سندوقی نیشتمانی ئەمریکا بۆ دیموکراسی پاڵپشتی دارایی درەو دەکات

null

جەنگ و موقەدەس و ناعەقڵانیەتی دینیی

بڵاوکراوەتەوە لە : 22 ئازار 2026

قەبارەی دەقەکان

قەبارەی دەقەکان

مەریوان وریا قانع یەكشەممان تایبەت بە (درەو) دەینوسێت

 

ئەو جەنگەی زیاد لە سێ هەفتەیە بە بەرچاومانەوە روودەدات بە هەموو مانایەک جەنگێکی تەواو تازەیە. تیایدا سەرجەمی داهێنانە تەکنۆلۆژییە نوێیەکانی جیهانی ئەمرۆکە بەکاردێت، هەم لە چەک و تەکنۆلۆژیای کوشتنەوە بیگرە، بۆ تەکنۆلۆژیای پەیوەندییکردن و بەجێهێشتنی کاریگەریی لەسەر رای گشتیی جیهانیی، بە تێپەڕین بەناو زیانگەیاندنێکی راستەوخۆ بە ئابووریی جیهان، کە ئابووریەکەی بەجیهانیی و بەگلۆباڵ بووە. جەنگەکە جەنگێکی بەرفراوانە و چەندەها لایەن و بکەری جیاوازیش تیایدا بەشدارن. بەهیچ مانایەک ئەم جەنگە تەنها جەنگی نێوان دوو دەوڵەت یان چەند دەوڵەتێک لەگەڵ یەکتریدا نییە، بەڵکو چەندان بکەری نادەوڵەتییش تیایدا بەشدارن و ئەم بکەرانەش وەک پرۆکسی، جەنگی بە وەکالەت بۆ لایەنە جیاوازەکانی جەنگەکە دەکەن.  جەنگەکە بەرەیەکی روونیشی نییە، لە یەککاتدا پەلاماری زیاد لە شوێنێک و زیاد لە ولاتێک و زیاد لە ناوەندێک دەدرێت، پەلامارەکانیش لە شوێنی جیاواز و دوور لەیەکەوە، دەدرێن. بەرەی ئێران تەنها ئێران خۆی وەک دەوڵەتێکی سەربەخۆ و خاوەن سەروەریی نییە، بەڵکو حیزبوڵای لوبنانی و حەشدی شەعبی عێراقیی و حوسیەکانی یەمەنیشی تێدایە. هێرشەکانیشی تەنها هێرش بۆسەر ئیسرائیل و هەندێک لە بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لەناوچەکەدا نییە، بەڵکو هێرشە بۆ سەر وڵاتانی کەنداو و عێراق و هەرێمی کوردستان و شوێنانی دیکەش. 

پێدەچێت لە ماوەی داهاتودا و لە دۆخی درێژەدان بەو لۆژیکە دینییە ناعەقلانییەی جەنگەکە ئاراستەدەکات، سنووری جەنگەکە گەورەتر و ترسناکتر ببێتەوە

جەنگەکە لەیەککاتیشدا زیاد لە جەنگێکە لەناویەکدا. بەر لە هەمووشتێک جەنگێکی سەربازییە کە پێشکەوتوترین شێوازەکانی تەکنۆلۆژیای کوشتن و وێرانکردنی تیادا بەکاردێت. لە فڕۆکەی تەواو پێشکەوتوەوە بۆ راکێتی بالیستیی و درۆن و زیرەکی دەسکرد و هتد.... هاوکات جەنگێکی ئابوریشە کە کاریگەریی گەورە و هەمەلایەن لەسەر ئابوری جیهان وەک گشتێک بەجێدەهێڵەت، بە تایبەتی بەجێهێشتنی کاریگەریی لەسەر بواری وزە، کە یەکێکە لە بوارە سەرەکییەکانی ئابوریی جیهان و لە ئێستادا هاوڵاتیانی زیاد لە بەشێکی جیهان،  بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین و نەوت و جۆرەکانی تری وزە و بەهۆی پەککەوتنی فرین و گواستنەوە بە فرۆکە لە نێوان جیهان و وڵاتانی ئەم ناوچەیەدا، هەست بە کاریگەرییە راستەوخۆکانی دەکەن.  

