سندوقی نیشتمانی بۆ دیموکراسی پاڵپشتی دارایی درەو دەکات

null

یادی سەد ساڵەی لەدایکبوونی میشێل فوکۆ

بڵاوکراوەتەوە لە : 4 تشرینی یەکەم 2026

قەبارەی دەقەکان

قەبارەی دەقەکان

  مەریوان وریا قانع یەكشەممان تایبەت بە (درەو) دەینوسێت

(بەشی یەکەم)

 

سەد ساڵ لەمەوپێس، ساڵی ١٩٢٦، فەیلەسوفی فەرەنسیی میشێل فۆکۆ لە خێزانێکی دەوڵەمەند لە خواروی فەرەنسادا, لەدایکدەبێت. باوکی پزیشکێکی نەشتگەرگەری بەناوبانگ و مامۆستای زانکۆ بوو، حەزیدەکرد کورەکەیشی شوێنپێی ئەو هەڵبگرێت و ببێت بە پزیشکێکی نەشتەرگەر. بەڵام میشێل فوکۆ حەز و خواستی تایبەت بەخۆی هەبوو، تەواو جیاواز لە حەز و خواستەکانی باوکی. فوکۆ حەزێکی تایبەتیی لە مێژو و ئەدەب و فەلسەفە بوو. کە دەشچێتە زانکۆ فەلسەفە و دەرونناسیی دەخوێنێت. دوای تەواوکردنی تێزی دکتۆراکەشی لە زانکۆی سۆربۆن دەبێتە مامۆستای مێژووی فیکر و سیستمەکانی بیرکردنەوە. فوکۆ لەگەشەی خۆیدا دەبێت بە یەکێک لە بیریارە هەرە گرنگ و سەرەکییەکانی سەدەی بیستەم و کتێب و نووسینەکانی بۆسەر بەشێکی گەورەی زمانەکانی جیهان وەرگێردراون، لەناویاندا زمانی کوردیی. 

 

فوکۆ ساڵی ١٩٨٤ و لە تەمەنی ٥٨ ساڵیدا کۆچی دوایی دەکات، بەڵام دوای تێپەرینی ٤٢ ساڵ بەسەر ئەم کۆچکردنە هەمیشەییەدا، تا ئەم ساتەش یەکێکە لەو نووسەرانەی کە ژمارەیەکی گەروە لە نووسەرانی تر بۆ نووسینەکانی دەگەڕێنەوە و چەمک و دید و تێزەکانی بۆ خوێندنەوە و راڤەکردنی دیاردەکانی جیهانی ئەمرۆ، بەکاردەهێنن. راستە فوکۆ نابێت بە پزیشک و نەشتگەر، بەڵام  لەزیاد لە کتێبێکدا لەسەر بواری پزیشکیی و زانستی پزیشکیی دەوەستێت، تێزی دکتۆراکەی لەسەر مێژووی دێوانەیی تەرخانە بۆ شیکردنەوە و راڤەکردنی ئەو زانیاریی و مەعریفە پزیشکییانەی لەسەر دێوانبوون لە سەدەی هەژدەهەمەوە، بەرهەمهێنراون. 

 

بەشێوەیەکی گشتیی سێ قۆناغ لە فیکری فۆکۆدا لەیەکتری جیادەکرێنەوە. قۆناغی ئارکیۆلۆژیا، کە تیایدا خوێندنەوەی سیستمە مەعریفییەکان سێنتراڵە. قۆناغی ژینالۆژیا کە تیایدا مەسەلەی دەسەڵات مەسەلەی سەرەکییە. قۆناغی سێهەمیش  قۆناغی ئەتیک یان ئەخلاقە. هەریەکێک لەم قۆناغانە پرسیاری سەرەکیی و تایبەت بەخۆی هەبووە. ئەو پرسیارەی لە قۆناغی یەکەمدا دەیکات و هەوڵی وەڵامدانەوەی ئەدات پرسیاریی «مەعریفە چییە»یە؟ پرسیاری قۆناغی دووهەم پرسیاری «دەسەڵات چییە و چۆن کاردەکات»؟ ئەو پرسیارەشی لە قۆناغی سێهەمدا دەیکات ئەوەیە «چۆن مرۆڤ سەرەڕای بوونی چەندەها بونیاد و فۆرمی دەسەڵات و گوتاری باڵادەست، دەتوانێت کەسایەتی، یان خودی خۆی دروستبکات و دابهێنێت»؟ 

