لە دیکۆرکەوتنی دیکۆرەکان
بڵاوکراوەتەوە لە : 27 نیسان 2026
قەبارەی دەقەکان
قەبارەی دەقەکان
بڵاوکراوەتەوە لە : 27 نیسان 2026
قەبارەی دەقەکان
قەبارەی دەقەکان
مەریوان وریا قانع یەكشەممان تایبەت بە (درەو) دەینوسێت
ئەوەی لە دۆخی سیاسیی ئەمرۆکەی هەرێم ڕابمێنێت داڕمانێکی سیاسیی گەورە و هەمەلایەن و نەمانی لانی هەرەکەمی هەر جۆرە کۆگیرییەک دەبینێت، کە سەرجەمی سیستمە سیاسییەکەی، بە هەموو نووقسانیی و ناشیرینییەکانییەوە، ئیفلیج کردوە. ئەو دیکۆرە سیاسییەی کە ساڵانێکی درێژە دروستکراوە، لە پەرلەمانی کوردستانەوە بیگرە بۆ حکومەتی هەرێم، لەوەخراون تەنانەت وەک دیکۆریش ئامادەبن. زمانی قسەکردنی سیاسییش بۆ جاری هەزارەهەم بووەتەوە بەو زمانی جەنگە رەمزییەی، کە چەند هەنگاوێکی کەم لە جەنگی راستەقینەوە، دوورە.
لە راستیدا سەرجەمی کایە سیاسییەکەش لەوەکەوتوە کایەیەکی سیاسیی بێت و وەک شوێنی کۆبوونەوەی کۆمەڵک پێگەی سیاسیی جیاواز بەیەکەوە، کاربکات. خودی سیاسەت خۆیشی کورتبۆتەوە بۆ ئەو بڕیارانەی پابەستە بە دۆخی دەرونیی و کەلەرەقیی و توانای سنوورداری تێگەیشتنی چەند کەسێکی کەمی ناو هەرێمەکەوە. بەهیچ مانایەک سیاسەت لە هەرێمدا چالاکی رێکخستن و ئاراستەکردن و بەدەمەوەچوونی ژیانی گشتیی کۆمەڵگاکە نییە، بەڵکو تەعبیرە لە دۆخی دەرونی و بەرجەستەکەری توانای سنوورداری بیرکردنەوە و تێگەیشتنی چەند کەسێکی کەمی ناو هەرێمەکە. کەسانێک لە رێگای هێز و سەرمایەوە سەرجەمی بڕیارە گەورە و ستراتیژییەکانی هەرێمیان، قۆرخکردوە.
بەم مانایە ئەوەی لە هەرێمدا روودەدات سێ مەسەلەی سەرەکییە: سەرەتا لە دیکۆرخستنی خودی دیکۆرەکان، ئینجا لەسیاسەتخستنی خودی سیاسەت خۆی، دواتریش شوێنگرتنەوەی ئەو دووانەش بە دۆخی دەرونیی و توانای سنوورداری تێگەیشتنی چەند بکەرێکی سیاسیی کەم لە هەرێمەکەدا. ئەم دۆخەش چەندان دەرەنجامی خراپ و ترسناکی لێدەکەوێتەوە، هەرە سادەکانیان تووڕدانی کۆی چەمکەکانی گەل و نەتەوە و نیشتیمان و کۆمەڵگا و سەرجەمی فۆرمەکانی پێکەوەبوونی دەستەجەمعیی دەرەوەی خێزان و بنەماڵە و خێڵە، بۆناو تەنەکەی خۆڵی سیاسەت و دۆخی دەرونیی وێرانی، ئەو بکەرانە.
لە ئێستادا پەیوەندیی پارتی و یەکێتی وەک دوو هێزی حوکمڕانیی هەرێمەکە لە دۆخێکدایە، پێناچێت هیچ بنەمایەکی بۆ خواست و ویست و کاری پێکەوەیی تێدامابێتەوە
لەو ئەدبیاتە گەورەیەدا لە ساڵانی هەشتای سەدەی بیستمەوە لەسەر مەسەلەی نەتەوە و ناسیۆنالیزم نووسراوە، دوو قوتابخانەی سەرەکیی لەیەکتری جیاکراونەتەوە. یەکەمیان ئەو قوتابخانەیەیە کە پێ لەسەر رەگەزە «بابەتی»یەکانی دروستبوونی گەل و نەتەوە دادەگرێت.هەرچی دووهەمیانە پێ لەسەر رەگەزە «خودیی»یەکانی دروستبوونی نەتەوە دادەگرێت و ئەم رەگەزە خودییانەی بەلاوە گرنگترە.
یەکەمیان پێ لەسەر بوونی مێژو و ئابوریی و زمان و کولتور و سەرزەمین و ئەتنیەتی هاوبەش دادەگرێت. لێرەدا نەتەوە هەیە و دروستدەبێت چونکە خەڵک ئەم پێدراوە هاوبەشانەیان بەیەکەوە هەیە.
دووهەمیان پێ لەسەر بوونی ئیرادە و خواستی سیاسیی هاوبەش و ویستی بەیەکەوەژیان و نیازی ئینتیماکردن بۆ ئەوەی وەک نەتەوە دەبینرێت و نمایشدەکرێت، دادەگرێت. ئەم پێداگرتنە لەسەر خواست و ویستیی بوون بە نەتەوە پێیوایە مەرجنییە بوونی یەک زمانی هاوبەش و یەک کولتور و یەک سەرزەمین، کەسەکان بەیەکەوە کۆبکاتەوە و بیانکات بە ئەندامی یەک نەتەوە، یان یەک گەلیان لێدروستبکات، بەڵکو ئەوە خواست و ویستی بەیەکەوەژیانی هاوبەشە، یەک نەتەوە و یەک گەل دروستدەکەن و یەک ئینتیما گەشەپێئەدەن و وادەکەن خەڵک سەر بە یەک کۆمەڵەی سیاسیی بن.
لە قوتابخانەی یەکەمیاندا نەتەوە پێدراوە مادیی و بابەتییەکان دروستیدەکات، لە دووهەمیاندا هەست و نەست و ویست و بڕیاری هاوبەش و هۆشیارانە. کەلەپوری مارکسیزم سەر بە قوتابخانەی یەکەمیانە، کەلەپوری فەیلەسوف و زانای زمان، ئێرنست ڕێنان، نوێنەری قوتابخانەی دووهەمیانە.
لەسەر زەمینی واقیعیش زۆرجار نەتەوە تێکەڵێکە لە هەردوو رەگەزەکە، هەم رەگەزە بابەتییەکان و هەم رەگەزە خودییەکان بەیەکەوە نەتەوە و نیشتیمان و گەل دروستدەکەن. بەم مانایە نەتەوە زۆربەی جار هەم سەرزەمین و مێژو و ئەتنیەتی هاوبەش دروستیدەکات، هەم ئەو ویست و خواستە سیاسییەش کە خەڵک بەیەکەوە کۆدەکاتەوە و وادەکات بخوازن بەیەکەوە یەکە هاوبەشەکانی وەک نەتەوە و نیشتیمان دروستبکەن.
لە ئێستادا پەیوەندیی پارتی و یەکێتی وەک دوو هێزی حوکمڕانیی هەرێمەکە لە دۆخێکدایە، پێناچێت هیچ بنەمایەکی بۆ خواست و ویست و کاری پێکەوەیی تێدامابێتەوە. کێشە و گرفتەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی عێراق، دەستنیشانکردنی پارێزگاری کەرکوک، چالاکنەکردنەوەی پەرلەمان و دروستنەکردنی حکومەتی هەرێم دوای تێپەڕینی زیاد لە ساڵ و نیوێک بەسەر هەڵبژاردندا، ئینجا ئەو جەنگە میدیایە پڕ لە ناشرینیی و پۆخڵەواتیی ئەخلاقیی و سیاسیی. لەپێش هەمووانیشەوە چۆنیەتی مامەڵەکردنی شەهیدبوونی کچە پێشمەرگەی رۆژهەڵاتیی, غەزال مولان و زۆرشتی تر، دۆخێکی سیاسیی دروستکردوە تیایدا شوێنی هیچ «ئێمە»یەکی پێکەوەیی تیانەماوەتەوە. لە «ئێمە»یەکی سیاسییەوە بیگرە بۆ «ئێمە»یەکی فەرهەنگیی و لەوانیشەوە بۆ «ئێمە»یەکی ئەخلاقیی. لەم دۆخە سیاسییەدا نە خاک، نە نیشتیمان، نە گەل، نە بەرژەوەندی گشتیی هاوبەش، نە کولتور، نە خواست و ویست و نیازیی پێکەوەبوونی هاوبەش نەهێڵدراوەتەوە. ئەوەی مێژووی پر لە تراژیدیای ئێمە بە درێژایی دەیەها ساڵ بەرهەمی هێناوە لەبەردەمی خواست و ویست و دۆخی دەورنیی و، لەپاڵ رق و بوغز و کەلەرەقی چەند بکەرێکی سیاسیی و، لەبەردەم دەستەبەرکردنی قازانجی بەرتەسکی نوخبەیەکی تەواو بچووک و سنوورداردا، بەچۆکدا هێنراوە.
لە هەرێمدا، پەیوەندیی نێوان هۆکارە بابەتیی و هۆکارە خودییەکانی دروستبوونی گەل و نەتەوە و نیشتیمان، بە تەواوی تێکدراوە
«ئێمە»ی نەتەوەیی و نیشتیمانیی، «ئێمە»ەیەکە، وەک ووتم، هەستی ئەوەی هەیە کۆمەڵێک رەگەزی هاوبەش بەیەکەوە گرێیداوە و کردویەتی بەو «ئێمە» پێکەوەییە. لە ناویاندا زمان، کولتور، ئەفسانە، برین، تراوما، غەدر، بێمافکردن، خواست و ویستی هاوبەش، هتد... وەکچۆن رابردوویەک بەیەکەوە گرێیان ئەدات، ئاواش ئایندەیەکی هاوبەش بەیەکەوە کۆیاندەکات. بەشە جیاوازەکانی میلەتێک لە رێگای چیرۆک و بەسەرهات و گێرانەوەی هاوبەشەوە دەبن بە یەک و دەتوانن بەیەکەوە چوارچێوەیەکی نیشتیمانی دروستبکەن.
ئەوەی پارتی و یەکێتی بەیەکەوە نیانە، ئەوەی غائیبە هەوڵدانە بۆ دروستکردنی ئەم چوارچێوە هاوبەشە. لەمەشدا ئەوەی بەشی شێری لە بەرپرسیارێتی بەردەکەوێت پارتییە. ئەم هێزە جگە لە برابچووکی سیاسیی هەموو هێزە کوردییەکانی تر، هیچ فۆرمێکی تری کاری سیاسیی پێکەوەیی لەگەڵ کورد خۆیدا، قبووڵنییە.
بە کورتییەکەی، لە هەرێمدا، پەیوەندیی نێوان هۆکارە بابەتیی و هۆکارە خودییەکانی دروستبوونی گەل و نەتەوە و نیشتیمان، بە تەواوی تێکدراوە و بەدۆخێک گەیشتوە تیایدا هیچ «ئێمە»یەکی سیاسیی دەستەجەمعیی نەک تەنها دروستنەکرێت، بەڵکو بوونیشیان نەمێنێت. ئەوەی لە دونیای ناشیرینی ئێمەدا روودەدا ئەم راستییە تاڵەیە: هۆکارە خودییەکانی دروستبوونی گەل و نەتەوە و نیشتیمان نەک بوونیان نییە و لە ئارادانین، بەڵکو ئەوەی هەیە و کاردەکات تەنانەت هۆکارە بابەتییەکانی بوونی گەل و نەتەوە و نیشتیمان وێران دەکات. هێزە سیاسییە باڵادەستەکانی هەرێم نەک خۆیان نەتەوە و گەل و نیشتیمان دروستناکەن، بەڵکو ئەو بنەما بابەتیانەش لەکاردەخەن، کە دەتوانن گەل و نەتەوە و نیشتیمانیان دروستبکەن.