سندوقی نیشتمانی ئەمریکا بۆ دیموکراسی پاڵپشتی دارایی درەو دەکات

null

دوای جەنگەکان چی؟

بڵاوکراوەتەوە لە : 12 نیسان 2026

قەبارەی دەقەکان

قەبارەی دەقەکان

 

مەریوان وریا قانع یەكشەممان تایبەت بە (درەو) دەینوسێت

گفتوگۆ و دانووسانێکی بێئێنجام لەنێوان ئەمریکا و ئێراندا روویدا، دانووسانەکە تا ئەم ساتە جگە لەناوبڕێک لە جەنگەکەدا زیاتر نییە. ئەگەری دەستپێکردنەوەی جەنگەکە ئەگەرێکی بەرچاوە و دەشێت جارێکی دیکە بەشێوەیەکی زۆر توندتر و وێرانکارتر دەستپێبکاتەوە. ئەو خاڵەی لەسەرەتاوە سەرنجی چاودێریکەرانی دانووسانەکەی ڕاکێشا چۆنیەتی خۆنمایشکردنی دوو جەمسەرەکەی جەنگە بوو. ئەوەی لەم خۆنمایشەدا کۆمیدیی بوو، کۆمیدیایەکی رەشیش، ئەو راستییەیە کە هەردوو بەرەکە، بەر لە دەستپێکردنی گفتوگۆکان، هەریەکێکیان باسی لە بردنەوەی گەورەی خۆی دەکات و هەر بەرەیەکیش بە مەرجی سەپاندنی مەرجەکانی خۆی بەسەر ئەویتریاندا، دانووسانەکە، دەکات. 

 

ترامپ تا ئێستا دەیانجار لەوەدواوە کە ئەوان هێزە سەربازیی و توانا ئەتۆمیی و هێزە دەریایی و هێزە ئاسمانیی و زۆرشتی تری ئێرانیان وێرانکردوە. ئەمریکا براوەی جەنگەکەیە و دانوسانەکان بۆ ئەوان، کەم تا زۆر، مانای تەسلیمبوونی ئێران بە داخوازییەکانی ئەوان. هەرچی ئێرانییەکانە، لە زمانی موجتەبا خامنەئی خۆیەوە، هەواڵی سەرکەوتنی سوپای ئێرانیان بەسەر ئەمریکا و ئیسرائیلدا ڕاگەیاند، نەک سەرکەوتنێکی ئاساییش، بەڵکو سەرکەوتنێکی گەورە. بەم مانایە جیهان لەبەردەم دانوسانێکدابوو کە هەردوو بەرەکە خۆیان بە براوەی جەنگەکە دەزانی و هەردووکیشیان دەخوازن مەرجەکانی خۆیان بەسەر بەرامبەرەکەیاندا بسەپێنن.

 

زۆرێک لە شارەزایانی بواری سەربازیی باس لەودەکەن ئێران لە رووی توانای سەربازییەوە تەواو لاواز و بێتوانا کراوە، هەندێک شارەزا تا ئەو شّێنە دەڕۆن باس لەوەبکەن کە ئێران  «جەستەیەکی سەربازیی خاڵی لە ژیان»ە و جەنگەکەش قۆناغی وێرانکردنی هێزە سەربازییەکەی ئێرانی تێپەڕاندووە و گواستراوەتەوە بۆ وێرانکردنی تەواوی  ژێرخانی مادیی و مەدەنیی و ئابووریی وڵاتەکە. خاڵی بەهێزی ئێران تەنها لە دەستگرتنیدا بەسەر تەنگەی هومرزدا دەبینن. بەکارهێنانی ئەم تەنگەیە وەک چەکێکی کاریگەر، تاقە شتێکە بەدەست ئێرانەوە مابێتەوە. ئەویش بە هۆی کاریگەرییەکانی کۆنترۆڵکردنی ئەو تەنگەیە بەسەر بازرگانی جیهانییەوە، بە تایبەتی بەسەر بازرگانی نەوت و لەوێشەوە بەرزبوونەوەی نرخی وزە لە جیهاندا. 

هەمووان دەزانن مەرجەکانی ئەمریکا و ئیسرئیل بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکە سێ مەرجی سەرەکیین، کە تا ئەم ساتە هیچ گۆڕانێکیان بەسەردا نەهاتوە. یەکەمیان، کۆتاییهێنانی ئێرانە بە پرۆژەی دروستکردنی چەکی ئەتۆمی و هەڵوەشاندنەوەیەکی سیستماتیکی ئەم پرۆژەیە. دووهەم، ڕاگرتن و هەڵوەشاندنەوەی تواناکانی بەرهەمهێنای راکێتی بالیستیی دوورهاوێژ. سێهەمیش، کۆتاییهێنان بە دروستکردن و ئاراستەکردنی هێزی پرۆکسیی لەناوچەکەدا. 

جەنگەکە بە هیچ مانایەک جەنگی کۆمەڵگای ئێرانیی نییە، جەنگی حوکمڕانە دینییەکانی ئەو وڵاتە و جەنگی ئەو دیدگا و تێەگیشتنە دینییە ترسناکەیە، وڵاتەکە ئاراستەدەکات.

من پێشتر لە نووسینێکی دیەکدا باسم لەوەکرد، کە جیهان لەبەردەم جەنگێکی تەواو نابەرامبەری ترسناکدایە. بەرەی ئیسرائیل و ئەمریکا زۆر زۆر لە ئێڕان و پرۆکسییەکانی بەهێزترن و توانای وێرانکردنیان چەندەها جار گەورەتر و هەمەلایەنترە. ئەو خاڵەشم روونکردەوە کە جەنگەکە بۆ ئێران گرێنەدراوە بە زیانە سەربازییەکانییەوە، لای رژێمە ئیسلامییەکە وێرانبوونی سەربازیی و مادیی و مەدەنیی وڵاتەکە مەسەلەی ژمارە یەک نییە.  مانەوەی رژێمە ئیسلامییەکە سەرەتا و کۆتایی بیرکردنەوەی ئەوانە لەم جەنگەدا. لەمەشدا درێژە بەو دیدگایەی خومەینیی دەدەن کە پێیوابوو پاراستنی رژێمەکەی لە خودی نوێژکردن خۆی، گرنگترە. 

 

لە ئێستادا ئێران دەیەوێت لە رێگای کۆنترۆڵکردنی تەنگەی هورمزەوە، فشارێکی ئابوریی وا دروستبکات، بتوانێت ببێت بە هۆکارێک بۆ وەستاندنی شەڕەکە. یان کێشەی سیاسی بۆ ناتانیاهۆ و ترامپ دروستبکات و ئەم کێشانەش فشار لەسەر ئەو دوو سیاسییە دروستبکات و وابکات بڕیاری وەستاندنی جەنگەکە بدەن. یان فشاری ئەخلاقیی لەسەر ئەمریکا و ئیسرائیل دروستبکات و دۆخێک دروستبکات ڕای گشتی ئەوروپا و ئەمریکا بۆ وەستاندنی جەنگەکە بخاتەکار. بە حوکمی ئەوەیش ئەمریکا و ئیسرائیل، بە پێچەوانەی ئێرانەوە، تا ئەم ساتە شتێک لە دیموکراسیەت و شتێک لە گوێگرتن و ترسیان لە ڕای گشتیی و فشاری ناوەکیی وڵاتەکانیان تێدایە، دەشێت فشارە ناوەکییەکان و فشارەکانی ڕای گشتیی بتوانێت سنوورێک بۆ جەنگەکە دابنێت. لەڕاستیدا بوونی ئەگەری دروستکردنی ئەم سێ فشارەیە حوکمڕانانی ئێران دەستیانپێوەگرتوە و خۆیان پێداهەڵواسیوە. ئەگەری ئەم فشارانە تاقە چەکێکە لە دەستی ئێراندا مابێتە. 

 

لە دۆخی بوون و نەبوونی ئەو فشارانەدا، ئەمرییەکان و ئیسرائیل لە پێگەی هێز و توانای وێرانکردنی هەمەلایەنەوە دەچن یان ناچنە ناو هەر گفتوگۆ و دانوسانێکەوە، هەرچی ئێرانە لە پێگەی لاوازییەکی سەربازیی و ئابووریی و تەکنۆلۆژیی ستراتیژییدایە و بەردەوامبوونی جەنگەکە زیانی هێجگار گەورە بە گەلانی ئێران دەگەیەنێت. وەک ترامپ ووتی ئەوان دەتوانن ئێران بۆ چاخی بەردین بگەڕێننەوە. توانای تێکشکاندن وێررانکردنی ئەمریکا و ئیسرائیل لە هیچ روویەکەوە، بەیەکتری بەراورد ناکرێت، رێک وەک توانای حەماس و ئیسرائیل لە کاتی پەلامارەکانی ٧ ئۆکتۆبەردا. 

