سندوقی نیشتمانی بۆ دیموکراسی پاڵپشتی دارایی درەو دەکات

null

لەیادی حسێن عارف دا

بڵاوکراوەتەوە لە : 1 تشرینی دووەم 2026

قەبارەی دەقەکان

قەبارەی دەقەکان

 

  مەریوان وریا قانع یەكشەممان تایبەت بە (درەو) دەینوسێت

دوێنێ. ٣١-١٠-٢٠٢٦، لە شاری ئوتریخت لە هۆڵەندا، یادکردنەوەیەک بۆ نووسەری گەورەمان مامۆستا حسێن عارف رێکخرا، ژمارەیەکی گەورە لە کوردانی سەر بە زیاد لەنەوەیەک ئامادەبوون. هەندێک لە ئمادەبووەکان تەنانەت لە وڵاتە دراوسێکانی هۆڵەنداوە هاتبوون. چەندان هونەرمەند و نووسەر و مۆسیقاژەنیش ئامادەی یادکردنەوەکە بوون. منیش یەکێک بووم لەوانەی لەو یادەدا بەشداربووم و هەندێک بۆچوونی تایبەتم لەسەر مامۆستا حسێن عارف وەک نووسەر و لەسەر ئەو نەوەیە دەربڕی، کە لەگەڵ کاک حسێن عارفدا لە سەرەتای ساڵانی هەفتاوە هەوڵێکی گەورە و بەردەوامیان دا بۆ تازەکردنەوەی ئەدەبیات و ڕۆشنبیریی ئێمە لە سەدەی بیستەمدا. 

 

ناسینی من بۆ ئەدەبی کاک حسێن عارف دەگەڕێتەوە بۆ کۆتایی ساڵانی هەفتا. یەکەمین تێکستێکی ئەو نووسەرە کە من خوێندبێتەوە چیرۆکی «چاڵی جەرگی پیرێ ژن» بوو کە لە ژمارە یەکی گۆڤاری ڕوانگەدا، بڵاوکرابووەوە. هاوکات لە هەمان ژمارەی ئەو گۆڤارەدا هەم بانگەوازەکەی روانگەم خوێندەوە و هەم ئەو لێكۆڵینەوەیەش کە کاک حسێن عارف بەناوی «چەند سەرنجێكی سەرەتایی دەربارەی كات و شوێن لە هونەری چیرۆك نووسیندا». 

 

دوای خوێندنەوەی بانگەوازەکەی روانگە و ئەو دوو نووسینەی کاک حسێن عارف و ئەو تێکستانەی تر کە لە هەمان ژمارەی گۆرڤاری «ڕوانگە»دا بڵاوکرابوونەوە، ئەو هەستەم تیادا دروستبوو کە من وەک خوێنەرێک لەبەردەم جۆرێکی تازە لە نووسین و ئەدەبیاتدام. لەبەردەم نەوەیەکی ئەدەبیی و رۆشنبیریی نوێدا، کە جیاوازن لەوانەی من پێشتر لە ئەدەبیاتی کوردیدا پێیان ئاشنا بووم. جیاواز لە نەوەی پیرەمێرد و قانع و بێکەس و جەمیل سائیب و تەنانەت گۆرانیش. ئەم نەوەیە بەر لە هەموو شتێک نەوەیەکی تازەگەربوو، پێیان لەسەر پێداویستیی تازەکردنەوەی زمان و ئەدەبیات و خەیاڵ و تێگەیشتنی ئێمە بۆ ڕۆشنبیریی بەگشتیی و بۆ ئەدەبیات، بە تایبەتی، دادەگرت.  تازەکردنەوەی ئەدەبیاتیشیان وەک هەنگاوی یەکەمی تازەکردنەوەی کۆمەڵگا و تازەکردنەوەی بیرکردنەوە و تازەکردنەوەی وەزەی گۆڕانکاریی ناو قۆناغە مێژووییەکەی خۆیان دەبینی. زمانی قسەکردنیان زمانێکی ئەدەبی تازەبوو کە هاوکات پڕبوو لە دەستەواژەی سیاسیی رادیکاڵی لەبابەتی «شۆرش» و «یاخیبوون» و «ووشەی شۆڕشگێر» و «راپەڕین لەناو ڕاپەڕین»دا... 

 

ئێستا دوای مەرگی مامۆستا حسێن و دوای تێپەڕینی ئەو هەموو ساڵانە بەسەر ئەزموونی بەرکەوتنی من وەک خوێنەرێک بەو تێکست و زمان و دونیابینیی و تێگەیشتنانەی ئەو نەوەیەی ئاراستە دەکرد دەکرێت پێ لەسەر ئەم چەند خاڵە گشتیی و سەرەکییانە دابگرم:

 

یەکەم: پاراستن و دەوڵەمەندکردنی ئەزموونی کوردبوون لە ڕێگای بەرهەمهێنانی شوناسێکی ئەدەبی تازەوە، کە تیایدا کوردبوون وەک جۆرێک لە ئامادەگیی دەستەجەمعی مرۆڤی ئێمە لەناو جیهاندا، بە توندیی بە یاخیبوونەوە گرێئەدرێت. قبووڵنەکردنی جیهان بەو شێوەیەی کە ئەوان کەوتونەتەوە ناوییەوە، جیهانێک ئەوان لەناویدا بە قوربانیی و بە پەراوێز و بێدەنگ و بێزمان و بێئایندە کرابن. ئەم رەفزە هەمەلایەنە ئەم نەوەیە والێدەکات لە یەککاتدا هەم لەناو تێکستەکانیاندا بژین و هەم لە دەرەوەیاندا، پێیەکیان لەناو ئەدەبیات و پێیەکەی دیکەیان لەناو سیاسەتدا بێت، سیاسەت وەک یەکێک لە چالاکییە سەرەکییەکانی دەسکاریکردن و گۆڕینی جیهان.

 

دووهەم: گۆڕینی ئەدەبیات بۆ ئەدەبیاتێکی بەرگریکار و رەفزکەری چەندەها شت  لەیەککاتدا و بەیەکەوە: لە رەفزکردنی ئەو زمانە سونەتییەوە کە ئەدەبیاتی پێدەنووسرا بۆ رەفزکردنی ئەو جیهانە نادۆست و دوژمنکارەی کوردبوونی ئەوانی لەناودا جێگیر و سنووردار و پەلاماردراو کردبوو. ئەم دۆخە وادەکات تێمای شۆڕش وەک بەرەنگاربوونەوەیەکی رەفزکەر، ببێت بە یەکێک لە تێما سەرەکییەکانی ئەم نەوەیە. ئەدەب خۆیشی وەک یەکێک لە سەرچاوە زیندووەکانی بەرپاکردن و بەردەوامیدان بە وزەی رەفزکردنێکی هەمەلایەن و بە شۆرش وەک کردەیەکی مێژوویی پێویست و بە خەونی دروستکردنی جیهانێکی تەواو تازە و ئینسانیی. 

 

سێهەم: گرێدانێکی بونیادیی و ئۆرگانی و هەمەلایەنی نووسەربوون بە ئینتیما بۆ کۆمەڵگا و نەتەوە و نیشتیمانەوە، بەڵام هاوکات دروستکردنی دووریەک، دووریەکی رێژەیی، چەندە بچووکیش بێت، لەنێوان ئەو ئینتیما سەرەکییە و لەنێوان داهێنان خۆیدا وەک کردەیەکی تاکەکەسییانەی سەربەخۆ. ئەم نەوەیە راستە نەوەیەکی یاخیبوون، بەڵام هەریەکێکیان بەشێوەی تایبەتی خۆی یاخیبوو. یاخیبوون تێکستی جیاواز و زمانی جیاواز و دیدگای جیاوازیی دروستکردبوو. هاوکات ئەدەبیاتی ئەم نەوەیە درێژەدانە بە یەکێک لەو هێڵە سەرەکییانەی ناو ئەدەبیاتی ئێمە کە لە حاجی قادری کۆییەوە دروستدەبێت تا سەر روانگە بەردەوامە: هێڵی دروستکردنی نەتەوە و نیشتیمان، نەتەوە و نیشتیمانێکی ئازادە، لەناو ئەدەبیاتدا، کە بەسەریەکەوە مرۆڤێکی ئازاد بەرهەمدەهێنن. ئینتیما لای ئەم نەوەیە ئینتیمایە بۆ ئەم هێڵە سەرەکییەکەی ناو ئەدەبیاتی ئێمە. ئەدەب وەک شوێنی دروستکردن و پاراستنی نەتەوە و نیشتیمان لە کاتێکدا هەردووکیان، لەناو مێژووی سەختی سەدەی بیستەمدا، لەژێر هەڕەشەی بەردەوام و پیلانی سڕینەوەدان. 

 

چوارهەم:  گرێدانێکی راستەوخۆی نووسین بەگشتیی و ئەدەبیات بە تایبەتیی، بە مەسەلەی هەستکردن بە بەرپرسیارێتییەوە. ئەم بەرپرسیاریەتییەش لە یەککاتدا بەرپرسیاربوونە بەرامبەر بە چەندان تێمای گەورە، لەوانە: 

بەرپرسیارێتی بەرامبەر بە کوردبوون وەک فۆرمێکی تایبەتی مرۆڤبوون لە جیهاندا، بەرپرسیاربوون بەرامبەر بە فراوانکردنی رووکارە داهێنەر و ئیسنانیی و کراوەکانی کوردبوون و کەمکردنەوەی رووبەرە نێگەتیڤ و تاریک و داخراوەکانی. 

هاوکات بەرپرسیاربوون بەرامبەر خودی نووسین خۆی و وێناکردنی وەک کردەیەکی تاکەکەسیی بەرپرسیار، کە دەشێت دەرەنجامی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و تاکەکەسیی هەمەجۆر و بەرفراوانی لێبکەوێتەوە. 

پێنجەم: ئەم بەرپرسیاربوونەیە لای ئەم نەوەیە تا ئەو شوێنە دەڕوات کە نووسین و مەترسیی، نووسین مەرگ، نووسین و گرتن و راونان و زیندانکردن، بەیەکەوە گرێبدەن. بەمەش کردەی نووسین لای ئەم نەوەیە خۆی هەر لە سەرەتاوە وەک جۆرێک لە تەحەداکردن دێتەکایەوە. تەحەدایەک کە خاڵی سەرەتای خودی نووسین خۆیەتی، خاڵی کۆتایی مەرگ بێت. 

بە کورتییەکەی ئێمە لەگەڵ کاک حسێن عارف و ئەو نەوە ئەدەبیەی لە ساڵانی هەفتادا خەریکی تازەکردنەوەی ئەدەبیاتی ئێمەن دەکەوینە ناو جیهانێکی تەواو تازەوە، جیهانێک پر لە مژدە و ئەگەر و ئاسۆی تازە، بەڵام هاوکات پڕ لە مەترسیی هەمەجۆر و گەورە.  لەناو بەشەکی گەورەی تێکستەکانی ئەم نەوەیە لەو ساڵانەدا ئەم دوو دیوە ناکۆکە بەیەکەوە ئامادەن و بەیەکەوە کاردەکەن. چ تێکستەکانی مامۆستا حسێن عارف خۆی و چ ژیانی شەخسیشی لەو ساڵانەدا نموونەی تێکەڵبوونێکی هەمەلایەنی ئەم دوو دیوە ناکۆکەیە بەیەکتری. 

null

مۆدێلی فەرەنسیی: لە بەردەم قەیرانێکی گەورەدا

null

لە قوتابخانەیەکی دواناوەندییەوە بۆ هەموو فرەنسا

ئەمانەش ببینە

زیاتر ببینە
null

یادی سەد ساڵەی لەدایکبوونی میشێل فوکۆ: لە مەعریفەوە بۆ دەسەڵات

null

یادی سەد ساڵەی لەدایکبوونی میشێل فوکۆ

null

"سوپای نیشتیمانیی" بەبێ نیشتیمان خۆی

null

سەبارەت بە بازگە