Draw Media

كابینەی سێیەم و چوارەم..

كابینەی سێیەم و چوارەم..

2025-03-07 19:05:27



 
راپۆرت: درەو
شەڕو دابەشبوونی حكومەت
كابینەی دووەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە كابینەی یەكگرتووی پارتی و یەكێتیی بوو، سەرباری شەڕی ناوخۆ (بەهاری 1994 بۆ 1998)، هەر وەكو خۆی مایەوە، 31ی ئابی 1996 شەڕی پارتی و یەكێتیی پەرەسەندنێكی گەورەی بەخۆوە بینی، پارتی دیموكراتی كوردستان لە چوارچێوەی رێككەوتنێكدا لەگەڵ سەددام حسێن، سوپای عێراقی راكێشایە ناو شەڕەكەو بەپشتیوانی ئەوان یەكێتیی لە شاری هەولێری پایتەخت دەرپەڕاندو لەمەش زیاتر كۆنترۆڵی هەموو سنوری ئیداریی هەرێمی كردو یەكێتیی لە سنوری ئێران خۆی گرتەوە، ئیتر لێرەوە دابەشبوونە گەورەكە روویداو شتێك بەناوی حكومەتی یەكگرتووی كوردستان نەمایەوە، بەتایبەتیش كە بارەگای سەرەكی پەرلەمان و حكومەت لە شاری هەولێردا بوون، بەمجۆرە تەمەنی كابینەی دووەمی حكومەت كە (كۆسرەت رەسوڵ) سەرۆكایەتیی دەكرد تا كۆتاییەكانی 1996 بڕی كردو هەڵوەشایەوە.
لەدوای هەڵوەشانەوەی كابینەی یەكگرتووی حكومەتی هەرێم لە كۆتاییەكانی 1996دا تاوەكو یەكگرتنەوەی هەردوو كابینەی حكومەتی پارتی و یەكێتیی لە 2006دا، دوو كابینەی حكومەت لە هەولێرو دوو كابینەش لە سلێمانی دروستكراون، بەمشێوەیە:
•    كابینەی سێیەمی حكومەتی هەرێم/ پارتی لە هەولێر بە سەرۆكایەتی (د. رۆژ نوری شاوەیس)، لە 26ی ئەیلولی 1996دا دامەزرا
•    كابینەی چوارەمی حكومەتی هەرێم/ پارتی لە هەولێر بە سەرۆكایەتی (نێچیرڤان ئیدریس بارزانی)، لە 20ی كانونی یەكەمی 1999دا دامەزرا
•    كابینەی سێیەمی حكومەتی هەرێم/ یەكێتیی لە سلێمانی بە سەرۆكایەتی (كۆسرەت رەسوڵ)، لە كۆتاییەكانی 1996دا دامەزرا
•    كابینەی چوارەمی حكومەتی هەرێم/ یەكێتیی لە سلێمانی بە سەرۆكایەتی (د. بەرهەم ئەحمەد ساڵح) لە 20ی كانونی دووەمی 2001 دامەزراو لە 4ی تەموزی 2004و دوای كەوتنی رژێمی سەددام، (عومەر فەتاح) سەرۆكایەتیی كابینەكەی وەرگرت تا یەكخستنەوەی هەردوو حكومەتی پارتی و یەكێتیی لە 2006دا.