 

جەنگەکەش بە هیچ مانایەک جەنگی کۆمەڵگای ئێرانیی نییە، جەنگی هیچ بەشێک لە بەشە جیاوازەکانی ئەو کۆمەڵگایە نییە. کە نزیکەی نیو سەدەیە گیریان بەدەست رژێمی ئایەتوڵا و پیاوانی دینەوە خواردوە. جەنگەکە، جەنگی حوکمڕانە دینییەکانی ئەو وڵاتە و جەنگی ئەو دیدگا و تێەگیشتنە دینییە ترسناکەیە، وڵاتەکە ئاراستەدەکات. ئەم جۆرە حوکمڕان و ڕژێمە، حوکمڕان و ڕژێمی ئینتیحاریی و عەدەمین، رێزیان بۆ ژیانی هیچ کەس و بەشەکی کۆمەڵگاکە نییە، تەنانەت هەندێکجار رێزیان بۆ ژیانی خۆیشیان نییە و پێیانوایە گەر کوژران وەک شەهیدا بەرەو ئاسمان بەرزدەبنەوە ە دەچنە بەهەشت. ئەم جۆرە حوکمڕانانە پێیانوایە لە جەنگێکی گەردونیدان لەگەڵ ئەو شتەی بە خراپەکار ناویدەبەن و لەم جەنگەشدا باکیان بە بەخشینی هیچ جۆرە قوربانییەک نییە. ئەم بێباکییە خۆکوژییەیە وادەکات ئاسانترین بەهانە بە دوژمنەکانیان ببەخشن هەم خۆیان و هەم کۆمەڵگاکانیان وێرانبکەن. 

 

ئەگەرچی دۆڕاندن لە هەموو کونوقوژبنێکی ئەو دیدگا دینیی و ئەو حوکمرانییەی لەو دیدگایەوە لەدایکدەبێت، ئامادەشبێت، بەڵام ئەوان دان بە دۆڕاندندا نانێن. نکوڵیکردن لە دۆراندن وەک سەرکەوتن و یەکسانکردنی سەرکەوتن بە نکوڵیکردن لە دۆڕاندن، دەبینن. ئەم جۆرە حوکمڕانییە هەم لە دەرەوەی عەقڵ و عەقلانیەت و هەم، بەزۆر مانا، لە دەرەوەی مێژوودا دەژیی. ئەمانە نیشتەجێی ناو خێمەیەکی ئایدیۆلۆژیی داخراون کە کوشتنیان بۆ دەگۆڕێت بە دەسکەوت و وێرانبوونیش بە بەرگریکردن. خودی مانەوەی خێمەکە خۆیشی، بە دەیان و سەدا شەقوشڕیی و کون و کەلەبەر و شەبقی گەورە و بچوکەوە، بە سەرکەوتن دەزانن. 

 

کەسانێک هەن تا ئەم ساتەس پێیانوایە نابێت رەخنەی ئێران بکرێت، وەکچۆن لە دوای ٧ ئۆکتۆبەرەوە پێیان وابوو نابێت رەخنەی حەماس بکرێت، کاتێک پەلامارێکی خوکوژیانەی ئیسرائیلی دا و بەدوایدا دۆخێک دروستبوو ئیسرائیل بە ئاسانی توانی غەزە بۆ جەهەنەم و کەلاوەیەکی گەورە بگۆرێت. لە ئێستادا گرێدانی رەخنەکردنی ئێران و رژێمەکەی، بە رەخنەکردنی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە بێماناکردنێکی تەواوی هەموو رەخنەیەک و کوشتنی زۆر راستییە کە بەبێ رەخنەکردنی رژێمەکەی ئێران نابینرێن. 