 

من لە ناوەراستی ساڵانی هەشتای سەدەی بیستەمەوە بە فیکری ئەم نووسەرە فەرەنسییە ئاشنام. سەرەتاکانی نووسینی منیش لە پەیوەندیدا بە هەندێک لە چەمکە سەرەکییەکانی قۆناغی یەکەمی فیکری فوکۆوە، لەدایکدەبێت. وەک ووتم ئەم قۆناغی یەکەمە قۆناغی گرنگیدانە بە مەسەلەی مەعریفە و لەدایکبوونی سیستم و گوتارە مەعریفیی و زانستیی و فەلسەفیی و رۆشنبیرییەکان. بە مانایەک لە ماناکان فوکۆ خەریکی شیکردنەوەی ئەو عەقڵە مەعریفیی و زانستیی و ڕۆشنبیرییەیە کە لە سەدەی هەژدەهەمەوە لەدایکدەبێت و  کاردەکات. 

ساڵانی هەشتای سەدەی بیستەمیش ساڵانی گرنگیدانی ڕۆشنبیریی عەرەبییە بە شیکردنەوەی «عەقڵ» و «مەعریفە» و «سیستمە رۆشنبیریی»یەکان لە مێژووی رۆشنبیریی عەرەبیی و ئیسلامیدا. بەشێک لەوانەیش لەو بوارەدا دەیاننوسی، بە فیکری فوکۆ ئاشنابوون و فیکری ئەم فەیلەسوفە فەرەنسییە بەشێکبوو لەو تێز و دەزگا چەمکییەی لە خوێندنەوەیاندا بۆ مێژووی فیکر و رۆشنبیریی عەرەبیی و ئیسلامیی، بەکاریاندەهێنا. من سەرەتا فوکۆم لە رێگای فەیەلسوفی سوری «مەتاع سەفەدی» و بیریاری فەلەستینیی ئەمریکیی «ئێدوارد سەعید» و فەیلەسوفی مەغریبی «محەمد عابد الجابری»یەوە ناسیی. ئێستا دوای تێپەرینی ئەو هەموو ساڵانە، ئەو راستییە دەبینم ئەو فوکۆیەی لەم قۆناغەدا لە ژیانی ئەو بیریارانەدا ئامادەبوو، فوکۆی قۆناغی یەکەمە، فۆکۆی قۆناغی ئارکیۆلۆژیا، کە شیکردنەوەی سیستمە مەعریفیی و بونیادەکانی فیکر و رۆشنبیریی خاڵی سەرەکییە. 

 

هەمانشتیش لە نووسینەکانی ئەو قۆناغە سەرەتاییەی مندا بە روونی دیارە. من لە چوار نووسیندا کە لە نێوان ساڵی ١٩٨٩ و ١٩٩١دا نووسیومە هەوڵمداوە هەندێک لە چەمکە گرنگەکانی ناو فیکری ئەم فەلیەسوفە بۆ خوێندنەوەی ئەو بونیادە مەعریفیی و رۆشنبیرییەی لە دونیای ئێمەدا هەیە و کاردەکات، بەکاربهێنم. لەو نووسینانەدا باس لە غیابی عەقڵانیەت و باڵادەستیی غەیبانیەت و بونیادیی «وەعز»خوازی ئەم رۆشنبیرییە، دەکەم. 

 

یەکەم بەکارھێنانی من بۆ چەمکێک لە چەمکە گرنگەکانی میشێل فۆکۆ دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٨٩. لەو ساڵەدا و لە نوسینێکدا بەناونیشانی ”دەقی مردو لە نێوان ئەبستیم و ئایدیۆلۆژیادا “ بۆ یەکەمجار چەمکی ”ئەبستیم“م لای میشێل فۆکۆ بەکارھێنا بۆ ئەوەی کۆمەڵێک سەرنج لەسەر سیاسەتی بەرھەمھێنانی تێکست لە ڕۆشنبیریی کوردیدا و لەسەر ژیان و مردنی تێکستەکان لەناو ئەم ڕۆشنبیریەدا، دەرببڕم.  لەو نووسینەدا بەدوای ئەو ژێرخانە مەعریفیی و ڕۆشنبیریەدا دەگەرێم و شیدەکەمەوە کە لە دونیای رۆشنبیریی ئێمەدا لەدایکبوون و ژیان و مردنی تێکستەکان ئاراستەدەکەن. ئەبستیم، وەک «سیستمی سیستمەکان»، وەک ژێرخانی قووڵی بەرهەمهێنانی مەعریفە، وەک سەرچاوەی ژێرەکیی سەرجەمی گوتارەکان دەناسێنم. ئەبستیم وەک ئەو «تۆڕە گەورەیەی  شفرەكانی بۆ ناو هەموو كایەكان دەگوێزێتەوە، بۆ ناو جیهان بینی بەهاو پێوەرەكانیش، ئەو مەودا ئەبستیمۆلۆژیەیە -المجال المعرفی- كە لە پشتی هەموو تاقیكردنەوەكان و زانینەكان و مەنهەجەكانەوە» یە. ئەبستیم وەک «ئەو بەرنامە گشتییە، كە هەموو بەرنامەكانی دیكە بە پێی «كۆد»ەكانی ئەم كاردەكەن». هەر لەو نووسینەدا دەنووسم «چەمكی «ئەبستیم» لای فۆكۆ لە چەمكی «ژێرخان»ی ماركس دەچێت. ژێرخانێك كە سەرخان بینا دەكات. باڵام جیاوازیان لەوەدایە كە «ئەبستیم»، یەكەم: ژێرخانی كایە ئەبستمۆلۆژیەكانە. دووەم: رەنگە لە چورچێوەی «ئەبستیم»ێكدا زیاد لە چەند «ژێرخان»ێكی ئابوری بە مانا «ماركس»یەکەی دروست بێت. واتە مەرج نییە گۆڕانی «ژێرخانی» ئابووری گۆڕانی جەوهەری «ئەبستیم» بێت. 

لەو سالانەدا چەمکی «ئەبستیم» لەلایەن مەتاع سەفەدییەوە وەک «نظام الانظمة المعرفیة» بۆسەر زمانی عەرەبی وەرگێڕدرابوو. مەتاع کتێبێکی بەهەمان ناونیشان لە ساڵی ١٩٨٦دا چاپ و بڵاوکردبووەوە کە من لەو رۆژگارەدا بەیەکێک لە کتێبە عەرەبییە هەرە گرنگەکانم دەزانی. کتێبەکە بەم ناونیشانە بوو: مطاع صفدي (١٩٨٦) «استراتيجية التسمية في نظام الأنظمة المعرفية"، منشورات مركز الإنماء القومي. هەر لەو ساڵانەدا بەشێک لە کتێبەکانی فوکۆ لەژێر سەرپەرشتی ئەم فەیلەسوفە سوریەدا، کە لە رووی فیکرییەوە قەومی و لە بەعسەوە نزیکبوو، بۆسەر زمانی عەرەبی وەرگێڕدران. 

 

لە درێژەی ئەم چالاکییانەدا من سێ وتاری دیکەم لە ساڵی ١٩٩٠ و ١٩٩١دا نووسی کە هەرسێکیان لەژێر کاریگەرییەکی راستەوخۆی دیدی فوکۆدا بوون سەبارەت بە سیستمە مەعریفییەکان. یەکەمیان بەناوی «زەینی نامەنهەجی و لێكدانەوەی خورافیانە: تێڕامانێك لە بونیادی رۆشنبیری كوردی» بوو، لە پاشکۆی عێرقدا بڵاوکرایەوە. لەو نووسینەدا پێ لەسەر «وەعز»ی بوونی بونیادی رۆشنبیریی كوردیی دادەگرم و ئەم «وەعز»یبونە بە «دەركەوتە نامەنهەجی و خورافیەكان»ی ئەو رۆشنبیرییەوە، گرێدەدەم. دواتر بەو دەرەنجامە دەگەم کە ئەم «وەعزیبوونە» بونیادەیە وایکردوە ئەم ڕۆشنبیرییە «كەینونەی» خۆی لەسەر «حوكمدان» بیانبکات، نەک لەسەر بەرهەمهێنانی مەعریفەیەکی عەقلانی سەربارەت بەو دیاردانەی قسەیان لەسەردەکات.  لێرەوە «نەسیحەت» دەبێت بە ستراتیژییەتی مانەوە و بەردەوام بوونی ئەو بونیادە، نەسیحەت لە سەرەتاییترین و باوكانەترین و لاهوتیانەترین و ئایدۆلۆژیانەترین شێوەیدا.

