیمپراتۆریەتییانەی دراوسێکان و سەرلێشێوان و پێکدادانی گەمەکەرە جیاوازەکانی ناو نەزمێکی جیهانی نوێ کە لە قۆناغی لەدایکبووندایە.
 هاوشان بەمانە ئامادەگی فەوزایەکی فیکریی و تیوریی گەورە، غیابی مەنهەج و چەمک و مەرجەعیەتی فیکریی گونجاو بۆ بینینی ئەم کێشانە و کارکردن بۆ بەرھەمھێنانی فیکرێک بتوانێت دەرەقەتی تەحەداکانی ئەو کێشە گەورانە بێت.

بە کورتییەکەی ئەوەی دەیبینین ژینگە و دونیایەکی پڕ لە تاوان و ئیھانەکردن بە مرۆڤ و زەلیلکردنێکی بەردەوامی یەکترییە، تێکەڵ بە نەوەیەک لە سیاسیی دز و جەردە و بێپرنسیپ، ئینجا نەوەیەک لە دینداری جنێوفرۆشی بەناوی خوداوە قسەکەر و حوکمدەر، لە کۆتاییشدا ژمارەیەک لە ڕۆشنبیریی بێپرنسیپ و یاریکەر. خاڵی ھاوبەش لە نێوان ھەموو ئەم لایەنانەدا بریتییە لە نارسیزم، نارسیزمێکی بیمار وادەکات ھەر یەکێکیان خولیای دروستکردنی لەشکرێک لە سەدا و کۆپی و شێوازی بیکردنەوە خۆی لە ھەمووشوێنێکدا، بێت. نارسیزمێک جگە لە گەڕان بەدوای ئیعجابدا ھەڵگری ھیچ خەون و خواست و داخوازییەکی دیکە نەبێت. لەمەشدا ئامادەبێت پێ بە ھەموو پرنسیپ و ئەخلاقیەتێکدا بنێت کە ژیانی کۆمەڵایەتیی و پێکەوەبوونی کۆمەڵایەتیی پێویستیی پێیەتی. دیوی دووھەمی ئەم نارسیزمە بیمارە. بریتییە لە خودنەفرەتیەکی ھەمەلایەن، رقبوونەوەیەکی تایبەت کە تیایدا ئەو خودە نارسیستییە، نەفرەت لە ھەمووشتێک دەکات، لە وێنە گریمانکراوەکەی خۆی نەچێت و وەک خۆی نەبێت. بە تایبەت نەفرەت لەو کۆمەڵگا و ژینگەیەی لەناویدا دەژیی و کەسایەتییە نارسیستیەکە ناتوانێت بیگڕێت بۆ سەدایەک لە سەداکان و کۆیپییەک لە کۆییەکانی خۆی.

ئەوەی لەم ناوەندەدا غائیبە ئەو پەیوەندییە تەندروستەیە کە پێویستە لەنێوان دەوڵەت و کۆمەڵگا و حوکمڕانان و خەڵک و بەشە جیاوازەکانی ناو یەک کۆمەڵگادا، دروستببێت. پەیوەندییەک مرۆڤ تیایدا ببێت بە ھاوڵاتییەکی خاوەن ماف، وردتر بدوێین مرۆڤبوونی تەرجەمەبکرێت بۆ ھاوڵاتیبوون، ھاوڵاتیبوونیش وەک یەکەیەکی خاوەن ماف و خاوەن بەرپرسیاریەت و خاوەن سەربەخۆیی رێژەیی خۆی. ئاخر ئەوەی هاولاتی بە حوکمرانانەوە و بەو ژینگە کۆمەڵایەتییە گریئەدات کە لەناویدا دەژیی، کۆمەڵیک ماف و کۆمەڵیک ئەرکە، مافی یەکسان بۆ ھەرکەسێک و بەرپرسیاریەتی یەکسان لەسەر شانی ھەر کەسێک. ئەوەی ھاوڵاتی بە حوکمڕانەکانەوە گرێئەدات نە ترسە، نە خێرپێکردنە، نە منەتە، نە پەیوەندی ئاغا و مسکێنە، نە راعی و رەعیەتە،  نە گەورە و بچووکە، نە موقەدەس و ناموقەدەسە، بەڵکو کۆمەڵێک ماف و کۆمەڵێک بەرپرسیاریەتی ھاوبەشە.  

