لە قوتابخانەیەکی دواناوەندییەوە بۆ هەموو فرەنسا
بڵاوکراوەتەوە لە : 18 تشرینی یەکەم 2026
قەبارەی دەقەکان
قەبارەی دەقەکان
بڵاوکراوەتەوە لە : 18 تشرینی یەکەم 2026
قەبارەی دەقەکان
قەبارەی دەقەکان
مەریوان وریا قانع یەكشەممان تایبەت بە (درەو) دەینوسێت
فەرەنسا جارێکی تر لەبەردەم شەپۆلێکی تازەی ناڕەزاییدەربڕیندایە، تیایدا دەولەت و بەشەکی کۆمەڵگاکە بەیەکدادەدەن و توندوتیژیی و گرتن و تالانکردن و روخاندن بووە بە بەشێک لەو دۆخەی هاتۆتەکایەوە.
نارەزاییدەربڕینەکانی ئەمجارەی ئەو وڵاتە لە قوتابخانەیەکی دواناوەندییەوە لە دەرەوەی پاریس دەستیپێکرد، بەڵام دواتر گەشەیکرد و ژمارەیەکی گەورە لە دواناوەندییەکانی وڵاتەکە و یەکێتییەکانی مامۆستایانی گرتەوە. لە ئێستاشد گەشەیەکی بەرفراوانی کردوە و چەندەها شار و ناوچەی جیاوازی فەرەنسای گرتۆتەوە. لە هەنگاوی یەکەمدا خوێندکاری زانکۆکان و هەندێک لە مامۆستاکانی زانکۆ چوونە پاڵ بزوتنەوەکە، دواتر جوتیاران و شۆفێری تاکسیەکان و پەرستاران و ئاگرکوژێنەوەکان و گروپی «هێلەکە زەردەکان»یش. لە ئێستاشدا هەندێک لە هێز و پارتە چەپەکان و ژمارەیەک لە پەرلەمانتار و چالاکەوانانی بواری ژینگە و هەندێک گروپی توندڕەوی توندوتیژ و کەسانی ئاژاوەگێڕیش.
یەکەمجار لە ١٧ی ئەیلولی ئەمساڵدا خوێندکارانی دواناوەندیی یەکێک لە گەڕەکە پەراوێزخراوەکانی دەرەوەی پاریس، بڕیاریاندا دەرگای چوونە ژوورەوەی قوتابخانەکەیان دابخەن، وەک نارەزاییەک بەرامبەر بە دۆخی قوتابخانەیەکەیان نارەزایی خوێندکارەکان پەیوەست بوو بە زیاد لە مەسەلەیەکەوە کە پەیوەندیی بە قوتابخانە و خوێندنەکەیانەوە هەبوو، لەوانەش بۆ نموونە: کەمیی و نوقسانیی مامۆستا، قەرەباڵغی پۆلەکان، خراپی بینای قوتابخانەکە، بەسەربردنی کاتێکی هێجگار درێژ لە قوتابخانەکەدا، نەبوونی هاریکاریی دەوڵەتیی، نادڵنیاییان سەبارەت بە وەرگرتنیان لە زانکۆ، ئینجا خراپی کەش و هەوای ناو پۆلەکان و بەرزی پلەی گەرما لە هاویندا و نزمیی لە زستاندا تا ئاستی بەستن، هتد.. قوتابیەکان لەم نارەزایەتییدەربڕینەدا تەنها نەبوون، ئەوان لەلایەن مامۆستاکانیانەوە پشتگیریان لێکرا.
ئەم نارەزایەتیانەی فەرەنسا هیچ پاڵنەرێکی سیاسیی و خواستێکی ئایدیۆلۆژییان لەپشتەوە نییە
ئاشکرایە ئەم نارەزایەتییانە هیچ پاڵنەرێکی سیاسیی و خواستێکی ئایدیۆلۆژییان لەپشتەوە نییە، نە هیچ هێزێکی دینیی و نە هیچ هێزێکی سیاسیی دەستی لە دروستبوونیاندا نییە، بەڵام بە حوکمی ئەوەی زۆرینەی ئەو خوێندکارانە لە گەڕەکە نادەوڵەمەندەکانەوە هاتبوون سەر بە خێزانە کەمدەرامەتەکانن، هاوکات زۆرینەی ئەو کێشانەی خوێندکارەکان ڕووبەروویان دەبنەوە، لە قوتابخانەکانی ئەو گەڕەکانەدا هەن کە لە ڕووی ئابووری کۆمەڵایەتییەوە لاواز و نەدارن. ئەمە وایکردوە نارەزاییەتییەکەیان هەڵگری رەهەندێکی کۆمەڵایەتیی و چینایەتیی روون و گرنگ بن.
کێشەکە ئەوکاتە گەورە بوو ئەم نارەزاییدەربڕینە لەماوەی چەند هەفتەیەکدا لە نارەزایەتیی خوێندکارانی دواناوەندییەکەوە، سەرەتا پەرییەوە بۆ قوتابخانەکانی تر و خوێندکاران و کەسوکار و سەندیکای مامۆستایان دایانەپال نارەزاییدەربڕینەوە، دواتر پەڕییەوە بۆ زانکۆکان و ناوەندەکانی تری خوێندن و لە ئێستاشدا بووە بە بزوتنەوەیەکی کۆمەلایەتیی بەرفراوان بەشێکی گەورەی فەرەنسای گرتۆتەوە.
خاڵی سەرەکیی لەم خۆپیشاندانە سەرتاسەریانەدا، نارەزاییدەربڕینە بەرامبەر بە بەرزبوونەوەی نرخی پێداویستییە سەرەتاییەکان، دابەزینی
توانای کڕینی شتومەکە سەرەکییەکان، لاوازبوونی پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان لەلایەن دەوڵەتەوە، بەرزبوونەوەی نرخی خانوبەرە، بێمتمانەیی بەرامبەر بە حکومەت.
دوێنێ، ١٧-١٠-٢٠٢٦، نیزکەی نیو ملیۆن خۆپیشاندەر لە زیاد لە شارێکی فەرەنسادا بۆ نارەزایی دەربڕین بەرامبەر بە بەرزبوونەوەی نرخی شتومەک و زەحمەتبوونی دابینکردنی لانی هەرەکەمی ژیانێکی ماقوڵ، لەسەر شەقامەکان، بوون. زۆرێک لە خەڵکانی فەرەنسا تەواو ناڕازین لە بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی و دروستبوونی گرانیی و سیاسەتەکانی حکومەت بە گشتیی. زۆرینەی ڕەهای خۆپیشاندەرانیش کەسانی دیموکراس و ئاشتیخوازن. بەڵام لەناو خۆپیشاندانەکاندا، جەند گروپێک سەریان هەڵداوە، کە فێرەشێوێن و تێکدەرن، خەریکی ئاگرکردنەوە و سووتاندن و تاڵانکردن و ڕووبەڕووبوونەوەن لەگەڵ پۆلیسدا.
لە رووی مێژووییەوە فەرەنسا وڵاتی نارەزاییدەربڕین و چوونە سەرشەقام و تەحەمولنەکردنی فشارەکانی دەوڵەت و فشارە ئابورییەکانە. ساڵی ٢٠١٨ و ٢٠١٩ گروپی «هێلەکە زەردەکان» بە وێنەی ئەمرۆ لەسەر شەقامەکان بوون و دژ بە بەرزبوونەوەی نرخی شتومەک بەگشتیی و بەرزبوونەوەی نرخی سوتەمەنیی بەتایبەتیی. لەو ساڵانەدا گروپی «هێلەکە زەردەکان» پێشڕەوی نارەزایی دەربڕینەکانیان دەکرد. نارەزاییەتییەکانیش بە خێرایی پەرینەوە بۆ بەلجیکا و هۆلەندا. ئەودەمیش نارەزاییدەربڕینەکان دژ بە بەرزبوونەوەی نرخی سوتەمەنی دەستیپێکرد، بەڵامم لەگەشەی خۆیدا بوو بە بزوتنەوەیەکی بەرفراوان کە بەشە هەژار و کەمدەرامەت و پەراوێزخراوەکەی ئەو وڵاتانە تیایاندا بەشداربوون.