 

لە زنجیرە نووسینێکی دیکەدا بەناوی «کۆمیدیای سەلەفیەت»ەوە جارێکی دیکە بۆ کۆمەڵێک دید و چەمکی فوکۆ دەگەرێمەوە بۆ قسەکردن لەسەر دۆخی گفتوگۆ و بەرهەمهێنانی مەعریفیی لە دونیای ئێمەدا. یەکێک لە تێزە سەرەکییەکان لەو زنجیرە نووسینەدا باسکردنی لەدایکنەبوون و عیابی «عەقلانیەت»ە، وەک «وەڵامی عەقڵ بۆ دونیا»، وتارەکە لەوەئەدوێت کە عەقڵانیەت نەیتوانیوە «لەدایکبوونی ئەبستیمانەی خۆی لە دایك ببێت»، «واتە ئەقڵانیەت لای ئێمە نەیتوانیووە جێ بەو بونیادە غەیبیە  لێژبكات كە بە درێژایی مێژووی فیكری و رۆشنبیریمان بە باڵادەستی ماوەتەوە و چارەنووسێكی ناچیزیشی بەسەر بونیادی كۆمەڵایەتی و رۆشنبیریماندا سەپاندووە.» ئەم بونیادە غەیبییە بووە، کە وەک ئەبستیم کاردەکات، نەیهێشتووە عەقڵانیەت، «بەمانای وەگەڕخستنی ئەقڵ لەناو پانتاییە جۆربەجۆرەكانا، بۆ بەرهەمهێنانی مەعریفەیەك كە بتوانێ وەڵامی ئەقڵی ئێمە بێ بۆ دنیا و دەوروبەر، لە دایك ببێت.»

 

لە درێژی ئەو تێزەدا دەنووسم: « تەنانەت لەدوای نووشستیە گەورەكانیشەوە ئەقڵی ئێمە نەیتوانیووە هەڵوێستێكی مەعریفی لەبەردەم دەرەنجامەکاندا بكات و لە میكانیزم و هۆكاری ئەو نووشستیانە بگات.» بۆ نموونە دەنووسم «كە (روانگە) كوژاوەتەوە ئەقڵی ئەدەبیمان نەیتوانیوە تێۆریزەی كوژاندنەوەی ئەو بزوتنەوە ئەدەبیە گرنگە بكات،  كە (ئەمارەتی بابان) رووخاوە ئەقڵی سیاسیمان نەیتوانیووە تیۆریزەی ئەو روخانە ترسناكە بكات. كە (گرانیە گەورەكان) وڵاتیان گرتۆتەوە، ئەقڵی ئابوریمان نەیتوانیوە تیۆرێزەی هۆكارو دەرئەنجامەكانی (گرانی) بكات. كە پەیوەندیەكانی ناو خێزان پاتریاركێتیان بە درێژایی چەندان سەدە بە سەروەری هێشتۆتە، ئەقڵی سۆسیولۆژیمان نەیتوانیوە تیۆریزەی ئەو رۆحیانەتە باوكانە بكات.».  «واتە ئەقڵی ئێمە نەیتوانیووە بەدیوی ناوەوەی ئیشكردنە فیكریەكانی خۆیدا بچێتەوە و میكانیزمەكانی ئاشكرابكات، وەكچۆن نەیتوانیوە دیوی دەرەوەی ئەو ئەقڵانیەتە، واتە هۆكارە ئابوری و كۆمەڵایەتی و مێژوویەكان، بە دروستی لێكبداتەوە. ئالێرەوەیە لەدایكبوونی ئەقڵانیەتمان -ئەگەر بمانەوێ بە جدی بیر لە بوونی خۆمان بكەینەوە- مەرجی هەموو  لە دایكبوونەكانی ئایندەمانە.»

 

لە بەشی دووهەمی ئەم نووسینەدا باس لە دیوەکانی تری فیکری فوکۆ لە دونیای خۆماندا دەکەم. 

 

null

"سوپای نیشتیمانیی" بەبێ نیشتیمان خۆی

null

سەبارەت بە بازگە

ئەمانەش ببینە

زیاتر ببینە
null

ته‌سلیمبوون به‌ خراپه‌كاران

null

چی چاوەرێ لە کوردانی سوریا بکەین؟ 

null

پرۆسەی ئاشتیی: ڕێکەوتن یان تەسلیمبوون؟

null

چۆن بیر لە شار بکەینەوە؟