ئەوەی لە کۆمەڵگای ئێمەدا پێویستە دەستەبەرکردنی کۆمەڵێک مافە کە بەبێ ئەوان ناتوانین نەک تەنها پێشبکەوین و لەو پێگە مێژووییە خراپەی خۆماندا نەچەقین، بەڵکو دەشێت لەناوبچین و نەمێنین. دەشێت ئەو مافانە بەم شێوەیە ریزبەندبکەین.
یەکەم، مافە ئابورییەکان. ئەمەش دەبێت ناونیشانێکی گشتیی بێت بۆ سەرلەنوێ  دابەشکردنەوەی سامانی نیشتیمانیی و نەتەوە، دابەشکردنەوەیەکی دادەپەروەرانە و بەویژدانانە ئاراستەی بکات. کە باس لە دادپەروەریی دەکەم باس لە ڕێزگرتنی ئەو نەوانەش دەکەم کە لەدایکنەبوون و پاراستنی ئەو ژینگەیەش کە لانکی سروشتیی مرۆڤە. ئەو ئابورییەی لە ئێستادا لە دونیای ئێمەدا سەروەرکراوە بەردەوام دووجۆر بێئیش دروستدەکات.
یەکەمیان بێئیشێکە کە دەبێت بە ملیۆنێر و ملیاردلێر، ئەمانە ئەو بێئیشانەن کە سەر بە خێزان و بنەماڵە و نوخبە حوکمڕانەکانن. دووھەمیان بێئیشێکە کە توانای دابینکردنی پێداویستییە ھەرە سەرەتاییەکانی ژیانی خۆی نایەت، ئەمەش بەشێکی گەورەی چینەکانی خوارەوەی کۆمەڵگای ئێمەیە، بە تایبەتی نەوە گەنجەکان.


 
دووھەم؛ مافە سیاسییەکان. خاڵی ھەرەسەرکی لێرەدا گەورەکردنی بازنەی ئازادییەکان و رەخساندنی ھەل و دۆخی بەشداریکردنی سیاسییە. ئەمەش لەمڕۆکەی کۆمەڵگای ئێمەدا، بەر لە ھەمووشتێک، مانای رزگاکردنی سیاسەتە لەو ھەموو ئاکار و تۆمەتە ناشیرینانەی ئەمڕۆکە دەدرێتە پاڵی و یەکسانکردنی بە دەسەڵاتپەرستیی و دزیی و جەردەیی و خراپەکاریی و گەمژەیی. خاڵی سەرەکیش لە گەڕاندنەوەی نرخ و بەھا بۆ سیاسەت وەک یەکێک لە چالاکییە سەرەکییەکانی مرۆڤ لە جیھاندا، دیسانەوە لە کۆمەڵگای ئێمەدا، بریتییە لە دروستکردنی ھەل و ئەگەری ڕاستەقینەی دەستگۆرکێی دەسەڵاتی سیاسیی. ئینجا ڕزگارکردنی سیاسەت لەو قۆرخکردنە خێزانیی و بنەماڵەییەی وەک لەعنەتێکی گەورە لە کۆمەڵگای ئێمەدا ئامادەیە.

سێھەم، مافە کۆمەڵایەتییەکان. ئەمەشیان کۆی ئەو مافانە دەگرێتەوە کە پابەستن بە پیادەکردن و دابینکردنی ”دادپەروەریی کۆمەڵایەتیی“ و ”فەرهەنگیی“ەوە لەناو کۆمەڵگا خۆیدا. خاڵی سەرەکیش لەمەدا بریتییە لە داننان بە جیاوازییەکان و پاراستن و ریزگرتنیان لەناو کۆمەڵگادا. ئەمەش لە ئاستە کردەییەکەیدا مانای لابردنی زوڵمە کۆمەڵایەتیی و فەرهەنگیی و ئەتنیی و دینییەکان لەسەر ھەموو ئەوانەی کە جیاواز بیردەکەنەوە و جیاواز دەژین، لەسەر ژنان و ئەوانەیتر کە لە پێگەی کەمینەی دینیی و نادینیی و کۆمەڵایتی جیاوازدان. دابینکردنی ئازادیی بیرکردندنەوە و نووسین و ڕادەربڕین، ئازادیی ویژدان و رەخنەگرتن و لێپرسینەوە لەوانەی ئەم مافانە پێشێلدەکەن.
 
پرۆژەی دابینکردنی ئەو مافە سەرەکییانە کە باسمکردن، سەرچاوەکانیان، رەگوڕیشە فەرھەنگییەکانیان، گرنگ نییە چین و لە کوێوە دێن. چۆن پێناسەدەکرێن و دەدرێنە پاڵ کام ئایدیۆلۆژیا و جیھانبینیی تایبەت، گرنگ ھەستپێکردن و بوونی ئیرادە و خواستی پیادەکردن و سەروەرکردنی ئەو مافانەیە. کەسانێک ھەن ئەم پرۆژەیە دەدەنە پاڵ خۆرئاوا، کەسانێکی تر دەیبەستنەوە بە ئیسلامەوە، کەسێکی دیکە وەک پرۆژەیەکی لیبرال سەیریدەکات، یەکێکی تر پێیوایە مۆدێرنەیەکەی ناکاپیتالیستییە، ھتد.. ھەموو ئەم ناونانە کاتێک مانایەکیان دەبێت کە کار و پرۆژەی مێژوویی ڕاستەقینە لە ئارادابن بۆ پیادەکردنیان. ئەوەی ئەمڕۆکە لە دونیای ئێمەدا دەیبینین غیابی تەواوەتی ئەو بکەرانەیە کە ھەڵگری پرۆژەیەکی لەو شێوەیە بن. ئەوەی ھەیە ململانێیەکی ناشیرینە لەسەر دەسەڵات، لە کۆمەڵگایەکەدا، باوەڕی بە ھیچ یەکێک لە بکەرە سیاسیی و کۆمەڵایەتییەکان نەماوە. کۆمەڵگایەک گیری بە دەست چەند نوخبەیەکی نارسیستیی بیمارەوە خواردوە.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand