یادی سەد ساڵەی لەدایکبوونی میشێل فوکۆ: لە مەعریفەوە بۆ دەسەڵات
بڵاوکراوەتەوە لە : 11 تشرینی یەکەم 2026
قەبارەی دەقەکان
قەبارەی دەقەکان
بڵاوکراوەتەوە لە : 11 تشرینی یەکەم 2026
قەبارەی دەقەکان
قەبارەی دەقەکان
مەریوان وریا قانع یەكشەممان تایبەت بە (درەو) دەینوسێت
(بەشی دووهەم و کۆتایی)
لە بەشی یەکەمی ئەم نووسینەدا لەو خاڵە دوام کە ئەو فوکۆیەی لە ساڵانی هەشتادا لەناو رۆشنبیریی عەرەبییدا ئامادەبوو، فوکۆی قۆناغی ئارکیۆلۆژیا بوو. ئەو فوکۆیە بوو کە گرنگیی بە شیکردنەوەی سیستمە مەعریفییەکان و بە لەدایکبوونی زانستەکان و بە ناسینی ئەبستیمەکان، دەدا. رۆشنبیریی عەرەبیی گیری بەدەستی کەلەپورێکی مێژوویی دینیی دێرینەوە خواردوە، کە ئیسلام بەشە هەرە گەورەیەکیتی. قۆناغی ئارکیۆلۆژیای فوکۆیی هاریکاری خوێندنەوە و تێگەیشتن و راڤەکردنی ئەم کەلەپورە دێرینە بوو. بەکارهێنانی چەمک و دەسکەوتە تیوریی و مەنهەجییەکانی ئەم قۆناغەی فیکری فوکۆ، بە مەبەستی دۆزینەوەی ئەو ئەو ژێرخان و سیستمە مەعریفییانەبوو کە درێژەی بە ژیان و بەرهەمهەنانەوە و باڵادەستیی ئەم کەلەپورە، دەبەخشی.
وتارێکی دیکەی من کە سەر بەم قۆناغەی فیکری فوکۆیە و لە ساڵی ١٩٩١دا لە رۆژنامەی هاوکاری دا بڵاوبۆتەوە، وتاری «جوڵە و بونیاد»ە. لەو وتارەدا منیش کەلەپور وەک کۆسپ، کۆسپێکی ئەبستمۆلۆژیی مامەڵەدەکەم و باس لەوەدەکەم ترسناكی ئەم «كۆسپ»انە لەوەدایە كە ناهێڵن دەرك بە ماهیەتی «ساتەوەختی ئێستا» بكەین و پرسیار و تەحەدا و ئەگەرەكانی بناسین. هاوکات وەڵامێكی هەڵە بۆ گرفتە «ئێستایی»ەکان دەسەپێنن و هۆشیاری ئێستا تەواو نابینا دەکەن لە دۆزینەوەی وەڵامدا بۆ کێشەکان. وەک دوا دەرەنجامیش لەو ووتاەدا دەنووسم: «هێنانی كەلەپوور بۆ ئێستا لەزۆربەی كاتدا بۆ ئەوەیە پێمان بووترێت كە كێشەكانی ئێستا هەمان كێشەكانی ڕابوردوە و وە پرسیارەكانی ئێستاش هەمان پرسیارەكانی ڕابوردون. بەم كارەش ناچارمان دەكەن وا تێبگەین كە ئێستا نە پرسیاری تایبەتی خۆی هەیە و نە پێویستیشی بە گۆڕانی ئەو وەڵامانەیە كە پێشتر و بەر لە ئێستا بۆ ساتەوەختێكی دیكە دۆزراونەتەوە. ئەم هاتن و گواستنەوە هەڵەیە لە دواجاردا هەم بونیادێكی داخراو و هەم بونیادێكی تۆتالیتاریانە دروستدەكات. بونیادی داخراو بەو مانایەی كە ساتەوەختی ڕۆشنبیر و كۆمەڵایەتی و سیاسی ئێستا دەبێتە دوبارەكردنەوەی ساتەوەختەكانی ڕابوردو بەم دووبارەبونەوەیەشی بڕیاری داخرانی خۆی ئەدات لەبەردەم هەر گۆڕان و كردنەوەیەكدا بە ڕووی دنیاو دیاردەكانی ئێستادا.»