كابینەی سێی پارتی لە هەولێر
نزیكەی یەك مانگ دوای دەركردنی یەكێتیی لە هەولێر (لە رووداوەكانی 31ی ئابی 1996)، پارتی سەرۆكایەتی هەوڵی كاراكردنەوەی پەرلەمانی كوردستانی كردو پەرلەمان لە یەكەم هەنگاودا تەمەنی خۆی بۆ ماوەی (2 ساڵ) درێژكردەوە.
بارزانی لە یادوەرییەكانی خۆیدا دەڵێ:
(لە كۆبوونەوەكەدا زۆربەی ئەندامانی لیستی سەوزیش ئامادەبوون. تەنانەت جێگری سەرۆكی پەرلەمان، نەژاد عەزیز، ئامادەی دانیشتنی پەرلەمان بوو).
دوای كاراكردنەوەی پەرلەمان، پارتی كابینەی سێیەمی حكومەتی دروستكرد، بارزانی ئەم كابینەیەی ناو لێناوە "بنكە فراوان"، بەڵام كابینەكە تەنیا حزبی شیوعی و بزوتنەوەی ئاشوری و كاری سەربەخۆ بەشدارییان تێدا كرد، ئەم كابینەیە كە (د. رۆژ نوری شاوەیس) سەرۆكایەتیی دەكرد، لە 26ی ئەیلولی 1996 تاوەكو 19ی كانونی یەكەمی 1999 بەردەوام بوو.
دەبێت ئەوەش بوترێت كە لەم كابینەیەدا، سەرەتا بزوتنەوەی ئیسلامی بەشداری كردو (محەمەد بازیانی) لە پشكی بزوتنەوە پۆستی وەزیری (كستوكاڵ)ی وەرگرت، بەڵام دوای گەڕانەوەی یەكێتیی و (رێككەوتنی 30ی نیسانی 1997ی تاران)ی نێوان بزوتنەوەی ئیسلامی و یەكێتیی، بزوتنەوە لە حكومەتی پارتی لە هەولێر كشایەوەو بەشداری لە حكومەتەكەی یەكێتیدا كرد لە سلێمانی. یەكەم شەڕی ناوخۆیی دوای راپەڕین و پێكهێنانی كابینەی یەكەمی حكومەت، لە رۆژی 20ی كانونی یەكەمی 1993دا لەنێوان هێزەكانی بزوتنەوەی ئیسلامی و یەكێتیی نیشتمانیدا روویدا، یەكێتیی لەم شەڕەدا بەسەر بزوتنەوەدا سەركەوت، رابەری گشتیی بزوتنەوەی دەستگیركرد، دوای رادەستی بارزانی كرد، لەم شەڕەدا بەشێك لە چەكدارو لایەنگرانی بزوتنەوە چونە پاڵ پارتی بەمەبەستی پاراستنی ژیانی خۆیان، لێرەوە ئیتر جۆرێ لە پەیوەندی نزیكایەتی لەنێوان پارتی و بزوتنەوە دروستبوو، لە رۆژانی شەڕی ناوخۆیی نێوان پارتی و یەكێتییدا، پارتی و بزوتنەوە پێكەوە لە هەڵەبجەدا بوون، ئەم ناكۆكییە بەردەوام بوو، بەر لە رێككەوتنی تاران، هەردوولا جارێكی ترو لە نیسانی 1997دا گەڕێكی تری شەڕ لەنێوان هەردوولا لە سنوری هەڵەبجە روویدا.
بارزانی لە یادوەرییەكانی خۆیدا لەبارەی رێككەوتنەكەی تارانی نێوان یەكێتیی و بزوتنەوە دەڵێ:
(خاڵێكی رێككەوتنی مام جەلال و مەلا عەلی عەبدولعەزیز لە تاران، بەشداریكردنی بزوتنەوەی ئیسلامی بوو لە حكومەتە ناشەرعییەكەی یەكێتیدا لە سلێمانی. سەركردایەتی بزوتنەوە لە هەولێر ناڕەزایەتییان لەسەر ئەم رێككەوتنە نیشاندا، سێ ئەندامی سەركردایەتییان سەردانیان كردم و بڕیارەكەیان پێ راگەیاندم، ئەوانە لە دانیشتنەكەدا بەناوی زۆرینەی سەركردایەتییەوە قسەیان كرد).
ئەمە دەریدەخات، شەڕی ناوخۆیی پارتی و یەكێتیی حزبەكانی تریشی بەسەر دوو بەرەی جیاوازدا دابەشكردووە، بەرەیەك لەگەڵ یەكێتیی و بەرەیەك لەگەڵ پارتی.
پێكهاتەی كابینەی سێیەمی حكومەتی پارتی لە هەولێر
 

رۆژی 11ی تشرینی یەكەمی 1996 یەكێتیی خۆی رێكخستنەوەو بە پشتیوانی تۆپخانەكانی ئێران (تاڵەبانی لە بیرەوەرییەكانی خۆیدا بەڕوونی باسی لە هاوكارییەكانی ئێران كردووە) هێرشی دەستپێكرد بۆ كۆنترۆڵكردنەوەی ئەو ناوچانەی لە رووداوەكانی 31ی ئابدا لەدەستی دابوو، ئەم شەڕە تاوەكو تشرینی یەكەمی 1997 درێژەی كێشا، یەكێتیی هەوڵی دەدات شاری هەولێر بگرێتەوە، دەستوەردانی حكومەتی سەددام و توركیاو ئەمریكاو ئێران (تاڵەبانی و بارزانی خۆیان دانیان پێداناوە) شەڕی راگرت و هەرێمی كوردستانی دابەشكرد بەسەر دوو ناوچەی دەسەڵاتدارێتیدا، (دێگەڵە) بوو بە خاڵی جیاكەرەوەی دەسەڵاتی پارتی و یەكێتیی، ئیتر لێرەوە لە (واشنتۆن، لەندەن، ئەنكەرەو تاران) گفتوگۆی ئاشتی لەنێوان پارتی و یەكێتیدا دەستی پێكرد، تاوەكو رێككەوتنی ئاشتی ساڵی 1998ی واشنتۆنی لێكەوتەوە.  
رۆژی 4ی كانونی دووەمی 1997 لەنامەیەكدا بۆ تاڵەبانی، نەوشیروان مستەفا نوسیویەتی:
(مەسعودو پارتی نیازی رێككەوتنی سیاسییان نییە لەگەڵ یەكێتی.. مەسعود خۆی بەبەهێزو سەركەوتو و، یەكێتی بە لاوازو شكاو ئەزانێ، لای وایە پارەو لولەی نەوت و، رێگای بازرگانی و، حوكمڕانی زۆری ناوچەكانی كوردستان و، پشتیوانی عێراقی و، چاو لێ پۆشینی ئەمریكی و توركی و ئێرانی و سوری.. هەیە، لەبەرامبەر ئەوەدا یەكێتی هیچیانی نیە، یا كەمیانی هەیە. كات بە قازانجی پارتی و بە زەرەری یەكێتی تێ ئەپەڕێ).
ئەوەی جێگای سەرەنجە ئەوەیە، لەم نامەیەدا نەوشیروان مستەفا باسی لولەی نەوتی كردووە وەكو سەرچاوەیەكی داهات، لەكاتێكدا هێشتا لەو سەردەمەدا كورد دەستی بە بەرهەمهێنانی نەوت نەكردووەو حزب و حكومەتیش زیاتر چاویان لە داهاتی گومرگەكان بووە، بەتایبەتی گومرگی (ئیبراهیم خەلیل).
كۆتاییەكانی 1997و سەرەتاكانی 1998 كە پارتی و یەكێتیی دەست بە گفتوگۆ دەكەن لەپێناو ئاشتی و راگرتنی شەڕ، ئیتر لێرەوە لەپاڵ رۆڵی توركیاو ئێران و ئەمریكا، لەسەر ئاستی ناوخۆش رۆڵی (عەزیز محەمەد)ی سكرتێری حزبی شیوعی كوردستان دەردەكەوێت، كە لەنێوان تاڵەبانی و بارزانیدا نیوەندگیریی دەكات و نامەی یەكتریان بۆ دەگوازرێتەوە.


 

بەپێی گێڕانەوەی بارزانی، عەزیز محەمەد لە شوباتی 1998دا نامەیەكی تاڵەبانی بۆ هێناوە، لەنامەكەدا تاڵەبانی بۆ یەكخستنەوەی حكومەت و كۆتایهێنان بە شەڕ داوایكردووە:
•    حكومەتێكی ئیئتیلافی پێكبهێنرێت لەسەر بنەمای (1/3) بۆ پارتی و (1/3) بۆ یەكێتیی و (1/3) بۆ لایەنەكانی تر.
•    حكومەتی نوێ ئەركی پاراستنی ئاسایش و سەقامیگری و داهات و سەرژمێری و رەخساندنی زەمینەو دەرفەتێكی گونجاو بۆ هەڵبژاردنەكان بگرێتەئەستۆ.
•    ئەگەر پارتی سورە لەسەر پەرلەمانی ئێستا، یەكێتیی لاری نییە، بەمەرجێك لەڕووی چەندایەتی و چۆنایەتییەوە فراوانتر بكرێت.
•    ئەگەر پارتی رازی بێت بەم مەرجانە، مام جەلال ئامادەیە بەمەبەستی كۆبوونەوە لەگەڵ مەسعود بارزانی سەردانی هەولێر بكات. یان دیدارەكە لە شوینێكی بێلایەن بەڕێوەبچێت.
لەبەرامبەر ئەم داواكارییانەی تاڵەبانیدا، بارزانیش ئەم پرۆژەو داواكارییانەی خستوەتەڕوو:
•    پەرلەمان:
-    دانیشتنی پەرلەمان بەپێی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی 1992 بێت.
-    ئەو حزبەی زۆرینەی دەنگەكانی هێناوە سەرۆكایەتی پەرلەمان دەكات.
-    ئەركی پەرلەمان لە قۆناغی گواستنەوە (ئینتیقالی)دا تەنیا بریتی دەبێت لە متمانەدان بە حكومەتی گواستنەوەو دەركردنی یاسای هەڵبژاردنەكانی داهاتوو.
•    پێكهاتەی حكومەت بەمشێوەیە دەبێت:
-    سەرۆكی حكومەت بۆ پارتی
-    جێگری سەرۆكی حكومەت بۆ یەكێتیی
-    پارتی شەش وەزیر: (ناوخۆ، دارایی، پەروەردە، پیشەسازی، ئاوەدانكردنەوەو رۆشنبیری)
-    یەكێتیی چوار وەزیر: (كشتوكاڵ، ئەوقاف، شارەوانی و گەیاندن)
-    شیوعی: وەزیری تەندروستی
-    ئیسلامی: وەزیری داد
-    ئاشوری: وەزیری نیشتەجێكردن
-    سەربەخۆ: مرۆڤایەتی
ئەم وەڵامەی بارزانی بۆ تاڵەبانی لەو سەردەمەدا، راستی ناوەڕۆكی نامەكەی سەرەتای 1997ی  نەوشیروان مستەفا بۆ تاڵەبانی دەسەلمێنێت، كە تێیدا باس لەوە دەكات پارتی لە پێگەی سەركەوتووی شەڕەوە مامەڵە لەگەڵ یەكێتیی دەكات، ئەوەتا ساڵێك دواتر و لە شوباتی 1998دا بەپێچەوانەی پرۆسەی پێكهێنانی كابینەی یەكەمەوە، بارزانی ئامادە نییە، نە سەرۆكی پەرلەمان نە سەرۆكی حكومەت بە یەكێتیی بدات و دەیەوێت رێككەوتنی (فیفتی بە فیفتی) هەڵوەشێنێتەوەو پارتی وەكو براوەی یەكەمی هەڵبژاردن بسەلمێنێت، تا ئەو رادەیە سورە لەسەر داواكارییەكانی كە دەڵێ (ئەگەر یەكێتیی بەم پرۆژەیە رازی نییە، لەسەر راگرتنی شەڕ رێككەوتن بكرێت و بارودۆخی ئیداری و كارگێڕی وەكو خۆی بمێنێتەوە- واتا دوو ئیدارەییەكە).

كابینەی سێی یەكێتیی لە سلێمانی
یەكێتیی هەر دوای گەڕانەوەی بۆ سنوری سلێمانی، هاوشێوەی ئەوەی پارتی لە دوای 31ی ئابەوە كردی، ئەمیش لە سلێمانی كابینەیەكی بەناوی كابینەی سێیەمی حكومەتەوە تەشكیل كرد، چەند لایەنێك بەشدارییان لە كابینەكەی حكومییەكەی یەكێتیدا كرد لە سلێمانی، لەوانە (بزوتنەوەی یەكبوونی ئیسلامی- بزوتنەوەی ئیسلامی- زەحمەتكێشان- پارێزگاران).
ئەم كابینەیە كە (كۆسرەت رەسوڵ) سەرۆكایەتیی دەكرد، لە كۆتاییەكانی 1996 تاوەكو 19ی كانونی دووەمی 2001 بەردەوام بوو.
پێكهاتەی كابینەی سێیەمی حكومەتی یەكێتیی لە سلێمانی

بەڵگەنامەو بروسكەكانی نێوان (بارزانی و تاڵەبانی و نەوشیروان مستەفا) دەریدەخەن، لەسەردەمی دوو ئیدارەییەكەدا، كابینەی یەكێتیی لە سلێمانی دۆخی دارایی شڕ بووەو چاوی لەوە بووە پارتی لە داهاتی گومرگی (ئیبراهیم خەلیل) بەشی بدات، چونكە تا ئەوكاتە نە پارتی و نە یەكێتیی دەستیان بۆ دەرهێنان و هەناردەكردنی نەوت نەبردووە.
سەرباری ئەوەی بارزانی نكولی لەوە دەكات لەو ساڵانەدا ئیدارەی یەكێتیی لە سلێمانی داهاتی لە ئیدارەی هەولێر كەمتر بووبێت، بەڵام لە ساڵی 1998دا كە شەڕی ناوخۆیی راوەستاوە‌و یەكێتیی‌و پارتی دەستیان بە گفتوگۆی ئاشتیی كردووە، لە وەڵامی دەستپێشخەرییەكدا كە لەو ساڵەدا (عەزیز محەمەد) سكرتێری پێشووی حزبی شیوعی بۆ ئاشتیی كردویەتی، پارتی بەفەرمی رەزامەندی دەربڕیوە لەسەر ئەوەی "كورتهێنانی داهاتی سلێمانی پڕبكاتەوە، بەمەرجێك پارەكە بۆ كارو پرۆژە خزمەتگوزارییەكان تەرخان بكرێت".
بەمە دەردەكەوێت لە شوباتی ساڵی 1998وە پارتی بە فەرمی دانی بەوەدا ناوە داهاتەكانی سلێمانی بەشی خەرجییەكانی ناكات‌و پێویستی بە یارمەتیی هەولێرو دهۆك هەیە، ئەم ناكۆكییەش لەسەر داهات تاوەكو ئێستا كە كۆتایی كابینەی نۆیەم و گفتوگۆیە بۆ پێكهێنانی كابینەی دەیەم، بەردەوامە.
رۆژی 17ی ئەیلولی 1998 دوای چوار ساڵ شەڕو نیوە ئاگربەست، بارزانی‌و تاڵەبانی لە واشنتۆن رێككەوتنی ئاشتییان ئیمزاكرد، بابەتی كێشەی دارایی نێوان هەردوولا كە كێشەی سەرەكی بوو، لە رێككەوتنەكەدا بە ژمارەو داتا یەكلانەكرایەوە‌و بەجێهێڵدرا بۆ ئەوەی دواتر هەردوو حزبەكە خۆیان رێككەوتنی لەسەر بكەن، بەڵام بەگوێرەی رێككەوتنەكە بەبێ دیاریكردنی بە ژمارە، پارتی رەزامەندی نیشاندا لەسەر ئەوەی یارمەتی دارایی ناوچەی سلێمانی بدات.
مام جەلال لە بیرەوەرییەكانی خۆیدا لەبارەی ئەو بڕگەی رێككەوتنی ئاشتیی كە تایبەتە بە پرسی دارایی دەڵێ:
(یەكەمجار ئەمریكییەكان پرۆژەیەكی تریان هێنابوو، ئەو پرۆژەیە زیاتر داخوازییەكانی ئێمەی تێدا دیار بوو، بەتایبەتی مەسەلەی دەرامەت‌و یارمەتی.. هەندێك لە برادەرانی پارتی پێیانوابوو ئەو پرۆژە ئەمریكییە لە نوسینی دكتۆر بەرهەم بووە، بۆیە ئەوان قبوڵیان نەكرد، جارێكی كە پرۆژەیەكی تر هاتەوە كە هەردوولامان قبوڵمان كرد).
لەبارەی پرۆژەی دووەمی ئەمریكییەكان كە دواجار بوو بە رێككەوتنی ئاشتیی، تاڵەبانی هەندێك گلەیی هەیە‌و دەڵێ:
(هەندێك كەلەبەرمان تێیدا هێشتبووەوە كە نەدەبوو تێیدا بێت، لەوانە: هەندێك خاڵ هەروا مابووەوە، بۆنمونە ماددەی یەكەم لە رێككەوتنامەكە دەڵێ دەبێ پارتی لەبەرامبەردا لە برایم خەلیل بەشی یەكێتی بدات، دەبوایە بەشی یەكێتی چەندە دیاری بكرێت، چونكە كە هاتە سەرئەوە بەبیانووی ئەوەی چەندو چۆنە، خۆیان لێ كێشایەوە".


دەقی هاوپێچی رێككەوتنی واشنتۆنی نێوان تاڵەبانی و بارزانی
بەپێی گێڕانەوەی تاڵەبانی، دوای رێككەوتنی ئاشتیی، سەرەتا پارتی وتویانە مانگانە بڕی (30 ملیۆن) دینار بە یەكێتیی دەدەن، دواتر وتویانە (10 ملیۆن) دینار دەدەن، تاڵەبانی دەڵێ:
(ئەگەر ئێمە لە رێككەوتنەكەدا بمانوسیایە، پارتی ناچار دەبوو جێبەجێی بكات، ئەگەر ئەوەمان بكردایە توشی ئەو هەموو گیروگرفتە نەدەبوین).
دوای رێككەوتنی ئاشتیی لە ساڵی 1998، حكومەتی پارتی‌و یەكێتیی تاوەكو ساڵی 2006 یەكینەگرتەوە، لەو ساڵانەدا بەپشتبەستن بە رێككەوتنی ئاشتیی، یەكێتیی مانگانە بڕە پارەیەكی لە پارتی وەرگرتووە بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنانی خەرجییەكانی (لە پاشكۆكانی ئەم بەشەدا چەند بەڵگەنامەیەك لەمبارەیەوە دانراوە).

دیمەنێك لە كاتی راگەیاندنی رێككەوتنی واشنتۆن    


خەرجی حكومەتی یەكێتیی لە ساڵی 1999دا
نەوشیروان مستەفا لە گێڕانەوەیەكیدا باسلەوە دەكات، سەرلەبەیانی رۆژی 6ی حوزەیرانی 1999 لەگەڵ كۆسرەت رەسوڵ عەلی سەرۆكی حكومەتەكەی یەكێتیدا یەكتریان بینیوە، كاتێك لەبارەی چۆنیەتی دابەشكردنی داهاتی حكومەت پرسیاری لێكردووە، كۆسرەت رەسوڵ بەمشێوەیە وەڵامی داوەتەوە:
•    30% داهاتی سنورەكە بۆ ئیدارەی‌ گشتی‌ واتە بۆ یەكێتتی دەڕوات
•    35%ی داهات بۆ پێشمەرگە دەڕوات
•    35%ی داهات دەدرێت بە حكومەت
لەو بڕە پارەیەی كە لە داهاتی سلێمانی دراوە بە حكومەت، حكومەت پارەی حزبە سیاسییەكانیشی داوە كە بە تێكڕا مانگانە بڕەكەی (4 ملیۆن‌و 88 هەزار) دینار بووە‌و، بەمشێوەیە دابەشكراوە بەسەر حزبەكانی سنوری یەكێتیدا:
* بزوتنەوەی ئیسلامی مانگانە (2 ملیۆن) دیناری داهاتی سلێمانی لە حكومەت وەرگرتووە
* سۆسیالیست مانگانە (700 هەزار) دینار
*  زەحمەتكێشان مانگانە (600 هەزار) دینار
* پارێزگاران مانگانە (250 هەزار) دینار
* دیموكراتخوازان مانگانە بڕی (100 هەزار) دینار
* هاوپەیمانی مانگانە بڕی (128 هەزار) دینار
* حزبی شیوعی مانگانە بڕی (200 هەزار) دینار
* حزبی وەتەنی عێراق مانگانە بڕی (60 هەزار) دینار
* كۆمۆنیستی كرێكاری مانگانە بڕی (50 هەزار) دینار
لە ساڵی 1999دا تێكڕای خەرجی موچەی فەرمانبەران، كە حكومەتی یەكێتیی لە سنوری سلێمانی دابینی كردووە، مانگانە بڕەكەی (36 ملیۆن) دینار بووە.
بەپێی سامپڵێك كە نەوشیروان مستەفا وەریگرتووە، تەنیا لە رۆژی (7ی تەموزی ساڵی 1999)دا داهاتی هەموو گومرگەكانی ئیدارەی سلێمانی بڕی (ملیۆنێك‌و 748 هەزارو 260 دینار) بووە، كە بۆ ئەوكات بە دۆلار بڕەكەی بریتی بووە لە (15 هەزارو 320) دۆلار، واتە لەو ساڵەدا بە تێكڕا داهاتی مانگێكی خاڵە گومرگییەكانی ئیدارەی سلێمانی گەیشتوەتە بڕی (52 ملیۆن) دینار، ئەمە لەكاتێكدا بووە كە ئەوكات تەنیا خەرجی موچەی فەرمانبەران بڕەكەی (36 ملیۆن) دینار بووە، بەڵام بەوپێیەی یەكێتیی خۆی رێژەی 30%ی داهاتی مانگانەی بەدەستهاتووی ئەو ساڵەی بردووە، دەردەكەوێت یەكێتیی جگە لە داهاتی گومرگ سەرچاوەی تری داهاتی هەبووە.
ئەو ژمارانەی نەوشیروان مستەفا ئاشكرایكردوون، هەندێك لە دوردونگییەكانی بارزانی لە كۆتایی نەوەدەكانی سەدەی رابردوو سەبارەت بە داهاتەكانی سلێمانی پشتڕاستدەكاتەوە، گومانێك كە تائێستاش بەردەوامە‌و پارتییەكان دەڵێن داهاتی سلێمانی زیاترە لەوەی بۆ خەزێنەی گشتی دەگەڕێندرێتەوە، بۆ رەواندنەوەی ئەم گومانانەش لە كابینەی نۆیەمدا قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران سایتێكی بەناوی "شەفافیەت" دروستكردووەو رۆژانە داهاتەكانی سنوری سلێمانی لەم سایتەدا بڵاودەكرێتەوە.

دامەزراندن بە ئومێدی پارەكەی پارتی !
لەدوای یەكەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانەوە، پارتی‌و یەكێتیی لەسەر ئەوە رێككەوتن یەكەمیان (پارتی) پۆستی سەرۆكی پەرلەمان‌و دووەمیان (یەكێتیی) پۆستی سەرۆكی حكومەت وەربگرێت، بەڵام لەرێككەوتنی ئاشتیی واشنتۆندا (1998) ئەم دابەشكارییە گۆڕانكاری بەسەردا هات، پارتی داوای سەرۆكایەتی حكومەتی كرد‌و یەكێتیش قایل بوو بەوەی سەرۆكایەتی پەرلەمان وەربگرێت.
بەپێی گێڕانەوەی نەوشیروان مستەفا، سەرۆكی كابینەی سێیەمی یەكێتیی لە سلێمانی (كۆسرەت رەسوڵ)، دوای بڵاوبونەوەی رێككەوتنی ئاشتیی دەستیكردووە بە دامەزراندنی ژمارەیەكی زۆر كارمەند لە سنوری ئیدارەی سلێمانی، ئەمە بەپشتبەستن بەو (10 ملیۆن) دینارەی كە پارتی بەپێی رێككەوتنەكەدا بەڵێنیداوە مانگانە بۆ یەكێتیی بنێرێت، بەڵام كاتێك پارتی مانگانە پارەكەی نەناردووە كێشەی (فائض) واتە كارمەندی زیادە سەریهەڵداوە‌و حكومەتی یەكێتیی بەناچاریی پەنای بردووە بۆ دەركردنی ئەو كارمەندانە لەژێر ناوی ناردنیان بۆ "هێزی كار".
نەوشیروان مستەفا لە بابەتێكدا كە لەكاتی تەقینەوەی ناكۆكییەكانی لەگەڵ تاڵەبانیدا نوسیویەتی دەڵێ:
(سەرۆكی حكومەتەكەی یەكێتیی لە سلێمانی باوەڕی كرد بو لە هەر رێككەوتنێكی داهاتودا خۆی لە سەرۆكایەتی حكومەت‌دا نامێنێ بۆ ئەوەی لە لایەكەوە بیكا بە پیاوەتی خۆی كە ژمارەیەكی زۆر هاوڵاتی بێ دەرامەتی دامەزراندوەو موچەی بۆ دابین كردون، لە لایەكی ترەوە كێشەیەكی دژوار بۆ سەرۆكی داهاتوی حكومەت ئەخوڵقێنێ. ئێستا كە حكومەت یەكی نەگرتۆتەوەو خۆی لە سەرۆكایەتی حكومەت‌دا ماوەتەوەو، ئەو 10 ملیۆن دینارەش كە بە پێ‌ی رێككەوتنی واشنتۆن، پارتی ئەبو مانگانە بیدا بە یەكێتی نای دا، كێشەكە دوچاری خۆیان بوتەوە).
نامەیەكی تاڵەبانی بۆ بارزانی راستی قسەكانی نەوشیروان مستەفا دەسەلمێنێت لەبارەی ئەوەی، لەدوای رێككەوتنی ئاشتییەوە؛ پارتی مانگانە‌و بەشێوەیەكی رێكخراو پارەی بۆ یەكێتیی نەناردووە.
بارزانی لە یادەوەرییەكانی خۆیدا نامەیەكی تاڵەبانی بڵاوكردوەتەوە كە مێژووەكەی دەگەڕێتەوە بۆ 13ی كانونی دووەمی 2001؛ لەو نامەیەدا تاڵەبانی بۆ بارزانی نوسیوە:
(مەسەلەی بەشی ی ن ك لە گومرگەكە، ئەوەش بەوەی ئەمر بكەیت- تەنانەت ئەگەر بە یارمەتی‌و كۆمەكی برایانەشی دادەنێیت- بەدانی 10 ملیۆنەكەی مانگەكانی نەدراون‌و لەسەری ئەم ساڵەشەوە بۆ 3 مانگ 20 ملیۆن‌و پاشان ببێتە 15 ملیۆن).
رۆژی 25ی كانونی دووەمی 2001 لەدوای نامەكەی تاڵەبانییەوە بۆ بارزانی، یەكێتیی لەڕێگەی (ئاراس شێخ جەنگیی) بڕی (30 ملیۆن) دیناری سویسری لە (رەمزی شەعبان) وەكو نوێنەری پارتی وەرگرتووە (بارزانی ئەم بەڵگەنامەی لە یادەوەرییەكانی خۆیدا بە ئیمزای ئاراس شێخ جەنگییەوە تۆماركردووە).
دواترو لە مانگی نیسانی ساڵی 2001دا بەهەمان شێوە (ئاراس  شێخ جەنگیی) بە نوێنەرایەتی یەكێتیی بڕی (40 ملیۆن) دیناری سویسری تری پارتی لە (رەمزی شەعبان) وەرگرتووە (بارزانی لە یادوەرییەكانیدا ئەم بەڵگەنامەیەشی بە ئیمزای ئاراس شێخ جەنگییەوە بڵاوكردوەتەوە).

 

گومرگی مۆز !
ناكۆكی نێوان بارزانی‌و تاڵەبانی لەبارەی چۆنیەتی جێبەجێكردنی رێككەوتنی ئاشتیی 1998 هەر بەردەوامبووە تاوەكو ساڵی 2001، لە كۆتا رۆژەكانی تەموزی 2001دا كە تازە عومەر فەتاح پۆستی سەرۆكی حكومەتی سلێمانی وەرگرتووە، تاڵەبانی‌و بارزانی نامەیەكیان گۆڕیوەتەوە (بارزانی نامەكەی تاڵەبانی‌و وەڵامەكەی خۆشی لە یادەوەرییەكانیدا بڵاوكردوەتەوە).
لە نامەكەیدا بۆ بارزانی، تاڵەبانی دان بەوەدا دەنێت لە رێككەوتنی ئاشتیدا قایلبوون بەوەی رێژەی (51%)ی داهات بۆ سنوری پارتی بێت‌و داوای بەشەكەی یەكێتیی لە داهاتی گومرگی (برایم خەلیل) دەكات‌و حكومەتی پارتی تۆمەتبار دەكات بەوەی "دەستی داوەتە جەنگێكی ئابوری لەدژی ناوچەی یەكێتی لە مەسەلەی گومرگ‌و  لابردنی گومرگ لەسەر مۆز‌و مەسەلەی هێنانی سەیارەو شتی تر لەلای یەكێتییەوە بۆ هەولێر".
لە كۆتایی نامەكەیدا بۆ بارزانی، تاڵەبانی نوسیویەتی: (باوەڕ بە برای خۆت بفەرموو، وەزعی یەكێتی نە تەنگاوە‌و نە خراپە، بگرە زۆریش لە باشی‌و گەشەكردنە: بە نەدانی یارمەتییەكەش نە تەنگاو دەبێت‌و نە پەكی دەكەوێت، بەڵكو پتر وەزعەكە ئاڵۆز دەبێت‌و دڵان كرمێ دەكات).
بارزانی وەڵامی نامەكەی تاڵەبانی داوەتەوە، بە وەڵامەكەیدا دەردەكەوێت ناردنی پشكی یەكێتیی لە داهاتی گومرگی برایم خەلیل بەستوەتەوە بە چارەسەركردنی كێشەی پەرلەمان‌و گەڕانەوەی فراكسیۆنی یەكێتیی بۆ پەرلەمان كە لەدوای 31ی ئابەوە پەرلەمانیان چۆڵكردووە، بەگوێرەی رێككەوتنی واشنتۆن.

كابینەی چواری پارتی لە هەولێر
كابینەی چوارەمی پارتی لە هەولێر بە سەرۆكایەتی (نێچیرڤان ئیدریس بارزانی)، لە 20ی كانونی یەكەمی 1999دا دامەزرا، ئەم كابینەیە تاوەكو ساڵی 2006و روخانی رژێمی سەددام و یەكخستنی ئیدارەی پارتی و یەكێتیی بەردەوام بوو، بەپێچەوانەی بزوتنەوەی ئیسلامییەوە كە لە حكومەتی پارتی كشایەوەو پەیوەندی بە حكومەتی یەكێتییەوە كرد، (یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان) بەشدار بوو لەم كابینەی پارتیدا.
پێكهاتەی كابینەی چوارەمی پارتی لە هەولێر
 

كابینەی چوارەمی یەكێتیی لە سلێمانی
ئەم كابینە لە سلێمانی بە سەرۆكایەتی (د. بەرهەم ئەحمەد ساڵح) لە 20ی كانونی دووەمی 2001 دامەزراو لە 4ی تەموزی 2004و دوای كەوتنی رژێمی سەددام، (عومەر فەتاح) سەرۆكایەتیی كابینەكەی وەرگرت تا یەكخستنەوەی هەردوو حكومەتی پارتی و یەكێتیی لە 2006دا.

 

دۆخی كابینەی چوارەمی پارتی و یەكێتیی
هەردوو كابینەی چوارەمی پارتی لە هەولێرو یەكێتیی لە سلێمانی، بەشێكی تەمەنیان كەوتە قۆناغی دوای روخانی رژێمی سەددامەوە لە 2003دا، قۆناغێك كە پارەیەكی زۆر بەسەر هەرێمی كوردستاندا رژا، سەرباری ناشەفافیەت، لەو ساڵانەدا هەندێك كێبركێ لەنێوان هەردوو كابینەی هەولێرو سلێمانیدا سەبارەت بە پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری و دروستكردنی پرۆژە لە هەردوو زۆنەكە هەبوو، هەر لەم سەردەمەدا ئیتر حزب و كاربەدەستانی حزبی و حكومی دەستیان بە دروستكردنی كۆمپانیای وەهمی و فرۆشتن و دەستاودەستكردنی پرۆژەكان كرد، كۆتایی حوزەیرانی 1999 نەوشیروان مستەفا لە نامەیەكدا بۆ تاڵەبانی بە وردی باسی لەم دۆخە كردووەو دەڵێ:" زۆری ئەم پرۆژانە 3 جار ئەفرۆشێتەوەو قازانجی لێ ئەخوری، سەرەنجام ئەدرێتەوە بە مقاویلێكی بازاڕو بەمەش رادەی باجەكە زۆر كەم ئەبێتەوە"، هەر لەو نامەدایە كە پیشنیاری ئەوە بۆ تاڵەبانی دەكات لە بری (نەسریە) (بودجە) بۆ حكومەت دابنرێت.
لەدوای روخانی سەددامەوە ئیتر داهاتی گومرگەكان ئەو سەرەنجە زۆری لەسەر نەماو ناردنی 17%ی بودجەی عێراق بۆ هەرێمی كوردستان بوو بە شادەماری ململانێ ئابورییەكانی هەردوو حزب.
وەكو نەوشیروان مستەفا دەڵێ:
(به‌پێ‌ی بڕیاری 986ی رێکخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتوه‌کان سه‌باره‌ت به‌ پرۆگرامی نه‌وت به‌ خۆراک، له‌ سه‌رده‌می رژێمی به‌عس دا، پشکی هه‌رێمی کوردستان له‌ داهاتی فرۆشتنی نه‌وت بۆ یارمه‌تی مرۆڤایهت‌ی 13% بو. دوای روخانی رژێم له‌ سه‌رده‌می مه‌جلیسی حوکم دا حاکمی مه‌ده‌نی ئه‌وسای عیراق سه‌فیر پۆڵ بریمه‌ر له‌سه‌ر داوای کورد کردی بە 17%).
هەر بەگوێرەی قسەی نەوشیروان مستەفا:
•    لەماوەی 1ی تەموزی 2003وە تاوەكو كۆتایی ئەو ساڵە، هه‌ردوو ئیداره‌ی‌ پارتی و یەكێتیی بری (567) ملیون دۆلاریان وه‌رگرتووه.
•    له‌ (2004)وه‌ تا (2008) ئه‌و بودجه‌یه‌ی‌ له بەغدادەوە هاتووە بۆ كوردستان‌ خواره‌وه‌ به‌ رێژه‌ی‌ (54%) بۆ ئیداره‌ی‌ هه‌ولێرو (46%) بۆ ئیداره‌ی‌ سلێمانی دابەشكراوە‌، ئه‌م چه‌رده‌ پاریهش‌ به‌ دۆلاری‌ ئه‌مه‌ریكی‌ ئه‌كاته‌ نزیكه‌ی‌ (23 ملیار) دۆلار
•    ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ داهاتی‌ هه‌رێم و پاشماوه‌ی‌ پاره‌ی‌ پرۆگرامی‌ نه‌وت به‌ خۆراك كه‌ بریتی‌ بو له‌ زیاتر (1 ملیارو 250 ملیۆن) دۆلار
بەگوێرەی زانیارییەكان تەنیا لە ساڵی 2005دا،
پشكی هەرێم لە بەغداوە بڕەكەی (3 ملیارو 134 ملیۆن) دۆلار بووە.
هەموو ئەو بارودۆخەش وایكرد، بارودۆخی كابینەی چواری هەولێرو سلێمانی بە بەراورد بە پێش خۆیان زۆر باشتر بێت، ئیتر لەم سەردەمەوە ناكۆكی لەسەر داهاتی گومرگی ئیبراهیم خەلیل گۆڕدرا بۆ ناكۆكی لەبارەی چۆنیەتی دابەشكردنی پشكی بودجەی كوردستان لە بەغدادەوە.

سەرچاوەكان:
•    مام جەلال دیداری تەمەن، سەلاح رەشید، چاپی یەكەم 2017، چاپخانەی كارۆ
•    بارزانی و بزوتنەوەی رزگاریخوازی كورد، مەسعود بارزانی، بەرگی پێنجەم 1991-2002، چاپی یەكەم، چاپخانەی رۆكسانا
•    هەڵبژاردن لە كوردستان، محەمەد رەئوف، چاپی چوارەم 2024
•    بروسكەنامە، سەلاح رەشید، چاپی یەكەم 2023، ناوەندی رۆشنبیریی ئەدیبان
•    لەنێوان مام جەلال و مندا، ئازاری 1999- شوباتی 2001، وتاری نەوشیروان مستەفا
https://gorran.net/Details.aspx?jimare=268
•    ئێمه‌ و ئه‌وان: ناکۆکیه‌کانمان له‌ سه‌ر چین؟ وتاری نەوشیروان مستەفا
https://gorran.net/Details.aspx?jimare=260

پاشكۆكان:
بەڵگەنامەكانی بارزانی سەبارەت بە پەیوەندی دارایی پارتی و یەكێتیی دوای رێككەوتنی ئاشتیی
 


دەقی راگەیەندراوی رێككەوتنی واشنتۆنی ساڵی 1998 بەشێوەی بارزانی بڵاویكردوەتەوە

 

راپۆرتی پەیوەندیدار

- كابینەی یەكەم و دووەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand