لە دۆخی بەردەوامبوونی جەنگەکەدا...
بڵاوکراوەتەوە لە : 29 ئازار 2026
قەبارەی دەقەکان
قەبارەی دەقەکان
بڵاوکراوەتەوە لە : 29 ئازار 2026
قەبارەی دەقەکان
قەبارەی دەقەکان
مەریوان وریا قانع یەكشەممان تایبەت بە (درەو) دەینوسێت
وا جەنگی وێرانکەری نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل بەرامبەر بە جمهوری ئیسلامی ئێران مانگێک تەواودەکات و هیچ ئاسۆیەکی راستەقینەش بۆ وەستاندن و کۆتاییپێهێنانی لەئارادا نییە. هەم ترامپ و ناتانیاهو و هەم سوپای پاسداران باس لە بەردەوامی جەنگەکە و وەدیهێنانی ئامانجەکانی دەکەن. تا دێتیش بەرەی جەنگە فراوانتردەبێت و جۆری ئەو شوێنانەیش کە پەلاماردەدرێن فرەجۆرتر دەبێت بە زانکۆ و ناوەندەکانی خوێندن و لێکۆڵینەوە دەگات.
ناتانیاهو بە کەمتر لە کەوتنی رژێمی ئێران رازینابێت و ئیسرائیل ئێران وەک «هەڕەشەیەکی وجودی» لەسەر بوونی خۆی دەبینێت. بۆیە تەنها بە کۆتاییهێنان بە رژێمە ئیسلامییەکەی ئێران و لەناوبردنی دەست و پەنجەکانی لە ناوچەکەدا دڵی ئاو دەخواتەوە. بۆ گەیشتن بەم ئامانجەش سڵ لە ئەنجامدانی هیچ تاوانێکی جەنگ ناکاتەوە و ئامادەیە تەڕ و وشک بەیەکەوە بسوتنێنێت. ئیسرائیل دەوڵەتێکی ئەتۆمیی و خاوەنی تەکنۆلۆژیایەکی پێشکەوتوی کوشتن و وێرانکارییە، بەدوور نازانرێت مۆدێلی غەزە لە لوبنان و لە ئێراندا دووبارەبکاتەوە وهەموو چەکێک بۆ وێرانکردنی یەکجارەکی ئەو وڵاتانە بەکاربهێنێت، بە تایبەتی لە ئێستادا کە حکومەتێکی دینیی پەڕگیر لە ئیسرائیلدا حوکمڕانە و رەهەندێکی دینیی و خوداییان بە جەنگەکەیان، بەخشیوە.
هەرچی ترامپە بۆ چەند هۆکارێک جیاواز کە پەیوەندیی بە دۆخی ناوەکیی ئەمریکاوە هەیە، پێویستیی بە سەرکەوتنێکی ئاشکرا و بینراو و دانپیانراودا، هەیە. بۆیە دانوسان بۆ ترامپ، وەک هێزە سەربازییەکەی ئەمریکا، ئامرازێکی دیکەی وەدەستهێنانی ئەم سەرکەوتنەیە. بۆیە ترامپ دانوسانێکی دەوێت بە تام و بە قورسایی تەسلیمبوون. ئەو دەیەوێت جمهوری ئیسلامی لە رێگای دانوسان و قبووڵکردنی مەرجەکانی ئەمریکاوە تەسلیمببێت. مەرجەکانی ئەمریکاش هەمەجۆرن، هەرە گرنگەکانی بریتییە لە کۆتاییهێنان بە بەرنامە ئەتۆمیەکەی ئێران و تەسلیمکردنی ئەو چەند سەد کیلۆ یۆرانیۆمە پیتێنراوەی کە بەرهەمهەنراوە. ئینجا لەناوبردنی رۆکێتە بالیستییە دوورهاوێژەکانی و داخستنی کارخانەکانی دروستکردنیان. وازهێنان لە دروستکردنی میلیشیای چەکدار و پرۆکسیەکانی لەناوچەکەدا، لە حیزبوڵای لوبنانیەوە بۆ حوسیەکانی یەمەن، بە تێپەرین بەناو حەشدی شەعبی لە عێراقدا. ئینجا وازهێنان لە کۆنترۆڵنەکردنی تەنگەی هورمز و لابردنی فشار لەسەر ئابوریی جیهان. ئەم داخوازییانەی ئەمرییەکا پشتیان بەو باڵادەستییە سەربازییە گەورەیە بەستوە کە ئەمریکا و ئیسرائیل بەسەر ئێراندا هەیە. چ لە ئاسمان و چ لەناو دەریا و چ لە رووی هەواڵگیریەوە.
