به‌غداد قه‌رزه‌كه‌ی هه‌رێم به‌ (TBI) ده‌داته‌وه‌

2024-03-20 13:26:00


(دره‌و):
ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراق بڕیاریدا وه‌زاره‌تی دارایی فیدراڵ ئه‌و قه‌رزانه‌ بداته‌وه‌ كه‌ حكومه‌تی هه‌رێم له‌ بانكی بازرگانی عێراق (TBI) وه‌ریگرتووه‌، به‌ڵام دواتر پاره‌كه‌ له‌ پشكی هه‌رێم له‌ بودجه‌دا ببڕدرێت.
بڕی ئه‌م قه‌رزه‌ له‌سه‌ر شانی حكومه‌تی هه‌رێمه‌، مانگانه‌ (53 ملیار) دیناره‌، بۆ هه‌ر ساڵێك بڕه‌كه‌ی ده‌بێت به‌ (636 ملیار) دینار‌.
یاسای بودجه‌ی گشتی عێراق كه‌ كۆتاییه‌كانی حوزه‌یرانی 2023 كه‌وته‌ بواری جێبه‌جێكردن، له مادده‌ی (12/و)دا، چۆنیه‌تی پاكتاوكردنی ئه‌م قه‌رزه‌ی له‌سه‌رحكومه‌تی هه‌رێم دیاریكردووه‌و ده‌ڵێ:" ئه‌و پارانه‌ی بانكی بازرگانی عێراق TBI كه‌ ده‌كه‌وێته‌ سه‌رشانی حكومه‌تی هه‌رێم له‌ بانكه‌ حكومی و ئه‌هلییه‌كان پاكتاو ده‌كرێت، وه‌زاره‌تی دارایی فیدراڵ هه‌ڵده‌سێت به‌ خشته‌به‌ندكردنی قیسته‌كان به‌شێوه‌ی مانگانه‌و له‌ پشكی هه‌رێم ده‌بڕدرێت، له‌ ساڵی دارایی 2023وه‌ ده‌ستپێده‌كات و بۆ ماوه‌ی حه‌وت ساڵ).
ناكۆكی حكومه‌تی هه‌رێم و حكومه‌تی فیدراڵ له‌باره‌ی مادده‌كانی تایبه‌ت به‌ هه‌رێمی كوردستان له‌ یاسای بودجه‌دا، وایكرد مادده‌كانی تایبه‌ت به‌ هه‌رێم هێشتا نه‌كه‌وتونه‌ته‌ بواری جێبه‌جێكردن، به‌وهۆیه‌شه‌وه‌ پشكی هه‌رێم له‌ بودجه‌ی گشتی عێراق دیاری نه‌كراو تائێستا قه‌رزه‌كانی بانكی بازرگانی له‌سه‌ر شانی حكومه‌تی هه‌رێم نه‌دراونه‌ته‌وه‌، ئه‌مه‌ هۆكاره‌كه‌ بوو كه‌ دوێنێ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراق وه‌زاره‌تی دارایی فیدراڵی پابه‌ند كرد به‌وه‌ی قه‌رزه‌كانی ئه‌و بانكه‌ بداته‌وه‌و دواتر له‌ پشكی هه‌رێم بیبڕێت.