لە ئێستادا خۆپیشاندانەکان رەهەندێکی سیاسیی گرنگی گرتۆتەخۆی، پارتە جەپەکان، لەناویاندا پارتی «فەرەنسای تەسلیم نەبوو» LFI و پارتی سۆشیالیست، و هەندێک پەرلەمانتار، چوونەتە پاڵ خۆپیشاندانەکان و هێزە راسترەوەکانیش دژایەتیی دەکەن. خودی دروستبوونی ئەم شەپۆلە لە ناڕەزاییدەربڕینیش بە کاری هێزە چەپەکان دەزانن و زیاد لە دەنگێکیش داوای یاساغکردنی پارتی LFI دەکەن. بە مانایەک لە ماناکان فەرەنسا لەناوەوە دابەشبووە. بەشێکیان پالپشتی خۆپیشاندان و نارەزاییدەربڕینەکان دەکەن، ئەمانە زۆرینەیان بزوتنەوە چەپەکانن. بەرەی دووهەمیان ئەو بەشەی فەرەنسایە کە پارتە ڕاسترەوەکان نوێنەرایەتیان دەکەن، ئەمانە دژ بە خۆپیشاندنەکانن و داوای راگرتن و کۆتاییپێهێنانی دەکەن.
خۆپیشاندانەکانی پاریس لە خواستی کۆمەڵایەتیی و ویستی دابینکردنی لانیکەمی خۆشگوزەرانییەوە، سەرچاوەی گرتوە
بە کورتییەکەی خۆپیشاندانەکانی پاریس لە خواستی کۆمەڵایەتیی و ویستی دابینکردنی لانیکەمی خۆشگوزەرانییەوە، سەرچاوەی گرتوە. ناڕەزایەتییە سەرەتاییەکان لە ناوچە بێبەشەکانی دەوروبەری پاریسەوە دەستیپێکرد. بەڵام ئەوەی ئێستا لسەر شەقامە زۆرینەی ئەو بەشەی کۆمەڵگای فەرەنسییە کە لەژێر فشاری ئابوریی ئەم دۆخەی ئێستای جیهاندایە، ئەمانەش هەموویان کۆچبەر نین، گەرچی کۆچبەران بەشێکی گەورەن لەناویدا. داخوازییەکانیشیان دژ بە سیاسەتی نیولیبرالیزم و پاشەکسەی دەوڵەتە لە پێشکەشکردنی هاریکاریی و خزمەتگوزارییە سەرەکیی و بنەڕەتییەکان.
لە ئێستادا هەم حکومەتی فەرەنسا و هەم هێزە سیاسییە ڕاستڕەوەکانی ئەو وڵاتە، بە سەختی پێ لەسەر پەیوەندی نێوان کۆچبەران و ئیسلام و توندوتیژیی ناو خۆپیشاندانەککان، دادەگرن. هاوکات دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکاش لە ماوەی ڕابردوودا بەڕاشکاوی ناڕەزایەتییەکانی فەرەنسای بە دوو شتەوە گرێدا: یەکەمیان کۆچی بەکۆمەڵ و دووهەمیش بە ئیسلامەوە وەک دینێک کە پشتگیریی توندوتیژیی دەکات. بەمەش هەم حکومەتی فەرەنسیی و هەم هێزە ڕاستڕەوەکان بە سەرۆکایەتی ترەمپ، خۆیان لە هۆکارە راستەقینەکانی چوونە سەر شەقامی سەدان هەزار مرۆڤی ئەو وڵاتە دەدزنەوە. هەردووکیان لەباتی وەڵaمدانەوەی خواستی راستەقینەی خۆپیشاندەران و گۆڕینی سیاسەتەکانی دەوڵەت، کۆچبەران و ئیسلام وەک دین تۆمەتباردەکەن. بەمەش هەم خۆیان و هەم دەولەت و هەم کۆمەڵگای فەرەنسیی بە هەڵەدا دەبەن. بێگومان هەندێک کۆچبەری ڕادیکاڵ و هەندێک موسڵمانی جیهادیی دەشێت بەشێکبن لەو رووبەرە گەورەیەی توندوتیژیی، بەلام ئەم رووبەرە هەم بە تەنها ئەوانی تێدانین، هەم هەموو موسڵمان و کۆچبەرێک بەشێکنین لەو رووبەرە.