سندوقی نیشتمانی ئەمریکا بۆ دیموکراسی پاڵپشتی دارایی درەو دەکات

null

 دۆخی دوای شەهیدکردنی غەزەڵ مەولان: چەند سەرنجێک

بڵاوکراوەتەوە لە : 19 نیسان 2026

قەبارەی دەقەکان

قەبارەی دەقەکان

 

 

چۆنیەتی شەهیدبوونی غەزەڵ مەولان رووداوێکی تەواو خەمناک و دڵتەزێن بوو، زۆربەمانی تووشی شۆک و هەستکردن بە شەرم و گوناه کرد. بە بۆچوونی من ئەم شەهیدبوونە دۆخێکی دروستکرد نەک تەنها لەیادکردنی زەحمەتە، بەڵکو لەو باوەڕەدام دەشبێت بە بەشێک لە یاداوەریی دەستەجەمعیی میلەتی ئێمە. بێگومان شەهیدکردنی خانمێکی گەنجی رۆژهەڵاتی لەلایەن رژێمی خوێناویی ئایەتوڵاکانی ئێرانەوە، رووداوێکی سەرسوڕهێنەر و چاوەڕواننەکراو نییە، بەڵکو درێژەدانە بەو سیاسەتی کوشتن و بڕینە هەمەلایەنەی ئەم رژێمە ساڵانێکی درێژە بەرامبەر بە خەڵکی کوردستان ئەنجامیئەدات. ئەوەی جیاواز و شوێنی لەسەر وەستانە جۆری مامەڵەکردنی ئەم خانمە بوو لە شاری سلێمانی و تێڕامانە لە بەشێک لەو گوتارانەی دوای شەهیدبوونەکەی بیستمان. هەموو ئەمانە شەهیدبوونەکەی ئەم خانمە گەنجەی گۆڕی بۆ تراژدییایەکی نەتەوەیی و نیشتیمانیی. 

 

هەواڵەکانی سەرەتا، کە زۆربەمانی تووشی هەستکردن بە گوناه و شەرمکردن کرد، وا هاتن کە نەخۆشخانەکانی سلێمانی ڕازینەبوون برینەکانی ئەم خانمە تیماربکەن. ئینجا باس لەوەکرا مزگەوتەکانی ئەو شارە رازینەبوون لاشەی ئەم خانمەیان، تێدا بشۆردرێت. دوای ئەوە باس گوێمان لەو گوتارە بوو کە خەڵکی سلێمانی تەواو کەمتەرخەم و بێباک و بێدەنگبوون بەرامبەر بە مەرگی ئەم خانمە و لە مەراسیمی بەخاک سپاردنەکەیدا بەشدارنەبوون. بەمەش گومان و پرسیار بەرامبەر بە وەفا و دڵسۆزیی خودی شارەکە و بێهەڵوەستی خەڵکەکەی، بوو بە گوتاری سەرەکیی. 

 هاوکات پەنجەی تاوان بۆ یەکێتی نیشتیمانی درێژدەکرا و باس لەوەدەکرا ئەوانن رێگربوون لەبەردەم مامەلەکردنێکی ئینسانیانە و نیشتیمانیانەی شەهیدبوونی ئەم خانمەدا. هاوکات هێرشێکی بەرفراوانیش بۆسەر ڕۆشنبیران و چالاکوانانی ئەو شارە دەستیپێکرد، زۆرێکیان بە خۆفرۆش و قەڵەمفرۆش و ناپاک، ناونران. هێرش بۆسەر سلێمانی خۆیشی تا ئەو شوێنە رۆیشت باس لە شەرمەزاربوون و حەیاچوونی خەڵکی شارەکە بکرێت. هەر لەم رەوتەدا لەسەر سۆشیال میدیا داوای ئەوە کرا پرسەی ئەم شەهیدە ببرێت بۆ هەوڵێر بۆ ئەوەی لەوێ بەشێوەیەکی شایستە مامەڵەبکرێت. ئەوەی لێرەدا شایانی لەسەر وەستان و باسکردنە ئەو راستییەیە، کە زرۆبەی هەرەزۆری ئەم هێرش و بێڕێزیی و تاوانبارکردنە، میدیای پارتی و میدیا نزیکەکان لە پارتی، بەرهەمیانهێنا و بڵاویانکردەوە.  

 

من یەکێک بووم لەو نووسەرانەی کەوتمە بەر ئەم شەپۆلە لە پەلاماردانی رێکخراو و ئاراستەکراوی ئەو میدیایەوە. من رۆژی ١٥ مانگ، رۆژێک دوای شەهیدبوونی غەزەڵ مەولان، پۆستێکم بە ناونیشانی «تاوانێکی گەورە....هێجگار گەورە» لەسەر شەهیدبوون و شێوازی مامەڵەکردنی لەلایەن هەندێک لە نەخۆشخانەکانی سلێمانییەوە نووسیی، کەچی میدیای پارتی من و چەندان رۆشنبیری تریان بە «جاش قەڵەم» و «قەشمەر» و «دژە حكومەتی هەرێم» ناوبرد و هەواڵی درۆیان لەسەر قسەنەکردن و بێدەنگبوونمان بەرامبەر بەو تاوانە، بڵاوکردەوە.

 

من لەو پۆستەدا شێوازی مامەڵەکردنی نەخۆشخانەکانم بە داڕمانێکی «ئینسانیی و ئەخلاقیی و نەتەوەیی» ناوبرد، کە « پێویستی بە دادگایکردن و لێپرسینەوەیەکی راستەقینە هەیە.». لەوە دوام «پێویستە داواکاری گشتیی بێتە سەرخەت و لەسەرجەمی ئەو کەس و لایەنانە بپرسێتەوە کە ئەو خانمەیان لە نەخۆشخانەکان دەرکردوە و ئامادەنەبوون  پێداویستییە پزیشکییەکانی بۆ دابینبکەن.» گیانسپاردنی ئەم خانمەشم بە «تاوانێکی دەستەجەمعیی» ناوبرد و  بە «بەرپرسیاریەتی هەمووانیش»م زانی ئەو جۆرە مامەڵەکردنە «وەک تاوان ببینرێت و مامەڵەبکرێت.» هاوکات پێم لەسەر ئەوە داگرت کە ئەم دۆخی شەهیدبوونە «تاقیکردنەوەیەکی گەورەیشە هەم لە بەردەم مرۆڤبوونی ئێمەدا وەک مرۆڤ و، هەم لە بەردەم کوردبوونماندا وەک شوناسی دەستەجەمعیمان.» هەر لەو سەرەتایەشەوە پێم سەیربوو لە شارێکی وەک سلێمانیدا نەخۆشخانەیەک یان مزگەوتێک یان ماڵێک نەبووبێت دەرگاکەیان بەڕووی ئەم شەهیدا گەنجە رۆژەەڵاتیەدا، کردبێتەوە. وەک ووتم سەرەرای ئەو بەدەنگهاتنە راستەوخۆیە و ئەو پێداگرتنە ئاشکرایە لەسەر بەدەمەوەچوونی ئەم مەسەلەیە، میدیای پارتی من و چەندان رۆشنبیری تریان بە «جاش قەڵەم» و «قەشمەر» و خۆفرۆش ناوبرد و درۆی ئەوەیان بڵاوکردەوە کە بێدەنگین. 

 

ئێستا، پێنج رۆژێک دوای رووداوەکە، وێنەکە کەمەکێک ڕوونترە و زانیاریی زیاتریش لەسەر رووداوەکە لەبەردەستدایە. ئەوەی ئاشکرابووە ئەو راستییەیە کە دۆخەکە بەو شێوەیە نەبووە کە میدیا ئاراستەکراوەکان، باسیاندەکرد. هەم زیاد لە نەخۆشخانەیەک دەرگایان بۆ ئەم خانمە تێکۆشەرە کراوەبووە، هەم مزگەوت هەبووە ئامادە تەرمی ئەو خانمەی تیادا، بشۆردرێت، هەم گۆڕستانەکانی سلێمانی بۆ ناشتنی تەرمی ئەم گەنجە تێکۆشەرە کراوەبوون، هەم کۆمەڵەی زەحمەتکێشان خۆیشی، کە غەزەڵ پێشمەرگەی ئەوان بووە، لەبەر هۆکاری پەیوەست بە ئاسایشەوە، نەیانهێشتوە خەڵک بە شەهیدبوون و ناشتنەکەی بزانن و رووداوەکە گەورە و بەجەماوەریی بکرێت. هاوکات زیاد لە نووسەر و رۆشنبیر و چالاکوانێک، ئەوانەی ئاگایان لە وردەکارییە سەرەتاییەکانی رووداوەکە بووە، هەر زۆر زوو، هاتنەدەنگ و بەشێوازی جیاواز ناڕازاییبوونی توندیان راگەیاند و داوای لێپرسینەوە و بەرپرسیارکردنی ئەو نەخۆشخانە و مزگەوتانەیان کرد، کە ئەو خانمە شەهیدەیان نەگرتەخۆ. 

 

مەبەستی ئەم نووسینە شیکردنەوەی ئەو هۆکارانە نییە ئەو میدیا ئاراستەکراوانە والێدەکەن، بە وشێوە خراپ و شێواو و ئیهانەکەرانە باس لە ڕووداوی شەهیدبوونی ئەو خانمە تێکۆشەرە بکەن. هەروەها لەوەش ناکۆڵێتەوە بۆچی ئەم جۆرە میدیایە بەو شێوە سیستماتیکییە درۆی هەمەجۆر دەکەن و تۆمەت دەبەخشنەوە  و بەدەر لە هەر پێوەرێکی ئەخلاقیش کێیان بوێت بە قەڵەمفرۆش و  خائین و ناپاکی، بکەن. ئەوەی ئەم نووسینە دەخوازێت نیشانیبدات، ئەو دەرەنجامە  وێرانکەرانەیە کە ئەم جۆرە میدیایە و ئەو عەقڵیەتە حیزبییەی ئاراستەیان دەکات، بۆ مەسەلەی کوردبوون و مەسەلەی بەگەل و نەتەوە و تەنانەت ئینسانبوون، هەیانە. هاوکات ئەم نووسینە دەشیەوێت نیشانی بدات چۆن ئەو میدیا ئاراستەکراوانە ڕێگرێکی گەورەن لە بەردەم لانی هەرەکەمی دروستبوونی خەمباریی و هاوخەمی نیشتیمانیی هاوبەش و بەندکردنی کۆمەڵگاکە لە قۆناغی بەر لە دروستبوونی چەمکەکانی گەل و نەتەوە و نیشتیماندا. ئەو زیانانەی ئەم جۆرە میدیایە لە کوردبوونی وەک شوناسێکی دەستەجەمعی هاوبەش ئەیدەن، زۆری کەمتر نییە لەو زیانانە، کە دوژمنەکانی کورد، لە کوردبوونی، دەدەن. 

 

ئەدەبیاتێکی زانستی زۆر هەیە نیشانمان ئەدات گەل یان نەتەوە، چەندە دیاردەیەکی ماتریالیی «ڕەقە» و لە فۆرمی دەزگا و رێکخراو و سوپا و  قوتابخانە و میدیا و چاپخانە و هتد.. دەردەکەوێت، چەندەش لەناو ئەو ماشێنە دەزگاییە رەقانەدا دروستدەبن، هێندەش دیاردەیەکی ناوەکیی و سایکۆلۆژیی« نەرمە» و پەیوەندیی بە هاتنەکایە و دروستبوونی جۆرێکی تایبەت لە «هەستکردن»ی تایبەتەوە، هەیە. ئەم هەستکردنەیە وادەکات  کۆمەڵە کەسانێک خۆیان بە ئەندامی گەل و نەتەوەیەک، بزانن، خۆیان وەک خاوەنی یەک نیشتیمان ببینن، ئەو هەستەیان هەبێت یەک مێژو و یەک چوارچێوەی هاوبەش بەیەکەوە کۆیاندەکاتەوە، یەک چارەنووسی هاوبەشیان هەیە و بەیەکیشەوە سەیری یەک ئاسۆی ئایندەیی، دەکەن. بەم مانایە نەتەوە یان گەل هەم دەزگایە هەم هەستە، هەم دیاردەیەکی رەق و هەم نەرم و سایکۆلۆژییە. ئەم دوو دیوە یەکتری تەواودەکەن و بەسەریەکەوە شوناسێکی هاوبەش بەوانە دەبەخشن کە لەناو سنوورەکانی ئەو گەل و نەتەوەیەدا، دەژین. 

 

ئامادەگیی هەردوو دیوە رەق و نەرمەکەی بوونی پێکەوەیی گەلێک، هەستکردن بە ئینتیما بۆ ئەو گەلە وەک بوونێکی کۆیی و پێکەوەیی، دروستدەکات. هەستکردنیش بە ئینتیما بەشێکی بنەڕەتیی و گرنگی بوونی هەر گەل و نەتەوەیەکە. هەموو ئینتیمایەکیش هێما بۆ بوونی ئەو هەستە دەرونییە دەکات، کە لە ڕێگایەوە کەسەکان خۆیان وادەبەینن  بەشێکن لەو گشتە گەورەیەی ناوی گەل یان نەتەوەیە، شتێک لە خۆیان لەناو ئەو گشتەدا دەدۆزنەوە و خۆیان بە بەش، یان پارچەی تایبەتی، ئەو گشتە گەورەیە دەزانن. 

 

ئەوەی  لە چۆنیەتی کارکردنی ئەو میدیا ئاراستەکراوانەدا لە چەند رۆژی رابردوودا بینیمان، وێرانکردنێکی بەرفراوانی سەرجەمی دەرکەوتە رەق و نەرمەکانی بوونی پێکەوەیی و هاوبەشی نەتەوەیی و نیشتیمانیی، بوو. پرۆسەیەکی بەرفراوانی بە ناپاک و بێوەفا و کەمتەرخەمکردنی سەدان هەزار مرۆڤ بوو، کە بێئاگابوون لەوەی روویدەدا. هەوڵدانێکی رێکخراو بوو بۆ دروستکردنی وێنەی شارێک وەک شارێکی کەمتەرخەم و بێوەفا و بێئینتیما، دروستکردنی ناکۆکیی و گەورەکردنی جیاوازییش بوو لە نێوان دوو شار و دابڕانی زیاتر و زیاتریان لەیەکتری. ئینجا دروستکردن و بەهێزکردنی نائومێدبوون لە کوردبوون و گەورەکردنی زیاتر و زیاتری خودنەفرەتیی و رقبوونەوەی کورد بوو، لە خۆی.

 

لە زۆر ڕووەوە دەکرێت بڵێین ئەوەی ئەو میدیایانە ئەنجامیاندا هەوڵدانێکی بەئاگابوو، بۆ وێرانکردنی ئەو هەستی یەکبوون و هاوخەمییە گەورەیەی چەند مانگێک لەمەوبەر لە خۆپیشاندانە گەورەکاندا بۆ بەرگریکردن لە رۆژئاوا، دروستبوو، هەم لە تەواوی کوردستان و هەم لەناو کوردانی دەرەوەی کوردستاندا. هەوڵدانێکی بەئاگاش بوو بۆ سڕینەوەی ئەو جۆرە تازەیە لە کوردبوون، کە  لە دەرەوەی حیزبیبووندا لەسەر شەقامەکان، دروستدەبوو.  ئەوەی ئەم میدیا ئاراستەکراوانە ئەنجامیاندا، هەوڵدانێک بوو بۆ دروستکردنی هەستێکی نائومێدکەرانە بە مرۆڤی ئێمە بڵێت: نە خاک، نە گەل، نە نیشتیمان، نە هاوخەمی، نە بەرژەوەندی گشتیی، نە وەفا، لەناو دونیای ئێمەدا نییە و نەماوە. سلێمانیتان بینی چۆن لەکۆی ئەم شتانە خاڵیکراوەتەوە. ئەم گوتارەش ئەگەر تەنها یەک دەرەنجامی هەبێت، ئەوەیە کە کوردبوون بۆگەن بووە، مەگەر حیزبێک، تەنها یەک حیزب، بتوانێت کوردبوونمان چاکبکاتەوە. ئەو حیزبەش حیزبی ئەو میدیا ئاراستەکراوانەیە.

 

null

دوای جەنگەکان چی؟

null

گەڕاندنەوە بۆ چاخە بەردینەکان

ئەمانەش ببینە

زیاتر ببینە
null

لە دۆخی بەردەوامبوونی جەنگەکەدا...

null

جەنگ و موقەدەس و ناعەقڵانیەتی دینیی

null

بە بۆنەی مردنی هابرمازەوە  هابرماز و کورد

مەریوان وریا قانع

null

نابێت کوردستان بکرێت بە زۆنی جەنگ