پێدەچێت ئێرانیش، وەک لە نووسینێک لە هەفتەی رابردوودا باسمکرد، کێشەیەکی ئەوتۆی لەگەڵ درێژەکێشانی جەنگەکەدا نەبێت، تا ئەو شوێنەی رژێمەکە نەڕوخاوە و سوپای پاسداران و بەسیج و بازنە دینییە حوکمرانە داخراوەکە، لەشوێنی خۆیدا ماوەتەوە. جەنگەکە چ زیانێکی مادیی و رۆحی بە کۆمەڵگای ئێرانی دەگەیەنێت و کام وێرانە دەخاتەوە، یان چ دەرەنجامێکی بۆ ژیانی ملیۆنان خەڵکی ئێستا و بۆ نەوەکانی داهاتووش هەیە، گرنگییەکەی ئەوتۆی بۆ رژێمە حوکمڕانەکە نییە. ئەوەی لای رژێمی ئێرانی خاڵی سەرەکیی و بنەڕەتییە، مانەوەی خۆیانە وەک حوکمڕانی وڵاتەکە، با وڵاتەکە کراشبێت بە وێرانەیەکی گەورە.
لە دۆخی بەردەوامبوونی جەنگەکە و درێژەکێشانیدا هەموو ئاماژەکان هێما بۆ ئەوەدەکەن دەشێت ئێران لە وڵاتێکی دەوڵەمەند و خاوەن مێژوویەکی دێرینەوە بکرێت بە وێرانە و کەلاوەیەکی گەورە. بەردەوامی جەنگەکە زیانەکانی بۆ ئێران زۆر گەورەتردەبێت تا بۆ ئەو بەرەیەی دژ بە ئێران دەجەنگێت. ئەمریکا و ئیسرائیل هەم خاوەن ئابووریی و توانایەکی مادی زۆر گەورەترن لە ئێران، هەم خاوەنی هێزێکی سەربازیی زۆر بەهێزتر و پڕچەکتر، هەم باکیشیان بە هیچ رەخنە و نارەزاییدەربڕینێکی جیهانیش نییە رووبەڕوویان بکرێتەوە، هەم لەژێرەوە کۆمەڵێک وڵات هانیانئەدەن بۆ بەردەوامیدان بە جەنگەکە، کە لە وڵاتە هەرە دەوڵەمەندەکانی جیهانن، لەوانەش سعودیە و ئیمارات.
هەرچی ئابووریی ئێرانە، بە هیچ شێوەیەک قابیلی بەراوردکردنییە بە ئابوریی ئەمریکا و ئیسرائیل. داڕمانی بەردەوامی بەهای تمەن و هەڵئاوسانی ئابووریی لە ئێراندا لە دۆخێکی تەواو ترسناکدایە. بەشەکی گەورەی کۆمەڵگای ئێرانی لەوە نزیکبوونەتەوە نەتوانن پێداویستیە سەرەکییەکانی درێژەدان بە ژیانی رۆژانەیان دابینبکەن. بەر لە شەڕەکە بەشێکی گرنگیی ئابووریی و توانا مادییەکانی ئێران لە بەرنامەی دروستکردنی چەکی ئەتۆمیی و لە دروستکردنی هێزی میلیشیایی پرۆکسیی لەناوچەکەدا بەکاردەهێنرا. تێچوی شەڕەکەش لە ئێستادا، بەشێکی گەورەی داهاتی ئەو ئابوریە دەبات کە هێشتا لە ئێراندا بەتەواوی وێراننەکراوە. شارەزایانی بواری ئابوریی ڕایان وایە ئێران بەرگەی درێژبوونەوەی جەنگەکە ناگرێت، بەڵام ئەمریکا و ئیسرائیل، بە هاریکاریی وڵاتانی کەنداو، دەتوانن جەنگێکی زۆر درێژخایەنتر لە ئێران، ئەنجامبدەن.