ئه‌م قه‌رزه‌ چییه‌ ؟
ئەم قەرزە كە ئێستا كەوتوەتە سەر شانی حكومەتی هەرێم، هاوشێوەی زۆربەی قەرزە كەڵەكەبووەكانی تر، مێژووەكەی بۆسەردەمی كابینەی پێشوو (كابینه‌ی هه‌شته‌م به‌ سه‌رۆكایه‌تی نێچیرڤان بارزانی) دەگەڕێتەوە، كە بەكۆی گشتی (27 ملیار) دۆلارەو بە میراتیی بۆ كابینه‌ی نۆیه‌‌م (كابینه‌ی مه‌سرور بارزانی) بەجێماوە.
بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو)، قەرزەكەی بانكی TBI بریتییە لە ژمارەیەكی زۆر چەكی بانكیی بێ رەسیدی حكومەتی هەرێمی كوردستان، كە كابینەی پێشوو داویەتی بە بەڵێندەران‌و بەڵێندەرانیش لە بازاڕدا چەكەكانیان فرۆشتوەتەوە.
بانكی TBI دواتر لەچوارچێوەی رێككەوتنێكدا ئەو چەكە بێ رەسیدانەی وەرگرتووە‌و پارەكەی بەڵێندەرانی خەرجكردووە، كۆی پارەی ئەو چەكە بێ رەسیدانە كە بانكە عێراقییەكە بە قەرز لەسەر حكومەتی هەرێم بۆ بەڵێندەرانەی خەرجكردووە لەگەڵ قەرزی بانكی كوردستاندا، بڕەكەی زیاتر له‌ (3 ملیارو 914 ملیۆن) دۆلاره‌، واتا زیاتر له‌ (5 ترلیۆن) دیناره‌.
مه‌سرور بارزانی دوای ده‌ستبه‌كاربوونی له‌ پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران، له‌ مانگی حوزه‌یرانی 2020دا دوای له‌ دیوانی چاودێری دارایی هه‌رێم كرد، بۆچونی خۆیان له‌باره‌ی قه‌رزه‌كانی سه‌ر شانی حكومه‌ت بخه‌نه‌ڕوو، دیوانی چاودێری دارایی لیژنه‌ی بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ پێكهێناو له‌ مانگی ته‌موزی 2020 راپۆرتی خۆی ئاڕاسته‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران كرد.
سه‌باره‌ت به‌ قه‌رزه‌كانی بانكی بازرگانی عێراق (TBI)و بانكی كوردستان (KI B)، دیوانی چاودێری ده‌ڵێ:" هۆكاری ئه‌م بابه‌ته‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ كڕینه‌وه‌و مامه‌ڵه‌كردنی هه‌ردوو بانكی بازرگانی عێراق و بانكی كوردستان به‌ چه‌كی كۆمپانیاو به‌ڵێنده‌ران كه‌ به‌ چه‌كی به‌ڵێندان (صك التعهد) ناسراوه‌، كه‌ خاوه‌نی چه‌كه‌كه‌ به‌ڵێنی داوه‌ تا باشبوونی بارودۆخی دارایی هه‌رێم داوای نرخی چه‌كه‌كه‌ نه‌كات".
رێككەوتنی حكومەتی هەرێم‌و بانكی TBI لەیاسای بودجەی 2021دا بەوشێوەیە كراوە، لە ساڵی 2021وه‌ دەستبكرێت بە بڕینی قەرزەكانی بانكی TBI لە پشكی هەرێم‌و لەماوەی (7) ساڵدا كۆی قەرزەكە پاكتاو بكرێت.
ئەمە یەكێكی تری لەو مەرجانەی كە لە بودجەی عێراقدا كەوتووەتە سەر شانی حكومەتی هەرێم‌و بەغداد بەشێوەی "مقاصە" واتە لێبڕین لە بەشە بودجەی مانگانەی هەرێمی دەبڕێت.
وەرگرتنەوەی قەرزەكانی TBIی لە هەرێمی كوردستان نوێ نییە، لەبودجەی 2019دا، حكومەتی عێراق مانگانە بڕی نزیكەی (12 ملیار) دیناری لە پشكی هەرێم دەبڕی بۆ گەڕاندنەوەی ئەم قەرزانە، دواتریش كە عادل عەبدولمەهدی دەستی لە پۆستی سەرۆك وەزیران كێشایەوە‌و مستەفا كازمی بوو بە سەرۆكی حكومەت، كازمی لەچوارچێوەی رێككەوتنێكدا بۆ ماوەی سێ مانگ موچەی فەرمانبەرانی بۆ هەرێمی كوردستان نارد، لەم ماوەیەشدا بەهەمان شێوە بڕی (12 ملیار) دیناری مانگانە لە موچەی فەرمانبەران دەبڕدرا بۆ گەڕاندنەوەی قەرزەكانی TBI.
به‌گوێره‌ی راپۆرتێكی ئامانج ره‌حیم سكرتێری ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێم، بانكی (TBI) له‌ نوسراوێكدا كه‌ رۆژی 8ی شوباتی 2021 كردویه‌تی، قه‌رزه‌كانی خۆی له‌سه‌ر حكومه‌تی هه‌رێم به‌مشێوه‌یه‌ دیاریكردووه‌:
•    بڕی شایسته‌ی بنه‌ڕه‌تی: 4 ترلیۆن و 512 ملیار دینار ÷ 7 ساڵ = 645 ملیار دیناری ساڵانه‌ ÷  12 = 7 ملیارو 53 ملیۆن دیناری مانگانه‌.
•    بڕی سود: 1 ترلیۆن و 231 ملیار دینار.
•    كۆی گشتی شایسته‌ی بنه‌ڕه‌تی و سود: 5 ترلیۆن و 744 ملیار دینار÷ 7 ساڵ = 820 ملیار دیناری ساڵانه‌ ÷ 12= 68 ملیاری دیناری مانگانه‌.

قه‌رزه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم
ئه‌وه‌ ته‌نیا پاره‌كانی بانكی بازرگانی عێراق نییه‌ كه‌ وه‌كو قه‌رز له‌سه‌ر حكومه‌تی هه‌رێم كه‌ڵه‌كه‌ بووه‌، به‌گشتی لەماوەی ساڵی (2012) بۆ کۆتایی ساڵی (2023) قەرزە کەڵەکەبووەکانی سەر حکومەتی هەرێم گەیشتووەته‌ نزیکەی (34 ملیار و 500 ملیۆن) دۆلاری ئەمریکی، کە نزیکەی (28 ملیار) دۆلاری ئه‌م قه‌رزانه‌ بۆسه‌رده‌می حوكمڕانییه‌كه‌ی نێچیرڤان بارزانی و پرۆسه‌ی "ئابوری سه‌ربه‌خۆ" ده‌گه‌ڕێته‌وه‌و خۆی ده‌بینێته‌وه‌ له‌ قەرزی (موچەی موچەخۆران، پابەندییە داراییەکانی، قەرزی دەرەکی، قەرزی بانکی تی بی ئای و قەرزی ناوخۆیی)، ئه‌وه‌ی ده‌مێنێته‌وه‌ له‌سه‌رده‌می مه‌سرور بارزانیدا كه‌ڵه‌كه‌بووه‌ كه‌ به‌شێكی خۆی ده‌بینێته‌وه‌ ئه‌و پارانه‌ی كه‌ حكومه‌تی ناوه‌ند لە ساڵی (2023)دا وه‌كو قه‌رز به‌ حكومه‌تی هه‌رێمی داوه‌و بڕه‌كه‌ی (3 ترلیۆن و 700 ملیار) دیناره‌و له‌ پشكی هه‌رێم له‌ بودجه‌ی 2024 ده‌بڕدرێت.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand