درەو:
🔻راپۆرتی: العالم الجديد
🔹 سەرچاوەیەکی ئاگادار بۆ «العالم الجديد» ئاشکرای کرد کە کۆبوونەوەیەکی ڕانەگەیەندراو لە نێوان نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەڕێوەچووە بۆ تاوتوێکردنی پرسی پێکهێنانی حکومەتی هەرێم.
🔹 ئەم جووڵانە لە کاتێکی هەستیاردا دێن، بە تایبەت کە لە ڕۆژی 26ی ئۆکتۆبەری نزیک دەبێتەوە، کە ئەو وادەیەیە دادگای باڵای فیدراڵیی دیاریی کردووە بۆ پێداچوونەوە بەو سکاڵایانەی تایبەتن بە دۆخی یاسایی پەرلەمانی کوردستان و حکومەتی ئێستا، ئەمەش گوشارێکی یاسایی زیاتر دەخاتە سەر ئەو ناکۆکییە سیاسییانەی لە دوای هەڵبژاردنەکانی تشرینی یەکەمی 2024ەوە بەردەوامن.
🔹 نێچیرڤان بارزانی لە ئێستادا لەلایەن هێزە سیاسییەکانی عێراق و هەروەها لەسەر ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتیشەوە پشتگیریی دەکرێت بۆ ئەوەی لە پێشەنگی دانوستانەکانی پارتیدا بێت، سەرەڕای ئەوەی لە ناو یەکێتیشدا کەسێکی قبوڵکراوە، بە پێچەوانەی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتەوە.
🔹 ڕێککەوتن لەسەر زۆربەی وردەکارییەکانی تایبەت بە پێکهێنانی حکومەت کراوە، هەروەها لێکتێگەیشتن هەیە بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانی نێوان پارتی و یەکێتی پێش ئەوەی دادگای فیدراڵی لە 26ی ئەم مانگەدا دانیشتنی خۆی ئەنجام بدات، کە تایبەت دەبێت بە پێداچوونەوە بە ڕەوایەتیی پەرلەمانی کوردستان.
ڕاپۆرتی العالم الجديد
چاوەکان ڕوو لە هەولێرن، هاوکات لەگەڵ زیادبوونی دەنگۆکان دەربارەی جووڵەی سیاسیی ڕانەگەیەندراو لە نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بە مەبەستی لێکنزیکبوونەوەی دیدگەکان دەربارەی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان. لەم نێوەندەدا سەرچاوەکان کۆبوونەوەیەکی ڕانەگەیەندراوی نێوان نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم و بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی ئاشکرا دەکەن، هاوکات مەرجەکانی بەشدارییکردنی جووڵانەوەی نەوەی نوێش لە حکومەتی داهاتوودا دەخرێنە ڕوو.
ئەم جووڵانە لە کاتێکی هەستیاردا دێن، بە تایبەت کە لە ڕۆژی 26ی ئۆکتۆبەری نزیک دەبێتەوە، کە ئەو وادەیەیە دادگای باڵای فیدراڵیی دیاریی کردووە بۆ پێداچوونەوە بەو سکاڵایانەی تایبەتن بە دۆخی یاسایی پەرلەمانی کوردستان و حکومەتی ئێستا، ئەمەش گوشارێکی یاسایی زیاتر دەخاتە سەر ئەو ناکۆکییە سیاسییانەی لە دوای هەڵبژاردنەکانی تشرینی یەکەمی 2024ەوە بەردەوامن.
کۆبوونەوەیەکی ڕانەگەیەندراو
سەرچاوەیەکی ئاگادار (12ی تشرینی یەکەمی 2026) بۆ «العالم الجديد» ئاشکرای کرد کە کۆبوونەوەیەکی ڕانەگەیەندراو لە نێوان نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەڕێوەچووە بۆ تاوتوێکردنی پرسی پێکهێنانی حکومەتی هەرێم.
سەرچاوەکە ئەوەشی ئاشکرا کردووە: «نێچیرڤان بارزانی لە ئێستادا لەلایەن هێزە سیاسییەکانی عێراق و هەروەها لەسەر ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتیشەوە پشتگیریی دەکرێت بۆ ئەوەی لە پێشەنگی دانوستانەکانی پارتیدا بێت، سەرەڕای ئەوەی لە ناو یەکێتیشدا کەسێکی قبوڵکراوە، بە پێچەوانەی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتەوە».
سەرچاوەکان ڕوونیان کردووەتەوە: «ڕێککەوتن لەسەر زۆربەی وردەکارییەکانی تایبەت بە پێکهێنانی حکومەت کراوە، هەروەها لێکتێگەیشتن هەیە بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانی نێوان پارتی و یەکێتی پێش ئەوەی دادگای فیدراڵی لە 26ی ئەم مانگەدا دانیشتنی خۆی ئەنجام بدات، کە تایبەت دەبێت بە پێداچوونەوە بە ڕەوایەتیی پەرلەمانی کوردستان».
کۆبوونەوەکان و ئاڵەنگارییەکانی پێشوو
لە دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە، دوو حیزبە سەرەکییەکە ڕووبەڕووی ئەرکێکی قورس بوونەتەوە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێک لەسەر شێوازی پێکهێنانی حکومەتی نوێ، ئەمەش لە سۆنگەی بوونی جیاوازی لەسەر دابەشکردنی پۆستەکان، دەسەڵاتەکان و مۆدێلی بەڕێوەبردنی دامەزراوەکانی هەرێم.
بەپێی ئەنجامە ڕاگەیەندراوەکانی هەڵبژاردنی 2024، پارتی دیموکراتی کوردستان 39 کورسی و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان 23 کورسییان بەدەستهێنا، لە کاتێکدا جووڵانەوەی نەوەی نوێ 15 کورسی بردەوە.
ئەم ئەنجامانە پارتی دەخەنە پێگەی کوتلەی گەورەترەوە، بەڵام لێکتێگەیشتن لەگەڵ هێزەکانی دیکە دەکاتە فاکتەرێکی گرنگ بۆ تەواوکردنی پرۆسەی سیاسی.
لەم بارەیەوە، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لەمانگی ئەیلوولی ڕابردوودا ئاماژەی بە باشبوونی کەشوهەوای سیاسیی نێوان هێزە کوردستانییەکان و بە تایبەتی پارتی و یەکێتی کردبوو، ئاماژەی بە بوونی کۆبوونەوە و پەیوەندی لە نێوان سەرکردایەتی دوو حیزبەکەدا دابوو.
بەڵام کۆبوونەوەیەکی پێشووتری نێوان مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت و قوباد تاڵەبانی جێگری، لە مانگی ئەیلوولدا، نەبووە هۆی ڕێککەوتنی کۆتایی لەسەر پێکهێنانی حکومەت (بەپێی ئەوەی میدیاکانی یەکێتی گواستوویانەتەوە)، کە ئەمەش ئاماژەیەک بوو بۆ بەردەوامیی ناکۆکییەکان سەرەڕای فرەییی دیدارەکان.
بەپێی پێڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی هەرێم، پێویستە سەرۆکی هەرێم لە ماوەی 10 ڕۆژدا دوای پەسەندکردنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن، داوا لە پەرلەمانی هەڵبژێردراو بکات یەکەم دانیشتنی خۆی ئەنجام بدات. ئەگەر سەرۆک بانگهێشتی دانیشتنەکە نەکات، پەرلەمانتاران مافی ئەوەیان هەیە لە ڕۆژی یانزەهەمدا کۆببنەوە. بەتەمەنترین ئەندامیش سەرۆکایەتی دانیشتنەکان دەکات تاوەکو دەستەی سەرۆکایەتی هەمیشەیی دوای خوێندنی سوێندنی یاسایی هەڵدەبژێردرێت.
پەرلەمانی کوردستان لە خولی شەشەمدا، یەکەم دانیشتنی خۆی لە سەرەتای کانونی یەکەمی 2024 ئەنجامدا، کە تێیدا ئەندامان سوێندی یاساییان خوارد و دانیشتنەکەش بە کراوەیی هێڵدرایەوە بەهۆی یەکلایی نەکردنەوەی پۆستە سەرەکییەکانی هەرێم.
پەیوەندی بەردەوام و دابەشکردنی پۆستەکان
لە لایەکی دیکەوە، وەفا محەمەد کەریم ئەندامی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، پەیوەندی و کۆبوونەوەکانی نێوان حیزبەکەی و یەکێتی نەپچڕاون و ئاڵوگۆڕی ڕاستەوخۆ لە نێوان هەردوو لادا هەیە بە مەبەستی خێراکردنی پرۆسەی پێکهێنانی حکومەت.
ناوبراو لە لێدوانێکیدا بۆ «العالم الجديد» گوتویەتی: «نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم و جێگری یەکەمی سەرۆکی پارتی، لە ئێستادا سەرپەرشتی پرۆسەی دانوستانەکان دەکات بۆ پێکهێنانی حکومەت و لەگەڵ یەکێتیدا گەیشتوونەتە خاڵی گرنگ».
وەفا کەریم جەختیشی کردەوە: «مەرجەکانی پێشتری یەکێتی ڕەتکراونەتەوە، لەوانە پێدانی پۆستی سەرۆکایەتی هەرێم یان وەزارەتی ناوخۆ پێیان، بەڵام وەزارەتی دارایی، وەزارەتی پێشمەرگە، سەرۆکایەتی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم و چەند وەزارەتێکی خزمەتگوزاری و ئابوورییان پێدەدرێت، لەوانە: خوێندنی باڵا، کشتوکاڵ، پلان دانان، ڕۆشنبیری، و ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن».
ئەوەشی خستووتەڕوو: «پۆستی جێگری سەرۆکی حکومەت بە دەسەڵاتی فراوانەوە دەدرێتە یەکێتی، هەروەها پۆستی سەرۆکی پەرلەمانیش بۆ یەکێتی دەبێت. لە بەرامبەردا پۆستەکانی سەرۆکایەتی هەرێم، سەرۆکایەتی حکومەت، جێگری سەرۆکی پەرلەمان و چەند وەزارەتێک لەوانە ناوخۆ، سامانە سروشتییەکان، پەروەردە، داد، ئەوقاف و پەیوەندییەکانی دەرەوە بەر پارتی دەکەون».
ئایا نەوەی نوێ بەشدار دەبێت؟
سەبارەت بە بەشداریکردنی جووڵانەوەی نەوەی نوێ لە حکومەتدا، وەفا کەریم ئاماژەی بەوە دا حیزبەکەی دژی بەشداریی ئەوان و وەرگرتنی پۆستی وەزاری نییە، بەڵام بە مەرجێک بەشدارییان لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتی لەگەڵ یەکێتیدا نەبێت، بەڵکو بە سەربەخۆیی بێت و شایستەکەیان بەپێی ئەو کورسییانە بێت کە لە هەڵبژاردندا بەدەستیان هێناوە.
ڕوونیشی کردەوە: «سەبارەت بە بڕیاری دادگای فیدراڵی، هەر بڕیارێک بدات لە قازانجی پارتی دەبێت، چونکە پارتی هۆکاری پەکخستنی پێکهێنانی حکومەت نییە. ئەگەر حکومەت بکرێتە کاربەڕێکەر، ئەوا لە ژێر سەرۆکایەتی مەسرور بارزانیدا دەمێنێتەوە، ئەگەریش پەرلەمان هەڵبوەشێنرێتەوە و پەنا بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە ببڕدرێت، ئێمە بۆی ئامادەین».
بەرەوپێشچوونی دانوستانەکان.. بەڵام!
لە لایەکی دیکەوە، بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە لێدوانێکیدا لە دیداری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (مێری) لە 12ی تشرین یەکەمی 2026، ڕایگەیاند: «دانوستانەکانی پێکهێنانی حکومەت بەرەوپێشچوونیان بەخۆوە بینیوە، دەتوانین لە ماوەی 24 کاتژمێردا حکومەت پێکبهێنین، بەڵام پێویستە سەرەتا کێشە هەڵپەسێردراوەکان چارەسەر بکەین. لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا کۆبوونەوەی باش بەڕێوەچوون، قوباد تاڵەبانی و مەسرور بارزانی دیداری زۆر ئەرێنییان هەبووە، هەروەها خۆشم لەگەڵ شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ کۆبوومەتەوە و لەگەڵ هەموواندا لە پەیوەندیداین و کۆبوونەوەی لاوەکیی دوور لە چاوی میدیاکانیش هەن».
دوای کۆبوونەوەیەکی هاوبەش لە سلێمانی لە 9ی ئەیلولی ڕابردوودا، یەکێتی و نەوەی نوێ پابەندبوونی خۆیان بە بنەمای پێکهێنانی حکومەت بەپێی شایستەی هەڵبژاردن و کارکردن بۆ دروستکردنی حکومەتێکی هاوسەنگ ڕاگەیاند.
قوباد تاڵەبانی شەممەی ڕابردوو (10ی تشرینی یەکەم) جەختی کردەوە کە هاوپەیمانیی یەکێتی لەگەڵ نەوەی نوێ جددییە، بەڵام ڕوونی کردەوە کە ئەم هاوپەیمانییە بە مانای ئەوە نیە نەوەی نوێ ئەو جوڵانەوەیە بەشداری لە حکومەتدا بکات، بەڵکو بڕیاری بەشداریکردن دەگەڕێتەوە بۆ خۆیان.
دادپەروەری و شەراکەتی ڕاستەقینە
ساڵح فەقی ئەندامی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە ڕۆژنامەکەی ڕاگەیاندووەر، دەرگای دانوستان لەگەڵ پارتی دانەخراوە و پەیوەندی و گفتوگۆکان بەردەوامن و هیوادارن بە خێرایی بگەنە چارەسەر.
فەقی لە لێدوانێکیدا بۆ «العالم الجديد» گوتویەتی: «تەواوی داواکاریی یەکێتی پێکهێنانی حکومەتێکە لە هەرێم، کە بڕوای بە شەراکەتی ڕاستەقینە هەبێت و کۆتایی بە سیاسەتی بڕیاری تاکڕەوانە بهێنرێت کە پارتی لە کابینەکانی پێشوو پەیڕەوی دەکرد».
لە بەردەوامی قسەکانیدا ئەوەشی گوتووە: «یەکێتی لە دانوستانەکاندا هیچ مەرجێکی تایبەتی دەربارەی پۆستە وەزارییەکان نەسەپاندووە، بەڵام دەمانوێت دادپەروەری بێتە دی و بەپێی ژمارەی کورسییەکانی هاوپەیمانیی هاوسەنگی و بووژانەوە مامەڵەمان لەگەڵدا بکرێت کە یەکێتی و نەوەی نوێ لەخۆدەگرێت، بەڵام پارتی دەیەوێت بە 23 کورسی مامەڵەمان لەگەڵ بکات، کە ئەمەش بە تەواوی ڕەتکراوەیە، چونکە هاوپەیمانییەکەمان لەگەڵ نەوەی نوێ هێشتا بەردەوامە».
پەراوێزخستنی مەسرور بارزانی
هەر لەو چوارچێوەیەدا، فایەق ئێزدی سیاسەتمەداری کورد، دواکەوتنی پێکهێنانی حکومەتی هەرێم بۆ نەمانی ئارەزووی جددیی پارتی بۆ یەکلاییکردنەوەی بابەتەکە دەگەڕێنێتەوە.
ئێزدی لە لێدوانێکیدا بۆ «العالم الجديد» گوتوویەتی: «سەرەڕای ئەوەی کۆبوونەوەیەکی دوایی لە نێوان بافڵ تاڵەبانی و نێچیرڤان بارزانی بۆ پێکهێنانی حکومەت و کاراکردنەوەی پەرلەمان بەڕێوەچوو، بەڵام پارتی هێشتا هەوڵی ئاستەنگکردنی پێکهێنانی حکومەت دەدات. بەڵام خاڵە گرنگەکە ئەوەیە کە نێچیرڤان بارزانی ئەمڕۆ بۆتە جێگرەوەی مەسرور بارزانی و مەسعود بارزانی باوکی لە ڕابەرایەتیکردنی پارتیدا، چونکە ئارەزوویەکی کوردی، عێراقی، هەرێمی و نێودەوڵەتی هەیە بۆ دوورخستنەوەی مەسرور بارزانی و باوکی لە پێشەنگ، هاوکێشە سیاسییەکانی عێراق و ناوچەکەش پێویستیان بە دەسەڵاتێک هەیە کە خاوەنی عەقڵییەتێکی نوێ بێت لە هەرێمدا، ئەمەش بەهۆی ئەو نەرمییەی نێچیرڤان بارزانی لە دانوستانەکاندا هەیەتی».
ئەوەشی خستەڕوو: «هێزە کوردییەکان هەوڵدەدەن پێش وادەی دادگای فیدراڵی بۆ پێداچوونەوە بەو سکاڵایەی تۆمارکراوە دەربارەی بەسەرچوونی ماوەی یاسایی حکومەتەکەی مەسرور بارزانی و ڕەوایەتیی پەرلەمان و ئەگەری هەڵوەشاندنەوەی ئەم پەرلەمانەی کە لە دوای هەڵبژاردنەکانی 20ی تشرینی یەکەمی 2024ەوە تەنها یەک دانیشتنی ئەنجامداوە، حکومەت پێکبهێنن».
جێی ئاماژەیە، دوای پێنج مانگ لە دانوستان و بەرەوپێشچوونەکان، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و جووڵانەوەی نەوەی نوێ لە (2ی تەموزی 2026) لە شاری سلێمانی هاوپەیمانێتییەکیان بە کۆی 38 کورسیی پەرلەمان ژێر ناوی «هاوسەنگی و بووژانەوە» ئیمزا کرد.
سەرچاوە؛
العالم الجديد - أربيل (تقریر)، قمة «سرية» تجمع نيجيرفان وبافل لتفكيك عقدة «الكابينة العاشرة» بمعزل عن مسرور، 2026-10-12 - ؛
https://shorturl.at/44fL3