 

جەنگەکە جەنگێکی تەواو نابەرامبەریشە. بەرەی ئیسرائیل و ئەمریکا تەواو باڵادەست و خاوەن هێزی سەربازیی پێشکەوتو و وێرانکەرن، هەردوو وڵاتەکەش خاوەنی جبەخانەیەکی سەربازیی گەورەن، بە بوونی چەکی ئەتۆمییەوە، هەرچی ئێرانە خاوەنی ئەو توانا سەربازییە نییە و ئەوەی دەتوانێت لە رووی سەربازییەوە ئەنجامیبدات قابیلی بەراوردکردن بە تواناکانی بەرەکەی تر نییە. بەڵام ئێران خاوەنی زیاد لە پرۆکسییەکە کە بەرەی جەنگەکەی بۆ فراواندەکەن و وادەکەن شتێک لە هاوسەنگیی زۆر کەم بۆ توانا سەربازییەکەی بگەڕێتەوە. هێزی ئێران لە ئێستادا لە بوونی ئەو راکێت و درۆنانەدا نییە کە جارنەجار ئەم یان ئەو ئامانج لە ئیسرائیل و وڵاتانی کەنداودا دەپێکن، بەڵکو لە بەجێهێشتنی ئەو کاریگەرییە گەورەدایە لەسەر ئابوریی جیهان و بەرزبوونەوەی نرخی وزە و سنووردارکردنی جوڵەی بازرگانیی. 

 

هاوکات گوێنەدانی حوکمڕانانی ئێرانیش بە بڕی ئەو زیانانەی بە وڵاتەکەیان دەگات، چ زیانی مادیی و چ زیانی ڕۆحی، گوێنەدانیشیان بە گەورەیی و قووڵایی ئەو وێرانە کاریەی روودەدات، کە دەتوانێت بنەما مدییەکانی ژیانی زیاد لەنەوەیەک لە وڵاتەکەدا بەشێوەیەکی ترسناک وێرانبکات، ئینجا پێداگرتنی حوکمڕانانی ئێرانە، بەرهەرنرخێک بووە، لەسەر مانەوەی خۆیان لە دەسەڵاتدا. بە ئامادەگیانەوە بۆ لەناوبردنێکی توندوتیژ و خوێناویانەی هەر ئەگەرێکی ناوەکیی نارەزاییدەربڕین و یاخیبوون. هەموو ئەمانە وادەکەن حوکمڕانانی ئەو وڵاتە درێژبوونەوەی تەمەنی جەنگەکەیان بەلاوە گرنگ نەبێت. ئامادەبن تا مانەوەی دواهەمین بەرپرسیاریان لەسەر کورسی دەسەڵات، بەردەوامی بە جەنگەکە و بە هەموو دەرەنجامە ترسناک و وێرانکەرەکانیی، بدەن. 

 

لەم دۆخەدا تەسلیمنەبوونی ئێران پەیوەندیی بە ئازایەتیی و بە پێداگرتنەوە لەسەر کۆمەڵێک پرنسیپی عەقڵانیی و ئینسانییەوە نییە، بۆ نموونە پرنسیپی بەگژاجوونەوەی ئیمپریالیزم، پەیوەندیشی بە دانەبخۆداگرتنێکی ستراتیژییشەوە نییە، بەو مانایەی چاوەڕوانی گۆڕانی هاوکێشەکانی دەسەڵات و هێز لەناوچەکەدا بن، تەسلیمنەبوونیان پەیوەندیی بەو راستییە سادەیەوە هەیە کە ئەو حوکمرانانە جگە لە خۆیان هیچ کەس و هێز و دید و بۆجوونێکی تر بە شایانی حوکمڕانیکردنی وڵاتەکە نازانن. باکیشیان بەوە نییە دوای خۆیان وڵاتەکە و مرۆڤەکانی دەمێننەوە یان نا. ئەوان پێیانوایە خودا بۆیە ئەوانی دروستکردوە  بۆ ئەوەی حوکمرانی ئەو وڵاتە بن و بەم هۆیەشەوە تەنها ئەوان مافی حوکمرانیکردنی ئەو وڵاتەیان هەیە. ئەم جۆرە لە دەسەڵاتدارێتی بەردەوام رەهەندێکی پیرۆز بە حوکمرانییکردنەکەیان دەبەخشن. پێ لەسەر ئەو دادەگرن کە حوکمڕانیکردنیان پەیوەندیی بە خودا و ئاسمان و دین و موقەدەسەوە هەیە. ئەمەش مافی ئەوەیان پێدەبەخشێت، بە هەر نرخێک بووە، لە دەسەڵاتدا بمێننەوە. 

 

بە مانایەکی دیکە تەسلیمنەبوونی ئەم جۆرە حوکمڕانانە پەیوەندیی بەوەوە هەیە کە ئەوان  جگە لە خۆیان هیچ کەس و لایەن و فۆرمێکی تری حوکمڕانیکردنیان قبووڵ نییە و جگە لەخۆیان کەسیتر بە شایانی بەڕێوەبردنی وڵاتەکە نازانن. لە دۆخی ئێراندا سیستمە حوکمڕانەکە خۆی بە نوێنەری ئیمام مەهدی دەناسێت و پێی وایە  تا گەڕانەوەی ئەو ئیمامە چاوەڕوانکراوە، پێویستە ئەوان حوکمڕانی وڵاتەکە بن. لەبەردەم ئەم جۆرە لە ناعەقڵانیەتی دینیدا هیچ نرخێک بۆ ژیان و مانەوە و بوونی ئەو مرۆڤانە نامێنێتەوە کە دەکەونە ناو سنوورە سیاسییەکانی ئەم ناعەقلانیەتە دینییە حوکمرانەوە، چ جای بوونی نرخ بۆ خودی وڵاتەکە و بۆ ئەو ژێرخانە مادیی و مەعنەوەییەی ئەو وڵاتە لە مێژووی خۆیدا دروستیکردوە. 

 تەسلیمنەبوونی ئێران پەیوەندیی بە ئازایەتیی و بە پێداگرتنەوە لەسەر کۆمەڵێک پرنسیپی عەقڵانیی و ئینسانییەوە نییە، پەیوەندیی بەو راستییە سادەیەوە هەیە کە ئەو حوکمرانانە جگە لە خۆیان هیچ کەس و هێز و دید و بۆجوونێکی تر بە شایانی حوکمڕانیکردنی وڵاتەکە نازانن

چوونە ناو جەنگێکی خۆکوژی لە جۆری ئەو جەنگەی ئێستا لە ئارادایە، کە لەیەککاتدا جەنگە لەگەل سەرجەمی وڵاتانی کەنداو و ئیسرائیل و ئەمریکادا، جەنگە لەگەڵ ئابوریی جیهاندا، جەنگە لەگەڵ چەندان هێزدا کە لە هەموو روویەکەوە زۆر لە ئێران بەهێزترن، تەنها لۆژیکێکی دینیی ناعەقلانیی دەتوانێت رەوایەتی پێببەخشێت، نەک لۆژیکی سەربازیی، یان ئینسانیی، یان لانی هەرەکەمی بەرپرسیاریەتیی بەرامبەر بە ژیان و مانەوەی کۆمەڵگاکە خۆی.  

پێدەچێت لە ماوەی داهاتودا و لە دۆخی درێژەدان بەو لۆژیکە دینییە ناعەقلانییەی جەنگەکە ئاراستەدەکات، سنووری جەنگەکە گەورەتر و ترسناکتر ببێتەوە، تا ئەو شوێنەی هەندێک لە وڵاتانی کەنداو بڕیاری هاتنە ناو جەنگەکە بدەن. لە دۆخێکی وادا رووبەری کوشتن و وێرانکردنەکان دەیان و سەدانجار لە ئێستا فراوانتر و هەمەلانیەتر دەبێت. زیانەکانی جەنگەکە تەنها بەر مرۆڤەکانی ئێستا ناکەوێت، بەڵکو بەو نەوانەش دەکەوێت کە هێشتا لەدایکنەبوون.  

 

 

null

مەریوان وریا قانع

بە بۆنەی مردنی هابرمازەوە  هابرماز و کورد

null

نابێت کوردستان بکرێت بە زۆنی جەنگ

ئەمانەش ببینە

زیاتر ببینە
null

رۆژی جیهانی زمانی دایک: کام زمان؟

null

"فشاری دەرەکیی" و ئەو کۆگیرییەی کە دروستنابێت...

null

رۆشنگەریی وەک ئامرازێک بۆ رزگاربوون

null

لەزەتخانەکەی جێفری ئیپستین