لە رۆژانی سەرەتای راپەرینیشدا کە گۆڤاری «ئازادی»مان دەکرد، من لەسەر هەمان هێلی بیرکردنەوە وتاری رۆشنبیریی کوردیی و سیستمی عیرفانی»م نووسی.
ئەو خاڵەی کە سەرجەمی نووسینەکانی منی لەو سەردەمەدا ئاراستەدەکرد ئەو دیدگا فوکۆییەیە کە بەرگریی لەوە دەکات هەر سەردەمێکی مێژوویی لەناو سیستمێکی مەعریفیی یان چەند سیستمێکی مەعریفیی تایبەت بە خۆیدا، دەژی. ئەم سیستمە مەعریفییانەش پێشوەخت دەستنیشانی ئەوەدەکەن، بتوانرێت چی بگوترێت و چی نەگوترێت، چی بناسرێت و چی نەناسرێت، چی وەک مانادار ببینرێت و چییش وەک بێمانا، هتد.. ئەوەیشی سەردەمە مەعریفییەکان بەیەکەوە گرێدەدات بەردەوامی نییە، بەڵکو دابران و جیابوونەوە یان ئەگەری دابڕان و جیابوونەوەیە. واتە ئەو شتەیە کە گاستۆن باشلار ناوی «دابڕانی ئەبستمۆلۆژیی» لێدەنێت. باشلار کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر فوکۆ هەبوو.
هاتنی راپەرین و تۆخبوونەوەی پرسیاری دەسەڵات.
دوای راپەرین و گەڕانەوەی پارتە کوردییەکان و ئەنجامدانی هەڵبژاردن و دروستکردنی یەکەمین حکومەتەی هەرێم و دروستبوونی شەرى ناوخۆ و پەلاماردانی حیزب بۆ سەرجەمی دەرکەوتەکانی ژیانی سیاسیی و ئابوریی و میدیایی و مەدەنیی، مەسەلەی دەسەڵات لە نووسیکەکانی مندا بوو بە مەسەلەی ژمارەیەک. شیکردنەوەی دەسەڵات و هەوڵدان بۆ تێگەیشتن لە میکانیزمەکانی کارکردنەکانی دەسەڵات، بوونە بابەتی سەرەکیی بیرکردنەوەی من و چەندان نووسەری تر. کارەکانی فوکۆ لەسەر دەسەڵات هاریکارییەکی هێجگار گەورە و گرنگ بوون بۆ من بۆ تێگەیشتن لە سروستی ئەو دەسەڵاتانەی لە هەرێمەکەدا دروستبوون.
نووسینەکانی ئەم قۆناغە زۆرن، بۆ نموونە وتاری «شەری ناوخۆ: خێڵ، حیزب سیاسەت» لە ژمارە یەکەی گۆڤاری رەهەندا، یان وتاری «بۆ شەڕی ناخۆ بە شەری براکان ناودەبرێت؟»، یان وتاری «هاوکێشەکانی دەسەلات: سزا، کۆنترۆڵ، کاریزما»، یان وتاری «ئەنفال و مۆدێرنە: رووداوێک لە دوامانەوە یان ئەگەرێک لە پێشمانەوە؟»، هتد.. یەکدا. باسکردنی وردەکارییەکانی ئەم وتارانە لەسەر دەسەڵات دەکەوێتە دەرەوەی ئەم نووسینەوە. ئەوەی لێرەدا دەمەوێت کەمەکێک بە درێژیی لەسەری بوەستم، تێزی «سوڵتانیزمی سیاسیی»ە، کە تێزی سەرەکیی من و کاک ئاراس فەتاحە بۆ ناونانی ئەو سیستمی دەسەڵاتەی لە کوردستاندا سەروەرکراوە و بەستنەوەی ئەم تێزە لە نووسینەکانی مندا بە هەندێک دیدگای فوکۆوە لەسەر دەسەڵات.
بۆ ئەوانەی بە فیکری فوکۆ شارەزان، دەزانن فوکۆ سێ فۆرمی سەرەکیی دەسەڵاتگەرێتی لەیەکتری جیادەکاتەوە. یەکەمیان «دەسەڵاتی سەروەر»ە کە دەسەڵاتێکی بەر لە مۆدرنە و هێما بۆ دەسەڵاتی شەخسیی پادشا و ئەمیر و سەروەرەکان دەکات، جەوهەری ئەم دەسەڵاتەش ئازاردان و سزدانی جەستەیی و کوشتنە. دووهەمیان «دەسەڵاتی دیسپلینکەر»ە کە هێما بۆ دەسەڵاتێک دەکات لەباتی سزای جەستەیی، خەریکی دیسپلینکردنی مرۆڤ و بەرهەمهێنانی «مرۆڤی ئاسایی» و «لەرێ لانەدەر»ە لەناو دەزگا مۆدێرنەکانی دیسپلینکردندا. دەسەڵاتی سێهەم «دەسەڵاتی بایۆلۆژیی»، ی`ن «بیۆ دەسەڵات»ە، کە لەسەر دروستکردن و کۆنترۆڵکردنی «دانیشتوان» وەک گشتێک، کاردەکات.
لە نووسینەکانی مندا تێزەی سوڵتانیزمی سیاسیی، بەرهەمی تێکەڵبوونی «دەسەڵاتی سەروەر» و «دەسەڵاتی دیسپلینکەر»ە بەیەکتری. واتە بەرهەمی تەکنۆلۆژیای سزادان و تەکنۆلۆژیای دیسپلینکردنە بەیەکتری. بەم مانایە ئێمە لە دونیای ئەمرۆدا لەبەردەم سوڵتانێکداین کە بە عەقڵیەتی پادشا و حوکمران و سەروەرە کۆن و کلاسیییەکان کاربکات، بەڵکو لەبەردەم سوڵتانێکداین خاوەنی سەرجەمی تەکنیک و دەزگا و میکانیزمەکانی دیسپلین و کۆنترۆڵکردنیش. ئەمیە کە سوڵتانیزمی سیاسیی مۆدێرن لە سوڵتانیزمی سیاسیی سونەتەی جیادەکاتەوە.
فۆرمە جیاوازەکانی دەسەڵات لای فوکۆ، بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ بەرەو تێزەی سوڵتانیزمی سیاسیمان نابات، بەڵام لەوەدا هاریکارمان دەبن، کە تێگەیشتنمان بۆ سوڵتانیزم قووڵتر و هەمەلایەنتر بکەینەوە. خاڵی سەرەکیی لە سوڵتانیزمی سیاسیدا بریتییە لە «بەشەخسیکردن»ێکی بەرفراوانی دەسەڵات و گرێدانی حوکمڕانیی بە جەستەی سوڵتانەوە وەک تاکەکەسێک. ئەم سوڵتانە دەشێت ناوی جیاوازی لێبنرێت، لە سەرۆکێکی مێژووییەوە، بۆ سەرۆکێکی پێشڕەو و بێوێنە، بە تێپەڕین بەناو دەستەواژەکانی «رابەر» و «مەرجەع» و هەرشتێکی دیکەی لەو شێوەیەدا. دەسەڵاتی سوڵتانیی بەرادەیەک شەخسییە سەرجەمی دامەزراوە سیاسییەکان و یاساکان و بەهاکان لە بەردەمیدا لاواز و پەراوێزدەخرێن، یان بەتەواوی پەکدەخرێن. سەرجەمی هەڵقە سەرەکییەکانی دەسەڵات بە کەسایەتیی ئەوەوە گرێدەدرێن و سەرجەمی سیستمە سیاسییەکە خۆیشی، بە کۆی دەزگاکان و کەسەکانی ناویەوە، بە لاوازیی لەبەردەم ئەو سوڵتانەدا دەهێڵدرێنەوە. واتە سوڵتان دەبێت بە چەق و ناوەندی دەسەڵات. بە مانا فوکۆییەکەی ئێمە لەبەردەم مۆدێلی «دەسەلاتی سەروەر»داین، واتە دەسەڵاتی پادشا و ئەمیرێک. بەڵام لە سوڵتانیزمی سیاسیی مۆدێرندا، سوڵتان تەنها سوڵتانە سونەتییەکە نییە، چونکە ئەم سوڵتانە تازەیە سەرجەمی تەکنیکە مۆدێرنەکانی دیسپلین و کۆنترۆڵکردن و ترساندن و سزادانی لەبەردەستدایە. بە فۆرم و میکانیزمی جیاوازیش لەناو سەرجەمی ئەو دەزگایانەدا ئامادەیە،
بەم مانایە «بەشەخسیکردنی دەسەڵات» لە کەسی سوڵتان خۆیدا، مانای ئەوە نییە دەسەڵات تەنها لەسەرەوە و لەلایەن سوڵتانەوە پیادەدەکرێت، بەڵکو لە سوڵتانەوە بۆ حکومەت و وەزیرەکان، لەوانەوە بۆ ماشێن و دەزگاکانی ئاسایش، لەێشەوە بۆ ماشینی بیرۆکراسیی و بۆ حیزب و ئۆرگانەکانی و بۆ کەسە خاوەن نفوزە ناوچەییەکانی نزیک لە سەرۆکەوە، بۆ خێڵ و عەشیرەتەکان، هتد... هەموویان ئامادەن. بەڵام سوڵتان هێشتا وەک تاکەکەسێک سێنتەری کۆی دەسەڵاتەکانە.
بەم مانایە لە سوڵتانیزمی سیاسیدا حاکم خاڵی سەرەتا و خاڵی کۆتاییە، بەڵام دەسەڵات بۆیە دەتوانێت بمێنەتەوە، چونکە هەزاران هەزار کەس لەناو دەزگاکانی حوکمڕانییە سوڵتانیەکەدا، بە شێوەیەکی ڕۆژانە فۆرمی لۆکالىیەکانی ئەم دەسەڵاتە سوڵتانییە پیادەدەکەن و دەیگوازنەوە و بەرهەمیدەهێننەوە و دەیپارێزن.
بە مانا فوکۆییەکە سوڵتانیزم ڕەهەندێکی پەڕگیر و بەهێزی «دەسەڵاتی سەروەر»ە. سوڵتان دەتوانێت یاساکان، دامەزراوەکان و ڕێکارە بیرۆکراسییەکان تێکبدات و راستەوخۆ بیانخاتە ژێر دەسەڵاتی دەتێوەردانی خۆیەوە، زۆرجاریش دەستێوەردانێکی پێشبینینەکراو کە بە زەوق و خواست و سایکلۆژیای سوڵتانەوە گرێدراوە. سوڵتان دەتوانێت بۆ نموونە رۆژێک پەرلەمان دابخات، رۆژی دواتر بیکاتەوە، ئەمرۆ دۆستی ئەم هێزی سیاسیی سبەینێ بە خائین و ناپاکی بزانێت، رۆژێک بڕیاری سەربەخۆبوون بدات، دوو رۆژ دواتر پەشیمان ببێتەوە، هتد.. بە کورتییەکەی سوڵتانیزمی سیاسیی، باس لە بەشەخسیی و بەکەسیەتیکردنی دەسەڵاتی سیاسی دەکات لە ئاستی حوکمڕانییدا، هاوکات نیشانیشمانئەدات چۆن ئەو حوکمڕانییە لە ڕەگای دەزگا مۆدێرنەکانی دیسپلین و کۆنترلکردنەوە، تەرجەمەکراوە بۆ پراکتیکە ڕۆژانەییەکانی حوکمڕانییەکە لەناو کۆمەڵگاکەدا.