ترامپ و ناتانیاهو دوو سیاسیی و سەرۆکی تەواو ترسناک و نابەرپرسیار و بێشەرمن، بەڵام نابەرپرسیارتر و بێشەرمتر لەوان ئەو سیاسیی و هێزە سەربازییانەن کە دەچنە جەنگێکی نەهلیستیی خۆکوژییەوە لەگەڵیاندا

راستە ئەمریکای ترامپ و ئیسرائیلی ناتانیاهو دوو هێزی ستەمگەر و خۆسەپێن و کۆلۆنیاڵین. هەم لە ئیسرائیل و هەم لە ئەمریکادا هێزی دینیی پەرگیری ترسناک هەن و بەهێزن و بەشدارن لە حوکمرانیدا، ئەمانە راستن، بەڵام چوونە جەنگەوە لەگەڵ ئەم دوو هێزەدا مەسەلەیەکی دیکەیە. وەک وتم، ئەمریکا و ئیسرائیل دوو هێزی هێجگار بەهێز و خاوەنی چەک و توانا و تەکنۆلۆژیی سەربازیی وێرانکەرن. بڕیاری عەقلانی ئەوەیە نەچیتە شەرێکی خۆکوژییەوە لەگەڵیاندا و میلەت و کۆمەڵگاکەت نەخەیتە بەر ڕەحمەتی هاوکێشەیەکی سەربازیی تەواو ناهاوسەنگ و خۆکوژەوە. نەچیتە جەنگێکەوە ژیانی دەیان ملیۆنان مرۆڤ بخاتە مەترسیی گەورە و هەمەلایەنەوە. 

 

ترامپ و ناتانیاهو دوو سیاسیی و سەرۆکی تەواو ترسناک و نابەرپرسیار و بێشەرمن، بەڵام نابەرپرسیارتر و بێشەرمتر لەوان ئەو سیاسیی و هێزە سەربازییانەن کە دەچنە جەنگێکی نەهلیستیی خۆکوژییەوە لەگەڵیاندا. هاوکات رژێمی ئێرانی خۆیشی رژمێکی نیمچە کۆلۆنیالیی دینییە و بە کردەوە بەشێک لە وڵاتەکانی ناوچەکەی لە ڕێگای پرۆکسییەکانیەوە داگیکردوە. ئەوە ئیسرائیل نییە حەشدی شەعبی لە عێراقدا هەبێتم ئیسرائیل حیزبوڵای لە لوبناندا نییە، حوسییەکانی لە یەمەندا نییە. ئەوەی ئەم باڵە ئیقلیمییە پرۆکسیانەی لەناو ئەو وڵاتانەدا دروستکردوە، واتە دەوڵەتی لەناو دەوڵەت و سوپای لەناو سوپا و میدیای لەناو میدیدا دروستکردوە، ئێرانە. ئێران وەک میلەت و کۆمەڵگا نا، ئێران وەک رژێمێکی سیاسیی و ئایدیۆلۆژیی ئیسلامیی کە دەستەیەک لە ئاخوند و ئایەتوڵا بەرێوەی دەبەن.

 

لە دوای هەموو جەنگێکی خوێناوییەوە ئەو پرسیارەی پێویستە لە خۆمانی بکەین، پرسیارێکی هانا ئارێنتیی، ئەم پرسیارەیە:  دوای ئەو هەموو کارەسات و وێرانە و نائومێدییە گەورانە، چۆن بتوانین بەیەکەوە بژین و بەیەکەوە بیربکەینەوە و بەیەکەوە کردەمان هەبێت؟ چۆن بتوانین بەیەکەوە جیهانێکی هاوبەش دروستبکەین؟

 

ئاشکرایە نە لەگەڵ ترامپ و ناتانیاهودا، نە لەگەڵ ئایەتوڵاکانی ئێران و ویلایەتی فەقیهیدا، نە لەگەڵ بەشێکی گەورەی حوکمڕانان و هێزە ئیسلامییەکانی ئەم ناوچەیەدا، ناتوانین بەیەکەوە بژین و هاوبەشێکی ئینسانیی دروستبکەین. گۆڕانێکی گەورە لە ڕوانینماندا بۆ ژیان و مرۆڤ و سیاسەت و حوکمرانیی و بەرپرسیاریەت و بەیەکەوەبوون، پێویستە. 

 

 

 

null

گەڕاندنەوە بۆ چاخە بەردینەکان

null

لە دۆخی بەردەوامبوونی جەنگەکەدا...

ئەمانەش ببینە

زیاتر ببینە
null

جەنگ و موقەدەس و ناعەقڵانیەتی دینیی

null

بە بۆنەی مردنی هابرمازەوە  هابرماز و کورد

مەریوان وریا قانع

null

نابێت کوردستان بکرێت بە زۆنی جەنگ

null

رۆژی جیهانی زمانی دایک: کام زمان؟