ئێران هاوکات لە ئێستادا هیچ کاریگەرییەکی لەسەر چارەنووسی جەنگەکە نەماوە، ئەوەی دەستنیشانی بەردەوامبوون یان کۆتاییهاتنی جەنگە کەدەکات و ئەوەیشی توانای دەستپێکردنی پرۆسەی ئاشتی هەیە، هەر ئەمریکا و ئیسرائیلن. ئێران هیچ توانایەکی دەستپێشخەری نە لە بەردەوامیدان بە جەنگەکە و نە لە کۆتاییپێهێنانیدا، نەماوە. دەسەڵاتدارانی ئێران جگە لە کاردانەوە بەروی ئەو بڕیارانەدا کە ترامپ و ناتانیاههۆ دەیدەن، هیچ توانا و ئەگەرێکی دیکەیان لەبەردەمدا نییە و لەبەردەمدا نەماوە. بەمەش لە دۆخی چاوەڕوانییەکی بێهودە و لە پێگەی تەماشەکەرێکی سلبی چۆنیەتی وێرانبوونی رۆژانەی وڵاتەکەیاندان. بە کورتییەکەی، ئەوەی توانای درێژەدانی بە جەنگەکە هەیە و بەرگەی تێچوونە مادیی و رەمزییەکانی دەگرێت ئەمریکا و ئیسرائیلن، نەک ئێران.
سەرەڕای ئەم دۆخە تراژدییە کەچی دەسەڵاتدارانی ئێران تا ئێستا خۆیان بەسەرکەوتو و براوەی جەنگەکە دەزانن، ئەویش لەبەر سێ هۆ. یەکەم ،رژێمەکە نەڕوخاوە. دووهەم، تەنگەی هورمز نەگیراوە. سێهەم، جار نەجار لەڕێگای درۆن و راکێتەوە توانای بۆمبارانکردنی وڵاتانی ناوچەکەیان هەیە، بەهەرێمی کوردستانەوە.
وێنە گشتییەکەی جەنگەکە تا ئێستا بەم شێوەیەیە:
١-هێڵی یەکەم و دووهەم و تەنانەت سێهەمی سەرکردایەتی ئێران کوژراون.
٢-تێکشکانی بەشێکی گەورەی پیشەسازی سەربازیی لە ئێراندا، بە تواناکانی دروستکردنی چەکی نەوەوی، راکێت و درۆن و مەنەسەی هاویشتنی رۆکێتەکانەوە.
٣-بڕی هەرە گەورەی هێزی دەریایی ئێران وێران کراوە.
٤-هیچ ناوچەیەکی ئەو وڵاتە توانای بەرگریکردنی لەخۆی نییە و قوولاییە جیاوازەکانی ئێران بۆمباران کراون.
٥-بەشێکی بنکە گەورەکانی وزە وێرانکراوە.
٦-سێنتەرە گەورەکانی بەرهەمهێنانی ئاسن لە ئەهواز و ئەسفەهان بۆمبارانکراون و وێران بوون.
٧-ناوچە پیشەسازییەکانی ئەرانە لە شارەکانی ئەسفەهان و ئەهواز و ئاراک و یەزد وێرانکراون.
٧- ئێران سەرجەمی ئەو کارتی فشارانەی لەژێڕدەستیدا بووە بەکاریهێناون. دواهەمینیان بەکارهێنانی حەشدی شەعبییە لە عێراق بۆ پەلاماردانی هەرێمی کوردستان و پەلاماردانی هەندێک لە وڵاتانی کەنداو.