بۆیە پرسیارەکە تەنها ئەوە نییە کێ خاوەنی دەسەڵاتە، چونکە وەک ووتم دیارە ئەوەی بەشی زۆری دەسەلاتەکانی لەبەردەمدایە، خودی سوڵتانەکە خۆیەتی، بەڵکو پرسیارەکە ئەوەیە چۆن سوڵتانیزمی سیاسی پەیوەندییەکانی دەسەڵات بەرهەم دەهێنێت، چۆن دەینخاتەگەڕ و بەکام شێوە دەیانجوڵێنێت، چۆنیش بەردەوامیان پێئەدات و لە چ ڕێگایەکیشەوە، بەرهەمیان دەهێنێتەوە.
ئەوەی لەناو ئەم مۆدێلەداغائیبە، بەر لە هەمووشتێک چەمکی هاوڵاتییە، هاوڵاتیی بەمانا مۆدێرنەکەی، ئینجا جێگرتنەوەی ئەم چەمکەیە بە چەمکەکانی حیزب و خێڵ و بنەماڵە و ئینتیما و وەلائاتی تەواو بەرتەسک و سنووردار بۆ ئەو شتانە.
دواهەمین خاڵێک بمەوێت لێردا هێمایەکی خێرای پێبدەم، هێماکردنە بۆ قۆناغی سێهەمی فیکری فوکۆ، کە قۆناغی ئەخلاقە و تیایدا فوکۆ پێ لەسەر مەسەلەی بەرگریکردن و دروستکردن و داهێنانی کەسایەتییە بەشێوەیەکی سەربەخۆ و لە دەرەوەی فشارەکانی دەسەڵاتدا. کتێبی «ئەخلاق و بەرگریی: سەرەتایەک بۆ ناسینی کارەکانی میشێل فوکۆ»ی من، کە ساڵی ٢٠١٧ لە ئەندێشە چاپکراوە، بە پلەی یەکەم تەرخانە بۆ باسکردنی تێزە سەرەکییەکانی ئەم قۆناغەی فیری فوکۆ و چۆنیەتی پیادەکردنیان لە دونیای ئێمەدا. تێزەی «گۆڕینی ژیان بۆ کارێکی هونەریی»، تێزەی «پاریسیا» واتە بوونی بوێریی بۆ گوتنی هەقیقەت و نەترسان لە مەترسییەکانی ئەم هەقیقەتگۆییە، وێناکردنی فیکر وەک رەخنەکردنی ئێستاییبوون، و بەرگریی وەک کردەیەکی رۆژانە و هەمەلایەن، هتد...
یەکێک لەو وانانەی من لە فیکری فوکۆوە فێربووم خۆپاراستنە لە دەمەقاڵێ و جەدەلی سیاسیی رووت، دوورکەوتنەوە لە زمانی تاوان و بەخائین و ناپاککردن، کە لە رۆشنبیریی ئێمەدا رووبەرێکی گەورەی داگیرکردوە. لەباتی ئەمانە ئامێزکردنەوە بۆ دەرکەوتە جیاوازەکانی فیکرێکی رەخنەیی، کە لە ڕێگای شیکردنەوەی مێژوویی دیاردەکانەوە توانای دەرهێنانی کۆمەڵگای ئێمەی لەو تونێلە تاریکە هەبێت، کە خراوەتە ناوییەوە. رەخنە لێرەدا هەوڵدانێکی بێوەستانە بۆ کردنەوەی پەنجەرەیەک بەرەو ئایندەیەکی جیاواز، ئایندەیەک ئومێدی ئەوەی تیادا دروستببێت دونیایەکی باشتر و جوانتر و ئینسانیتر دروستبکات لەوەی لە ئێستادا دروستکراوە. خاڵێک کە فیکری فوکۆ بەرگرییەکی سەرسەختی لێدەکات ئەو راستییەیە ئەوەی لە «ئێستا»دا هەیە و دروستکراوە، دروستکراوێکی مێژووییە و بەرهەمی بڕیار و کردە و میکانیزمی تایبەتی ناو ئەو ساتەن، بۆیە بڕیار و کردە و میکانیزمی جیاواز دەتوانێت دونیایەکی جیاوازمان بۆ دروستبکات.